(خوێندنەوەیەک بۆ ململانێی هێزەکانى ناوخۆى سوپاى عێراقی لە پێناو ئاڕاستەکردنى واقعی سیاسی)
د. سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران
پایتەخت لەژێر کۆنترۆڵدایە
بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە (26-5-2021) دژەتیرۆری عێراق قاسم موسڵیح، فەرماندەی لیوای تفووفی سەر بە حەشدی شەعبییان لە ناوچەی دۆرەی باشووری بەغدا بە تۆمەتى تیرۆر دەستگیر کرد. هەر بۆ ئەو مەبەستەیش حکوومەتى عێراق بەنیاز بوو بەپێی ماددەى چوارى یاساى تیرۆرى عێراقی، دادگهییی بکات، بەڵام هێندەى نەبرد هێزەکانى حەشدی شەعبی تەواوى ناوچەى سەوز و باڵیۆزخانەى ئەمریکایان لە بەغدا تەنی و هەڕەشەى جەنگیان کرد ئەگەر بێت و سەرکردەکەیان ئازاد نەکرێ. ئەوە بوو لە بەرەنجامدا بە گوشار و هەڕەشە توانییان سەرکردەکەیان بەزۆر لەلایەن حکوومەتى عێراقەوە ئازاد بکرێ.
ئەو بڕیارەى حکوومەتى عێراق لەو ساتەدا جۆرێک لە حیکمەتى تێدا بوو؛ چونکە ئەگەر ئازاد نەکرایە، فتیلەى داگیرسانی جەنگ کە دەبوایە دواتر داگیرسێ، ئێستا دادەگیرسا. هەر بۆیە توانیى ئەو جەنگە دوا بخا. بەڵام ئاماژەکان هەندێ شتى دیکەیش دەڵێن، لەوانە:
ڕووداوەکە گەرچی لە سەرەتادایە، بەڵام ئەو چەند ئاماژەیە وەک پەیام گەیشتە حکوومەتى عێراقی و، دەبێ لەمەودوا باشتر ئاگاى لە حاڵ و دەسەڵاتەکانى خۆى بێت و بە ستراتیژییەتێکی تر بیر بکاتەوە، چونکە دەرکەوت پایتەخت لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، بەڵام لەلایەن کام دەسەڵات و هێزەوە؟ ئیدی وەڵامەکە ئاسانە و پەیامەکەیش بێخەوش گەیشت، بەوەى پایتەخت لەژێر ڕەحمەت و کۆنترۆڵی ئەو لایەنەى هێزەکانى حەشدی شەعبیدایە، کە لەلایەن خودی ئێرانەوە ئاڕاستە و سەرپەرشتی دەکرێن و تا هەنووکەیش مەرجەعییەتى نەجەف هیچ هەڵوێستى نەبووە.
حکوومەتێکی هەڵواسراو
ئەو ڕووداوە ئاماژەیەکی ئاشکرا بوو بۆ حکوومەتى عێراقی، بەوەى حکوومەتێکی هەڵواسراوە و لەسەر هیچ زەمینەیەک بونیادی نەوەستاوە، تەنیا ئەوەندە نەبێ بڕیارهكان لە چوارچێوەى دیوارەکانى کۆشکدا دەدرێن و لە واقعی پراکتیکدا بوونیان نییە و جێبەجێ ناکرێن. دەرکەوت حکوومەت نەک هەر لە پەرلەمان هیچ زەمینە و بونیادێکی سیاسیی پشتگیریى نییە و خاوەنى هیچ فراکسیۆنێک نییە و لەبەر نەبوونى تەکلیف کراوە، لەسەر ئاستى دەسەڵاتى جێبەجێکردنیش تواناى بەئەنجامگەیاندنى فەرمانەکانى خۆیشی نییە و ئەوانەى کە ئەو دژایەتییان دەکات، بەشێکی زۆریان لە تەنیشت خۆیەوە لە ئەنجومەنى وەزیران دانیشتوون و دامەزراوەکانى حکوومەت کۆنترۆڵ و بەڕێوە دەبەن.
لەسەر ئاستى هێزیش دەرکەوت کە حکوومەتى عێراقی تواناى جووڵاندنى هێزی لاوازە و بەرامبەرەکەى بەتواناترە. کەواتە لەناو سوپایشدا تواناى ئاڕاستەکردنى 25%ی هێزى نییە، کە ئەو هێزانەیش پڕچەکن و ڕاهێنانی تایبەتى لۆجیستی و مەزهەبییان پێ کراوە و مەرجەعییەتێکی ئاشکرایان هەیە و بەشێکن لە ستراتیژییەتى وڵاتى ئێران کە حکوومەتى ئێستاى عێراق بە نیازی لەقاڵبدانییەتى.
ئەمەیش کۆسپێکی کوشندەیە بۆ حکوومەتى عێراقی، بەوەى کە ناتوانێ لەسەر کام پایە بوەستێ کە هی خۆى بێت و پشتى پێ ببەستێ، بەڵکوو تەواوى پایەکانى حکوومەت لەلایەن هێزەکانى دەرەوەى دەسەڵاتەوە کۆنتڕۆڵ کراون و حکوومەت بە چەند ڕایەڵەیەک هەڵواسراوە و لە پێناو مانەوەى واقعە سیاسییەکە هێشتوویانەتەوە، دەنا هیچ زەمینەیەک پشتگیریی ناکات.
بونیادە مەترسیدارەکەى هێزەکانى حەشدی شەعبی
حەشدی شەعبی ژمارەیان بەتەواوى دیار نییە، بەڵام ئەوەندە نەبێ کە بەردەوام لە زیادبووندان. گەرچى ژمارەیان زۆربەى جار بە زیاتر لە 164 هەزار چەکدار دادەنرێن؛ لەو ژمارەیە 110 هەزاریان شیعەن و 45 هەزاریشیان سوننە و ئەوانی تر لە کەمە نەتەوایەتى و ئایینییەکانى ترن. حەشدی شەعبی لە دوو ڕەوتى سەرەکی پێک هاتوون: ڕەوتى موهەندس "جهمال جهعفهر محهمهد عهلی ئال ئیبراهيم"؛ لەدایکبووى ساڵى 1954 لە شارى بەسرە و لە 3ی کانوونى دووەمى 2020 لەگەڵ قاسم سولەیمانى لەلایەن ئەمریکییەکانەوە کوژرا و، ناسراوە بە "ئهبو مههدی موههندس" کە سەر بە ئێرانە و تەبەنیى "ویلایەتى فەقیھ" دەکات بۆ عێراق. ڕەوتى دووەمیش سەر بە سیستانییە؛ "عهلی بن محهمهد باقر بن عهلی ئهلحوسێنی ئهلسيستانی ئهلخوراسانی کە لە ساڵی 1930 لە شارى مەشهەد ڕەزا لە خوراسان لە وڵاتى ئێران لەدایک بووە و لە ساڵی 1950وە هاتۆتە عێراق و لە شارى نەجەف نیشتەجێ بووە"؛ گەورە مەرجەعی شیعە لە عێراقدا و ململانێیەکى توند لە نێوانیاندا هەیە. حەشدى شەعبی لە 67 گرووپ پێک هاتوون؛ ٤٤ گرووپیان سەر بە ئێرانن و، 17یشیان سەر بە سیستانین و، 6 گرووپەکەى تریش سەر بە هەندێ مەرجەعییەتى ترن لە عێراق. لەو 110 هەزارەى کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، 70 هەزاریان سەر بە ئێرانن و، 40 هەزارەکەى تریش سەر بە ڕەوتى عێراقین. ئەو هێزانە لە 64 لیوا بەسەر 8 بەرەدا دابەش بوون و بەپێی یاساى ژمارە 40 لە ساڵی 2016ی پەرلەمانى عێراق، وەک بەشێک لە سوپاى عێراق ئەژمار کران و حکوومەت لە ساڵی 2019وە سێ فەرمانى کارکردنى بۆ دەرکردوون، كه بریتین له ژمارە 288، 331، 337.
لە 80%ی فەرماندە و سەرکردەکانیان لە گرووپ و دەستەى حەشدی شەعبی، سەر بە مەرجەعییەتى ویلایەتى فەقیهى ئێرانن و کەمتر بواریان بۆ مەرجەعییەتى عێراقی ێشتۆتەوە و گەمارۆیان داون و هیچ بڕیارێکی چارەنووسسازیان بەدەست نییە و بەشدارى لە دروستکردنیشیدا ناکەن. هەر بۆیە هاشم ئهلهاشمی، نووسەرى شیعە لەو بارەیەوە ئەوە ئاشکرا دەکا کە، ئێستا ململانێ و شەڕى توند هەیە لە نێوان فیرقەى عەباسیی شەڕکەر کە سەر بە سیستانییە لەگەڵ فەرماندەکانى سەر بە ئێران؛ بەڵام ئەوەى جێی سەرنجە ئەوەیە کە لە ئەرزی واقع و پرۆسەى دروستکردنى بڕیارى شیعی لە عێراق، ڕەوتى ئێرانی کاریگەرتر و لە پێشەنگدایە و ڕەوتى عێراقیش لە پەراوێز. هەر بۆیە مەترسیی دروستبوونى جەنگى ناوخۆ لە عێراق، بهتایبەت ماڵی شیعە، هێندەى نەماوە بگاتە بەر دەرگهیان. هۆکارى ناکۆکییەکانیش زۆرن، لەوانە هۆکارى: سیاسی (مەرجەعییەت لە نێوان ئێرانیبوون و عێراقیبوون)؛ حزبی (چونکە زۆربەى گرووپەکان باڵی سیاسییان هەیە و هەندێکیشیان تەنانەت نوێنەریشیان لە پەرلەمان هەیە)؛ هەوڵدان بۆ دەستکەوتنى شایستە و ئیمتیازات لە دەسەڵات (جیابوونەوەکان بوون بە چەند گرووپ)؛ هەوڵی ئێران بۆ لاوازکردنى ڕەوتە شیعەکانى عێراق، بهتایبەت ئەوانەى کە سەر بە خۆى نین. لە گەورەترین گرووپەکانیشیان سەرایا سەلام بە پلەى یەکەم دێت کە سەر بە ڕێبەرى ئایینی، "موقتەدا سەدر"ە و عهسائیبی ئههلی ههق بە گرووپی دووەم دێن لە ڕووى ژمارە و هێزەوە؛ کە پێشتر بەشێک بوون لەناو سوپاى مەهدى و دواتر لێی جیا بوونەوە.
حەشدی شەعبی لەناو بوودجەى ساڵى 2021 بایەخێکی زۆرترى پێ دراوە و داتاکان ئەوە دەسەلمێنن کە زیاتر لە 2.4 ترلیۆن دینارى بۆ تەرخان کراوە کە بەرامبەر بە بوودجەى 6 وەزارەت دەکات و وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، ئەو ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ بوودجەى ساڵانى پێشوو لە 45.7% زیاترى بۆ دانراوە. هەر بۆیە لە ئاکامدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە حەشدی شەعبی تەنیا چەند گرووپێک نین کە وەک چەند هەزار چەکدارێکى بێئاییندە سەرنج بدرێن، بەڵکوو حەشدی شەعبى گرووپی چەکدارن، بەشێکن لە سوپا، ڕێکخراون، نوێنەرایەتیى ململانێی مەزهەبی و مەرجەعییەتى تەنانەت ناوماڵی شیعە دەکەن، دامەزراوەیەکی ئایینین، نوێنەریان لە پەرلەمان هەیە، حزبی سیاسین، سەربەخۆییی دارایی و بوودجەى تایبەتیان هەیە، لە دامەزراوەکانى حکوومەتدا هەن و زۆر بەهێزیش بەشدارى لە پرۆسەى دروستکردنى بڕیار و پلان و سیاسەتى وڵاتدا دەکەن؛ تەنانەت لە ساڵی 2020 توانییان زیاتر لە 6500 وەزیفە لە حکوومەت وهربگرن و بۆ خۆیان تەرخان بکهن؛ ئەمە سەرهڕاى ئەوەى کە لە خوڵگەیەکی سیاسەتى نێودەوڵەتى و ناوچەیی دەسووڕێنەوە و کارەکتەرێکى کاران لەو بارەیەوە و هۆکارێکی سەرەکیی هێرش و دژایەتى و دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانانن لە عێراقدا.
سیناریۆکان
دەکرێ لەبەر ڕۆشناییی ئەو واقعە سیاسییە سەربازییەدا، ئاماژە بە چەند سیناریۆیەک بکەین، لەوانەیش:
سیناریۆى یەکەم: مانەوەى دۆزەکە بەهەڵواسراوەیی و بەردەوامبوونى تەنگژە و گرژییەکان تا ساتێکی نادیار و دواخستنى داگیرسانی فتیلەى جەنگى ناوخۆ، کە بە جەنگى ناوخۆى سوپا دەست پێ دەکات، بەوەى هێزەکانى سوپاى عێراق ئەوانەى کە سەر بە ئێران نین لەگەڵ هێزەکانى حەشدی شەعبی دەبێ و دواتر مل دەکێشێ بۆ سیاسەت و، گرووپەکانى ناو خودی حەشدیش (ئەوانەى کە سەر بە مەرجەعییەتى عێراقن لەگەڵ ئەوانەى کە سەر بە مەرجەعییەتى ویلایەتى فیقهن) دەکەونە ململانێ؛ کەواتە ئەو بارودۆخە دژوارە تەنیا دواخستنى فتیلەى جەنگى ناوخۆیە و هیچی تر. بەڵام ئەگەرێکی تر هەیە بە ڕوونەدانی ئەو جەنگە، ئەویش کۆنتڕۆڵکردنى دەسەڵاتە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بەتەواوى، تا بەر لەو جەنگە بگرێ؛ بەڵام ئەگەر وا نەبوو، بپێچەوانەوە ئەو جەنگە خەریکە دەگاتە بەر دەرگهى خەڵکی عێراق.
سیناریۆى دووەم: گواستنەوەى ململانێی هێز بۆ سیاسەت و دامەزراوەیی، بەوەى حکوومەتى عێراقی ئەو مەیدانەى کە هەستیارە تێیدا، دەگۆڕێ بۆ مەیدانێکی تر كه خاوترە و هێزی ناوێ و، لەو سەریشەوە دزێو پیشاندان و مەترسیبوونى هێزەکانى حەشدی شەعبیە لە بەردەم ڕاى گشتى؛ بەمەیش ڕاى گشتى لە دەورى خۆى کۆ دەکاتەوە و پشتیوانیى نێودەوڵەتیش بۆ خۆى زیاد دەکات. ئەو مەیدانەیش مەیدانی کارگێڕی و دادگهیە.
سیناریۆى سێیەم: ڕوودانى جەنگى ناوخۆیە، چونکە سیناریۆى یەکەم و دووەم لەلایەن حەشدی شەعبی لە سنوورێکدا ناوەستێ و ئاستى گرژییەکان بەرز دەکەنەوە و ئەوەندە حەوسەڵەیان نییە تا پرۆسەى دادگهییکردن کۆتاییی پێ دێت؛ ئەوان لە بەرامبەر سەرکردەیەک ئەوە حەوسەڵەیان بوو، ئیدی دەبێ لە هاوکێشەکانى تر چی بکەن؟ لەوەیش زیاتر، پێشتر هیچ لە پایتەخت ڕووی نەدابوو، ئەوان مانۆڕی سەربازییان دژ بە حکوومەت دەکرد. ڕۆژانی داهاتوویش ڕاستیى بەرزبوونەوەى ئاستى گرژییەکان زێتر دەبن، ئەویش بەهۆى ململانێکانى بانگەشەى هەڵبژاردن و ئەنجامەکانییەتى، چونکە هەرگیز ئەو ئەنجامە قبووڵ ناکەن کە خۆیان نایانەوێ. ئەودەمیش سینارێۆى ڕۆژى 26/5/2021 جارێکی تر دووبارە دەبێتەوە.
گرفتەکە تەحەکومکردنە و جەنگی ئیرادەیه
ئەوەى لێرەدا گرنگە بە بیری بێنینەوە ئەوەیە، ئەو ڕووداوە و لێکەوتەکانى تەنیا مەبەست ئەوە نییە کە سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی لەلایەن دژەتیرۆرى عێراقییەوە گیراوە، بەڵکوو مەغزاکەى لەوە گەورەترە، ئەویش ململانێی ویستەکانە، بەوەى کە کام لە ئیرادەکان حوکم دەکات و ئاڕاستەى هاوکێشەکانى کۆمەڵگهى سیاسیی عێراق دەکات. ئەگەر سەرکردایەتیى حەشدی شەعبی هەر مەبەستێکی دیکەیان بێجگە لەم مەبەستە هەبوایە، بەو شێوەیە ڕەفتاریان نەدەکرد و پەنایان بۆ دامەزراوە و دادگه دەبرد. بەڵام یەکلاییبوونەوەى ئەو کەیسە لەلایەن دادگهوە بەسەر حەشدەوە، تەواوى کەسێتیی مەعنەویى حەشدی دەخستە ژێر پرسیارەوە و چەندان کارەسات و ڕووداوى ترى دژ بە ئەوانى لە دادگهکان زیندوو دەکردەوە. هەر بۆیە پەیامەکە ڕوون بوو، بەوەى کە ئاماژەیان پێ دا: ئێمەین حوکمی عێراق دەکەین نەک ئەوانەى کە لە سەر کورسییەکانى دەسەڵاتى ئەنجومەنى وەزیران دانیشتوون!