د. سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران
پێوەرەکانى کەوتنەوەى گۆڕانکارى
نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکانى ئێران لە مێژووى کوژرانی "ژینا ئەمینی"یەوە دەستیان پێ کرد؛ ئەوە بوو ڕۆژى 16/9/2022 ژینا ئەمینى لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتى ئێرانەوە کرایە قوربانی؛ بڵێسەى ناڕەزایەتییەکان لە سەقزەوە بەرەو تەواوى شارەکانى ترى ئێران کشا. بابەتەکە لە سەرپۆشێکدا بچووک نەکرێتەوە باشە، تا نەکرێتە جەنگى ئایدیۆلۆژیاکان و بنەڕەتى بابەتەکە لەبیر خەڵک ببرێتەوە. گەرچی بابەتى سەرپۆشەکە پەیوەستە بە مافی مرۆڤەوە، بەڵام لە لایەکی تریشەوە گەلانی ئێران بە دواى دەرچەیەکدا دەگەڕێن کە قوتاریان بێ لەو سیستهمە سیاسییەى کە نزیکەى 43 ساڵە بە ئاگر و ئاسن و بەمەزهەبکردن دەیانچەوسێنێتەوە. هەر بۆیە ئێستا شرۆڤەکاران واى بۆ دەچن کە باس لە گۆڕان یان ڕووخان نەماوە، بەڵکوو ئهمه زیاتر لهسهر كات وهستاوه. لەلایەن دەسەڵاتدارانى ئێرانیشەوە بەوپەڕى توانایانەوە بەرەوڕووی دەبنەوە. دامەزراوەى دادوەرى، ئایینییەکان، پۆلیس و... داواى ڕووبەڕووبوونهوهى سەخت و بێبەزەیییانە دەرهەق بە ناڕەزایەتییەکان دەکەن و، هەرچی پۆلیسی ئافرەتیشە هێناویانەتە سەر شەقام، چونکە زۆربەى ئەوانەى کە لەسەر شەقام ناڕەزایەتى دەردەبڕن ئافرەتن.
دەسەڵات لە زۆربەى شارەکان تۆڕی ئینترنێتى بڕیوە. بەپێی ڕۆژنامەى "ستارە صبح": لە هەر کاتژمێرێکدا زیاتر لە 45 ملیار خەسارەت بە ئابووریى ئەو وڵاتە دەکەوێ؛ وڵاتانى ڕۆژاواش پێچەوانەى ڕەفتارەکانى پێشوویان دژ بە ئێران گرتۆتە بەر، کە لە هەوڵی هەرچی زیاتر گۆشەگیریکرنیدا بوون، بەڵام لە بابەتى ئینترنێت نایانەوێ بکرێتە هۆکار بۆ داپۆشینی ڕەفتارە توندوتیژەکانى ئێران بهرامبهر بە خۆپیشاندەران. هەر بۆیە کارئاسانیى تەواو بۆ خۆپیشاندەران دەکەن، تا ڕووداوەکان پەردەپۆش نەکرێن و خۆپیشاندەرانیش گۆشەگیر نەبن.
ئێران لە بارودۆخێکی تەماوى و داڕووخاودایە و، نازانێ چۆن ڕەفتار لەگەڵ خۆپیشاندەران بکات، چونکە ناڕەزایەتییەکان "مەدەنی"ن و تا ئێستا هیچ دیاردەیەکی چەکداری نەبووە؛ سەرتاسەرییشە، هەرچەندە لە هەوڵی بەکوردیکردنى خۆپیشاندانەکاندا بوو تا پارێزگاکانى ترى ئێران بەشدارى نەکەن. دەوڵەتانى ئەوروپی و ئەمریکایش تا هەنووکە بە جیددی نەهاتوونەتە سەر هێڵ بە مەبەستى پشتیوانیکردنیان، هەرچەندە بەزارەکى پشتیوانیی خۆیان بۆ ناڕەزایەتییەکانى گەلانی ئێران دەربڕیوە.
بەشداربووان زۆربەیان ئافرەتن و، زۆربەیان لە توێژى گەنجن کە 65% لە کۆى گشتیى دانیشتووانى ئێران پێک دێنن و لە بێکاریدا دەناڵێنن. نهخۆشكهوتنی ڕێبەرى وڵات، "عهلی خامنهیی"ش تا بڵێی لە کاتێکی هەستیاردایە. تا ئێستا دەسەڵات نەیتوانیوە دەرچەیەک بۆ قەیرانەکە بدۆزێتەوە یان وەری چەرخێنێ بۆ شوێنێکی تر تا خەڵکى بە لایەکی تردا ئاڕاستە بکات؛ هەر لە سەرەتاى ناڕەزایەتییەکانەوە بارەگاکانى حزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستانی بۆردوومان کرد و دژوارییەکی لەگەڵ هەرێم نایەوە و گوشارى کرد تا حزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەربکرێن.
لەو نێوەندەدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا ئەو پێوەرانە چین کە دەکرێ بڵێین ئەو ناڕەزایەتییانە گۆڕانکارییان لێ دەکەوێتەوە؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەکرێ بڵێین: جارێ خۆپیشاندانەکانى ئێران هەرچەندە بەردەوامن و تاقهتیان له دەسەڵات بڕیوه و تەواو ماندوو و شەکەتیان كردووه، بەڵام تا هەنووکە نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەى بڵێین کە گۆڕانکارییەکە دەکەوێتەوە یان ڕوو دەدا، چونکە:
- تا ئێستا لە هەندێ شارى هەستیار، خۆپیشاندانى کاریگەر و مانگرتوو نەکراوە، تایبەت لەو پارێزگایانەى کە ڕوخسارى ئابوورى و ئایینییان هەیە، وەک: تەورێز، ئەسفەهان، قوم و هتد.
- تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی ناوازە لەناو بازنەى دەسەڵات ڕووی نەداوە.
- دامەزراوە ئابوورى و کاریگەرەکانى وڵات تا هەنووکە نەچوونەتە بوارى مانگرتنەوە، تا وڵات دووچارى ئیفلیجبوون بکەن.
- ڕوونەدانى ترازان و ناکۆکی لە نێوان دامەزراوەى ئایینى و سوپا.
- ڕووبەڕووبوونەوەى چەکدارى ڕووی نەداوە. گومان لەوەدا نییە کە لە سەرەتادا ڕووبەڕووبوونەوەکە نادادپەروەرانە دەبێ، بەوەى هێزى سوپاى ئێران لەگەڵ کەمتواناییی ئۆپۆزیسیۆن بەراورد ناکرێ؛ بەڵام ئەوە تەنیا سەرەتایەک دەبێ، دواتر پشتیوانى پەیدا دەبێ و وڵات بەرەو دووبەرەیی دەڕوات.
- مردنى ڕێبەر کاریگەریى ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر خۆپیشاندانەکان و بونیادی دەسەڵات.
- تا ئێستا توێژە کاریگەرەکانى وڵات بهجددییهتهوه نەهاتوونەتە ناو خۆپیشاندانەکە و، تەنیا گەنجان و ئافرەتانن کە لە دەرەوەى دەسەڵاتن؛ گەرچی کاریگەریى ئەمان و بەردەوامییان بە مەوداى زەمەنى، توێژە کاریگەرەکان پەلکێشی ناو بازنەى خۆپیشاندان دەکات.
- هەڵوێستى نێودەوڵەتى تا هەنووکە ڕاشکاوانە نییە و، تەنیا لە بازنەى گازەندە و لێپێچینەوە لە تاوانەکە لێدوان دەدەن؛ هیچ لایەک ڕای نەگەیاندووە کە مەبەستى ڕووخاندنى ڕژێمی ئێرانە. لە لایەکی تریشەوە کۆمەڵگهى نێودەوڵەتى بە ڕووخاندنى ڕژێمەکان هەستیارە، چونکە ئەلتەرناتیڤى گونجاو نییە. زۆربەى گۆڕانکارییەکانى سەر ئاستى ڕژێمەکان خاڵى نەرێنییان زۆرتر بووە لە ئەرێنییەکان؛ هەر بۆیە تا ئێستا بابەتەکە زیاتر مافى مرۆڤە و هیچی تر.
- ئایا وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەوروپا، خۆپیشاندانەکان وەک خاڵی گوشار بەرامبەر بە ئێران ناقۆزنەوە، بە مەبەستى ناچارکردنى بۆ نزیکنەبوونەوە لە ڕووسیا و دانانى سنوورێک بۆ دەستێوەردانە هەرێمییەکانى و گەڕانەوەى بۆ ڕێکكەوتننامە ئەتۆمییە نوێیەکە؟
کاریگەرییەکانى لەسەر عێراق
وڵاتى عێراق زۆرترین تەماسی فرەلایەنەى لەگەڵ ئێران هەیە، هەر بۆیە هەمیشە دووچارى زۆرترین گوشار و کاریگەرى دەبێت سەبارەت بە هەر گۆڕانکارییەک کە لە ئێران بکەوێتەوە. خۆپیشاندانەکان بۆ عێراق شتێکی نوێ نین، چونکە لە ساڵی 2019وە لهو وڵاته خۆپیشاندان لە دژى ئێران بەردەوامە، هوتافی سەرەکییش ئهمهیه: "ئێران بۆ دەرەوە، دەرەوە". کەواتە ئێستا دەسەڵاتى سیاسیی ئێران دووچارى پەتاى خۆپیشاندانى دژ بە کۆمارەکەى لە سەرتاسەرى دونیا بووەتهوه، بهتایبەت لە عێراق، چونکە دەرچوونى عێراق لە مەوداى نفووزی ئێرانی، جووڵەى ئەو وڵاتە سنووردار دەکا و بەرەو خنکانى دەبا و تەنیا ڕووەو دەریا بۆ گەیشتنە شوێنەکانى نفووزی لەبەردەمدا دەمێنێتەوە چونکە: دەوڵەتانى دراوسێی ئێران وەک پاکستان، ئەفغانستان، تورکیا، ئازەربایجان و دەوڵەتانى کەنداو هەموویان لە بازنەى نفووز و هاوپەیمانیى ئەمریکادان؛ تەنیا عێراق ماوەتەوە کە دەتوانێ لێوەى بگاتە سووریا و لوبنان و دەریاى ناوەڕاست و لەوێیشەوە بەرەو ئەوروپا. بەڵام پێ دەچێ لێکەوتەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئهمانه بن:
- بۆ عێراقییەکان تەواوکەرى خۆپیشاندانەکانى خۆیانن؛ هەر لە ساڵی 2019 کە یەکێک لە گوتار و داوا سەرەکییەکانیان چوونەدەرەوەى ئێران بوو لە عێراق و دوورخستنەوەى میلیشیاکانى لەم وڵاتە.
- خۆپیشاندانەکان دەبنە مایەى کەمبوونەوەى هەژموونى ئێران، بەڵام دواى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران جارێکی تر ئێران بەسەر بژاردەکانى پێكهێنانهوهی دەسەڵات بۆ عێراق سەر کەوت و نەیارانی لە دەسەڵات دوور خستەوە؛ بەڵام ئایا لایەنگرانى ئێران بە هەمان گوتارى جاران حوکم دەکەنەوە یان پێداچوونەوەیەک دەکەن؟
- گەرچی دواى پێکهێنانى حکوومەت جارێکی تر لایەنگرانى ئێران کۆ بوونەوە، بەڵام لە هەر تووشبوونێکی لاوازى یان پەشۆکان لە سیاسەتى ئێرانى، ئەمانیش دووچارى پەرتەوازەیی دەبن.
- بەرەى دژ بە ئێران بوێرییەکى زیاتر پەیدا دەکات بۆ گۆڕانکارى لە عێراق، چونکە لەمپەرى سەرەکی بۆ ئەو ئێران بوو کە نەیدەتوانى حکوومەت پێک بهێنێ.
- لاوازبوونى ئێران بەسەر عێراقەوە، بەهێزبوونى ڕەوتى سەدر و سوننە و کوردى لێ دەکەوێتەوە.
- بە لاوازبوونى پێگەى ئێران لە عێراق، هێزەکانى سەر بە ئێران دووچارى لەقاڵبدان دەبن و زیاتر چەک دەکەوێتە دەستى دەوڵەت؛ ئەو هێزانەیش وەک هەڕەشە بۆ دەسەڵات نامێننەوە.
- پتەوبوونى پێگەى تورکیا و وڵاتانى کەنداو و وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکا لە عێراق؛ هەرچەندە تێکچوونى پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران پارسەنگییەکەى بە ئاشوب لە عێراق دەکەوێتەوە، چونکە هەوڵدان بۆ گەیشتنە ڕێکكەوتننامەیهکی ئەتۆمیی نوێ لەگەڵ ئێران، جۆرێک لە سەقامگیریی هێنابووە ئاراوە، بەڵام وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لەو بارەیەوە ڕای گەیاند کە گەیشتن بە ڕێکكەوتن لەگەڵ ئێران بۆ کاتێکی نادیار دوا خراوە و بابەتى هەنووکە نییە.
- گردبوونەوەى هێزە عێراقییەکان لە گوتارێکی نیشتمانى زیاتر لە جاران؛ ئەودەمیش عێراق سەرلەنوێ ڕۆڵی هەرێمیی لە ناوچەكهدا بۆ دەگەڕێتەوە.
بەڵام ئایا ئێران ناڕەزایەتییەکانى ناوخۆى بەرەو عێراق لە ڕێگەى جووڵەیەکی زەمینیى دژ بە حزبە کوردییەکان بەرەو هەرێم وەدەر نانێ؟ بەڵام جۆرێک لەو بژاردەیە، دەبێ بە ڕەزامەندیى حکوومەتى عێراقی بێت، دەنا لە چەند کیلۆمەترێکی کەم بەدەر نابێ، بەپێچەوانەوە بەپێی یاساى نێودەوڵەتى بە دەستدرێژى ئەژمار دەکرێ و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لەم ساتە هەستیارەدا ڕووبەڕووى دەبێتەوە. لەوەیش زیاتر ئەمریکا بەپێی ڕێکكەوتننامەى ستراتیژى لەگەڵ عێراق، کە یەکێک لە بەندەکانى پاراستنى عێراقە لە دەستدرێژییەکانى دراوسێکانى، دەتوانێ هەڵوێستى توندى هەبێت.
کاریگەرییەکانى لەسەر هەرێمی کوردستان
چەندان جار ئێرانییەکان بەئاشکرا ئەو پەیامەیان بە بەرپرسانی هەرێم گەیاندووە کە ئەوان دەکەونە چوارچێوەى ئاسایشی نیشتمانیى ئەوانەوە؛ هەر دەرچوونێک لەو پێودانگانە جێی قبووڵکردن نییە و بەرپەرچی دەبێت ئەگەرچی بە بەکارهێنانى هێزیش بێت. هەر بۆیە ئێران بە چەندان بیانوو، چەندان جار، چەندان شوێنى لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە و حکوومەتى عێراقیش هیچ کاردانەوەیەکی نەبووه. ئەو خۆی بە هێزێکی سەرەکیی هەرێمی دەزانێ و زۆر بەئاسانییش دەتوانێ لە ناوچەکە تەڕاتێن بکات؛ هەر لە ئێرانەوە بە عێراق و سووریا و لوبنان، تا دەگاتە دەریاى ناوەڕاست، لە خوارەوەیش بەرەو یەمەن. دەکرێ لێکەوتەکانیش لەسەر هەرێم بەم شێوەیە بن:
- به نەمانى ڕژێمی ئێران یان لاوازبوونى، هەرێمى کوردستان زۆرتر لە نفووزى ئێرانی قوتارى دەبێت و ئەو لایەنەیش کە پاشکۆى سیاسەتى ئێران و لایەنگرانى ئێرانە لە عێراق لاواز دەبێت؛ بەڵام ئێرانیش بۆ لاوازکردنى خۆپیشاندانەکانى شارە کوردییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، زیاتر گوشار بۆ هەرێم دێنێ.
- حزبە سیاسییەکانى هەرێم بەهۆى لاوازبوونى نفووزى ئێرانی، زیاتر لە گوتارى نیشتمانى و نەتەوەیی کۆ دەبنەوە و ئەو دووبەرەکى و "دوو-زۆنی"یەى کە هەیە بەرتەسکتر دەبێتەوە.
- لە ساتى بەرەوپێشچوونى ناڕەزایەتییەکانى ئێران و خلۆربوونەوەى ئەو ڕژێمە بەرەو نەمان، زیاتر بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر هەرێم، کە دەبێت زیاتر بەدەم کوردانى ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بچێت.
- لە کاتى ڕوودانى ئاشوب و جهنگى ناوخۆ لە ئێران، ئەرکێکی زیاتر دەکەوێتە سەر هەرێم، چونکە حاڵەتى کۆمەکى و ئاوارەبوون ئەرکەکەى دەکەوێتە سەر هەرێم. ئەزموونەکانى پێشووى عێراق و سووریا ئەوەیان سەلماند کە گوشارەکە زیاتر بۆ سەر هەرێمە، هەر بۆیە بە هەردوو ژمارەى ئاوارەى عێراق و سووریا 21%ی دانیشتووانى هەرێمیان پێک دەهێنا، کە ئەو ڕێژەیەیش تەواوى ستانداردە جیهانییەکانى تێ پەڕاندبوو.
- لە حاڵەتى تێکچوونى بارودۆخى ئێران، دوور نییە هەرێم بە بیانووى جیاجیا بەر زەبرى مووشەکەکانى سوپاى پاسداران بکەوێتەوە و کاریگەرى بكاته سهر ئاسایشی هەرێم.
- لاوازبوونى پێگەى ئێران لە عێراق، لایەنى شیعە لە کورد و سوننە نزیکتر دەکاتەوە، چونکە لایەنى کوردی ڕێکخراو و بەهێز دەمێنێتەوە. ئەمەیش دەرفەتێک بۆ کورد دەڕەخسێنێ بۆ بەدیهێنانى مافەکانى لە عێراق، بهتایبەت شایستە دەستوورییەکانى.
- کاریگەریى ڕاستەوخۆى دەبێت لەسەر جووڵەى بازرگانیى هەرێم لەگەڵ ئێران. لە 75%ی بازرگانیى ئێران لەگەڵ عێراق، لە هەرێمەوەیە، لە دوازدە دەروازەکەى نێوانیان حەوتیان لە هەرێمن، لەو حەوتەیش تەنیا یەک دانەیان لە سنوورى پارتى دیموکراتى کوردستاندایە؛ لەوەیش زیاتر تەنانەت لە 43%ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیى نێوان ئەو دوو وڵاتە، لە ڕێگەى "مەرزى پەروێزخان"ەوەیە. بەمەیش جارێکی دی پارێزگاى سلێمانى دووچارى گرفتى نەختینەى پارە دەبێت لە بانکەکانیدا.
- دروستبوونى هاوسەنگیى هێز لە هەرێم بەپێی لۆژیکی پرۆسەى دیموکراسی و نەمانى واقعی "فیفتی بە فیفتی"؛ بە مانایەکی تر کاریگەریى ڕاستەوخۆى لەسەر پێگەى سیاسی و حزبی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان دەبێت.
داهاتووى لایەنگرانى ئێران لە عێراق
ئەوانەى کە بە نەرێنى کاریگەر دەبن بە خۆپیشاندانەکانى ئێران، بەرەى لایەنگرانى ئێرانن، کە دوو گوشاریان دەکەوێتە سەر: لە لایەک پشتیوانیى ئێرانیان کەم دەبێتەوە یان نامێنێ، لە لایەک گوشارى خۆپیشاندانەکانى دژ بە ئێرانیان لەسەر زیاد دەبێ و، لە لایەکی تریشەوە بوێریى زیاتریش دژیان پەیدا دەکەن. هەر بۆیە دەکرێ ئاماژە بە چەند ڕەهەندێک لەو بارەیەوە بدەین:
- ئێستا تەواوى سەرەداوەکانى دەسەڵاتى یاسادانان و ڕاپەڕاندن و دادوەرییان لەدەستدایە و، دەتوانن ئاڕاستەى هەموو هاوکێشەکانى حوکم و دامەزراوەکانى بکەن، تەنیا جووڵەى شەقام نەبێت. بۆیە مەبەستیانە هەرچی زووترە حکوومەت پێک بهێنن؛ لەو پێناوەیشدا ئامادەن سازشیش بکەن بۆ لایەنى کورد و سوننە و خودی "سەدر"یش. ئەمەیش بۆ ئەوەیە لە کاتى ڕوودانى هاوکێشەى نوێ لەسەر ئاستى هەرێمی و ئێران، ئەمان لە پێگەى هێزدا بن نەک بەپێچەوانەوە.
- پاراستن و دەستگرتن بەو هێز و توانایەى کە بەدەستیانەوەیە. ئەمەیش بە دروستکردنى حکوومەتێکی تەوافوقی دەبێ، کە خۆیان تێیدا پشکی شێریان دەبێت و ئاڕاستەى هاوکێشەکانیش دەکەن لەسەر هەرسێ ئاستى: سیاسی، حەشدی شەعبی، سوپا.
- هەوڵدان بۆ هێشتنەوەى چوارچێوەى هەماهەنگی وەک گردبوونەوەیەکی پێویستى شیعی، کە تەعبیر لە یەکبوون و مانەوەیان دەکات وەک لایەنگرى ئێران و ڕکابەرى سەدر؛ زیاتر لەوەیش، خۆیان وەک فریادڕەسێکى شیعە نیشان دەدەن، بەوەى کە ئەوان بوون نەیانهێشت ماڵی شیعە تووشی پهرتهوازهیی ببێت.
- نزیکبوونەوە و ڕێکكەوتن لەگەڵ لایەنەکانى تر: سوننە، کورد، سەدر؛ ئەمەیش وەک تەکتیکی مانەوە و پاراستنى خود لە مەترسییەکان.
- پتەوکردنى ڕۆڵی حکوومەت و جەختکردنەوە لەسەر گەشەپێدان و خزمەتگوزارى. بەمەیش ئاڕاستەى جەماوەر بەرەو ئەوان نامێنێت و جەماوەر زیاتر جەخت لەسەر کارەکانى حکوومەت دەکات؛ بارى داراییی حکوومەتیش بۆ ئەو بابەتە یارمەتیدەرە. هەر بەو سیاسەتەیش ئەو گوتارەى کە سەدر بانگەشەى بۆ دەکات، ئەمان جێبەجێی دەکەن.
- هەوڵدان بۆ تێکدانى ئەو تەنسیقەى کە لە نێوان کورد و سوننە هەیە، تا لەو نێوەندەدا خۆیان بەبەهێزی بمێننەوە.
- لێسەندنەوەى بەمەرجەعبوونى سیاسیی کورد لە عێراق؛ بەوەى کە کورد، نابێ کارتى یەکلاکەرەوە بێت. گەرچی ئەو هەوڵە لە سەرەتاى ڕاگەیاندنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنەوە هەبوو، بەڵام لە ئاکامدا هەر کورد کارتى یەکلاکەرەوە بوو، بهتایبەت پارتى دیموکراتى کوردستان.
- هەوڵدان بۆ گێڕانەوەى متمانە بە لایەنگرانى ئێران. هەر لەو بارەیەوە بارومێترى عەرەبی لە بڵاوکراوەى پێنجەمیدا لە ساڵی 2019 باس لەوە دەکات کە تەنیا 6%ی عێراقییەکان متمانە بە حزبە سیاسییەکان دەکەن، تەنیا لە 12% متمانە بە حزبە ئیسلامییە شیعیبەکان دەکەن.
- پشتگوێخستنى هێمنانەى بژاردەى هەڵبژاردنى پێشوەختە. لەسەر ئاستى دامەزراوەیی، ئەو توانایەیان هەیە، بەڵام لەسەر ئاستى شەقام نیانە. ئایا دەتوانن شەقام بۆ ئەو مەبەستە ڕازی بکەن؟ ئەوان ئێستا حکوومەت لە خۆیانە، لە پەرلەمان زۆرینەن، هیچ هێزێک لەسەر ئاستى دەسەڵاتى یاسادانان و ڕاپەڕاندن و دادوەرى تواناى گوشارى نییە بۆ سەریان، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە هەوڵی زۆر دەدەن زۆرترین داواکارییەکانى سەدر جێبەجێ بکەن، ئەگەرچی بەشداریى پێکهێنانى حکوومەتیش نەکەن. کەواتە هەڵبژاردنى پێشوەختە بژاردەیەکە کەمێک دوور دەکەوێتەوە.
ئایا سەدر لە بەرامبەردا چی دەکا؟ ئایا بەبەهێزى دەمێنێتەوە یان واز دەهێنێ؟
ئایا دەبێتە ئۆپۆزیسیۆنێکی بەزەبر و ئازار بۆ دەسەڵات؟
سەدر بەبەهێزى دەمێنێتەوە ئەگەر هات و:
- هۆکارى سەرەکیی مانەوەى بەبەهێزى، بەشدارینەکردنییەتى لە پێکهێنانى حکوومەتەکەى سوودانی.
- بەردەوامبوون و مانەوەى لەسەر هەمان گوتارى پێشوو؛ دژەگەندەڵى و، ئەوەى تاقی کراوەتەوە، جارێکى دیکە تاقی ناکرێتەوە.
- واز لە خەونى بەڕێبەربوونى مەزهەبی و سیاسی بۆ عێراق نەهێنێ. بۆ ئەو مەبەستەیش زۆر هەوڵی دا؛ گەرچی ئەو زیاتر مەبەستى شیعەیە. هەر بۆیە ئەو خەونێکی گەورەى هەیە و وا بەئاسانی وازی لێ ناهێنێ.
- بوونى بنکەیەکی جەماوەریى فراوان و گوێڕایەڵ لە پارێزگا سەرەکییەکانى عێراق، کە دەتوانێ لە هەر ساتێکدا بێت، بیجووڵێنێ.
- بوونى میلیشیاى چەکدارى تایبەت بە خۆى، کە لە ڕووى ژمارەوه بە گەورەترین میلیشیاکانى شیعەى عێراق ئەژمار دەکرێ.
- بوونى چەندان پۆست لەناو حکوومەت؛ کە زیاتر کارگێڕین و لێیان سوودمەند دەبێت.
- لە ڕووی ئاسایشەوە ڕەوتى سەدر کۆنترۆڵی چەندان پارێزگاى لەبندەستە، وەک: بەغدا، نەجەف، کەربەلا، بەسرە، زیقار، موسەننا و تەنانەت سامەڕاش.
- کۆنترۆڵکردنى دامەزراوە و مەزارگەکانى شیعەى عێراق لە سامەڕا و نەجەف و کەربەلا.
- بوونى پێگەى بەهێزى جەماوەرى لە شارە سەرەکییەکان بەپێی هەڵبژاردنى پەرلەمانى 2021: بەغدا 40.5%، بەسرە 36%، زیقار 42.1%، میسان 70%، واست 4%، کەربەلا 36.3%، نەجەف 41.6%.
بارودۆخی نوێی عێراق چیی لێ بەسەر دێت؟
پێشبینیی ئەوە ناکرێ بارودۆخەکە بەرەو باشتر بچێت. ئێستا هەماهەنگی بوونەتە سوورى بەر لەشکر، ڕاوکەر و تیرهاوێژەکەیش سەدرە؛ بە هەر کوێیەک تیر تاو بدا، دەیگرێ و پێویست بە نیشانگرتن ناکات، چونکە ئەو مەبەستى دەسەڵات نییە، ئەوەندەى مەبەستى دزێوکردنییەتى لە بەردەم جەماوەر؛ چونکە کار بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە دەکا، بەڵام ئەم جارەیان وادەکەى، سەدر دیاری دەکات نەک ئەوانى تر. بۆ ئەو مەبەستە ئاماژە بە چەند دیمەنێک دەکەین بۆ پرۆسەى سیاسیی عێراقى دواى پێکهێنانى حکوومەتەکەى سوودانی:
- لە ماوەى شەش مانگى یەکەمى حکوومەتدا جۆرێک لە سەقامگیری دێتە ئاراوە ئەگەر سەدر بە بەڵێنەکەیەوە پابەند بێ. بۆ ئەو مەبەستەیش سوودانی دەیەوێ سەدر ببینێ و دەرفەتێکی پێ بدا.
- دەستەبژێری عێراقی بهس ڕۆڵیان دەگۆڕن؛ نە خۆیان چاک دەکەن و نە ساڕێژ پێشکەش دەکەن.
- دەستەبژێری عێراقی پابەند نابن بە بەڵێنەکانیانەوە بەرامبەر خەڵک و خۆیان؛ ئەوەندەیش کە قسان دەکەن کاران ناکەن.
- تەواوى هەوڵەکانى گفتوگۆى لایەنەکان، هەر لە ڕێگەى ئیرادەگەریى ململانێی لایەنەکانەوە پووچەڵ دەکرێنەوە. ئەمەیش دەبێتە مایەى خولانەوە لەناو بازنەیەکی بەتاڵ و داڕووخانى بارودۆخی ئاسایشى وڵات.
- لایەنە عێراقییەکان تازە دەستیان تفەنگی گرتووە بەرامبەر یەکدی، بهتایبەت لایەنە شیعیەکان. هەر بۆیە هەر لایەنێک دۆزەکەى نەخواست، ئەگەری بەکارهێنانى توندوتیژى لە ئارادایە.
- چوارچێوەى هەماهەنگی و بەتایبەت مالیکی، خۆیان بە سەرکەوتوو دەزانن. ئەو سەرکەوتنەیش پێویستى بە حیکمەت هەیە، دەنا ئاشوب بەڕێوەیە.
- پێ دەچێ هەڵبژاردنى پێشوەختە بژاردەیەکی ئاسان نەبێ، هەماهەنگییش وا بەئاسانی ناچێتە ژێربارى؛ دیارترینیان ئەوان زۆرینە و خاوەن بڕیارن لەناو حکوومەت و دەسەڵاتى قەزایی.
- ڕووخانى ڕژێمی ئێران لە وادەیەکی نزیکدا نییە، بەڵام بۆ یەکەمین جارە دەسەڵاتدارانى ئێران ئەوەندە لە خۆپیشاندانەکان دەترسن و حیسابی جددیی خۆیان کردووە و تا دوا هەناسەیش بەرگرى دەکەن- بە دروستکردنى جهنگی ناوخۆییشەوە.
کورد دەبێ چی بکا؟
قەیرانێکی سەختە؛ لایەنەکان سەرسەختن، پشتیوانیی دەرەکی لە ئارادایە، ئێران وا بەئاسانی لە گەمەکە ناچێتە دەرەوە، ئەمریکا نەیتوانى پرۆسەکە یەکلایی بکاتەوە لە بەرژەوەندیى ئەوانەى کە نوێنەرایەتیى زۆرینە دەکەن و داواى حکوومەتى زۆرینەیان دەکرد بۆ عێراق تا لەچنگ ئێران دەری بێنن. لە ئاکامدا تەواوى سەرەداوەکانى حوکم سەرلەنوێ لە عێراق کەوتنەوە دەست ئێران. سەرکردایەتیى کوردیش لەو حاڵەدایە کە لاى هەمووان ڕۆشنە، بەڵام بەدەر لەو نمایندەیە، پێویستە کەمێک وردتر بڕوانینە پرۆسەکە، هەر بۆیە دەکرێ بڵێین:
- پێویستە تا ئەم ساتەیش نفووز و کاریگەریى ئێران بەهەند و جددى وەربگیرێ و موڕاعات بکرێ.
- ڕۆژانێکی پڕئاشوب چاوەڕوانى عێراق دەکەن، چونکە لایەنەکان دەستیان بە تفەنگ ڕاهاتووە.
- زۆر متمانە هەڵنەچنین لەسەر پەیمان و ڕێکكەوتنەکانى چوارچێوەى هەماهەنگی؛ بە ئەزموون تا ئێستا پەیمانەکانیان نەبردۆتە سەر و خاوەنى قسەى خۆیان نین، بهتایبەت ئەوەى کە پەیوەندیی بە پارتى دیموکراتەوە هەیە؛ چونکە پاراستنى هاوسەنگی لە نێوان داواکانى ئێران دژ بە هەرێم و داواکانى هەرێم لە بەغدا، گومان لەوەدا ناهێڵێتهوه کە هەماهەنگی، ئێران هەڵدەبژێرێ.
- جارێکی دی یەکڕیزی دەسکەوتى زیاتر بە دواى خۆیدا دێنێ و، ناتەبایی وێرانەى لە دوایە.
- پرۆسەى سیاسی و دیموکراسیی هەرێم لە بەردەم مەحەکدایە، بهتایبەت کاتێ دەکەوێتە دواى پێکهێنانى حکوومەتى فیدراڵی؛ دەستێوەردانەکان زیاتر دەبن، هەڵمەتەکان سەختتر دەبن، تۆڵەسەندنەوە سیاسییەکان زێتر دەبن، کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییش بەبایەخەوە دەڕوانێتە هەڵبژاردنەکانى هەرێم، کۆمەکی هاوپەیمانانیش بەستراوەتەوە بە بەردەوامیى ئەزموونەکە و یەکڕیزی.
- پێویستە کورد بە پاکێجێكەوە بچێتە بەغدا و جەخت لە شایستە دەستوورییەکانى بکاتهوه و دۆسیە هەڵواسراوەکانى یەکلایی بکاتەوە، بهتایبەت نەوت و غاز و ئەوانى تریش.
- هێشتنەوەى بەهێزی تەنسیق لەگەڵ سوننە و ڕایەڵەیەکیش لەگەڵ سەدر.
- هەوڵدان بۆ هێنانەناوەوەى ڕەهەندى نێودەوڵەتى لە ساتی چارەسەرکردنى گرفتەکان لەگەڵ بەغدا، بهتایبەت یۆنامی و ئەمریکا و ئێران.
- هەوڵدان بۆ گێڕانەوەى پرۆسەى سیاسیی عێراق بۆ سەر بنەماى پڕهنسیپی تەوافوق، کە کورد لە نێوهندییهوه پێگەى خۆى تێدا دەبینێتەوە و بە کارتى یەکلاکەرەوەیش دەمێنێتەوە.
- کارکردن لەسەر جێبەجێکردنى یاساى چاکسازى و پتەوکردنى پێگەى حکوومەتى هەرێم و وەزارەتى پێشمەرگە، کە سەنگى مەحەکى مانەوەى بەهێزى ئەم هەرێمەن.