(ئایا سەرۆکوەزیران دەتوانێ هاوسەنگى بپارێزێ و بەڵێنەکانى بباتە سەر؟)
د. سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران
ئەرکی سەرۆکوەزیران بەر لە گلۆربوونەوەى وڵات بەرەو کاولبوون
پرۆسەى گلۆربوونەوەى وڵات بەرەو کاولبوون دیاردەیەکی نوێ نییە لە کۆمەڵگەى عێراقی هاوچەرخ؛ ڕۆژ لە دواى ڕۆژ خزان بەرەو کاولبوون دەچێ. ئەوەى نوێیە لەو نێوەندەدا هیچ باسێک بۆ داهێنان و گەشەپێدان لە ئارادا نییە؛ ئەوەندەى کە پێویستە بوترێ و دەبێتە داهێنان ئەوەیە کە ئایا کام لە سەرۆکوەزیرەکان دەتوانێ ئەو داڕمان و گلۆربوونەوەیە بەرەو کاولبوون بوەستێنێ؟ تەنیا وەستانى داڕمان خۆی لە خۆیدا داهێنانێکی ناوازەیە بۆ کۆمەڵگەى عێراقی هاوچەرخ. لە ساڵی 1920 – 2022 عێراق 79 حکوومەت یان سەرۆکوەزیرانی بەخۆیەوە بینیوە، بەم شێوەیە:
ئایا هیچ لە بابەتەکان گۆڕاوە؟
بەپێی ئەزموونەکان و ئەو پەند و عیبرەتەى کە لە مێژووى سیاسیی عێراق وەری دەگرین، ئەوەیە کە مێژوو لەم وڵاتە خۆی دووبارە دەکاتەوە و هیچ لە بابەتەکە نەگۆڕاوە، بەڵکوو بارودۆخى ئەم وڵاتە ڕۆژ لە دواى ڕۆژ بەرەو خراپبوون دەچێت؛ دیمەنێکی سیاسی و کۆمەڵگەیی نییە هاووڵاتیانی دڵی پێ خۆش بکەن؛ خاکەکەى شەیداى هاووڵاتیانییەتى بۆ قووتدان، بەڵام لە دوو سیفەتى هاوتەریب تەواوى فەرمانڕەواکان هاوتەریب بوون و لەیەک دەچن: دەسەڵات لایان بێجگە لە ئیمتیازێک لە پێناو ئەجێندایەکی تائیفەگەرى هیچی دی نەبووە؛ دووەمیش هەر حکوومەتێک کە هاتۆتە جێگەى ئەوەى پێش خۆى- جا ئیدی بە کودەتا یان هەڵبژاردن بووبێ-، نەیتوانیوە لە کهلتوورى سیاسیی دەسەڵاتدارى پێش خۆى قوتاری ببێ، بەڵکوو پێوەى پابەند بووە و هەندێ سیاسەتى خراپتریشی خستۆتە سەر؛ بۆ نموونە ئەوەى کە ئێمەى کورد دیمان لە سەردەمى دەسەڵاتدارانی پێش 2003 زۆر نامرۆیانە بوو، ئەوەى ئێستایش چی لەوى تر کەمتر نییە و هەمان شێوازەکانى سیاسەتى جینۆساید و ستەمکارى هەر بەردەوامە، بهتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان. گومانیش لەوەدا نییە بەهۆى دژواریى ڕایەڵەکان و هاوکێشە سیاسی و مەزهەبییەکانى ئەم وڵاتە، حکوومەتەکەى سوودانییش تواناى چارەسەرییان نییە، چونکە گرفتەکە لە خۆیدا نییە، بەڵکوو ناهێڵن.
نەخشەى سیاسیی حکوومەتەکەى سوودانى
دواى ئەوەى ڕەوتى سەدر لە گۆڕەپان و پرۆسەى سیاسی دوور کەوتەوە و گۆشەگیریی خۆی و ڕەوتەکەى لە کارى سیاسی ڕاگەیاند، ئەوە بوو لایەنە عێراقییەکان لە کۆتاییی مانگى سێپتهمبەرى 2022 لەسەر شێوازێکی ترى فەرمانڕەوایی بۆ پێکهێنانى حکوومەتى نوێ، بە ناوى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت ڕێک کەوتن بەم شێوەیەى خوارەوە:
نەخشەى سیاسی و جێندەریى حکوومەت
حکوومەتەکەى سوودانى لە ڕۆژى 27/10/2022 دواى ساڵێک و 17 ڕۆژ لە هەڵبژاردنى پەرلەمان توانى بە زۆرینەى ئامادەبوونى 253 ئەندام پەرلەمان متمانە بەدەست بێنێ، نەخشەکەیشی بەم شێوەیەیە:
ئایا سوودانى لەنێو دژەبەرەکان هاوسەنگی دەپارێزێ؟
ئەمە گەورەترین گرفتى سوودانى و حکوومەتەکەیەتى. گەرچی سوودانى سەرۆکوەزیرانێکی لاوە و بە تەمەن 52 ساڵە، هیچ دۆسیەیەکى گەندەڵییشی نییە، پلە کارگێڕییەکانى بڕیوە (سەرۆکی شارەوانى، سەرۆکی ئەنجومەنى پارێزگا، پارێزگار، ئەندامى پەرلەمان، وەزیری)، خۆى باکگراوندێکی مەدەنیی هەیە، بەڵام بە گرووپی چەکدار تەندراوە و پارێزگاریى لێ دەکەن و هەر ئەوانیش بوون گەیاندیانە ئەو پۆستە؛ هەر بۆیە دەبێ بەرژەوەندییەکانیان دابین بکات. دابینکردنى ئەو بەرژەوەندییەیش چەندان گرفتى بۆ دروست دەکات و دووچارى چەندان سەختی دەبێت، که ئایا دەتوانێ هاوسەنگییەکە بپارێزێ؟ هەموو بەرەکان لە لایەک و بەرەى گرووپە چەکدارەکانى سەر بە ئێران و خودی دەوڵەتى ئێرانیش لە لایەکی تر؛ واتە دەبێ حیسابی تەواو بۆ ئەو دووانە بکات. هەر بۆیە چەند پرسیارێکى دژوار لەو نێوەندەدا دێنە ئاراوە، وەک:
- ئایا سوودانی دەتوانێ هاوسەنگی لەناو خودی چوارچێوەى هەماهەنگیدا بەدی بێنێ، کە هەندێک لەوان، ململانێیانە لەسەر گرنگترین پۆستە ئەمنی و هەواڵگرییەکانى وڵات؟
- ئایا سوودانی دەتوانێ هاوسەنگی لە نێوان واقعی شیعی و سوننیدا بکات؟
- ئایا سوودانى دەتوانێ هاوسەنگی لە نێوان داواکانى کورد بۆ شایستە دەستوورییەکانى و داواکانى گرووپە شیعییەکان بۆ وڵاتێکی مەرکەزی بەدی بێنێت؟
- ئایا سوودانی دەتوانێ هاوسەنگی لە نێوان داواکانى کورد بۆ بەدیهێنانى شایستە دەستوورییەکانى لە عێراق و داواکانى ئێران دژ بە هەرێم بکات؟
- ئایا سوودانى دەتوانێ هاوسەنگی لە نێوان بڕیارەکانى دادگهى فیدراڵى دژ بە هەرێمی کوردستان و واقعی سیاسیی وڵات، تایبەت لەگەڵ هەرێم بکات؟
- ئایا سوودانى دەتوانێ هاوسەنگی لە نێوان بڕیارەکانى حکوومەتى کازمی و واقعی نوێدا بکات؟ کە چەندان بڕیارى ستراتیژیى تێدایە و لە دواى 11/10/2021 وە دراون، بهتایبەت لەگەڵ دەوڵەتانى هەرێمی، ئەمیش هەر خەریکە ڕۆژانە ئەو بڕیارانە هەڵدەوەشێنێتەوە و تا ئێستا زیاتر له 160 بڕیار و پۆستى هەڵوەشاندۆتەوە، کە زۆربەیان زۆر هەستیارن؟
- ئایا سوودانى دەتوانێ هاوسەنگییەک لە نێوان زۆریى دەرامەت و گەشەپێدانى وڵات دروست بکات، کە ئێستا عێراق لە ڕووی دارایییەوە گرفتێكی ئەوتۆى نییە؟
- ئایا سوودانى دەتوانێ هاوسەنگییەک لە نێوان بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا و ئێران بێنێتە ئاراوە؟ بهتایبەت کە چەندان جار لەلایەن ئەمریکاوە ئاگادار کراوەتەوە کە نابێ ئەو گرووپانە بەشداریی پێ بکات کە لاى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە لیستى تیرۆردان و، بۆ ئەو مەبەستەیش باڵیۆزى ئەمریکا لە بەغدا 5 جار لەگەڵ سوودانى کۆ بۆتەوە. ئەمەیش ئەوە دەردەخات ئەمریکا تا ئێستا پەیوەندییەکانى خۆى لەگەڵ سوودانى ئاسایی نەکردۆتەوە و، لەسەر ئاستى سەرۆک و جێگرەکەى تا ئێستا لە ڕێگەى تەلەفۆنەوە پیرۆزبایییان لە سوودانى نەکردووە، بەڵکوو لە نزیکەوە چاودێریى بارودۆخەکە دەکەن. بەڵام لە بەرامبەردا سوودانى چەندان پۆستى وەزارى و ئەمنى و هەواڵگریى داوەتەوە ئەو گرووپانە، تەنیا دامەزراوەى هەواڵگریی باڵاى عێراقی ماوە کە هەردوو گرووپی عهسائیبی ئههلی ههق (عصائب أهل الحق) و حزبوڵڵا (حزب الله) ڕکابەریى لەسەر دەکەن؛ ئەمەیش ئەمریکاى تەواو نیگەران کردووە. ئایا دەتوانێ هێرشەکانى سەر دۆستەکانى ئەمریکا بوەستێنێ؟ ئایا دەتوانێ پرۆسەى دیموکراسی ڕاست بکاتەوە؟ ئایا دەتوانێ گەندەڵی چارەسەر بکات؟ ئایا دەتوانێ گرووپە چەکدارەکان لە سنوورى خۆیان بوەستێنێ؟ ئایا دەتوانێ وا بكات كه بانکى ناوەندیى عێراق وەک سەرچاوەى پاڵپشتى بۆ ئێران بەکار نەیەت؟ ئایا دەتوانێ خۆپیشاندەران بپارێزێ و توندوتیژى دەرهەقیان بەکار نەهێنێ؟ ئەمانە و چەندان داخوازیى ترى ئەمریکا لە سوودانى. لە ڕوانگەى ئەو هاوکێشە و لە پەیوەندی و بەرژەوەندییانەى کە دەورى سوودانییان تەنیوە، ئەو ناتوانێ ئەو هاوسەنگییە بپارێزێ، کە ئەمەریکا، کورد و سوننە دەیانەوێ، بۆیە لە پێناو بەدیهاتنى بەرژەوەندییەکانى ئێران و میلیشیا شیعییەکان، قوربانی بەوانى تر دەدات.
کات لاى سوودانی تاکتیکە یان پەیامی کار؟
هەندێ لە دروشمەکانى سوودانی لە ڕووى کاتەوە شۆککەر و هەڵخەڵەتێنەرن؛ ئایا ئەو دەتوانێ ئەوەى کە لە ماوەى 17 ساڵی حوکمڕانیی عێراقدا قەوماوە، لەو کاتە کەمەدا ساڕێژ بکات؟ بۆ نموونە لە بەرنامەى کاریدا هاتووە کە لە ماوەى 90 ڕۆژدا چارەسەرى گەندەڵی دەکات و لە ماوەى 6 مانگیش گرفتى یاساى نەوت و غاز لە عێراقدا تەواو دەکات؛ هەروەها هاتووە کە گرفتى بێکارى ناهێڵێت و دەرفەتى کاری زۆر دێنێتە ئاراوە، چاکسازی لە کەرتى ئابووریدا دەکات، بهتایبەت لە کەرتى کشتوکاڵ و پیشەسازی و بانکى و پاڵپشتیکردنى کەرتى تایبەت، سەرەڕاى ئەوەى کە بەپەلە کار لەسەر چاککردن و دابینکردن و گەشەپێدانى بوارى خزمەتگوزارى-کە بۆ هاووڵاتیان زۆر گرنگ و پێویستن- دەکات. تەواوى ئەو دروشمانە و بەدیهاتنیان لە واقعى کرداریدا، لە ماوەى ساڵێكدا باس دەکرێن. گومان لەوەدا نییە کە ناتوانێ، بەڵام ئامانج لەو وادانە چییە؟ ئایا کات لاى سوودانى تاکتیکە یان پەیامى کارى حکوومەت و بەدیهێنانى؟
- گومان لەوەدا نییە کە تاکتیکە و یەکێکە لە شێوازەکانى بەڕێوەبردنى قەیران لەلایەن ئێرانەوە: "بە مەبەستى قوتارکردنى قەیرانەکان، کات بقۆزەرەوە"؛ وەک میکانیزمێکی یەکلاکەرەوە. سوودانییش لەسەر ئەو پەیڕەوە دەڕوات؛ دووریش نییە ئەم بەرنامەیە لەلایەن ئێرانییەکانەوە دانرابێ.
- چوارچێوەى هەماهەنگى بۆ جێگیرکردنى پلانەکانى و دەستگرتن بەسەر جومگەکانى دەسەڵات، پێویستى بە کاتە، چونکە لە 2003وە هیچ کات وەک ئێستا جومگەکانى دەسەڵاتى بەتەنیا نەکەوتۆتە دەست. هەر بۆیە پێویستى بە سەقامگیری هەیە. بۆ ئەو مەبەستەیش نەرمی لەگەڵ کورد و سوننە دەنوێنێ لە ڕووی کاتەوە نەک لە ڕووى چارەسەرى گرفتەکانەوە. هەرگیز ئەو هەڵوێستەى کە ئێستا حکوومەت لەگەڵ هەرێم هەیەتی، دواى شەش مانگ هەمان هەڵوێستى نەرمی نابێ. لەبەر ئەوە موماتەڵەکردن بە کات و درێژکردنەوەى گفتوگۆکان سیماى دانوستاندنەکان دەبن، چونکە زۆرێک لە گرفتەکان بۆ چارەسەر و گفتوگۆ دەدرێنە لیژنەى لاوەکى و پسپۆر؛ لەوێش زۆر دەخایەنێ.
- لەو ماوەیەدا هەوڵ دەدرێ گوتارى سیاسیی سەدر سەبارەت بە گەندەڵى و خزمەتگوزارى بڕفێندرێ و چوارچێوەى هەماهەنگی، خۆیان تەبەنیی بکەن و، هەوڵ بدەن قەناعەت بە ڕای گشتى بکەن کە ئەمان گۆڕاون و لە ئەزموونى پێشوو ڕازی نین؛ بەڵام لەو وادەیەدا لە هەوڵی پەیوەندیدا دەبن لەگەڵ ڕەوتى سەدر تا پلانەکە تێک نەدەن.
چەقی کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا کامەیە؟
کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا بە پاکێجێک لەگەڵ سوودانى بە یەکجار و لە یەک حکوومەتدا چارەسەر نابن، بەڵام ئەوەى کە زۆر گرنگە هەرێم لەو وادە زێڕینەى کە سوودانى دیاریی کردووە، بتوانێ یاساى نەوت و غاز بە ڕێکكەوتن کۆتاییی پێ بێنێت؛ دواتر بوودجە و ئەوانى تر. بەڵام وەک چەقی کێشەکان، پێویستە هەرێم گرفتى نەبوونى یاساى نەوت و غاز یەکلایی بکاتەوە، چونکە لەو ڕێگەیەوە هەرێم لە چەندان گرفتى کارگێڕی و دارایی و یاسایی و سیاسی قوتارى دەبێت و دەكهوێتە سەرپێی خۆی. ئەگەر یاساکە بە ڕێکكەوتن بێت و بەرژەوەندى و واقعى فیدراڵیی هەرێم بەرچاو بخات، ئەوا هەرێم زیاتر لە سەروەرى و ئابووریى سەربەخۆى خۆى نزیک دەبێتەوە. بەڵام ئەوەى کە لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە، نابێ ڕێکكەوتننامەکە کاتى بێت و ببەسترێتەوە بە پرۆسەى هەموارکردنى دەستوورەوە، چونکە ئەودەم پڕهنسیپە یاسایییەکە بەرقەرار دەبێت؛ بەوەى کە یاساى داهاتوو و نوێیەکە، یاسا کۆنەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و لەکاریان دەخات. هەر بۆیە یەکلاییکردنەوەى یاساى نەوت و غاز لە بەرژەوەندیى هەرێم، گەورەترین سەرکەوتنى قۆناغەکەیە.
لە کەشێکی سیاسیی لێڵدا ئەگەرى پشتگوێخستنیش هەیە
سەرەڕاى ئەو هەموو ڕا و بۆچوونە ئەرێنییانەى سەبارەت بە کابینەکەى سوودانى، بەڵام مەترسیی پشتگوێخستن هەر لە ئارادایە و هیچ کاریگەریشى بۆ سەر پێگە و سەنگی حکوومەتەکەى سوودانى نابێت، چونکە هەرێم لاى ئەوان "پارتى" دەگەیەنێ؛ ئەگەر پارتییش بەتەنیا مایەوە دەبێتە کەمینە، چونکە گهرەنتى نییە کە یەکێتیى نیشتمانى، هاوتەریب دەبێ لەگەڵ پارتى. ئەمەیش بۆ سوننەکان و بابلیون دروستە، بهتایبەت حکوومەتى ئێستا بە جیاواز لەوانى پێش خۆى، زۆرینەى پەرلەمان و دەسەڵاتی قەزاییش پاڵپشتیەتى.
خاڵە بەهێزەکانى حکوومەتەکەى سوودانی چین؟
- لاى زۆرێک لە جەماوەر، حکوومەتەکەى سوودانى بە کۆتاییهێنان بە داخرانى سیاسی و نەخزان بەرەو جهنگى ناوخۆ ئەژمێر دەکرێ و تیرۆریش لەناو دەبات.
- مەرجەعییەت و ڕای گشتى، ئارەزووى سەقامگیری دەکەن.
- بوونى هێز لە بونیادنانى حکوومەت و پاراستنى و ئاڕاستەکردنى؛ ئەویش "حەشدی شیعی"یە، کە زۆر لە سوپاى عێراق تۆکمەتر و بەپڕهنسیپترە.
- پاڵپشتیى ئێران بۆ حکوومەتەکەى سوودانى و دۆڕانى ئەمریکا لە گەمەکەدا.
- هەموو سەرەداوەکانى دەسەڵات لاى خۆیانن: هێز، دارایی و هتد.
- بێدەنگیى سەدر تا ئێستا.
- بێدەنگیى دەوڵەتانى کەنداو و وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکا.
- پاڵپشتیى کورد و سوننە بۆ حکوومەتەکەى سوودانى، جۆرێک لە سەقامگیری و تەباییی سیاسیی لەسەر تاسەرى عێراق هێناوەتە ئاراوە.
- بارودۆخى باشی ئابووریى وڵات؛ سەردەمانێک بانکى ناوهندى، ڕەسیدی 49 ملیار دۆلار بوو بەڵام ئێستا خاوەنى نزیکەى 90 ملیار دۆلارە. سەردەمێک عێراق خاوەنى 95 تەن یەدەگی زێڕ بوو، بەڵام ئێستا خاوەنى 134 تەن زێڕى یەدەگە.
- بوونى زۆرینەیەکى ئاسوودە لە پەرلەمان، کە هیچ گرفتێکی تێپەڕاندن و دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکانى نابێت.
- پاڵنەرى دروستبوونى حکوومەتەکەى سوودانى "تەوافوقی"یە؛ ئەمەیش جۆرێک لە تەباییی سیاسی لەسەر ئاستى حکوومەت و پەرلەمان بۆ وادەیەک دەخوڵقێنێ. ئەمەیش لە بەرژەوەندیى چوارچێوەى هەماهەنگییە پێش ئەوانى تر.
- پاڵپشتیى دەسەڵاتى قەزایی بۆ دەسەڵاتى جێبەجێکردن؛ ئەمەیش جیاوازییەک دروست دەکات، کە حکوومەتى ئێستا لە کاتى دروستبوونى قەیران لەگەڵ هەرێم، زیاتر بەدەم جێبەجێکردنى بڕیارەکانى دادگهى فیدراڵییەوە دەچن و بەئاسانیش دەتوانن هێز بجووڵێنن لەسەر هەردوو ئاستى حەشدى شیعی و سوپاى وڵات.
بەربەستەکانى بەردەم کابینەى سوودانى چین؟
- زۆربەى بۆچوونەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە سوودانى ناتوانێ وەک کازمى لە نێوان دژەبەرەکاندا هاوسەنگى بپارێزێ؛ پارسەنگەکەیش لە بەرژەوەندیى ئێران دەبێت، بهتایبەت بەرامبەر هەرێم لەناو عێراق؛ دەرەوەیش بەرامبەر ئەمریکا و سعوودیا.
لایەنەکان لەسەر ئاستى حکوومەت بەهەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ چوارچێوەى هەماهەنگی دەکەن، چونکە گومان ههیه ئەوەى سوودانى دەیکات و دەیڵێ، تەکتیکە نەک پەیام و بەرنامەى کارى کارا و هێوربوونەوە و، تەبایییەکى کاتییە و هیچی تر، بە تایبەت بەرانبەر بە کورد و سوننە، بەو مانایەى تا ئەو کاتەى بونیادی دەسەڵاتى جێگیر دەبێ و دواتر موماتەڵەیان پێ دەکا.
- حکوومەتەکەى سوودانى زیاتر حکوومەتێکى عەسکەرتاریانەیە، چونکە بە سوپا و گرووپە چەکدارە توندڕەوەکان تەنراوە و لە مەوداى نزیکدا ئەوان تەحەکووم بە حکوومەتەوە دەکەن و ئاشوب و ململانێ لە نێوانیاندا دێتە ئاراوە. هەر بۆیە بوونى ئەو هەموو گرووپە چەکدارە شیعییە، حکوومەتەکەى سوودانى دەقۆزنەوە بۆ زیاتر جێگیربوونیان لە واقعی سیاسیی عێراقیدا؛ کە ئەمەیش بەرەنجامێکی ئەرێنیی نابێ.
- گرفتەکانى ئەم وڵاتە ئەوەندە زۆر و سەخت و قووڵن، سوودانى ئەو زەمەنەى بەدەستەوە نییە بۆ چارەسەرکردن. هەر بۆیە ئەگەر چوارچێوەى هەماهەنگی گەیشتنە قۆناغى شەکەت و بێهیوابوون لە چاکسازییەکان، بانگەشەى هەڵبژاردنى پێشوەختە دەکەن. کەواتە سوودانی ناتوانێ بەرنامەى کارى حکوومەتەکەى جێبەجێ بکات.
- تا ئێستا هەڵوێستى ڕەوتى سەدر لەسەر حکوومەتەکەى سوودانى نەگۆڕاوە، بەڵام سەدر دەرفەتێکی داوە بە سوودانى تا بۆى بسەلمێنێ کە ئەو ناتوانێ گەندەڵەکان دوور خاتەوە و گرفتەکان چارەسەر بکات؛ ئەودەم دێتەوە سەر شەقام و ئاشوب دروست دەبێتەوە؛ یان لە هەر قۆناغێک کە هەڵوێستى حکوومەت یان پرۆژەیاسایەک بەدڵی سەدر نەبوو، بهتایبەت یاساى هەڵبژاردن وەک نموونە. کەواتە هاتنەوە سەرشەقام لەلایەن ڕەوتى سەدرەوە لە ئانوساتدایە. ئەمەیش حکوومەتى سوودانیى دووچارى دڵەڕاوکێ کردووە و نایەوێ لایەنگرانى لەناو دامەزراوەکانى حکوومەت لا بدا و هەر داواکارییەکیشیان هەبێت بۆیان جێبەجێ دەکات. لەبەر ئەوە بە هیچ شێوەیەک لەم قۆناغەدا نیازى ڕووبەڕووبوونەوەى نییە لەگەڵ سەدر. هەر بۆیە ڕەوتى سەدر و لایەنەکانى تشرین، گەورەترین کۆسپن لە بەردەم حکوومەتەکەى سوودانى.
- نەپاراستنى هاوسەنگى لە نێوان ئێران و ئەمریکا، عێراق دووچارى حاڵەتێکی هەستیار دەکاتەوە، هەرێمیش لەو ڕووەوە دووچارى مەترسی دەبێتەوە، چونکە ئەوان خەشی خۆیان بە هەرێم دەڕێژن؛ چونکە پەیامی ئەمریکا بۆ سوودانى زۆر ڕۆشنە، بەوەى کە نابێ گرووپە چەکدارەکانى حەشدی شیعیی سەر بە ئێران لەناو حکوومەتەکەیدا بوونیان هەبێ. بەڵام چەندان پۆست و کەسێتیى تێدایە: وەزیر، بەڕێوەبەرى گشتى، بەرپرسیارێتیى ئەمنى و هەواڵگرى، بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنى مەکتەبی سەرۆکوەزیران خۆى کە ڕۆژنامەنووسێکی سەر بە حزبوڵڵاى لەو پۆستە دامەزراندووە کە ناوى "ڕهبیع نادر"ە و ساڵی 2019 وەک یەکێک لە داواکانى خۆپیشاندەران لە حکوومەتەکەى عادل عهبدولمههدی لا درا، بەڵام سوودانى هێنایەوە. هەر بۆیە ئەمریکا چاودێریی حکوومەتى سوودانى دەکات کە تاچەند سەربەخۆیە.
- بە ئەزموونى پێشووى سوودانى بێت، زیاتر زیهنییەتێکی مەدەنیی هەیە، بەڵام ئەوەى کە دەستی پێ کردووە هەر لە سەرەتاى کارییەوە، زیهنییەتێکی سیاسیی پەڕگرتن و لادانى چەندان بەرپرس و شوێنگرتنەوەیانە لەلایەن ئەندامانى هەماهەنگییەوە؛ ئەڵێى هیچ کارێکی نییە تەنیا پاكسازی (تهسفییه)ی ئەو کەسانە نەبێت! ئەمەیش گومانى زیاتری خستۆتە سەر کارەکان و نییەتەکانى.
- ئەو زیاتر زیهنییەتى پارەبەخشینەوەى هەیە لە ڕێگەى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و یاساى خزمەتى سوپاییی نوێ. ئەوەى یەکەمیان مەبەستى یارمەتیدانى خێزانە هەژارەکانە و کەمکردنەوەى بێکارى و هەژارییە؛ ئەوەى دووەمیان مەبەستى دۆزینەوەى هەلی کار و ئینتیمایە بۆ وڵات. بەڵام پارسەنگەکەى ئەوەیە کە کاردۆزینەوەیە بۆ توێژى گەنجانى شیعە لە خوارووى عێراق، چونکە بەپێی یاساکە دەبێ لە نێوان تەمەنى 19 – 35 ساڵی بچنە خزمەتى سوپا، هەر یەکەو بەپێی تایبەتمەندیى خۆى کە لە یاساکە دیاریکراوە لە نێوان 3 – 18 مانگ. بەڵام ئەو توێژە بەپێی تازەترین داتا کە ژمارەى دانیشتووانى عێراق لە مانگى تەمووزى ساڵی 2021 بە 41.190.658 خەمڵێنراوە، لەو ژمارەیە لە 19 – 35 ساڵی 10.971.387 کەسن کە خەرجیی ئەوانە لە ساڵێکدا دەکاتە نزیکەى 79 ترلیۆن دینار، ئەگەر مووچەیان تەنیا 600 هەزاریش بێت. ئەگەر توێژى 20 – 24 ساڵان حیساب بکەین لە دانیشتووانى عێراق، ئەوا ژمارەیان 3.707.160 کەسە؛ مووچەى یەک ساڵیان بە 600 هەزار، دەکاتە زیاتر لە 2 ترلیۆن دینار؛ ئەمەو سەرەڕاى ئەوەى کە ئایا عێراق پێویستیى بەوە هەیە. گومان لەوەدا نییە، کە ئەوە پرۆژەیەکی مەزهەبییە نەک نیشتمانى.
پیاوی تارمایییەکە، دەبێ پەیامی داهاتووى چی بێت؟
سەدر لەو قۆناغەدا بەدەر ناکەوێت؛ ئەو کاتە دێتەوە سەرشەقام کە سوودانى ناتوانێ کارەکان بکات و پەیمانەکانیشی ناباتە سەر. بەڵام باشترە ئاماژە بەوە بدەین کە کەى دێتەوە سەرشەقام؟ بۆ ئەو مەبەستە چەند پێوەرێک هەن، لەوانە:
- کاتێک چوارچێوەى هەماهەنگی ناتوانن بەو مەرجانەى کە سەدر داخوازى دەکرد دەسەڵات بەڕێوە بەرن.
- ئەو دەمەى کە ڕەوتى سەدر مقۆیان لەسەر ئاستى جەماوەر لەسەر دروست دەبێت، کە ئەوان بۆى هاتنە سەرشەقام، کەچی ئەو لە نیوەى ڕێگە بەجێی هێشتن.
- دروستبوونى گرژى و ناکۆکی لە نێوان گرووپە چەکدارەکان و ڕەوتى سەدر.
- لە کاتى گفتوگۆکردن لەسەر یاساى هەڵبژاردن، کە نابێ بێ ڕەچاوکردنى ڕاى ئەوان لە پەرلەمان پەسەند بکرێ.
- نزیکبوونەوە لە پرۆسەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان کە بڕیارە لە مانگى تشرینی یەکەمى 2022 ئەنجام بدرێ.
چوارچێوەى هەماهەنگی نیازى هەڵبژاردنی پێشوەختەى نییە؟
وەڵامەکە "نەخێر"ە، بەم پێوەرانە:
- ئەوان لەسەر ئاستى حکوومەت و پەرلەمان زۆرینەن؛ تەنانەت ئەگەر سوننە و کوردیش بکشێنەوە، بەڵام بارودۆخى سیاسی تێک دەچێت.
- تەواوى جومگەکانى دارایی و هێز لەچنگی ئەواندایە.
- ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان دوای یەک ساڵ لە تەمەنى حکوومەت؛ بەمەیش هەر خۆى هەڵبژاردنى پەرلەمانى دوا خست بۆ ساڵی 2024. ئەودەمیش هیچ بیانوو و بەهایەک بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە نامێنێ.
- لایەنە سەرەکییەکان دەسەڵاتیان بۆ گەڕایەوە، هەر بۆیە بەنیاز نین تەنیا بۆ یەک ساڵ لە حوکم بمێننەوە. ئەو شەڕە چارەنووسسازەیان بۆ ماوەى یەک ساڵ نەکرد، بهتایبەت مالیکی کە دەڵێ: ئەو حکوومەتەى ئێستا پتەوە. لە توانایدا هەیە خولی یاساییی خۆى تەواو بکات.
- چوارچێوەى هەماهەنگی ئەگەر هاوکێشەکانى هەرێمی نەشپرزێن و تێک نەچن، ئەوا تا ئەو کاتەى خۆى دڵنیا دەبێتەوە لەوەى کە زۆرینەى دەنگى پەرلەمان بەدەست دێنێ، بڕیارى هەڵبژاردنى پێشوەختە نادا.
- دروستبوونى ئاشوب و گەڕانەوە بۆ سەردەمى ململانێی ڕەوتى سەدر و هەماهەنگی؛ ئەودەمیش هەڵبژاردنى پێشوەختە وەک ئەلتەرناتیڤى جهنگى ناوخۆ ئەنجام دەدرێ، تا ئەو جهنگه ڕوو نەدات.
کورد دەبێ چی بکا؟
بەپوختى دەتوانین بڵێین کە کورد دەبێ چەند کارێک بکات، لەوانە:
- گومانى لەوە نەبێ کە ئەو بەڵێنانەى پێیان داوە بەجێی ناگەیەنن؛ موماتەڵەى تێدا دەکەن، یان هەموویان جێبەجێ ناکەن.
- ئەو واقعە میلیشیایییەى کە بونیادی حکوومەتەکەى سوودانیى لەسەر دروست بووە، ئەگەرى تێکچوونى بارودۆخى ئەمنیى زۆرى هەیە. هەر بۆیە خۆئامادەکردن بۆ خراپترین دۆخ و هاوکێشە، کارێکی باشە.
- یەکلاییکردنەوەى هەندێ دۆسیە لەگەڵ حکوومەتەکەى سوودانى و پەلەکردن لە چارەسەریان؛ چونکە تا بۆیان بکرێ خۆیان دەدزنەوە و موماتەڵە بە کات دەکەن. واتە قۆستنەوەى کات ڕەهەندێکی زۆر گرنگە لە ماوەى ئەم شەش مانگە یان کەمێک زیاتر، چونکە هیچ گهرەنتییەک نییە کە دواتر بارودۆخەکە تێک ناچێ.
- جەختکردنەوە لەسەر ئەو دۆسیانەى کە گرنگن و دەکرێ لەم شەش مانگەدا چارەسەر بکرێن و ئەوانى تریش بخرێنە بەرنامەوە و دەبێ تیمی هەرێم زۆر جەربەزە و ئەکتیڤ بێت و لە ئامادەباشسی تەواودا بێت لەسەر هەرسێ ئاستى زەمەن و شوێن و داتا. دۆسیە گرنگەکانیش بۆ ئەو ماوەیە: یاساى نەوت و غاز، بوودجە، پارێزگارى کەرکووک، پڕکردنەوەى شایستەکانى کورد لە دامەزراوەکانى حکوومەتى فیدراڵ، پێشمەرگە و هتد.
- یەکڕیزى و بوونى یەکپاکێج بۆ بەغدا.
- هاوتەریببوونى جووڵەیەکی دیپلۆماسی لەسەر ئاستى ناوخۆى هەرێم و عێراق و ناوچەکە و دونیا.
- بوونى پەیوەندپى باش و هێورکردنەوەى دۆخەکە لەگەڵ ئێران و گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک.
- بوونى پەیوەندییەکى باش لەگەڵ مالیکی و هادی عامری، کە بڕبڕەى پشتى حکوومەتى سوودانین. ئەوان بڕیارى یەکلاکەرەوە لەسەر هەردوو ئاستى حکوومەت و پەرلەمان دەدەن و گهرەنتیى پەیوەندییەکى باشیش دەبن لەگەڵ ئێران. هەرێم لە مەترسیی گرووپە چەکدارەکان و بۆردومانەکانیان بەدوور دەبێ.
- پێکهێنانى لیژنەیەک لەسەر هەر چوار ئاستى پسپۆرانى سیاسی و یاسایی و حکوومەت و پەرلەمان، بە مەبەستى پێداچوونەوەیەک بە کارەکانى پێشوو و سوودبینین لە پەندەکان و بەرچاوڕۆشنکردن بۆ داهاتوو و؛ پێویستە ئەو لیژنەیە ڕاپۆرتێک سەبارەت بە پەند و عیبرەت لە ڕەفتارى سیاسیی حکوومەتى هەرێم لە قۆناغی پێشوو لە ماوەى 15 ڕۆژدا ئامادە بکات.