دووڕێیانی هاوپەیمانێتیی شیعەی ئەمریكی و شیعەی ئێرانی؛ هەرێمی كوردستان و دۆزینەوەی ڕێگەی سێیەم

 پەرویز ڕەحیم قادر/ مامۆستا لە كۆلێژی زانستە سیاسییەكان- زانكۆی سەڵاحەددین

پێشەكی:

پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی مایسی 2018، هەوڵەكانی حزب و هاوپەیمانی و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و وڵاتانی هەرێمیی وەكوو ئێران و سەرووهەرێمیی وەكوو ئەمریكا بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی لە ڕووی ژمارەی پەرلەمانتارانەوە بە مەبەستی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق چەندین جار شكستی هێناوە. بۆیە كورد وەكوو پێكهاتەیەكی سەرەكی لە سێ پێكهاتەكەی عێراق، یەكێك بووە لە لایەنەكانی دانوستاندنی لایەنەكان؛ هەرچەندە وەكوو هەموو پێكهاتەكانی دیكەی عێراق یەكگرتوو نەبووە و نەیتوانیوە وەكوو بلۆكێكی پێكهاتەی نەتەوەیی لەم دانوستانانەدا بەشدار بێت. بەڵام لە لایەك لێكترازانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی شیعە، وەكوو زۆرینەی عێراق و، ناكۆكیی بەرژەوەندیی دوو ئەكتەری سەرەكیی دەرەكی، وەكوو ئەمریكا و عێراق، دەرفەتی بۆ ڕۆڵبینینی كورد فەراهەم كردووە. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین ئەم پرسە تاووتوێ بكەین كە ئایا كورد تاكه‌ بژاردەی هەڵبژاردنە لە نێوان دوو لایەنی سەرەكیی هێزە سیاسییە شیعەكانی نزیك یاخود لایەنگرانی ئێران (عامری و مالیكی)، یان ئەمریكا و سعوودیا (عەبادی) لە عێراق؟ یاخود ڕێگەیەكی دیكەی سێیەم، بوونی هەیە؟

كورد و هاوپەیمانێتییەكان

 تاكوو ئێستا له ‌نێوان چه‌ند لايه‌نێكدا باس له‌ هاوپه‌يمانى و لێكحاڵيبوون كراوه‌ وه‌ك: "سائيرون" و "ته‌ييارى حيكمه‌" و "ئيئتلافى وه‌ته‌نيیه‌ى عه‌للاوى" و، "سائيرون" و "فه‌تح" و، دواجاريش 8 خاڵه‌كه‌ى نێوان "سائيرون" و "نه‌سر" له‌ 23ى حوزه‌يراندا. هەروەها دواترینیان هەوڵی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی (مرشح الکتلة النیابیة الأکثر عددا) لە نێوان "وەتەنییە، حیكمە، نەسر و سائیرون" لە لایەك و، "هاوپەیمانێتیی فەتح و دەوڵەتی یاسا و بەشێك لە سوننەكان" لە لایەكی ترەوە، ئەمانە و چەندین هەوڵی دیكە لەم ماوەیەدا وای كردووە، كە ئاسۆی پێكهێنانی حكوومەت ناڕوون و ئاڵۆز بێت؛ گرنگترین هۆكاریشی پێكناكۆكیی بەرژەوەندییەكانی ئێران و ئەمریكایە لە عێراق.

تاكو ئێستا، به‌ره‌ی یه‌كه‌م (مالیكی و عامری) توانیویانه‌ كه‌متر له‌ 100 كورسیی په‌رله‌مانی كۆ بكه‌نه‌وه‌، هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی نووری مالیكی (26 كورسی)، هاوپه‌یمانیی فه‌تح به‌ سه‌رۆكایه‌تیی هادی عامری (48 كورسی)، ئیراده‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی حه‌نان فه‌تلاوی (٣ كورسی)، كه‌فائات به‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌یسه‌م جبووری (٢ كورسی)، له‌گه‌ڵ چه‌ند لیستێكی بچووك كه‌ كورسییه‌ك یان دوانیان به‌ده‌ست هێناوه‌ له‌ باشووری عێراق. له‌ به‌رانبه‌ردا، به‌ره‌ی دووه‌م سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی نزیكه‌ی 130 كورسی، سائیرون به‌ سه‌رۆكایه‌تیی موقته‌دا سه‌در (54 كورسی)، وه‌ته‌نییه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌یاد عه‌لاوی (21 كورسی)، ڕه‌وتی حیكمه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی عه‌ممار حه‌كیم (19 كورسی)، هاوپه‌یمانیی نه‌سر به‌ سه‌رۆكایه‌تیی حه‌یده‌ر عه‌ببادی (42 كورسی)، له‌گه‌ڵ لیسته‌كانی كه‌مینه‌ی توركمان و مه‌سیحییه‌كان.

 بۆیە هەرێمی كوردستان لە نێوان دوو بژاردە یاخود هاوپەیمانێتیدایه‌، كە ئەگەری پێكهاتنی هەیە. بەڵام وا باشترە كە بەپێی ئەزموونی ڕابردوو و واقعی ئێستای عێراق و گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوسەنگیی لەرزۆكی هێزەكان لە عێراق و هێزە هەرێمی و سەرووهەرێمییەكان له‌ ناوچەكەدا، هیچ كام لەم هاوپەیمانێتییانە هەڵنەبژێرێت.

هەرێمی كوردستان و بژاردەی بەرەی نزیك لە ئەمریكا یاخود ئێران

سەرەڕای ئەوەی كە كورد یەكگرتوو نییە، بەڵام زۆرینەی دەنگەكانی كورد بە نزیكەی 43 كورسی، لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نوێنەرایەتی دەكرێت. لێرەوەیە كە لەم هاوكێشانەدا كورد دەتوانێت ڕۆڵی پارسەنگی هێز لە نێوان لایەنە سەرەكییەكاندا بگێڕێت. بۆیە ئەمریكا لە هەوڵی ئەوەدایە، كورد بەشداری لە هاوپەیمانێتیی لایەنی نزیك لە ئێران وەكوو "دەوڵەتی یاسا و فەتح" نەكات، بەڵكوو بچێتە ناو هاوپەیمانێتیی "نەسر و سائیرون و حیكمە و وەتەنییە". بەڵام لە ڕاستیدا بەردەوامبوونی ناكۆكیی نێوان ئەو دوو بەرەیە، بە قازانجی كوردستان و لە بەرژەوەندیی كورددایە. باشترین سیناریۆ بۆ هەولێر، بەشداریكردنە لە حكوومەت وەكوو پێكهاتەیەكی سەرەكی و، هەروەها پاشان دابەشكردنی پۆستەكان بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن لە نێوان خودی كوتلە كوردستانییەكان. بەم واتایە ئەگەر هەر كام لە پێكهێنەرەكانی حكوومەت لە ڕووی ناسنامە-پێكهاتەی سەرەكییەوە (سوننە و شیعە و كورد) بلۆكێك پێك بێنن، پاشان حكوومەت پێك بێت و پۆستەكان دابەش بكرێت، ئەوە مافەكانی كورد پارێزراو دەبێت.

 بەڵام خراپترین سیناریۆ بۆ كورد، یەكەم پەراوێزخستنییەتی یاخود بەشداریپێكردنییەتی بە شێوەیەكی ڕواڵەتی و پاشان دابەشبوونی هێزە سیاسییە كوردستانییەكانه‌ بەسەر هاوپەیمانێتییە گەورەكانی شیعەدا. لە ڕوانگەیەكی دیكەوە، ناكۆكیی نێوان هێزە سیاسییەكان لە لایەك و، باڵادەستیی ئەو هێزانەی كە لە هەمبەر مافە دەستوورییەكانی كورد هەڵوێستی ڕوونیان نییە، دەتوانێت زۆر مەترسیدار بێت. هەروەها پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینە لە عێراق سیناریۆیەكی هەرە مەترسیدارە بۆ كورد. بێجگە لەمانەیش، ئەگەر هەر یەكە لە ئەمریكا و ئێران بەناڕاستەوخۆ بۆ ڕێگریكردن لە دروستبوونی بارگرژی و، هەروەها هەڵوەشانەوەی عێراق، ڕێك بكەون كە حكوومەتی زۆرینە پێك بێت، ئەوە ئەو كاتە كورد تووشی دۆخێكی دژوار دەبێتەوە.

لێرەوە، دەتوانین هەڕەشەكانی بەشداریی كورد لە هەر یەكە لەو هاوپەیمانێتییانەدا بەم شێوەیە بخەینە ڕوو:

یەكەم: هاوپەیمانێتیی نێوان كورد و بەرەی نزیك لە ئەمریكا

١- بەشداریی كورد لەم هاوپەیمانێتییە، دەتوانێت ئێران و هاوپەیمانەكانی لە عێراق بكاتە دوژمنی سەرسەختی كوردستان و بۆ ئەم مەبەستەیش بە هەموو شێوەیەك هەوڵی دروستكردنی ناكۆكی و دووبەرەكی لەنێو ماڵی كورددا بدات. تەنانەت ئاسایشی سیاسی و كۆمەڵایه‌تیی كوردستان تووشی مەترسی بكاتەوە.

٢- بە بەشداریی كورد لەم هاوپەیمانێتییەدا، كورد دووبارە ڕووبەڕووی سەرسەختترین نەیارەكانی لە عێراق لە ڕابردوودا و بەتایبەتی پاش 16 ئۆكتۆبەر و هێزەكانی حەشدی شەعبی دەكاتەوە. بەم پێیەیش ئەم هێزانە هەوڵی لاوازكردنی كورد لە ڕووی ڕای گشتیی عێراق و لە ڕێگەی هاوپەیمانەكانیان لە ناوچەكەدا دەدەن.

٣- بوونی كورد لەو هاوپەیمانێتییە بە خواست و داواكاریی ئەمریكا، وا دەكات كە پرسەكانی جێگەی ناكۆكی لە نێوان هەولێر و بەغدا پەراوێز بخرێت. بەم واتایە كە حكوومەتی پێكهاتوو نەتوانێت لە ڕووی ڕای گشتییەوە و، هەروەها گوشارەكانی لایەنە نەیارەكان داواكارییە سەرەكییەكانی كورد لە ماددەی 140ی دەستوور و پێشمەرگە و پرسی بوودجە و پرسی نەوت و...، جێبەجێ بكات.

٤- لە ئەگەری هەر ڕێككەوتنێك یاخود ئاڵوگۆڕێكی نێوان هێزە سیاسییەكانی عێراق لە لایەك و، ئەمریكا و ئێران لە لایەكی ترەوە، ئەوە كورد دەبێتە قوربانیی ئەو ڕێككەوتن و ئاڵۆگۆڕانە.

دووەم: هاوپەیمانێیتی كورد و بەرەی نزیك لە ئێران

١- دروستبوونی نادڵنیایی لە كورد لە لای ئیدارەی ئەمریكا و بەم پێیەیش ئەگەری لەدەستدانی پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ئەمریكا لە هاوكێشە سیاسییەكاندا. هەرچەندە بە هۆی سروشتی هێزە سیاسییەكانی عێراق و، هەروەها ڕۆڵی ئێران ئەمە ئەگەرێكی لاوازە، بەڵام لە كورتمەودادا بە هۆی بارگرژییەكانی ئێستای ئەمریكا و ئێران ئەم پرسە كاریگەریی لەسەر هەڵوێستی ئەمریكییەكان دەبێت.

٢- دروستبوونی ناكۆكی لە نێوان كورد و هێزەكانی نزیك لە وڵاتانی سوننە و ئەمریكا لە ناوخۆی عێراق وەكوو: سائیرون و نەسر و حیكمە و وەتەنییە و هتد. بەم پێیەیش شەقامی عێراقیی لایەنگری ئەو هێزانە دەتواندرێت لە داهاتوودا لە دژی كورد و داواكارییە دەستوورییەكانی بەكار بهێندرێت؛ هەرچەندە ئەم خاڵەیش پەیوەستە بە هاوسەنگیی نێوان هێزە هەرێمییەكانەوە، بەتایبەتی ئێران و توركیا و ئەمریكا لە لایەكی دیكەوە.

٣- ئەزموونی ڕابردوو ئەمەی نیشان داوە كە ئەم هێزانە هیچ كرانەوەیەكیان لە بەردەم چارەسەركردنی پرسەكانی جێگەی ناكۆكیی نێوان بەغدا و هەولێر نەبووە؛ بەڵكوو بەپێچەوانەیشەوە لە كاتی بەهێزبوونیان هەوڵی كەمكردنەوەی نفووز و پاشەكشەپێكردنی كورد و هەرێمی كوردستان لە دامەزراوەكانی عێراق و هەڵپەساردنی مافە دەستوورییەكانی كوردیان داوە.

٤- نفووزی ئێران لەسەر ئەم هێزانە وا دەكات، كە كورد بكەوێتە بەرەیەكی دژەئەمریكی لە عێراق و بەم پێیەیش لە ناوچەكەدا، كە وا دەكات لە زیانی پێگەی كورد بێت لە ئەگەری ئاڵوگۆڕە هەرێمییەكاندا. ئەمەیش پێگەی هەرێمی و نیودەوڵەتیی كورد دەخاتە مەترسییەوە.

هەرێمی كوردستان و بژاردەی سێیەم

لە ڕاستیدا پرسی سەرەكیی كورد لە بەشداری لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا بە پلەی یەكەم بەردەوامی و جێگیركردنی پێگەی یاسایی و دەستووریی هەرێمی كوردستان و پاشان چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی جێگەی ناكۆكیی نێوان هەولێر و بەغدایە.  گرنگترینی ئەو پرسانەیش لە ئێستادا بریتین له‌: چارەنووسی ماددەی 140ی دەستووری و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانەیە پاش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 و پرسی بوودجە و مووچە و چەك و ڕاهێنانی پێشمەرگە و بەشداریی ڕاستەقینەی كورد وەكوو پێكهاتەیەكی سەرەكی لە عێراق و، هەروەها ناردنی نەوت و گاز و دانپێدانان بە گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیاكان. هەرچەندە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر پێگەی كوردی لە هاوكێشەكانی عێراقدا لاواز كرد، بەڵام هەڵبژاردنی 12ی مایسی 2018 لە عێراق، جارێكی دیكەی وای كرد ئەم دۆخە بەردەوام نەبێت. گەورەترین هەڕەشە بۆ كورد ئەوەیە كە عێراق نەك بە لۆژیكی بەشداریی پێكهاتەكان و هاوسەنگیی نێوانیان، بەڵكوو بە لۆژیك و سیاسەتی زۆرینە و كەمینە بەڕێوە بچێت.

بۆیە باشترین بژاردە بۆ كورد بەشدارینەكردنە لە هیچ كامە لەو بەرانەی كە ئاماژەمان پێ كرد، چونكە لە لایەك كوردستان ناكەوێتە ناو ململانێكانی ئێران و ئەمریكا و، لە لایەكی تریشەوە هەر دوو هێزی باڵادەست لە عێراق پێویستیی بەردەوامیان بە كورد دەبێت. بۆیە سیاسەتی "چاودێری و چاوەڕوانی" لە لایەك و، بەشداریی خودی كورد لە پێكهێنانی هاوپەیمانێتی لە لایەكی ترەوە، باشترین بژاردەیە لە ئێستادا. ئەگەر وەكوو پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی ڕابردوو كورد پەراوێز بخرێت، ئەوە بەشدارینەكردن و كشانەوەی كورد لە پرۆسەی سیاسی دەتوانێت كارتێكی زۆر بەهێز بێت، چونكە بارودۆخی ئێستا زۆر جیاوازیی لەگەڵ سەردەمی پێكهێنانی حكوومەتەكەی حەیدەر عەبادی هەیە؛ ئەمریكا و ئێران بۆ گوشاردروستكردن لەسەر یەكتری پێویستیان بەوە هەیە كە لایەنەكانی نزیك لە بەرەی بەرامبەریان بخه‌نه‌ پەراوێزەوە. بەڵام مەرجی سەرەكیی بەشداری لەم نێوەندەدا، دەتوانێت جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كورد بێت. هەرچەندە نابێت فەرامۆش بكرێت كە وەرگرتنی پۆست لە بری چارەسەركردنی كێشەكان، دەتوانێت هەڵەیەكی دیكەی كوشندە بێت كە كورد ڕووبەڕووی دەبێتەوە. لێرەوە بە مەرجێك كورد بە شێوەیەكی یەكگرتوو، وەكوو بلۆكێكی كوردی بەشداری لە هاوكێشەكاندا بكات، دەتوانین دەرفەتەكانی ئەم بژاردەیە بخەینە ڕوو:

١- سەرنەكەوتنی ئەجێندای هیچ لایەنێكی عێراقی لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو بەبێ كورد و ئەگەری جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانی كورد.

٢- ڕاگرتنی باڵانس لە نێوان هێزە عێراقییەكان، بەتایبەتی دوو بەرەی پێكناكۆكی شیعی.

٣- بوون بە پارسەنگی هێز لە هاوسەنگیی ناوخۆیی عێراق و هاوكێشە هەرێمییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا.

٤- ڕاگرتنی باڵانسی پەیوەندی لە نێوان ئەمریكا و ئێران لە بەرژەوەندیی كورد، نەك بەرژەوەندیی لایەنێك لەو دوو دەوڵەتە.

٥- ناردنی پەیامێكی سیاسی بۆ ئیدارەی ئەمریكا و ئێران لە هەمبەر ڕووداوەكانی ڕیفراندۆم و پاش ڕیفراندۆم لە 16ی ئۆكتۆبەر و بێدەنگی و هاوهەڵوێستیی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریكا لەم پرسەدا.

٦- وەرگرتنی گرێنتیی جێبەجێكردنی داواكارییە دەستوورییەكانی كورد لەسەر پرسە جێناكۆكه‌كان لە حكوومەتی داهاتوو یاخود لانی كەم كەمكردنەوەی كێشە و بارگرژییەكان و گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017.

كۆبەند:

بەشداریكردنی كورد لە هاوپەیمانێتیی دوو بەرەی سەرەكی لە عێراق، هەڵگری هەڕەشە و دەرفەتی تایبەتە؛ بەڵام دەكرێت كورد ڕێگەیەكی سێیەم بە ڕەچاوكردنی باڵانس و بەم پێیەیش داواكارییەكانی لە حكوومەتی داهاتوو بگرێتە بەر. ئەم ڕێگە سێیەمەیش دەتوانێت لەو خاڵەدا بەرجەستە بێت كە كورد هەوڵ بدات هیچ لایەنێك نەتوانێت لە بارودۆخی ئیستادا به‌بێ كورد حكوومەت دروست بكات، بەڵام پێویستە كورد ڕەچاوی بارودۆخی ناوخۆییی خۆی بكات. لێرەوەیە ئەگەر كورد بەشداریی لایەنی نزیك لە ئەمریكا نەكات، ئەوە باڵادەستیی لایەنی نزیك لە ئێران دەتوانێت ببێتە دەرفەتێكی مەزن لە هاوكێشەكانی نێوان ئێران و عێراقدا بۆ هەرێمی كوردستان. بەم واتایە كە سەركەوتنی فراكسیۆنی زۆرینەی نزیك لە ئەمریكا هەڕەشە لە دەسكەوتەكانی كورد دەكات وەكوو ڕابردوو و، كورد تەنیا بەشداریی پێ دەكرێت بەبێ چارەسەركردنی پرس و كێشەكانی لە عێراق، بەڵام سەركەوتنی بەرەی ئێران دەتوانێت وا بكات كە ئەمریكا بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز و بۆ كەمكردنەوەی نفووزی ئێران، پێویستیی زۆری بە كورد بێت. بۆیە پێویستە هاوكێشەكان بەپێی ئەزموونی ڕابردوو ببینرێت و هەنگاو و پلانی پێویستی بۆ دابنرێت. چونكە لەم قۆناغەدا ئێران پێویستییەكەی زۆری بە كورد هەیە، بەتایبەتی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ئاسایشییەوە و، لە هەمان كاتیشدا ئەمریكایش بۆ گوشارخستنە سەر ئێران پێویستی بە هێزی كورد لە هاوكێشەكاندا هەیە. بەڵام نابێت كورد بە لای ئێراندا بشكێتەوە، كە ئەمە بۆ كورد مەترسیدارە و لە هەمان كاتیشدا پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ لایەنی نزیك لە ئێران لە بەغدا و تەنانەت خودی ئێران، دەتوانێت هەمان مەترسیی بۆ كوردستان هەبێت.

تەنیا بابەتێك كە دەتوانێت ئەم سیناریۆیە پێچەوانە بكاتەوە، ئەوەیە كە لە نەخشەڕێگەیەكی زەمەنیدا داواكارییەكانی كورد وەكوو بەرنامەی كاری فراكسیۆنی زۆرینە و بەم پێیەیش حكوومەتی داهاتوو لە بەغدا بچەسپێندرێت. ئەمەیش ئەگەریكی لاوازە لە ئیستادا؛ بەم واتایە كە هیچ لایەنێك ناتوانێت/ نایەوێت ئەم كارە بكات، بەڵكوو تەنیا گۆڕانكاریی ناوخۆیی لە عێراق لە پاڵ توندوتیژیی نێوان سوننە و شیعە و شیعە و شیعە لە لایەك و، ململانێكانی ئەمریكا و ئێران، دەتوانێت پێگەی كورد بەرز بكاتەوە. بۆیە هەڵچنینی هیوا لەسەر حكوومەتی داهاتوو بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی كورد، بژاردە و ڕوانگەیەكی ڕیاڵیستی نییە. كه‌واته‌ پێویستە بەڕێوەبردن لە ئێستادا و چاوەڕوانی بۆ داهاتوو و گۆڕانی هاوسەنگیی هێزەكان، ئەم دەرفەتە بێنێتە ئاراوە. باشترین بەڵگەیش گۆڕانی هاوكێشە ئاسایشی و سیاسییەكانی ناوخۆی عێراق و ناوچەكەیە لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا كە لە پاش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو به‌ قازانجی كورد شكایه‌وه‌ و، توانی پێگەی كورد جارێكی دیكە بەرز بكاتەوە.

نووسەری ئەم بابەتە پێی وایە كە بۆ یەكەم جار لە عێراقی پاش 2003وە، پێویستە بیر لە دۆزینەوە و پەیڕەوكردنی میكانیزمێك بكرێتەوە كە كورد وەكوو "حكوومەتی هەرێمی كوردستان"، وەكوو نوێنەری یاسایی و سیاسیی كورد (بە نوێنەرایەتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیشەوە) بەشداری لە دانوستانەكان بكات، نەك نوێنەرانی حزب و هێزە سیاسییەكان. ئەم خاڵە دەتوانێت زیاتر تاووتوێ بكرێت و كۆتایی بە پەرشوبڵاویی كورد و، سیاسەتی زۆرینە و كەمینە لە عێراق بهێندرێت.

Latest from پەرویز ڕەحیم

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples