ئایا کورد دەتوانێ لە حکوومەتەکەى سوودانیدا وەبەرهێنانی سیاسی بکات؟

(لە کەلێنی نێوان هاوکێشە توندەکاندا دەشێ دەرفەت هەبێ)

د. سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

دیدگه‌ى ڕەشبینی و سیاسەت

ئەوەى کە لەسەر ئاستى گشتیى پرۆسەى سیاسیی کوردی گوزەراوە، بەتایبەت لاى زۆربەى حزبە سیاسییەکان، دیدگه‌یەکى ڕەشبینییە بەرامبەر بە پرس و ئاییندەکەی، بەرامبەر بە یەکدی؛ ئەمەیش کاریگەریى لەسەر ئاکامى کارەکانى دروست کردووە. هەر بۆیە زۆر جاران ئه‌وبه‌ر و ئه‌مبه‌ری كردووه‌ و بۆ قوتاربوون لە گرفتێک بازی داوە بۆ بابەتێکی دیكه‌ی نوێ، تا ئەوى پێشووى بیر بەرێتەوە؛ ستراتیژییەتێکی دروستی نییە؛ لەگەڵ ڕووداوەکان مامەڵە دەکات و ڕەفتارى سیاسیی لەگەڵیاندا دەگونجێنێ؛ خۆى دەرفەتەکان دروست ناکات؛ ڕووداوەکان نە پێکیان ده‌هێنێ، نە ئاڕاستەیشیان ده‌کات؛ زۆربەى جاران هەمیشە چاوەڕوانى ڕەفتار و هەڵوێستى بەرامبەرە؛ بەمەیش شوێنکەوتوویەکی بەردەوامە و کەم جاران کارتى گوشارى یەکلاکەرەوە بووە.

بەڵام مخابن، ئەمە ئەو حاڵەتە زیهنییە دەروونییەیه‌، کە لە ڕەفتارى سیاسیی زۆرێک لە حزبە سیاسییەکانى هەرێمی کوردستانیدا تەنیوە؛ ئەمەیش نیشانەى نەتوانین و خۆدزینەوەیانە لە بەرپرسیارێتیی نیشتمانى و نەتەوەیی. لە جیاتی ئەوە، دەبێ بیریان لاى ئەوە بێ کە چۆن دەرفەتەکان بقۆزنەوە. بەڵام ئەمەیش کارێکی ئاسان نییە، چونکە هەر لە بنەماوە حزبى سیاسی ئەوەندەى مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەکات، ئەوەندە ستراتیژییەتێکی ڕوونى بۆ ئاییندەى خۆی و نیشتمان نییە؛ هاوکێشەکان دەگوزەرێنێ، وەک دەرۆزەکارێکی سیاسی وایه‌ و چاوی لە دەستى ئەوى دیکەیە تا کەمێک غەنیمەی بداتێ؛ هەر لە بنەماوە فێری وەبەرهێنانى سیاسی و پیشەسازیی دەرفەتدروستکردن نه‌بووه‌.

هەموو دەرفەتەکان لە حکوومەتەوە نین

ئەوەى کە وەک ئەزموون دەبێ سەرکردایەتیى کورد لێی حاڵی ببێ و بووبێ، ئەوەیە کە هەموو دەرفەتەکانى پرۆسەى سیاسی لە عێراق لە حکوومەتەوە نین، بەڵکوو زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێین کەمترین دەرفەت لە حکوومەتەوە چنگ دەکەوێ، چونکە تەواوى کایە و هاوکێشەکان لە عێراق لەژێر ڕەحمەتى پرۆسەى سیاسیدان، بەتایبەت لایەنە سەرەکییەکان، لەناویشیاندا لایەنە شیعییەکان، لەناو ئەوانیشدا ئەو گرووپانەى کە سەر بە ئێرانن. هەر بۆیە دەبێ لەوە تێ بگەین کە ئێمە لەناو حکوومەتدا هەین، بەڵام پرۆسەى ئاڕاستەکارکردنمان دەبێ لە دەرەوەى حکوومەت بێت. ئەمەیش پێویستى بە پلانێکی دروست هەیە. ئەوەندە خۆخەریککردن بە حکوومەت و کارەکانییەوە، بەدژوارى بۆ سەر شایستە دەستوورییەکانى کورد کەوتۆتەوە. ئەوان بەنیاز نەبوون لە ماوەى هەڤدە ساڵی ڕابردوودا دەستوور جێبەجێ بکەن، بەنیازیش نین تەنیا ئەو بەشە لە دەستوور جێبەجێ بکەن کە شایستەکانى ئێمەى تێدایە؛ کوردیش لەو نێوەندەدا تەنیا لە بۆنەکاندا چۆتە بەغدا و دانوستانى وەرزیی کردووە. هەر بۆیە نابێ حکوومەت لە عێراق تەواوى کارەکانى بەدەست بێت و، هەرگیز تەواوى کارەکانى بەدەست نابێت، بەڵکوو پێویستە ئێمەى کورد دوو بابەت لێك جیا بکەینەوە: ئایا کێ حوکم دەکات بەڵام کێ لە دەسەڵاتە؟ ئەوانەى دەسەڵات تەنیا چەند کەسێکن کە تەعبیر لە بکەرە سەرەکییەکان دەکەن کە لەلایەن ئەوانەوە لەودیوی دەسەڵاتەوە حوکمى وڵات دەکەن. لەمەودوا دەبێ بایەخى زیاتر بەو توێژە بدرێ کە حوکمى وڵات دەکات، نەک ئەوەى کە لە دەسەڵاتە؛ چونکە ئەوانه‌ی لە دەسەڵاتن ڕەنگدانەوەى ئەوانه‌ن كه‌ حوكم ده‌كه‌ن‌ و بە فەرمان و ئاڕاستەى ئەوان دەبزوێن؛ با کار لەسەر سەرچاوەکان بکەین.

چەقى حکوومەتى تەوافوقی لەناو تۆڕێکی پەیوەندیی ئاڵۆزدا

ئەمە بابەتێکی دیكه‌ی گرنگە و تەواوکەرى خاڵى پێشووە. ئەوەى لە عێراق لەسەر ئاستى دەسەڵات دەگوزەرێ، حکوومەتێکی تەوافوقییە، کە گرووپەکانى سەر بە ئێران تێیدا باڵادەستن؛ تایبەتر میلیشیاکان. کەواتە ئەوەندەى مه‌یل و ئاراسته‌ی ئاسایش بەسەریدا زاڵە، ئەوەندە دروشمى خزمەتگوزارى ڕۆڵی نییە؛ هەرچەنده‌ دروشمی سەرەکیی "سوودانى" و حکوومەتەکەى خزمەتگوزارییە. کورد لەو نێوەندەدا مامەڵە لەگەڵ تۆڕێکی جاڵجاڵۆکەیی لە پەیوەندیی ئاڵۆز دەکات. کارەکەى ئاسان نییە، بەڵام لەناو ئەو تۆڕەدا پێویستە ئاگادارى ئەوە بێت کە بیسەلمێنێ کە شەریکی ڕاستەقینەیە و له‌ بڕیارەکانیشدا، دەبێ خواستى ئەو بەرچاو بگیرێ. دەبێ ئەوەیش بسەلمێنی کە هەر پاشەکشەیەک لە پرۆسەکە لەلایەن ئەوەوە، بارودۆخى وڵات بەرەو ناسەقامگیری دەبات، چونکە یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکان. بۆ ئەو مەبەستەیش، دەبێ ئەو کارە هاوتەریب بێت لەگەڵ پەیوەندییەکى باش لەگەڵ گرووپە شیعییەکان و به‌هه‌ماهه‌نگی لەگەڵ سوننە؛ بەڵام ڕاستییەکەى ئەوەیە کە ئەو حکوومەتە تەوافوقییە لە نێوەندێکی ئاڵۆزدا دروست بووە و چەندان هاوکێشەى دژبەیەک و دژوار تەنیویەتى.

ئێمە لە هەرێم خۆمان گرفتمان لەسەر هەموو ئاستەکانەوە زۆرە، کە زۆر زیاترن لەو گرفتانەى لەگەڵ بەغدا هەمانن. پتەویى ناوخۆ، کاریگەریى ئەرێنیی لەسەر چارەسەرەکان لەگەڵ بەغدا دەبێت، هەر بۆیە دەکرێ پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە بێ: کورد لە حەوت کابینەى پێشووى حکوومەتى عێراقی وەک بکەرێکی سەرەکی بەشدار بووە، بەڵام وا هەست ناکات بەو کارە دڵخۆش بووە و هیچی ئەوتۆى دەست کەوتووە، بەڵکوو بەنەرێنییش تێبینیی کردووە؛ تا حاڵ گەیشتە ئەوەى هەوڵی "ڕیفراندۆم"ی دا بۆ "مافی چارەى خۆنووسین" (مافی دیاریكردنی چاره‌نووس). ئێستا کابینەى هەشتەم دەستبەکار بووە؛ لە ئەجێنداکەى چەندان بابەتى بۆ هەرێم تێدایە؛ کوردیش یەکێکە لە بکەرە سەرەکییەکانى "هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت". هەر بۆیە دەکرێ بپرسین: ئایا کورد هەروەک جاران بیر لە بابەتەکان بکاتەوە؟ یان دەکرێ لەو قۆناغەدا لەو حکوومەتە کەڵک وەربگرێ؟ بەتایبەت ئێستا حکوومەت دووچارى چەندان قەیران بۆتەوە؛ لەسەر ئاستى ناوخۆ کە درێژکراوەى خودی گوشارە دەرەکییەکانە و، گوشارە دەرەکییەکانى ئێران و تورکیاش کە مەترسییەکى جددین.

ئێران دراوسێیەک کە زیاتر لە تواناى خۆمان لێ داوا دەکات

قسە لەسەر ئێران و دۆزەکەى کە پێی گەیشتووە، زۆرى لەسەر گوتراوە، سەبارەت بە هەڵوێستە دژوارەکانیشی بەرامبەر هەرێم، ئەویش گوتراوە؛ ئەوەندەى ماوەتەوە کە هەندێک باسی تێدا مابێ ئەوەیە کە ئایا هەرێم لەو بارەیەوە چی بکا؟ ڕوونتر؛ ئایا تاچەند دەتوانێ لە حکوومەتەکەى سوودانى کەڵک وەربگرێ؟ لەو بارەیەوە دەکرێ ئاماژە بە چەند ڕەهەندێک بدرێ، لەوانەیش:

  • دەبێ ئەو پەیامە پێش ئێران بەڕوونى بە حکوومەتى عێراقی بگات، بەوەى کە هەرێم نابێتە جێی نیگەرانیى ئێران و هیچ مەترسییەکیش بۆ ئاسایشی نەتەوەییی ئەوان دروست ناکات، بەڵکوو ئەوانەى کە پێش ئێران جێی مەترسین بۆ هەرێم، ئەو میلیشیایانەن کە سەر بە ئێرانن و ئێستا لەبەردەرگه‌ن و تەماسمان لەگەڵیان هەیە.
  • دەکرێ کونسوڵی ئێران بانگێشت بکرێت بۆ سەرۆکایەتیى هەرێم یان ئەنجومەنى وەزیران لە هەرێم و، هەوڵ بدرێ باڵیۆزى ئێرانیش لەلایەن وەزارەتى دەرەوەى عێراق بانگێشت بکرێ؛ لە لایەک گازەندەی هەرێم و حکوومەتى فیدراڵیان پێ بدرێ، لە لایەکی تریشەوە پەیامى ڕوونى هەرێمیان پێ بگا و پەنا نه‌بردرێته‌ به‌ر نێوبژیكار.
  • ناردن و جێگیرکردنى چەندان مەفرەزە لە پاسەوانانى هەرێم بۆ سەر سنوور و چاودێریکردنى ڕەوشی سنوور لەلایەن ئەوانەوە؛ دیارە ئەمەیش پێویستى بە هه‌ماهه‌نگی هەیە لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵ و جێگیرکردنى پێداویستییان لە بوودجەدا.
  • کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ حزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و گەیاندنى پەیامیان بەڕوونى بە حکوومەتى فیدراڵی عێراق، بەوەى ئەوان ڕێز لە سەروەریى وڵاتى عێراق دەگرن و نابنە مایەى گۆبەند لەگەڵ دراوسێکانى. پێویستە حزبەکانى ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش چەند ڕاستییەک لەسەر بارودۆخەکە تێ بگەن کە: خەباتى چەکدارى، کاریگەریى سنووردارە و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕژێمی سیاسیی ئێران بە هێز، لە بەرژەوەندیى خودى وڵاتى ئێران دەشکێتەوە و زەرەرێکی زۆر بە ناڕەزایەتییەکانى ناوخۆ دەگەیەنێ و، ئێران زۆر مەبەستیەتى دۆزەکە بەرەو ئەو ئاقارە سەر بکێشێ و؛ لە ڕووى خەباتی چەکدارییشەوە تا هەنووکە پشتیوانیی نێودەوڵەتى نییە. هەر بۆیە تێگەیشتنى حزبەکانى ڕۆژهەڵات لەو ڕاستییە، هێورکردنەوەى دۆزەکەیە لەسەر ئاستى حکوومەتى فیدراڵ و هەرێم و نەهێشتنى بیانوو بۆ ئێران.
  • لە ڕووى یاسایییەوە دۆخێکی لەبارە بۆ چەسپاندنى بیرۆکەى پاسەوانى هەرێم و بەستنەوەى بە وەزارەتى بەرگرى و دابینکردنى پێداویستییەکانى لەلایەن حکوومەتى فیدراڵییەوە، به‌تایبەت کە بابەتى بوودجەى وڵات، کارکردن لەسەرى گەرموگوڕە.
  • هەڵنانى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بۆ بەگەڕخستنى ئەو ڕێکكەوتننامە ئەمنییەى کە لە ساڵی 2011وە لەگەڵ عێراق هەیەتى، کە یەکێ لە بەندەکانى باس لەوە دەکات، کە ئەمریکا سەروەریى عێراق لە دەستدرێژیى وڵاتانى دراوسێی دەپارێزێ.
  • گەیاندنى یاداشتنامەیەک بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیى ئەوروپا و کەڵکوەرگرتن لە هەڵوێستەکانى نوێنەرى یۆنامى لە عێراق سەبارەت بە دۆخەکە و، گەیاندنى پەیامی هەرێم، بەوەى کە بێلایەنە و جێی مەترسی نییە بۆ وڵاتانى دراوسێ و، ناهێڵێ سنوورەکانى وەک هەڕەشە بەکار بخرێن.
  • بۆ خۆپاراستن لە مووشەک و درۆنەکانى ئێرانیش، پێویستە حکوومەتى هەرێم پانتاییی "ڕیکەڤەرى ئاسمانى" (پاراستنى لە هەموو هێرشە مووشەکی و ئاسمانییەکان، یان هەر مەترسییەک کە لە ئاسمانەوە بەرەو هەرێمی کوردستانەوە بێت، بۆ نموونە یەکێک لە هۆکارەکانى سەرکەوتنى پێشمەرگە لە شەڕی پردێ لە ساڵی ٢٠١٧، بوونى پاراستنى ئاسمانى بوو لە هێرشە ئاسمانییەکانى سوپاى عیراق، کە نەدەبوو بە هیچ شێوەیەک فرۆکە بەکار بێنێت.) بۆ پاراستنى هەرێم لەلایەن هاوپەیمانانەوە زیاد بکات، به‌تایبەت بەوەى تەواوى پایتەختى هەرێم بگرێتەوە، نەک تەنیا فڕۆکەخانە و هەندێ شوێنى تایبەت. بەوەیش لە لایەک پایتەختى هەرێم لە هێرشە ئاسمانییەکان دەپارێزرێ، لە لایەکی تریشەوە پشتیوانیى نێودەوڵەتى بۆ هەرێم دەستەبەر دەبێ.

تورکیا لە نێوان هەستى فراوانخوازى و مۆتەکەى ئاسایش

هەمان ئەو ڕەهەندانەى سەرەوە بۆ تورکیاش دروستن. لە زۆر خاڵدا هاوبەشی هەیە؛ لە هەر دوو حاڵەتەکە پێویستە حکوومەتى فیدراڵی بکرێتە واجیهە (بخرێته‌ پێشه‌وه‌) نەک هەرێم؛ ئەوان بەهۆى هەندێ ئیعتباراتى یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە کەمێک سڵ لە حکوومەتى فیدراڵی دەکەنەوە، بەڵام لەگەڵ هەرێم کەمتر. بەڵام ئەوەى کە ئێران مەبەستیەتى بەرامبەر هەرێم بیکات، تورکیا ئەو مەبەستەى نییە، کە دواتر باس لەو ڕەهەندە دەکەین. بەڵام ئەوەى کە دەکرێ زیاتر لەوەى سەرەوە لەبارەى تورکیاوە باس بکرێ و کەڵک لە حکوومەتەکەى سوودانى وەربگیرێ، ئەمانەن:

  • جێبەجێکردنى ڕێکكەوتننامەى شنگال.
  • بەرتەسککردنەوەى چالاکییەکانى پەکەکە لەلایەن حکوومەتى فیدراڵییەوە، کە بەشی ئەوەندە پاساوی نێودەوڵەتیى هەیە؛ چونکە تەواوى چالاکییە کاریگەره‌کانى پەکەکە، لە دەرەوەى سنوورى هەرێم ئەنجام دەدرێن.
  • گەیاندنى پەیام بە تورکیا بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ؛ چونکە تەنیا مەبەست گەیاندنى پەیام نییە به‌ تورکیا تا نیگەرانییەکانی بڕەوێتەوە، بەڵکوو هێشتنەوەیەتى لە بەرەى پشتگیری بۆ هەرێم نەک دژایەتیکردنى؛ چونکە تورکیا مەمەڕی مانەوەى ڕایەڵەى نێودەوڵەتى و ئاسانکارییشە لەو ڕووەوە بۆ هەرێم. موجازەفە بە ڕۆڵی تورکیا کارێکی دروست نییە؛ هەرچەندە بەرامبەر عێراقیش هەروایە، چونکە نیگەرانکردنى ئێران، واتە چوونە ناو دۆخێکی دژوارەوە، تەنانەت لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵیش.

ئایا ڕێکكەوتننامەى سێقۆڵیی نێوان ئێران و تورکیا و عێراق دژ بە هەرێم، بوونى هەیە؟

ئەمە پرسیارێکی قورسە، بەڵام وەڵامێکی بەڵگەنەویستیشی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەوان هەمیشە دژ بە بەرجەستەبوونى پرسی کورد لە کیانێکدا کۆکن و کۆکیش دەبن؛ ئەمەیش زانیارییەکى نوێ نییە و لاى تەواوى هێزەکانى هەرێم ڕۆشنە، بەڵام پرسیارە ستراتیژییەکە ئەوەیە: ئایا تورکیا و ئێران، کە دوو هێز و بکەرى ستراتیژیى ململانێکەرن لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و هیچ هاوکێشەیەک بەبێ ویستى ئەوان ئەستەمە بەرجەستە ببێ، ئایا کە هەرێم کەوتۆتە نێوان ئەو دوو هێزەوە و خاڵی یەکتربڕی نفووزیانە، ئه‌وان چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەن؟ ئەمە دوو وەڵام بەپێی دوو دەوڵەتەکە دەگرێتە خۆى:

ئەوەى کە پەیوەندیى بە ئێرانەوەیە ڕۆشنە؛ ئێران و حکوومەتى فیدراڵی لە بەرامبەر هەرێم هاوتەریبن. ئه‌وان بەردەوام لە هەوڵی ئه‌وه‌دان لەقاڵبی بده‌ن و بیخه‌نه‌ ژێرڕکێفى خۆیانه‌وه‌، جا بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەى میلیشیا و حکوومەتى عێراقییەوە؛ چونکە لە دیدگه‌ى ستراتیژیی ئەواندا هەرێمى کوردستان تاکە لەمپەرە لە بەردەم نفووزى ئێرانی کە بە سەرتاسەرى عێراق گەیشتووە و تەنیا لە هەرێم نەبێ کە کەمترە. بەڵام بەهۆى پشتیوانیى تورکیا و هێزە هاوپەیمانەکانەوە بۆ هەرێم، تا هەنووکە نه‌یتوانیوه‌ ڕاستەوخۆ هێز لە دژى بەکار بێنێ؛ تەنیا ئەوەندە نەبێ کە هەڕەشە بە مووشەکەکانى دەکات؛ ئەگەرى هێرشی زەمینییش ئەگەر هەبێ، سنووردارە و بۆ هەڕەشەیە.

لە هەردوو حاڵەتى بەهێزبوونى هەرێمی کوردستان یان بێهێزبوونى، لە بەرژەوەندیی تورکیادا نییە، بەڵام زۆر مەبەستیەتى وەک دیفاکتۆیەکى دەستوورى و جوگرافی لەناو عێراق بمێنێتەوە، کە لە دوو لاوە لێی سوودمەند دەبێ: لە لایەک هەرێم سوودى بۆ سیسته‌مى ئەمنیى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەیە، بە تورکیایشەوە؛ لە لایەکی تریشەوە سنوورێکی بۆ نفووزى ئێرانی لە عێراق دیاری کردووە لەسەر هەرسێ ئاستى ئابوورى و سیاسی و مەزهەبی؛ چونکە بە نەمانى هەرێم یان لاوازبوونى، پێش هەموو دەوڵەتانى تر زەرەرمەندترین وڵات لەو بارەیەوە تورکیایە و نفووزى ئێران تا سنووری تورکیا دەڕوات و دەبێتە مایەى هەژموونیشی بەسەر ڕۆژاواى کوردستان و وەدەرنانى هێزەکانى هاوپەیمانان لە سووریا. بەڵام هەردووکیشیان لەسەر ئەوە کۆکن کە هەرێم دەبێ بە "دوو زۆنى" بمێنێتەوە و ڕێگە لە بەهێزبوون و بەرەودەوڵەتبوونى دەگرن.

کەواتە دیدگه‌ى ئەو دوو دەوڵەتە لە بەرامبەر هەرێم جودایە و بوونى ڕێکكەوتن لە نێوانیان لەسەر نەمانى هەرێم و شکستپێهێنانى، تا ئەم ساتە پێ ناچێ لە ئارادا بێ؛ باشترین نموونەیش هەڵوێستى هەردوو لا بوو لەمەڕ ڕیفراندۆمى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان له‌ ساڵی 2017، کە ئەو ڕێوشوێنە سەربازى و ئابوورییانەى ئێران دژ بە هەرێم گرتییە بەر، تورکیا نەیکرد؛ تەنانەت دواى کەمتر لە مانگێک ڕێگەى بە سەرۆکوەزیرانى هەرێم دا تا بۆ پشتیوانى، خۆى گەیاندە وڵاتانى دۆستى هەرێم لە ئەوروپا و سنوورەکانیشی لەگەڵ هەرێم دانەخست. کەواتە هەردوو لا ئاسانکارى بۆ یەکتر دەکەن نەک ڕێکكەوتن هەبێ. بەڵام ئەوەى پێویستە لەسەر هەرێم، پاراستنى هاوسەنگییە لە پەیوەندى و بەرژەوەندیى ئەو وڵاتانە و بەرزکردنەوەى ئاستى پەیوەندى و بەرژەوەندیەکانیەتى لەگەڵ هەردوو لا. بۆ ئەو مەبەستەیش حکوومەتى عێراقی دەتوانێ ڕۆڵی ئەرێنێ بگێڕێ.

لەسەر ئاستى حزبی چۆن کەڵک وەردەگرین؟

ئەمە پرسیارێکی میحوەرییە. پێشتر گرنگیى ئەم پانتایییەمان لەناو حکوومەتى تەوافوقی ئاماژە پێ دا، کە ئەوەندە گرنگە دواتر لە کارەکانى حکوومەتدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌ و تەمەکانیش لەسەر پەیوەندییەکان دەڕەوێنێتەوە. هەر بۆیە لەسەر حکوومەتى هەرێم پێویستە، بەرنامە و پلانی دروستى هەبێ بۆ سەردانیکردن و بینینى هێزە سیاسییە عێراقییەکان و لە نزیکەوە بابەتەکانیان لەگەڵدا باس بکات، نەک هەر تەنیا بایەخ بە حکوومەت بدات؛ چونکە تەواوى ئەو هێزانە هەرسێ ڕەهەندى هێزیان تێدایە: جەماوەرى، پۆستى حکوومى، نوێنەر لە پەرلەمان؛ ئەمە بێجگە لە بوونى پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ وڵاتى ئێران. کەواتە دەتوانین لەنێو ئەو هێزانەوە لەسەر تەواوى ئاستەکان کار بکرێ تا نیگەرانییەکان بڕەوێنرێنەوە و لەسەر ئاستى حکوومەتیش ڕەنگ بداتەوە.

لە لایەکی ترەوە هەرێمی کوردستان و پرس و شایستە دەستوورییەکانى لە عێراقی فیدراڵدا پێویستى بە پشتیوانى و دۆستپەیداکردن هەیە، تا لەنێویانه‌وه‌ ئەو کەلێنانە بگیرێن کە هەندێ هێزى کوردی لە بەغدا بەخراپ لە دژى هەرێم و پرسەکەى به‌كاری دێنن. ئەوەیش ماوە بڵێین کە لە نێوه‌ندی ئەو پەیوەندییانەوە لەگەڵ ئەو هێزانە، دەتوانین پەیام بە ڕای گشتیى عێراقی بگەیەنین و ڕاستییەکانى پێ بگەیەنین و بەر لەو شەپۆلە بگرین کە دەخوازێ ئاڕاستەى ڕای گشتى دژ بە هەرێم بەکار بهێنێ. چەند هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیی ئەو هێزانە دوور بکەوێتەوە، ئەوەندە گرفتەکانى زۆرتر و چارەسەرەکانیش مەحاڵتر دەبن؛ لە ئاکامیشدا دروستبوونى گرژى و دژوارى لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵ.

چۆن کەڵک لە پەرلەمان وەردەگرین؟

په‌رله‌مان یەکێکه‌ لە ئۆرگانە هەرە گرنگەکانى ململانێ لە عێراق؛ کورد دەبێ بایەخى تایبەتى پێ بدا. ئەوەى کە پێویستە هەرێم بیکات بۆ کەڵکوەرگرتن لەو پەرلەمانە ئەوەیە: دروستکردنى ڕایەڵەیەکی دروست و بەردەوام لەگەڵ ڕەوتى شیعە، به‌تایبەت گرووپەکانى سەر بە ئێران، چونکە لە ڕێگه‌یانه‌وه‌ نیگەرانییەکانى ئێران و ڕای گشتیى عێراقی لە بەرژەوەندیى کورد دەکەوێتەوە؛ بوونى هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش لەگەڵ بەرەى سوننە (بەڵام نابێت ببێتە جێی نیگەرانیى ئێران و ڕەوتى شیعەى عێراق)؛ بوونى یەکڕیزى و یەکپاکێجیى کورد لە بەغدا. پێ دەچێ یەکەم و دووەم، هەندەى سێیەم ئەستەم نەبن. ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە ئەو پەیوەندییە دەبێ ببێتە مایەى ئەوەى کە چەندان یاسا لە پەرلەمان تێ پەڕێندرێن کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە هەرێمەوە هەیە، وەک: نەوت و غاز.

لە لایەکی تریشەوە سەبارەت بە سنووربەزاندنەکانى هەردوو دەوڵەتى تورکیا و ئێران، دەکرێ فراکسیۆنە کوردییەکانى پەرلەمانى عێراق، پڕۆژەیاسایەک بۆ بەتاوان ناساندن و قەرەبووکردنەوەى ئەو کەسانە پێشكه‌ش بكه‌ن کە لەلایەن ئەو دوو وڵاتەوە زیانیان پێ گەیشتووە؛ هەر کەیسێکیش لە تاوان و خەسارەتەکان دواى بەئەنجامگەیشتنیان لەسەر هەردوو ئاستى حکوومەت و قەزا، بڕیارەکەى بە باڵیۆزى وڵاتەکە بگەیه‌ندرێ یان وەزارەتى دەرەوەى عێراق بۆ هاوشێوەکەى لە تورکیا و ئێران بنێرێ، تا بەفەرمى داواى مافی یاسایی و دارایی و قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتیانیان لێ بکرێ.

ئایا پارتى دەتوانێ لەو حکوومەتە کەڵک وەربگرێ؟

بێ گومان بەڵێ؛ چونکە لایەنى میحوەریى پەیوەندی و ڕێکكەوتن لەگەڵ بەغدا، پارتییە. مەحاڵە بێ پارتى هیچ ئاکامێک هەبێت. بەپێچەوانەیشەوە دروستە؛ له‌ كاتی تەنگژەیش لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵ، هەر زیاتر پارتى دەبێتە "سوورى بەرلەشکر". بۆ ئەو مەبەستەیش پێویستە پارتى لەم ساتەدا چەند هەنگاوێکی گرنگ بنێ:

  • بەرپاکردنى دیپلۆماسیەتێکی سیاسی و جەماوەریى بەپلان و بەردەوام.
  • هەماهەنگیى وەزارى و پەرلەمانى لەگەڵ ڕەوتە شیعییەکان و هه‌ماهه‌نگیكردن لەگەڵ سوننە.
  • بایەخدان بە دەستەبژێری شیعی، لەسەر هەرسێ ئاستى ملیشیایی و سیاسی و ئایینى.
  • پەیوەندیى میدیاییی دروست و پتەو، تا له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ پەیامی خۆى بە شەقامی شیعی بگەیەنێ.
  • کەڵکوەرگرتن لە پەیوەندییەکانى شیعە و کورد، بۆ شایستە دەستوورییەکانى گەلی کوردستان و ڕەواندنەوەى نیگەرانییەکانى ئێران.
  • هەوڵدان بۆ ڕێکخستنەوەى سیسته‌مى سیاسیی عێراق بەپێی دەستوور و جێبەجێکردنى ڕەگەزەکانى سیسته‌مى سیاسیی فیدراڵی لە عێراق.
  • پڕکردنەوەى بۆشاییی ئه‌و پۆستانەى کە بۆ کوردە لە بەغدا؛ چونکە به‌كارنه‌هێنان و سوودلێوه‌رنه‌گرتنیان نفووزى بەرامبەر لە دەسەڵاتدا زیاتر بەرجەستە دەکا و ئاگاداربوون له‌ گۆڕانکارییەکانى ناو دەسەڵاتیش کەمتر دەبێ.
  • هەوڵدان بە گۆڕینی ڕێکكەوتنەکان لەگەڵ بەغدا بە پرۆژەیاسا لە پەرلەمان. واتە با ڕێككەوتنەکان بەیاسایی بکرێن، نەک تەنیا سیاسی بن و تەنیا ئەو ماوەیە بەرکار بن کە کورد لە دەسەڵاتدایە.
  • ڕێکكەوتنەکان با چیتر لە ژوورە داخراوەکان نەبن و لە زارەکی و قسەى سیاسییەکانەوە، بگۆڕێن بۆ ڕێکكەوتنى نوسراو و، بەپێی پێویست بدرێنە میدیا.
  • بوونى پلانی ئەلتەرناتیڤ؛ ڕووداو و هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان ئەو پەندەیان پێ داوین.
  • ئێستا پەیوەندییەکى ئەرێنی لە نێوان ڕەوتە شیعییەکان و سوننە و پارتى دیموکراتی کوردستان هەیە؛ دەبێ بۆ بەدەستهێنانى دەستکەوتەکان بقۆزرێتەوە و خۆ لەو هەوڵانەیش بپارێزێ کە لەلایەن هەندێ حزبی کوردییەوە بۆ تێکدانى ئەو پەیوەندییە ئەرێنییە دەدرێ؛ چونکە لە بەرامبەردا سوودانى زۆر سوودمەندە لەو پشتیوانییەى کە پارتى دیموکراتى کوردستان لە حکوومەتەکەى دەکات.
  • لە ماوەى ئەمساڵی حوکمڕانیی سوودانى، پێویستە جەخت لەسەر بوودجە و یاساى نەوت و غاز و چەسپاندنى پڕه‌نسیپە فیدراڵییەکان بكرێته‌وه‌.
  • دەبێ نیگەرانییەکانى ئێران لەسەر هەرسێ ئاستى: حکوومەت، پەرلەمان، ڕەوتە شیعییەکان بڕەوێندرێتەوە، بۆ ئەوەى کاریگەرى لەسەر ئێران دروست بکەن؛ کلیلی ئەوەیش پاراستنى بەرژەوەندییەکانى ئێران و بوونى پەیوەندییەکى ئەرێنییە لەگەڵ ڕەوتە شیعییەکان، به‌تایبەت ئەوانەى سەر بە ئێرانن و پاراستنى هاوسەنگییش لەگەڵ "ڕەوتى سەدر" پێویستە.

ڕۆڵی سەرۆکایەتیى هەرێم لە هاوکێشەکەدا

سەرۆکایەتیى هەرێم، دەکرێ سێ ڕۆڵی سەرەکیی هەبێ:

  • مانەوەى وەک مەرجەع بۆ هێزە سیاسییە کوردییەکان لە هەرێم.
  • بەردەوامبوون لە جووڵەى دیپلۆماسی، به‌تایبەت دیپلۆماسییەتى لووتکە، لەگەڵ خودى هەرسێ پۆستە سیادییەکانى عێراق و سەرۆکى لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و کوردستان و بانگێشتکردنیان بۆ سەرۆکایەتیى هەرێم بۆ بابەتە ستراتیژى و گرنگ و هەستیارەکان.
  • سەرپەرشتیکردنى پرۆسەى هاوسەنگى لە پەیوەندییەکانى دەرەوەى هەرێم و ڕەواندنەوەى نیگەرانییەکانى ئێران و تورکیا؛ لە هەمان کاتیشدا پتەوکردنى ڕایەڵە و پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەرێم.

کەواتە کورد دەتوانێ لەو حکوومەتە سوودمەند بێت ئەگەر:

  • یەکڕیز و یەکپاکێچ بێت لە بەغدا و، هەندێ لایەن ڕۆڵی تێکدەرانە نەبینن.
  • بوونى جووڵەیەکی دیپلۆماسیی بەپلان و بەردەوام و پاراستنى هاوسەنگی.
  • بەڕێوەبردنى کات؛ چونکە لەم قۆناغەدا تایبەت ئەمساڵی حوکمڕانیی سوودانى زۆر هەستیارە، دەبێ کورد بیقۆزێتەوە و کارى جددیى تێدا بکات، چونکە مێژووى سیاسیی عێراق خۆى دووبارە دەکاتەوە، بەڵام دەرفەتەکان نا.

Latest from سەردار قادر

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples