ماکرۆن گوتى "فەڕەنسا بەڕاستى گەڕایەوە."

(خوێندنەوەیەک بۆ ستراتیژيیەتی نوێی فەڕەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان)

 

د. سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

ئەمە ئەو گوتەیەیە کە سەرۆکى فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن بەگوێی ئامادەبووانی مونتەداى ئابووريى جیهانی کە لە داڤۆسی سویسرا لە ساڵی 2018 ساز درا، جاڕی دا و گوتى: "فەڕەنسا بەڕاستى گەڕایەوە." سەرۆک ماکرۆن ئەجێندایەکی تایبەت بە خۆى بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. هەر لە سێ مانگى دەستبەکاربوونى وەک سەرۆک، چوار هەڵوێستى وەک دەستپێشخەرى بۆ پرسەکانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند. ئەو یەکێکە لەو سەرۆکە فەڕەنسییانەى کە بزاوتانە هاتۆتە ناو دونیاى سیاسەت و دەیەوێ وه‌ك "دیگۆل" کاریگەری لەسەر سیاسەتى دەرەوەى وڵاتەکەى بەجێ بێڵێ. بۆ ئەو مەبەستەیش ڕووی کردۆتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەو دەیەوێ فەڕەنسا وەک نێوبژیوانێكی ڕاستگۆى ستراتیژى بەدەربکەوێ دواى ئەوەى کە ئەوانى ترى وەک ئەمریکا لەدەستیان داوە؛ بەوەى وڵاتانى ناوچەکە هیچ ئاکامێکی ئەوتۆیان لە سیاسەتەکانى ئەمریکا چنگ نەکەوت؛ یەکێتیى ئەوروپایش وەک سەرچاوەیەک بۆ وەبەرهێنان سەرنج دەدەن نەک وەک جێگرەوەیەکی ستراتیژیى دواى ئەمریکا.

مێژووى ستراتیژيیەتى هاوبەشی فەڕەنسا لەگەڵ ئەمریکا لە عێراق بە قۆناغەکانى پەراوێزخستن و تەوافوق و جێگرتنەوەدا دەگوزەرێ. فەڕەنسا دەیەوێ لەسەر بنەماى بەرژەوەندیی هاوبەش ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بونیاد بنێتەوە؛ چەندان هاوپەیمانیی نوێ دروست ببن و، لەناویاندا فەڕەنسا لایەنێکی سەرەکی بێت. ئەو ڕۆڵگێڕانە نوێیەى فەڕەنسا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست تەنیا لایەنى سیاسی ناگرێتەوە، بەڵکوو چەندان بوار لەخۆ دەگرێت، لەوانە: ئاوەدانکردنەوە، وەبەرهێنان، که‌لتووری، کردنەوەى بنکەى سەربازیی تایبەت لە میرنشینى عەرەبیی یەکگرتوو، فرۆشتنى چەک کە دواى ئەمریکا و ڕووسیا، فەڕەنسا بە پلەى سێەم دێت، دواتریش هەوڵدان بۆ پڕکردنەوەى هەر بۆشایییەکى ستراتیژی لە عێراق و ناوچەکە دواى کشانەوەى ئەمریکا؛ چونکە ماکرۆن باوەڕی وایە کە چەندان هێزى تر هەوڵی پڕکردنەوەى ئەو بۆشایییە دەدەن، هەر بۆیە ئەو دەیەوێ فەڕەنسا پێشەنگ بێت، بەڵام جیاواز لەوەى کە ئەمریکا پەیڕەوى دەکات، بەوەى فەڕەنسا لە سەرەتادا ئاوەدانکردنەوە و دواجار ڕوو لە بەکارهێنانى هێز دەکاتەوە؛ ئەمە بێجگە لە جەنگى جیهانیی دژەتیرۆر لە ناوچەکەدا. بۆ زیاتر جەختکردنەوە، دوو سیمپڵ (نموونه‌) لەو ستراتیژيیەتە هەڵدەبژێرین، ئەویش، لە عێراق و دواتریش لە هەرێمی کوردستان.

