خستنه‌ڕووی پرس
ئه‌و پێشهاته سیاسییه‌ی كه له ماوه‌ی ڕابردوودا سه‌ر‌نجی ناوه‌نده سیاسی و میدیایییه‌كانی به لای خۆیدا ڕ‌اكێشا، بریتی بوو له ده‌ستپێكردنی قۆناغی ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه سیاسی و ئابوورییه‌كانی توركیا و ڕووسیا، له‌پاش خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ی سه‌ربازیی سۆخۆ-24ی ڕووسیا له لایه‌ن سوپای توركیاوه. لێكه‌وته و ده‌رهاوێشته‌كانی ئه‌م ڕووداوه بۆ كورد له ناوچه‌كه له لایه‌ك و، پاڵنه‌ر و هۆكاره‌كان و هه‌روه‌ها په‌یامه‌كانی ئه‌م نزیكبوونه‌وه‌یه له لایه‌كی تر، جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌له‌سه‌ركردن و لێوردبوونه‌وه‌یه.
ئه‌م ڕووداوه، بارگرژی و قه‌یرانی خسته نێو په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو لا. به‌ڵام پاش سه‌پاندنی سزای قورسی دارایی و ئابووری و دابه‌زینی قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان به ڕێژه‌ی 43% و، هه‌روه‌ها بڕین و هه‌ڵپه‌ساردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له لایه‌ن ڕووسیاوه، ده‌گوترێت ئه‌ردۆغان له لایه‌ن سه‌رمایه‌دارانی توركیاوه تووشی گوشارێكی زۆر بووه‌وه، كه به یه‌كێك له گرنگترین پاڵپشتیكار و كۆڵه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له توركیادا ده‌ناسرێنه‌وه. ئه‌مه بێجگه له پاڵپشتینه‌كردنی ئه‌ردۆغان له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوایی له‌م ڕووداوه، كه بووه هۆی گوشار و پاڵه‌په‌ستۆی زیاتر بