پەرویز ڕەحیم قادر/ مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین
پێشەكی
لە ڕۆژی 8-4-2019 دۆناڵد ترامپ، سەرۆككۆماری ئەمریكا، لە بڕیارێكی بێوێنەدا بەفەرمی پلانی ئیدارەکەی بۆ ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێرانی وەكوو "ڕێكخراوێكی تیرۆریستی" ڕاگەیاند و سوپای پاسدارانی خستە ناو لیستی ڕێكخراوه تیرۆریستییهكانی بیانی، بهتایبهت "فهیلهقی قودس"ی سهر بهو سوپایه؛ ئهمهیش بهگوێرهی ماددهی 219 له یاسای كۆچ و هاووڵاتیبوون. هەروەها ترامپ ڕای گەیاند كە ئەم هەنگاوە كە پێشتر هاوشێوەی نەبووە، لە لایەن وەزارەتی دەرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە ئەم كارەی ئەمریكا ئەوە دەخاتە ڕوو، کە ئێران بەتەنیا دەوڵەتی پشتیوان لە تیرۆر نییە، بەڵکوو سوپای پاسدارانیش چالاکانە بەشداری لە پشتیوانیکردنی دارایی و بەرەوپێشبردنی تیرۆریزم دەکات. هەروەها ترامپ ئاماژەی بەوە داوە كە ئەم كارە دەربڕی ئاست و بەرفراوانیی گوشارەكانی بێوێنەی ئەمریكایە بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران. لە لایەكی تریشەوە ترامپ پێداگریی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەمە بەو واتایەیە لەمە بەدواوە هەر دامەزراوە و كۆمپانیایەك لە جیهان لەگەڵ سوپای پاسداران ئاڵوگۆڕی بازرگانی یاخود هەر پەیوەندییەكی هەبێت، ئەوە بەشداریی لە دابینكردنی دارایی بۆ تیرۆریزم كردووە.
بڕیاریش وایە كە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا (لە 15-4-2019) وردەكارییەكانی چۆنێتیی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە و ئابڵووقە و سزاكانی سەر سوپای پاسداران ڕابگەیەندرێت و بكەوێتە چوارچێوەی لیستی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی وەزارەتی دەرهوەی ئەمریكا. هەروەها پاش ئەم بڕیارەی ترامپ، مایك پۆمپیۆ لە پرێس كۆنفرانسیكدا ڕای گەیاند، ئەندامانی سوپا شۆڕشگێڕ نین، بەڵكوو چەتەن؛ بەرپرسگەلێكی گەندەڵن كە كەڵكی خراپ لە بەرپرسیارێتییان وەردەگرن. هەروەها "برایان هووك" بەرپرسی دۆسیەی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕای گەیاند كە ئەم بڕیارەی ئەمریكا، سەركوتی ئێران لە هەمبەر هاووڵاتیانیدا كەمتر دەكاتەوە. جێگەی ئاماژەیە كە بە بڕوای دۆناڵد ترامپ ئەوە یەكەم هەنگاوی لەم چەشنەیە كە ئەمریكا هەڵی گرتبیت بۆ ئەوەی بهشێك له حكوومهتی وڵاتێك وهك ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی بیانی بناسێنێت.
لە كاردانەوەیشدا "موحەممهدجەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی، بەپێی "یاسای بەرەنگاربوونەوەی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و كردەوە مەترسیدار و تیرۆریستییەكانی ئەمریكا" كە پێشووتر لە "ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی" پەسەند كراوە، داوای لە سەرۆككۆمار وەكوو سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی كردووە كە هێزە ئەمریكییەكان بە تیرۆریست بناسرێن. لەم پەیوەندییەیشدا "ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی"ی كۆماری ئیسلامی ڕای گەیاند، كە ئەمریكای وەكوو "دەوڵەتی پشتیوانی تیرۆریزم" و، فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریكا لە ڕۆژاوای ئاسیا ناسراو بە "سێنتكام" و هەموو هێزە پەیوەندیدارەكانی، بە تیرۆریست دهناسێنێت. هەروەها "زەریف" لە تویتێكدا ڕای گەیاند كە ئەم كارەی ئەمریكا دیارییەكی هەڵبژاردنە بۆ نهتانیاهۆ و، هەروەها بە هەڵەیەكی مەترسیدار لە ناوچەكە ناو برد. لە بەرامبەریشدا یەكەمین كاردانەوەی نێودەوڵەتی لە پاش پێشوازیی دەوڵەتی بەحرێن لەم بڕیارە، لە لایەن بنیامین نەتانیاهۆ بوو كە لە تویتیكدا ڕای گەیاند: سوپاسی بڕیارەکەی ئێوە (ترامپ) دەکەم بۆ دانانی سوپای پاسداران لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکان.
كۆماری ئیسلامی لەنێو دوو لیستی جیاوازی تیرۆری ئەمریكا
ئەمریكا بە شێوەیەكی گشتی بۆ پۆلینكردنی دامەزراوە و تاكەكانی پەیوەندیدار یاخود تێوەگلاو لەگەڵ تیرۆری جیهانی، دوو لیستی جیاوازی هەیە:
یەكەم: لیستی بڕیاری جێبەجێكاری سەرۆكایەتیی كۆمار (executive order)، كە تایبەتە بەو تاك و دامەزراوانە كە لە ڕوانگەی ئەمریكاوە پەیوەستن بە تیرۆریزمی جیهانییەوە و لە ڕێگەی دارایی و ڕاهینان یاخود دابینكردنی كەلوپەل و هاوكاریی لۆجێستیكی بۆ تیرۆریستان پاڵپشتی و پشتیوانی لە تیرۆر دەكەن.
دووەم: لیستی دامەزراوە یاخود ڕێكخراوە تیرۆریستییە بیانییەكان (Foreign Terrorist Organization): ئەم پۆلینكردن و لیستە بەپێی یاسای كۆچ و هاووڵاتیبوون، لە لایەن وەزارەتی دەرەوە سەرپەرشتی دەكرێت.
گرنگیی ئەم پۆلینكردنەی دواییش ئەوەیە كە ئەم لیستە ئەو دامەزراوە و لایەنانە دەگرێتەوە كە ڕاستەوخۆ چالاكیی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، بۆ نموونە: ئەلقاعیدە و داعش و حزبوڵڵای لوبنان و جیهادی ئیسلامی و بوكۆحەرام و هتد.
بەڵگە و پاساوەكانی ئەمریكا لە بەتیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی وەكوو "ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی بیانی"
بە شێوەیەكی گشتی دەستنیشانكردنی ڕێكخراو و دامەزراوەیەك وەكوو ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی بیانی، بنەمای یاساییی هەیە و لە لایەن ئیدارەی ئەمریكاوە ئەنجام دەدرێت. ئەم دەستنیشانكردنەیش ئەو ماف و مۆڵەتە دەداتە ئیدارەی ئەمریكا كە لە دژی ئەو ڕێكخراوە دەستنیشانكراوە چەندین سزا دیاری بكات، بۆ نموونە: سەپاندنی ئابڵووقەی دارایی، سنووردانان و پێنەدانی ڤیزەی ئەمریكا، دەستبەسەرداگرتن و بلۆككردنی دارایییەكانی ئەو ڕێكخراوە، دەركردنی بڕیاری دەستبەسەركردنی یاسایی بۆ لایەنگرانی ئەو ڕێكخراوە و هتد. بۆ ئەم مەبەستەیش پێویستە ئەو ڕێكخراوە كە وەكوو "ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی بیانی" ناسراوە، سێ مەرجی سەرەكیی هەبێت:
یەكەم: بنكەی سەرەكیی ئەو ڕێكخراوە، لە دەرەوەی ئەمریكا بێت.
دووەم: چالاكانە لە كردەوە تیرۆریستییەكاندا بەشدار بێت.
سێیەم: ئەو كردەوە تیرۆریستییانە مەترسی و هەڕەشە بن بۆ بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا.
ئەوەی تێبینی دەكرێت ئەوەیە كە لە لایەك بە هۆی سیاسەت و ڕەفتارەكانی ئێستا و ڕابردووی كۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەتی سوپای پاسداران لە ناوچەكە و تەنانەت لە وڵاتانی ئەوروپی و لە لایەكی ترەوە پاساو و بەڵگەكانی ئەمریكا، سوپای پاسداران هەر سێ مەرجی تێدایە بۆ پۆلینكردن لە چوارچێوەی لیستی "ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی بیانی". جێگەی ئاماژەیە كە ئەو پۆلینكردنە و لیستەی ڕێكخراوە تیرۆریستییە بیانییەكان كە لەژێر كۆنترۆڵی وەزارەتی دەرەوەدایە، تاوەكوو ئێستا (67) ڕێكخراوی تیرۆریستی لەخۆ دەگرێت. هەر بۆیە لە ڕاگەیەندراوەكەدا باس لە بەرپرسیارێتیی كوژرانی لانی كەم (603) سەربازی ئەمریكای لە نێوان ساڵانی 2003 تا 2001 لە عێراق لە لایەن ئێرانەوە كراوە، كە دەكاتە (%17) لە كۆی كوژراوانی ئەمریكا لە عێراق تاكوو پێش دەرچوونیان لە عێراق لە ساڵی 2011. هەروەها بۆ سەلماندنی تیرۆریستبوونی سوپای پاسداران، ئەمریكا ڕای گەندووە كە "فەیلەقی قودس"ی سەر بە سوپای پاسداران لەم ساڵانەی دواییدا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان وەكوو: توركیا، ئەڵمانیا، بۆسنیا، بۆلگاریا، كینیا و بەحرین، پلان و كردەوەی تیرۆریستیی هەبووە. بێجگە لەمەیش سوپای پاسداران پلانی هێرشی تیرۆریستیی بۆ سەر باڵیۆزی سعوودیا لە ئەمریكا هەبووە كە پووچەڵ كراوەتەوە. هەروەها دادگهیەكی فیدراڵ لە ئەمریكا لە ساڵی 2018دا ئێران و سوپای پاسدارانی لە پەیوەندی لەگەڵ دانانی بۆمب و تەقینەوە لە بورجەكانی خوبەر لە سعوودیا لە ساڵی 1996 كە بووە هۆی كوژرانی (19) هاووڵاتیی ئەمریكی، بە بەرپرسیار زانیوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، دەستوپێوهندهكانی فهیلهقی قودسی سوپای پاسداران لە ساڵی 2012دا لە توركیا بە هۆی هەوڵدان بۆ داڕشتنی پلانێكی تیرۆریستی و لە كینیا ئەنجامدانی تەقینەوە، قۆڵبەست و دەستبەسەر كراون. هەروەها ئەڵمانیا لە ساڵی 2018 بۆی دەركەوت كە (10) كەس لە دەستوپێوهندهكانی سوپای پاسداران لە كردەوەی تیرۆریستیدا ڕۆڵ و بەشدارییان هەبووە و ئەڵمانیا ئەندامێكی سوپای بە هۆی چاودێری یاخود سیخوڕی لەسەر دامەزراوەیەكی ئەڵمانی-جوو، به تاوانبار زانیوە. لە بەشێكی دیكهی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، كە سوپای پاسداران بەردەوام درێژە بە پاڵپشتیی دارایی و پێشكەشكردنی پشتیوانیی ماددی و ڕاهێنان و پەروەردە و گواستنەوەی تەكنەلۆژی و ڕێگەپێشاندان یاخود دەستنیشانكردنی سیاسەتی گشتی و پێدانی چەكی پێشكەوتوو بە تۆڕێكی بەربڵاو و بەرفراوان لە ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان، وەكوو حزبوڵڵای لوبنان و گرووپە تیرۆریستییە فەڵەستینییەكانی وەكوو جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین و حەماس و كەتیبەكانی حزبوڵڵا لە عێراق و لیواكانی ئەلئەشتەر لە بەحرێن و گرووپە تیرۆریستییەكان لە سووریا و هەموو ناوچەی كەنداو دەدات.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا خاڵێكی گرنگ هاتووە كە ئەویش ئاماژەیە بەوەی كە ئێران بێجگە لە بەردەوامی لە پاڵپشتی و پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستی و بریكارەكانی لە دەرەوە، لە ناوخۆی سنوورەكانیشی گرووپە تیرۆریستییەكان داڵدە دەدات و بەم پێیە ئاسانكاری بۆ چالاكییەكانیان دەكات. هەروەها ڕژێمی ئێران ماف و مۆڵەتی نیشتەجێبوون و مانەوەی بە ئەندامانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە داوە كە لەم ڕێگەیەوە ئەوان توانیویانە پارە و تیرۆریست بۆ سووریا و باشووری ئاسیا ڕەوانە بكەن. وەزارەتی داراییی ئەمریكا لە ساڵی 2016دا ئاشكرای كرد، كە (3) ئەندامی باڵای ئەلقاعیدەی كە لە ئێران نێشتەجێ بوونە، لە لایەن كۆماری ئیسلامییەوە ڕێگەیان پێ درابوو لە ڕێگەی خاكی ئێرانەوە لەگەڵ چەند كەس لە تاوانبارانی هێرشە تیرۆریستییەكانی 11ی سێپتەمبەر بە مەبەستی ڕاهێنان و داڕشتن و دانانی پلانی ئۆپهراسیۆنی تیرۆریستی بۆ ئەفغانستان بچن.
لە بڕیارەكەدا هاتووە كە ئەو بڕیارەی ئیدارەی ترامپ، لەسەر بنەمای گوشار و سزاكانی پێشووتر بە مەبەستی زیاتر بەرفراوانتركردنی ئەو ئابڵووقە و گەمارۆ و سزایانەی سەر كۆماری ئیسلامی كە لەسەر زیاتر لە (900) كەس و دامەزراوە و فڕۆكە و كەشتیی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە لە لایەن ئیدارەی ئەمریكاوە بە هۆی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، سانسۆر، بەرنامەی پەرەپێدانی مووشەكی بالیستی، چالاكییە سایبەرییە دوژمنكارانەكان، پاڵپشتی لە تیرۆریزم یاخود هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ حكوومەتی ئێران دانراوە. لە ڕوانگەی ئەمریكا و بەتایبەتی لەم بڕیارەدا هاتووە، كە لە ساڵی 1984ەوە كۆماری ئیسلامی بە هۆی پاڵپشتی لە كردەوە تیرۆریستییەكان و پاڵپشتیكردنی لە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی، وهك دەوڵەتێكی پشتیوانی تیرۆر ناسراوه و دەستنیشان كراوە. بەم پێیەیش ئێران ڕووبەڕووی چەندین ئابڵووقە و سزا بۆتەوە، وەكوو: سنووردارێتیی یارمەتییە دەرەكییەكانی ئەمریكا بۆ ئێران، قەدەغەكردنی هەناردەكردن و فرۆشتنی كەلوپەلی بەرگری و سەربازی بۆ ئێران، سنووردارێتی و چاودێری لەسەر هەناردەكردن و فرۆشتنی ئەو ئامراز و كەلوپەلانە كە دەكرێت بۆ مەبەستی دیكە بەكار بێن و، هەروەها چەندین سزا و ئابڵووقەی تر.
لە بڕیارەكەدا هاتووە كە وەزارەتی داراییی ئەمریكا لە ساڵی 2017دا بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی كە لە چوارچێوەی سەپاندنی ئابڵووقە و سزای دژەتیرۆریستی (بڕیاری جێبەجێكاریی ژمارە 13224) هەیەتی، سوپای پاسدارانی بە هۆی پاڵپشتی لە چالاكی و كردەوە تیرۆریستییەكانی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی، وەكوو تیرۆریستێكی تایبەتی جیهانی دەستنیشان كرد. پێشووتریش هێزی فەیلەقی قودس لە ساڵی 2007 بە هۆی پاڵپشتی لە چەندین گرووپی تیرۆریستی، وەكوو حزبوڵڵا و حەماس و، بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی وەزارەتی داراییی ئەمریكا، ئەو سوپایەی وەكوو تیرۆریستی جیهانی بە شێوەی تایبەت دەستنیشان كردبوو. بۆیە لە ئێستادا سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بەپێی بڕیارە جێبەجێكارانە جۆراوجۆرەكانی ئەمریكا بەتایبەتی بڕیاری ئابڵووقەكانی ساڵی 2007 و، هەروەها بەشداری و پاڵپشتیی ئەو ڕێكخراوەیە (سوپای پاسداران) لە بەرنامە مووشەكییە بالیستییەكان و پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و لە ساڵانی 2011 و 2012 پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ (وەكوو ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی بیانی) دەستنیشان و ناسێندرا.
سیناریۆ: لێكەوتە و دەرهاوێشتەكان
یەكەم: هەر جۆرە پشتیوانی و پاڵپشتییەكی دارایی لە لایەن هەر كەس و كەسایەتییەكی یاسایی بۆ سوپای پاسداران و كۆمپانیا و ئەندامانی سەر بەو دامەزراوەیە قەدەغە دەبێت و دەكەوێتە چوارچێوەی یاسای تیرۆر لە ئەمریكا و بە نایاسایی دەناسرێت و بەدواداچوونی لە لایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئەمریكاوە بۆ دەكرێت.
دووەم: نوێنەران و ئەندامانی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە (لەمە بەدواوە سوپای پاسداران) ئازادی و مافی چوونە ناو خاكی ئەمریكایان نابێت.
سێیەم: وەزیری داراییی ئەمریكا لەمە بەدواوە دەتوانێت دەست بەسەر هەموو دارایییەكانی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییەدا بگرێت.
چوارەم: لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا گرفت و كێشەی قووڵ بۆ چالاكیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی سوپای پاسداران دروست دەبێت. بەو پێیەی كە بە هۆی سزاكانی ئەمریكا كۆمپانیا و وڵاتان ناتوانن وەكوو پێشووتر ئاڵوگۆڕی بازرگانی یاخود هاوكارییان لەگەڵ ئێران بەگشتی (بە هۆی ئەوەی زۆربەی چالاكییە ئابوورییەكان لە لایەن ڕێكخراو و كۆمپانیا و دامەزراوەكانی سوپای پاسدارانەوە قۆرخ كراوە) و سوپای پاسداران بەتایبەتی هەبێت.
پێنجەم: لەمە بەدواوه چیتر ئیدارەی ئەمریكا (ترامپ) ناچار نییە بۆ ڕاگەیاندنی جەنگ، تێهەڵچوونی سەربازی یاخود ئەگەری هێرشێكی سەربازی، ڕەزامەندیی یاساییی كۆنگرێسی ئەمریكی وەربگرێت، بەڵكوو بەپێی یاسای تیرۆر و جەنگی پێشدەستانە، دۆناڵد ترامپ دەتوانێت بەرەنگاری هێزە سەربازییەكانی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە (سوپای پاسداران) ببێتەوە. چونكە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەكانی سوپای پاسداران ناكەوێتە چوارچێوەی یاساكانی جەنگ، چ لە ئاستی نێودەوڵەتی و چ لە ئاستی یاسای ناوخۆی ئەمریكا، بەڵكوو ئەوە لە چوارچێوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردایە.
شەشەم: بەپێی ئەم پۆلینكردنە نوێیە، سوپای پاسداران بەردەوام لەژێر ئەگەری هێرشی سەربازیی هێزەكانی ئەمریكادایە. بەم واتایە كە بە هۆی بەتیرۆریست ناساندنیان لە لایەن ئیدارەی ئەمریكاوە، ئەوە هێزە سەربازییەكان و هەواڵگرییەكانی ئەمریكا دەتوانن لە هەر شوێن و كاتێكدا هێرشیان بكەنە سەر، بە هەموو ئامراز و شێواز و هێزەكانەوە.
حەوتەم: بە هۆی ئەوەی كە سوپای پاسداران و بەتایبەتی سوپای قودس وەكوو باسكی سەربازیی ئەو دامەزراوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی سەربازی و هەواڵگری و تەنانەت ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسییهوه زاڵە، لەمە بەدواوە ئەو تاك و هێزانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و تەنانەت ئەمریكای باشوور، دەكەونە ژێر هەڕەشەی ئەم بڕیارەی ئەمریكا و بە هۆی بەرپرسبوونی هێزەكانی ئەمریكا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان، ئەو لایەنانە لە هەموو شوێنیكی جیهان ئەوە بەرەوڕووی دۆخێكی نادڵنیایی و نالەبار دەبنەوە.
هەشتەم: لە عێراق لە پاش 2003 و لە سووریا پاش شۆڕش و جەنگی ناوخۆیی لە ساڵی 2011وە كە چەندین ساڵە هێزە سەربازی و هەواڵگری و ڕاوێژكارییەكانی ئەمریكا و سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی، بوون و چالاكییان هەبووە و تەنانەت لە هەندێ شوێن وەكوو جەنگی دژی داعش ناڕاستەوخۆ هاوكارییان هەبووە، ئەوە بە هۆی ئەم گۆڕانكارییەوه وەكوو دوو هێزی نەیار و دوژمن هەژمار دەكرێن. تەنانەت بەپێچەوانەی زۆربەی شرۆڤە و تێگەیشتنەكان، ڕووبەڕووبوونەوەیان وەكوو ڕێكخراوێكی تیرۆریستی، بۆ هێزەكانی ئەمریكا وەكوو ئەرك دەبێت. بۆیە بە هۆی بارودۆخی نالەباری ئێران و دووركەوتنەوە لە جەنگ و پێكدادان كە بەرەو جەنگێكی بەرفراوان و پێشبینینەكراو سەر بكێشێت، ئەگەری پاشەكشەی ئەندامانی سوپای پاسداران (قودس) لە عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن و ئەفغانستان و پاكستان و... زۆر بەهێز دەبێت.
نۆیەم: بەپێی بڕیاری ئیدارەی ئەمریكا لە ناساندنی سوپای پاسداران وەكوو ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی بیانی، هەموو ئەو كۆمپانیا و دامەزراوە و لق و ئەندامانەی سەر بە سوپای پاسداران كە لە كاروباری بازرگانی و دارایی و زانستی و وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری و...، چالاكی ئەنجام دەدەن وەكوو لقوپۆپەكانی سەر بە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی دەناسرێن و ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە. بەو پێیەی كە سوپا زۆربەی جومگە هەستیار و ژێرخانی و سەرەكییەكانی ئابووری و دارایی و پیشەسازی و خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە و تەكنەلۆژی و پەیوەندی و... لە ئێراندا كۆنترۆڵ كردووە، ئەوە بارودۆخی ئابووری و داراییی ئێران زۆر لەرزۆك و قەیراناویتر دەبێت. تەنانەت ئەو لق و كۆمپانیانەی سەر بە سوپای پاسداران لە ئاستی دەرەوەیشدا لاواز و سنووردار دەكرێن.
دەیەم: بە هۆی ئەوەی كە سوپای پاسداران و ئەندامە باڵاكانی لە بواری سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكیدا چالاك و شوێندانەرن یاخود بەرپرسانی باڵای ئێستا سەر بەو ڕێكخراوە بوونە، ئەوە ئەگەری ئەوە هەیە لە ڕووی دیپلۆماسی و سیاسییەوە بەرپرسانی باڵای سیاسیی ئێرانیش تووشی گرفت و كێشەی سزا و ئابڵووقە و گەمارۆ و تەنانەت یاسای دژەتیرۆری ئەمریكا ببنەوە و نەتوانن لە ئاستی دەرەكی و لە مامەڵەكردن لەگەڵ جیهانی دەرەوە و بەتایبەتی لە ناوچەكەدا چالاكی بكەن.
یازدەیەم: سوپای پاسداران لە تاوەكوو ئێستا، لە ڕێگەی بانگەشە و پرۆپاگەندهیەكی بەرفراوانەوە جەنگ و بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر (داعش)ـی وەكوو ڕەوایەتی و پاساو بۆ بەشداریی سەربازی و تێچووە زۆرە مرۆیی و دارایی و ئابوورییەكانی چالاكییەكانی خۆی لە لوبنان و سووریا و عێراق دەهێنایەوە. بەڵام پاش ئەم بڕیارەی ئەمریكا خودی ئەم ڕێكخراوە وەكوو ڕێكخراوێكی تیرۆریستی دەناسرێت و، بۆیە ناتوانێت لانی كەم لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا چالاكییەكانی و دەستێوەردانی لە وڵاتانی ناوچەكە لەو چوارچێوەیەدا پۆلین بكات و ڕەوایەتیی بۆ وەربگرێت.
دوازدەیەم: پاش ئەم بڕیارەی ئیدارەی ئەمریكا، ئەو وڵات و گرووپە سیاسی یاخود چەكدارییانەی كە لە وڵاتانی ناوچەكە پەیوەندیی توندوتۆڵی سەربازی و هەواڵگری و ئابووری و دارایی و...، لەگەڵ سوپای پاسداران و ڕێكخراوەكانی سەر بەو دامەزراوەیە هەیە، چیتر ناتوانن بەئاشكرا پەیوەندییان هەبێت و تەنانەت ئەوانیش لە ئەگەری هاوكاری و پەیوەندی لەگەڵ سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، دەكەونە چوارچێوەی یاسای تیرۆر و هاوكاری و پشتیوانیكردن لە تیرۆریزم و دابینكردنی سەرچاوەی دارایی و ئابووری و هتد.
سێزدەیەم: ئەم بڕیارە ڕەوایەتی دەداتە چالاكی و بەهێزبوونی حزب و ڕێكخراو و لایەنە ئۆپۆزیسیۆن و دژبەرەكانی ئێران (بەتایبەتی هێزەكانی كورد و نەتەوەكانی تر) كە هەوڵی گۆڕین یاخود ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران دەدات لە وەرگرتنی پاڵپشتی و پشتیوانیی ئەمریكا و، هەروەها ئەگەری هەر تێهەڵچوونێكی سەربازی، بەو پێیەی كە جەنگی دژی تیرۆر دەكەن. هەروەها لە ئاستی ناوخۆییش، لە لایەك ورە و ئیرادە دەداتە خەباتی گرووپ و تاكەكان بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەكە و، لە لایەكی تریشەوە لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر شۆڕش یاخود ناڕەزایەتییەك، ڕەوایەتی دەداتە ههر بەرەنگارییەك لە دژی سوپای پاسداران و ڕێكخراو و دامەزراوەكانی و لە ئەگەری سەركوتكردنی هاووڵاتیانی ئێرانی، دەستی ئیدارەی ئەمریكا بۆ هەر كاردانەوەیەك و پشتیوانییەك لە ناڕازییەكان ئاوەڵا دەكات. هەرچەندە لەوانەیە كۆماری ئیسلامی لە فۆرم و چوارچێوەی نوێ یاخود لە ڕێگەی تەیاركردنی هێزەكانی تر (لە ناوەرۆكدا سوپای پاسداران) ئەم كارە ئەنجام بدات.
كۆبەند
بەگشتی، گرنگیی ئەم بڕیاری ئێستای ئەمریكا لەوەدایە كە پێشووتر ئەندامان و بەشێكی زۆر لە فەرماندەكانی سوپای پاسداران بۆ نموونە "سوپای قودس" لە ساڵی 2007ەوە و پاشان لە دوای دەرچوونی ترامپ لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1، لە لیستی یەكەمدا پۆلین كراون، ئەویش وەكوو پاڵپشت و پشتیوانیكەری تیرۆر، چ لە ڕووی ڕاهێنان و چ لە ڕووی دابینكردنی كەلوپەل و تەقەمەنی یاخود سەرچاوەی دارایی؛ بەڵام لە ئێستادا سوپای پاسداران بەپێی لیست و پۆلینكردنی دووەم چۆتە نێو دامەزراوە تیرۆریستییەكان و، ئەندامانی وەكوو تیرۆریست دەناسرێن و تەنانەت ئەو لایەن و دەوڵەت و تاكانەی كە مامەڵەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ سوپای پاسداران بكەن، ئەوە وەكوو پشتیوان و پاڵپشتیكەری تیرۆر دەناسرێن. ئەمەیش واتا لێكەوتە و دەرهاوێشتەی گرنگی چارەنووسسازی زۆری دەبێت بۆ هێز و توانای كۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی.
گرنگترین پەیام و دەرهاوێشتەی ئەم بڕیارەیش، ئەستەمكردنی پەیوەندی و میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی شكاندنی ئابڵووقە و سزاكانی سەر ئێرانە لە لایەن وڵاتانی ئەوروپی و پاشان چین و ڕووسیاوە؛ ئەمەیش پێگەی ئێران زۆر لاوازتر و ڕۆڵ و پێگەی ترامپ لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بەهێزتر دەكات. بە واتایەكی تر، ترامپ بەم بڕیارە لە لایەك كۆدەنگیی وڵاتە ئەوروپییەكان لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندییەكانیان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دارایی بە مەبەستی شكاندنی گەمارۆكانی سەر ئێران دەشكێنیت یاخود پڕتێچووتری دەكات و، لە لایەكی ترەوە ڕەوایەتی دەداتە بڕیاری نوێ بۆ سەپاندنی گەمارۆ و ئابڵووقە و سزای زیاتری ئێران لە ئاستی ناوخۆی ئەمریكا. بەم پێیەیش هەم ئاسایشی هاوپەیمانەكانی، وەكوو وڵاتانی عەرەبی و ئیسڕائیل و تەنانەت هەرێمی كوردستان دەپاریزێت و، هەم ڕێگە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتییەكی سەربازی لە دژی ئێران هەموار دەكات و، هەمیش جووڵە و چالاكیی ئێران لە ناوچەكهدا بۆ شكاندنی ئابڵووقەكان بە یارمەتیی هاوپەیمانەكانی ئێران، لە ناوچەكه سنووردار و پڕتێچوو دەكات.
ئەم بڕیارەی ئەمریكا هاوسەنگیی هێز لە عێراق و بەتایبەتی لە سووریا بەتەواوی دەگۆڕێت و تەنانەت ڕۆڵی ڕووسیایش لە سووریا لەرزۆك دەكات. هەروەها وڵاتانی عەرەبی و ئیسڕائیل لە ئەگەری هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەك لەگەڵ كۆماری ئیسلامی و هێزە بریكارە ناوچەیییەكانی (گرووپە توندڕەوەكان و میلیشیا شیعەكان) لە ناوچەی كەنداو و وڵاتانی عەرەبی، ڕەوایەتی وەردەگرن؛ ئەوە لەمەو بەدواوە ئەمریكا لە چوارچێوەی ڕەوایەتیی جەنگی دژی تیرۆر ڕاستەوخۆ پشتیوانیان دەبێت. بەگشتی هەموو ئەگەرەكان بۆ سیناریۆی زیاتركردنی گوشار و ئابڵووقە و سزاكانی سەر ئێران و خۆبەدەستەوەدانی ئێران و پاشان لە ئەگەری شكستی ئەم سیناریۆیه، ڕەوتی ڕووداوەكان لەوانەیە جەنگێك لە دژی ڕژێمی ئێرانی لە ڕێگەی هێزە ناوخۆیی و هەرێمییەكان بە پشتیوانیی ئەمریكای لێ بكەوێتەوە و پێكدادانی سەربازی دەبێتە ئەگەرێكی بەهێز و كراوە.
بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ڕاگەیاندنەكەی سەرۆك دۆناڵد ترامپ و دەقی بڕیارەكە بڕوانە: