پەرویز ڕەحیم قادر/ مامۆستای بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و دیپلۆماسی لە زانكۆی سەڵاحەددین
پێشەكی
كێشە و بارگرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، بەتایبەتی لەم ماوەیەی دواییدا بە هۆی دەرچوونی ئەمریكا لە ڕێككەوتنی ئەتۆمیی 5+1 لە 8ی ئایار 2018 و، هەروەها دووبارە سەپاندن و گەڕاندنەوەی ئابڵووقە و سزا دارایی و ئابوورییەكانی سەر ئێران، پێی ناوەتە قۆناغ و ئاستێكی پڕ لە ئەگەری پێكدادانی سەربازیی ڕاستەوخۆ. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە كە، ئێران زیاتر لە ئەمریكا هەڕەشە و بژاردەی سەربازی نمایش و بەرجەستە دەكات و ئەمریكا بەڕواڵەت دانی به خۆیدا گرتووە و خۆی لەم بژاردەیە بهدوور دهگرێت. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین ئەم پرسە و ئەگەر و هۆكارەكانی ڕوون بكەینەوە.
ستراتیژیی نوێی كۆماری ئیسلامیی ئێران: باگرژی تاكوو لێواری پێكدادان
له ڕێكەوتی (13-6-2019) لە کەنداوی عوممان نزیک لە گەرووی هورمز، هێرش کرایە سەر دوو کەشتیی نهوتههڵگر و، ئیمارات، سعوودیا و نۆروێژ، نەتەوە یەكگرتووەكانیان ئاگادار كردەوە كە كەشتییە بازرگانییەكانیان لە سنوورە ئاوییەكانی ئیماراتدا (فوجەیرە) كراونەتە ئامانج و زیانیان پێ گەیشتووە. دوو ڕۆژ دوای هێرشی سەر كەشتییەكان، حكوومەتی سعوودیا ڕای گەیاند كە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دوو وێستگەی دەرهێنانی نەوتی سعوودیایان كردووەتە ئامانج و، دواتریش هێزە شیعەكانی حووسی لە یەمەن بەرپرسیارێتیی هێرشەكەیان گرتە ئەستۆ. پاش ئەوە لە ڕۆژی (20-6-2019) فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (RQ-4 Global Hawk)ی ئەمریکی لە لایەن ئێرانەوە خرایە خوارەوە؛ لە پاش خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ڕای گەیاند، خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئەمریکییەکە، پەیامێکی ڕوونە بۆ ئەمریکا. پاشان ڕۆژنامهی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردووه، سهرۆكی ئەمریکا ڕازی بووه هێرش بكرێته سهر ئێران، وهك وهڵامێك بۆ تێكشكانی فڕۆكهكهی ئەمریکا، بهڵام كتوپڕ له بڕیارهكهی پاشگهز بووهتهوه.
ڕاستییهكهی، پاش ئەوەی لە ڕێكەوتی 8ی ئایار 2018 ترامپ كشانەوەی وڵاتەكەی لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی (5+1) ڕاگەیاند و دواتر لە 7ی ئابی 2018، ئەمریكا گەڕی یەكەمی سزاكانی ئەمریكای بۆ سەر ئێران چالاك كردەوە كە چەند كەرتێكی جیاجیای وەك: مامەڵەكردن بە دۆلار و گواستنەوەی داهاتەكانی ئەو وڵاتە بۆ بانك و دامەزراوە ئێرانییەكانی دەگرتە خۆ، پاشان لە 5ی تشرینی دووەمی 2018 گەڕی دووەمی سزاكانی بەسەر ئێراندا سەپاند كە كەرتی وزە و هەناردەكردنی نەوتی ئەو وڵاتەی گرتەوە و، هەروەها بە ناساندنی "سوپای پاسدارانی ئێران" وەكوو "ڕێكخراوێكی تیرۆریستی" لە ڕێکەوتی 8-4-2019، ئێرانییەکان لەوە تێ گەیشتوون کە بە سیاسەتی پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتن و پەیڕەوکردنی "چاوەڕوانیی ستراتیژیک" زیاتر گۆشەگیر دەکرێن و، پاشان ئەگەر دانوستاندنیش بکرێت لە پێگەیەکی زۆر لاوازەوە، دەبێت بچنە ئەو دانوستاندنانەوە لەگەڵ ئەمریکا و، ئەمەیش ڕەوایەتیی ناوخۆیی و نفووزی دەرەکییان لاواز و لەرزۆک دەکات و لە هەمان کاتیشدا ناچاریان دەکات کە بە مەرجەکانی ئەمریکا (١٢ مەرجەكهی پۆمپیۆ) ڕازی بن. بۆیە ئێران پێویستی بە هێنانەئارای هەلومەرجێکی نوێ هەبوو. هەر ئەوەیش وای كرد كە ئێران ئاستی بارگرژییەكان لە ڕێگەی هەڕەشە و هێرشی سەربازی بەرز بكاتەوە كە هێرش بۆ سەر دامەزراوەكانی نەوتی سعوودیا لووتكەی ئەو ستراتیژییە نوێیەیە.
به هۆی ئهو هێرشهی لە ڕۆژی 14ی ئەیلوولی 2019 كرایه سهر دامهزراوهكانی كۆمپانیای ئارامكۆ – (Saudi Aramco) لە سعوودیا كه گهورهترین وڵاتی بهرههمهێنانی نهوته له جیهاندا، بهرههمهێنانی ڕۆژانهی نهوت لهو وڵاته ٥،٧ ملیۆن بهرمیل كهمی كرد. له بهرامبهر ئهوهیشدا نرخی نهوت له سهدا ١٠ بەرز بووەوە. لهو هێرشانهدا هەرچەندە هیچ كوژراو و بریندارێكی لێ نهكهوتهوه، بەڵام حووسییهكانی یهمهن بانگهشهی ئهوهیان كرد كه به ١٠ فڕۆكهی بێفڕۆكهوان ئهو هێرشهیان ئهنجام داوه. "عادل جوبێر"، وەزیری دەوڵەتی سعوودیا بۆ كاروباری دەرەوە لە ڕێكەوتی 21ی ئەیلوولی 2019 ڕای گەیاند: "ئەو هێرشەی كرایە سەر دوو دامەزراوەی نەوتی كۆمپانیای ئارامكۆی سعوودیا، بە چەكی ئێرانی بووە و سەرچاوەكەیشی یەمەن نەبووە و لە باكوورەوە هێرشەكە كراوە." هەروەها گوتی: "لە ماوەكانی ڕابردوودا بە 250 مووشەكی بالیستیی دروستكراوی ئێران و 150 فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرش كراوەتە سەر سعوودیا؛ ئەمەیش ڕووی ڕاستەقینەی ئێران لە پشتیوانیی تیرۆر دەردەخات كە پێچەوانەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەكانە."
بۆچی ئەمریكا دان بەخۆیدا دەگرێت؟!
ستراتیژیی نوێی ئێران لە بەرانبەر ئەمریكادا لەسەر چەندین فاكتەر و گریمانە دانراوە كە هەر ئەوانەیش وا دەكات كە ئەمریكا لە هەمبەر ئێراندا دان بەخۆیدا بگرێت. گرنگترین خاڵەكانیش بریتین لە:
كۆبەند
ڕاستییەكەی ئەوەیە كە بەرزكردنەوەی ئاستی بارگرژییەكان تاكوو ئاستی پێكدادانی سەربازی لە لایەن ئێرانەوە، بۆ دووركەوتنەوەیە لە جەنگ و هێرشی سەربازی بەسەر ئێران. بەم واتایە كە ئێران لە ڕێگەی ئەم ستراتیژییەوە چۆتە قاوغی بەرگرییەوە و دەیەوێت چەندین ئامانج بپێكێت كە گرنگترینیان دانوستاندنە؛ بەڵام لە پێگەیەكی بەهێز و پاشان شكاندنی ئابڵووقە و سزاكان و، هەروەها دوورخستنەوەی ئەگەری هێرشی سەربازی (سنووردار یاخود هەمەلایەنە) بۆ سەر ئێران و بەرفراوانكردنی سنووری جوگرافیی ئەو جەنگە گریمانەكراوە بۆ هەموو ناوچەكە. بەڵام گوشارەكانی ئەمریكا وا دەكات ئێران ترسی لە لەدەستدانی زیاتری ڕەوایەتیی ناوخۆیی و سەرهەڵدانی شۆڕش و ناڕەزایەتی و پاشان ڕووخانی سیستەمەكەی هەیە؛ لە لایەكی تریشەوە ئەگەر ئێران لە هێرشەكانی هاوشێوەی ڕابردوو وەكوو هێرش بۆ سەر كەشتیی نەوتهەڵگر و بۆڕی و پاڵاوگە و دامەزارەوە نەوتییەكانی ئارامكۆ و خستنەخوارەوەی فڕۆكەی بێفرۆكەوانی ئەمریكا و... بەردەوام بێت، ئەوە ئەمریكا ناچار دەكرێت بیر لە بژاردەی هێرشی سەربازی بكاتەوە. بۆیە ئەم گریمانەی ئێران كە لەسەر بەڵین و كەسایەتیی ترامپ و، هەروەها لێكترازانی ئەوروپییەكان و ئەمریكا و پاڵپشتیی چین و ڕووسیا دانراوە، تا ئەو كاتە كار دەكات كە ترامپ نەتوانێت لە ئاستی ناوخۆیی لەوە زیاتر بێدەنگ و بێهەڵوێست بێت و ئەوروپییەكانیش هەست بە مەترسیی مووشەكی و ئەتۆمیی ئێران بكەن و تەنانەت چین و ڕووسیایش نەتوانن لەمە زیاتر هێرشەكانی ئێران قبووڵ بكەن. بۆیە لە هەر جووڵەیەكی ئێراندا بۆ بەرزكردنەوەی زیاتری بارگرژییەكان و ڕاگەیاندنی هەنگاوی دیكەی كەمكردنەوە پابەندییەكانی ئێران بە ڕێككەوتنی ئەتۆمی، ئەگەری پێچەوانەبوونەوەی ئەو گریمانەیانە لە ئارادایە.
بۆیە ئەگەر ئێران بۆی دەربكەوێت كە لەمە زیاتر ناتوانێت ئاستی بارگرژییە سەربازییەكان بەرز بكاتەوە و لە ئاستی گوشاری جەماوەر و ناوخۆییش چیتر توانای بەرگەگرتنی ئابڵووقە و سزاكانی نییە و ناتوانێت نەوت بفرۆشیت و لە لێكترازانی ناوخۆییی ئەمریكا و پاشان نێوان ئەوروپا و ئەمریكا بێهیوا بێت (تەنانەت چین و ڕووسیایش كێشە و گرفت و پرسی تایبەتیان لەگەڵ ئەمریكا هەیە كە زۆر لە ناكۆكییان دەربارەی پرسی ئێران هەستیارترە)، ئەو كاتە دانوستاندن دەبێتە تاكە بژاردە و ئەولەوییەتی سەرەكیی ئێران.