د. پەرویز ڕەحیم قادر- دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستا لە بەشی سیستەمە سیاسییەکان و سیاسەتی گشتی لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان-زانکۆی سەڵاحەددین
ئیمارات بەشداره لە هاوپهیمانیی سەربازیی سعوودیا بۆ پشتیوانیکردن لە حکوومەتی یهمهن دژی حوسییەکانی وڵاتهكه، كه لە ساڵی 2019دا ڕاگهیهندرا. لەم چوارچێوەیەدا لە زنجیرە ڕووداوێکی سەرسوڕهێنەر و دەگمەندا، کە دەکرێت بە یارییە مەترسیدارە نوێیەکە لە ناوچەکەدا پێناسەی بکەین، وهزارهتی بهرگریی ئیمارات لە ڕێکەوتی ٢-٢-٢٠٢٢دا له تویتێكدا ڕای گەیاند: "سێ فڕۆكهی بێفڕۆكهوان، ئاسمانی چهند ناوچهیهكی وڵاتهكهیان بهزاندووه؛ له بهرامبهریشدا تێك شكێندراون و خراونهته خوارهوه. هێزهكانیان ئامادهن بۆ مامهڵهكردن لهگهڵ ههر ههڕهشهیهك. ههموو ڕێوشوێنێكی پێویستیش دهگرنه بهر بۆ پاراستنی دهوڵهت له ههر هێرش و دهستدرێژییهك. خستنهخوارهوهی فڕۆكه بێفڕۆكهوانهكانیش هیچ زیانێكیان لێ نهكهوتۆتهوه."
گرووپێک بە ناوی "لیواکانی وەعدی هەق - ڕۆڵەکانی جەزیرەی عەرەبی" لە ڕۆژی 2-2-2022 لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، ئەم بەیانییە لە ڕێگەی چوار درۆنەوە، هێرشێکیان لە دژی "دەوڵەتۆکە"ی ئیمارات ئەنجام داوە. "لیواکانی وەعدی هەق - ڕۆڵەکانی جەزیرەی عەرەبی" لە بەیاننامەیەکدا کە بڵاوی کردۆتەوە ڕای گەیاند، تا ئیمارات بەردەوام بێت لە دەستوەردانی لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ، لە پێش هەموویشیانەوە عێراق و یەمەن، بەردەوام دەبن لە وەشاندنی گورزەکانیان. جەختیش دەکەنەوە، گورزی ئەم جارە بەئازارتر دەبێت.
جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی 17ی (كانوونی دووهم/1)ی 2022 له ڕێگهی ژمارهیهك فڕۆكهی بێفڕۆكهوانهوه هێرش كرایه سهر ژمارهیهك تانكهری گواستنهوهی سووتهمهنی له شاری ئهبوزهبی؛ له ئهنجامیشدا سێ كوژراو و ژمارهیهك برینداری لێ كهوتهوه. ئاژانسی فەرمیی ئیمارات، ناسراو بە وام، ڕۆژی دووشەممە 17-01-2022 لە زاری پۆلیسی میرنشینی ئەبوزەبییەوە بڵاوی کردەوە، "بەیانیی ئەمڕۆ ئاگرێک کەوتەوە و بووە هۆی تەقینەوەی سێ تانکەری گواستنەوەی سووتەمەنی لە ناوچەی موسەفەح ئایکاد سێ، لە نزیکی کۆگهکانی دانووک لە ئەبوزەبی؛ هەروەها ئاگرێکی بچووک لە ناوچەی ئینشائات لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبوزەبی کەوتەوە".
پۆلیسی ئەبوزەبی ڕایشی گەیاندووە، "لێکۆڵینەوە سەرەتایییەکان دەری دەخەن، لە کاتی ڕوودانی ئەو دوو ڕووداوەدا فڕۆکەی بچووک لە ئاسمانی ناوچەکە بینراوە؛ دەکرێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکار هێندرابێت و کەوتبنە خوارەوە و بووبنە هۆی تەقینەوە و کەوتنەوەی ئەو دوو ڕووداوە؛ بۆیە تیمەکان گەیشتوونەتە هەردوو ناوچەکە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن، بەڵام هەردوو ڕووداوەکە زیانێکی ئەوتۆیان نەبووە." دوای هێرشەکەی سەر ئەبوزەبی، گوتەبێژێکی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حوسییەکان لە یەمەن لە تەلەڤزیۆنی "مەسار"ەوە، کە هی حوسییەکانە، بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکانی ئەمڕۆی بۆ سەر میرنشینی ئەبوزەبی ڕاگەیاند.
ئەوەی کە جێگەی سەرنج و هەڵوەستەلەسەرکردنە ئەوەیە کە، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی گرووپی عەسائیبی ئەهلی هەق، لە تویتێکدا له ڕۆژی ١٧-١-٢٠٢٢ پیرۆزباییی هێرشەکەی لە حوسییەکانی یەمەن کرد و گوتی: "ئێمە هۆشداریمان داوەتە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتۆکەی ئیمارات، کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل ئاسایی کردووەتەوە، لە دەرەنجامە خراپەکانی دەستوەردانیان لە کاروباری ناوخۆی عێراق و چاندنی تۆوی دووبەرەکی و ئاشوب لە نێوان ڕۆڵەکانی گەلی ئازادی عێراق." لە هەمان کاتدا، ئەبوعەلی عەسکەری، گوتەبێژی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقیش لەبارەی هێرشەکەوە لە تویتێکدا ڕای گەیاند: "لێدان لە دوژمنان و لاوازکردنیان بۆ بەرگریکردن لە خۆ، لە هەنگاوە لەپێشینەکانە بۆ بەدیهێنانی هاوکێشەی تۆقاندن لەگەڵ دوژمن. بەرگری، هەقی هەموو گەلانی بندەستە." هاوکات ئیماراتیشی بە خراپەکار ناو هێناوە و دەسەڵاتدارانیشی بە قسەی ئەوان "ستەمکاری و گەندەڵی"یان بڵاو کردووەتەوە. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ئەو کاتە گرووپێکی نەناسراو بە ناوی لیوای وەعدی هەق، ڕۆڵەکانی دوورگەی عەرەبی، کە خۆیان بە گرووپێکی چەکداری عێراقی ناساندووە، لە ڕاگەیهنراوێکدا ئەوانیش دەستخۆشیییان لە گرووپی ئەنساڕوڵڵای حوسییەکان کرد و ئیماراتیان بە "خراپەکاری" ناو هێنا؛ داوایشیان لە گەنجانی دوورگەی عەرەبی کرد کە پشتیوانییان بکەن بۆ کردنە ئامانجی وڵاتانی دوژمن تاوەکوو ئەو کاتەی هەق سەر دەکەوێت!
بەڵام لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و لە ڕاگەیهنراوێکدا ڕای گەیاند: "وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە بۆڕییە نەوتییەکانی ناوچەی موسەفەحی لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کردە ئامانج، و ڕای گەیاند کە، هەڵوێستی عێراق ئەوەیە کە دژ بە هەر هێرشێک یان زیادکردنی گرژییەکان لە ناوچەکە دەوەستینەوە. وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕای گەیاند، داوای چارەسەرکردنی قەیرانەکانیش بە ڕێگەی ئاشتییانە و لە ڕێگەی دیالۆگی نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە."
لە کاردانەوەدا، جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە ڕاگەیهنراوێکدا گوتی: "حوسییەکان بەرپرسیاریێتیی خۆیان لەم هێرشە دەربڕیوە؛ ئێمەیش کار لەگەڵ ئیمارات و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی سزایان بدەین." هەروەها ڕای گەیاند، "پابەندبوونی ئێمە بە ئاسایشی ئیمارات پتەوە و، ئێمە شان بە شانی هاوبەشە ئیماراتییەکانمان دژی هەموو هەڕەشەیەک بۆ سەر خاکەکەیان، دەوەستینەوە." لە تۆڵەی ئەو هێرشەدا، لە ڕێکەوتی ١٧-١-٢٠٢٢دا، هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی سعوودیا ڕای گەیاند، لە شاری مەئریبی یەمەن، 230 چەکداری حوسییان کوشتووە و 21 ئۆتۆمبێل و بارهەڵگری سەربازییشیان تێک شکاندووە؛ هەروەها هەشت هێرشی درۆنییان بۆ سەر سعوودیا پووچەڵ کردوونەتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، گوتەبێژی چەکدارانی حوسی لە ڕاگەیهنراوێکدا لە ڕێکەوتی 24-01-2022 هەڕەشەی فراوانکردنی هێرشەکانیان بۆ سەر ئیمارات کردووە. یەحیا سەریع، گوتەبێژی چەکدارانی حوسی دەڵێت: "ئامادەین بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکەمان لە قۆناغی داهاتوودا و، بە هێرش و گرژی ڕووبەڕووی هەموو هێرش و گرژییەک دەبینەوە." یەحیا سەریع، گوتەبێژی حوسییەکان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاوی کردەوە، ڕای گەیاند: "لە وەڵامی زیادکردنی هێرشی ئەمریکا و سعوودیا و ئیمارات و تاوانەکانیان بەرامبەر گەلی یەمەن، هێزی مووشەکی و هێزی چەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورەیان ئەنجام دا بە ناونیشانی "ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی دووەمی یەمەن" کە چەقی خاکی سعوودیا و ئیماراتی کردە ئامانج." گوتەبێژی حوسییەکان گوتی: "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بنکەی ئاسمانیی زەفرە و چەند شوێنێکی دیکەی هەستیارمان لە ئەبوزەبی، پایتەختی ئیمارات، بە ژمارەیەکی زۆر لە مووشەکی دوورمەودای جۆری "زولفەقار" کردە ئامانج؛ هەروەها ژمارەیەک شوێنی هەستیار و گرنگمان لە دوبەی بە ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری "سەمماد سێ" کردە ئامانج."
یەحیا سەریع ئاماژەی بەوە داوە کە: "بە ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری سەمماد یەک و قاسف 2K چەند بنکەیەکی سەربازیمان لە چەقی خاکی سعوودیا لە ناوچەی شروورە و چەند ناوچەیەکی دیکە کردە ئامانج؛ لە هەمان کاتدا چەند شوێنێکی گرنگ و هەستیارمان لە ناوچەی جیزان و عەسیری سعوودیا بە ژمارەیەکی زۆر مووشەکی دوورمەودا کردە ئامانج؛ ئۆپەراسیۆنەکەیش ئامانجەکانی خۆی بەوردی پێكا."
پاشان لە ڕێکەوتی ٣-٢-٢٠٢٢دا حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پهیوهندییهكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نههیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات، سەبارەت بە پرسی دوولایەنە و دۆخی ناوچەكه گفتوگۆیان کرد. عەبدوڵڵاهیان ڕای گەیاند: "ئێمە پێمان وایە بەردەوامبوونی جهنگ و پەرەپێدانی پێکدادان و ئاڵۆزییەکان لە قازانجی هیچ لایەنێک و ناوچەکە نییە." ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئامادەیی و بوونی ئیسڕائیلی لە ناوچەکە به هەڕەشەیەک بۆ هەموو وڵاتان و ناوچەکە ناو برد! جێگەی ئاماژەیە کە ئیسڕائیل و ئیمارات له ڕێوڕهسمێكدا له 15ی (ئهیلوول/9)ی 2020دا له كۆشكی سپیی ئهمریكا ڕێككهوتنی ئاساییكردنهوهی پهیوهندییهكانی نێوانیان واژۆ كرد. گرنگترین ڕووداو بۆ وڵاتانی عەرەبی یاخود وەرچەرخانی سیاسی و ئاسایشی بۆ وڵاتانی کەنداو و عەرەبی ئەوە بوو کە، لە ساڵی 2020، ئیسڕائیل و ئیمارات ڕێککەوتنی دەستپێکردنی پەیوەندییەکانیان لەژێر چەتری ڕێککەوتنی "ئەبراهەم"دا واژۆ کرد و بەو پێیەیش، وڵاتانی ئیمارات، بەحرێن، مەغریب و سوودان بە نێوەندگیریی ئەمریکا، ڕازی بوون پەیوەندی لەگەڵ ئیسڕائیل دروست بکەن.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە ڕێکەوتی 30ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆکی ئیسڕائیل، لەسەر بانگهێشتی شازادەی ئەبوزەبی، محەمەد بن زاید ئال نەهیان، بە سەردانێكی دوو ڕۆژی گەیشتە ئیمارات و لە فڕۆكەخانەی ئەبوزەبی لەلایەن وەزیری دەرەوە پێشوازیی لێ کرا. ئەمەیش یەکەم سەردانی سەرۆکێکی ئیسڕائیلییە بۆ ئەو وڵاتە. ئیسحاق هێرتزۆگ پێش ئەوەی بەرەو ئەبوزەبی بەڕێ بكەوێت ڕای گەیاند: لەم گەشتە مێژوویییەدا پەیامی ئاشتی بۆ هەموو ناوچەکە پێیە.
هەروەها هێرتزۆگ بە ئیماراتی گوتووە: "ئێمە بەتەواوی پشتگیریی پێداویستییە ئەمنییەکانتان دەکەین و، بە هەموو شێواز و زمانێک ئیدانەی هەر هێرشێک دەکەین بۆ سەر سەروەریی ئێوە لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە." هەروەها گوتوویهتی: "ئێمە پێکەوە لێرەین بۆ دۆزینەوەی ڕێگه و ئامراز بۆ هێنانەدیی ئاسایشی تەواو بۆ ئەو کەسانەی کە لە هەرێمەکەماندا بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێن." پێشتریش ئیسڕائیل ڕۆژی 18ی مانگی یەکی ٢٠٢٢ ڕای گەیاندبوو کە ئامادەیە، لە دژی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حوسییەکانی یەمەن، پشتیوانیی ئەمنی و هەواڵگری پێشکەش بە ئیمارات بکات.
جێگەی ئاماژەیە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2021 نەفتالی بێنیت، سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل، سەردانی ئەبوزەبیی کرد و لەلایەن شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات، پێشوازیی لێ کرا و لەگەڵ محەممەد بن زاید، شازادەی جێنشین کۆ بووەوە. پێشتریش، لە کۆتاییی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2021 دا یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل لە یەکەمین سەردانی فەرمیدا بۆ کەنداو، سەردانی بەحرێنی کرد.
هەموو ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدایە کە لە ڕێکەوتی 25-1-2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی - ئیمارات. بەپێی ڕاگەیاندنە فەرمییەکان؛ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی لهگهڵ شێخ محهممهد بن زاید ئال نههیان، جێنشینی ئهبوزهبی و جێگری فهرماندهی باڵای هێزه چهكداران و ژمارهیهك بهرپرسی باڵای ئیمارات کرد کە لە گفتوگۆکانیاندا جەخت لهسهر بههێزكردنی پهیوهندییهكانی نێوان ههرێمی كوردستان و عێراق لهگهڵ ئیمارات كراوەتەوە؛ بهتایبهتیش له بوارهكانی ئابووری و وهبهرهێنان و گهشهپێدانی مرۆیی، كه خزمهت به كهرتی گهشهپێدان و بنیاتنان دهكات. هەروەها تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی سەرۆکوەزیران لەگەڵ بەپرسانی باڵای ئیمارات، گفتوگۆکردن بووە دەربارەی پرۆسهی سیاسی له عێراق و پێشڤهچوونهكانی ناوچهكه و ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست و گرنگیی ههوڵ و ههماههنگیی زیاتر بۆ دابینكردنی پشتیوانیی ئاشتهوایی له ناوچهكه و داهاتوویەکی باشتر لهسهر بنهمای پێكهوهژیانی ئاشتییانه.
هاوکات لە ڕۆژی ٢-٢-٢٠٢٢ پاش پهیوهندییهكی تهلهفۆنی له نێوان لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و شێخ محەمەد بن زاید ئال نههیان، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی، نێردهی ویلایهته یهكگرتووهكانی ئهمریكا بۆ وڵاتانی كهنداو ڕای گهیاند، واشنتۆن بڕیاری داوە فڕۆکەی شەڕکەر و دژە مووشەک بۆ ئەبوزەبی بنێرێت، تاوهكوو له ڕووبهڕووبوونهوهی حوسییهكانی یهمهن بهكاری بهێنێت، كه بهم دوایییانه هێرشهكانیان بۆ سهر وڵاتهكه زیاتر كردووه.
لە کاردانەوەیەکدا موقتهدا سهدر، ڕێبهری ڕهوتی سهدر لە ڕێکەوتی ٣-٢-٢٠٢٢ له تویتێكیدا له ههژماری تایبهتی خۆی له تویتهر ڕای گەیاند: "دوای ئهوهی له ماوهی ڕابردوودا بههۆی چهند گرووپێكی چهكداری تیرۆریستییهوه عێراق بهرهو گێژاوی توندوتیژی براوه. ئهو توندوتیژییانهیش دژ به بهرژهوهندیی میللهت و لایهنه سیاسییهكانه. ئهو گرووپه تیرۆریستییانهی كه له یاسا لایان داوه، دهیانهوێت وڵاتهكهمان بهرهو كهناراوی جهنگێكی ههرێمی ئاڕاسته بكهن؛ به پاساوی جهنگی یهمهن یاخود ههر پاساوێكی دیكهوه." هەروەها لە درێژەدا موقتەدا سەدر ڕای گەیاند: "به ههموو شێوهیهك دژ بهو بهئامانجگرتنانهی وڵاتانی كهنداو و ئاڕاسهتهكردنی عێراقم بۆ ناو گێژاوی ململانێیهكی هاوشێوه و، به ههموو شێوهیهك ڕهتی دهكهمهوه. دهنگم دهخهمه پاڵ دهنگی ئهو كهسانهی دهیانهوێت جهنگ ڕابگیرێت و پاڵپشتیی خۆیشم بۆ ئهو كهسانه دووپات دهكهمهوه، كه نایانهوێت چیتر كار لهگهڵ بهرژهوهندیی ئیسڕائیلدا بكهن."
هەروەها سەدر گوتی: "چارهسهركردنی ئهم دۆخهی ئێستا به هیچ شێوهیهك به بهكارهێنانی توندوتیژی و زمانی كوشتار نابێت، بهڵكوو دهبێت به گفتوگۆی دیپلۆماسییانه و به ههماههنگی لهگهڵ وڵاتانی نێودهوڵهتی، چارهسهری ئهم پێشهاتانهی ئێستا بكرێن؛ بهبێ ئهوهی وڵاتهكهمان و پیرۆزییهكان و میللهتهكهمان ڕووبهڕووی مهترسی بكرێنهوه، چونكه عێراق پێویستی به ئاشتی و سهقامگیری ههیه و پێویستی به ئاڕاستهكردنی دهرهكی نییه." یەکێک لە گرنگترین خاڵهکانیش کە موقتەدا سەدر ئاماژەی پێ دا ئەوە بوو کە: "پێویسته ئهو بۆچوونهیش بهههند وهربگیرێت كه عێراق نهبێته وڵاتێك، كه هێرش بكاته سهر وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی نێودهوڵهتی و، لهسهر حكوومهتیش ئهركه كه به شێوهیهكی خێرا و به توندترین شێوه سزای ئهنجامدهرانی ئهو كردهوه قێزهونانه بدات و له بهرامبهریاندا بێدهنگی نهنوێنێت؛ چونكه ههر بێدهنگییهك لهو بارهیهوه ڕووبهڕووی مهترسییهكی گهورهمان دهكاتهوه."
بۆ وەبیرهێنانەوە، زۆر گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە پێشووتر ئەبوعەلی عەسکەری، بەرپرسی سەربازیی باڵای یەکینەکانی حزبوڵڵای عێراق، کە بەشێکە لە حەشدی شەعبی، لە ڕێکەوتی ١١-١-٢٠٢٢دا له کەناڵی خۆی لە تێلێگرام ڕای گەیاند: "دەنگمان نەما هێندە داوامان کرد مافەکان بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان؛ بەردەوامیش هۆشداریمان دا لە مەترسیی دەستگرتنە سەر مافی زۆرینە و شوێنکەوتنی ویستی دەرەکی، بەتایبەت ویستی بریتانیا و ئیمارات." بەرپرسە سەربازییەکەی حزبوڵڵای عێراق هەروەها ڕای گەیاند: "بەپێی ئاماژەکان لە گۆڕەپان و هەڵسەنگاندنی ئەمنی، ڕۆژانی سەخت چاوەڕوانی عێراق دەکەن؛ لەو ڕۆژانەدا هەمووان زیانمەند دەبن."
لە لایەکی تریشەوە، عەدنان فەیحان، سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقون، لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر ڕای گەیاند: "هەڵبژاردنێکی پێشوەخت و پاک نەبوو. ڕوونە کە ئەنجامەکەی گۆڕدراوە؛ یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، پشێوی و سەپاندنی ویست و ڕێکاری نایاساییی بەخۆیەوە بینی، بۆیە تانە لە ئەنجامەکانی ئەو دانیشتنە درا." سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقون ئاماژەی بەوەیش دا: "عێراق بەرەو کوێ دەچێت؟ عێراق بە خێرایییەکی زۆر بەرەو ڕۆژانی سەخت و تۆنێلی تاریک دەچێت. ئەوەی لێی دەترساین و هەوڵمان دەدا دووچاری نەبین، زۆری نەماوە دووچاری بین."
شرۆڤە و کۆبەند
هەموو ئەم ڕووداوە خێرا و وەرچەرخانانە پێمان دەڵێن کە، هێزە میلیشیایی و پرۆکسییەکانی ئێران یارییەکی هەستیار و مەترسیداریان دەست پێ کردووە کە پەیامەکەی ئەوەیە: ئەگەر لە ناوچەیەک هێرشمان بکرێتە سەر، لە ناوچەیەکی تر تۆڵە دەکەینەوە و لەمەیش مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئەگەر لە ڕووی سیاسییشەوە هەوڵی پەراوێزخستنمان بدرێت، لە ڕووی سەربازی و ئاسایشییەوە تۆڵە دەکەینەوە.
هەروەها ئەم ڕووداو و پێشهاتانە، دربڕی ئەوەیە کە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، تایبەت نییە بە عێراقییەکان بەڵکوو هەموو ناوچەکە کۆمەڵەیەکی ئاسایشییە کە لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانی لایەنگری ئێران و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ئێران کۆنترۆڵ کراوە. جگە لەمانەیش، ئیمارات ناتوانێت دەستوەردان لە عێراق و سووریا بکات یاخود لەگەڵ میسر و سعوودیا و تورکیا هەوڵ بدەن کۆماری ئیسلامی و شیعەکان پەراوێز بخەن و زۆردەرێکی ئاسایشیی نوێ لە پاش دەرچوونی ئەمریکا و لە ڕێگەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئیسڕائیل پێناسە بکەن و بەشدار بن لە داڕشتنیدا، بەبێ ڕەچاوکردنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ئێران.
هەر بۆیە ئێران ڕووداوەکانی عێراق و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسڕائیل و وڵاتانی کەنداو و عەرەبی، بە پیلان و سەرەتای گۆشەگیرکردن و گەمارۆدانی ئێران دەزانێت و تەنانەت ئەم سیاسەتە ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکایش بێکاریگەر دەکات کە ئێران هیوای لەسەر هەڵچینیوە کە لەم ڕێگەیەوە کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی چارەسەر بکات. بۆیە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق و بارگرژییەکانی نێوان هێزە شیعەکان سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەت، بۆ ئێران وێنای پیلانێکی هەرێمایەتییە کە لەلایەن ئیسڕائیل و وڵاتانی کەنداو و سوننەوە ئاراستە دەکرێت بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە باڵادەستیی ئێران لە ناوچەکەدا.
ئەم وەرچەرخانە وا دەکات کە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق و دابەشکردنی پۆستەکانی، زیاتر لە پێشوو ئاڵۆز و هەستیارتر بن: بۆ نموونە لەمەودوا ئەگەر هێزە شیعی و میلیشیایییەکان لە عێراق گوشاریان لێ بکرێت یاخود هەوڵی هەڵوەشانەوەیان بدرێت، ئەوە دەتوانن ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە بشێوێنن و، ئاسایشیان پەیوەست دەکرێت بە ئاسایش و سەقامگیری و تەنانەت پرۆسەی سیاسیی عێراق. لێرەوە پێدەچێت ئێران لە ڕێگەی هێزە پرۆکسییەکانییەوە یارییەکی نوێی سیاسی-ئاسایشیی هێنابێتە ئاراوە بۆ ئەوەی کە کورد و سوننە نەبنە هاوپەیمانی دژبەری ئێران و شیعەکانی لایەنگری ئێران و تەنانەت هاوبەندییەک پێک نەهێنن کە ماڵی شیعەکان دابەش بکات و، لە ئەنجامیشدا ڕۆڵ و نفووزی ئێران لاواز بکرێت. بۆیە پاشەکشەی لایەنگرانی ئێران بە شکستی ئێران لە عێراق و لەمەیش گرنگتر بە پاشەکشە و شکستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت و، لەبەرامبەردا ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبی دەتوانن عێراق و ناوچەکە بە زیانی ئێران کۆنترۆڵ بکەن.
ئەم هێرشە زەنگێکی مەترسیداریش بوو بۆ ئەمریکا، بەو پێیەی کە بنکەی سەربازیی ئەمریکا (قاعدة الظفرة الجوية)[1] لە ٣٢ کیلۆمەتریی باشووری ئەبوزەبی هەڵکەوتووە. تەنانەت ئیسڕائیل ترسی ئەوەی هەیە کە ئێران بەناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی حوسییەکانەوە بەندەری ئیلات (Eilat) و بنکەی ئەتۆمیی دیمۆنا[2] لەناو خاکی ئیسڕائیل بکاتە ئامانج، لە وهڵامی هێرشی پێشبینکیراو و شیمانەکراوی ئیسڕائیل بۆ سەر دامەزراوە و بنکە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێراندا.
بۆیە ئەمە پەیامێکیش بوو بۆ ئەمریکا و ئیسڕائیل کە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر دامەزراوه ئەتۆمییهكانی ئێران، ئەوە هەم ئاسایشی وڵاتانی کەنداو و هاوپەیمانیی ئەمریکا دەکرێتە ئامانج کە لێکەوتەی گەورەی ئابووری و ئاسایشیی هەیە و هەمیش جگە لە ئەمریکییەکان ئەوە ناوخاکی ئیسڕائیل نەک تەنیا لەلایەن حزبوڵلای لوبنان و حەماس، بەڵکوو لەلایەن حوسییەکانیش دەکرێتە ئامانج. ئەم یارییە نوێیە پەیامێکی بۆ ئیمارات تێدایە کە ئەگەر لە ڕێگەی ئەمریکا و ئیسڕائیلەوە بیەوێت بەشدار بێت لە هەر هێرشێک یان دەستوەردان لە عێراق بکات و پاڵپشتی لە سوننە و کورد بکات، ئەوە بەتەواوی ئاسایش و بەم پێیەیش ئابووریی ئهو وڵاته دەکەوێتە مەترسییەوە. بۆیە بەستنەوەی ئاسایشی ئێران بە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەکە هەرە مەترسیدار و ئامانجە ستراتیژییەکەی ئێرانە بۆ مانەوە و دانپێدانان بە نفووز و پاراستنی ڕژێمە سیاسییەکەی.
لەم سۆنگەیەوەیە کە موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر هەست بە مەترسی دەکات و داوا دەکات عێراق لە بارگرژییەکانی وڵاتانی ناوچەکە تێوە نەگلێت، چونکە بەدروستی دەزانێت ئەم یارییە دەتوانێت سەرکەوتنەکەی بکاتە شکست و هەموو پلانەکانی شکست پێ بهێنێت و جارێکی تر بکەوێتەوە پەراوێزی ڕووداوەکانەوە.
"لیواکانی وەعدی هەق - ڕۆڵەکانی جەزیرەی عەرەبی" کە خۆی بە هێزێکی عێراقی ناساندووە، ئەکتەر و سەرەتای دەستپێکردنی یارییەکەیە کە وا دەکات پەیامەکەی ئەم یارییە نوێیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕوون و ئاشکرا بگاتە ئەکتەرە هەرێمایەتییەکان. لەوانەیشە پێچەوانەکەیشی ڕوو بدات و میلیشیا و هێزێکی تر لە وڵاتێکی تر لەسەر پرسێکی هاوشێوە به ناوی جۆراوجۆرەوە سەر هەڵبدات کە خۆی بەرپرسیار بزانێت و هاوکێشە سیاسی و ئاسایشییەکان بەرەو ئاراستەیەکی تر ببات؛ تەنانەت ئەگەر ئەو هێزە تەنیا ناوێکیش بێت و لە سەر زەوی بوونی نەبێت!
[1] - Al Dhafra Region (Arabic: مِنْطَقَة ٱلظَّفْرَة, romanized: Minṭaqah aẓ-Ẓafrah), known until 2017 as "Al Gharbia" or the "Western Region" (Arabic: ٱلْمِنْطَقَة ٱلْغَرْبِيَّة, romanized: Al-Minṭaqah al-Gharbiyyah), is one of three Municipal Regions in the Emirate of Abu Dhabi. Forming the western part of the United Arab Emirates, it is by far the largest region by area, occupying 71 % of the emirate's total area, yet the smallest by population and population density, and thus a rather remote region of the Emirate of Abu Dhabi, similar to the Eastern Region. The capital of Al Dhafra Region is Madinat Zayed[4] (Bida Zayed). The new official name was already the historical name of the westernmost region of former Trucial Oman, which was Dhafrah. It is significant for its natural resources, particularly gas and petroleum. Its reserves of hydrocarbons account for 90% of the Emirate's reserves, which in turn account for 90% of the country's reserves, and are important for the local economy.
[2] - Dimona (Hebrew: דִּימוֹנָה) is an Israeli city in the Negev desert, 30 kilometres (19 mi) to the south-east of Beersheba and 35 kilometres (22 mi) west of the Dead Sea above the Arava valley in the Southern District of Israel. In 2019 its population was 34,500. The Shimon Peres Negev Nuclear Research Center, colloquially known as the Dimona Reactor, is located 13 kilometres (8.1 mi) southeast of the city.