پرۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران
هەڵبژاردنەکان لە دۆخى سیاسیی تورکیادا چی دەقەومێنێ؟
ڕەجەب تەییب ئەردۆغان دواى ئەوەى کە جووڵەیەکی زیرەکانە، دروست و پێویستى ئەنجام دا، لەمەڕ بەسەرکردنەوەى ئەو یازدە پارێزگایەى کە ڕۆژى 6/2/2023 بوومەلەرزە تێیاندا ڕووی دا، ڕۆژى 10/3/2023 وادەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیى تورکیاى دیاری کرد، کە دەبێ لە 14/5/2023 بکرێن. ئەو یازدە پارێزگایە پشکیان لە پەرلەمانى تورکیا 96 کورسییە، کە دەکاتە 16%ی کورسییەکان؛ بەمەیش چارەنووسی دیاریکردنى وادەى هەڵبژاردن لە دەستى حزبى داد و گەشەپێدان و بزووتنەوەى نەتەوەییی دەسەڵاتداردا بوو، ئەوەیش ئەوە دەگەیەنێ کە ئەردۆغان ئەو کاتەى هەڵبژاردووە کە زیاتر بۆ خۆیان گونجاوە، نەک ئۆپۆزیسیۆن. نزیکەى 36 حزبى سیاسی و چوار هاوپەیمانیى سەرەکی لەو خولەى هەڵبژاردندا بەشدارن و، ڕکابەرى لەسەر پۆستى سەرۆککۆمار و 600 کورسیی پەرلەمان بۆ ماوەى 5 ساڵان دەکەن و ململانێی سەرۆکایەتییش بە دوو قۆناغ یەکلایی دەبێتەوە.
پەرلەمانى تورکیا کە ناوى "کۆمەڵەى نیشتمانیى گەورە"یە، لە 23/4/1920 لە ئهنقەرە دروست بووە، کار بە سیستەمى تاک-ئەنجومەنى دەکات و بە سیستەمى هەڵبژاردنى لیستى ڕێژەیی بۆ حزبە سیاسییەکان و شێوازى "دی هۆندت" کار دەکات، کە لە 46 وڵاتى دونیا پەیڕەو دەکرێ. پەرلەمانى تورکیا بە 436 ئەندام دەستی پێ کرد، بەڵام ئێستا 600 ئهندامی ههیه؛ دوو جاریش لە مێژووى سیاسیی ئەو وڵاتە ههڵوهشێنراوهتهوه و لە شوێنى، لیژنەیەک بە ناوى یەکێتیى نەتەوەیی دروست کراوه. یەکەم جار ژمارەى لیژنەکە تەنیا 38 ئەندام بوو، لە دواى ڕوودانى کودەتا بەردەوام بوو لە 27/5/1960 – 25/9/1961؛ دووەم جاریش ژمارەى لیژنەکە کەم کرایەوە بۆ تەنیا 5 ئەندام و، دواى ڕوودانى کودەتا بەردەوام بوو لە 23/10/1981 – 6/12/1983. ئەو خولەى کە بڕیارە لە 14/5/2023دا هەڵبژاردنى بۆ بکرێ، خولی 28 پەرلەمانى تورکیایە. ماوەى 20 ساڵە حزبى داد و گەشەپێدان زۆرینەى کورسییەکانى بردۆتەوە و لەو وڵاتەدا فەرمانڕەوایە.
ئەردۆغان ڕۆژى 29/9/2022 لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیاییی CNNى تورکی ڕای گەیاند: دروشمی هەڵمەتى هەڵبژاردنى خۆی و حزبەکەى، "سەدەی تورکیا"یە. ئەو هاوپەیمانێتییەکى بە ناوى "هاوپەیمانیى گەل" لە (20/2/2018)هوە دروست کردووە، کە لە حزبى داد و گەشەپێدان و بزووتنەوەى نەتەوەیی پێک هاتووە؛ هەر ئەو هاوپەیمانێتییە بوو کە ڕێڕەوى فەرمانڕەواییی لە تورکیا، لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتى گۆڕی و بۆ ئەو مەبەستە دەستووریشی هەموار کردەوە. حزبى "الاتحاد الکبیر" پشتیوانیی خۆى بۆ ڕاگەیاند لە پرۆسەى دەنگداندا، بەبێ ئەوەى بەفەرمى بچێتە پاڵیان. هەردوو حزبەکە لەسەر کۆنسێرڤاتیزمى تورکیا ئەژمار کراون، کە لەگەڵ تەواوى پەرەسەندن و پێشکەوتنى تورکیان و، دەست بە میراتى مێژووییی سیستەمى بەهایی و سیاسیی تورکیا دەگرن. ئەوان لەسەر ئەوە کۆکن کە دژایەتیى پەکەکە و ڕەوتى فەتحوڵڵا گوڵەن بکەن و هەندێ تێزى لیبرالیزمیش لەسەر ئاستى حوکم و کۆمەڵگه وەلا بنێن. ئەوان لە پەرلەمانى ئێستا کە خولی (27)ه، خاوەنى 53.7%ی کورسییەکانن. بەوەیش پەرلەمان