مووشەکی سیاسی و سیاسەتی مووشەکی: پاڵنەر و ئامانجە سیاسییەکانی هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان

د. پەرویز ڕەحیم قادر- دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستا لە بەشی سیستەمە سیاسییەکان و سیاسەتی گشتی لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان-زانکۆی سەڵاحەددین

 

بەرەبەیانیی ڕۆژی 13ی ئاداری 2022، دوازدە مووشەکی بالستیکی بە ناوەکانی "فاتح- 110" و "ڕەعد- 500"، لە بنکەکانی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە نزیک شارەکانی "تەورێز" و "کرماشان"ەوە چەند شوێنێکیان لە شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق کردە ئامانج. ئەوە سێیەم جارە کە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بەرپرسیارێتیی ئەو جۆرە هێرشانە لە عێراق دەگرێتە ئەستۆ؛ جاری یەکەم لە ڕێکەوتی 8-9-2018 بارەگاکانی حزبى دیموكراتى كوردستان (حدك) و حزبی دیموكراتى كوردستانی ئێران (حدکا) لە قەزای کۆیە، کەوتە بەر پەلاماری مووشەکیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. جاری دووەم، هێرشی مووشەکی لە ٨-١-٢٠٢٠ بۆ سەر "عەین ئەسەد"ی بنکەی سەربازیی ئەمریکییەکان لە پارێزگای ئەنبار لە تۆڵەی کوشتنی "قاسم سولەیمانی"، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و "ئەبومەهدی موهەندیس"، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە ٣-١-٢٠٢٠ لەلایەن ئەمریکییەکان و، جاری سێیەمیش ئەم هێرشە مووشەکییەی ڕێکەوتی ١٣-٣-٢٠٢٢ بوو.

لێرەدا جگە لە نزیکیی جوگرافیی ئەم دوو بنکە مووشەکییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمی کوردستان، چ شوێنی هێرشەکە و چ ئامانجەکانی، هەڵگری چەند پەیامێکی ناوخۆیی و دەرەکی بوون کە لێرەدا دەیانخەینە ڕوو. هەرچەندە سوپای پاسداران ڕای گەیاند، لەم هێرشەدا "ناوەندی ستراتیژیی پیلانگێڕی و ئاژاوەنانەوەی زایۆنییەکان" کراوەتە ئامانج، بەڵام بەو هێرشەی کە لە 13-03-2022 کرایە سەر هەولێر، لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئەوە نۆیەمین جارە پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان هێرشی دەکرێتە سەر؛ لە کاتێکدا سوپای پاسداران لە ساڵانی ڕابردوودا هیچ کاتێک نەیتوانیوە وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە کە دەکرێنە سەر بنکەکانی لە سووریا و عێراق؛ ئەو هێرشانەی کە تێیاندا دەیان ئەفسەری سوپای قودس و هێزە بریکارەکانی کوژراون. یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانیشی ئەو ئەزموونەیە کە فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە ڕێکەوتی 10ی مانگی مای ساڵی 2018دا بەهۆی ئۆپەراسیۆنێکی تۆڵەکردنەوەوە بەدەستیان هێنا (هه‌رچه‌نده‌ گران له‌سه‌ریان كه‌وت)؛ ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ مووشەکبارانکردنی گوندەکانی ئیسڕائیل بوو لە بەرزایییەکانی گۆڵان (جۆڵان) و لە وەڵامی کوژرانی لانی کەم حەوت ئەندامی سوپای قودس و هێزە ئاسمانییەکانی سوپای پاسداران لە بنکەی ئاسمانیی T4 (تیاس) لە پارێزگای حومسی سووریا، کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنێکی هێزی ئاسمانیی ئیسڕائیلەوە لە ڕۆژی دووشەممە 9ی ئه‌پریلی 2018دا کوژرابوون. وەڵامی هێزی بەرگریی ئیسڕائیل بۆ هێرشی تۆڵەسەندنەوەی سوپای پاسداران، بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنێک بوو بە ناوی "ماڵی لە پووش" (ماڵی لە مقەبا) لە ڕۆژی  10ی مانگی "مای"دا؛ ئەو ئۆپەراسیۆنە بە 28 فڕۆکەی شەڕکەری خێرای "ئێف15 ئای ڕام" و  "ئێف16 ئای سوفا" جێبەجێ کرا کە تێیدا چەندان بنکەی سەربازی و کۆگای چەکوچۆڵ و پۆستی چاودێریی سوپای قودس و هێزە بریکارەکانی لە سووریا کرانە ئامانج و، دەیان کەس لە ئەندامانی سوپای قودس و هێزە بریکارەکانی کوژران. ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ سوپای پاسداران، بوو بە ئەزموون کە ئیدی وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر بنکەکانی خۆی نەداتەوە، یان لانی کەم وەکوو ئەو هێرشەی کردییە سەر هەولێر، پەنا بۆ تۆڵەسەندنەوەی شانۆیی ببات.[1] بۆیە پرسیارە گرنگ و هەستیارەکە ئەوەیە کە، بۆچی له‌ کاتی ئێستادا و بۆچی هەولێر دەکرێتە ئامانج؟

