پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران
هەر بەڕاست هەڵبژاردنەکە چارەنووسساز بوو؟
وەڵامى پرسیارەکە "نەخێر"ە. بەڵام دەرخستنى وێنەکە بەو شێوەیە بۆ ئۆپۆزیسیۆن باشتر بوو، چونکە هەڵبژاردنى ساڵی 2018 زۆر لەوەى ئێستا چارەنووسساز و گرنگتر بوو؛ ئەودەم پرسی گۆڕین و وەرچەرخانى سیستەمى حوکمڕانیی تورکیا لە گۆڕێ بوو، کە تەواوى هاوکێشەکان لە دواى ئەو وادەیەوە گۆڕانکارییان بەسەردا هات. ئەدی بۆ ئەو پرسیارە لە تەواوى ناوەندەکانى دونیا، بەتایبەت ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ورووژێندرا؟ بابەتەکە تەنیا زێترکردنى بەرخۆدانى ئۆپۆزیسیۆن بوو دژ بە ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانى و هەندێ پەرچەکرداریش لە دژى قەڵەمڕەوى تورکیا لە ناوچەکە و یەکلایینەبوونەوەى ئەردۆغان لە هاوکێشە ناوچەیییهكان و جەنگى ئۆکراینا بە لاى ئەمریکا و ئەوروپادا، دەنا هەڵبژاردنى 2018 زۆر لەوەى ئێستا هەستیارتر بوو. تەنانەت نەک هەر هەڵبژاردنەکەى 2018 بەڵکوو ڕاپرسییە جەماوەرییەکە بۆ گۆڕینی سیستەمى حوکمڕانیی تورکیا لە هەردوو هەڵبژاردنەکەى 2018 و 2023 گرنگتر و هەستیارتر بوو. بەڵام پێ دەچێ ئۆپۆزیسیۆن بەو شێوەیەى ئێستا هەستیان بە مەترسییەکەى نەکردبێ، چونکە ئەودەم نە بەرەیەکیان دروست کرد و، نە ڕکابەرەکەیشیان لە بەرامبەر ئەردۆغاندا دەنگى پێویستى بەدەست هێنا.
ئەدى بۆ ململانێکان لەم هەڵبژاردنەدا ئەوەندە توند بوونەوە؟
دوو بەرەى ئایدیۆلۆژیی دژبەیەک
پێ دەچێ لە مێژووى سیاسیی تورکیادا یەکەمین جار بێ کە دوو بەرەى ئایدیۆلۆژیی جیاواز بەو شێوەیە ڕووبەڕووى یەکتر بووبنەوە:
متمانەبەخشینەوە بە دەسەڵات
لە لیستى هەڵبژاردنى هاوپەیمانیى گەل، تەواوى ناوى بەرپرسانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنى ئەنجومەنى وەزیرانی تێدا بوو. ئەمەیش ئاڵنگارییەکی گەورە بوو بۆ دەسەڵات، چونکە لە زۆرێک لە وڵاتان جارى وایە وەزیرێک کە دەکرێتەوە بەربژێر، هیچ دەنگێکی ئەوتۆ ناهێنێ و حزب و لیستەکەى دووچارى ڕووگیری دەکات. بەڵام ئەو ئەزموونە لە تورکیا بۆ بەرەى گەل تەواو پێچەوانە دەرچوو؛ بە شێوەیەک کە تەواوى ئەو کاندیدانەى ئەنجومەنى وەزیران (سەرۆکایەتیى وڵات)- بە سەرۆکی وڵاتیشەوە- بە دەنگى خۆیان دەرچوون. ئەمەیش لە ناوەندە سیاسییەکاندا بە تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتوو سەرنج دەدەرێ.
گەرچی لەسەر ئاستى حکوومەت لایەنگرانى هاوپەیمانیی گەل متمانەیان پێ دانەوە، لە لایەکی تریشەوە ئەو پەیامەیان پشتڕاست کردەوە کە ئێستا لەناو کۆمەڵگەى تورکیدا هەیە و قسەى لەبارەوە دەکرێ، ئەویش پێویستبوونى ئاکپارتى و ئەردۆغانە بۆ ئەم قۆناغەى ئێستاى تورکیا، ئەوەى کە ئاکپارتى لەماوەى ئەو بیست ساڵەدا (2002 – 2023) کردوویەتى بۆ تورکیا، لە هەشتا ساڵی (1920 – 2002) حوکمڕانیى پێش ئەوان لەو وڵاتەدا نەکراوە؛ لەسەرووى هەموویانەوە ئاکپارتى توانى سەقامگیری لەسەر ئاستى دەسەڵات بێنێتە ئاراوە، بۆ نموونە:
لەگەڵ ئەوەیشدا کە ئاکپارتی زۆرینەى کورسییەکانى بردەوە، ئایا لە هەمان پێگەى پێشووى خۆى مایەوە؟ نەخێر. بۆ ئەو بابەتە، دەتوانین بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنى ساڵی 2018، هەر سێ لایەنەکە (ئاکپارتى، جەهەپە و هەدەپە) لەسەر ئاستى هەردوو هەڵبژاردنى پەرلەمانییەکە بەم شێوەیەى خوارەوە بوون:
کەواتە ڕێژەى سەدیی کەمبوون و زۆربوونى دەنگەکانیان و کورسییەکانى پەرلەمان لە هەڵبژاردنى 2023 کە لە 81 پارێزگا و 580 شار و لە 85 بازنەى هەڵبژاردن ئەنجام درا و ڕێژەى بەشداربوونى هاووڵاتیانیش، 88.8% بوو.
داتاکان ڕۆشنن، کە دەبێ هەردوو لایەنى ئاکپارتى و هەدەپە باشتر بیر لە دۆخی خۆیان بکەنەوە و پێداچوونەوە بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەردۆغان توانیى زۆرینەى دەنگەکان لە 51 پارێزگا بەدەست بێنێ، بەرامبەر بە 30 پارێزگا بۆ جەهەپە.
پرسی ئافرەت و گەنج لە هەڵبژادنەکاندا
بەپێی داتا فەرمییەکانى تورکیا ئەو وڵاتە نزیکەى 86 ملیۆن کەس دەبن؛ لەو ژمارەیە نزیکەى 50.6% ئافرەتە. دوو توێژ هەڵبژاردنەکانى ئەم جارەیان یەکلایی کردۆتەوە، ئەوانیش گەنج و ئافرەتن. گەنجان لە (15 – 29 ساڵان) لەو ژمارەیە، زیاترن لە بیست ملیۆن، بەڵام تەمەنى (15 – 44) ساڵان لە 39 ملیۆن زیاترن. ئافرەتان لە ساڵی 2002 تەنیا 20%ی هێزى کاریان پێک دەهێنا، بەڵام ئەو ڕێژەیە ساڵی 2023 بەرز بووەوە بۆ 40.3%. لە کۆى 3340 بەربژێر، 933 ئافرەت بوون، کە دەکاتە 28%ی بەربژێران لە لیستەکانیاندا (ئاکپارتى 113، جەهەپە 147، باش 152، مەهەپە 90، هەدەپە 41% لیستەکە). ساڵی 2018 زۆرینەى ئافرەتانى تورکیا دەنگیان بە هاوپەیمانیى گەل دا. هەمان پرسیار لەلایەن دامەزراوەى دیموکراسیی کۆمەڵایەتیى تورکیاوە بۆ هەڵبژاردنى ساڵی 2023 لە ئافرەتانى ئەو وڵاتە کرایەوە؛ بەرەنجامەکەى ئەوە بوو کە 68.7%ی ئەوانەى کە پێشتر دەنگیان بە هاوپەیمانیى گەل داوە، سەرلەنوێ دەنگی پێ دەدەنەوە. بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا لایەنەکان لە چەندان پارێزگا کاندیدی ئافرەتیان نەبوو، بۆ نموونە:
بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ڕێژەى ئەندامانى ئافرەت لە پەرلەمانى نوێى تورکیا بۆ 2023 لە هەڵبژاردنەکانى پێشوو زیاتر بوون:
پێگەى تورکیا
ئەمە مشتومڕیکی گەرمی هەڵبژاردن بوو. زۆرێک لە لایەنەکان و وڵاتانى ناوچەیی و نێودەوڵەتى لەسەر ئەو بابەتە تێبینی و گازەندەیان دەرهەق بە ئەردۆغان هەیە، بەوەى تورکیاى خزاندۆتە نێو کۆمەڵێک هاوکێشەوە کە لێکەوتەى دژوار و مەترسییان بۆ پرۆسەى سیاسی و ئابووریى وڵات هێناوەتە کایەوە. ئەمە یەکێک بوو لە تەوەرە گەرمەکانى هەڵمەتى هەڵبژاردن: کەمکردنەوەى قەڵەمڕەوی تورکیا لە ناوچەکە، پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، وڵاتانى عەرەبی، دۆسیەی سووریا، یۆنان، قەوقاز، پەیوەندییەکانى لەگەڵ چین و ڕووسیا، هەڵوێستى تورکیا دەربارەى جەنگى ئۆکراینا، پەیوەندییەکانى لەگەڵ وڵاتانى ئەندام لە ناتۆ، سوید و نەروێژ، لیبیا، فەلەستین و...، کە کەم دۆسیە هەیە لە ناوچەکە و جیهانى ئیسلامی، تورکیا دەستی تێ وەرنەدابێ؛ ئەوانەیش تورکیاى خستە بەردەم قەیرانێک لە پەیوەندییەکانى دەرەوە. بە مانایەکی دی: دەرچوونەوەى ئەردۆغان بەردەوامیی ئەو پەیام و پرۆسەیەیه و، سیاسەتەکانى فراوانخوازییش هەر دەمێنێ.
سەربارى هەموو ئەو گرفتانە و تەنگژەکانى ناوخۆ: لەسەر ئاستى پرۆسەى سیاسی، ئابوورى، کۆمەڵایەتى، ئایینى، مافی مرۆڤ، پرسی کورد و...، تا ڕاددەیەک ئەو وڵاتەى دووچارى شۆک و شەتەک کردووە؛ دۆسیەکانى پێشێلکردنى مافی مرۆڤ ڕۆژ لە دواى ڕۆژ لە هەڵکشاندان، هەڵمەتە سەربازییەکان دژى پەکەکە توندتر و فراوانتر دەبن. تورکیا لە 20/3/2021 لە ڕێککەوتننامەى ئیستانبوول کشایەوە، کە ڕێککەوتننامەیەکی ئەوروپییە و پەیوەندیدارە بە توندوتیژیى خێزانى و دژ بە ئافرەتان. یاساکان تا دێ گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، تا ئەو ڕاددەیەى کە خەریکە ڕوخسارى ڕۆژهەڵاتی، دیسانەوە بەسەر کۆمەڵگهى تورکیدا زاڵ دەبێتەوە و نەریتی سیکیولار بەرەو دابەزینە؛ ئەوەى کە ماوەى ساڵانی 1920 – 2002 کارى لەسەر دەکرا، تا ببێتە کۆمەڵگەیەکی کراوەى عەلمانی وەک ئەوروپا.
سەربارى هەموو ئەو بارە ناهەموارانە، بەڵام تورکیا توانیویەتى لە پێگەى خۆیدا لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە بمێنێتەوە. لەسەر ئاستى ناوخۆ گەرچی نرخەکان 70% زیاد بوون و ڕێژەى سوود لەسەر کاڵا و پیشەسازی کەم کراوەتەوە یان نەماوە و ڕێژەى هەڵاوسانیش خەریکە 50% تێ دەپەڕێنێ، بەڵام ڕێژەى بەرهەمهێنان زیادی کردووە و تا هەنووکە تورکیا ئەندامى کاراى G20))ه. گەرچی ساڵی 2021 لە ڕیزبەندى 16دا بوو و داهاتى ساڵانەى زیاتر لە 809.55 ملیار دۆلار بوو، بەڵام لە ساڵی 2022 لەو ڕیزبەندییە نەما و هاتە 17و داهاتى ساڵانەى دابەزی بۆ زیاتر لە 743 ملیار دۆلار و عەرەبستانى سعوودی پێشی کەوت.
تورکیا لە حەوت ساڵی ڕابردوودا زۆر بایەخى بە پیشەسازیی سوپایی دەدا، بۆ ئەوەى دوو ئامانج بپێکێ: لە لایەک خۆى پێداویستییەکانى خۆى پڕ بکاتەوە و ژێرخانێکی نیشتمانى لەو بارەیەوە بونیاد بنێ؛ لە لایەکی تریشەوە ببێتە بەشێک لە ئابوورى و بازرگانیى دەرەوەى وڵاتەکەی و وەک دەوڵەتانی تری ڕۆژاوا لە فرۆشتنی چەک داهاتی زێتری دەست کەوێت. بۆ ئەو مەبەستە تورکیا لە ساڵی 2022 زیاتر لە 254 ملیار دۆلار وەبەرهێنانى لەو بوارەدا کردووە. هەر لەگەڵ ئەو بارە ناهەموارەیشدا و لەگەڵ ئەو وێنە شێواوەى کە ئۆپۆزیسیۆن لەسەر ناوخۆى تورکیا داویەتییە ڕۆژاوا و جیهان، بەڵام ڕێژەى گەشتیار و پیشەسازیی گەشتیارى بەردەوام لە هەڵکشاندا بووە، بۆ نموونە ساڵی 2019 داهاتى بەدەستهاتوو لە بوارى گەشتیارى 34.5 ملیار دۆلار بووە، بەڵام ئەو ڕێژەیە لە داهات ساڵی 2022 بەرز بووەوە بۆ 46.3 ملیار دۆلار، کە لەو ساڵەدا زیاتر لە 45 ملیۆن گەشتیار لە تەواوى دونیاوە سەردانى ئەو وڵاتەیان کردووە، کە لە ڕیزبەندیی گەشتیاران خەڵکی ئەڵمانیا بە پلەى یەکەم دێن کە 5.679.194 کەس بووە؛ هەر لەناو ژمارەکاندا عێراقیش هەیە کە لە ساڵی 2022 زیاتر لە 1.208.895 کەس سەردانى ئەو وڵاتەیان کردووە.
لە شوباتی 2023 زەمینلەرزەیەکی بەهێز لە 11 پارێزگای تورکیای داز بەپێی داتاکانى بانکى نێودەوڵەتى، خەسارەتەکە بە 34 ملیار خەمڵێنرا، بەڵام حکوومەتى تورکیا ئەو خەسارەتەى کە لە بومەلەرزەکەوە دووچارى هاتووە، زیاترە لە 104 ملیار دۆلار. ئەردۆغان ئەم بابەتەی زۆر بەجددى وهرگرتبوو و، دەیزانى دەبێتە بابەتێکی گەرمی هەڵمەتەکانى هەڵبژاردن. بۆ هەر پارێزگایەک وەزیرێکی بە بەرپرس دانابوو و خێراترین و باشترین خزمەتگوزارییان پێشکەش کرد؛ سوودیشی لە کۆمەکییە نێودەوڵەتییەکان وەرگرت. هەر بۆیە زۆرێک لە نیگەرانى و گلەییی لەسەر لاچوو، بەڵکوو زیاتر لەوەیش، بووە خاڵێکی پۆزەتیڤ بۆ هەڵبژاردن سەبارەت بەو هەوڵەى کە هەیانبووە لەو شارانەى کە بوومەلەرزەکە لێی دان، چونکە خودی ئەو 11 پارێزگایە خاوەنى 91 کورسیی پەرلەمانی بوون، کە دەکاتە 15.16%ی کۆى دەنگەکان لە هەڵبژاردندا. هەر بۆیە لە زۆربەى ئەو شارانە زۆرینەى دەنگیان بەدەست هێنا؛ لە سەرووى هەموویانەوە پارێزگاى مەرەش.
هەڵوێستى دەوڵەتانى ناوچەیی و نێودەوڵەتی
لەسەر ئاستى ناوچەکە
ئەردۆغان پێش ساڵێک گەڕایەوە بۆ پڕهنسیپەکەى داودئۆغلو تا گرفتەکان و قەیرانەکانى لەگەڵ وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا سفر بکاتەوە و چهند جووڵەیهكی دیپلۆماسیی دهست پێ كرد: لەگەڵ سووریا لە هەوڵی ئاشتەواییدایە، لەگەڵ میسر تا ڕاددیەک ئاشت بۆتەوە، لەگەڵ وڵاتانى کەنداو پەیوەندییەکان ئاسایی بوونەتهوە، لەگەڵ یۆنان بارگرژییەکانى جاران نەماون، بەرەى دەوڵەتانى تورکزمانی لە شەش دەوڵەت لە ئاسیاى ناوەڕاست دروست کرد، لە ئەفغانستان ڕۆڵی بەرچاوى پێ درا لە ساتی کشانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان، کە ئەمانە هاوسەنگییان هێناوەتەوە ئاراوە، بەڵام هێشتا ئاکامەکانى دیار نین. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دەوڵەتانى ناوچەکە، بهتایبەت وڵاتانى عەرەبی، ئارەزووى مانەوەى ئەردۆغان ناکەن، چونکە زۆر دەستی لە کاروبارى ناوخۆیان وەردەدا و؛ بۆ ئەو بابەتەیش سیاسەتى کەمال کلیچدارئۆغلو پێچەوانەى ئەردۆغانە.
ئێران یەکێک بوو لەو وڵاتانەى کە ئارەزووى ڕۆیشتنى ئەردۆغانیان دەکرد، بەڵام بەفەرمی هیچی نەگوت. هاتنى کەمال کلیچدارئۆغلو کە خۆى عەلەوى بوو، لە بەرژەوەندیى ئەوان بوو، چونکە ئەردۆغان خۆى پەیامێکی سیاسیی بۆ دەوڵەتى تورکیا هەیە و بریتیشە لە بەرەیەکی سوننە لە ناوچەکە، کە خەڵکی لە دەورى کۆ دەبنەوە. بە نەمانى ئەردۆغان بۆشاییی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست زیاتر دەبوو و ئێران باشتر دەیتوانى بیقۆزێتەوە و کارى تێدا بکات، چونکە تورکیا ڕکابەرێکی سەرسەختى مێژووییی ئێرانە بۆ هەژموون بەسەر ناوچەکەدا. بەڵام هەندێ زانیاریى تریش هەن باس لەوە دەکەن، کە بە ڕۆیشتنى ئەردۆغان گوشارى زیاترى ململانێکان دەکەوێتە سەر ئێران و بەتەنیا بەجێ دەمێنێ لە ناوچەکە لە بەردەم هەژموونى دەوڵەتانى ڕۆژاوا.
لەسەر ئاستى وڵاتانى ئەوروپی و ئەمریکا
ئەوروپییەکان زۆر لە ئەردۆغان نیگەرانن. ئارەزووى دەرچوونەوەیان نەدەکرد، بەڵام ناتوانن تورکیا پەراوێز بخەن و بایەخی پێ نەدەن، چونکە پێگەکەى هیچ جۆرە سازشێکی لەسەر ناکرێ. هەر بۆیە تا بۆیان بکرێ نازەکانى هەڵدەگرن، تا نەچێتە بەرەى چین و ڕووسیا. خۆیشیان باش لەوە تێ گەیشتوون کە تورکیا نیازی چوونە ئەو بەرەیەى نییە، بەڵام لە بەرامبەر هەڵوێست و پشتیوانییەکانى بۆ ڕۆژاوا، هەرچی هەیە ئەردۆغان مەبەستییەتی زۆرترین دەسکەوتى لە وڵاتانی ڕۆژاوا چنگ کەوێ. هەر بۆیە وێنەى هەڵبژاردنەکانى تورکیا و خودی ئەردۆغان لە پێش هەڵبژاردن، جیاواز بوون وەک لە دواى ئهنجامەکان. پێش هەڵبژاردن ئەویان بە دیکتاتۆر و پێشێلکەرى مافى مرۆڤ دەچوواند، بەتایبەت ڕۆژنامەکانى بریتانیا و فەڕەنسا وەک: Guardian، Le Figaro، Liberation، L,Obs، MediaPart و چەندانى تریش، بەڵام پەیامی دواى هەڵبژاردنیان بەو شێوەیە بوو: ئەردۆغان بۆ کۆمەڵگەى تورکی کەسایەتییەکى پڕبایەخە و، دەبێ دان بەوەدا بنێین کە جەماوەرى تایبەتى بێشومارى خۆى هەیە و بەئاسانی ناتوانین بیبوێرین.
هەڵوێستى ئەمریکاش دواى ئەنجامەکان گۆڕانکاریى تێدا پەیدا بوو؛ بایدن و کۆشکی سپی ئەوەیان ڕاگەیاند: هەر کام لەو دوو بەربژێرەى سەرۆکایەتى دەربچێ، ئەوان مامەڵەى لەگەڵدا دەکەن، بەتایبەت دواى ئەنجامەکانى پەرلەمان کە هاوپەیمانیى گەل توانیى 53.6%ی کورسییەکان بەدەست بێنێ. ئەمەیش پەیامێک بوو کە بێجگە لە ئەردۆغان هەر کەسێکی دی بێت و دژی سیاسەتەکانى هاوپەیمانیى گەل بێت، کارى ئەستەمە و هەڵبژاردنى پێشوەختەیش دەبێتە بژاردەى سەرەکیی پرۆسەى سیاسیی تورکیا. دواى وتەکانى کەمال کلیچدارئۆغلوش سەبارەت بە مەزهەبی خۆی و ڕۆشنبوونهوهی سیاسەتى مەزهەبگەراییی ئهو، کە ناتوانێ لە بەرامبەر ئێران و ڕەوتى شیعە لە لوبنان و سووریا و عێراق بوەستێ، تەنانەت ئەو پەیوەندیشی خۆشە لەگەڵیان و بەنیازە بێمەرجیش لە سووریا بکشێتەوە؛ ئەمەیش تەواو پێچەوانەى ڕەوتى سیاسیی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەتایبەتتریش کاتێک ئەردۆغان پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە. هەر لەو بارەیەیشەوە ڕاپۆرتی سەندیکاى هەناردەکاران و بانکی ناوەندیى تورکیا ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانى تورکیا لە سەردەمى ئەردۆغان لە تەواوى حکوومەتەکانى ترى پێش خۆى زیاترە؛ هەر بۆیە ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەسەر هەڵبژاردنەکانى تورکیا نەبوو. (جريدة الشرق الأوسط، vol.45,no.16239).
ئەوەى کە لێرەدا گرنگە ئاماژەى بۆ بکرێ و ئەو ڕاستییەیش لاى دەوڵەتانى ڕۆژاوایی و ڕووسیا و چین سەلماوە، کە تورکیا پاڵ ناداتە بەرەى چین و ڕووسیا؛ بەڵام لەو نێوەندەدا بازرگانییەکەى هەرزانفرۆش ناکات و دەیەوێت لە هەردوو لا زۆرترین دەسکەوتى چنگ کەوێ و دەوڵەتانى ڕۆژاواش ناتوانن سازش لەسەر پێگە جیۆستراتیژییەکەى بکەن.
هەدەپە وەک بازرگانێکی بێباک
ئەوەى کە لە تورکیا ڕووی دا، کارێکی نامۆ نەبوو؛ ئاکامى ڕەفتارى سیاسیی هەدەپە، هەر ئەوەى لێ دەکەوتەوە. زۆر بەسانایی چوونە ناو هاوکێشەکانەوە بەبێ ئەوەى هیچ پەیمانێک یان بەڵگەیەکی نووسراویان دەست بکەوێ. پێش ئەوەى هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بابەتە بکەین، پێویستە ئاماژەیەک بە ڕەوتى هەڵبژاردن و دەنگەکان بکەین. لەو بارەیەوە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەم بۆ 25 شارى باکوورى کوردستان کرد، وەک: هەکارى، شڕناخ، وان، بەدلیس، باتمان، ماردین، ئامەد، ئاگرى، ئادیامان، ئەرزڕۆم، موش، بینگۆل، ئەرزینجان، مەلاتییە، ئؤرفە، کارس، عەنتاب، تۆنجەلی، کلس، ئادەنە، سیرت، ئیگیدیر، ئاردەهان، ئیلازغ، هەتاى؛ دەرکەوت کە دەنگى سێ لایەنە سەرەکییەکە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانی لەو شار و پارێزگایانە بەم شێوەیە بووە:
له دووتوێی ئەو داتایانەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ، کە تا ڕاددەیەک ئاکپارتى گەرچی دەنگەکانى دابەزیون، بەڵام توانیویەتى تا ڕاددەیەک خۆى لەو ناوچانە بگرێتەوە، بەتایبەت لەسەر ئاستى پەرلەمان کە ڕێژەکە بریتییه له 4.8%، بەڵام لەسەر ئاستى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى، ئەو ڕێژەیە تەواو کەمترە کە بریییه له 1.82%. بەڵام دەنگەکانى جەهەپە 34.19% زیادی کردووە لەسەر ئاستى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى؛ ئەمەیش لە بەهێزیى جەهەپە نییە لەو ناوچانە، بەڵکوو ڕێککەوتنى جەهەپە و هەدەپە بوو بۆ پشتیوانیی کورد لە کەمال کلیچدارئۆغلو بۆ سەرۆکایەتیى تورکیا. لە داتاکاندا ئەوە دەردەکەوێ کە لە هەڵبژاردنى 2023 دەنگەکانى دەمیرتاشی جاران بۆ کەمال کلیچدارئۆغلو چووە (31.82 دەمیرتاش + 16.91 موحەڕەم ئینچە = 48.73 دەنگەکان لە 2018 )، بەڵام لە 2023 کەمال کلیچدارئۆغلو 51.10%ی دەنگەکانى لە کوردستانی باکوور بەدەست هێنا؛ ئەویش لەبەر ئەوەى هەدەپە لە لایەک خۆى کاندیدی بۆ سەرۆکایەتیى وڵات نەبوو، لە لایەکی تریشەوە ڕێککەوتن کرا کە دەنگەکانى کوردستانی باکوور بدرێنە کەمال کلیچدارئۆغلو. کەواتە: 51.10%ى 2023 – 48.73%ى 2018ی دەمیرتاش و ئینچە = 2.37% زیاد بوون؛ ئەمەیش ئەو ڕیژە بەرچاوە نەبوو کە هەدەپە و جەهەپە هیوایان لهسهر هەڵچنیبوو.
ئەدى بۆچی دەنگەکانى هەدەپە وای بەسەر هات؟
دەکرێ لەو بارەیەوە بۆ هەڵسەنگاندنى هەڵوێستە سیاسییەکە ئاماژە بە چەند ڕەهەندێک بدەین:
ئەردۆغان دەیباتەوە یان کلیچدارئۆغلو
من پێم وایە ئەردۆغان دەیباتەوە؛ هەرچەندە تەواوى ناوەندەکان گرەو لەسەر دەنگەکانى بەرەى "ئاتا"ى "سینان ئۆغان" دەکەن، کە نەتەوەپەرستێکی ڕەگەزپەرستە و باوەڕى بە پاکتاوکردن هەیە و زۆر دژی کورد و هەدەپەیە و، دەیەوێ تەواوى پەنابەرە سوورییەکان کە ژمارەیان نزیکەى 4 ملیۆن دەبن، لەو وڵاتە دەربکا. ئایا ئەمەى بۆ دەکرێ؟ بێ گومان ئەو دروشمەى کە بەرزی کردبووهوه لە هەڵمەتى هەڵبژاردن: نەتەوەپەرستەکانى تورکیا بێ کاندیدى سەرۆکایەتى بەجێ ناهێڵم، دەرکەوت کە دەنگەکانى نەگەیشتنە شوێنى پێویست، بەڵام جێی بایەخپێدانە. گەرچی بەرنامەکەى دروست نەبوو، بەڵام 2.831.208 دەنگی پێ دراوە. ئەگەر ئەو دەنگانە بۆ کەمال کلیچدارئۆغلو زیاد ببن، ئەوا 292.303 دەنگى لە ئەردۆغان زیاتر دەبێ؛ بەمەیش هەر ناکاتە 50+1. هەرچەندە ئەو ژمارەیە (292303) لە کۆى دەنگە دروستەکانى هەڵبژاردنى تورکیا قابیلی جێگۆڕکێن، چونکە ڕێژەى تەنیا 0.53% دەکەن. بەڵام ئایا بەرەى سینان ئۆغان لەسەر کام بنەما دەنگەکانیان یەکلایی دەکەنەوە؟ دوو مەرجیان هەیە بۆ کەمال کلیچدارئۆغلو نەک ئەردۆغان، چونکە ئەوان پێشتر سەنگەریان لە ئەردۆغان گرتووە و ویستوویانە لە ڕێگەى هەڵبژاردنەوە لاى بدەن. دوو مەرجەکەیش بۆ کلیچدارئۆغلو: دژایەتیى کورد و مامەڵەنەکردنیەتى لەگەڵ هەدەپە، دووەمیش پەیماندانه بەدەرکردنى هەر چوار ملیۆن پەنابەرە سوورییەکە.
پێشوەختە ئەردۆغان ڕای گەیاندووە کە هەدەپە پەیوەندییان لەگەڵ تیرۆریستان هەیە و مامەڵەیان لەگەڵ ناکات و پەنابەرە سوورییەکانیش بە بەرنامە دەنێرێتەوە و زۆرییان لێ ناکات. بەڵام کەمال کلیچدارئۆغلو بەپێچەوانەوە، هەڵوێستى سەبارەت بە پەنابەرە سوورییەکان ڕۆشنە، بەوەى کە دەریان دەکات. بەڵام سەبارەت بە هەدەپە و کورد تا ئێستا هیچ لێدوانێکی نەداوە، چونکە هەڵوێستەکە بۆ ئەو زۆر هەستیارە، بەوەى ئەگەر ئەوە بکات ئەوا لە جیاتی بەدەستهێنانى دەنگى سینان ئۆغان کە 5.16%ی کۆى دەنگەکانە، بەڵام دەبێتە هۆکار بۆ لەدەستدانى 8.82%ی دەنگى کورد، کە لە بەرەنجامى زەڕب و تەقسیمى هەردوو ژمارەکە (8.82% - 5.16% = 3.66%)ى دەنگەکان زەرەر دەکات. لە بەرامبەریشدا 13%ی ئەوانەى مافی دەنگدانیان هەبوو، نەچوونە سەر سندووقەکانى دەنگدان؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە بەدوور نازانرێ کە لەوانەیە لایەنگرانى کلیچدارئۆغلو- چونکە یەکلا بوونەتەوە کە سەرکەوتوو نەبوون- بۆ جارى دووەم نەچنەوە بۆ دەنگدان. لە لایەکی تریشەوە ڕێژەى دەنگدان لە شارە کوردییەکان بۆ پەرلەمان 83.36% بووە و بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتییش 82.96% بووە. ئەگەر کەمال کلیچدارئۆغلو بە مەرجى سینان ئۆغان ڕازی بێت، ئەوا بە ڕێژەیەکی زۆر لە دەنگ لە بەرامبەر ئەردۆغان دەدۆڕێ، چونکە هەر لە گەڕی یەکەمى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى، تەنیا 6.18% جیاواز بوون؛ لە لایەکی تریشەوە 17%ی دانیشتووانى شارە کوردییەکان لە گەڕی یەکەم بەشدارییان نەکردووە. ئەگەر ئەو ڕێژەیە بەشدار بن، ئەوا بۆ کەمال کلیچدارئۆغلو خراپتر دەبێ. هەر بۆیە بڕیارەکە ئەوەندەى بۆ کەمال کلیچدارئۆغلو قورسە، بۆ ئەردۆغان وا نییە، چونکە مەرجەکەى سینان ئۆغان ئەوەیە کە دەبێ جەهەپە بەفەرمی پرۆتۆکۆڵ لەو بارەیەوە لەگەڵیاندا واژۆ بکات و بە مەرجەکانیان ڕازی بێت. هیوادارین لەو نێوەندەدا فێڵ لە هەدەپە و کورد لە باکوورى کوردستان نەکرێ.
ئەدی هەدەپە دواى ئەو گۆبەندە چی بکا باشە؟