پەرویز ڕەحیم قادر/ مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەددین
پێشەکی
ڕۆژی ٢٨-٤-٢٠١٩ مەولوود چاوشئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە چوارچێوەی گەشتێکدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەغدا کۆ بووەوە. وەزیری دەرەوەی عێراق لە دوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند: "لەگەڵ چاوشئۆغلوو باسمان لە پرسی تیرۆر، ئاوارەکان، کێشەی ئاو، ڤیزا و گومرگ کردووە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەین". لە بەرامبەردا مەولوود چاوشئۆغڵوو ڕای گهیاند: تورکیا کونسوڵخانە لە مووسڵ و بەسرە دەکاتەوە و لەمەیش گرنگتر گوتی: "پێویستە هاوشێوەی داعش، جەنگ دژ بە "پەکەکە"یش بکرێت". بۆیە لە درێژەدا وزەیری دەرەوەی عێراق ڕای گەیاند ڕێگە نادەین لە خاكی عێراقەوە توركیا بكرێتە ئامانج.
هەروەها لە ٢٩-٤-٢٠١٩ لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و، مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە. جێگەی ئاماژەیە هاوکات چاوشئۆغلوو سهردانی بارهگای بهرهی توركمانیی له ههولێر كرد. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین گرنگترین پاڵنەر و ئامانجەکانی ئەم سەردانەی وەزیری دەروەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بخەینە ڕوو.
بەرژەوەندی، پاڵنەر و ئامانجەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا
١- ئابڵووقەکانی سەر ئێران و پرسی نەوت و گاز:
تورکیا چ وەکوو بەکاربەر و چ وەکوو ناوەندێکی گواستنەوە لە ئاستی هەرێمی و جیهانی بۆ نەوت و گاز بۆ ئەوروپا و جیهان گرنگیی تایبەتی هەم بۆ بەرهەمهینەران و هەم بۆ بەکاربەرانی وزە هەیە. هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی پاش ساڵی ٢٠١٤ و هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوت لە ڕێگەی بۆڕیی ڕاستەوخۆ بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەم دەوڵەتەدا چووە قۆناغێکی بێوێنەوە. هەرێمی کوردستان سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی بەغدا چەندین گرێبەستی لەم بوارەدا و دروستکردنی بۆڕیی گواستنەوەی گازی سروشتیی ساڵانە ٢٠ ملیار مەتری سێجای لەگەڵ تورکیا واژوو کردووە و کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە لە زیاتر لە ١٣ بلۆک و کێڵگەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کار دەکەن. لە ئێستادا تورکیا نزیکەی ١٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە نەوتی قورس لە ئێران هاوردە دەکات بەڵام پاش کۆتاییهاتنی لێخۆشبوونی ئەمریکا لەو وڵاتانەی کە لە ئێرانەوە نەوت و گاز هاوردە دەکەن، ئەوە تورکیایش دەکەوێتە بەر سزاکانی ئەمریکا لە ئەگەری بەردەوامبوونی لە هاوردەکردن لە ئێرانەوە. بۆیە تورکیا سەرەڕای دەڕبرینی ناڕەزایەتیی خۆی لەم بڕیارەی ئەمریکا، هەوڵ دەدات بۆ خۆپاراستن لە سزاکانی ئەمریکا جێگرەوەیەک بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی خۆی بدۆزێتەوە. ئەوەی کە جێگەی سەرنجە، باشترین جێگرەوە بۆ نەوتی ئێران، چ لە ڕووی کوالیتی و چ لە ڕووی نرخ و ئاسانیی گواستنەوە، نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک و بەگشتی عێراقە. لە لایەکی تریشەوە، پاش ڕووداوەکانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و تێکچوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا، ئەوە تورکیا بە دوای گەرهنتییەک بۆ دەستەبەرکردنی سەرچاوەی وزەدا دهگهڕێت. هەرچەندە لە خراپترین دۆخی پەیوەندییەکانیاندا تورکیا ڕێگەی لە فرۆشتن و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەگرت و دەروازە سنوورییەکانیشی بەپێچەوانەی ئێران بەڕووی کوردستان دانەخست و ئەمەیش دەربڕی گرنگیی پەیوەندیی بازرگانی و وزەیە بۆ ئاسایشی ئابووریی تورکیا.
٢- پرسی ئابووری و كردنەوەی دەروازەی نوێی سنووری لەگەڵ عێراق:
تورکیا تاوەکوو پێش ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧وە، لە نێوان بەغدا و هەولێردا زیاتر پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بووە. گرنگترین دەروازەیش بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانی تورکیا بۆ عێراق، لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بووە. هەرچەندە نزیکەی ٦ خاڵی سنووریی فەرمی و نافەرمی لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا هەیە، بەڵام گۆڕانکارییە ناوخۆیییەکانی تورکیا و شکستی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد لە تورکیا و ئەگەری لێژبوونی پێگەی ئەکەپە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکان و بەهێزبوونی هەدەپە لە لایەک و، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بەتایبەتی لە ڕۆژاوای کوردستان و بەرزبوونەوەی پێگەی کورد لەو وڵاتە و، هەروەها پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان و ئاڵوگۆڕەکانی سووریا و جەنگی دژی داعش لە لایەکی ترەوە، وای کرد کە ئەکەپە پێداچوونەوە بە سیاسەتی ڕابردووی لە هەمبەر چارەسەری پرسی کورد بەگشتی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بکات. بۆیە تورکیا لە پاش ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و هاوپەیمانیی سەربازی و ئاسایشی و سیاسی لەگەڵ ئێران و بەغدا، هەوڵی ئەوەی دا کە دەروازهیەکی نوێی سنووری لەگەڵ عێراق لە دەرهوەی کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان بکاتەوە بە سێ ئامانجی سەرەکی: ١- پچڕاندنی پەیوەندیی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان و کۆنترۆڵی دەروازەی سمێلکا کە خاڵی گواستنەوەی پێداویستی و یارمەتیی سەربازی و ئابوورییە بۆ ڕۆژاوای کوردستان ٢- لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و کۆنترۆڵکردنی پێگەکەی و گرێدانی ڕاستەوخۆی بەغدا بە ئانكارا ٣- پڕکردنەوەی پێداویستییە ئابوورییەکانی تورکیا و خوڵقاندن و دۆزینەوە و کەڵکوەرگرتن لە دەرفەت و بازاڕی نوێ.
تورکیا بۆی دەرکەوتووە کە لە هەر ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییەکی ناوچەیی و ناوخۆیی، بەتایبەتی لە پرسی کورد لە ناوخۆی تورکیا و لە ناوچەکە و دروستبوونی بارگرژی و بەرزی و نزمی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەوە لە ڕووی ئابوورییەوە زیان دەکات. بەم واتایە ڕووبەڕووی دۆخی ناسراو بە گرێکوێرەی ئاسایشی (Security Dilemma) بووهتەوە. واتا، لە لایەک ناتوانێت بە هۆکاری ئابووری و وزە و ئاسایشی و تەنانەت سیاسییەوە هەرێمی کوردستان پشتگوێ بخات و، لە لایەکی تریشەوە ئەگەر لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی وەکوو ڕابردوو زۆر بەهێز بێت، ئەوە لەگەڵ بەغدا پەیوەندیی لاواز دەبێت و لە هەمان کاتیشدا پێگەی کورد بەرز دەکاتەوە کە لە ستراتیژیی ئاسایشی و ڕوانگەی تورکیاوه پرسێکی نا-ئاسایشییە. بۆیە بۆ دەربازبوون لەم گرێکوێرە ئاسایشییە، هەوڵ دەدات بە کردنەوەی دەروازەی نوێ ئەم مەترسییە ئاسایشییە بڕەوێنێتەوە. لە هەمان کاتیشدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا کە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بووە، تاکوو ساڵی ٢٠١٣ گەیشتە زیاتر لە (١٢) ملیار دۆلار کە بۆ ئابووریی ڕوو لە پاشەکشەی ئێستای تورکیا تاکە چارەسەرە بۆ دەربازبوون؛ چونکە تاوەکوو ساڵی ٢٠١٧ دابەزیبوو بۆ (٨.١) ملیار دۆلار و لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ (٦.٧) ملیار دۆلار. لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٨ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران و عێراق نزیکەی زیاتر لە (١٠) ملیار دۆلار بووە و بەگشتی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران و عێراق ڕۆژ بە رۆژ بەرزتر و زیاتر دەبێتەوە و، ئەمەیش بە واتای ئەوە دێت کە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئابووری و بازرگانیی تورکیا دروست دەبێت.
٣- فاکتەر و پرسی ئاو:
زۆربەی ڕووبارەکانی عێراق، لە ئێران و تورکیاوە سەرچاوەیان گرتووە. بە شێویەکی گشتی سێ ڕووبار لە تورکیاوە دەڕژێنە ناو خاکی عێراق کە بریتین لە: دیجلە، زێی گەورە و خابوور؛ هەروهها ڕێڕەوی فوراتیش لە تورکیاوە هەڵدەقووڵێ و پاش تێپەڕبوونی بە ناو خاکی سووریا ئهوجا دەڕژێتە عێراق. دەوڵەتی تورکیا، لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی پرۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (گاپ)، کە پرۆژەیەکی ئابووری– سیاسییە و لەسەر هەر دوو ڕووباری دیجلە و فورات جێبهجێ دهكرێن. ئەوەی کە پەیوەندیی بە ڕووباری دیجلەوە هەیە، بریتییە لە دروستکردنی هەشت بەنداوی گەورە بۆ ئاودێریکردنی ٢،٢ ملیۆن دۆنم لە زەویی کشتوکاڵی و بەرهەمهێنانی ٢،١ ملیار کیلۆوات/ کاتژمێر کارەبا لە ساڵێکدا. هەروا تورکیا (١٤) بەنداو لەسەر فورات بنیات دەنێت کە (١٣) ملیۆن هکتار ئاودێری دەکات. هەر لەم سۆنگەوە جێگهی ئاماژەیە چاوشئۆغڵوو لە بەسرە ڕای گەیاند کە کێشەی ئاوی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و بەسرە تاوتوێ کردووە و ئاماژەی بەوەیش دا کە ساڵی ڕابردوو کێشەی ئاو لە بەسرە و عێراق سەری ھەڵداوە و لەم بارەیەوە چەند ڕەخنەیەک ئاراستەی تورکیا کراوە. بۆیە لە درێژەی قسەکانیدا چاوشئۆغڵوو لەم بارەیەوە گوتی: "تورکیا بۆ سووککردنی ئەو کێشەیەی عێراق، ئەوەی لەدەستی ھاتووە کردوویەتی. بۆ نموونە سەرڕێژی بەنداوی "ئلیسومان"ی دوا خست و لەو ڕۆژەوە تا ئێستا دەرگهکانی ئەو بەنداوە دانەخراون. ئەو ئاوەی بە بەنداوەکەدا تێپەڕ دەبێت بەڕوونی گەیشتووەتە عێراق." لە لایەکی تریشەوە لە ئێستادا عێراق زۆرترین داهاتی لە ڕێگەی هەناردەکردنی نەوتەوە دەست دەکەوێت و ڕۆژانە ٤ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی، پێشبینییش دەكرێت تاکوو ساڵی 2030 ئاستی بەرھەمهێنانی نەوتی عێراق بە ڕێژەی له 30% زیاد بكات و بگاته 6 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوت، عێراق پێویستییەکی زۆری بە ئاو بۆ وەبەرهێنان و دەرهێنانی ئەو بوارە هەیە. بۆیە بەبێ بوونی سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی ئاو، ئەو ئامانجە نایەتە دی. بۆیە ئەم پرسە بێجگە لە بواری مرۆیی و کشتوکاڵی و ژینگەیی و پیشەسازی، لە ڕووی ئابووری و ئاسایشییەوە گرنگییەکی تایبەتی بۆ عێراق هەیە. هەر ئەمەیش وا دەکات لە لێدوانەکانی وەزیری دەرهوەی تورکیا بەئاشکرا ئەم خاڵە لاوازەی عێراق بەرجەستە بکرێت.
٤- پڕکردنەوەی بۆشاییی سیاسی-ئابووری و پەلهاوێشتن بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق:
بەگوێرەی زانیارییەکان، توركیا بەنیازە بڕی 5 ملیار دۆلار وەك قەرز بداتە عێراق بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتە لە دوای داعش. تورکیا پێویستییەکی زۆری بە بازاڕی عێراق و ڕۆڵ و بەشداریی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی تورکیا لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق بە مەبەستی بووژانەوەی ئابووریی تورکیا و بەرزکردنەوەی پێگەی ئەکەپە لە هاوکێشەکانی ناوخۆییی تورکیادا هەیە. لە هەمان کاتدا عێراقیش پێویستییەکی زۆری به هاوکاریی وڵاتان و وەبەرهێنەران بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بەجێماوی جەنگی دژی داعش هەیە. له كۆنگرهیهكی ڕۆژنامهڤانیدا مەولوود چاوشئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕای گهیاند، كه دوای بەغدا سەردانی بەسرە و هەولێر دەکەین و ڕایشی گهیاند: "له بهسڕه كونسوڵگهری دهكهینهوه. به هۆی جهنگی داعشهوه ناچار بووین کونسوڵخانەی مووسڵ دابخهین، بۆیه دوای بهسره ههوڵ دهدهین بۆ سهرلهنوێ كردنهوهی کونسوڵخانەی مووسڵ. ڕێكاره یاسایییهكانیشمان بۆ كردنهوهی کونسوڵخانەی نوێ له نهجهف و كهركووك پێشكهش كردووه ." لێرەوە دەردەکەوێت تورکیا لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت هەم لە ڕووی ئابووری و هەم لە ڕووی سیاسییەوە بۆشاییی پاشەکشەکردنی شیمانەکراوی ئێران لە عێراق پڕ بکاتەوە و لەم ڕێگەیەوە لە لایەک نفووزی خۆی لە عێراق و لەم ڕێگەیەوە لە ناوچەی کەنداو بەرز بکاتەوە. پاشان مەولوود چاوشئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەسعەد ئەلعیدانی، پارێزگاری بەسرە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی لە باڵەخانەی پارێزگهی بەسرە ئەنجام دا. چاوشئۆغڵوو ڕای گەیاند کە بەسرە خاوەنی پێگەی ستراتیژیی گرنگە بۆ عێراق و گشت ناوچەکان و، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو شارە پایتەختی ئابووریی عێراقە. لە درێژەی قسەکانیدا چاوشئۆغڵوو گوتیشی: "من لەم باوەڕەدام کە بەسرە و عێراق دەبنە ناوەندی گەیاندن و بازرگانی لە نێوان کەنداو و ئەوروپا." ئەمەیش هەم لە ڕووی گوتاری ستراتیژیی سیاسی-ئایدیۆلۆژیی ئەکەپە لە جیهانی ئیسلام و هەم لە ڕووی پێداویستی و ستراتیژیی ئابووری و ئاسایشیی تورکیاوه هاوتەریبە. جگە لەمەیش لە ئەگەری بوونی بەسرە بە هەرێمێکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی عێراق، ئەوە تورکیا خۆی ئامادە دەکات. بەم پێیەیش تورکیا لە سیاسەتی دیپلۆماسی و پەیوەندیی ڕابردووی کە تەنیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بوو، بەرەو پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی فرەڕەهەند و فرەلایەنە هەنگاو دەنێت. جگە لەمەیش لە ململانێیە ناوچەیییەکانی لەگەڵ ئێران و سعوودیا پێگەی بەرزتر دەبێتەوە و لە هاوکێشە ئاسایشییەکانی ناوچەکە ڕۆڵێکی کاریگەرتری دەبێت.
٥- پێداچوونەوە بە سیاسەتی ڕابردوو و بەرزکردنەوەی پرسی تورکمانەکان لە کوردستان و عێراق: لەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا هەم لە بەغدا و هەم لە هەرێمی کوردستان، خاڵێکی گرنگ پێداگریی تورکیا بوو لەسەر پێدانی ڕۆڵی زیاتر بە تورکمانەکانی عێراق کە تورکیا بە بەشێک لە نفووز و نەتەوەی خۆی دەزانێت. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەم ڕۆڵە ناسنامەیییەی تورکیا لە عێراق لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی پێگەی تورکمانەکانەوە، وا دەکات کە تورکیا هەم پاساو و بواری دەستێوەردانی لە ناوچە و کایە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەبێت و هەمیش لە عێراقی فرەپێکهاتەدا نفووز و دەستڕۆییی خۆی دەستەبەر بکات. چونکە تورکیا لەم ڕێگەیەوە باڵانسێک لە نێوان پاڵپشتیی ئەمریکا و ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان و، هەروەها پاڵپشتیی سعوودیا و وڵاتانی عەرەبی سوننە لە سوننەکانی عێراق و پاڵپشتیی ئێران لە شیعەکان دروست دەکات. ئەمەیش بەپێی داینامیزمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکێشە جیۆسیاسییەکان و، هەروەها ڕۆڵی پێکهاتە و ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان، خوێندنەوەیەکی نوێی ئاسایشییە. تورکیا ئەمەی لە سووریا تاقی کردۆتەوە و تاوەکوو ئێستا لەم ڕێگەیەوە توانیویەتی لە ڕووی ئاسایشییەوە بەکاری بێنێت.
٦- پەکەکە و پرسە ئاسایشییەکان: یەکێک لە گرنگترین پرسەکان بۆ تورکیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، پرسە ئاسایشییەکانە. لە هەستیارترین و بەرجەستەرینی ئەم پرسانەیش پرسی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە. بەم واتایە کە تورکیا دەخوازێت هەم هاوکاریی هەرێمی کوردستان و هەم هەماهەنگی و ڕەزامەندی و ڕەوایەتی لە لایەن بەغداوە بۆ ئۆپهراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا وەربگرێت. بۆیە دەخوازێت لە لایەک پەکەکە لانی کەم گۆشەگیر و لاواز بکات و، لە لایەکی تریشەوە ڕەوایەتیی بەغدا وەربگرێت بۆ ئەوەی کە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی هەرێمی کوردستان و پاشان نیگەرانییەکانی ئێران و ئاستی نێودەوڵەتی نەبێتەوە. جگە لەمانەیش تورکیا دەخوازێت پێگە و بنکە سەربازییەکانی بە پاساو و بیانووی جەنگی دژی تیرۆر و پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق بپارێزێت. ئەمەیش جگە لە ڕووی ئاسایشییەوە، تەنانەت لە ڕووی سیاسی و ئابوورییشەوە بۆ تورکیا خاڵێکی بەهێز دەبێت. بۆیە بە نزیکبوونەوەی تورکیا لە بەغدا، ئەوە هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاری لەگەڵ تورکیا لەم بارەیەوە دەکەوێتە ژێر گوشارەوە.
کۆبەند
سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا لە پاش گۆڕانکارییەکانی پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و کۆتاییی داعش لە عێراق و سووریا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. بەم واتایە کە لە پاش کۆتاییی هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکانی تورکیا و پێویستی بە هاوپەیمانی لەگەڵ هێزێکی توندڕەو وەکوو مەهەپە، ئەوە دەستی ئەکەپە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی لە ئاستی ناوچەیی لە پاش بارگرژییەکانی لەگەڵ کورد بەگشتی و بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و لەمەیش گرنگتر، سەرۆکایەتی و کابینەی داهاتووی هەرێمی کوردستان ئاوەڵاتر بووە.
ئابڵووقە و سزاکانی سەر ئێران و پێویستیی تورکیا بە دابینکردنی وزەی جێگرەوە و، هەروەها پەرەپێدانی بارودۆخی نالەباری ئابووریی تورکیا هۆکاری سەرەکییە لەم سەردانەی تورکیا؛ بەڵام بە جیاوازییەکەوە کە لە ستراتیژیی نوێ ئەکەپەدا ئەوە هاوسەنگییەک لە پەیوەندییەکان لە نێوان بەغدا و هەولێر دروست دەکات و لەمەیش زیاتر تورکیا هەوڵ دەدات پێگەیەکی لە داهاتووی ناوچە سوننەکانی عێراق و ئاوەدانکردنەوەیان بە ڕێگەی کۆمپانیا تورکییەکان و دۆزینەوەی بازاڕی نوێ لە هەموو عێراق و ئامادەکاری بۆ بەهەرێمبوونی بەسرە دەستەبەر بکات. بۆیە ململانێ ناوچەیییەکانی تورکیا لەگەڵ ئێران و سعوودیا لە لایەک و، دەربازبوون لە گرێکوێرەی ئاسایشی تورکیا کە بەتایبەتی بە هۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ تورکیا دۆڕاوی سەرەکیی گۆڕەپانی کەرکووک و عێراق بووە، لە لایەکی ترەوە، لە ڕێگەی مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو لایەن و پێکهاتەکان، پوختەی ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی تورکیایە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.