لە بەسراوه‌ بۆ كۆیە

پەرویز ڕەحیم قادر/ مامۆستا لە كۆلێژی زانستە سیاسییەكان- زانكۆی سەڵاحەددین

پێشەكی:

بارگرژی و ڕووداوەكانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی لە بەسرا و سووتاندنی بارەگای حزب و لایەنە سیاسییەكانی نزیك لە ئێران لە لایەك و هێرشی مووشەكی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستان/ئێران لە هەرێمی كوردستان لە لایەكی ترەوە، ئەم پرسیارەی هێناوەتە ڕۆژەڤ كە: چ پەیوەندییەك لە نێوان ئەم ڕووداوانەدا هەیە؟ لە ڕوانگەیەكی ترەوە، ململانێكانی ئێران و ئەمریكا و سەپاندنی سزا و گوشارەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران بۆ سنوورداركردنی لە ناوچەكە و بەرزبوونەوەی جموجۆڵی ناڕەزایەتیی خەڵك و لایەنە دژبەرەكانی ئێران لە ناوخۆی ئەو وڵاتە بۆچی و چۆن كایگەریی لەسەر پێشهاتەكانی عێراق هەیە و بەپێچەوانەیشەوە؟ لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین پاڵنەر و هۆكار و پەیوەندیی ئەم ڕووداوانە و، هەروەها ئاسەوار و لێكەتەكانی ئەم گۆڕانكارییانە شرۆڤە بكەین و وه‌ڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە كە: چ پەیوەندییەك لە نێوان "بەسرا" كە كۆماری ئیسلامی پاشەكەشەی لێ دەكات و، "كۆیە"دا كە كۆماری ئیسلامی هێرشی  دەكاتە سەر، هەیە.

خستنەڕووی بابەت

بە درێژاییی سێ‌ ساڵی ڕابردوو شەقامەكانی بەغدای پایتەخت و هەندێك جاریش پارێزگه‌كانی تر، مەیدانی گردبوونەوەی ئەو هاووڵاتیانە بوون كە داوای حكوومەتێكی تەكنۆكرات و بنەبڕكردنی دیاردەی گەندەڵی و دادگه‌ییكردنی گەندەڵكارانیان دەكرد، بەڵام كەمیی خزمەتگوزاری و نەبوونی هەلی كار خۆپێشاندانەكانی فراوانتر كرد و سەقفی داواكارییەكان خۆپێشاندەرانیشی بەرز كردەوە، بەتایبەتی لە دوو مانگی ڕابردوو كە خۆپیشاندان زۆربەی پارێزگه‌كانی باشووری عێراقی گرتەوە. لە 15 مەیدانی نەوتیی بەسرا، 60% زیاتری نەوتی هەموو عێراق لە پارێزگه‌ی بەسرا بەرهەم دەهێنرێت؛ هەروەها تاكە دەروازەی عێراق و جموجۆڵ و چالاكییە بازرگانییەكانی عێراقیشە لەسەر دەریا.  

لە ڕۆژی 9-7-2018ەوە خۆپێشاندان دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، ئاو و کارەبا لە بەسرا بەڕێوە چوو و دواتر لە ڕۆژی 4-9-2018ەوە جارێکی دیکە خۆپیشاندانەکان دەستی پێ كردەوە. گیانلەدەستدانی لانی کەم شەش کەس لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی سێشەممە 4-9-2018، وای کرد داواکاریی خۆپیشاندەران تەنیا لە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان نەمێنێتەوە  شەوی 5-9-2018، خۆپیشاندەران شارەوانیی بەسرا و، بەشی زۆری باڵەخانەکەیان سووتاند. ئەمەیش تەنیا ڕۆژێک دوای ئەوەی خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی پارێزگه‌ی شارەکە و بەشی زۆری ئەویشیان سووتاند.

