پەرویز ڕەحیم قادر/ مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین
پێشەكی
ڕۆژی پێنجشەممە (٢٢-١١-٢٠١٨) بەڕێز "مەسعوود بارزانی" بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی عێراق سەردانی بەغدای كرد. ئەم سەردانە لە كاتێكدایە كە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە هۆی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە 25-9-2017 و، هەروەها هێرش و پەلاماری سەربازیی بەغدا بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە 16ی ئۆكتۆبەری هەمان ساڵ و ڕووداوەكانی دواتری، تووشی بنەست و بارگرژی و پێكدادان ببوون. هەر بەم پێیە بەشێكی زۆری ڕای گشتیی كوردستان لەسەر لایەنگر و دژبەری ئەم سەردانە دابەش بووە. بەم واتایە كە بەشێك بە كاریكی پێویست و دروستی دەزانن و بەشەكەی دیكەیش بە شكستی پرۆسەی سەربەخۆیی و پاشگەزبوونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەڕێز مەسعوود بارزانی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و دانپێدانان بە شكست لە بەرامبەر بەغدادا، شرۆڤە و وێنای دەكەن. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین لەژێر تیشكی گۆڕانكارییەكانی كوردستان پاش 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و هەرێمی كوردستان و، هەروەها گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و بارگرژییەكانی ئەمریكا و ئێران و ئەگەری هاتنەئارای هاوسەنگیی هێزی نوێ لە عێراق و ناوچەكە، هۆكار و ئامانجەكانی ئەم سەردانە و بەم پێیەیش ڕاستی و دروستیی ئەم دوو ڕوانگە یاخود شرۆڤەیە بخەینە ڕوو.
بەگشتی ئەم نووسینە وهڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە كە ئایا چی گۆڕاوە لە بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان، كە بەڕێز بارزانی دەچێتەوە بەغدا و بەگەرمییش پێشوازیی لێ دەكرێت؟ لە كاتیكدا ساڵێك لەمەوبەر هەر دوو لایەن وەكوو دوژمن سەیری یەكتریان دەكرد؟ هەروەها ئەو هەڵەیە چی بووە كە بارزانی دەیەوێت ڕاستی بكاتەوە؟ ئایا مەبەست لە هەڵەكە پرسی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم بوو یاخود پرس و بابەتێكی دیكە لە ئارادایە؟
هۆكار و فاكتەرەكان؛ دیوی دووەمی ئامانجەكان
لێرەدا هەوڵ دەدهین بۆ ڕوونكردنەوەی زیاتری بابەتەكە و وهڵامدانەوەی پرسیارەكەمان هۆكار و ئامانجەكانی بەڕێز بارزانی لە سەردانیكردنی بۆ بەغدا لە چەند خاڵێكدا پۆلین بكەین:
- گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە ڕووی سیاسی و یاسایییەوە لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، وای كرد كە ئەو هێزانەی لانی كەم بەئاشكرا دژایەتیی هەرێمی كوردستانیان دەكرد و هەوڵی سڕینەوەی سیاسیی هەرێمی كوردستانیان دەدا، بكەونە پەراوێزەوە. ئەم فاكتەرە وا دەكات كە دەرفەتێك بێتە ئاراوە كە جارێكی دیكە هەرێمی كوردستان و بەغدا لە یەكتری نزیك ببنەوە. بۆیە بارزانی دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە دەرفەتێكی دووبارە و دەستپیشخەرییەك بڕەخسێنیت بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.
- هاتنەسەركاری عادل عەبدولمەهدی وەكوو سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق كە لە ڕووی مێژوویییەوە بە دۆستی كورد و تەنانەت بەڕێز بارزانی دەناسرێت، هۆكارێكە بۆ ئەوەی كە بارزانی سەردانی بكات و تەنانەت هەوڵی پشتگیریی ناوبراو بدات. ئەمەیش دەتوانێت لە لایەك بە هۆی ئەوەی كە جێگەی متمانەی زۆرینەی پێكهاتە و هێزە سیاسییەكان، بەتایبەتی كوردە، له ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا پێگەی عادل عەبدولمەهدی بەرز بكاتەوە و لە لایەكی دیكەیشەوە دەرفەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەغدا و هەولێر بێنێتە ئاراوە.
- ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 وای كرد، كە هەرێمی كوردستان بكەوێتە دۆخێكی نەخوازراو و دژواری ناوخۆیی و هەرێمییەوە، بەڵام ئەوەی كە دەركەوت ئەوە بوو كە هۆكاری خوڵقانی بەشێكی زۆر لەم بارودۆخە بە هۆی سیاسەت و ڕەفتاری لایەنێكی ناوخۆیی بوو كە هێز و دەرفەتی بە بەغدا دەدا كە ئیرادەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەولێر پەیدا بكات. بۆیە بارزانی، ویستی ئەوەی هەیە كە ئەم هەڵەیە لێرە ڕاست دەكاتەوە. چونكە ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگر هەیە كە ڕكەبەرەكانی بارزانی لە ڕووی ئەزموونی مێژوویی و سیاسی، هەروەها لەمەیش گرنگتر لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا پێگەیان لە ئاست بارزانی نییە و لە ڕووی ڕەوایەتیی یاسایی و سیاسیی هەڵبژاردنیشەوە (كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان و عێراق وەك نموونە) ئەو ئاستەیان نییە. بۆیە بارزانی پاش بێدەنگبوونی لە پرۆسەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی عێراق، ئەم جارە بە پاڵپشتیی فاكتەرەكانی سیاسی و یاساییی هێزەوە دەگەڕێتەوە بەغدا، بۆ ئەوەی نیشانی بدات كە بێجگە لە ڕووی سیاسییەوە، لە ڕووی كورسیی پەرلەمانی و بەم پێیە ڕەوایەتیی یاسایییشەوە سەرۆكایەتیی گەورەترین حزبی سیاسیی عێراق دەكات.
- ئاكام و لێكەوتەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان فاكتەرێكی دیكەی گرنگن بۆ ڕوونبوونەوەی هۆكاری سەردانكردنی بەغدا لە لایەن بارزانییەوە. بەم واتایە، پاش دەركەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی 45 كورسیی پەرلەمانی كوردستان لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە و بەرزبوونەوەی ژمارەی كوورسییەكانی ئەم حزبە بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان، بارزانی لە پێگەیەكی زۆر بەرزەوە دەچێتەوە بەغدا. چونكە لە لایەك حزبەكەی، كە ناوبراو سەرۆكایەتیی دەكات، ڕەوایەتیی یاسایی و سیاسیی زۆرینەی هاووڵاتیانی هەێمی كوردستانی هەیە و بە مەودایەكی زۆرەوە لە هێزی دووەم كە خاوەن 21 كورسیی پەرلەمانییە (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) و هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن براوەیە، لە لایەكی دیكەیشەوە كابینەی حكوومەتی داهاتووی كوردستان لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پێك دێت و ئەمەیش چۆنێتیی مامهڵهی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا یەكلایی دەكاتەوە. لە ڕاستیدا ئەم فاكتەرە دەبێتە هۆی ئەوەی كە ئامانجێكی بارزانی بێتە دی، كە ئەویش ئەوەیە كە پێویستە بەغدا مامەڵه لەگەڵ هێز و لایەنێك بكات كە خاوەن زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان و پێكهێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستانە. ئەمەیش بۆ ئەو بۆشایییە دەگەڕێتەوە كە لە ماوەی ڕابردوودا لە نێوان پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەك و بەغدا لە لایەكی دیكەوە دروست ببوو. بەم واتایە كه چەند كەسیك لە یەكێتیی نیشتمانی و، هەروەها ئۆپۆزیسیۆن هەوڵی پڕكردنەوەی ئەو بۆشایییە و پاشان نوێنەرایەتیكردنی خەڵكی كوردستانیان لە بەغدا دەدا. بەڵام ئەم سەردانە بەم پێگەیە، هەوڵێكە بۆ پێداچوونەوە بۆ ئەم ڕەفتارەی ئەم لایەنانە و، هەروەها ڕەفتار و مامەڵەی بەغدا لەگەڵ پرسی كورد بەگشتی و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤ لە كاتی قەیران و بارگرژیی نێوانیان بۆ دامەزراوە یاسایی و شەرعییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. لە ڕوانگەیەكی دیكەوە، ئەزموونی تاڵی 16ی ئۆكتۆبەر وای كرد، كە بەڕێز بارزانی هەوڵ بدات چیتر ڕێگە نەدات كە هیچ كەس و لایەنێك لە بری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پاشان هێزی یەكەمی كوردستان مامەڵە و دانوستان لەسەر پرسە سیاسی و یاسایی و تەنانەت نەتەوەیییەكانی نێوانیان بكات.
- ئەزموونی ڕیفراندۆم و پاشان 16ی ئۆكتۆبەر، بووه هۆی ئهوهی كە دەوڵەتانی ناوچەكە بەشێك یاخود زۆربەی هەڕەشە و مەترسی و گوشارەكانیان لە ڕێگەی بەغداوە جێبەجێ بكەن. بۆیە بارزانی لەم سیاسەت و ڕوانگەیەوە، دەیەوێت ڕێگە لەوە بگرێت كە دەوڵەتانی ناوچەكە، بەتایبەتی توركیا و ئێران، لەم بۆشایییە لە دژی هەرێمی كوردستان كەڵك وەربگرن. ئەمەیش شێوازێك لە خوێندنەوەی نوێی هاوكێشە سیاسییەكانی هەرێمایەتییە لە لایەن بارزانییەوە پاش ئەو ڕووداوانە. بۆ نموونە توركیا هەوڵی داوە (دەدات) كە ئەگەر بكرێت مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات و بەم پێیە هەرێمی كوردستان لاواز بكات. بەڵام لە ڕووی پێگەی جیۆسیاسی و جیۆئیكۆنۆمیی هەرێمی كوردستان و واقعی دابەشبوونی هێز لە عێراق و بە هۆی پێداویستییەكانی وزە و ئابووریی توركیا و، هەروەها پرسە ئاسایشییەكان لە لایەك و ڕۆڵ و نفووزی ئێران لە عێراق لە لایەكی دیكەوە، تاوەكوو ئێستا بۆی نەكراوە.
- دوو ئەكتەری هەرێمی و نێودەوڵەتیی گرنگ وەكوو كۆماری ئیسلامی و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و تەنانەت ئاسۆی ململانێ و بارگرژییەكانیان، یەكێكە لەو فاكتەرانەی كە سەردانی بەڕێز بارزانی ڕوونتر دەكاتەوە. بەم واتایە كە هەم ئێران و هەم ئەمریكا هەرچەندە بە دوو هۆكار و مەبەست و بەرژەوەندی و ئەجێندای جیاواز و دژبەیەك، لە كەناڵی خۆیانەوە پاڵپشتی و پێشوازی لەم نزیكبوونەوەیە دەكەن و لەوانەیە و ڕێی تێدەچێت كە لە پشتی پەردەوە ڕێگەیان خۆش كردبێت و هانی ئەم نزیكبوونەوەیان دابێت. كۆماری ئیسلامی بۆ كەمكردنەوەی ئاسەواری گوشار و سزا توند و قورسەكانی ئەمریكا، پێویستیی یەكجار زۆری بە هەرێمی كوردستانە و نزیكبوونەوەی هەولێر و بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەڕێز بارزانی لە حكوومەتی بەغدای زۆرینە شیعی، وا دەكات كە پەیوەندی و سیاسەتێكی یەكپارچەتریان لە بەرامبەر ئێران هەبێت. هەروەها ئێران مەبەستیەتی كە كوردستان و پارتی لە سیاسەت و ستراتیژی و بەم پێیە بازنەی جێبەجێكردنی سزا و ئابڵووقەكانی ئەمریكا دوور بكاتەوە. لە لایەكی تریشەوە، بەڵام بە ئاراستەیەكی پێچەوانەوە، ئەمریكا دەخوازێت بە كەمكردنەوەی ئەم بارگرژییانە وا بكات، كە سیاسەتێكی یەكگرتوو لە لایەن حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە لە هەمبەر سزا و ئابڵووقە دارایی و ئابوورییەكانی ئەمریكا لە دژی كۆماری ئیسلامی پەیڕەو بكرێت. چونكە لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم بارگرژی و ناكۆكییانە، لەوانەیە ئەمریكا نەتوانێت كۆنترۆڵی جێبەجێكردنی ئەم سزا و ئابڵووقانە بكات. هەروەها لە كەمكردنەوەی بۆشاییی پەیوەندیی نێوانیان وا دەكات، كە پێگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بەرزتر ببێتەوە و بتوانێت كەمێك توندتر یاخود ڕاشكاوانەتر لە بەرامبەر ئێران بوەستێتەوە. بێجگە لەمەیش عێراقێكی سەقامگیر جێگە و پێگە و نفووزی ئێران لاوازتر دەكات و ئەمەیش تاوەكوو ئێستا لە ستراتیژیی ئەمریكادایە.
- بەڕێز بارزانی دەیەوێت لە ئاستی ڕای گشتیی عێراق و پاشان بە دەوڵەتانی ناوچەكە و بەتایبەتی لە ئاستی نێودەوڵەتی (ئەمریكا) ئەم پەیامە ڕەوانە بكات، كە خوازیاری ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتییە و ئەمە سیاسەت و هەڵسوكەوتی ناوەندە كە وا دەكات كورد لە بەغدا دوور بكەوێتەوە و بیر لە سەربەخۆیی بكاتەوە. لە ڕاستیدا ئەم خاڵە دەتوانێت لە داهاتوودا لە هاوكێشە سیاسییەكانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا لە ئەگەری ڕوودانی هەر پێشهات و هاوسەنگی یاخود بارگرژییەك لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ زیندووكردنەوەی پرسی سەربەخۆیی و ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم، وەكوو كارتێكی بەهێز بەكار بێت.
- لە پاش نەمانی "مام جەلال" لە گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان و عێراق، جۆریك لە بۆشایی و دەرفەت بۆ حكوومەتی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە هاتە ئاراوە كە دەستێوەردانی زیاتر لە كاروباری ناوخۆییی هەرێمی كوردستاندا بكەن؛ باشترین نموونەیش تێكچوونی پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی و ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و پاشان هەڵبژاردنی بەڕێز "بەرهەم ساڵح" لە دەرەوەی ڕێككەوتنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان وەكوو سەرۆككۆماری عێراق بوو. بۆیە بەڕێز مەسعوود بارزانی ئێستاكە وەكوو بەهێزترین كارەكتەری سیاسیی كورد لە عێراقدا هەوڵی پڕكردنەوی ئەم بۆشایییە و ڕاستكردنەوەی هاوسەنگیی نێوان كورد و بەغدا لە عێراقدا دەدات. بەم پێیە ڕێگەی لە دەستێوەردانی زیاتری ئەو لایەن و كارەكتەرانە دەگرێت كە له پێناو بەرژەوەندییەكانیان و لاوازكردنی یەكڕیزیی ناوخۆییی كوردستان و پێگەی كورد لە عێراقدا، كەڵكیان لەم بۆشایییە وەرگرت.
- یەكێك لە هۆكارەكان كە پەیوەندیی بە داهاتووی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە ئەوەیە، كە پێشبینی دەكرێت بەڕێز مەسروور بارزانی ئەركی سەرۆكی حكوومەت بگرێتە ئەستۆ و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەكوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان بێتەوە ناو گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان و عێراق. بۆیە ئەم سەردانە دەتوانێ ئامادەكاری بێت بۆ ئەم گۆڕانكارییە لە ئاستی هەرێمی كوردستان لە بەغدا.
كۆبەند
بنەما و ڕستەیەكی بنەڕەتی لە بواری سیاسەتدا هەیە كە دۆست و دوژمنی هەمیشەیی بوونی نییە؛ بۆ نموونە سەیری ئاستی پەیوەندییەكانی ئێستا و ڕابردووی ژاپۆن و ئەمریكا بكەن! هەروەها لە نێوان ڕەش و سپی چەندین ڕەنگی دیكە هەن و، لەمەیش گرنگتر ئاكامی ئەم بنەمایە ئەوەیە كە گەمەی سیاسیی "سفر و سەد" بۆ ئەكتەرێكی نا-دەوڵەتیی وەكوو هەرێمی كوردستان زۆر مەترسیدارە. بەم پێیە، پێویستە كورد سیاسەت لە گۆشەنیگای ئەخلاقی و هەست و سۆزەوە پەیڕەو نەكات. بۆیە سەردانی بارزانی بۆ بەغدا دەتوانێت دەرفەتێكی دیكە بێت بۆ هەستانەوەی كورد و بەهێزبوونەوەی لە هاوكێشە ناوخۆیییەكانی عێراق و، هەروەها ئامادەبوون بێت بۆ ئەگەری گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكە. لە كاتێكدا كە وڵاتانی عەرەبی بە هۆی ئاڵوگۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسییەكانی كۆماری ئیسلامی لەگەڵ گەورەترین نەیار یاخود دوژمنی پێناسەكراوی خۆیان واتە ئیسڕائیل لە هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان و، هەروەها هاوكاری و نزیكبوونەوەدان، بۆیە ناكرێت و نابێت كورد بەم لۆژیكە سیاسەت بكات كە دوژمنی هەمیشەیی و دۆستی هەمیشەیی هەیە؛ ئەزموونی تاڵی ڕابردووی كورد خۆی سەلمێنەری ئەو بنەمایەیە.
جەمسەربەندی و گۆڕانكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە لە كورد دەخوازێت، كە لە لایەك وەكوو كیان و ئەكتەرێكی یەكگرتوو و یەكپارچە ڕەفتار بكات و لە لایەكی دیكەیشەوە لەو دەرفەتانە بۆ بەرژەوەندیی خۆی سوود وەربگرێت. بەهێزبوونەوەی پێگە و پەیوەندییەكانی كورد لە ئاستی ناوچەیی و دووبارە بنیاتنانەوەیان لەسەر بنەمایەكی پتەو و پێداچوونەوە بە هەڵەكانی ڕابردوو، دەتوانێت لە هاتنەئارای دەرفەتیكی پێكهاتەییدا یارمەتیدەری كورد بێت لە هاوكێشە نوێیه جیۆسیاسی و ئاسایشییەكانی ناوچەكە و تەنانەت پرسی سەربەخۆییی هەرێمی كوردستان. هەروەها چەندین لێكەوتە و سیناریۆی ناوچەیی لەم سەردانەدا هەیە كە لە نووسینێكی دیكەدا شرۆڤەی دەكەین.
بەم پێیە دەتوانین بڵێین، سەردانی بەڕێز بارزانی بۆ بەغدا نیشانەیەكە لە گۆڕانكاریی هاوكێشەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و دەرفەتێكی نوێیە بۆ كوردستان و، ڕاستكردنەوەی هاوكێشە نوێیەكانە نەك پاشگەزبوونەوە لە سەربەخۆیی. بێجگە لەمەیش پەیامێكە بۆ بەغدا كە پاش ئەوەی نەیانتوانی كوردستان بسڕنەوە، پێویستە لەگەڵ كارەكتەرە سیاسییەكان و حكوومەت و ناوەندی هێزی كوردستان دانوستاندن و ڕێككەوتن و مامەڵە بكەن. هەروەها لە كاتێكدا هیچ كات بەڕێز بارزانی ڕای نەگەیاندبوو كە پاش ڕیفراندۆم بەبێ دانوستان لەگەڵ بەغدا و ڕاستەوخۆ سەربەخۆیی ڕادەگەیەندرێت. هەرچەندە مەترسیی ئەوە هەمیشە لە ئارادایە كە بەغدا لە ئەگەری بەهێزبوونەوەی، هێرش بكاتەوە سەر هەرێمی كوردستان و پێویستە كوردستان ئەم ڕاستییە بزانێت. بەڵام ئەمە لۆژیكی سیاسەتە كە وا دەكات بارزانی سەردانی بەغدا بكات و، پێویستە ئەم بابەتە دوور لە ململانێ حزبییەكان لە كوردستان، بخوێندرێتەوە. بەڵام بۆ ئەوانەی كە ڕەخنە دەگرن، پێویستە پرسیار بكرێت كە یەكەم ئەلتەرناتیڤ چییە؟ پاشان ئەوانەی كە ڕەخنە دەگرن، پێویستە وهڵامی ئەوە بدەنەوە كە ڕەوایە كەسانێك كە هیچ پێگەیەكی حزبی و سیاسی و یاسایییان نییە، بە ناوی كوردستانەوە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا بكەن و ببنە هۆكاری لەدەستدانی نیوەی خاكی كوردستان و شكستی پرۆسەی سەربەخۆیی، بەڵام بۆ بارزانی ڕەوا نییە لەگەڵ هەمان هێز و ناوەند پەیوەندیی هەبێت؛ لە كاتێكدا تاوەكوو ئێستا هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق و بە هۆی هۆكاری ناوخۆیییەوە نەیتوانی پرۆسەی سەربەخۆیی بگەیەنێتە ئەنجام؟! ههرچهنده ئەگەر كوردستان دەوڵەتی سەربەخۆیش بێت، پێویستە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ دراوسێكانی، بەتایبەتی وڵاتی دایك، لە ڕووی یاسایییەوە هەبێت! بۆیە پێویستە چاوەڕوانی گۆرانكارییەكانی داهاتووی عێراق و ناوچەكە بین تاوەكوو ئەم ئەرگیۆمێنتانەی ئەم نووسینە ڕاستی یاخود ناڕاستی بسەلمێنرێت.