 

ئامانج، پاڵنەر و پەیامەکان

١- ڕۆژی 14ی مانگی دوو، بنکەیەکی سوپای پاسداران لە نزیک کرماشان کرانە ئامانج، بەڵام ڕاگەیاندنەکانی ئێران لە سەرەتادا گوتیان كه‌ هەورەتریشقەیە و پاشان وەکوو ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە باسیان کرد. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە، پاش هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر، بەرپرسانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران ڕایان گەیاند کە، ئەو هێرشە لە تۆڵەی هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر بنکەیەکی درۆنی ئێران ئەنجام دراوە[2] وەکوو ئاماژەیەک بۆ ئەو تەقینەوانەی نزیک کرماشان و، هەر ئەمەیش ڕاستیی ڕووداوەکەی ئاشکرا کرد؛ تەنانەت تەلەڤزیۆنی فەرمیی کۆماری ئیسلامی، ئەم هێرشەی ڕابردووی ئیسڕائیلی پشتڕاست کردەوە.[3] هەروەها هەفتەیەک پێش ئەم هێرشە، سوپای پاسداران کوژرانی دوو ئەفسەری پلەداری لە سووریا ڕاگەیاند، کە لەلایەن ئیسڕائیلییەکانەوە کوژرابوون و سوپای پاسداران هەڕەشەی کردبوو تۆڵەیان دەکاتەوە؛ ئەمە لە پاڵ سەدان جار هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر هێزەکانی سوپا لە سووریا و تەقینەوە و کوشتنی بەرپرسانی باڵای سوپا لە ناوخۆی ئێران و، هەروەها هێرشی جۆراوجۆر و تێکدەرانە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان وای کردووە کە، لە ڕوانگەی خەڵکی ئێرانه‌وه‌ وەکوو سووکایەتییەک بۆ دامەزراوە سەربازی و هەواڵگرییه‌كانی ئێران لێک بدرێتەوە کە ئێران توانای وه‌ڵامدانەوەی نییە.[4] بۆیە ئەم هێرشەی سەر هەولێر، لە لایەک بۆ ڕازیکردنی توندڕەوەکان و ڕای گشتیی ئێران بوو و لە لایەکی تریشەوە پەیامێک بوو بۆ ئیسڕائیل کە سوپا لە ڕێگەی مووشەکەوە دەتوانێت هێرشی مووشەکی بکاتە سەر بنکەکانی ئه‌و وڵاته‌.[5] هەرچەندە بەپارێزەوە ئەمەی ئەنجام دا کە ڕاستەوخۆ هێرشەکە نەکرێتە سەر ئەمریکا و ئیسڕائیل، چونکە ئێران ئەوە دەزانێت کە کوژرانی ئەمریکی و ئیسڕائیلییەکان و هێرشی ڕاستەوخۆ، کاردانەوەی سەربازی و توندی ئەمریکا و ئیسڕائیل بەدوای خۆیدا دێنێت[6]، بۆیە بەهۆی ئامادەکارییەکانی پێشووتری کۆماری ئیسلامی لە ناساندنی هەرێمی کوردستان بە ئیسڕائیلی دووەم، وای کرد کە لە میدیاکانی ئێرانەوە ئەم هێرشە وەکوو هێرش بۆ سەر ئیسڕائیل وێنا بکرێت[7]؛ لە کاتێکدا ئێران لە سووریا زۆر نزیکترە لە سنوور و بنکەکانی ئیسڕائیل!، بەڵام هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی هیچ بەرگرییەکی ئاسمانی و وێناکردنی وەکوو هاوپەیمانی ئیسڕائیل، باشتر ئامانجەکانی ئێران دەپێکێت.[8]