ستراتیژيیەتى فەڕەنسا لە عێراق

بڕیارە کۆتاییی مانگی ئاب لووتکەى ناوچەیی لەسەر بنەماى بانگێشتى سەرۆکوەزیرانی عێراقی لە بەغدا ساز بدرێ. لەو کۆبوونەوە ناوچەیییەدا کە بڕیارە 8 وڵات تێیدا بەشدار بن، تایبەت وڵاتانی دراوسێی عێراق، کە زۆرێک لە دژبەیەکەکانى تێدا کۆ بۆتەوە، گفتوگۆ لەسەر ئاییندەى ناوچەکە دەکرێ؛ لەو وڵاتانەیش: عەرەبستانى سعوودی، کوێت، ئیمارات، قەتەر، تورکیا، ئێران، میسر، فەڕەنسا، ئەمینداریی گشتیى کۆمکارى عەرەبی، ئەمیندارى گشتیى ڕێکخراوى هاریکاریى ئیسلامی.

لەو کۆبوونەوەیەدا فەڕەنسا وەک وڵاتێکی زلهێز و ئەندامێکی هەمیشەییی ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتی و وڵاتێکی سەرەکیی یەکێتیى ئەوروپا بەشدارى دەکات، کە ئەمەیش سەنگێک دەداتە وڵاتى عێراق و کۆبوونەوەکەیش؛ فەڕەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەى کە بە هاوبەشی دووەم ئەژمار دەکرێ لەگەڵ عێراق دواى ناتۆ، لە ڕیزبەندى دووەمیشدایە لەنێو ئەو وڵاتانەى کە کۆمەکى عێراقیان کردووە، ئاڵوگۆڕی بازرگانیى نێوان هەردوو لاش لە ساڵی 2019 زیاتر لە 1.31 ملیار یۆرۆ بووە، هەر لە ساڵی 2009وە ڕێکكەوتنى هاوکاریى که‌لتووری و زانستى و تەکنه‌لۆژیا لە نێوانیاندا هەیە، لە 2/5/2019وە نەخشەڕێگه‌ى ستراتیژیی نێوان فەڕەنسا و عێراق واژوو کراوە.

ڕەهەندەکانى ستراتیژيیەتی نوێی فەڕەنسا لە عێراق

  • عێراق خاڵی هەستانەوەى ڕۆڵی ستراتیژیى فەڕەنسایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەر چارەسەرێک لە عێراقەوە دەست پێ بکات، کاریگەریى لەسەر تەواوى ناوچەکە دەبێت، چونکە عێراق بە سەرچاوەى ناسەقامگیری بۆ ناوچەکە و هەڕەشە بۆ بەرژەوەندییەکانى ئەوروپا دادەنرێ. هەر بۆیە لە ڕووى دیپلۆماسییەوە جەختى زۆرى لەسەر دەکەنەوە. فەڕەنسییەکان لەسەر ئاستى سیادیی وڵات لە 21/2/2017 – 30/3/2021 زیاتر لە 10 سەردانیان بۆ عێراق کردووە: 2 لەسەر ئاستى سەرۆک، 2 لەسەر ئاستى وەزارەتى بەرگرى، 1 سەردانی هاوبەش لە نێوان وەزارەتى بەرگرى و دەرەوە، 5 سەردان لەلایەن وەزارەتى دەرەوە، بوونی دوو کونسوڵگەرى لە بەغدا و هەولێر؛ زیاتر لە 254 هاووڵاتیی سڤیلى فەڕەنسییش بێجگە لە کارمەندەکانى باڵیۆزخانە لە عێراقن.

لە بەرامبەردا بەرپرسانی باڵاى عێراق و هەرێم سەردانی دیپلۆماسیی هاوبەشیان بۆ ئەو وڵاتە هەبووە؛ لە 21/2/2017 – 30/3/2021 ئەوانیش زیاتر لە 10 سەردانیان بۆ وڵاتى فەڕەنسا کردووە کە 4 لەو سەردانانە لەلایەن سەرۆکایەتیى هەرێمەوە بووە (1 سەرۆک بارزانی، 3 کاک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی ئێستاى هەرێم). واتە لەو ماوەیەدا 40% سەردانە سیادییەکانى عێراق لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لە عێراقەوە بۆ فەڕەنسا کراون؛ لەو ژمارەیە 4 سەردانیان سیادین (1 سەرۆککۆمار، 3 سەرۆکوەزیران). ئەمەیش ئەوە دەردەخات کە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ فەڕەنسا میحوەرێکی دیپلۆماسیی بەهێزە.

  • کۆکەرەوەى دژەکان؛ ئەمەیش ئەو سیفەتەیە کە ماکرۆن دەیەوێ بەگەڕی بخات؛ بەوەى کە دەتوانێ ببێتە خاڵی هاوبەش و گەیه‌نەر لە نێوان وڵاتانى ناوچەکەدا، تایبەت وەک سعوودیا و ئێران. هەرچەندە ئەو کارە ئاسان نییە، چونکە ستراتیژيیەتى ئەو وڵاتانە مێژوویەکی لە دژوارى هەیە و ئاکامەکەى زیاتر لە بەرژەوەندیی ئێران دەشکێتەوە نەک وڵاتانى تر؛ ئەو بەرەنجامەیش وڵاتانى دراوسێی عێراق و کەنداو نیگەران دەکات.
  • ڕەهەندی سەربازی؛ ئەمەیش بە بوونى سەربازیی فەڕەنسا دێت لە عێراقدا کە کەمتر گازەندەى مانەوەى لەسەرە بە بەراورد لەگەڵ هێزەکانى ئەمریکا. ئێستا فەڕەنسا چەندان پارچە چەکی بە عێراق فرۆشتووە. لەسەر ئاستى دەوڵەتانى ناوچەکەیش فەڕەنسا و ئەڵمانیا دوو دەوڵەتى متمانەپێکراون لە بوارى کڕینی چەک؛ بە 150 سەرکردە و ڕاوێژکارى سەربازییش ڕاهێنان بە سوپاى عێراقى دەکەن؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە ئامادەباشییە بۆ هەر بۆشایییەکى نفووز دواى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق.
  • بوارى ئاوەدانکردنەوەى عێراق شه‌نسێکی باش دەداتە کۆمپانیاکانى فەڕەنسا بۆ سەرمایەگوزارى؛ هەر بۆ ئەو مەبەستە لە ساڵی 2019 بڕیاری کۆمەکی عێراقیان دا بە گوژمەى یەک ملیار یۆرۆ لە چوار ساڵدا.
  • یەکێک لە ڕەهەندە ستراتیژییەکانى فرانکفۆنى فەڕەنسا که‌لتوورە، کە زۆر گرنگییەکى تایبەتى پێ دەدرێ. بۆ ئەو مەبەستە هەر لە ساڵی 2009 لەگەڵ عێراق ڕێکكەوتنى هاریکاریى که‌لتووری و زانستى و تەکنەلۆژیی هەیە؛ 11 تیمی فەڕەنسی لە بوارى شوێنەوار لە عێراق کار دەکەن؛ ساڵانە چەندان خولی پێگەیاندن بۆ ڕۆژنامەنووسان و کادیرانی بوارى ڕاگەیاندن دەکەنەوە؛ زیاتر لە 100 قوتابخانەى عێراق، زمانى فەڕەنسییان تێدا دەخوێندرێ؛ دوو پەیمانگه‌ بۆ فێربوونى زمانى فەڕەنسی لە بەغداى پایتەخت و هەرێمی کوردستان هەر لە ساڵی 2012 هەن؛ ئەمە بێجگە لەوەى کە لە زۆربەى زانکۆکانى عێراق و هەرێم زمانى فەڕەنسی دەخوێندرێ، تەنانەت دوو قوتابخانەیش لە ساڵی 2009 بۆ ئەو مەبەستە لە هەولێر و سلێمانى کراونەتەوە و لەلایەن باڵیۆزخانەى فەڕەنساوە پشتیوانى دەکرێن.
  • جەنگی نێودەوڵەتى دژى داعش.
  • بۆ کەمکردنەوەى کاریگەریى نفووزى ڕووسیا و چین و تورکیا لە ناوچەکە، کە بە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا ئەو شه‌نسە زێتر دەکات، وڵاتانى ناوچەکەیش بە نزیکبوونەوەیان لە فەڕەنسا گرفتیان کەمتر بۆ دروست دەبێ لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى، به‌تایبەت یەکێتیى ئەوروپا و ئەمریکا وەک لە نزیکبوونەویان لە ڕووسیا و چین.

 

گرفتەکانى بەردەم ستراتیژيیەتى فەڕەنسا لە عێراق

  • زۆرێک لە پسپۆران و شارەزایان باس لەوە دەکەن، کە تا ئێستا ستراتیژيیەتى فەڕەنسا لە عێراق ڕوون نییە و دیار نییە، کە ماکرۆن چی لە عێراق دەوێ و دەیەوێ چی بکا؟ ئایا وڵاتێک لە 2003وە، 3%ی ژمارەى دانیشتووانى بەهۆى توندوتیژیی سیاسی و مەزهەبییەوە لەدەست دابێ، بونیادنانه‌وەى کارێکی ئاسانە؟ ئەو وڵاتەى کە ماوەى 18 ساڵە ئەمریکا نەیتوانى چاکسازیی تێدا بکات، ئایا فەڕەنسا دەتوانێ؟ هەر بۆیە دەڵێن کۆبوونەوەکە زیاتر بۆ خاوکردنەوەى گرژییەکانى نێوان ئێران و سعوودیایە، کە دواتریش دەبێته‌ زەمینەسازییەک بۆ نێوبژیكاریى عێراق لە نێوان ئەمریکا و ئێران و خۆنواندنێکیش بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق.
  • کۆکردنەوەى دژەکان بۆ ساتێک، پێدەچێ کارێکى قورس نەبێت، بەڵام هەوڵدان بۆ پێکەوەکارکردن ئاسان نییە، چونکە ستراتیژيیەتەکان دژوار و دژبەیەکن. وڵاتانى ناوچەکە کە زۆربەیان گرفتیان لەگەڵ نفووزی ئێران هەیە، بەگومانەوە دەڕواننە ڕۆڵی فەڕەنسا لە عێراق و لوبنان؛ بەوەى پارسەنگی ئەو ستراتیژيیەتە زیاتر پشکی ئێران مسۆگەر دەکات و سەرلەنوێ بەهێزەوە دەیهێنێتەوە سەر شانۆى ناوچەیی و نێودەوڵەتى.

ستراتیژيیەتى فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان

دەکرێ لە چەند بوارێکدا ئاماژەى پێ بکەین، چونکە چەندان ڕەهەندى ستراتیژیى فەڕەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆى واقعە سیاسییەکەوە هاوبەشن:

  • هەرێمى کوردستان وەک چەقی بەڕێوەبردنى قەیران وایە لە عێراقدا بۆ فەڕەنسا؛ واتە خاڵی دەستپێکی ستراتیژيیەتى فەڕەنسا لە عێراق لە هەرێمى کوردستانە. هەر بۆیە فەڕەنسییەکان لە هەرێمەوە سەرپەرشتیى ڕۆڵی ستراتیژییان دەکەن لە عێراقدا. بۆ ئەو مەبەستەیش پەیوەندییەکى نزیکى بەردەوام لە نێوان هەردوو لادا هەیە؛ بۆ نموونە لە 21/2/2017 – 30/3/2021 چوار جار سەرۆکایەتیى هەرێم سەردانى وڵاتى فەڕەنسایان کردووە و لە بەرامبەردا ئەوانیش هاتوون؛ تەنانەت زۆر دەگمەنە هاتبنە عێراق و سەردانی تایبەتى هەرێمیان نەکردبێ، ئەگەرچی هەندێ جاریش نیگەرانیى بەغداى لێ کەوتبێتەوە، هەروەک چۆن لە دواى ئەنجامدانى ڕیفراندۆم بینیمان.
  • ژینگەیەکی ئارام بۆ بەڕێوەبردنى کارەکانیان لە عێراق و سووریا؛ کە ئەوان دەتوانن لە نێوان هەرێم و کوردستانى ڕۆژاوادا ئازادانە تەڕاتێن بکەن.
  • هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی ئارامە بۆ وەبەرهێنانى فەڕەنسا؛ تەنانەت لە ڕێگەى هەرێمی کوردستانەوە دەتوانن وەبەرهێنان لەگەڵ عێراق بکەن. لە ساڵی 2014 ڕێژەى بازرگانیى نێوان عێراق و فەڕەنسا تەنیا 280 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام ئەو ڕێژەیە 70% لە ساڵی 2018 زیادی کرد و بوو بە زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلار. هەرێمی کوردستانیش قەبارەى بازرگانیى لەگەڵ فەڕەنسا لەو ڕێژەیە بۆ نزیکەى 15% دادەنرێ و قەبارەکە بە 100-150 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێ و، تەواوى بازرگانیى عێراق لەگەڵ فەڕەنسا 50%ى لە ڕێگەى هەرێمی کوردستانەوە دەکرێ؛ واتە هەرێمی کوردستان ڕایەڵێکی ستراتیژیى گرنگە لە نێوان فەڕەنسا و عێراق. 35 کۆمپانیاى فەڕەنسا لە هەرێم کار دەکەن و، هەر لێرەوە سەرپەرشتیى کارى وەبەرهێنانیان لە تەواوى عێراق دەکەن. ئەو کۆمپانیایانە قەبارەى وەبەرهێنانیان لە 30 ملیار دۆلار زیاترە لە عێراقدا؛ لەو ڕێژەیە زیاتر لە 30-35% لە هەرێمی کوردستانە. کەواتە پرۆسەى وەبەرهێنان- کە ڕەهەندێکی ستراتیژیی فەڕەنسایە-، بەبێ هەرێمی کوردستان کارێکی ئاسان نییە و تێچوونى سیاسی و ئابووریى زۆرى دەوێ.
  • هەرێمی کوردستان وەک ڕەهەندێکی سەرەکی لە ستراتیژيیەتى فەڕەنسا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بوونى هەیە. بە لاى ماکرۆن و وڵاتى فەڕەنساوە ڕۆژهەڵاتێکى ناوەڕاستى ئارام و سەقامگیر بەبێ چارەسەرى پرسی کورد بوونى نییە؛ پەیامەکە ئەوەیە: گەر دەتانەوێ ڕۆژهەڵاتێکی ئارام بێتە ئاراوە، دەبێ چارەسەرێک بۆ پرسی کورد هەبێت و بکرێت، چونکە ئەزموونەکانى سەد ساڵی پێشوو ئەوەمان پێ دەڵێن.
  • لە جەنگى نێودەوڵەتیی دژی داعش، هەرێمی کوردستان ئەوەى بۆ دونیا سەلماند کە چەند زۆنێکی کاریگەرە و دەتوانێ وەک فاکتەرێکی سەرەکیی نادەوڵەتی ڕۆڵ ببینێ، کە هەندێ جار لە هی هەندێ دەوڵەت کاریگەرتر و بەسوودترە و، دەکرێ پشتی پێ ببەسترێ؛ چونکە بەبێ هەرێم کە تایبەتمەندییەکى جیوسیاسی و دیمۆگرافیی هەیە، جەنگى داعش کارێکی ئاسان نییە.
  • ڕەهەندی هەرێمی کوردستان لە ستراتیژيیەتى فەڕەنسادا، بەو ڕەهەندە دادەنرێ کە مامەڵەکردن لەگەڵیدا ئاسانتر و گرفتى کەمترە وەک لە حکوومەتى عێراق و، کارتێکی کاریگەره‌ بۆ پارچەکانى ترى کوردستان لە ئاییندەدا، بەهۆى بوونى مەرجەعییەتى سیاسی لە هەرێم. فەڕەنسییەکان لەگەڵ حکوومەتى عێراق ئەو گرفتەیان هەیە؛ بەوەى هەندێ جار بەهۆى کەمکاریگەریى حکوومەته‌وه، نیگەرانن لەوەى کە نازانن لەگەڵ کێدا مامەڵە بکەن؛ تەنانەت لەوەیش زیاتر، هەندێ جار پەنا بۆ سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان دەبەن بۆ گەیاندنی هەندێ پەیام و ئەنجامدانى نێوبژیكارى لە نێوان فەڕەنسا و عێراق.

گرفتەکانى بەردەم ستراتیژيیەتى فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان

  • گرنگیدانی زۆرى فەڕەنسا بە هەرێمی کوردستان، پێدەچێ نیگەرانیى لاى هەندێ لایەنى عێراقی و هەندێ لە دەوڵەتانى ناوچەکە دروست بکات. لەو ڕووەوە هەرێمی کوردستان، به‌تایبەت لەسەر ئاستى سەرۆکایەتى، پێویستە بایەخێکی دروست و هاوسەنگ بەو نیگەرانییانە بدات.
  • ستراتیژيیەتى فەڕەنسا لە هەرێم، زیاتر لە ناوچەیەکی دیاریکراوە؛ یەکڕیزیى کورد لەنێو ماڵی خۆیدا دەستکەوتەکان مسۆگەرتر دەکات.
  • نزیکبوونەوەى هەرێم و فەڕەنسا لە مەودایەکی زەمەنیدا نیگەرانییەکانى تورکیا زیاد دەکات، چونکە بوونى ڕۆڵی کاریگەر و زۆرى فەڕەنسا لە عێراق بۆ سەر تورکیا بەنەرێنی دەشکێتەوە و زیاتر لە بەرژەوەندیی سعوودیا و ئێران دەبێت و تورکیایش گرفتى لەگەڵ هەردوو وڵاتەکە هەیە. ئەمەیش پێویستە کارى لەسەر بکرێ و پلانێکی دروست هەبێ، چونکە هەرێم لەنێو جەرگەى ئەو هاوکێشانەدایە. دەبێ سەرکردایەتیى کورد پلانی بۆ ئەوە هەبێ کە چۆن لە زۆنێکی دژوارى دژبەیەکدا گەمەى سیاسی بکات و قەیران بەڕێوە ببات و بەرژەوەندییەکانى خۆى مسۆگەر دەکات.

Latest from سەردار قادر

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples