ڕاستکردنەوەی شرۆڤە ناڕاستەکان سەبارەت بە ئەفغانستان؛ لێکهەڵوەشاندنەوەی گوتاری زاڵ

د. پەرویز ڕەحیم قادر/ دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستا لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان/ زانكۆی سەڵاحەددین

کەوتنی خێرای کابوول، پایتەختی ئەفغانستان لە ڕێکەوتی ١٥-٨-٢٠٢١ و بەم پێیەیش هەڵوەشانەوە و شکستی سوپا و کۆنترۆڵی ئەفغانستان لە ماوەی تەنیا ١١ ڕۆژدا، جگە لەوەی بۆ خودی خەڵکی ئەفغانستان چاوەڕواننەکراو و کتوپڕ بوو، بۆ سیاسەتمەدار، ئەکادیمی و شرۆڤەکارانیش بووە جێگەی سەرسوڕمان و، تەنانەت لێکدانەوەی پێکناکۆک و هەڵەی جیاوازیشی لێ کەوتەوە. لەم نێوەندەیشدا بەهۆی ڕەخنەی توندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی سەبارەت بە بڕیاری پاشەکشەی خێرای هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن ئیدارەی بایدن و لێکەوتە نەرێنییەکانی لەسەر داهاتووی ئەفغانستان و زاڵبوونی گرووپێکی توندڕەو و تەنانەت "تیرۆریستی"، بەرپرس و دەزگه‌ فەرمی و حکوومییەکانی ئیدارەی ئەمریکا لە ڕێگەی وتاری فەرمی و شرۆڤە و ڕاگەیاندنەکانەوە، بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، پەرەیان بە گوتارێک دا کە ناوەڕۆک و کرۆکی بریتی بوو لەوەی؛

 ١- دەزگه‌ هەواڵگری و زانیارییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی و ناتۆ لێکدانەوەی هەڵەیان بۆ دۆخەکە و توانای تاڵیبان و ئاستی بەرگریی سوپای ئەفغانستان کردووە.

٢- سوپای ئەفغانستان گەندەڵ بوو و شەڕی نەکرد و نەیتوانی بەرگە بگرێت و،  هەر بۆیە بووە هۆی دروستبوونی ئەم کارەساتە ئاسایشی و مرۆیییە لە ئەفغانستان.

 هەڵوەشاندنەوەی گوتاری ڕووخان و شکستی سوپای ئەفغانستان لە هەمبەر تاڵیبان

لە پاش بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش (UN Security Council Resolution 1368)  وەرگرتنی ڕەوایەتی بۆ هێرشکردنە سەر ئیمارەتەکه‌ی تاڵیبان بە پاساوی داڵدەدان و میوانداریی ئەلقاعیدە، لە جەنگ و پێکدادانەکانی ٢٠ ساڵی ڕابردووی ئەفغانستان، ١٧٢،٣٩٠ کەس کوژراوە کە زۆرینەیان ئەفغانستانی بوونە. بۆ نموونە لە پاس ساڵی ٢٠٠١ تاوەکوو ئێستا زیاتر لە ٦٦ هەزار سەرباز و پۆلیسی ئەفغانستانی کوژراون و لانی کەم ٥١ هەزاریش لە تاڵیبان و گرووپەکانی تری نەیار لەو جەنگ و پێکدادانانەدا کوژراون. هەروەها زیاتر لە ٤٧ هەزار هاووڵاتیی سڤیلیش قوربانیی ئەم جەنگ و پێکدادانە بووە.

بۆیە پرسیار ئەوەیە کە سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرە لە قوربانی و کوژراو، لانی کەم لەنێو هێزە سەربازی و ئاسایشییەکانی ئەفغانستان لە ٢٠ ساڵی ڕابردوو لەگەڵ تاڵیبان، بۆچی ئەم جارە بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا هیچ بەرگرییەک نەکراوە؟ بۆ وه‌ڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، یان بۆ ئەوەی کە نادروستیی ئەو گوتارە بسەلمێنین کە شکستی سوپای ئەفغانستان بووە هۆی ئەم بارودۆخەی ئێستا و تەنانەت داهاتووی ئەو وڵاتە، پێویستە کەمێک زیاتر لە ئامار و زانیارییەکانی پشتڕاستکراوە لەسەر سوپای ئەفغانستان کە بەردەستە، ورد بینەوە، بەڵام بە مەبەست پشتگوێ دەخرێت و گرنگیی پێ نادرێت، لە کاتێکدا ئەو ڕەهەندە شاراوە و وردەکارییانە، باشتر دۆخ و وێناکە و ڕاستی یان ناڕاستیی ئەو گوتارە زاڵەی ئێستامان بۆ ڕوون دەکاتەوە. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠١ بۆ ٢٠٢١ ئەمریکا بڕی ٨٣ ملیار دۆلاری بۆ  دابینکردنی چەک و کەلوپەلی سەربازی و ڕاهێنانی هێزە ئاسایشی و سەربازییەکانی ئەفغانستان تەرخان کردووە.

 بەپێی زانیارییەکان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ تاوەکوو ٢٠١٧، ئەمریکا ٧٥ هەزار و ٨٩٨ نەفەرهەڵگر و ترۆمبێلی سەربازی، ٥٩٩ هەزار و ٦٩٠ جۆری چەکی سووک، ١٦٢ هەزار و ٦٤٣ ئامرازی پەیوەندی، ٢٠٨ فڕۆکە، ١٦ هەزار و ١٩١ ئامراز و کەلوپەلی دۆزینەوە و بەدواداچوونی داوەتە هێزە سەربازی و ئاسایشییەکانی ئەفغانستان.

 هەروەها ئەمریکا تەنیا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ تاوەکوو ٢٠١٩، بڕی ٧ هەزار و ٣٥ جۆری چەکی سووک، ٤ هەزار و ٧٠٢ ترۆمبێلی سەربازی، ٢٠ هەزار و ٤٠ دانە نارنجۆک، ٢٥٢٠ جۆر بۆمب، ١٣٩٤ دانە چەکی هاوێشتنی نارنجۆکی داوەتە سوپای ئەفغانستان. تەنانەت لە مانگی٦ی ئەمساڵ ئەشرەف غەنی، سەرۆککۆماری ئەفغانستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاڵیبان داوای بەهێزکردنی تواناکانی سوپای کرد و لە بەرانبەردا ئەمریکا بە پێدانی ٣٥ هەلیکۆپتەری پێشکەوتووی بلەک هاوک و ٣ فڕۆکەی جەنگی، وه‌ڵامی ئەرێنیی ئەو داواکارییەی ئەفغانستانی دایەوە. تاوەکوو پێش ١٥-٨-٢٠٢١ هێزی ئاسمانیی ئەفغانستان ٢١١ فڕۆکە بوو.

بۆیە بۆ هەموو چاودێر و شرۆڤەکاران جێگەی پرسیار بوو کە سەرەڕای ئەو هەموو یارمەتییەی ئەمریکا و ڕاهێنان و پڕچەککردنە، بۆچی ئەو وڵاتە ئاوا بەسانایی لەلایەن تاڵیبانەوە-کە تاڵیبانیش خۆی چاوه‌ڕێی ئەو خێرایییەی نەدەکرد- کۆنترۆڵ کرا؟ بۆ دۆزینەوەی وه‌ڵام، دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ سەرنج و وتەکانی ژەنەراڵ دەیڤید پێترایۆس کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨ تا ٢٠١١ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەمریکا بووە لە عێراق و ئەفغانستان و، پێی وایە کە سوپای ئەفغانستان چەندین ساڵ جەنگیان لە بەرامبەر تاڵیبان کردووە و ژمارەیەکی زۆر لە ئەفغانەکان لە پێناو وڵاتەکەیاندا کوژراون. بۆیە ژەنەراڵ پێترایۆس دڵنیایە کە سوپای ئەفغانستان ئەو سوپایە نەبوو کە خۆی لە جەنگ بدزێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا ژەنەراڵ پێترایۆس پێی وایە کە هێزی ئاسمانی، بڕبڕەی پشتی سوپای ئەفغانستان بوو.[1]

 لەپاڵ ئەمانەیشدا بابەتە لۆجێستییەکان، وەکوو دابینکردنی ئاو و خواردن و تەقەمەنی و پشتیوانیی ئاسمانی، لە هەموویان گرنگتر بوو، بەڵام ئەمە لە پاش ئەوەی کە لە مانگی ٣ی ئەمساڵ ڕاگەیەندرا کە ئەمریکا هێزەکانی بەتەواوەتی لە ئەفغانستان دەکشێنێتەوە، بووە هۆی داڕمانی ورەی سوپای ئەفغانستان و دروستبوونی بێهیوایی لەناو سوپادا و تەنانەت کاریگەریی نەرێنیی دەروونیی لەسەر ئەندامانی سوپای ئەو وڵاتە دروست کرد. تەنانەت هەڵهاتنی سەرۆککۆماریش وای کرد کە سوپا چیتر بەرگری نەکات؛ هەر بۆیە بیسمیلا محەممەدی، وەزیری بەرگریی ئەفغانستان لە تویتێکدا ڕای گەیاند: "نەفرەت لە غەنی و دارودەستەکەی، کە ئێمەیان فرۆشت." ئەمە لە کاتێکدا بوو کە بزووتنەوەی تاڵیبان ڕای گەیاندبوو کە پلانی نییە کە پایتەختی ئەفغانستان بە "زەبری هێز" کۆنترۆڵ بکات.

کەواته‌ لێرەدا دەردەکەوێت کە لە ڕووی کاریگەریی نەرێنیی دەروونییەوە، ڕاگەیاندنی کاتی ئەو پاشەکشەیەی سوپای ئەمریکا وای کرد کە ورەی تاڵیبان بەرز ببێتەوە و لە هەمان کاتیشدا بەپێچەوانەوە ئیرادە و ورەی سوپای ئەفغانستان تێک بشکێت. ئەمەیش ئەو بڕوا و ڕوانگەیەی لە لای فەرماندە و ئەندامانی سوپای ئەفغانستان دروست کرد کە بەتەنیا جێ هێڵراون و جیهان پشتی تێ کردوون. ئەو دۆخە کاتێک قووڵتریش بووەوە، کە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا و ئەندامانی ناتۆیش بڕیاری پاشەکشەیان دا و ڕایان گەیاند کە بەبێ بوونی ئەمریکا لە ئەفغانستان ئەوانیش ئەو توانایەیان نییە کە لە ئەفغانستان بمێننەوە.[2]

لێرەوە دووبارە وڵاتانی ئەوروپی ڕووبەڕووی ڕەخنە بوونەوە کاتێک ئەو دیمەنە کارەساتبارانەی پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکایان بینی، چونکە ئەو وڵاتانە بەوە تۆماتبار کران کە ئیرادە و تەنانەت هێزی ئەوەیان نییە کە سەربەخۆ لە ئەمریکا بڕیاری مانەوە بدەن و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن و، ئەوە ئەنجام بدەن کە لەگەڵ ئاسایش و بەرژەوەندی و بەهاکانیان هاوتەریبە. هەروەها ئەو وڵاتانەی ئەوروپی ڕەخنەی ئەوەیان لێ گیراوە کە پاشکۆی ئەمریکان، لە کاتێکدا ئەمریکا و ئەوروپا هاوپەیمانن؛ بەڵام مەرج نییە لە هەموو کات و شوێنێکدا بەرژەوەندییەکانیان هاوتەریب بێت.

تەنانەت خودی سەرۆک بایدن ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەوە، چونکە یەکێک لە ڕەهەند و ڕەگەزەکانی ستراتیژیی سیاسەتی دەرەکی و ئاسایسی نەتەوەییی بایدن لە ئاستی دەرەکی کە بەردەوام جەختی لەسەر دەکردەوە ئەوە بوو کە، ئەمریکا دووبارە گرنگی بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانە نەریتییەکانی (بەتایبەتی ئەوروپییەکان) دەداتەوە کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی "دۆناڵد ترامپ"دا پشتگوێ خرابوون. وتەکانی بەرپرسانی ئەوروپی لە پاش ئەو کارەساتانەی ئەفغانستان کە هەمووانی تووشی شۆک کرد، پێچەوانەی ئەو ئەرگیۆمێنتەی سەرۆک جۆ بایدنی سەلماند کە هەموو هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی بڕیارێکی بەکۆمەڵ، بەو بڕیارەی ئەمریکا ڕازی بوونە.

لە ڕاستیدا ئەوروپییەکان و هاوپەیمانەکان لە لایەک چاوەرێی ئەو لاوازی و بێبەرنامەیی و لێکدانەوە سیاسییە هەڵەیەی ئەمریکایان نەدەکرد سەبارەت بە لێکەوتەی کشانەوەی هێزەکانی و، لە لایەکی تریشەوە خۆیانیش بە لێکدانەوەی هەڵە و گوێپێنەدان بە هۆشدارییەکانی دەزگه هەواڵگرییەکانیان ڕووبەڕووی دەستەوەستانی و سەرسوڕمان و بێهەڵوێستی بوونەوە. مارک مایڵی، سەرۆکی دەستەی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا دەڵێت: "هەموو کەسێک باوەڕی وا بوو جه‌نگی ئەفغانستان لە چەند هەفتە و مانگێک تاوەکوو چەند ساڵێک دەخایەنێت؛ كه‌س چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد ئەفغانستان بە 11 ڕۆژ بکەوێت."

بەڵام ئەم ئەرگیۆمێنت یاخود پاساوەیش جێگەی متمانە و دروست نییە، چونکە بەرپرسە ئەمریکییەکان ئەو ڕاستییەیان دەزانی کە ژمارەی سەربازە ئەفغانەکان بەپێی ناوی تۆمارە فەرمییەکان نییە کە بە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس لە بەرامبەر 60 هەزار چەکداری تاڵیبان خەملاندنی بۆ دەکرا (بەپێی ئامارە فەرمییەکان هێزی سەبازیی ئەفغانستان نزیکەی 186 هەزار کەس بوو لەسەر وەرەقە)، بەڵام ئەمریکییەکان چاوپۆشییان لەو ڕاستییە کرد.

 بۆ نموونە؛ هەفتەنامەی شپیگڵ (spiegel)ی ئەڵمانی لە وتارێکیدا ڕای گەیاند کە، ماوەیەکی زۆرە کە دەزگه‌ی هەواڵگریی ئەڵمانیا سەبارەت بە مەترسییەکانی گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبان، هۆشداریی داوەتە دەزگه پەیوەندیدارەکان، بەتایبەتی وەزارەتی دەرەوە، بەڵام ئەو دامەزراوانە ئەو ڕاپۆرت و لێکدانەوەیانەیان بەجددی وەرنەگرتووە یاخود پشتگوێیان خستووە.[3]  تەنانەت بەپێی سەرچاوە باوەرپێکراوەکان، دیپلۆماتە ئەڵمانییەکان بەڕێککەوت زانیویانە کە ئەمریکییەکان بەخێرایی سەرقاڵی چۆڵکردنی باڵیۆزخانە و دەرچوون لە کابوول و چاوپۆشین لە هاتنەناوەوەی تاڵیبان دەکەن.

هەروەها ئەمریکییەکان لە سەرەتای مانگی ٧ بەنهێنی دەستیان کرد بە چۆڵکردنی بنکە هەرە کاریگەر و قورسە ئاسمانییەکانیان لە قەندەهار و بەتایبەتی بەگرام لە باکووری کابوول بەبێ ئاگادارکردنەوەی حکوومەتی ئەفغانستان و تەنانەت هاوپەیمانەکانی. هەر بۆیە کارەساتەکە لەسەر دەرچوونی ئەمریکا نەبوو، بەڵکوو ئەوە بووە هۆی هەڵوەشانەوەی ناوخۆی حکوومەت و سوپای ئەفغانستان. لە لایەکی تریشەوە، ڕاپۆرتی دەزگه هەواڵگرییەکانیش بۆ توانای سوپای ئەفغانستان بۆ بەرگری لە کابوول هەڵە و تەڵەیەکی تر بوو، چونکە ناکرێت هەموو وڵات بکەوێت و چاوەڕێ بکرێت کە پایتەختێکی گەمارۆدراو بەرگری بکات!

بۆ نموونە دەزگه‌ی هەواڵگریی دەرەکیی ئەڵمانیا (BND)[4] ماوەی ٩٠ ڕۆژی پێشبینیی کردبوو بۆ کەوتنی کابوول، لە کاتێکدا بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، ئەمریکا دەیەویست کە لە ڕێگەی درۆن و فڕۆکەی بی-٥٢، دەرچوونی هێزەکانی بە شێوەیەکی پارێزراو بەڕێوە بەرێت. خۆی هەر ئەمەیش دەری دەخات کە بەپێچەوانەی بانگەشەی ئیدارەی ئەمریکا سەبارەت بە گەرەنتیکردنی ڕێککەوتنی سیاسیی نێوان حکوومەتی کابوول لەگەڵ تاڵیبان و پێکهێنانی حکوومەتێکی فرەپێکهاتە و هاوپەیمانی، ئەمریکا خۆی ئامادە کردبوو کە هەموو ئەفغانستان- بە کابوولیشەوە- دەکەوێت و لەلایەن تاڵیبانەوە کۆنترۆڵ دەکرێت.[5]

تەنانەت بێن واڵەیس، وەزیری بەرگریی بریتانیا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی سکای نیوز لە ڕێکەوتی ١٣-٨-٢٠٢١ ڕای گەیاند: "کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کێشەیەکی زۆر گەورە دروست دەکات و کۆنترۆڵەکە دەداتە دەست تاڵیبان." هەروەها وەزیری بەرگریی بریتانیا  گوتی: "بەدڵنیایییەوە قاعیدە دەگەڕێتەوە و دەبێتە هەڕەشە بۆ ئاسایش و بەرژەوەندییەکانمان و هەست دەکەم کشانەوە بەو شێوەیە هەڵە بوو؛ هەر بۆیە ئێمە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باجی لێکەوتەکانی دەدەین." کەواته‌، ئەو بانگەشە و پاساو و ئەرگیۆمێنتەیش پووچەڵ دەکرێتەوە کە سەرۆک بایدن پێداگریی لەسەر دەکات و ڕای گەیاندووە: ئەوان بۆ یەک ئامانج چوونەتە ئەفغانستان، ئەویش تێکشکاندنی قاعیدە بوو؛ ئامانجەکەیشیان پێکاوە!

هەروەها بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوە و باوەڕپێکراوەکان، تاڵیبان لە مانگی ٣ی ئەمساڵەوە هەنگاو بە هەنگاو و بە زانیاری و تەنانەت لەبەرچاوی هێزە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، هێزەکانیان بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی شاری کابوول گواستۆتەوە. هاوکات لەگەڵ ئەوەیش تاڵیبان زۆر بەئاسانی لە ناوچە و قۆڵەکانی تری ئەفغانستان بەرەو کابوول دەهاتن؛ سەرەتا لە قەندووز و هەرات و مەزار شریف و قەندەهار و هتد.

جگە لە هەموو ئەمانەیش، بەپێی لێکدانەوەی ستراتیژیستە لەشکرییەکان و ژەنەراڵە خانەنشینکراوه‌كان یاخود ئەو فەرماندانەی کە پێشووتر لە ئەفغانستان جەنگاون، ئیدارەی ئەمریکا نەگونجاوترین و خراپترین کات و بارودۆخی لە ڕووی سروشتییەوە بۆ کشانەوە لە ئەفغانستان، هەڵبژارد. بەم واتایەکە ئەم وەرزەی ئێستا لە ئەفغانستان بە وەرزی چالاکیی تاڵیبان و بەرزبوونەوەی ئۆپەراسیۆن و جموجۆڵەکانیان دادەنرێت.

بۆیە شارەزایانی سەربازی بڕوایان وایە کە ئەگەر کاتی کشانەوەکە وەرزی زستان بووایە، ئەوە تاڵیبان نەیدەتوانی وا بەسانایی هەموو ئەفغانستان کۆنترۆڵ بکات، چونکە لە وەرزی سەرما و بەفردا، بەهۆی سروشتی ئەو وڵاتە، ئەوە سوپای ئەفغانستان دەیتوانی خۆی ڕێک بخاتەوە و تەنانەت لە ڕووی ورە و ئیرادەی سوپا و بەردەوامیی پرۆسەی سیاسیشەوە، دەرفەتێک دەبوو بۆ تێگەیشتن و خۆگونجاندن لەگەڵ باروودۆخە نوێیەکە. هەروەها چونکە تاڵیبان زیاتر لە ناوچە گوندنشینەکان و لە دەرەوەی شارەکان جێگیر بوون و لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان تەنیا چالاکییەکی سنووردار و تیرۆریستییان ئەنجام دەدا، بەڵام ئێستا و لەم وەرزەدا باشترین وەرز بوو بۆ خۆڕێکخستنەوە و پێکەوەبەستنەوەی هێزەکانیان و پاشان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەرتاسەری و سەرکەوتنی تاڵیبان و کۆنترۆڵی هەموو ناوچەکانی ئەفغانستان.

لە هەموو ئەمانەیش گرنگتر، هێزی ڕاستەقینەی تاڵیبان (جگە لە کاریگەریی پرسە ئایینی و ئایدیۆلۆژی و بڕوایییەکان)، بریتی بووە لە توانا و شارەزایییان لە "جەنگی گه‌ریلایی" یان ئەوەی پێی دەگوترێت جەنگی نا-هاوتەریب یاخود نا-هاوشان (asymmetric warfare)؛ بەم واتایە کە ئەمریکا جگە لە ٣٠ هەزار سوپای تایبەت و بەتایبەتی یەکەی ٣٣٣ و ٤٤٤ کە لەلایەن بریتانیاییەکانەوە بۆ ئەم جۆرە جەنگە ئامادە کرابوون و لە ئۆپەراسیۆنەکانیشیاندا سەرکەوتوو بوون، چونکە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ئاسمانی و هەواڵگری و تەنانەت سەربازیی ئەمریکایشی هەبوو بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و لەلایەن حکوومەتیشەوە لە ڕووی چەک، مووچە و پێداویستییەکانی تر گرنگییان پێ دەدرا، سوپای ئەفغانستانی لەسەر بنەمای جەنگی کلاسیک ڕاهێنابوو کە لەگەڵ مەترسییەکانی تاڵیبان و شارەزایییان نەدەگونجا.[6]

لێرەدا دەردەکەوێت کە پرسەکە تەنیا بوونی گەندەڵیی سوپا نییە، وەکوو ئەوەی کە ئەمریکییەکان هەوڵ دەدەن بۆ داپۆشین و پاساو و وه‌ڵامی ڕوودانی ئەو پاشەکشە کارەساتبارەی کە لەپێش چاوی هەموو جیهان ڕووی دا، په‌ره‌ی پێ بده‌ن، بەڵکوو کۆمەڵێک هۆکار و هەڵەی ستراتیژی و سیاسیی ئیدارەی بایدن ئەو دۆخەی خوڵقاند. هەر بۆیە بۆ خۆدەربازکردن و سووککردنی گوشار و ڕەخنە و تۆمەتەکان لە دژی ئەمریکا، هەوڵ دەدرێت ئەو گوتارە بڵاو بکرێتەوە کە هەموو ئەو کارەساتە، لێکەوتە و دەرەنجامی شەڕنەکردن و تەسلیمبوونی سوپای ئەفغانستانە بە تاڵیبان.[7] 

بۆیە بڕیاری پاشەکشەی هەموو هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا و کێشانەوەی پاڵپشتیی لۆجێستی بۆ هێزی ئاسمانی لە سوپای ئەفغانستان، ئەو سوپایەی بێقەڵغان کرد، چونکە سوپای ئەفغانستان بەبێ یارمەتیی تەکنیکیی شارەزایانی سەربازی و پسپۆڕانی ئەمریکا توانای بەکارهێنان و وەگەڕخستنی فڕۆکە و هێزە ئاسمانییەکەی نییە؛ ئەمەیش لەسەر زەوەی بە تێکچوونی شیرازەی سوپای ئەفغانستان کۆتایی هات. جگە لەمانەیش، کەڵکوەرگرتنی کاریگەر و شوێندانەر لە مەیدانی جەنگ لە هێزی ئاسمانی، پێویستیی بە پێدانی زانیاریی ورد و پاڵپشتیی هەواڵگری هەیە کە پێشووتر لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دەستەبەر دەکرا، کە بە بڕیاری پاشەکشەی هەموو هێزەکانی ئەمریکا ئەو پشتیوانییەیش نەما و، بە بڕیاری بایدن لە ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢١ بەیەکجاری کۆتاییی پێ دەهات.

جگە لەمانەیش، کاتێک کە ئەمریکا بەبێ ئەوەی بەشداری بە حکوومەتی یاسایی و دەستووریی ئەفغانستان بکات، لەگەڵ تاڵیبان گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەکات و ڕێککەوتنی لەگەڵ واژوو دەکات، ئەوەیش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ورە و بیروباوەڕی ئەندامان و فەرماندەکانی سوپا دادەنێت و بیر لەوە دەکەنەوە کە بۆچی بەرگری بکەن لە کاتێکدا دڵنیا بوون کە لە پاش زاڵبوونی تاڵیبان بەسەر ئەفغانستان تۆڵە لە خۆیان و بنەماڵەکانیان دەکرێتەوە و مەرگ چاوەڕێیان دەکات؟!

لە لایەکی تریشەوە، بەپێی بەڵگەنامەکانی کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئەڵمانی دەرکەوتووە کە، پێشووتر دەزانرا و هۆشداری درابوویە وڵاتان کە لێکەوتەی ئەم ڕێکكەوتنەی ئەمریکا و تاڵیبان پێکهێنانی حکوومەتی هاوبەش لەسەر بنەمای ڕێککەوتن و هەڵبژارن نییە، بەڵکوو تاڵیبان ئیمارەتی دووەم ("Emirate 2.0”) پێك دەهێنێت.[8] لێرەدا و بەتایبەتی لە سەرەتادا، دەزگه‌ی هەواڵگریی دەرەکیی ئەڵمانیا (BND) لێکدانەوەی هەڵەی هەبوو بۆ دۆخەکە کە پێی وابوو ئەمریکا و تورکیا کابوول دەپارێزن و خودی تاڵیبانیش جەنگ ناکات و دەست بەسەر کابوولدا ناگرێت.

 کەواته‌، ئەو بانگەشه‌یەیش پووچەڵ دەکرێتەوە کە ئەمریکا  بەردەوام داوای لە حکوومەتی ئەفغانستان دەکرد لەگەڵ تاڵیبان دانوستان بکەن بۆ ڕێککەوتن و پێکهێنانی حکوومەتی ڕاگوزەر و بەشداریپێکردنی تاڵیبان، هەروەها ئەو بانگەشەیەی ئەمریکایش کە دەیگوت پێویستە سوپا بەرگری بکات. پاشان لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکییەوە ڕاگەیەندرا کە ئەوەی ڕووی دا، بەهۆی شکست و گەندەڵیی سوپای ئەفغانستانەوە بووە! هەروەکوو ئەوەی کە جۆ بایدن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا لە ڕێکەوتی ١٧-٨-٢٠٢١، ڕەخنەی توندی لە ئەشرەف غەنی، سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان گرت و گوتی كه‌ ئه‌ویان بانگهێشتی کۆشکی سپی کردووە و پێیان گوتووە: "سازشی سیاسی لەگەڵ تاڵیبان بکات، گەندەڵی نەهێڵێت، خۆی بۆ جه‌نگی ناوخۆ ئامادە بکات؛ کەچی ئەشرەف غەنی نەک لە جێبەجێکردنی ئەمانە شکستی هێنا، بەڵکوو ڕایشی کرد لە وڵاتەکە."

بەم پێیە، ئەو گوتارە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆیە پەرەی پێ دەدرێت کە لە داهاتوویشدا ئەگەر خەڵکی ئەفغانستان و بەتایبەتی ژنان ڕووبەڕووی هەر کارەساتێکی مرۆیی ببێتەوە یان ئەوەی ئاسایش تێک بچێت، ئەوە ئۆباڵی تاوانەکە بخرێتە ئەستۆی خەڵکی ئەفغانستان کە پێشوازییان لە تاڵیبان کردووە. هەر بۆیە ڕەهەندێکی تری ئەو گوتارەی ئەمریکا ئەوەیە کە وا پیشان بدرێت کە تاڵیبان بنکەی جەماوەریی هەیە و لەلایەن خەڵکی ئەفغانستانه‌وه‌ پێشوازیی لێ کراوە، بۆیە تاڵیبان هەموو ئەفغانستانی داگیر کردووە. باشترین بەڵگەیش بۆ پەرەپێدانی ئەم گوتارە، وتەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکایە لە ڕێکەوتی (17.08.2021) کە ڕای گەیاند ئەرکی ئێمە لە ئەفغانستان نەتەوەسازی نەبووە.

هەروەها بۆ وەرگرتنی ڕەوایەتی بۆ ئەم پاشەکشەیە لە ئاستی ناوخۆییدا بایدن ڕای گەیاند: سەربازانی ئەمریکی لە جەنگێکدا کە هێزەکانی سوپای ئەفغانستان ئامادە نین بجەنگن، نابێت بەشدار بن و بکوژرێن. لە ڕاستیدا ئەمەیش درێژکراوەی هەمان هەوڵە بۆ زاڵکردنی ئەو گوتارەی کە دەیەوێت بڵێت؛ هۆکاری ئەم کارەساتانەی ئێستا و داهاتوو شکستی سوپای ئەفغانستان و ئەنجامی شەڕنەکردنیانە. ئەمەیش بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی ئەمریکایە لە چەسپاندنی دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کە ئەمریکا و بەتایبەتی ئیدارەی جۆ بایدن بانگەشەی بۆ دەکات.

ئێستا دەرکەوتووە کە ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرەڕای ئه‌وه‌ی کە زانیارییان هەبووە لە دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکان و بوونی گزی و گەندەڵی لە هەڵبژاردنەکان، چاویان لەو دەرەنجامانە پۆشیوە؛ تەنانەت بە پەسه‌ندکردن و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان هەوڵیان داوە کە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لەو وڵاتە وەکوو دەسکەوتێکی مەزن وێنا بکەن و خۆیان لە ڕێگەی ئەم کارەیانه‌وه‌ و چاوپۆشیکردن لەو گەندەڵییانە و دانپێدانان بە ئەنجامەکان، یارمەتیی بەردەوامبوونی گەندەڵییان داوە. یاخود ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژاوایییەکان، بەردەوام چاویان لە گەندەڵیی بەرپرسان و بنەماڵەکانیان پۆشیوە؛ بۆ نموونە لە ساڵى ٢٠١١ هێزێکی تایبەتی ئاسمانیی بریتانیا (SAS) کۆگه‌یەکی گەورەی پڕ لە ماددەی هۆشبەریان دۆزییەوە کە خاوەنەکه‌ی، "زڕبرا"یەکی سەرۆککۆماری پێشووتری ئەفغانستان، حامید کەرزای بوو، بەڵام فەرمان درایە هەموو دیپلۆماتەکانی بریتانی کە لەسەر ئەم پرسە بێدەنگی هەڵبژێرن و نادیدەی بگرن و بۆ میدیا و ڕای گشتی و ڕاگەیاندنەکان ئاشکرای نەکەن.

هەروەها ئەو دیسکۆرس و ئەرگیۆمێنتەیش؛ چونکە سوپا و خەڵکی ئەفغانستان بەرگرییان لە بەرامبەر تاڵیباندا نەکرد، هەروەها بەهۆی ئەوەی کە خەڵکی ئەفغانستان باوەریان بە دیموکراسی نییە یان حەزیان لە سیستەمی دیموکراسی نییە، بۆیە ئەمریکا وازی لە ئەفغانستان هێناوە، هەڵەیە و پێویستە ڕەت بکرێتەوە. سەرەکیترین ئەرگیۆمێنت و پاساویشیان بۆ ئەو گوتارە ئەوەیە کە لە دوایین هەڵبژاردنیشدا تەنیا ٢٠% لە خەڵک بەشدارییان لە هەڵبژارنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار کردووە، لە کاتێکدا بەپێی زانیاری و ڕاستییە مەیدانییەکان ئەمەیش ڕاستەقینە، دروست و ورد نییە. چونکە ئەنجامی ڕاپرسییەکان و بەتایبەتی ڕاپرسییەکی متمانەپێکراو[9] لە ساڵی ٢٠١٩دا دەری دەخات کە ٦٤% لە خەڵکی ئەفغانستان ڕوانگەیەکی ئەرێنییان لە هەمبەر دیموکراسی لە ئەفغانستان هەبووە، بەڵام ٦٣% لەو خەڵکە ترسیان هەبووە کە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن بەهۆی هەڕەشەکانی تاڵیبان، وەکوو؛ بڕینەوەی پەنچەکانیان و دانانی بۆمب و ئەنجامدانی کردەوەی خۆکوژی لە بنکەکانی دەنگدان و هتد.

تەنانەت ڕاپرسییەکە دەری دەخات کە ئەو ئەرگیۆمێنتەیش هەڵەیە کە لە ئێستادا پەرەی پێ دەدرێت کە خەڵکی ئەفغانستان کێشەیەکیان لەگەڵ تاڵیبان نییە و نەبووە، بەڵکوو بەپێی ئەو ڕاپرسییە کە لەناو ئیتنیکە سەرەکی و جیاوازەکانی ئەفغانستان، وەکوو پەشتوون و تاجیک و ئۆزبەک و هەزارە و... کراوە، لە ساڵی ٢٠١٩دا نزیکەی ٧٠% لە هاووڵاتیانی ئەفغانستان بڕوایان وا بووە کە تاڵیبان سەرەکیترین هەڕەشە و مەترسیی ئاسایشییە بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەیان. بۆیە لێرەدا بەڕوونی ئەوە پووچەڵ دەکرێتەوە کە گوایه‌ تاڵیبان نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی ئەفغانستان و تەنانەت پەشتوونەکان دەکات، چونکە لە ڕووداوەکانی ئەم دوایییەدا تاکە ناوچە کە بەرگریی چەکدارانەی لە هەمبەر گەڕانەوەی تاڵیبان کرد، لە دوو شاری قەندەهار، کە ٨٥% لە دانیشتووانی پەشتوونن و پاشان لە شاری لەشکەرگا بوو کە نزیکەی هەموو (١٠٠%) لە دانیشتووانی پەشتوونن. تەنانەت یەکەمین و گەورەترین خۆپیشاندانیش لە دژی تاڵیبان لە شاری جەلالاباد بەڕێوە چوو کە نزیکەی ٧٠% لە دانیشتووانی پەشتوونن[10].

لە لایەکی تریشەوە ئەو ڕاپرسییە نیشانی دەدات کە ئەو گوتار و ئەرگیۆمێنتەیش هەڵەیە و بەئەنقەست بڵاو دەکرێتەوە کە خەڵکی ئەفغانستان خوازیاری دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکان یاخود دژی مانەوەی ئەمریکان؛ بەڵکوو بەپێی ڕاپرسییەکان دەرکەوتووە کە زیاتر لە ٨٠% لە خەڵکی ئەفغانستان بڕوایان وا بووە کە پۆلیسی نیشتمانیی ئەفغانستان (ANP) و سوپای نیشتمانیی ئەفغانستان (ANA) بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکەیان پێویستیان بە پاڵپشتی و پشتیوانیی هێزە سەربازییەکانی بیانی هەیە.

لەوانەیش گرنگتر ئەو خاڵەیە کە، ئەرگیۆمێنت و گوتارێک لە ئاستی میدیا و ڕای گشتی و تەنانەت ناوەندە ئەکادیمی و سیاسییەکاندا پەرەی پێ دراوە و هەوڵی چەسپاندنی دەدرێت بۆ نیشاندانی ئەوەی کە خەڵکی ئەفغانستان خەڵکێکی ناشارستانی و دژەپێشکەوتن و دواکەوتوون، ئەویش ئەمەیە: زۆرینەی خەڵکی ئەفغانستان دژی مافی خوێندن و کارکردنی ژنان و کچانن و بڕوایان پێ نییە. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکان نزیکەی ٨٧% لە خەڵکی ئەفغانستان خوازیار و پاڵپشتی مافی یەکسانی خوێندنن بۆ کچان و کۆڕان وەکوو یەکتری و، ٧٦% لەو خەڵکەیش لەسەر ئەو بڕوایەن کە ژنان پێویستە مافی کارکردنیان لە دەرەوەی ماڵەوە هەبێت.

هەروەها لە کۆتاییشدا ئەو گوتارەیش پێویستە لێک هەڵبوەشێندرێتەوە و پووچەڵ بکرێتەوە کە خەڵکی ئەفغانستان خوازیاری گەڕانەوەی سیستەمی تاڵیبان بوون، چونکە بەپێی ڕاپرسییەکان ٦٠% لە خەڵکی ئەفغانستان لەم ساڵانەی دواییدا نیگەرانییان هەبووە سەبارەت بە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی وڵات و پێیان وا بووە کە وڵات کەوتۆتە ناو ئاراستە و ڕێرەوەێکی هەڵەوە. دەرەنجام و ڕەوتی ڕووداوەکانیش دەریان خست کە خەڵکی ئەفغانستان نیگەرانی و دڵەڕاوکێیان لە جێگەی خۆیدا بووە و ئەوان ڕوانگەیەکی واقعیتر و دروستریان بۆ ڕووداوەکان و پرۆسەی سیاسی لە ئەفغانستان، بە بەراورد لەگەڵ سیاسەتمەدارە خۆسەپێن، هەلپەرەست و گەندەڵەکانیان هەبووە.

کۆبەند

نواندنەوە و گێڕانەوەی دیسکۆرس و گوتاری زاڵ سەبارەت بەوەی کە لە ئەفغانستان ڕووی دا، لانی کەم دوو خاڵی ناوەندی-کۆڵەکە، هەروەها سیما و ڕەهەندی هەیە: سیما و ڕەهەندی ئاشکرا کە لەلایەن میدیا و گوتارە فەرمییەکانی بەرپرسانی ئیدارەی جۆ بایدن لە ئەمریکا پەرەی پێ دەدەن و بەم هۆیەیشەوە شرۆڤەکاران و ئەکادیمی و تەنانەت ڕای گشتی دەخاتە تەڵە و هەڵەوە. سیما و ڕەهەندی دووەمیش بریتییە لە لایەنە شاراوەکان کە ڕاستیی ئەو بڕیار و ڕووداوانە لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ زانیاری و ڕاستییە مەیدانییەکان و پاشان پووچەڵکردنەوەی ئەرگیۆمێنتەکان و لە کۆتاییشدا لێکهەڵوەشانەوەی گوتاری زاڵ ئاشکرا دەکات.

گرنگترین خاڵ یاخود کۆڵەکەی سەرەکیی ئەو گوتارە زاڵە بۆ داپۆشینی کارەساتە مرۆیییەکە و پاساوهێنانەوە بۆ پاشەکشەی سوپای ئەمریکا و جێهێشتنی کارەساتباری ئەفغانستانییەکان بۆ حوکمی بەربەریی تاڵیبان ئەوەیە کە، ئەمریکا چیتر ئامادە نییە بجەنگێت و لە جەنگێکدا بەشدار بێت و سەربازەکانی خۆی بکاتە قوربانی، لە کاتێکدا سوپای ئەفغانستان گەندەڵە و نەجەنگاوە و شکستی خوارد و ئەمەیش بووە هۆی زاڵبوونی تاڵیبان بەسەر ئەفغانستان.

 ڕەگەزی دووەمی ئەو دیسکۆرسەیش، کە هەوڵی جێگیرکردن و چەسپاندنی دەدرێت وەکوو ڕاستییەک بۆ پاساوی کشانەوەی ئەمریکا ئەوەیە کە، خەڵکی ئەفغانستان دیموکراسییان ناوێت و دواکەوتوون و خۆیان پێشوازییان لە تاڵیبان کردووە و؛ لەمەیش ئازاربەخشتر ئەوەیە کە هەوڵی برەودان بەو گوتارە دەدرێت کە تاڵیبان نوێنەرایەتیی زۆرینەی خەڵکی ئەفغانستان دەکات.

خستنەڕووی هەموو ئەمانەیش بۆ ئەو مەبەستەیە کە شرۆڤەکاران، ڕۆژنامەڤان، میدیاکار و تەنانەت سیاسەتمەدار و دروستکەرانی بڕیار لە هەڕێمی کوردستان نەکەونە ناو ئەو تەڵەیەوە و لێکدانەوەی هەڵە بۆ ڕووداوەکان بکەن و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاری هەڵە بدرێت و تەنانەت ئیرادە و ورەی خەڵکی کوردستان بڕووخێت.

ئەوەیش بەو مانایە نییەکە ئەمریکا هیچ سیاسەتێکی لە پشت ئەو کشانەوەیە نەبووە و نییە (لە وتارێکی سەربەخۆ لە ماڵپەری "پێنووس"دا بەوردی باسم له‌ ڕەهەندەکانی سیاسەت و ستراتیژیی نوێی ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق لە چوارچێوەی چەمکی زۆنی خۆڵەمێشیدا کردووە)[11]، بەڵکوو زاڵکردنی ئەو گوتارە زیاتر بۆ ئەوەیە کە پاساوی هۆکارەکانی کشانەوەکە بداتەوە و پاشان ستراتیژییە سەرەکییەکەی بەشاراوەیی بمێنێتەوە یاخود لانی کەم بکەوێتە پەراوێزەوە. لە لایەکی تریشەوە وه‌ڵامی ڕەخنەکانی ناوخۆیی و دەرەکی بداتەوە و، هەروەها لێکەوتە و قورساییی بەرپرسیارێتیی ئەو بڕیارە لەسەر شانی خۆی لا بدات و دەرهاوێشتە کارەساتبارەکانی لە ڕووی مرۆیییەوە بخاتە سەر شان و ئەستۆی خودی ئەفغانستانییەکان.

 جگە لەمانەیش ئەو بابەتە و سەرکەوتن لە چەسپاندنی ئەو گوتارە، لەو دەگمەن پرس و بابەتانەیە کە دەتوانێت لە لایەک پشتیوانی و هاوڕایی و هاوهەڵوێستییەکی ڕێژەیی لە ئاستی جەماوەری و نوخبەی سیاسی لە ناوخۆی ئەمریکادا بێنێتە دی و، لە لایەکی تریشەوە ساڕێژێک بێت بۆ زامی ئەو دابڕان و ناکۆکی و لێکترازان و دووجەمسەرییە ئیفلیجکەرەی کە چەند ساڵێکە سیاسەت و کۆمەڵگەی ئەمریکای گرتۆتەوە و پێشبینیی قووڵبوونەوەیشی لێ دەکرێت.

جێگەی ئاماژەیە کە نەیارەکانی ئەمریکایش، وەکوو ئێران و ڕووسیا و چین و...، کەوتنە داو و تەڵەی چەسپاندن و بڵاوکردنەوەی ئەو دیسکۆرس و گوتارەوە بە ئامانجی شکاندنی شکۆی ئەمریکا و بە مەبەستی نیشاندانی شکست و کۆتاییهاتنی هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکە بەگشتی و لە ئەفغانستان بەتایبەتی.

 بۆیە لە کۆتاییدا بۆ ئەوەی کۆد و سەرەداوی زۆربەی پرس و بابەتەکانمان بۆ دەربخات، تەنیا ئەوەندە بڵێین بەسە، ئەویش ئەوەیە کە لە ڕاستیدا جەنگێک ڕووی نەداوە کە تاڵیبان لە ١١ ڕۆژدا سەرکەوتوو بێت و سوپای ئەفغانستانیش شکستی خواردبێت.

لێرەدا بۆ داهاتووی ئەفغانستان لانی کەم ٤ سیناریۆی سەرەکی پێشبینی دەکرێت:

١- لە ڕێگەی سەرکوتکردن و توندوتیژییەوە و دابڕان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئەفغانستان بگەڕێتەوە سەردەمی ڕابردووی دەسەڵاتدارێتیی تاڵیبان لە نێوان ساڵانی ١٩٩٦-٢٠٠١. ئەمەیش وا دەکات کە جارێکی تر ئەفغانستان ببێتەوە بنکەی گرووپە توندڕەو و تیرۆریستییەکان و هەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێی.

٢- تاڵیبان سیستەمێکی ئیسلامی بەڵام میانڕەوتر لە ڕابردوو پەیڕەو بکات؛ ئەمەیش بە ڕاگەیاندنی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی و بەشداریپێکردنی هەموو پێکهاتە و گرووپەکان و پەیڕەوکردنی ئازادییەکی سنووردار و ڕێژەیی بۆ ژنان و ئیتنیک و مەزهەبەکان و، بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەی ڕەوایەتی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەردەوامبوونی دەسەڵاتەکەی، هەوڵی وەرگرتنی ڕەوایەتیی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی بەفەرمیناسینی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتان بدات. ئەم سیناریۆیە ویستراوی ئەمریکایە.

٣- هەنگاو بە هەنگاو بزووتنەوەی بەرگری لە هەمبەر تاڵیبان سەر هەڵبدات و ئەفغانستان لە جەنگێکی تری ناوخۆیییەوە تێوە بگلێت و پاشان وڵاتانیش دەستێوەردان بکەن. ئەم سیناریۆیەیش ئەنجام و داهاتوویەکی ناڕوونی هەیە.

 ٤- تاڵیبان لە ڕێگەی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و ڕازیکردنی چین و ڕووسیا و بەردەوامیی پشتیوانی و پاڵپشتیی پاکستان و پاراستنی سەقامگیریی سنوورەکان و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان و ڕەواندنەوەی نیگەرانییە ئاسایشییەکانیان، دەسەڵاتەکەی بەردەوام و جێگیر بکات.

 

 

[1] - بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: تجهیزات نظامی آمریکایی در دست طالبان؛ از هواپیما تا نارنجک، دویچە ولە فارسی: ٢٠-٨-٢٠٢١.

Available at: <https://p.dw.com/p/3zDY4>. Last visited: 23-8-2021.

[2] - بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: فاجعه آمریکا در افغانستان چگونه رقم خورد؟ تحلیلی از چرایی شکست پنتاگون در ساخت ارتش افغانستان، نگارش از یورونیوز فارسی: ١٧-٨-٢٠٢١.

Available at: <https://per.euronews.com/2021/08/17/an-analysis-of-the-reasons-for-the-pentagon-s-failure-to-build-an-afghan-army>. Last viated: 25-8-2021.

[3] - See: Matthias Gebauer, Konstantin von Hammerstein, Ralf Neukirch, Fidelius Schmid, Christoph Schult und Wolf Wiedmann-Schmidt ، A Chronicle of German Failures in Afghanistan, spiegel: 20-8-2021.

Available at: https://www.spiegel.de/international/germany/takeover-of-kabul-unlikely-before-9-11-a-chronicle-of-german-failures-in-afghanistan-a-d954eee2-f72d-4125-a6d5-90d3d774a422>. Last visited: 22-8-2021.

[4] - The Bundesnachrichtendienst is the foreign intelligence service of the Federal Republic of Germany.

[5] - بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:

Christoph Reuter، The Entirely Predictable Failure of the West's Mission in Afghanistan, spiegel: 20-8-2021. Available at:< https://www.spiegel.de/international/world/the-trillion-dollar-illusion-the-entirely-predictable-failure-of-the-west-s-mission-in-afghanistan-a-0193fa9c-aa6f-4719-84de-01ead3aefcf6>. Last visited: 22-8-2021.

[6] - Tim Willasey-Wilsey, Why Did the Afghan Army Evaporate? RUSI: 18 August 2021. <Available at: https://rusi.org/explore-our-research/publications/commentary/why-did-afghan-army-evaporate>. Last vissited: 25-8-2021.

[7] - See: LEAVING AFGHANISTAN: LESSONS NOT LEARNED FROM IRAQ, 18 May 2021. https://spectator.clingendael.org/en/publication/leaving-afghanistan-lessons-not-learned-iraq

[8] - بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:

Matthias Gebauer, Konstantin von Hammerstein, Ralf Neukirch, Fidelius Schmid, Christoph Schult und Wolf Wiedmann-Schmidt ، A Chronicle of German Failures in Afghanistan, spiegel: 20-8-2021.

Available at: https://www.spiegel.de/international/germany/takeover-of-kabul-unlikely-before-9-11-a-chronicle-of-german-failures-in-afghanistan-a-d954eee2-f72d-4125-a6d5-90d3d774a422>. Last visited: 22-8-2021.

[9] - بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:

Afghanistan in 2019: A Survey of the Afghan People, asiafoundation. Available at: <https://asiafoundation.org/wp-content/uploads/2019/12/2019_Afghan_Survey_Full-Report_.pdf >. Last visited:  25-8-2021.

[10] - بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:

امیر طاهری، افغانستان، پایان یک نبرد و آغاز نبردی دیگر، ایندیپندنت فارسی، ۲۹ مرداد ۱۴۰۰ برابر با ۲۰ اوت ۲۰۲۱.

Available at: Independent Persian: <https://www.independentpersian.com/node/170726/دیدگاه/افغانستان،-پایان-یک-نبرد-و-آغاز-نبردی-دیگر>. Last Visited: 26-5-2021. 

[11] - بۆ زانیاریی زیاتر و خوێندنەوەی بابەتەکە بڕوانە:

پێکدادان لە زۆنی خۆڵەمێشی: خوێندنەوەیەک بۆ داهاتووی بارودۆخی سیاسی-ئاسایشیی ئەفغانستان و عێراق لە چوارچێوەی ستراتیژیی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، ١٦-٨-٢٠٢١.

Available at: <http://penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-12-28/item/1833-2021-08-16-12-53-46>. Last visited: 26-5-2021.

Latest from پەرویز ڕەحیم

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples