پەرویز ڕەحیم قادر/ مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین
پێشەكی
لە ڕۆژی 20-10-2018دا کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان ئەنجامی کۆتاییی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگەیاند.
یەكەم: ئەنجامەكانی 100 كورسیی گشتیی لایەنە سیاسییەكان بەم شێوەیە بوو:
دووەم: ئەنجامی 11 كورسیی پێكهاتەكان بەم شێوەیە بوو:
لێرەدا ئەوەی پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكرێت و وهڵامی بدرێتەوە ئەوەیە كە، سیناریۆی پێكهێنانی حكوومەت و، هەروەها باشترین سیناریۆ بەپێی بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان كامەیە؟ لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین ئەم بابەتە تاووتوێ بكەین.
ئەزمونی خولی ڕابردوو
ئەزموونی ڕابردووی پێكهێنانی حكوومەت و كارامەییی چوار خولی پەرلەمانی كوردستان، ناتواندرێت لە هەلومەرجە سیاسییەكەی هەرێمی كوردستان و بەم پێیە هاوسەنگیی هێزی لایەنە سیاسییەكان لە كوردستان و عێراق جیا بكرێتەوە و خوێندنەوەی بۆ بكرێت؛ كە لە ڕاستیدا بێجگە لە كابینەی هەشتەم كە بە حكوومەتی بنكەفراوان ناسرا و پاشان لایەنە سیاسییەكان بێجگە لە پارتی و یەكێتی لێی دەرچوون، خولەكانی دیكە لە پاش 2005ەوە پارتی و یەكێتی زۆرینە و پێكهێنەری حكوومەت بوون. بەڵام ئەوەی كە جێگەی سەرنجە ئەوەیە، كە لەم خولەدا چەندین ڕووداو و كێشە و گرفتی وەكوو جەنگی دژی داعش و قەیرانی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان و كشانەوەی هێزە سیاسییەكان، بەتایبەتی ئۆپۆزیسیۆن لە حكوومەت و پاشان بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و...، تێ پەڕێندراوە و لایەنەكانیش بەپێی ناسنامە و گوتار و بەرژەوەندییان بڕیاریان لەم بابەت و بوارانەدا داوە و بەم پێیەیش بە ئەزموونی ڕابردوویان دەچنەوە ناو پەرلەمان و تەنانەت كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. بەڵام پرسیار ئەویە كە لە لایەك ئایا لایەنە ناڕازییەكان لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، ڕازی دەبن بە بەشداری لە حكوومەت؟ لە لایەكی دیكەیشهوە ئایا براوەی یەكەم كە پارتی دیموكراتی كوردستانە ڕازی دەبێت بە هەمان ئەزموون و كاردانەوەی ڕابردووی هێزە سیاسییەكان و بەتەنیا هێشتنەوەی لە حكوومەت و مەترسی لە ڕەوایەتیی كەوتنی كابینەكەی بەشدارییان پێ بكات؟
سیناریۆكان
یەكەم: پێكهێنانی حكوومەتی بنكەفراوانی هاوپەیمانێتی
ئەم سیناریۆیە لە پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی ڕابردوودا تاقی كرایەوە. لە ڕاستیدا لە ڕووی پیادەكردنی دیموكراسییەوە گرفتی زۆری هەیە بۆ وڵاتیك كە فرەپێكهاتە و ناسنامە نییە، بەڵام دەتوانێت سەقامگیرییەكی كاتی و ڕێژەیی دەستەبەر بكات. بەم واتایە كە بە هۆی بەشداریپێكردنی هەموو لایەنە سیاسییەكان و دابەشكردنی پۆستەكانی حكوومەت بەپێی ڕێككەوتن (نەك ئیستحقاقی هەڵبژاردن)، ئۆپۆزیسیۆن بەفەرمی بوونی نامێنێت. گرفتی سەرەكیی ئەم سیناریۆیە ئەوەیە كە حزبە بچووكەكان لە قەبارەی خۆیان زیاتریان پێ دەدرێت و، لە هەمان كاتیشدا ئەم حزبانەی كە بچووكن یاخود سروشتی ئۆپۆزیسیۆنیان هەیە، بۆ ئەوەی كە بتوانن لەسەر كار و بەرنامەكانی ڕابردووی هەڵبژاردنیان بەردەوام بن و دەنگدەرانیان ڕازی بكەن و، هەروەها بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خۆیان ئامادە بكەن و دەنگدەرە ناڕازییەكان لە حزبەكانی دەسەڵات ڕازی بكەن كە دەنگیان پێ بدەن و، هەروەها خۆیان بە جیاواز لە ئەزموونی حوكمڕانی (كە لەسەری دامەزراون) نیشان بدەن، ئەوە لە لایەك ڕۆڵی دەسەڵاتداریان هەیە و لە لایەكی دیكەیشەوە ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن دەبینن. ئەم حاڵەتەیش حكوومەت و پەرلەمان تووشی گرفتی زۆر دەكات؛ بەم واتایە كە لە حكوومەتدا دەسەڵاتن و لە پەرلەمان ئۆپۆزیسیۆن، كە ئەمەیش بارودۆخێكی تەندروست نییە. باشترین نموونەیش لە چەند ساڵی ڕابردوودا بوو، كە بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی و تەنانەت بە شێوەیەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش ئەم ڕۆڵەیان هەبوو. ئەم بارودۆخە كێشە و گرفتی زۆری بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكانی هەموو حزبەكان-بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە- دروست كرد و حكوومەتیكی لەرزۆك و لاوازی لە ڕووی ئەدا و تواناوە پێك هێنا كە لە بچووكترین ناكۆكی و لێكترازانێك بینیمان كە حكوومەت تووشی قەیران بوو. چونكە لەم مۆدێلەدا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی هەڵناگرێت و، لە لایهكی دیكەشەوە بە ڕواڵەت دیموكراسییە، بەڵام سیستەم و پرۆسەكە لە ناوەڕۆكدا لە بنەماكانی بوونی ئۆپۆزیسیۆنێكی چاودێر و دەسەڵاتێكی بەرپرسیار دوور دەكەوێتەوە بۆ ئەوەی كە لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگدەران بەپێی ئەو كارنامەیە بڕیار بدەن و پاشان دەنگ بە حزبەكان بدەنەوە.
دەتوانین دروستبوونی قەیرانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی كوردستان كە كۆی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستانی لە هەستیارترین كاتدا تووشی بنبەستی سیاسی كرد و، هەروەها دروستبوونی كاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی كوردستان، هەڵقووڵاوی ئەم مۆدێلە بزانین. لە هەڵمەتی هەڵبژاردنیشدا بینیمان، كە هەم حزبەكانی دەسەڵات و هەم ئۆپۆزیسیۆن، بەرپرسیارێتیی كەموكورتییەكانیان هەڵنەگرت و دەیانخستە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر.
دووەم: پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینە
لەم سیناریۆ یاخود مۆدێلەدا، دەكرێت پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەن 45 كورسیی پەرلەمانییە، لەگەڵ حزب و لایەنەكانی كۆتای پێكهاتەكان و، هەروەها هاوپەیمانیی سەردەم و لیستی ئازادی كە هەر كامەیان خاوەن یەك كورسین، حكوومەتی زۆرینە پێك بێنێت. لێرەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە خاوەن 21 كورسیی پەرلەمانییە، لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كە خاوەن 12 كورسی و، نەوی نوێ كە خاوەن 8 كورسی و، كۆمەڵی ئیسلامی كە خاوەن 7 كورسی و، یەكگرتووی ئیسلامی كە خاوەن 5 كورسییە، دەكەونە دەرەوەی كابینەی حكوومەت. بەڵام ئەم لایەنانە دەبنە خاوەن 53 كورسیی پەرلەمانی كە ئەگەر لە حاڵەتێكدا لیستی سەردەم و لیستی ئازادی بێنە پاڵیان، لەگەڵ یەك كورسیی پێكهاتەكان، ئەو كاتە دووبارە 56 كورسی كە دەكاتە 50+1 پێك دێنن.
لەم سیناریۆیەدا، ئەو كاتە دووبارە پێكهێنانی حكوومەت دەكەوێتە ژێر هەڕهشەوە و براوەی هەڵبژاردن كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، ناتوانێت ئەمە قبووڵ بكات و لە ڕووی واقعی سیاسی و ئابووری و تەنانەت جوگرافی و ئەزموونی ڕابردووی كوردستان و تەنانەت كردەییشەوە ئەستەمە. بۆیە ئەم سیناریۆیە تووشی گرفتی جددی دەبێت لە هەر دوو ئەگەری خۆیدا، چونكە نە پارتی دەتوانێت بەپێی لۆژیكی زۆرینە و كەمینە بەبێ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەم كارە بكات و نە حزبەكانی دیكە بەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕووی واقعییەوە توانای ئەوەیان هەیە. لەوانەیە لە ڕووی یاسایی و تیۆرییەوە ئەمە بكرێت، بەڵام لە ڕووی ئەو واقعانەی ئەزموونی ڕابردوو و هاوسەنگیی سیاسی و تەنانەت ئابووری و سەبازیی ئێستای هەرێمی كوردستان، ئەگەری جێبەجێكردنی زۆر لاواز یاخود نزیكە لە سفر. لە ڕاستیدا ئەم واقعەی ئێستای كوردستان تا ماوەیەكی دیكەیش ئەوەمان پێ دەڵێت كە نە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و نە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گێڕانی ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن دروست نەكراون و، ئامادەیش نین ئەم ڕۆڵە ببینن و دەتوانن كۆی پرۆسەی سیاسی و تەنانەت ئەزموونی هەرێمی كوردستان بخەنە مەترسییەوە.
سێیەم: پێكهێنانی حكوومەتی هاوپەیمانیی یەكێتی و پارتی
ئەم سیناریۆیە دەتوانێت بەهاوبەشی و هاوپەیمانێتیی دوو لایەنی سەرەكی، واتە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێك بێت. لەم حاڵەتەدا 66 كورسیی پەرلەمانی، دەتوانێت هەموو هاوكێشە یاسایی و سیاسییەكان یەكلایی بكاتەوە. پاشان ئەم كابینەیە دەتوانێت دوو سیناریۆی لاوەكی لەخۆ بگرێت:
هەردوو سیناریۆی لاوەكی دەتوانێت بێتە ئاراوە، بەڵام سیناریۆی (ا) دەبێتە هۆی تێكچوونی هاوسەنگیی هێز لە زیانی پارتی دیموكراتی كوردستان؛ بەو پێیەی كە دووهێندە و زیاتری (24) كورسیی پەرلەمانی لە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان پتر هێناوەتەوە. لەم حاڵەتەیشدا پارتی لە ئاستی ناوخۆییدا دەنگەر و لایەنگرانی خۆی تووشی گرفت دەكاتەوە كە لەسەر حسابی دەنگەكانی ئەوان، پۆست دەبەخشێتەوە بەو حزبەی كە دەنگیان پێ نەداوە. لە سیناریۆی دووەمدا (ب)، جێبەجێكردنی لەسەر دانوستانی پارتی و یەكێتی و ڕازیبوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەوەستێتەوە، چونكە لە ڕاستیدا ئەم سیناریۆ لاوەكییە بۆ یەكەم جارە لە نێوان پارتی و یەكێتیدا تاقی دەكرێتەوە. لێرەوە پارتی زۆرترین پشكی لە وەزارەتەكان و، یەكێتی كەمتر و بەپێی ڕێژەی كورسییەكانی بەردەكەوێت، بەڵام ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن كە گرفتی سەرەكی ئەم سیناریۆیە ئەوەیە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كەمتر لە شەراكەت بەشێوازی ڕابردوو ڕازی نەبێت، چونكە پێداگریی یەكێتیی نیشتمانی لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار (بێجگە لە ڕازیكردنی بەرهەم ساڵح و ڕێكخستنەوەی ناوماڵی یەكێتی) بۆ گۆڕانكاری لە هاوسەنگیی هێز و قایمكردنی پێگەیان بوو لە عێراق بۆ ئەوەی پاشان لە هەرێمی كوردستان لەناو گۆڕەپانی سیاسی بەكاری بێنن. هەرچەندە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و پاشان پرۆسەی سەرۆككۆماریی بەڕێز "بەرهەم ساڵح"، تا ڕادەیەك پێگە و متمانە بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان لە لای پارتی لاواز و لەرزۆك كردووە.
كۆبەند:
هەرچەندە پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕووی تیۆرییهوه و بەپێی یاسا، لە لایەك دەتوانێت حكوومەتی زۆرینە و، لە لایەكی دیكەوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان یاخود لە ڕێگەی ڕازیكردنی یەكێك یان هەر دوو لە حزبە ئیسلامییەكان كابینەی هاوپەیمانێتی بەبێ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێك بێنێت، بەڵام واقعی دابەشبوونی هێز، بەتایبەتی لە ڕووی سەربازی و سیاسی و جوگرافییەوە ئەوەمان پێ دەڵێت، كە لەم قۆناغەیشدا پارتی بەبێ بەشداریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حكوومەت پێك ناهینێت. بەڵام ئەوەی كە جێگەی هەڵوەستە و سەرنجە ئەوەیە، كە پارتی دیموكراتی كوردستانیش بە هۆی ڕووداوەكانی ئەم دوایییەی پاش ڕیفراندۆم و، هەروەها 16ی ئۆكتۆبەر و پاشان سەرۆكایەتیی كۆمار لە بەغدا، متمانەی جارانی بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نەماوە. بەڵام ئەگەری ئەوە بەهێزە كە دوو سیناریۆی سەرهكی جێبەجێ بكرێت:
لە هەر دوو لەم سیناریۆیانەدا، ئەوەی كە گرنگە ئەوەیە كە پارتی و یەكێتی پێكهێنەری سەرەكی دەبن، بەڵام وێدەچێت كە ئەم جارە لایەنەكان بە هۆی بێمتمانەیییان بە یەكتری و، هەروەها ناڕەزایەتییەكانی حزبەكانی دیكە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئۆپۆزیسیۆنێكی بەهێز لە پەرلەمانی كوردستان بێتە ئاراوە. لە ڕاستیدا لانی كەم ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و، هەروەها واقع و ئەزموونی كابینەی ڕابردوو ئەوەی نیشان داوە، كە نە حزبەكانی دەسەڵات دەتوانن و ئامادەن كە ببنە ئۆپۆزیسیۆن و، نە ئۆپۆزیسیۆن ئامادەیە و دەتوانێت ڕۆڵی پارتی دەسەڵاتدار ببینێت. ئەمەیش ئەوەمان پێ دەڵێت كە جۆریك لە ناسەقامگیریی ڕێژەیی لە ئاستی پەرلەمانی و ڕای گشتی و میدیا و شەقام بەردەوام دەبێت، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ كابینەی ڕابردوو، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەهێزتر و جێگیرتر دەبێت. لە ڕوانگەیەكی دیكەوە، لە ئێستادا هەرێمی كوردستان پێویستی بە حكوومەتێكی بەهێز و ئۆپۆزیسیۆنێكی بەهێزیش هەیە. بەشداریی هەموو لایەنەكان دەتوانێت ئەم دۆخە بشێوێنێت و، لایەنەكانیش ڕازی نابن كە ئەزموونی كابینەی ڕابردوو دووبارە بكەنەوە.