پەرویز ڕەحیم قادر/ مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەددین
پێشەکی
ڕۆژی 22/4/2019، ویلایهته یهكگرتووهكانی ئهمریكا داوای لهو وڵاتانهی كه نهوتی ئێران دهكڕن، كرد كه دهست له هاوردهكردن و كڕینی نهوتی ئهو وڵاته ههڵگرن و له ڕۆژی 2/5/2019وه ههر وڵاتێك پابهند نهبێت، ڕووبهڕووی سزا دهبێتهوه. هەروەها ئەمریکا پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگری "یۆ ئێس ئێس ئابراهام لینکۆڵن"ی ڕەوانەی کەنداو کردووە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕۆژی سێشەممە ڕای گەیاند، وەک بەشێک لە ناردنی هێزی دیکە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشە و هێرشێک لە لایەن ئێرانەوە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واشنگتۆن چوار فڕۆکەی ستراتیژیکی جۆری B-52 ڕەوانەی ناوچەکە دەکات.
هەر لەم سۆنگەیەوە و لە ساڵوەگەڕی دەرچوونی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، سەرۆكکۆماری ئێران لە ٨-٥-٢٠١٩ ڕای گەیاند وڵاتەکەی دەستی کردووە بە کەمکردنەوەی پابەندبوونی بە ڕێککەوتنی ناوکی. ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ناچێتە دەرەوە، بەڵام پابەندبوونی پێیەوە کەمتر دەکاتەوە و، مۆڵەتی 60 ڕۆژ دەداتە وڵاتانی تری ڕێککەوتنەکە بۆ جێبەجێکردنی بەڵینەکانیان بە مەبەستی شکاندنی گەمارۆ و سزاکانی سەر ئێران لە لایەن ئەمریکاوە و ڕاگرتنی ئێران لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەکە. بەم واتایە کە ئێران هەڵپەساردنی چوونەدەرەوە و فرۆشتنی ئاوی قورس و، هەروەها یۆرانیۆمی پیتێندراوی ڕاگەیاند. جێگەی ئاماژەیە کە بەپێی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و دەوڵەتانی ٥+١(کە پاشان ئەمریکا لێی کشایەوە) لە ساڵی ٢٠١٥، ئێران نابێت زیاتر لە ١٣٠ تەن ئاوی قورسی کۆگاکراو و ٣٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەبێت. هەروەها ڕۆحانی هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە وڵاتەکەی پاش ٦٠ ڕۆژ، ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ سەروو %٣.٦٧ بەرز دەکاتەوە و دەربارەی پەرەپێدان و بەرفراوانکردن و نوێکردنەوەی بنکەی ئەتۆمیی ئاوی قورسی ئەراک بڕیاری نوێ دەدات. هەر لەو ڕۆژەدا و لە کاردانەوەیەک، ئەمریکا سزای نوێی خستە سەر پیشەسازیی مس، پۆلا، ئاسن و ئەلەمینیۆمی ئێران. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین ئەم گەڕە نوێیە لە بارگرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران شرۆڤە بکەین.
ستراتیژیی سیاسەتی دەرەکیی ترامپ لە هەمبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران
لە بەڵگەنامەی 68 لاپەڕەییی ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا لە كۆتاییی مانگی دێسەمبەری 2017 وەكوو یەكەمین بەڵگەنامەی ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا لە سەردەمی سەرۆكایەتیی "دۆناڵد ترامپ"، ئاماژە بەوە دەدات كە ئێران لە ئاستی جیهانیدا ڕێبەرایەتیی تیرۆریزم دەكات. بۆیە ئێران سوود و قازانجی لە ناسەقامگیركردنی ناوچەكەدا و، هەروەها بڵاوبوونەوەی چەك هەیە. ئەمەیش بە مەبەستی زیاتركردنی نفووزی خۆی لە ڕێگەی هاوپەیمان و هێزە نادەوڵەتییەكان كە "جەنگی بەنوێنەرایەتی"ی بۆ دەكەن. هەروەها ئێران سوود لە ململانێ هەرێمییە درێژخایەنەكان و لاوازی و داڕمانی دەوڵەتان یاخود ڕژیمەكانی ناوچەكە دەبینێت. لە لایەكی تریشەوە كۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی پەرەپێدانی توانا مووشەكییە بالستیكییەكان و توانا ئەتۆمییەكان و هەڕهشە سایبەرییەكان، هەڕەشە لە ئاسایشی دەوڵەتانی ناوچەكە و هەموو جیهان دەكات. بۆیە ئەمریكا پێداگری لەسەر بەهێزبوون و یەكانگیری و یەكگرتووییی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو و، هەروەها عێراق دەكاتەوە؛ ئەمەیش بۆ ڕووبەڕوونەوە لەگەڵ مەترسییەكانی تیرۆریستەكان و بەتایبەت ڕێگەگرتن لە نفووزی كۆماری ئیسلامیی ئێران، كە مەبەست هەمان هاوسەنگیی هێزە لە ناوچەكەدا. بۆیە ئەمریكا هەوڵ دەدات كە نفووزی ئێران لە ناوچەكە و، هەروەها پرسی ئەتۆمیی ئێران چارەسەر بكات. بۆیە خۆی بەپابەند دەزانێت بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانەی پرسی ناكۆكییەكانی ئیسڕائیل و فەڵەستین. لە ڕووی سەربازییشەوە، ئەمریكا هەوڵ دەدات كە بە مەبەستی پاراستنی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ توندڕەوە تیرۆریست و جیهادییەكان لە ناوچەكەدا و پاراستنی باڵانسی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ناوچەكەدا بمێنێتەوە. هەروەها ئەمریكا پاڵپشتی لە بەدامەزراوەییكردن و بەهێزكردنی سەربازیی دەوڵەتانی ناوچەكە دەكاتەوە، بەتایبەت هاوبەش و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا، بە مەبەستی سەركەوتن لە جەنگی دژەتیرۆردا (ئەمە هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوایش دەگرێتەوە). لە لایەكی تریشەوە ئەمریكا بۆ پاراستنی هێز لە ناوچەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییە سەربازییەكانی دەوڵەتانی نەیاری ئەمریكا و پاراستنی هاوپەیمان و هاوبەشەكانی، یارمەتیی هاوبەشەكانی دەدات بۆ دابینكردنی سیستەمی بەرگریی مووشەكی لە دژی هێرشە مووشەكییەكان. بۆ ئەم مەبەستە كار لەگەڵ هاوبەشەكانی دەكات بۆ پووچەڵكردنەوەی چالاكییە تێكدەرانە و سەركێشییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەكەدا.
گرتنەبەری سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار لە هەمبەر ئێران
ڕۆژی 8-5-2018 دۆناڵد ترامپ، سەرۆككۆماری ئەمریكا، بەڵێنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكای لەمەڕ دەرچوونی لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 (ئەڵمانیا+ ئەمریكا، ڕووسیا، بریتانیا، فەڕەنسا و چین) جێبەجێ كرد. ئەم ڕووداوە بە یەكێك لە گرنگترین، ئاڵۆزترین و پڕمشتومڕترین بڕیارەكانی ئیدارەی نوێی ئەمریكا دادەنرێت. بەو واتایە كە كاریگەریی لەسەر داهاتووی پەیوەندیی نێوان هێزە نێودەوڵەتییەكان و تەنانەت هاوكێشە جیۆسیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.
لە ڕۆژی 21-5-2018دا له گوتارێکدا بە ناونیشانی "دوای ڕێککەوتنەکە: ستراتیژیی نوێ لەبارەی ئێران" (After the Deal: A New Iran Strategy)، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە "دامەزراوەی هێریتاج" لە ئەمریكا ستراتیژیی وڵاتەکەی لە سەردەمی ئیدارەی ترامپ لەبارەی ئێران خستە ڕوو. مایك پۆمپیۆ بەئاشكرا ئەوەی ڕاگەیاند كە ((ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە هۆی کەموکوڕییەکانییهوه جیهانی خستە مەترسییەوە. هەروەک بەم دوایییانە لە ڕێگەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسڕائیلەوە بینیومانە، ئێران ساڵانێکە هەوڵ دەدات توانای ئەتۆمی بەدەست بێنێت. ئێران بۆ نییەتێكی خراپ لە ڕێککەوتنەکەدا مابووەوە؛ تاوەکوو ئەمڕۆكەیش ئێران لەو بارەوە هەر درۆ دەکات. هەروەها ڕێککەوتنەکە نەیتوانی وا بكات کە ئێران لە گەیشتن بە بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی بوەستێنیت، کە دەکرێت کڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرێت. ڕێکخراوەی وزەی ئەتۆمی، ڕێگەی بە ئێران دا ئەو پارەیەی بە هۆی ڕێککەوتنەکە بەدەستی دەگات، بۆ پەرەپێدان و بووژاندنەوەی ئابووریی وڵات بەکاری بێنێت، بەڵام ڕژێمی ئێران دواتر ڕەتی کردەوە تەنانەت ئەم كارەیش بكات)). بۆیە پۆمپیۆ، دوازدە مەرجی بۆ گۆڕانكاری لە سیاسەت و ڕەفتاری ئێران داناوە بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە و، مەرجی هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران كە بە دەرچوونی ئەمریكا لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی دووبارە دەگەڕێتەوە، خستە ڕوو:
""یەکەم: دەبێت ئێران تەواوی ڕەهەندە سەربازییەكانی پێشووی سیستەمی ناوکیی خۆی ئاشکرا بکات و بەردەوام ڕێگە بە پشكێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات پـشکنین بکات.
دووەم: ئێران دەبێت پـیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت و هیچ كاتێك هەوڵ نەدات کار لەسەر پیتاندنەوەی پـلۆتۆنیۆم بکات و، هەروەها ڕیئهکتۆری ناوکی، ئەوەی بە ئاوی قورس کار دەکات، دابخات.
سێـیەم: ئێران پێویستە مۆڵەتی بێسنوور بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات لەوەی كە دەستی بە هەموو دەزگه ناوکیـیەکان ڕابگات، بە سەربازی و ناسەربازییشەوە.
چوارم: ئێران دەبێت سنوورێک بۆ بڵاوکردنەوەی مووشەکی بالیستی و هەڵدانی ئەو مووشەکانەی كە دەکرێت کڵاوەی ناوکی هەڵبگرن، دابنێت.
پـێنجەم: دەبێت ئێران هاووڵاتیانی ئەمریكی و هەموو هاووڵاتیانی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریكا كە بەندی كردوون، ئازاد بكات.
شەشەم: پێویستە ئێران سنوورێک بۆ پـشتیوانیکردن لە گرووپە تیرۆرستیـیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەکوو حزبوڵڵا و بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی، دابنێت.
حەوتەم: ئێران دەبێت ڕێز لە حکوومەتی عێراق بگرێت و، ڕێگە بدات كە ملیشیا شیعەکان چهك بکرێن.
هەشتەم: دەبێت ئێران سنوورێک بۆ پشتیوانیکردنی حوسیـیەکانی یەمەن دابنێت و، هەروەها بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لە یەمەن، کار بکات.
نۆیەم: ئێران دەبێت پاشەكشە بە هەموو هێزەكانی خۆی و، هەروەها هێزەكانی ژێر فەرمانی لە سووریا بكات.
دەیەم: ئێران دەبێت كۆتایی بە پـشتیوانیکردنی لە تاڵیبان و قاعیدە و ڕێکخراوی دیکەی تیرۆریستی لە ئەفغانستان بهێنێت.
یازدەیەم: ئێران دەبێت كۆتایی بە پشتیوانیکردنی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، لە تیرۆریستان و هاوپەپەیمانە میلیشیایییەكانی لە جیهاندا، بێنێت.
دوازدەیەم: پێویستە/دەبێت ئێران كۆتایی بەو ڕەفتارانەی كە جێی هەڕەشەن بۆ سەر دراوسێـکانی، کە زۆربەیان هاوپەیمانی ئەمریکان، بێنێت. ئەمە مەسەلەی هەڕەشەی وێرانکردنی ئیسڕائیل و لەناوبردنیشی دەگرێتەوە؛ هەروەها هاوێشتنی مووشەک بۆ سەر سعوودیـا و ئیمارات و هەڕەشەکردن لە هاتوچۆی دەریایی و هێرشی ئەلیکترۆنییش دەگرێتەوە."
بەرزکردنەوەی ئاستی بارگرژییەکان
پاشان لە ڕۆژی 8-4-2019 دۆناڵد ترامپ، سەرۆككۆماری ئەمریكا، لە بڕیارێكی بێوێنەدا بەفەرمی پلانی ئیدارەکەی بۆ ناساندنی "سوپای پاسدارانی ئێران"ی وەكوو "ڕێكخراوێكی تیرۆریستی" ڕاگەیاند و سوپای پاسدارانی خستە ناو لیستی ڕێكخراوه تیرۆریستییهكانی بیانی، بهتایبهت "فهیلهقی قودس"ی سهر بهو سوپایه؛ ئهمهیش بهگوێرهی ماددهی 219 له یاسای كۆچ و هاووڵاتیبوون. هەروەها ترامپ ڕای گەیاند كە ئەم هەنگاوە كە پێشتر هاوشێوەی نەبووە، لە لایەن وەزارەتی دەرەوە بهڕێوه دهبردرێت. لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە ئەم كارەی ئەمریكا ئەوە دەخاتە ڕوو، کە ئێران بەتەنیا دەوڵەتی پشتیوان لە تیرۆر نییە، بەڵکوو سوپای پاسدارانیش چالاکانە بەشداری لە پشتیوانیکردنی دارایی و بەرەوپێشبردنی تیرۆریزم دەکات. هەروەها ترامپ ئاماژەی بەوە داوە كە ئەم كارە دەربڕی ئاست و بەرفراوانیی گوشارەكانی بێوێنەی ئەمریكایە بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران. لە لایەكی تریشەوە ترامپ پێداگریی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەمە بەو واتایەیە لەمە بەدواوە هەر دامەزراوە و كۆمپانیایەك لە جیهان لەگەڵ سوپای پاسداران ئاڵوگۆڕی بازرگانی یاخود هەر پەیوەندییەكی هەبێت، ئەوە بەشداریی لە دابینكردنی دارایی بۆ تیرۆریزم كردووە. لە بەرامبەردا ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییی ئێران بەتوندی ئیدانەی بڕیارەکەی ئەمریکا لەبارەی سوپای پاسدارانی کرد و ڕای گەیاند: "ئیدارەی ئەمریکا وەک پاڵپشتیکاری تیرۆر دەناسێنین و هەموو ئەو هێزانەی سەر بە "سێنتکام"ن لە لیستی تیرۆری ئێمەدان." بۆ ڕوونكردنەوەی هۆكارەكان و چۆنێتی و چییەتیی ڕەفتار و بڕیارەكانی ترامپ لە ئاستی دەرەكیدا، پێویستە ئاوڕ لە ڕەگەز و بنەماكانی دكتۆرینی ئاسایشی نەتەوەیی و، بەم پێیەیش ستراتیژیی سیاسەتی دەرەكیی "ترامپ" بدەینەوە. كۆڵەكەی سەرەكیی دكتۆرینی ترامپ، لە دروشم و پاشان ستراتیژیی "ئەمریكا یەكەم" (America first)دا خۆی دەبینێتەوە. بەڵام ڕەگەزەكانی ئەم ستراتیژییە لە چوارچێوەی چەندین سیاسەتی دیكە لە ئاستی كردەییدا بەرجەستە دەبێت، كە لێرەدا ئاماژە بە گرنگترینیان دەكەین:
یەکەم: بەرزكردنەوەی بارگرژییەكان بۆ سڕینەوەی بارگرژی بۆ چەسپاندنی هێژموونی ئەمریكا: (Escalation For De-escalation)
دووەم: چەسپاندنی ئاشتیی دەسەڵاتدارانە لە ئاستی نێودەوڵەتی: (Bullying Peace)
سێیەم: پەیڕەوكردنی هاوپەیمانێتیی كەمتێچوو بۆ ئەمریكا لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی: (Low -Cost Alliance)
چوارەم: وهڵامدانەوەی سەربازی بۆ هەڕەشەكانی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا: (Military Response)
پێنجەم: سیاسەتی نەتەوەگەراییی پاڵپشتیكەرانە لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەكیدا لە بواری ئابووری: (National Protectionism)
بەپێی ستراتیژیی سیاسەتی دەرەکی و دكتۆرینی وێناکراوی "دۆناڵد ترامپ" دەتوانین بارگرژییەکانی ئەم دوایییەی نێوان ئەمریکا و ئێران بەم شێوەیە پۆلین و شرۆڤە بکەین:
١- ئێران ڕای گەیاندووە کە هەڵپەساردنی پابەندبوونی ئێران بە بەشێک لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەپێی ماددەی ٢٦ و ٣٦ی ڕێککەوتنەکە لە بەرامبەر سزا و ئابڵووقەکانی ئەمریکا کراوە، بەڵام لە ڕاستیدا ماددەی ٣٦ وا دەکات کە لە کۆتاییدا کێشە و ناکۆکییەکە بچێتەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەم پێیە ئەگەری دووبارە گەڕانەوەی هەموو بڕیارەکانی تایبەت بە ئابڵووقە و سزای سەر ئێران بەو پێیەی کە ئەمریکا مافی ڤیتۆی هەیە، بگەڕێتەوە.
٢- هەرچەندە ئێران هەڵپەساردنی پابەندبوونی خۆی بە نەفرۆشتنی یۆرانیۆمی پیتێندراو و ئاوی قورس ڕاگەیاندووە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەمریکا چەند ڕۆژێک پێشتر ئەو دوو بابەتەی خستنە چوارچێوەی سزاکانی سەر ئێران. بەم واتایە کە ئێران چیتر ناتوانێت ئاوی قورس و یۆرانیۆمی خۆی بفرۆشێت.
٣- ڕەفتار و کاردانەوەکانی ئێران لە ڕاستیدا دوو ڕەهەندی سەرەکی لەخۆ دەگرێت: لە لایەک پەیامێکە بۆ ئەوروپا و ڕووسیا و چین بۆ ئەوەی کە ئێران لە ئابڵووقە و سزا تاقەتپرووکینەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران ڕزگار بکەن و، لە لایەکی تریشەوە هەوڵ دەدات ڕای گشتیی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپی، بەو پێیەی کە ئەگەری دەرچوونی ئێران لە ڕێککەوتنەکە هەیە، لە دژی ئەمریکا لە قازانجی خۆی بگۆڕێت. واتا، لەم ڕێگەیەوە کەلێنێک لە سیاسەت و هەڵوێستی ئەوروپا و ئەمریکا لە بەرامبەر ئێراندا دروست بکات بۆ ئەوەی دەوڵەتانی ئەوروپی پابەند نەبن بە سزاکانی ئەمریکا. چونکە میکانزمی ئەوروپییەکان بۆ بازرگانی لەگەڵ ئێران ناسراو بە ئینستێکس (The Instrument in Support of Trade Exchanges (INSTEX تاوەکوو ئێستا جێبەجێ نەکراوە و ئەوروپییەکان نەیانتوانیوە لەم ڕێگەیەوە چاوەڕوانییەکانی ئێران لە شکاندنی گەمارۆکانی سەر ئێران بێننە دی. هەر بۆیە ڕۆحانی ڕای گەیاند کە ئەوروپییەکان پێویستە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا بڕیار بدەن و پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان لە چوارچێوهی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بن و بەپێچەوانەوە ئێران کاردانەوەی زیاتری دەبێت.
٤- هەر لە پەیوەندی لەگەڵ خاڵی سەرەوە، ڕۆحانی بەئاشکرا ڕای گەیاند کە ئەگەر ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە لەژێر گوشاردا بێت و ئهوروپییەکان نەتوانن بەڵێنەکانیان بەرنە سەر، ئەوە ئێران چیتر ناتوانێت ڕێگە لە لێشاوی پەنابەر و کۆچبەران و، هەروەها ماددەی هۆشبەر و تیرۆریزم بۆ وڵاتانی ئەوروپی بگرێت و ئەمەیش بەڕوونی هەڕەشەیە لە وڵاتانی ئەوروپی کە ئەم پرسانە بۆیان پرسگەلێکی ئاسایشین. بۆیە ئەمەیش وەکوو کارتێک بۆ گوشارخستنە سەر ئەوروپییەکان لە ڕابردوو و ئێستادا لە لایەن ئێرانەوە کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
٥- سەردانی لەناکاوی پۆمپیۆ لە ڕۆژی ٧-٥-٢٠١٩ بۆ عێراق، لە لایەک پەیامێک بوو بۆ ئێران کە پێش ئەوەی هەر هەڕەشە و مەترسییەک بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە دروست بکات بیر لە کاردانەوە و تێچووە قورسەکانی بکاتەوە و، لە لایەکی تریشەوە هۆشدارییەک بوو بۆ عێراق بۆ ئەوەی لە ئێران دوور بکەوێتەوە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بپارێزێت و ڕێگە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی وەکوو بزووتنەوەی نوجەبا و بەدر و... بگرێت کە بە فەرمانی ئێران جووڵە و چالاکی لە دژی ئەمریکا بکەن.
٦- ڕەوانەکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئابراهام لینکۆڵن و فڕۆکەی بۆمهاوێژی بی ٥٢ی ئەمریکا بۆ کەنداو و ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئەم کارە پەیامێکە بۆ ئێران و لە هەر هێرشێک بۆ سەر بەرژەوەندی و هێزەکانی ئەمریکا ئەوە ئێران بەرپرسیارە و ڕووبەڕووی توندترین کاردانەوە دەبێتەوە، خاڵی بەهێزی ئێران لە ناوچەکە پووچەڵ دەکاتەوە کە بریتییە لە جەنگی بەنوێنەرایەتی لە لایەن هێزە توندڕەوە شیعەکانی ناوچەکە. لێرەوە کۆماری ئیسلامی چیتر ناتوانێت لەسەر بنەمای جەنگی ناهاوسەنگ/ناهاوتەریب هەڕەشە لە هاوپەمانانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بکات. لە لایەکی تریشەوە چیتر ئێران ناتوانێت بە ڕێگەی هەڕهشەی توانا مووشەکییە بالستییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوسەنگیی هێز بگۆڕێت. بۆیە لەم سۆنگەیەوە ئاڵقەی گەمارۆ ئابووری و سەربازییەکان، یەکتری تەواو دەکەن.
٧- لە لایەکی تریشەوە ڕەوانەکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئابراهام لینکۆڵن و فڕۆکەی بۆمهاوێژی بی ٥٢ی ئەمریکا بۆ کەنداو، ئامادەکارییە بۆ هەر هەڕەشە و مەترسییەکی ئێران لە کاتی ڕاگەیاندنی پرۆژەی ئاشتیی فەڵەستین و ئیسڕائیل، ناسراو بە "سەودای سەدە". بەم واتایە کە چیتر کۆماری ئیسلامی ناتوانێت بە هاندانی گرووپە توندڕەوەکان ڕێگە لە جێبەجێکردنی پرۆژەکە -سەرەڕای قبووڵکردن یان نەکردنی لە لایەن فەڵەستینییەکانەوە- بگرێت و هەڕەشە لە ئیسڕائیل بکات.
٨- هێرشە مووشەکییەکانی گرووپی توندڕەوی جیهادی ئیسلامی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ سەر ئیسڕائیل، بەشێک بووە لە هاوکێشە سەربازی و ئاسایشییەکانی نێوان بەرەی ئەمریکا و بەرەی ناسراو بە بەرگری (ئێران). بەم واتایە کە ئەم هێرشانە وەکوو وهڵامێک بووە لە لایەن ئێرانەوە بۆ گوشار و سزاکانی ئەمریکا و، هەروەها هەڕەشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران لە سووریا و ئەگەری هێرشی ئیسڕائیل لە داهاتوودا بۆ سەر بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران و، هەروەها هێزە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.
کۆبەند
سیاسەت و ڕەفتاری ئەمریکای سەردەمی ترامپ لە هەمبەر ئێران لە چوارچێوەی "بەرزکردنەوەی بارگرژییەکان بۆ سڕینەوەی تەنگژەکان"دا شرۆڤە دەکرێت. بەم واتایە کە ئەمریکا بەپێی پێگە و هێزە بێوێنەکەی لە ئاستی جیهانیدا لە قۆناغی یەکەمدا هەوڵ دەدات کە هەموو ئامرازەکانی جەنگی دەروونی و ڕاگەیاندن و ئابووری و سەربازی و سیاسی و دیپلۆماسییەکان بەکار بێنیت بۆ ئەوەی بە بەرزکردنەوەی تێچوو و ئاستی بارگرژییەکان لایەنی بەرامبەر بەچۆکدا بێنێت. ئەمەیش بە شێواز و میکانیزمی جۆراوجۆر لەگەڵ کۆریای باکوور و چین و ڕووسیا و تەنانەت ئەوروپییەکانیش کراوە. دەرچوونی ترامپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ٥+١ و پاشان سەپاندنی گەمارۆ و سزا قورسە دارایی و ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران و ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێرانی وەكوو "ڕێكخراوێكی تیرۆریستی" و چوونی سوپای پاسداران بۆ ناو لیستی ڕێكخراوه تیرۆریستییهكانی بیانیی ئەمریکا و پاشان ڕەوانەکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئابراهام لینکۆڵن و فڕۆکەی بۆمهاوێژی بی ٥٢ی ئەمریکا بۆ کەنداو، لەو چوارچێوەیەدایە. لە بەرامبەردا، سیاسەت و ستراتیژیی ئێران بێجگە لە کەڵکوەرگرتن لە هێزە توندڕەوەکان یاخود جەنگی بەنوێنەرایەتی لە هەر ئەگەر و پێشهاتێك، لە لایەک دروستکردنی درز و کەلێنه لە نێوان ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی و، لە لایەکی ترەوە گرتنەبەری سیاسەتی ناسراو بە "سەبری ستراتیژیک"ە. بەم واتایە کە ئێران هەوڵ دەدات بە ڕێگەی تێپەڕاندنی کات و چاوەڕوانی بۆ تەواوبوونی خولی سەرۆکایەتیی ترامپ و هەڵبژاردنی کەسێکی سەر بە دیموکراتەکان یاخود بەرگریکردن لە هەمبەر گوشار و سزا ئابوورییەکان و چاوەڕوانی بۆ ماندووبوونی ترامپ و ئەگەری گۆڕانی هەڵوێستی ترامپ، ئەم قۆناغە تێ پەڕێنێت.
هەڵپەساردنی پابەندبوونی ئێران بە چەند ماددەیەک لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بە ئاراستەی دروستکردنی درز و کەلێنه لە نێوان ئهوروپا و ئەمریکادا. بەم واتایە کە ئێران لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت دڵەڕاوکێ ئاسایشییەکانی ئەوروپییەکان لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، بقۆزێتەوە بۆ ئەوە کە سزاکانی لە ڕێگەی ئەوروپییەکان سووکتر ببێتەوە و پاشان کات لە بەرژەوەندیی ئێران لە ئەمریکا بگۆڕدرێت. بەڵام ئێران ئەوە باش دەزانێت پابەندبوون و مانەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، تاکە گەرەنتیی پاڵپشتیی ڕووسیا و چین و ئەوروپییەکانه لە هەمبەر ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران؛ چونکە بەپێچەوانەی ئەوروپییەکان، ئەمریکا ئەوە دەخوازێت کە ئێران لەم ڕێککەوتنە بکشێتەوە و ئەو کاتە ئەمریکا بە هاوکاریی هاوپەیمانە ناوچەیییەکانی خۆی، یان هێرش دەکاتە سەر ئێران یاخود دووبارە ئێران ناچار دەکات کە ڕێککەوتنێکی گشتگیری لەسەر هەموو پرسەکان لەگەڵدا بکات و بە هەموو ١٢ مەرجەکەی ڕازی بێت؛ کە ئەمەیش بۆ ناسنامە و سیستەمی سیاسیی کۆماری ئیسلامی، ئەستەمە.
ڕاستییەکی تر ئەوەیە کە بەپێچەوانەی لێدوان و پێشبینییەکان لە ئەگەری ڕوودانی هەر پێکدادانێک لە نێوان ئێران و ئەمریکادا، ئەوە تەنیا لە چوارچێوەی جەنگێکی سنوورداردا نامێنێتەوە بەڵکوو بۆ جەنگێکی گشتگیر و سەرتاسەری لە دژی ئێران لە ناوچەکەدا دەگۆڕێت. بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەمریکا دەخوازێت ئێران بە مەرجەکانی ڕازی بێت و ڕێککەوتنێکی نوێ بکات، بەپێچەوانەیشەوە ئەوە ئەمریکا بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا (بەتایبەتی ئیسڕائیل و سعوودیا) خۆی بۆ جەنگێک ئامادە و تەیار کردووە.