و حکوومەت و سەرۆکایەتیى وڵاتیشیان بەدەستەوە بوو؛ لیستەکەیان هەمەچەشنە؛ تەواوى توێژەکانى تورکیاى گرتۆتە خۆ؛ کەلێنێک نەماوە لە واقعی کۆمەڵگەی تورکیادا بە کاندیدێک پڕیان نەکردبێتەوە. ئەوان لە لیستەکەدا مەبەستیان بووە زهینییەتى "ڕیسایکلکردنی سیاسی" (political recycling / إعادة التدوير السياسي) بەکار بێنن، بەوەى کە ماددە خاوەکانى پێشوو لە کەسایەتییە هەمەچەشنەکانى تورکیا کە ڕۆڵیان بینیوە، جارێکی دی لە لیستى هەڵبژاردنەکەیاندا بەگەڕ خراونەتەوە. هەر بۆیە لە سەرووى لیستەکە جارێکی دی وەزیرەکان دێن؛ لە کۆى 17 وەزیرى حکوومەتى ئێستا، 15 تێدایە. کەمترین تەمەن 18 ساڵە کە کچی یەکێک لە دامەزرێنەرانى حزبى داد و گشەپێدانە و دانیشتووى شارى "ماردین"ە؛ بەتەمەنترینیشیان 73 ساڵە. ڕێژەى ئافرەت تێیدا (18.8%)ه. کاندیدانى لیستەکە کەسانى بەناوبانگ و دیار و بەئەزموونن؛ لە هەموو چین و توێژەکانى کۆمەڵگهى تێدایە. ئەوان مەبەستیانە لە ئەزموون و سیستەمى بەهایی و کەسانی بەئەزموون دوور نەکەونەوە. دەیانەوێ ئەو پەیامە بگەیەنن کە جۆرێک لە دەستاودەستکردنى نەوەکانى تێدایە لەناو لیستەکەدا. هەر بەو پێیەیش پێداگرى لە میراتی مێژوویی، سیاسی و کهلتوورى و ئایینییان دەکەن؛ ئەوەى کە لە ماوەى ئەو بیست ساڵەدا بۆ تورکیا بەدەست هاتووە. ئەوانى پێش خۆیان لە فەرمانڕەواکانى ترى تورکیا لە 1920 – 2002 واتە ماوەى هەشتا ساڵی حوکمڕانییان بۆ ئەو وڵاتە نەیان بووە. هەر لهبهر ئهوهیه کە دەسکەوتەکانى ئەردۆغان لە ڕکابەرەکانى زێترە. ئەمەیش ئەوە ناگەیەنێ کە دۆخى ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا سەقامگیر و بێخەوشە؛ ئەوان چەندان گرفت ڕووبەڕوویان بۆتەوە، وەک: قەیرانی دابەزینى لیرە، بەرزبوونەوەى ڕێژەى هەڵاوسان، ناسەقامگیریی پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکانى و دەوڵەتانى ئەوروپا و ئەمریکا، پێشێلکارییەکانى مافی مرۆڤ (بەتایبەت بەرامبەر بە کورد و پرسەکەى)، کۆمەکیکردنى هەندێ گرووپی توندئاژۆى ئیسلامی، ئاوهدانکردنەوەى کاولکارییەکانى بوومەلەرزەکە، پەنابەرانی سووریا و شەڕ لەگەڵ پەکەکە و...؛ هەروەها چەندانى دی کە بوونەتە کۆسپ لە بەردەم بردنەوەیەکی مسۆگەر و ئاسان بۆ ئەردۆغان و حزبەکەى.
لە بەرامبەردا "هاوپەیمانیى میللەت" هەیە، کە شەش حزبى سیاسی تێیدا کۆ بوونەتەوە؛ مەبەستیان ڕووخاندنى تاجەکەى ئەردۆغانە نەک هەر تەنیا بردنەوەیان لە هەڵبژاردن. ئەمەیش ئەوەندەى تر هەڵمەتەکانى دژوارتر کردووە. بە لاى هەردوو لایانەوە ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە؛ بەوەى بە سەرکەوتنى هەر لایەکیان خۆرى ئەوى تریان ئاوا دەبێت. هاوپەیمانیى میللەت گەرچی شەش حزبى سیاسیی کاریگەرن لە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیادا، بەڵام هاوپەیمانێتییەکە لەنێو خۆیدا تۆکمە نییە. ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانە:
- هاوپەیمانێتییەکە تابلۆیەکە لە چەند ئۆرگانێکی ئایدیۆلۆژی و ئاڕاستەى فیکریی هەمەڕەنگ، کە بەئەستەم فاکتەرێکی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە. ههرچهنده هەموویان لەسەر ڕووخاندنى ئەردۆغان کۆکن، بەڵام هیچ خوێندنەوەیەکی ڕۆشنیان بۆ ئاییندەى تورکیا پێ نییە.
- پێکهێنەرانى هاوپەیمانێتییەکە لەسەر یەک ئاڕاستەى سیستەمى بەها نین بۆ کارى سیاسی؛ کهلتوور و باکگراوندیان دژبهیهكه. ئەوانەى کە کاندیدیان دیاری کردووە بۆ پۆستى سەرۆکایەتى، هەر ئەوانە بوون کە کهلتوورى "کەمال ئەتاتۆرک"یان شکست پێ هێنا و لە کۆمەڵگەى تورکیدا کاڵیان کردەوە، بەڵام ئەو متمانەیەى کە داویانە بەو کاندیدەى سەرۆکایەتى لە هاوپەیمانێتییەکە، هەر ئەوەیە کە دەیەوێ کهلتوور و پێگەى ئەتاتۆرک بۆ کۆمەڵگەى تورکی بگەڕێنێتەوە.
- تا ئێستا ئامادە نین لەگەڵ بزووتنەوە کوردییەکان کفتوگۆ بکەن و تا هەنووکە هیچ پەیمانێکیان بە گەلی کورد لە تورکیا نەداوە، کە بەنیازن چییان بۆ دەکەن.
- هاوپەیمانێتییەکە هیچ بونیادی سیاسی و ڕێکخستن کۆیان ناکاتەوە؛ ئەوەیش هاوپەیمانییەکى لەرزۆک دێنێتە ئاراوە کە ناتوانێ وا بەئاسانی بڕیار لەسەر ڕووداو و پێشهاتەکان بدات.
- هەندێ لە سەرکردەکانى بەدڵەڕاوکێیەوە مامەڵە لەگەڵ هاوپەیمانێتییەکەدا دەکەن، وەک ئەحمەد داودئۆغلۆ، کە سەرکردەیەکی ڕاستڕەوى لیبرالی میانڕەوى سوننییە و پێگەیەکی تایبەتى هەیە. هەر ئەو بابەتەیشە کە سەرکردەیەکی سوننى لەناو هاپەیمانێتییەکی نامۆدا- کە دادودئۆغلۆیە- دژیهكی و نیگەرانیى لە نێوان خۆی و لایەنگرانیدا هێناوەتە ئاراوە.
- ئەو شەش حزبە پێشتر ململانێیەکى توند لەناویاندا هەبوو، کە لەبیرکردنى مەحاڵە، بەتایبەت لەگەڵ کهمال ئۆغلۆ کە کاندیدی هاوپەیمانێتییەکەیە. هەر بۆیە هاوپەیمانێتییەکە، پێ دەچێ تەنیا بۆ پەڕینەوە بێت و دواى هەڵبژاردنەکان، هەر لایەنەو بچێتەوە بۆ حزبەکەى خۆی و تێیدا بەرامبەر ئەوى دی سەنگەر بکرێ.
- ئاڵۆزیی گوتارى سیاسیی هاوپەیمانێتییە شەشقۆڵییەکە، نەبوونى یەکگوتاریى سیاسییە بەرامبەر ئەردۆغان لە زۆرێک لە بابەتەکاندا، بەتایبەت سەبارەت بە ئایین و پەکەکە، کە یەکێکن لە گرنگترین بابەتى هەڵبژاردن و هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ ئەردۆغان.
- ئەوان لەسەر ئەجێندایەکی داهاتوو بۆ قۆناغی دواى ئەردۆغان ڕێک نەکەوتوون؛ تەنیا چەند لیژنەیەکیان پێک هێناوە و تا ئێستا بابەتەکان یەکلایی نەکراونەتەوە. ئەمەیش دڵەڕاوکێی لایەنەکانى بۆ قۆناغی دواى هەڵبژاردن زیاد کردووە.
- تا ئێستا لەسەر کایەکان و دەسکەوتەکانى سەرکەوتن بەسەر ئەردۆغاندا ڕێک نەکەوتووە، بەوەى کە چۆن دەسکەوتە ئابوورى و سیاسییەکان دابەش بکەن؛ چونکە ئەگەر سەریش بکەون، ئەوا ناچارن و هەر دەبێ حکوومەتێکی ئیئتلافی پێک بهێنن. ئهحمهد داودئۆغلۆ کە چاوى بڕیوەتە پۆستى سەرۆکى حکوومەت، لە هەوڵی قەناعەتپێکرنیاندایە کە هەموویان پێگەى خۆیان لەناو هاوپەیمانێتییەکەدا هەیە؛ بەڵام ئەوەى تا ئێستا لەسەرى ڕێک کەوتوون، تەنیا ئەوەندەیە کە هەموویان دەبنە جێگرى سەرۆککۆمارى ئاییندە.
هاوپەیمانیی شەشقۆڵی، نەخشەیەکی ڕێگەیان بۆ خۆیان بڕیار داوە، کە لە یازدە ماددە پێک هاتووە. مەبەستیان پێی، بەڕێوەبردنى تورکیایە لە قۆناغی ڕاگوزەردا لە دواى ڕووخانى عەرشی ئەردۆغان و دادگهییکردنى بە چەندان تۆمەت، کە مەبەستیانە سیستەمى حوکمڕانی لە سەرۆکایەتییەوە بگۆڕنەوە بۆ پەرلەمانى و، سەرلەنوێ دەستوور هەموار بکەنەوە؛ لەو یازدە ماددەیەیش هیچ ئاماژەیەکی بۆ پرسی کورد لە تورکیا تێدا نییە.
گەرچی تا ئێستا 13 کاندید خۆیان بەربژێر کردووە بۆ پۆستى سەرۆککۆمارى تورکیا، بەڵام هەڵبژاردنە ڕاستەقینەکە لە نێوان ئەردۆغان و کەمال کلیچدار ئۆغلۆدایە. ئەردۆغان ساڵی 1954 لەدایک بووە؛ خۆى وەک سەرکردەیەکی سیاسیی سوننیی دیموکراسیی موحافیزکار دەناسێنێ؛ تا ئێستا دژایەتیى کهلتوورى ئەتاتۆرکی نەکردووە، بەڵام بەکردەوە تەواو لاوازى کردووە و هیچ کاریگەرییەکى بۆ نەهێشتۆتەوە، بەڵکوو زیاتر جەخت لەسەر کهلتوورى عوسمانى دەکاتەوە و دەڵێ تورکیا پەیام و ئەرکێکی مێژووییی لەسەرە لە ناوچەکە و دەبێ ئەداى بکات؛ لە ساڵی (2002)هوە حوکمى تورکیا دەکات. داهاتى ساڵانەى ئەو وڵاتە کە 300 ملیار دۆلار بوو له ساڵی 2001، لە ساڵی 2008 گەیشتە 750 ملیار دۆلار. داهاتى هاووڵاتییەکی تورکیش لە 3300 دۆلارەوە گەیشتە نزیکەى 11 هەزار دۆلار. لە ساڵی 2001 نزیکەى 11ملیۆن گەشتیار سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە، بەڵام ژمارەکە لە ساڵی 2022 بەرز بۆتەوە بۆ نزیکەى 53 ملیۆن گەشتیار. لەسەر دەستى ئەو، تورکیا گەیشتە ڕیزبەندی شازدەیەم لە گرووپی G20ی ئابووریی جیهانیدا. ئەو باوەڕی بە پرسی کورد نییە لە پەکەکەوە بۆی بێت، تا لەگەڵیدا ڕیک بکەوێ. ئەو پرسی کورد لە ناوخۆوە دروست دەکات و چارەسەرەکانى خۆى دای دەنێ؛ ئەم چارەسەرەیش زیاتر تاکلایەنانەیە. بەڵام بزاڤى کوردیش لە تورکیا نەیتوانیوە کایەى سیاسیی خۆى لەناوخۆ لە پەکەکە جیا بکاتەوە؛ هەر ئەوەیشە کە ناتەبایی لەسەر ئاستى گوتارى سیاسی بۆ دروست کردووە.
کەمال کلیچکدار ئۆغلۆ، سەرۆکی حزبى گەلی کۆمارییە؛ ساڵی 1948 لەدایک بووە، واتە شەش ساڵ لە ئەردۆغان بەتەمەنترە. ئهو بە مەزهەب عەلەوییە. ئاڕاستەى ئایدیۆلۆژیى، چەپگەرایە. لە 2012 – 2014 جێگری سەرۆکی کۆمۆنى ئیشتراکیی نێودەوڵەتى بوو. ئهو لایەنگری ڕژێمی سووریایە کە ئەویش عەلەوییە. دۆستى مالکییە و ساڵی 2013 لە عێراق سەردانی کرد. ههروهها پەیوەندییەکى باشی لەگەڵ ئێران هەیە. دەتوانێ بە زمانى تورکی و فەڕەنسی بدوێ. ئهو خۆى بە پارێزەرى عەلمانییەت و ئەتاتۆرکییەت دەزانێ. دژى دەستێوەردانى تورکیا بوو لە سووریا. پەیوەندیی لەگەڵ هەندێ جەنەڕاڵی کودەتاچییەوە هەر ماوە. ئهو بە یەکێک لەوانە ئەژمار دەکرێ کە بەردەوام دژى مافەکانى کورد بووە لە تورکیا و پەیوەندییەکانى تورکیا و هەرێمی کوردستان بەناشەرعی دەداتە قەڵەم و چەندان جار ڕەخنەى لە ئەردۆغان گرتووە، بەڵام وەڵامی ئەردۆغان بۆ ئەو لەوبارەیەوە ئەوە بووە کە: ئێمە لەگەڵ کیانێکی دەستووریدا مامەڵە دەکەین کە لە دەستووری عێراقدا هاتووە. بۆ هەر یەکێک لەو دووانەیش (ئەردۆغان 69 ساڵ و کهمال کلیچکدار 75 ساڵ)، کۆتا دەرفەتیانە لە سەرۆکایەتى و حزبەکانیاندا.
لە ئەگەرى سەرنەکەوتنى ئەردۆغان چی دەقەومێ؟
لەسەر ئاستى تورکیا
- کەوتنەوەى ناسەقامگیری و پشێوی؛ چونکە ئەردۆغان نەک هەر حوکمى کردووە، بەڵکوو واقعێکی بەهاییی لەسەر ئاستى کۆمەڵگە لەسەر بنەماى ئایین بۆ تورکیا دروست کردۆتەوە. کەواتە حوکمکردن وا بەو ئاسانییە نییە.
- ململانێی بەهاى ئایین و عەلمانییەت لە تورکیا سەرلەنوێ سەر هەڵدەداتەوە. ئەم جارە تەنیا لەسەر ئاستى دەسەڵات نابێت، بەڵکوو دادەبەزێتە سەر ئاستى کۆمەڵگه و تەباییی کۆمەڵایەتى دەخاتە مەترسییەوە. حزبەکەى كهمال کلیچکدار ئەوەى کە سەردەمانى پێشوو بە ئاگر و ئاسن بۆى دەچووە سەر، ئێستا ناتوانێ. کەواتە کۆمەڵگەى سیاسی لەت دەبێ و دووچارى ململانێی بەردەوام دەبێت؛ ئەوەیش کاریگەرى دەکاتە سەر تەواوى کایەکانى دەوڵەت.
- ڕێژەى هەڵاوسان زیاتر دەبێ، چونکە پێش داد و گەشەپێدان ئەو ڕێژەیە لە 60% زیاتر بوو، بەڵام ئەو توانى بیگەیهنێتە خوار 9%.
- ئێستا تورکیا ڕکابەریى ڕۆڵی پێشەنگ لە سەرکردایەتیى ناوچەکە دەکات و پەیامێکی خۆى هەیە و کارى بۆ دەکات، بەڵام دواى ئەو، تورکیا دەچێتەوە ئەو ئاستەى کە پێش ئەردۆغان هەیبوو و دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەکتەرى شوێنکەوتە.
- بە نەمانى ئەردۆغان ڕۆڵ و هەژموونى ئێران لە ناوچەکە و قەوقاز زێتر دەبێت.
- جارێکی دی لاوازی دەکەوێتە ناو پەیوەندییەکانى تورکیا و وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەتایبەت وڵاتە عەرەبییەکان؛ چونکە زیاتر بایەخ بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەوروپا دەدەن.
- لاوازبوونى گەشەسەندن لە تورکیا، بەهۆى هۆکارى یەکەمەوە کە ئاماژەمان پێ دا.
- ململانێی توند لە نێوان هاوپەیمانیى گەل و میللەت لەسەر ئاستى پەرلەمان؛ چونکە ئەگەر لەسەر ئاستى سەرۆکایەتییش نەیبەنەوە، ئەوا لەسەر ئاستى پەرلەمان نزیکەى لە 40% بەرەوسەر دێنن و، ئەوکات تێپەڕاندنى پرۆژەیاساکان کارێکی ئاسان نابێت، بەتایبەت هەموارکردنەوەى دەستوور و گۆڕینی سیستەمى حوکمڕانیی وڵات لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەرلەمانى.
- لە تورکیا حکوومەتێکی ئیئتلافی لە شەش حزبەکە دروست دەبێ، کە هەموو ڕۆژێک دەبێ چاوەڕوانى هەڵوەشاندنەوەى بکەن؛ چونکە لە شەش لایەنى ناتەبا بەیەک پێک دەهێندرێ.
کاریگەرى لەسەر هەرێمى کوردستان
- كهمال کلیچکدار بەپێی ئەزموونى پێشووى، ئامادە نییە لەسەر بنەماى میراتى پێش خۆى مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکات، بەڵکوو ئاڕاستە زیاتر بەرەو بەغدا دەبێ، نەک هەرێم.
- هەنگاوەکانى دۆسیەى وزە زۆر پاشەکشە دەکەن، چونکە ئهنقهرهى داهاتوو زیاتر مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکات نەک هەرێم؛ لهبهر ئهوهی بوونى ئەو دۆسیەیە بەدەست هەرێمەوە، وەک خاڵی بەهێز بۆ هەرێمی دەبینێ. هەرچەندە ئێستا هەرێم ڕێککەوتنى لەگەڵ بەغدا کردووە سەبارەت بەو دۆسیەیە، بەڵام پێ ناچێ حکوومەتى نوێ لەو دۆسیەیەدا مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکات.
- کەوتنەوەى سستى لە ڕەوشی بازرگانى لە نێوان عێراق و تورکیا و هەرێم؛ هەوڵی جددییش دەدرێ بۆ کردنەوەى ڕێگەى تر لە نێوان سنوورى تورکیا و سووریا بەرەو عێراق تا بەناو خاکی هەرێمدا تێ نەپەڕێ.
- تەنگپێهەڵچنینى هەرێم و ئاسانکارى بۆنەکردنى، تا بەئاسانی نەگاتە ئەوروپا و دونیاى پێشکەوتوو، کە خاڵی بەهێزی هەرێمە، بهتایبەت لە ڕووى دیپلۆماسییەوە.
- گەمارۆدانى هەرێم بە پشتێنەیەکی ئاڕاستەگەراى شیعە دەرهەق بە هەرێم، کە لە سەردەمى ئەردۆغاندا هەرێم وەک قەڵغانێک وا بوو بۆ ئەوەى نفووزى ئێران نەگاتە سەر سنوورەکەى. پشتێنە شیعییەکەیش بەم شێوەیەیه: لە تورکیا کەمال کلیچکدار ئۆغلۆ، عەلەوییە؛ لە ئێران، ناوەندى شیعەى دونیا، لەسەر سنوورەکانى تورکیا و ئێران و عێراق پەکەکە هەیە کە تەواوى جڤاتى سەرکردایەتیى ئەو حزبە عەلەوین و تەواو لەژێر کاریگەریى ئێراندان. لەسەر سنوورى سووریا لە شەنگالەوە دیسان پەکەکە بە پۆشاک و زهینییەت (مێنتالێتی)ى حەشدی شیعییەوە لەوێن؛ لە خوارەوەیش حکوومەتى عێراق، کە ئێستا سنوورى لە پردێیە و تەنیا نزیکەى شەست کیلۆمەتر لە پایتەختى هەرێمەوە دوورە، لەلایەن چوارچێوەى هەماهەنگی و حەشدی شیعییەوە جڵەو دەکرێ. کەواتە هەرێم لەژێر ڕەحمەتى نفووزى ئێراندا دەبێت.
- گوشارەکانى پەکەکە بۆ سەر هەرێم زیاتر دەبن، ئەمەیش جۆرێک لە ناسەقامگیری دێنێتە ئاراوە، لە هەمان کاتیشدا گرفت بۆ بازرگانى و کۆمپانیا تورکیەکان دروست دەکات.
- زۆربوونى ئاشوب و ناسەقامگیرى لەسەر سنوورەکانى هەرێم و تورکیا؛ بهمەیش زیاتر هەرێم و دانیشتووانەکەى دەبنە قوربانی.
- ناتەبایی و پەرتەوازەیی لەسەر ئاستى ناوخۆى هەرێم پەرە دەسێنێتەوە؛ چونکە گۆڕان لە هاوکێشە سیاسییەکاندا هەندێ لایەن دڵخۆش دەکات؛ لهبهر ئهوهی زیاتر بە لاوازبوونى پێگەى لایەنێکی ترى هەرێمی دەبینن. ئەوانە ئەوەیان بیر دەچێتەوە یان مەبەستیان نییە، کە پێش لاوازبوونى پێگەى لایەنێک، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە.
- لاوازبوونى پێگەى هەرێم لەسەر ئاستى عێراق؛ چونکە لە زۆر بابەت و بواردا تورکیا پشتیوانیى هەرێمی کوردستانی کردووە و گوێى بە حکوومەتى عێراق و بڕیارەکانى دادگهى فیدراڵی نەداوە؛ تەنانەت لە "ڕیفراندۆمی سهربهخۆییی ههرێمی كوردستان"دا گەرچی ئێران سنوورى لەسەر داخستین، بەڵام تورکیا نەک هەر سنوورى دانەخست، بەڵکوو سنوورەکانى بەڕووى دیپلۆماسییەتى هەرێمدا کردەوە تا بگەنە ئەوروپا و، گەمارۆى عێراق بۆ سەر هەرێم لە ساڵی 2017 بشکێنن.
کاریگەرى لەسەر دەوڵەتى عێراق
- دۆسیەى وزە دووچارى گرفت و دهستاودهستی دەبێتەوە و عێراق هەرگیز ناتوانێ ئەوەندە گوشار بخاتە سەر تورکیا تا ملکەچی بکات بۆ داواکانى، بەڵکوو واقعەکە پێچەوانەیە؛ واتە لەو ڕووەوە لەگەڵ سەردەمى ئەردۆغان جیاوازییەکی ئەوتۆ نابێت.
- دۆسیەى ئاو وەک گرفتێکی بەردەوام دەمێنێتەوە. عێراق لە بەردەم ڕەحمەتى تورکیادایە. ئێستا ئەو ئاوەى کە تورکیا بۆ عێراقی بەر دەداتەوە، بەشی پێداویستییەکانى ناکات.
- لە بەرامبەر ئەو دۆخە نالەبارەدا عێراق پابەندی هەندێ ئاسانکارى نابێت بۆ تورکیا لە دۆسیەى پەکەکە، بەڵکوو چالاکییەکانى پەکەکە ڕوو لە زیادبوون دەبن.
- قەیرانی سووریا دووچارى زەحمەتیی زیاتر دەبێ، چونکە کشانەوەى تورکیا لە سووریا چارەسەرى قەیرانی سووریا ناکات. هەسەدە ئێستا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئەمریکا. عێراقیش لەو نێوەندەدا ئاسانکاریى ئەوتۆى بۆ تورکیا لەدەست نایە، چونکە تەنیا پەیوەندى و بەرژەوەندییەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە باڵادهست نین، بەڵکوو هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیش کاریگەرییان هەیە.
- ئەو ڕەوتەى کە خوازیاری کەمبوونەوەى نفووزى ئێرانە لە عێراق، دووچارى نیگەرانى دەبێت، چونکە دواى ئەردۆغان بۆشایییەک لە ناوچەکەدا دروست دەبێ و ئێران شوێنى دەگرێتەوە.
- ناسەقامگیرییەکانى ناو تورکیا و عێراق کاریگەریى لەسەر ئابوورى و بازرگانیى نێوان هەردوو وڵات دەبێ.
کاریگەرى لەسەر سیاسەتى دەرەوەى تورکیا
ئەو دەمەى کە ئەردۆغان سەر نەکەوێ، گۆڕانکارییەکى بنەڕەتى لە سیاسەتى دەرەوەى تورکیا لەسەر ئاستى بەهاى سیاسی دێتە ئاراوە، چونکە ڕوانگەى ئەو و كهمال کلیچکدار، تەواو دژبەیەکن و لە زۆربەى گۆشەنیگاکانەوە تەواوکەرى یەکتری نین: لە سیاسەتێکی دەرەکیى پەیامدارەوە، دەبێتە بێپەیام، تورکیا زیاتر بەرەو ئەوروپا دەکشێ و لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست تا بۆى بکرێ دوور دەکەوێتەوە، هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دووچارى لاسەنگی دەبێت لە بەرژەوەندیى ئێران، قەیرانی سووریا دژوارتر دەبێ، چونکە جێگەى تورکیا لەوێ، دەسەڵاتى سووریا ناتوانێ پڕی بکاتەوە، گرووپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیا حکوومەتى نوێ داڵدەیان نادات، لەلایەن دەوڵەتانی تریشەوە بە تیرۆریست دەناسرێن، ئەوانیش وەک قوتاربوون لە دۆخەکە، دوور نییە پەیوەندی بە داعش یان هاوشێوەکانییەوە بکەن. ههروهها ئیسلامی سیاسی، یەکێک لە پشتیوانەکانى لەدەست دەدات، پێگەى قەتەر کەمێک لاواز دەبێت، چونکە یەکێک لە شەریکە ستراتیژییەکانى لە بەرامبەر ئێران و دەوڵەتانى کەنداو لەدەست دەدات، هەروەها ئەو ڕۆڵە ئەکتیڤەى کە ئێستا لە جەنگى ئۆکراینادا هەیەتى لاواز دەبێت. پێ دەچێ ڕوخسارەکانى سیاسەتى دەرەوەى تورکیا بگەڕێتەوە هەمان شێوەى پێش ئەردۆغان؛ بەڵام ئەمەیش مەحاڵە، چونکە دواى بیست ساڵ لە حوکمڕانیی داد و گەشەپێدان چەندان هاوکێشەى ناوچەیی و هەرێمی دروست بوون، کە تورکیا ناتوانێ لێیان قوتار بێت. لە لایەکی تریشەوە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل گەرموگوڕتر دەبێتەوە، بەڵام ئەو پێگەیەى کە ئەردۆغان بە شەش دەوڵەتە تورکزمانەکانى بەخشی لە قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست، دووچارى لاوازى دەبێ.
کێ سەرکەوتوو دەبێ؟
ئەوەى کە تا ئێستا هەیە، خوێندنەوەیە بۆ واقعی هەڵبژاردن لە تورکیا، نەک ئەنجامەکان. زۆرێک ڕاپرسییش هەن کە ناکرێ زۆر پشتیان پێ ببەسترێ، چونکە زۆربەیان دژ بە ئەردۆغان ئاڕاستەکراون. پێم وایە جارێ زوو بێت بۆ ئەو بابەتە؛ تا کۆتاییی مانگى چوار، ئەودەم هاوکێشەکان بەتەواوى دەردەکەون. بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەى سەرەوە، دەکرێ بڵێین:
- چونکە هەڵبژاردن لەسەر دوو ئاستە: پەرلەمان و سەرۆکی وڵات؛ ناکرێ سەرکەوتن بەبەر یەکێک لە لایەنەکاندا ببڕین. بۆ نموونە دەشێ ئەردۆغان لەسەر ئاستى سەرۆکایەتى بدۆڕێ، بەڵام لەسەر ئاستى پەرلەمان ڕێژەکەى لەوانى دی زیاتر بێت و پێچەوانەکەیشی هەر دروستە. هەر بۆیە هاوپەیمانیى گەل لەو بارەیەوە بێخەمترن و زیاتر جەختیان لەسەر سەرۆکایەتییە. ئەو کاتەیش ئەگەر سەرکەوتنەکان دابەش ببن، دۆخى تورکیا ململانێیەکى توند بەخۆیەوە دەبینێ و کارى حکوومەت زۆر زەحمەت دەبێ.
- مێژووى حوکمڕانیی ئەردۆغان لە زۆر لایەنەوە بۆ تورکەکان ئەرێنییە، هەر بۆیە لە دواى بوومەلەرزەکەوە ئەو ڕایە لاى زۆرێک لە دانیشتووان دروست بووە، کە ئەوان دەتوانن باشتر وڵات بەڕێوە بەرن. هەر بۆیە ئەردۆغان هەر زوو وادەى هەڵبژاردنى ڕاگەیاند. کەواتە لەو لایەنەوە ئەردۆغان بەختى باشترە.
- فاکتەرى دەرەکی لە بەرژەوەندیى ئەردۆغان نییە، چونکە سەرەڕۆیییەکانى بەرامبەر ئەوروپا و ئەمریکا جێی پرسیار و نیگەرانى بوون و نزیکكەوتنەوەى لە ڕووسیا و هێنانى سیستەمى ئاسایشی ڕووسیا بۆ وڵات وەک دەوڵەتێکی ئەندام لە ناتۆ و ناڕازیبوون لە ئەندامێتیی تورکیا بۆ سوید و فینلاند دۆخەکەى لاسەنگتر کرد؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە هەڵوێستەکانى ئەردۆغان لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست چەندان دەوڵەتى نیگەران کردووە و، یاریدەدەر نین بۆى، هەرچەندە لەم دوایییانەدا سیاسەتى سفرکردنەوەى گرفتەکانى لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە گرتە بەر، وەک: سووریا، دەوڵەتانى کەنداو، ئیسرائیل و میسر هتد.
- پەرتەوازەیییەک لەناو ڕیزەکانى ئۆپۆزیسیۆندا هەیە، ئەویش لە بەرژەوەندیى ئەردۆغانە. کەمال کلیچکداریش لە لایەک عەلەوییە و پەیوەندیی لەگەڵ ئێران باشە و دژى مافەکانى کوردیش بووە؛ پێ ناچێ دەنگی هاوپەیمانیى ئازادی و کار بەدەست بێنێ، کە شەش حزبى کوردى و چەپ پێکیان هێناوە.
- پێ دەچێ دەنگى کورد لەسەر ئاستى پەرلەمان، کاریگەریى لەسەر خودی دەنگى کورد ههبێت، بەڵام لەسەر ئاستى سەرۆکایەتى یەکلاکەرەوە دەبێت ئەگەر خۆیان کاندیدیان نەبێت؛ چونکە پێنەدانى دەنگەکان بەو دوو کاندیدە، زیاتر کەمال کلیچکدار لێی زەرەرمەندتر دەبێت، نەک ئەردۆغان.
کامیان لە بەرژەوەندیى هەرێمی کوردستانی عێراقە؟
دواى خوێندنەوە بۆ واقع و دۆخى هەڵبژاردنەکانى تورکیا و ئەو ئەزموونەى کە کورد لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ داد و گەشەپێدان و ئەوانەى پێش ئەو هەیانە، بۆمان دەردەکەوێ ئەوەندەى کورد لە سەردەمى داد و گەشەپێدان پەرەی سەندووە و گەشەی کردووە و پێگەى بەهێزبووە و ئاسانکاریى بۆ کراوە، پێش ئەو نەیبووە. ئەمەیش ئەوە دەردەخا کە سەرکەوتنى ئەردۆغان لە بەرژەوەندیى هەرێمی کوردستانە، زیاتر لە کەمال کلیچکدار ئۆغلۆ.
کورد دەبێ لەو نێوەندەدا چی بکا؟
- یەکڕیزى و یەکپاکێجی لە پڕۆژە و پرسی سیاسیی کورد لە عێراق.
- گەیشتنە ئاکام لەگەڵ بەغدا؛ چونکە تا بەپێی دەستوور دۆسیەکان یەکلایی بکرێنەوە و چارەسەر بکرێن، پێگەى هەرێم باشتر و پتەوتر دەبێ.
- پتەوکردنى ڕایەڵە و فاکتەرى پشتیوانیى نێودەوڵەتى؛ چونکە گرنگترین فاکتەر لە پتەوى و پێگەی ئێمە لە ناوچە و هاوکێشەکاندا، پشتیوانیى نێودەوڵەتییە.
- پێویستە پارتى و یەکێتى بگەنە جۆرێک لە ڕێككەوتنى تەوافوقی لە هەرێم؛ بەڵام لە دوو جەمسەرى سیاسییەوە بکرێتە فرەجەمسەر و بەشداریپێکردنى حزبەکانى تریش.
- جێبەجێکردنى یاساى چاکسازی؛ هەروەک هەموو جاران دەیڵێینەوە، کە گەندەڵی خۆرەى دەسەڵاتە.
- ڕازیبوون بە لۆژیکی دیموکراسییەت و ئەنجامەکانى هەڵبژاردن و ئەنجامدانى لە ڕێکەوتى دیاریکراوى خۆی.
- پێویستە سەرۆکایەتیى هەرێم لە "ڕۆڵی مەرجەعبوون"ى خۆى بەردەوام بێت، چونکە تاکە دامەزراوە لە هەرێم کە لایەنە سیاسییەکان کۆ بکاتەوە، سەرۆکایەتیى هەرێمە.
- پاراستنى بەرژەوەندیى دەوڵەتانى دراوسێ.
- لە کاتى سەرنەکەوتنى ئەردۆغان، پێویستە هەرێمی کوردستان ئەوە بە حکوومەتى نوێ بسەلمێنێ، کە بەرژەوەندییان لاى هەرێمە لەسەر ئاستى ئابوورى و بازرگانى و کۆمپانیاکان و وزە و ئاسایش و جیۆپۆلیتیک، هەروەک چۆن هەرێمیش لە بەرامبەردا سوودمەندە لە تورکیا.