٢- ئەم هێرشە پەیامێکی ئاشکرای تێدایە بۆ بەحرێن و ئیمارات کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل ئاسایی کردۆتەوە و وڵاتانی دیکەی کەنداو کە پەیوەندیی نافەرمییان هەیە. لەم چوارچێوەیەدا ئێران هەوڵ دەدات ئەو وڵاتانەی کە لە ڕووی جوگرافی و ڕووبەرەوە نزیک لە ئێران و لاوازن، ئاگادار بن کە ئەگەر هەر بارگرژییەک لە نێوان ئیسڕائیل و ئێران ڕوو بدات یاخود ئەو وڵاتانە وەکوو بنکەیەک بۆ کاری هەواڵگریی ئیسڕائیل بەکار بهێنرێن، ئەوە بەسانایی هێرشیان دەکرێتە سەر.[9] جگە لەمانەیش، ئەمە هۆشدارییەکە بۆ وڵاتانی تر کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل ئاسایی نەکەنەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی مەترسی نەبنەوە. تەنانەت ئەم مووشەکە، پەیامێکیش بوو بۆ تورکیا و ئازەربایجان لە بەرامبەر لێکەوتە و گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکانی پاش جەنگی ئازەربایجان و ئەرمینیا لە سنوورەکانی ئێران و، هەر بۆیەیش بەشێک لە مووشەکەکان لە تەورێزەوە ئاراستەی هەولێر کرابوون. بەم پێیەیش پەیامی مووشەکە سیاسییەکە تەنیا بۆ هەولێر نەبوو و، هەرێمی کوردستان تاکە ئامانج نەبوو.

٣- بەهۆی دانوستانەکانی ژیاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و ئەمریکا، ئیسڕائیل نیگەرانی و دڵەڕاوکێی ئاسایشیی هەیە کە ئەم ڕێککەوتنە وەکوو ساڵی ٢٠١٥ دەستی ئێران و سوپای پاسداران و بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکەی ئاوەڵاتر بکات لە ناوچەکە و، بەتایبەتی ئیدارەی "بایدن" ڕازی بێت بە دەرهێانی سوپای پاسداری ئێران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە دەرەکییەکانی ئەمریکا.[10] بۆیە ئێران لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت پەیامی ئەوە بنێرێت بۆ ئیسڕائیلییەکان کە گوشار نەخەنە سەر ئەمریکا و بەربەست بۆ ڕێککەوتنەکە دروست نەکەن و ئیسڕائیل نەتوانێت تەگەرە بۆ دەرهێنانی سوپا لە لیستی تیرۆر دروست بکات[11] و، هەروەها لەم ڕێگەیەوە (هێرشی مووشەکی) بە ئەمریکا بڵێت کە، ئەگەر ڕازی نەبێت سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت، ئەوە سوپای پاسداران دەتوانێت خودی بنکەکانی ئیسڕائیل و ئەمریکایش بکاتە ئامانج.[12] جگە لەمانەیش، بەپێی زانیارییەکان ئیداره‌ی جۆ بایدن ڕازی بووە کە ئەم مەرجەی ئێران جێبەجی بکات، بە مەرجێک کە دانوستان لەسەر ڕۆڵی سوپا و دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە بکرێت و ئاستی بارگرژییەکان کەم بکرێتەوە.[13] بۆیە ئەم هێرشە ناردنی ئەو پەیامەیە کە ئەگەر ئیسڕائیل بیەوێت لە پاش ڕێککەوتنەکەیش هێرش بکاتە سەر دامەزراوە مووشەکی، ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران، ئەوە سوپای پاسداران وه‌ڵامی دەداتەوە.[14]

٤- بەشێکی گرنگ لە پەیامی ئەم هێرشە بۆ خودی ئەمریکییەکان بوو کە، لە نێوه‌ندی دانوستانەکانی ڤیەننا بەهۆی داواکاریی ڕووسیا لە هەمبەر هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە سەبارەت بە جەنگی ئۆکراینا لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران، وه‌ڵامی ئەو داواکارییەیان نەدایەوە و دانوستانەکان گەیشتە بنبەست و تەنانەت ئەگەری شکستی دانوستانەکان هاتە ئاراوە.[15]  پاشان ئەمریکا بەوە ڕازی بوو کە سزاکانی ئەمریکا لەسەر ڕووسیا ئەو بوارانە ناگرێتەوە کە پەیوەستن بە دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران و هاوکارییەکانی ڕووسیا لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی ٥+١. بۆیە ئەم هێرشە بۆ ئەوە بوو کە دانوستانەکان لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی بارگرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا لە بنبەست ڕزگار بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا بۆ لاوازکردنی ڕووسیا و کەمکردنەوەی کاریگەریی سزاکانی سەر ڕووسیا و گوشار بۆ ئەو وڵاتە، دەیەوێت هەم نەوت و گازی ئێران بەبێ کێشە لە ڕێگەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران بخرێتە بازاڕه‌وە و بەم سیاسەتە ڕێگە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وگاز بگرێت کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ڕەوایەتیی ئیدارەی ئەمریکا و دۆخی ئابووریی جیهان هەیە.[16]

٥- ئێران دەیزانی و بەباشی و دروستی خوێندنەوەی بۆ ئەوە کردبوو کە ئەگەر ئەم هێرشە لەم کاتەدا  ئەنجام بدات، کە هاوکات جەنگی ئۆکراینا و دانوستانەکانی ئەتۆمی لە ئارادایە، ئەمریکا جگە لە ئیدانەکردن هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نابێت.[17] بۆیە لەم ڕێگەیەوە ئێران هەم هۆشداریی دایە ئەمریکا کە دەتوانێت بیانکاتە ئامانج، چونکە لە نزیک کونسۆڵگەریی نوێی ئەمریکا هێرشەکە ئەنجام درا و، هەمیش توانای مووشەکیی ئێران بۆ ئەمریکا و ئیسڕائیل بخاتە ڕوو.[18] بۆیەیش ئەمریکا بۆ ئەوەی کە ڕای گشتیی لەرزۆکی ناوخۆیی و بەتایبەتی کۆمارییەکان لە دژی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و ئەمریکا نەوەستێتەوە و هەڵوێستی توندیان نەبێت، ڕای گەیاند کە ئەم هێرشە بۆ سەر ئەوان نەبووە![19]

٦- یەکێک لە مەبەستەکانی ئێران لەم هێرشە مووشەکییە، دروستکردنی گوشار بوو بۆ سەر "پارتی دیموکراتی کوردستان" کە لە سەدرییەکان دوور بکەوێتەوە بۆ ئەوەی باڵانسی سیاسی لە عێراق، کە لە زیانی هێزەکانی لایەنگری ئێران لە پاش هەڵبژاردنەکانی ١٠-١٠-٢٠٢١ دروست بووە، تێک نەچێت. لە لایەکی تریشەوە ئەمە گوشار بوو بۆ سەر "ڕەوتی سەدر" کە خۆیان بە دژی ئیسڕائیل دەناسێنن لە جیهانی ئیسلامی و شەقامی عەرەبی-شیعی لە عێراق. بەم واتایە کە لەم ڕێگەیەوە سەدر لە "پارتی" دوور بکەنەوە؛ چونکە وایان خستە ڕوو کە پارتی دیموکراتی کوردستان مۆڵەت و ڕێگەی بە ئیسڕائیلییەکان داوە کە لە هەولێر و ناوچەی نفووزی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، بنکەی سەربازی-هەواڵگری و ڕاهێنانی هەبێت و چالاکیی بۆ ناوخۆی ئێران هەبێت؛ بۆیە ئەمەیش ئەگەر بە ڕواڵەتیش بێت، بۆ موقتەدا سەدر کە ئێستا خۆی بە ڕێبەری سیاسی-کاریزما و سەرکرده‌یەکی ئایینی و تەنانەت لە داهاتوودا بە مەرجەعی شیعەکان دەزانێت کە بەرگری لە پیرۆزییەکان و سەروەریی عێراق و پاڵپشتی لە فەڵەستینییەکان دەکات، هێڵی سوورە. بۆیە ئێران بەم میکانیزمە دەیویست سەدر بخاتە ژێر گوشاری شیعەکان کە واز لە ڕێککەوتن یاخود هاوپەیمانێتییەکه‌ی لەگەڵ پارتی بهێنێت.[20] جێگەی ئاماژەیە کە هەر بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان بە لێکدانەوە و خوێندنەوەی ئەم ئامانجە، یارییەکی تا ڕاددەیەک زیرەکانەی کرد و داوای کرد کە لیژنە پێک بهێنرێت بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و ڕەتکردنەوەی پاساو و بیانوو و بانگەشەی ئێرانییەکان بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر.[21] بۆیە لە ڕاستیدا ئامانجێکی ئەم هێرشە کاریگەری لەسەر داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و پێکهێنانی حکومەت بوو بە مەبەستی بەرزکردنەوەی پێگەی لایەنگرانی ئێران و، هەروەها ناردنی ئەو پەیامە بوو کە ئێران دەتوانێت هەر هێزێک لە دژی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت، بکاتە ئامانج.

٧- ئامانجێکی دیکەی ئەم هێرشە بۆ ناردنی ئەو پەیامە بوو کە، ئەگەر ئەمریکییەکان لە عێراق پابەندی پاشەکشەیان نەبن یاخود بیانەوێت ئامادەییی سەربازییان هەبێت، ئەوە ئێران دەتوانێت بیانکاتە ئامانج. بەم واتایە کە ئەمە گوشارێکی ناڕاستەوخۆش بوو بۆ ئەمریکا کە هێرشەکە لە نزیک باڵه‌خانەی نوێی کونسۆڵگەرییەکەیان ئەنجام درا و لەم ڕێگەیەوە ئەو پەیامەیان نارد کە هەوڵی جێگیرکردنی سەربازی  و هەواڵگریی خۆی نەدات و ئەگەر بیەوێت لە پاش دانوستانەکانیش لە عێراق بێت، ئەوە نابێت لە دژی ئێران چالاکیی هەبێت، چونکە ئەو کاتە دەکرێت ئامانج. هەروەها ئەمە جۆرێکیش لە نیشاندانی هێزی ئێران بوو بۆ ئەمریکییەکان لە عێراق، کە کۆنترۆڵی سەربازیی عێراق لەدەست ئێرانییەکاندایە و عێراق بە ناوچەی نفووز و "حەوشەی پشتەوە"ی خۆیان دەزانن و ڕێگە بە هیچ هێزێک نادەن کە لە عێراقەوە چالاکییان لە دژ ئەنجام بدات و تەنانەت بە مافێکی یاساییی خۆی دەزانێت![22]

٨- بەگوێرەی ئاماری فەرمیی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان خاوەنی 200 تریلیۆن پێ سێجا، یان بە واتایەكی تر، پێنج تریلیۆن و 700 ملیار مەتر سێجا یەدەگی گازی سروشتییە؛ ئەمەیش 3%ی یەدەگی گازی جیهان پێك دەهێنێت.[23] بۆیە ڕەهەندێکی تری ئەم هێرشە مووشەکییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە، هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی داوە پەرە بەم بەرهەمە بدات و لە بەرنامەیدایە هەناردەی بازاڕەكانی جیهانی بكات و، لەو ڕووەیشەوە كۆمەڵێك گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆیی و دەرەكییەكاندا كردووە.[24] ئەمە لە کاتێکدایە کە پاش جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا و بۆ گوشارخستنە سەر ڕووسیا و ئابڵووقەدانی "پووتین" و ڕێگریکردن لە فراوانخوازییەکانی، جیهان پێویستیی بە جێگرەوەی وزەی ڕووسیا هەیە.[25]

 بۆیە ئەمە ئێرانی، کە دەیەوێت لەم کارتە سوود وەربگرێت و شوێنی خۆی لە پاش هەڵگرتنی گەمارۆکان بدۆزێتەوە، بەتەواوی نیگەران کردووە، چونکە هەم نفووزی سیاسیی لە عێراق کەم دەبێتەوە و تەنانەت سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتی لەدەست دەدات و هەمیش بەهۆی ناکۆکیی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئەمریکا، جۆری سیستەمە سیاسییەکەی جێگەی متمانە نییە و ئەمە پێگە جیۆسیاسی و جیۆئێکۆنۆمییەکەی لاواز دەکات.[26] هەر ئەمەیش وای کرد کە ئێران بەوردی ئامانجەکەی بپێکێت و جگە لەوەی کە شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان لە نزیک کونسۆڵگەریی نوێی ئەمریکا بوون، ماڵی کەسێکی ناسراوی وەکوو "شێخ باز ڕەئووف کەریم"، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتیی كارگرووپ (KAR Group)، هەناردەکاری نەوتی هەرێمی کوردستان و بەم پێیەیش هێمای پیشەسازیی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج و، لەم ڕێگەیەوە ئەو پەیامە بە هەرێمی کوردستان دەدات کە ناتوانێت ئەم ستراتیژییەی خۆی بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی ئێران و پاراستن و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران جێبەجێ بکات.

 

کۆبەند

مووشەکەکانی سوپای پاسداران هەڵگری پەیامی سیاسی و تەنانەت ئابووری بوون و لە چوارچێوەی ستراتیژیی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕوانگەی ئەو وڵاتەدایە لە بەرامبەر عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی. بەم پێیەیش ئەو مووشەکانە سیاسی بوون، زیاتر لەوەی هەڵگری ئامانجی سەربازی و ڕەهەندی ئاسایشیان هەبێت و، لە هەمان کاتیشدا لە چوارچێوەی سیاسەتی مووشەکیی ئێراندایە کە وەکوو دۆکترینی بەرگریی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامی لە هاوکێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا کەڵکی لێ وەردەگرێت. هەر بۆیەیش کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیە دانوستان لەسەر پرسی ئەتۆمی بکات، بەڵام ئامادە نییە هیچ گفتوگۆیەک سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکیی خۆی ئەنجام بدات.

ئەو مووشەکە سیاسییانەی ئێران، جگە لەوەی کە گوشارە بۆ سەر ئەمریکا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و هەڵگرتنی سزا کوشندەکانی سەری، لە هەمان کاتیشدا ئامادەکارییە بۆ قۆناغی پاش ڕێککەوتنی ئەتۆمی. بەم واتایە لەوانەیە لە داهاتوودا سوپای پاسداران نەتوانێت وەکوو ڕابردوو بەئاشکرا بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ بگرێت و زیاتر وەکوو سیاسەتی ڕابردووی لە کاتی مەترسی و، هەروەها تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لە زیانی ئێران، لەلایەن هێزە پرۆکسییەکانییه‌وه‌ ئەم جۆرە هێرشانە ئەنجام بدات. وێناکردنی هەرێمی کوردستان وەکوو ئیسڕائیلی دووەم، کۆڵەکەی گوتاری کۆماری ئیسلامییە بۆ مامەڵەکردنی سیاسی و سەربازی و ئاسایشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان؛ چ لە چوارچێوەی پێکهێنانی حکوومەت بێت یاخود ڕاپرسی بۆ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، یان پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گاز و هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ بازاڕە جیهانییەکان. هەر بۆیە لۆژیکی ئەم هێرشە بۆ ئێران و پاساوەکانی بۆ لایەنگرانی ئێران، لەم چوارچێوەیەدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.

 لەم قۆناغەدا گرنگترین هەنگاو بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە، تێچووی ئەم هێرشە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسییەوە بۆ ئێران بەرز بکرێتەوە، چونکە سەرەڕای بانگەشە و پروپاگەندەکان، هیچ کاتێک ستراتیژیست و بڕیاروەرگرانی سەرەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەرێمی کوردستان وەکوو هاوپەیمانێکی سروشتی و جێگەی متمانە و سروشتیی خۆیان نابینن. تەنانەت بەکارهێنانی کۆڵەکەی گوتاری "ئیسڕائیلی دووەم"، بۆ وەرگرتنی ڕەوایەتیی ئەم هێرشەیە لە ئاستی ناوخۆییی عێراق بەگشتی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی کە کۆمەڵگەیەکی زۆرینە موسڵمانە و لە کاتێکدایە کە بەڕەوا یاخود ناڕەوا و بەهۆکاری جۆراوجۆری سیاسی و ئابووری، ناڕەزایەتی و لێکترازانێکی دروستکراو لە نێوان خەڵک و حزبە سیاسییەکاندا دەبینرێت.

 

[1] - ئاخۆ سوپای پاسداران لە هەولێر مووشەکی لە بنکەی مووساد دا؟

http://penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-13-55/item/1936-2022-03-19-12-02-34

[2] - Iran’s Attack Was Response to Secret Israeli Attack on Drone Site.

https://www.nytimes.com/2022/03/16/world/middleeast/iran-israel-attack-drone-site.html

[3] - تایید حمله اسرائیل به کرمانشاه در صداوسیما.

https://baztab.ir/تایید-حمله-اسرائیل-به-کرمانشاه-در-صداو/

[4] - غافلگیری تکان دهنده در راه اسرائیل.

https://baztab.ir/غافلگیری-تکان-دهنده-در-راه-اسرائیل/

[5] - حمله موشکی سپاه اقدامی قانونی براساس اصل دفاع مشروع بود.

https://iqna.ir/fa/news/4043347/حمله-موشکی-سپاه-اقدامی-قانونی-براساس-اصل-دفاع-مشروع-بود

[6] - عطوان:سپاه با هدف قرار دادن مرکز موساد معادلات درگیری را تغییر داد.

https://www.afkarnews.com/بخش-سیاسی-3/1111789-سپاه-با-هدف-قرار-دادن-مرکز-موساد-معادلات-درگیری-را-تغییر-داد

[7] - اولین پیام مقاومت عراق به زبان کُردی.

https://www.mashreghnews.ir/news/1352854/فیلم-اولین-پیام-مقاومت-عراق-به-زبان-کردی

[8] - پیدا و پنهان رابطه کردهای عراق با تل آویو؛ گزارش الجزیره.

https://fa.shafaqna.com/news/1338019/پیدا-و-پنهان-رابطه-کردهای-عراق-با-تل-آو/

[9] - پیام حمله موشکی اربیل به امارات و بحرین.

https://kayhan.ir/fa/news/238768/اخبار-ویژه

[10] - بنت: ایران خواستار خارج شدن نام سپاه پاسداران از لیست گروه‌های تروریستی است.

https://www.aa.com.tr/fa/خاورمیانه/بنت-ایران-خواستار-خارج-شدن-نام-سپاه-پاسداران-از-لیست-گروه-های-تروریستی-است/2508226

[11] - فشار اسرائیل بر بایدن درباره حذف سپاه از لیست تروریسم آمریکا.

https://ecoiran.com/بخش-سیاسی-107/12558-فشار-اسرائیل-بر-بایدن-درباره-حذف-سپاه-از-لیست-تروریسم-آمریکا

[12] - محافل ارشد امنیتی اسرائیل: ایران ثابت کرد توانایی پاسخ‌دادن به تل‌آویو با هر ابزاری را دارد.

https://seraj24.ir/news-details/216367/ایران-ثابت-کرد-توانایی-پاسخ%E2%80%8Cدادن-به-تل%E2%80%8Cآویو-با-هر-ابزاری-را-دارد/

[13] - اکسیوس از قول منابع امریکایی ادعا کرد: دولت بایدن در حال بررسی حذف نام سپاه از لیست سازمان های تروریستی در ازای تعهد منطقه ای ایران.

https://www.entekhab.ir/fa/news/667421/دولت-بایدن-در-حال-بررسی-حذف-نام-سپاه-از-لیست-سازمان-های-تروریستی-در-ازای-تعهد-منطقه-ای-ایران

[14] - ارسال پیام بازدارندگی از اربیل به تل‌آویو.

http://www.pana.ir/news/1264786

[15] - مذاکرات وین؛ آیا روسیه می‌تواند توافق هسته‌ای ایران را به باد بدهد؟

https://www.bbc.com/persian/iran-60684090

[16] - The Real Impact of Iran’s Ballistic Missile Strike on Iraq. March 14, 2022. https://nationalinterest.org/feature/real-impact-iran’s-ballistic-missile-strike-iraq-201193

[17] - راز انتقام موشکی ایران از موساد؛ چشم در برابر چشم.

https://ecoiran.com/بخش-سیاسی-107/12527-راز-انتقام-موشکی-ایران-از-موساد-چشم-در-برابر-چشم

[18] - حمله موشکی به اربیل با هدف بازدارندگی و توقف نفوذ اسرائیل در اقلیم کردستان انجام شد.

http://irdiplomacy.ir/fa/news/2010504/حمله-موشکی-به-اربیل-با-هدف-بازدارندگی-و-توقف-نفوذ-اسرائیل-در-اقلیم-کردستان-انجام-شد

[19] - نگرانی اسرائیل نسبت به واکنش آمریکا: احتمالات جدید درباره حمله غافلگیر کننده سپاه به اسرائیل؛ دمشق یا کرمانشاه.

https://ecoiran.com/بخش-سیاسی-107/12407-احتمالات-جدید-درباره-حمله-غافلگیر-کننده-سپاه-به-اسرائیل-دمشق-یا-کرمانشاه

[20] - هشدار پنهان حمله موشکی ایران به مقر اسرائیل از نگاه اکونومیست.

https://www.tazenews.com/news/202228/هشدار-پنهان-حمله-موشکی-ایران-به-اربیل/

[21] - کردستان عراق به‌جای فرار رو به جلو، جاسوسان موساد را اخراج کند/ هشدار ایران درباره حمله به ۳ نقطه جاسوسی دیگر در اربیل.

https://www.ana.press/news/648842/کردستان-عراق-به-جای-فرار-رو-به-جلو-جاسوسان-موساد-را-اخراج-کند

[22] - چرا از پله دوم حرکت می‌کنید؟

https://www.farsnews.ir/news/14001223001096/چرا-از-پله-دوم-حرکت-می%E2%80%8Cکنید

[23] . هەرێمی كوردستان وەك ناوچەیەكی دەوڵەمەند بە نەوت و گاز، لەسەر نەخشەی وزەی جیهاندا جێگه‌یەكی گرنگی هەیە. سەبارەت بە گازی سروشتی، بەپێی خەمڵاندنەكان هەرێم خاوەنی ٦ تا ۸ تریلیۆن مەتری سێجا یەدەگی گازە. ئەم ڕێژەیە ئەگەر  ٦ ملیارەكەیشیان یەدەگی دڵنیایی بێت (واتا یەدەگی ڕاستەقینە بێت و بتوانرێت لە کاتی ئێستادا دەربهێنرێت)، ئەوا خاوەنی زیاتر لە ٣%ی یەدەگی جیهانە. دەزگه‌ی پشكنینی جیۆلۆژیی ئەمریكا (USGS) بۆی دەركەوتووە كە سەرچاوە نەسەلمێنراوەكانی گازی سروشتی تەنیا لە ناوچەی زاگرۆس كە دەكەوێتە ھەرێمی كوردستان، بڕەكەی دەگاتە (54) تریلیۆن پێ سێجا؛ ئەوەیش پاڵپشت بەوەی سەرجەمی گێڵگە سەلمێنراوەكان لەو ناوچەیە، كەمترە لە  (10) تریلیۆن پێ  سێجا گازی سروشتی بە بەراورد بە كێڵگە نەسەلمێنراوەكان كە (30) تریلیۆن پێ سێجایە؛ ئەوەیش جگە لە بوونی یەدەگێكی زۆر زیاتر لە كێڵگەكانی  (بنەباوی، خورمەڵە، چەمچەماڵ، میران، تۆپخانە، شاكەل و عەرەبەت). 

[24] - رووسیا خاوەنی 44 تریلیۆن مەتر سێجایە و بە یەكەم وڵاتی دەوڵەمەند بە گازی سروشتی هەژمار دەكرێت. لە دوای ئەو وڵاتەیش ئێران بە 26 تریلیۆن مەتر سێجا، قەتەر بە 25 تریلیۆن مەتر سێجا، سعوودیا بە حەوت تریلیۆن مەتر سێجا دێت؛ ئیمارات خاوەنی شەش تریلیۆن و ئەمریكایش سەرووی پێنج تریلیۆن مەتر سێجا گازی سروشتییە. هه‌روه‌ها نێجیریا بە پێنج تریلیۆن و 210 ملیار مەتر سێجا لە پلەی حەوتەمدایە كە كەمترە لە هی هەرێمی كوردستان و وەك پێشتر ئاماژەی پێ كرا، خاوەنی پێنج تریلیۆن و 700 ملیار مەتر سێجایە و بەو پێیەیش هەرێمی كوردستان لە ریزبەندیی وڵاتانی دنیا بۆ سەرچاوەی یەدەگی گاز لە پلەی حەوتەمدایە.

[25] - بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا.

https://www.kurdipedia.org/files/books/2016/93760.PDF?ver=130983879399778394

[26] - عێراق لە وەرزی هاویندا 70 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی لە ئێران هاوردە دەکات کە لە وەرزی زستاندا دەگاتە 45 ملیۆن مەتر سێجا؛ تێچووەکەی لە ساڵی 2019دا بڕی 2.419 ملیار دۆلار بووە. هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق بە دوو بۆڕی دەگوازرێتەوە: یەکێکیان لە نەوتخانەوە بۆ بەغدا و ئەوی تریان لە ئابادانەوە بۆ بەسرە درێژ دەبێتەوە. دوو بۆڕییەکە بە نرخی ٨٠٨ ملیۆن دۆلار دروست کراون. عێراق لە ساڵی 2018دا هەزار و 485 ملیۆن پێ سێجا غازی هاوردە کردووە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2022، پێویستیی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بۆ نزیکەی 2 هەزار و 920 ملیۆن پێ سێجا زیاد بکات. لە ئێستادا کارکردن لە کۆمەڵگەی گازی سروشتیی بەسرە و بن عومەر و ناسریە و حەلفائیە و مەنسووریە و مەجنوون بەردەوامە، کە چاوەڕوان دەکرێت تا ساڵی 2022 لە ئەگەری نەبوونی کێشەی دارایی، کۆتایی بە کارەکانیان بێت؛ بەڵام عێراق لانی کەم بۆ ماوەی سێ ساڵی داهاتوو، بەردەوام دەبێت لە هاوردەکردنی گازی سروشتی لە ئێران بەهۆی زۆریی پێویستی بە سووتەمەنیی گازی سروشتی و نەبوونی جێگرەوەی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی بەکارهێنانی گازی سروشتی جگە لە ئێران. هەروەها ئێران 1٪ی بازاڕی دەرمانسازی و کەرەستەی پزیشکی و 11٪ی کانزا و 18٪ی بەرهەمە خۆراکییەکان و 55٪ی کەرەستەی بیناسازی و 48٪ی بەرهەمە پاڵاوتنییەکان و 28٪ی بەرهەمی پێترۆکیمیاییی لە بازاڕەکانی عێراقی لەژێردەستدایە. زۆربەی ئەو کاڵا ئێرانییانەی هەناردەی عێراق کراون، لە سەدا 21ی سەرجەمی هەناردەی نانەوتیی ئێران بۆ عێراق پێک دێنن و، بە شێوەیەکی گشتی هەناردەکردن بۆ عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن کاری بۆ ئێرانییەکان دروست کردووە.

 

Latest from پەرویز ڕەحیم

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples