پەرویز ڕەحیم قادر/ مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین
پێشەكی
بڕیاری سەرۆك ترامپ بۆ كشانەوەی هێزەكانی لە سووریا/ڕۆژاوای كوردستان لێكدانەوە و كاردانەوەی جۆراوجۆری بە دوای خۆیدا هێناوە. ئەوەی كە لەم نێوەدا گرنگە، چارەنووسی پرسی كورد لە سووریا و ئاسەوار و لێكەوتەكانی ئەم پاشەكشەیە لەسەر كورد و پاشان كۆی هاوكێشەكانی سووریا كە دەتوانێت بە گۆڕینی هاوسەنگیی هێز كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستانیش هەبێت. بۆیە پێویستە ئەو لێكەوتانەی كە تاوەكوو ئێستا ڕوون نین، تاوتوێ بكرێن. پرسیاری سەرەكیی ئەم نووسینە ئەوەیە كە، ئەم كاریگەری و لێكەوتانە چین و چۆن كاریگەری لەسەر ئەكتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەكان (وەكوو كورد لە ڕۆژاوا و باشووری كوردستان) دادەدنێت.
هاوكێشە و لێكەوتەكانی ئەم بڕیارە بۆ ئەكتەرەكان
- توركیا: ئەم بڕیارە بۆ توركیا چاوەڕواننەكراو بوو. هەرچەندە ئەردۆغان لە سەرەتادا بهشك و گومانەوە دهیڕوانییە ئەم بڕیارەی ترامپ، بەڵام كێشەیەكی گەورەی لەكۆڵ توركیا كردەوە، بەوەی كە پاش هەڕەشەكانی ئەردۆغان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ڕۆژهەڵاتی فورات و بەگشتی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاوا و ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی پەیەدە/یەپەگە، مەترسیی پێكدادان و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەمریكا، چ وەكوو هێزێكی ئامادە لە گۆڕەپانی ڕۆژاوای كوردستان و، چ وەكوو هاوپەیمانێك (هەرچەندە پڕ لە كێشە) لە ناتۆ و، چ وەكوو دەوڵەتێكی زلهێز و كاریگەر. پاشان لە ئاستی هاوكێشە سیاسییەكانی ناوخۆییی توركیادا، بە سەركەوتنی ئەردۆغان هەژمار دەكرێت. بێجگە لەمەیش ئەمریكا ئاستی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا بەم ڕێگەیەوە بەرز دەكاتەوە كە لە قازانجی پێگە و هێزی توركیادا دەبێت. تەنانەت لە داهاتووی سووریا و، هەروەها لە دانوستانەكانی لەگەڵ حكوومەتی بەشار ئەسەد و تەنانەت ڕووسیا و ئێران، لەمە بەدواوە توركیا هێز و قورسایییەكی زیاتری بۆ پاراستنی نفووز و بەرژەوەندییەكانی دەبێت.
- ئێران: كۆماری ئیسلامی لە لایەك بە گومان و دڵەڕاوكێ و، لە لایەكی ترەوە بە سەركەوتنی خۆی دەڕوانێتە ئەم بڕیارە. بەم واتایە كە، هەم دوودڵە لەوەی كە پلانی ئەمریكا چییە و بڕوا بەم بڕیاره ناكات و، لە لایەكی تریشەوە هاوسەنگیی هێز بە دەرچوونی ئەمریكا بە قازانجی خۆی دەزانێت. هەروەها ئێران دەتوانێت نفووزی خۆی لە سووریا بۆ پووچەڵكردنەوە و بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئابڵووقە و گوشار و سزاكانی ئەمریكا بەكار بێنێت. بۆ نموونە مەترسیی زیاتر بۆ سەر ئیسڕائیل دروست بكات و لە چارەنووسی داهاتووی سیاسیی سووریا ڕۆڵی كاریگەری هەبێت و هیلالی شیعی وەكوو قەڵغانێكی ئاسایشی-سیاسی- سەربازی و تەنانەت ئابووری بپاریزێت. بەڵام ئەوەی كە دووبارە ئێران نیگەران دەكاتەوە ئەوەیە، كە بڕیارەكهی ترامپ و هەماهەنگی لەگەڵ توركیا ببێتە هۆی پەرواێزخستن و گەمارۆدانی زیاتری ئێران لە لایەن ئەمریكاوە یاخود توركیا بەم بڕیارە ڕازی بكرێت، بۆ دژایەتیی ئێران بچێتە بەرەی ئەمریكا؛ هەروەها لە سووریا بە بەرزبوونەووەی نفووزی توركیا، هاوسەنگیی هێز لە زیانی ئێران بگۆڕدرێت. جگە لەمانەیش ئێران ترسی ئەوەی هەیە كە لە هاوكێشەكانی داهاتووی سووریا، بە هۆی ڕێككەوتنێكی نهێنیی ڕووسیا و ئەمریكا لە لایەك و ئیسڕائیل لە لایەكی ترەوە، لاواز بكرێت.
- حكوومەتی بەشار ئەسەد (سووریا): ئەم بڕیارە دەتوانێت ببێتە هۆی جێگیربوونی بارودۆخی لەرزۆكی بەشار ئەسەد و حكوومەتەكەی و تەنانەت لە داهاتووی سووریادا پێگەیەی بەهێزی هەبێت. هەروەها لەم ڕێگەیەوە سووریا ڕووبەڕووی ئەمریكا نابێتەوە و بە جۆرێك ئەم بڕیارە، داننانە بە حكوومەتی بەشار ئەسەد و سەروەریی سووریا. بۆیە بە شكست و وەدەرنانی گرووپە توندڕەو و تیرۆریستەكان لەو پێگانەی كەو هەیانبوو، ڕژێمی سووریا دەتوانێت ببێتەوە هێزی سەرەكیی گۆڕەپانی سووریا بە یارمەتیی ئێستا و ڕابردووی سووریا و ئێران. بە ڕوانگەیەی ترەوە، سووریا دڵنیا بۆتەوە كە ئەگەرێكی بەهێزە كە ئەمریكا و ڕۆژاوا مامەڵەی لەگەڵ بكەن و چیتر بە دوای ڕووخانی ڕژێمەكەیەوە نین؛ واتە وەكوو سیگناڵێكی ئەرێنی و كردەیی دەیبینێت.
- دەوڵەتانی عەرەبی: لە ڕاستیدا بۆ سعوودیا و دەوڵەتانی عەرەبی هاوپەیمانی، ئەم بڕیارە جێگەی مەترسییە؛ بەو پێیەی كە هەست بە مەترسی دەكەن لەوەی كە لە لایەك ئێران زاڵ بێت و هاوكێشەكان بە قازانجی خۆی لە سووریا و عێراق و پاشان لە لوبنان یەكلایی بكاتەوە و بە هۆی بەرزبوونەوەی توانا و هێزی ئێران مەترسی لەسەر ئەو دەوڵەتانه دروست ببێت. لە لایەكی تریشەوە بە دەرچوونی ئەمریكا، توركیا و قەتەر و بیری ئیخوانییەكان بەهێز و باڵادەست بێت. بۆیە ئەم بڕیارە لە كورتمەودا بۆ ئەو وڵاتانە هاوكێشەیەكی دووسەرهی شكست و دۆڕانە. لە ڕوانگەیەی دیكەیش ئەمە بە گوشار بۆ سەر خۆیان دەبینن كە بە مەرج و ویستەكانی ئەمریكا ڕازی بن. بەتایبەت سعوودیا كە لە كێشە و بابەتی "خاشقچی"دا لە ئاستی هەرێمی و سەرووهەرێمیدا تووشی تەنگوچەڵەمەی سیاسی و دیپلۆماسی بووەوە و توركیا توانی بە باشترین شێوە بۆ لاوازكردنی سعوودیا كەڵك لەم كارتە وەربگرێت. بۆیە ناچارن لە یەمەن و بەتایبەتی لە سووریا بە هاوكێشەی نوێ ڕازی بن؛ چونكە هێشتاكە پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران یاخود ململانێیە جیۆسیاسییەكانیان لەگەڵ ئێران بۆ ئەو وڵاتانە ئەولەوییەتی سەرەكیی هەیە.
- ئیسڕائیل: سەرەڕای ئەوەی كە لە ڕاگەیاندنە فەرمییەكانی بەرپرسانی ئیسڕائیلدا دژایەتیی ئەم بڕیارە نەكراوە و هەوڵ دراوە نیگەرانییەكان بشاردرێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ ئیسڕائیل بارودۆخێكی ئەستەم و ناڕوون و تەنانەت مەترسیدار دروست بووە. بۆشاییی هیز و ئەگەری پڕكردنەوەی ئەو بۆشایییە لە لایەن توركیا و ئێرانەوە، بۆ ئیسڕائیل ویستراو و دڵخواز نییە. بۆیە ئیسڕائیل لە ئاستی نافەرمی و، هەروەها ڕای گشتییەوە بەدوودڵی و گومانەوە دەڕواننه ئەم بڕیارە. بەڵام لە هەمان كاتیشدا لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ڕووسیا و پاشان دۆستایەتی و پاڵپشتیی ئەمریكا بەگشتی و ترامپ بەتایبەتی، تا ڕاددەیەك دڵنیان. لە لایەكی تریشەوە ئەم بڕیارەی ترامپ، ئەمریكا لە ئەگەری هەر هێرشێك بۆ سەر ئیسڕائیل، چ لە لایەن حزبوڵڵاوە بێت یاخود ئێران، هەستیارتر دەكات. جگە لەمەیش ئیسڕائیل دەستی كراوەتر دەبێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە و هێرشەكانی ئێران و هاوپەیمانەكانی لە سووریا. بۆیە لە ڕێكەوتی 25 و 26ی مانگی 12 ساڵی 2018دا ههر زوو پاش ئەم بڕیارە، ئیسڕائیل بە هێرشی ئاسمانی و مووشەكی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی حزبوڵڵا و سوپای پاسداران لە سووریا، ئەو پەیامەی گەیاندە سووریا و ئێران.
- ڕووسیا: یەكێك لە گەورەترین براوەكانی ئەم بڕیارەی ترامپ ڕووسیایە. بەم واتایە كە پێگە و نفووزی ڕووسیا لە لایەك لە سووریا و لە لایەكی دیكەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر و بەرز دەبێتەوە. هەروەها ڕووسیا دەتوانێت ئەم پێگە و نفووزە لە هاوكێشەكانی دیكە لە جیهان لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریكا بەكار بێنێت. لە ڕوانگەیەكی دیكەوە ڕژێمی سووریا بە یارمەتیی ڕووسیا، دەتوانێت قەیرانی ناوخۆیی تێ پەڕێنێت و پاشان لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتییش بەهێز بێتەوە. لێرەوە ڕووسیا وەكوو كاریگەترین ئەكتەر لە هاوكێشەكانی سووریا، لە لایەك دەبێت بەرپرسیارێتیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گرووپەكانی دژبەری سووریا و گرووپە تیرۆریستییەكان لە ئەستۆ بگرێت و، لە لایەكی دیكەیشەوە ئەگەری ئەوە هەیە كە بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ توركیا بە هۆی نزیكبوونەوەی لەگەڵ ئەمریكا و، هەروەها دەستێوەردان لە سووریا، پێكناكۆك بێت؛ كە ئەمەیش دەتوانێت توركیا لە ڕووسیا دوور بكاتەوە. جگە لەمەیش ڕووسیا بە هۆی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسڕائیل، پاراستنی هاوسەنگیی هێز و، هەروەها پاراستنی ئاسایشی سنوورەكانی ئیسڕائیلی دەكەوێتە ئەستۆ. هەرچەندە ڕووسیا ئەمە باش دەزانێت كە ئەم بڕیارە لەوانەیە ڕووسیا ڕووبەڕووی ململانێی توند و تەنانەت بارگرژی لەگەڵ توركیا و، هەروەها جەنگێكی نەخوازراوی درێژخایەن بكاتەوە. بۆیە هەوڵ دەدات كە هاوكێشەكان لە قازانجی خۆی یەكلایی بكاتەوە؛ بەو پێیەی كە پەیوەندیی توندوتۆڵی ههیه، هەم لەگەڵ قەتەر و توركیا و ئێران و ڕژێمی ئەسەد و پاشان لەگەڵ سعوودیا و وڵاتانی عەرەبی بەگشتی و ئیسڕائیل بەتایبەتی و، هەروەها ئەكتەرە نادەوڵەتییەكانی وەكوو كورد و حزبوڵڵای لوبنان و حەماس و هتد.
- یەكێتیی ئەوروپا: بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ئەوروپی وەكوو بریتانیا و فەڕهنسا لەو دەوڵەتان بوون كە نیگەرانیی خۆیان لەم بڕیارە ڕاگەیاند. ئەمەیش بە هۆی ئەوەی كە لە ئەگەری هێرشی توركیا بۆ سەر ڕۆژاوا، لە لایەك ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێكی خوێناوی لە ناوچەكەدا و ئاوارەبوونی سەدان هەزار خەڵكی سڤیڵ هەیە و، لە لایەكی دیكەیشەوە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و گرووپە تیرۆریستییەكانی دیكە و پاشان باڵادەستیی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، لە لای ئەوروپییەكان جێگەی مەترسییە. بۆیە بۆشاییی هێزی ئەمریكییەكان لە سووریا، دەتوانێت بۆ ئەوروپییەكان مەترسیدار و هەستیار بێت. جگە لەمەیش ئەوروپییەكان لە داهاتووی سیاسی و ئاسایشیی سووریا و پاشان ڕەفتار و بەرژەوەندی و سیاسەتی توركیا نیگەرانن.
- گرووپەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و گرووپە تیرۆریستییەكان: هەرچەندە ئەم گرووپانه سەر بە وڵات و لایەنی جۆراوجۆرن بەڵام لە ڕاستیدا جگە لە گرووپە تیرۆریستییەكانی وەكوو داعش، ئەم ئەكتەرانە دەكەونە دۆخیكی دژبەیەك؛ لە لایەك لە لایەن ئێران و ڕووسیا و ڕژێمی ئەسەدەوە لاواز دەكرێن و لەوانەیە بەتەواوی لە ڕووی سەربازییهوه دابماڵڕێن و، لە لایەكی دیكەیشەوە گەری ئەوە هەیە كە توركیا بۆ كۆنترۆڵی ڕۆژاوای كوردستان و قایمكردنی پێگەی خۆی، هەم جەنگیان پێ بكات و هەم بیانكاتە قوربانی لەسەر داهاتووی هاوسەنگیی هێزەكان. چونكە پاش بڕیاری ترامپ، هیچ كام لە ئەكتەرەكان ڕازی نابن كە ئەم گرووپانە بە یارمەتیی توركیا بەشێك لە خاكی سووریا كۆنترۆڵ بكەن. هەر لەم خاڵەیشدایە كە ئەگەری سەرهەڵدانی بارگرژیی نێوان توركیا لە لایەك و، ئێران و سووریا و ڕووسیا لە لایەكی دیكەوه، دێتە ئاراوە. هەروەها دەرفەتێك بۆ خۆڕێكخستنەوەی داعش و گرووپە توندڕەو و تیرۆریستییەكان دروست دەبێت، بەتایبەتی لە كورتخایەندا.
- كورد لە ڕۆژاوا: بڕیارە لەناكاوەكەی ترامپ، كورد بەگشتی و پەیەدە/ یەپەگەی بەتایبەتی لە ڕۆژاوا خستە ڕیزی "دۆڕاوهكان" لە هاوكێشەكانی سووریادا. بەم واتایە كە خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاوا لە بەردەم دوو ئەگەری سەرەكیی نەخوازراو و ئەگەرێكی لاوازدایە كە هەرسێكیان بە زیانی ئەزموون و پێگەی كورد لە ڕۆژاوا دەشكێتەوە. ئەگەری یەكەم، هێرشی سەربازیی توركیا و داگیركردنی ڕۆژاوایە و، ئەگەری دووەم ڕێككەوتن لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد و هێنانی سوپای سووریا و بە جۆرێك كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی كورده لە سووریا و، ئەگەری سێیەمیش ڕازینەبوون بە هیچ كامە لەم ئەگەرانە و دەستپێكردنی جەنگێكی خوێناوی و خۆسپاردن بە چارەنووس و داهاتوویەكی نادیار. لە ڕاستیدا ئەمریكا كوردی خستۆتە بەردەم دۆخیكی ئەستەم و نەخوازراو و مەترسیدار. بۆیە چ لە ئەگەری هێرشی توركیا و چ لە ئەگەری هاتنەوەی سوپای ڕژێمی ئەسەد و نەمانی خۆبەڕێوەبەری، ئەوە توركیا و پاشان ڕژێمی ئەسەد براوەن و كورد دۆڕاو. هەرچەندە چەندین سیناریۆی تریش باس دەكرێت، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین گرنگترین و سەرەكیترینیان بەكورتی بخەینە ڕوو.
كۆبەند: سیناریۆكان
- ڕێككەوتنی كوردەكان بە پاڵپشتیی ڕووسیا لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد و هاتنەوەی سوپای سووریا بۆ ڕێگەگرتن لە هێرشی توركیا: لەم سیناریۆیەدا لەوانەیە سووریا بەم مۆدێلە سیاسییە لە خۆبەڕێوەبەرییە و، هەروەها بوونی هێزی چەكداری كورد-عەرەب لە ڕۆژاوا ڕازی نەبێت و هەڵی وەشێنێتەوە.
- هێرشی توركیا بۆ سەر ڕۆژاوا و كۆنترۆڵی ناوچەكەكانی ژێر دەسەڵاتی كورد: كە لەم سیناریۆیەدا توركیا ئەزموونی سیاسی-سەربازی و دەسكەوتەكانی كورد لە جەنگی دژی داعش لەبار دەبات. هەرچەندە لەم ئەگەرەدا كاردانەوهی ئێران و ڕووسیا و پاشان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئارادایە. بەڵام بۆ هەرێمی كوردستان زۆر مەترسیدارە و، ئەگەری ئەوە هەیە توركیا سنووری دیكە لەگەڵ عێراق بكاتەوە و دابڕانی ڕۆژاوا و هەرێمی كوردستان، بەتەواوی كوردستان لە هاوكێشەكانی عێراق و ناوچەكە پەراوێز بخات و پاشان توركیا بۆ قووڵاییی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی ناوچەی شنگال و قەندیل جووڵە بكات.
- هێرشی سوپای ئازادی سووریا و گرووپەكانی لایەنگری توركیا: لەم سیناریۆیەدا توركیا پاڵپشتی لەم گرووپانە دەكات بۆ هێرش بۆ سەر ڕۆژاوای كوردستان و، لە لایەكی دیكەیشەوە سوپای سووریا هێرش دەكات و جەنگێكی سێلایەنە دروست دەبێت كە دیسانەوە كورد ناتوانێت جەنگی دوو بەرە بكات و دۆڕاوی سەرەكی دەبێت.
- پڕكردنەوەی بۆشاییی هێزەكانی ئەمریكا لە لایەن ئەوروپییەكان و بەتایبەتی فەڕهنسا: لەم سیناریۆیەدا بە پاساوی تەواونەبوونی جەنگی دژی داعش لە لایەن ئەوروپییەكانەوە و گرنگیی ڕۆڵی كورد لەم جەنگەدا، توركیا ناتوانێت هێرشی ڕاستەوخۆ بكات یاخود زۆر ئەستەم دەبێت. لێرە كورد دەتوانێت لە چارەسەرێكی سیاسی لە داهاتووی سووریا بەشدار بێت و مەترسییەكان لاوازتر دەبێت. بەڵام ڕۆڵی ڕووسیا و توركیا و ئێران و گرووپە چەكدارەكانی تر بەرچاوە و چارەنووسی ڕۆژاوا بۆ كاتێكی نادیار و هاوسەنگیی نوێی هەرێمی هەڵدەگیرێت.
- ڕازیبوونی توركیا بە كۆنترۆڵی ڕۆژاوا لە لایەن هێزەكانی ئەنەكەسە/لەشكری ڕۆژ یاخود بەهاوبەشی لەگەڵ پەیەدە/ یەپەگە، لە ڕێگەی ڕێككەوتن لەگەڵ ئەكتەرەكان.