هەروەها پێنجشەممە 6-9-2018، خۆپیشاندەران بارەگای حزبەکانی بەدر، دەعوە، ڕەوتی حیکمە، عەسائیبی ئەهلی حەق، کەتائیبی سەییدولشوهەدا، ئەنساروڵڵا، سەرایا خوراسانی، کەتائیبی ئیمام عەلی، ئۆفیسی فالح خەزعەلی  و باڵەخانەی ئەنجومەنی پارێزگه‌ی شارەکەیان سووتاند. دواتر لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە نووسینگەی تەلەڤزیۆنی "ئه‌لعێراقییە"، کەناڵی فەرمیی دەوڵەت و، "فورات"، "غەدیر" و "نەخیل" سووتێندرا. لە ڕێكەوتی 7-9-2018 پاش چەندین ڕۆژ خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە هەمبەر دەستێوەردانەكانی ئێران لە عێراق و نەبوونی خزمەتگوزاری و دژایەتیی گەندەڵیی بەرپرسانی حكوومەت، خۆپیشاندەران بە درووشمی "ئێران بۆ دەرەوە، بەسرا ئازادە" هەڵیانکوتایە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە بەسرا و سووتاندیان.

کاتژمێر ١٠:٤٥ی ڕۆژی شەممە ٨ی سێپتەمبه‌ری 2018 بنکەی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستان، لە كاتێكدا پلینیۆمی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حزبەی لێ بەڕێوە دەچوو، کەوتە بەر پەلاماری هەوایی و مووشەکیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. به‌ هۆی هێرشه‌كه‌وه‌ 17 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا و زیاتر لە 40 كه‌سیش بریندار بوون؛ له‌و 17 كه‌سه‌ 5یان ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حدك و، 10 كه‌سیان پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و حزبه‌ و دوو كه‌سەکەی دیکەیش  پێشمه‌رگه‌ی حدكا بوون.

پاشان سوپای پاسداران دەربارەی هێرشەکەی سەر بارەگای حدک و حدکا ڕای دەگەیه‌نێت، كە لە هێرشەکەدا 7 مووشەکی زەمین بە زەمینی مەوداکورت بەکار ‌هێندراوە و ئۆپەراسیۆنەکە بەسەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە. سوپای پاسداران هەروەها هۆشداریی دەداتە گرووپە چەکدارەکانی دژی ئێران، ئەگەر چالاکییەکانیان دووبارە بکەنەوە، وەڵامێکی توندیان بۆیان دەبێت. لە درێژەیشدا دەڵێت: "لە دوای کردەوە شەیتانییەکانی ئەم دوایییانەی گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئیستیكباری جیهانی (ئەمریکا و هاوپەیمانانی) لە هەرێمی کوردستانەوە دژ بە ناوچە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە بە ناردنی تیمە تیرۆریستییەکان، دەیانویست بە دروستکردنی نائەمنی و کردەوەی تێکدەرانە، ئەمنییەت و ئارامیی خەڵکی پارێزگه‌کانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کوردستان و کرماشان تێک بدەن، بە هۆشیاری و ئامادەییی هێزی وشکانیی سوپای پاسداران لە ئۆپەراسیۆنەکانی چەند هەفتەی ڕابردوو لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان و کامیاران گورزی کوشندەیان لێ درابوو، بەرەوڕووبوونەوە و تەمێکردنی دەستدرێژیکاران، خرایە بەرنامەی سوپای پاسداران."

لەسەر ئەو ڕووداوە، "ئەحمەد مەحجووب"، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند کە حکوومەتی عێراق دژی هەر جۆرە پێشێلکارییەکی سەروەریی خاکی عێراقە و ئەو هێرشە مووشەكییه‌ی ئێران ڕەت دەکەینەوە، چونکە خەڵکی سڤیلی کردووەتە ئامانج و چەندین کەس کوژراون و بریندار بوون.

لە لایەكی تریشەوە، لە چاوپێکەوتنێکدا له‌گه‌ڵ كەناڵی "ڕووسیا ئەلیوم"، حوسێن دەهقان، ڕاوێژکاری ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕای ده‌گه‌یه‌نێت: "بۆردومانکردنی بارەگاکانی هه‌ر دوو حزبی دیموکرات بە سەرپێچی نازانن بۆ سەر خاکی عێراق و، ئاشكرایشی كرد كه‌ ئه‌وان ترسیان له‌وه‌ نییه‌ كە حكوومه‌تی عێراقی له‌و كاره‌یان تووڕه‌ بێت، چونكه‌ ئەو حزبە کوردییانە هیچ پەیوەندییه‌کیان بە گەلی عێراقەوە نییە". سه‌باره‌ت به‌ سووتاندنی كونسۆڵخانه‌ی ئێران له‌ به‌سره‌، ده‌هقان گوتی: "خۆپیشانده‌ران فه‌رمانگه‌ حكوومییه‌كانی عێراقیشیان سووتاندووه‌. له‌ كاتێكدا خه‌ڵكی به‌سره‌ سه‌ر به‌ مه‌زهه‌بی شیعه‌ن و ئینتیمایان بۆ ئایینه‌كه‌یان هه‌یه‌، ڕیاز ویستوویه‌تی ئه‌مه‌ بكات به‌ په‌یامێك بۆ ئه‌وه‌ی گوایا خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ له ‌دژی ئێران هاتووه‌ته‌ ده‌نگ. با من ڕوونتر بۆتی باس بكه‌م، سعوودیا ده‌یه‌وێت بڵێت، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تێكی عێراقیتان ده‌وێت كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ نزیك بێت، ئه‌وا ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت كه‌ له‌ به‌سرا‌ هه‌یه‌".

هەر لەم بارەیەوە لە ڕێكەوتی 9-9-2018 ڕۆژنامەی "ئورشەلیم پۆست"ی ئیسڕائیلی بابەتێکی بە قەڵەمی Seth J. Frantzman لەژێر ناونیشانی هێرشی ئێران بۆ سەر كوردەكان، پەیامێكە بۆ ڕیاز، واشنتۆن و ئۆرشەلیم دەربارەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی هەر دوو حزبی دیموکرات لە کۆیە بڵاو کردوەتەوە و دەڵێت: "لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا گرووپەکانی سەر بە ئێران سوودیان لە توانای مووشەكی و ڕاوێژکارانی تەکنیکیی ئێرانی وەرگرتووە و لە یەمەنەوە بۆردوومانی سعوودیا و، لە سووریاوە بۆردومانی ئیسڕائیلیان کردووه‌. ئەو هێرشەی بە ڕۆژی ڕووناک سوپای پاسدارانیش بۆ سەر بارەگاکانی هەر دوو حزبی دیموکرات لە کۆیە ئەنجامی دا، پەیامێکە لە تارانەوە بۆ ناوچەکە، کە دەتوانێت هەر کارێک بکات مەبەستی بێت؛ نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکوو لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆیە سوپای پاسدارانی ئێران بڕیاری دا، مووشەکەکانی بەو جۆرە تاقی بکاتەوە کە گرووپە کوردە بێدیفاعه‌کان لە هەرێمی کوردستان بکاتە ئامانج."

هۆكار و پاڵنەرەكان

یەكەم: ڕووداوی بەسرا

  • نەبوونی خزمەتگوزارییەكان و ڕێژەی بەرزی بێكاریی گەنجان و پشتگوێخستنی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە و جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانی حكوومەت و بەگشتی كەڵەكەبوونی كێشە و گرفتەكانی ئەم شارە، بەتایبەتی پاش ساڵی 2003.
  • دەستێوەردانەكانی ئێران لە عێراق بەگشتی و لەم شارە بەتایبەتی پاش ساڵی 2003.
  • هەستكردنی خەڵك بە تاڵانی ئەم شارە لە لایەن ئێران و بەغداوە، لە كاتێكدا زۆرترین ڕێژەی داهاتی عێراق، لە فرۆشتنی نەوتی كێلگە و مەیدانە نەوتییەكانی ئەم شارە بەدەست دێت. لە بەرامبەردا كەمترین ڕێژەی خزمەتگوزاریی سەرەتایی وەكوو ئاوی خواردنەوە و كارەبا و تەندروستی و...، بۆ ئەم شارە دابین كراوە.
  • پشتگوێخستنی داواكارییەكانی جەماوەری ئەم شارە، بەتایبەتی لە ساڵی 2008ەوە كە داوای دروستكردنی هەرێمیكی هاوشێوەی هەرێمی كوردستان دەكەن، لە كاتێكدا لە ڕووی دەستوورییەوە ئەم كارە ڕێگەپێدراوە.
  • ڕۆڵی ململانێ و هەوڵەكانی بۆ هێژموونیی مەرجەعییەت لە ئێران (قوم) و عێراق (كەربەلا و نەجەف)، كە وا دەكات خەڵكی شیعەی شارەكە لە بەرامبەر مەرجەعییەتی شیعی، "ئایەتۆڵڵا خامنەیی"دا بوەستنەوە.
  • شكست و كۆتاییهاتنی ڕیكخراوی تیرۆریستیی داعش لە ڕووی سەربازی و هەرێمییەوە و بەم پێیە هەڕەشە و مەترسییە ئاسایشییەكان بۆ سەر شیعەكان، كە وای كردبوو داواكارییەكان وەپاش بخرێت و نەخرینە ڕوو.
  • ڕووداوەكانی ئەم دوایییەی ئێران و ناڕەزایەتیی خەڵكی ئێران لە هەمبەر سیاسەت و خودی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی لە ناوچە شیعەكان كە بەپێچەوانەی بانگەشە و پرۆپاگەنده‌ی ڕابردووی دەسەڵاتدارێتیی ئێرانییەكان، دەربڕی ناكارامەیی و ستەمی حكوومەتی ئێرانە.
  • ناڕەزایەتیی خەڵكی ئێران لە ستراتیژی و سیاسەتەكانی ڕژێمی ئێران لە عێراق و تێچووی ئەم سیاسەتە، بەتایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە؛ لە كاتێكدا خەڵكی ئێران لەم ڕوووە لە بارودۆخێكی زۆر سەخت و نالەباردا گوزەران دەكەن.
  • دروستبوونی بێزاریی خەڵكی ئێران لە خەڵكی عێراق بە چەندین هۆكار، كە گرنگرینیان بەراوردی دۆخی نالەباری ئابووریی هاووڵاتیانی ئاساییی ئێران لە لایەك و، پاشان گەشتی گەشتیارانی مەزهەبیی عەرەبی عێراق بۆ شارە ئایینیەكانی ئێرانی وەكوو مەشهەد، كە ئاشكرا بووە بە تێچوویەكی كەم ئەم دۆخە دەقۆزنەوە و بۆ "كڕینی سێكس" بەكاری دێنن.
  • دەستێوەردانەكانی ئێران لە هەڵبژاردن و پاشان پێكهێنانی حكوومەتی عێراق، بەو پێیەی هاووڵاتیانی عێراق لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا ئەو لایەنانەیان سزا دابوو كە لە ئێرانه‌وه‌ نزیك بوون؛ بەڵام ئێران بە هەموو شێوەیەك ڕێگریی كردووە لەوەی كە لایەنەكانی كە دەنگی زۆرینەیان هێناوەتەوە، بتوانن حكوومەت پێك بێنن. ئەمەیش وا دەكات كە بەرژەوەندی و ستراتیژیی ئێران بچەسپێت، نەك ئیرادە و ویست و دەنگی هاووڵاتیانی عێراق. لە ڕوانگەیەكی ترەوە، پاڵپشتیی ئێران لە مانەوەی ئەو لایەن و كەسانەی كە بە بڕوای هاووڵاتیانی بەسرا گەندەڵ و شكستخواردوون و پێوستە لەسەركار لا بدرێن، وای كردووە كە كۆماری ئیسلامی بكەوێتە بەر ڕق و تووڕەییی هاووڵاتیانی ئاسایی.
  • ململانێكانی نێو خودی حزب و لایەنە شیعەكانی عێراق، ڕێگەی خۆش كردووە بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان و هەوڵی هەر لایەنێكیان بۆ ئەوەی كە ئەم ناڕەزایەتییانە بكەنە كارتێكی گوشار و بەهێز لە هەمبەر لایەنی بەرامبەر؛ بەم واتایە كە لە بنبەستی پێكهێنانی حكوومەت، ئەوە پەنایان بردووە بۆ وەرگرتنی ڕەوایەتی و، هەروەها گۆڕینی باڵانسی هێز لە شەقام.

دووەم: ڕووداوی كۆیە

  • بەرزبوونەوەی ئاستی چالاكیی خودی حزبە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەم چەند ساڵەی دواییدا.
  • بەرزبوونەوەی مانگرتن و خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی و تەنانەت هەستی شۆڕشگێری لە دژی كۆماری ئیسلامی لە ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەتی.
  • بەرزكردنەوەی ئاست و ڕێژەی تێچووی مرۆییی چالاكی دژی كۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی چالاكیی سەربازیی حزبه‌ سیاسییەكان و دروستكردنی دڕدۆنگی و ناڕەزایەتی لە خودی ئەم حزبانەدا.
  • ناردنی پەیامێك بۆ ناوخۆی ئێران، كە كۆماری ئیسلامی جددییە لە بەرامبەر هەر هەڕەشە و مەترسییەكی دەرەكی، بە ڕەچاوكردنی ئەوەی كە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین چالاكیی سەربازی لە دژی كۆماری ئیسلامی لە ناوخۆی خاكی ئێراندا كراوە كە دەسەڵات و هێزی كۆماری ئیسلامی بەگشتی و سوپای پاسدارانی بەتایبەتی بردۆتە ژێر پرسیارەوە.
  • ئەم هێرشە لە كاتێكدا ڕووی دا كە كۆماری ئیسلامی لەژێر گوشاری ناخۆیی و دەرەكیدا بوو لەمەڕ ئەگەری لەسێدارەدانی سێ بەندكراوی سیاسیی كورد (لوقمان و زانیار مرادی و، ڕامین حۆسین پەناهی)؛ بۆیە ئەگەری ئەوە هەبوو بە لەسێدارەدانی ئەم سێ زیندانییە سیاسییە كوردە، ئەوە كوردستان و شوێنەكانی دیكەی ئێرانیش تووشی مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەرفراوانی جەماوەری ببێتەوە. بەڵام بەم هێرشە، لە لایەك ئاراستەی ڕای گشتی و سەرنجەكانی بۆ ئەم هێرشە گۆڕی و، لە لایەكی دیكەیشەوە هەر ناڕەزایەتییەك لە ناوخۆی ئێران، بەم كارە دەتوانێت ببەستێتەوە بە هێرشه‌ مووشەكییەكەی و بەئامانجكردنی بنكەكانی حزبی دیموكراتی كوردستان/ئێران كە بە هۆی پرۆپاگەنده‌ی ئەو ڕژێمەوه‌، بە هێزی بەكرێگیراوی ئەمریكا و ئیسڕائیل و سعوودیا و گرووپی تیرۆریستی و جیاخواز كە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئێران دەدەن، دەیانناسێنێت. بۆیە بەم كارە هەوڵی سەركوتكردنی هەر ناڕەزایەتییەكی كوردەكان و پاشان لێكدابڕانی ناڕەزایەتیی ناوچەكانی دیكەی ئێران لە كوردستان دەدات.
  • هەناردەكردنی كێشە و گرفتە ناوخۆیییه‌كانی كۆماری ئیسلامی كە لە ئەنجامی گوشار و سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران دروست بووە و، بەم پێیەیش بەلاڕێبردنی ناڕەزایەتییەكان و ئاراستەی ڕای گشتیی ئێران لە هەمبەر كێشە و گرفتەكان.
  • بەم هێرشە مووشەكییە، كۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران پاساو بۆ چالاكییە پڕتێچووه‌كان دەربارەی چالاكیی ئەتۆمی و مووشەكی لە ڕووی ماددی و سیاسی دەهێننەوە، كە بۆتە جێگەی ناڕەزایەتیی خەڵكی ئاسایی لە بارودۆخی دژواری ئابووری و سیاسی و سەپاندنی سزا و ئابڵووقە بە هۆی ئەو جۆرە چالاكییانە.
  • ناردنی پەیامێكی ئاشكرا و ڕوون بەم هێرشە مووشەكییە بۆ ئیسڕائیل و ئەمریكا و سعوودیا، كە لە ئەگەری هەر هێرشێك بۆ سەر كۆماری ئیسلامی، ئەوە سوپای پاسداران توانای ئەوەی هەیە كە لە هەر شوێنێك لە دەرەوەی سنوورەكانی، بەرژەوەندی و بنكەكانیان بكاتە ئامانج. بەم واتایە كە ناتوانن ئێران لە ناوچەكەدا سنووردار بكەن یاخود هێرشی بكەنە سەر. بۆیە باشترین ئامانج حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوو، كە توانای بەرپەرچدانەوەی خێرا و، هەروەها چەك و تەكنەلۆژیی پێشكەوتووی پێویستیان وەكوو ئەكتەرەكانی دیكە لەم بوارەدا نییە.
  • هەوڵدان بۆ دروستكردنی ڕای گشتی لە دژی حزبه‌كانی ڕۆژهەڵات لە ڕێگەی خوڵقاندنی نائاسایشی لە هەرێمی كوردستان و، بەم پێیە ڕێگەگرتن لە چالاكیی ئەم حزبه‌ سیاسییانە لە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و تەنانەت عێراقەوە. بۆیە باشترین كار لە ڕوانگەی كۆماری ئیسلامییەوە، مووشەكبارانكردن و بەزاندنی سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستانە.
  • هەناردنی پەیامێك بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لە لایەك چالاكییەكانی ئەم حزبه‌ ڕۆژهەڵاتیانە سنووردار بكەن و، لە لایەكی تریشەوە جددیبوونی ئێران دەربخات لە هەر ئەگەرێك كە بەرژەوەندی و ئاسایشی بخاتە مەترسییەوە.
  • ئەم هێرشە پەیامێكی سەربازی-ئاسایشییە بۆ حزبه‌كانی باشووری كوردستان كە لە بەغدا ناتوانن بچنە بەرەی ئەمریكا و سعوودیاوە و، پێویستە ملكەچی داواكاریی ئێران و لایەنگرانی لە بەغدا بن.
  • هەروەها ئەم هێرشە مووشەكییە، هەڵگری ئەو پەیامەیە كە لە ئەگەری بەرزبوونەوەی بارگرژی و گوشاری ئەمریكا بۆ سەر ئێران، ئەوە هەرێمی كوردستان ناتوانێت ببێتە بەشێك لە ستراتیژی و ئەجێندای ئەمریكا بۆ گوشار و ئابڵووقەی سەر ئێران و تەنانەت هێرشی سەربازی بۆ سەر ئەم وڵاتە. بێجگە لەمەیش ئەم هێرشە ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە لە ئەگەری لاوازبوونی عێراق، ئەوە كوردەكان ناتوانن جارێكی دیكە بەره‌و زیندووكردنەوەی پرسی ڕیفراندۆم و بەم پێیەیش سەربەخۆیی بڕۆن و عێراق دابەش بكەن.
  • ئەم هێرشە، كاردانەوەیەكیشە دەرباره‌ی هێرشەكانی بەردەوامی ئیسڕائیل لە سووریا بۆ سەر بنكەكانی هەواڵگری و سەربازی و مووشەكیی كۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە. بە ڕەچاوكردنی ئەوەی كە لە ماوەی لانی كەم دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 200 هێرش لە لایەن ئیسڕائیلەوە بۆ سەر پێگەكانی سوپای پاسداران و هێزەكانی هاوپەیمانی لە سووریا ئەنجام دراوە و، سوپای پاسدارانیش یان بێدەنگ بووە یاخود نەیتوانیوە ئەو هەموو زیانە قەرەبوو بكاتەوە و هێرشی هاوشێوە ئەنجام بدات. بۆیە لە لایەك كۆماری ئیسلامی لە ئاستی ڕای گشتیدا هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە بەكرێگیراوی ئیسڕائیل و سعوودیا دەزانێت و، لە لایەكی دیكەیشەوە لە ئاستی ناوخۆی ئێراندا پێویستی بەم هێرشە هەبوو كە قەرەبووی ئەو بێدەنگی و بێتوانایییەی لە سووریا بكاتەوە كە زیاتر لە 200 جار كەتۆتە بەر هێرشی ئاسمانی و مووشەكیی هێزەكانی ئیسڕائیل، كە ئەمەیش ببووە هۆی ئەوەی كە سوپای پاسداران بە لاواز نیشان بدرێت.
  • ئەم هێرشە، كاردانەوەیەك بوو لە هەمبەر ڕووداوەكای سووتاندنی كونسوڵخانەی ئێران لە بەسرا بۆ ڕای گشتیی عێراق و لایەنە عێراقییەكانی ناڕازی له‌ دەستێوەردانی عێراق، كە لە ئەگەری كەوتنەمەترسیی بەرژەوەندییەكانی ئێراندا ئەوە كۆماری ئیسلامی دەتوانێت بیانكاتە ئامانج و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بشێوێنێت.
  • كۆبوونەوەی لووتكەی سێ وڵاتی ئێران و توركیا و ڕووسیا لە ڕێكەوتی 7-9-2018 لە تاران لەسەر پرسی سووریا و بەتایبەتی "ئیدڵب"، هەرچەندە ئاكامێكی ئەوتۆی نەبوو، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە كە بە دانوستاندن، هەرچەندە كاتییش بێت، لەسەر هاوكێشەكانی سووریا و ڕۆڵی ئێران و توركیا، ئەو سیناریۆیە بەهێز دەكات كە ئەم هێرشە ئامادەكاریی بۆ كراوە بۆ ئەوەی هێزە سەربازییەكانی توركیا و ئێران لە سنووری ئێران و عێراق و توركیا بگەنە یەكتری و ڕێگە لە پەكەكە و حزبه‌كانی ڕۆژهەڵات بگرن و هێزەكانی خۆیانی بە هەماهەنگی تیایدا جێگیر بكەن. ئەمەیش لە پای ئەوەی كە ئێران و عێراق لە هەر هێرشێكی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی ژێردەستی پەكەكە بێدەنگ بن، یاخود ناڕەزایەتییەكی ڕواڵەتی دەرببڕن. لە بەرامبەریشدا ئێران و توركیا، لە سووریا بەرژەوەندی و نفووزی یەكتری بپارێزن.

كۆبەند:

ڕووداوەكانی بەسرا و سووتاندنی كونسوڵگەریی ئێران وەكوو سەرەتای پچڕاندنی هێڵی شیعی بۆ سووریا و لوبنان و، هەروەها كەمكردنەوەی نفووزی كۆماری ئیسلامی و بەرزبوونەوەی هێزەكانی نەیاری، بەتایبەتی ئەمریكا و سعوودیا بۆ ئێران دەبیندرێت. بۆیە كۆماری ئیسلامی هەوڵی دا، كە لەم دەرفەتە كەڵك وەربگرێت و بە هێرشێكی سەربازی بۆ ئامانجێكی سادە و ساكاری كەمتێچوو لە ڕووی سەربازییەوە لە نێوان ئەو هەموو دەوڵەت و ئەكتەرە  دژبەر و دوژمنەدا، بنكە و بارەگای حزبه‌كانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی لە كۆیە هەڵبژارد و كردیە ئامانجی خۆی.

ڕووداوی بەسرا قووڵاییی ستراتیژیی كۆماری ئیسلامیی خستە مەترسییەوە و، بەم پێیەیش لە ڕووی ئاسایشی نەتەوەییی پێناسەكراوی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەكەدا، ببووە هۆی دڵەڕاوكێی ئاسایشی بۆ ئەم دەوڵەتە. بۆیە هێرشی مووشەكی بۆ سەر كۆیە، وه‌ڵامێك بوو بۆ گرێنتیكردنەوەی ئەم هێڵ و قووڵایییە ستراتیژییە. لە هەمان كاتیشدا لە هەر سێ ئاستی ناوخۆییی ئێران و ئاستی هەرێمی و سەروو-هەرێمی، پەیامێكی ئاشكرای بۆ ئەكتەرەكانی نەیار هەناردە كرد. دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانەیش، لەسەر ئاست و جۆری كاردانەوەی ئەكتەرەكانی ئاماژەپێكراو و گوشار و ئاڵوگۆڕەكانی داهاتوو ڕادەوەستێتەوە. بۆیە پێشبینی دەكرێت ئێران لەم جۆرە هێرشانە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات كە هەڕەشە و مەترسییە ئاسایشییەكان كە تاوەكوو ئێستا لە قووڵاییی ستراتیژیی كۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی دەبووەوە، لەگەڵ ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەكانی ئێران لەژێر گوشار و ئابڵووقەی ئەمریكا، پێكەوە گرێ بدرێن. كۆماری ئیسلامی ئەو ڕاستییە دەزانێت كە پاشەكشە لە قووڵاییی ستراتیژیی خۆی لە لوبنان و سووریا و عێراق و پاشان لە هەرێمی كوردستان، بە واتای سەرەتای ڕووخانی ئەم سیستەمە سیاسییە بە هۆی كارلێكی لەگەڵ ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەكانی دێت.

بۆیەیشە ئەگەر لایەنەكان و ئەكتەرەكان كاردانەوەی گونجاویان نەبێت، ئەوە بە هۆی ئەم هێرشەوه‌ پێگەی ئێران و هاوپەیمانە ناوچەیییەكانی لە هاوكێشە جیۆسیاسییەكاندا جارێكی دیكە بەرز دەبێتەوە. لە هەمان كاتیشدا دەتوانێت كێشە و نائاسایشییە ناوخۆیییەكانی هەناردەی دەرەوە بكاتەوە. حزبه‌كانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش بە هۆی ناهاوسەنگیی هێز و، هەروەها ستراتیژیی ئێستا و هەڵكەوتەی شوێن و پێگەیان باشترین ئامانجن.

Latest from پەرویز ڕەحیم

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples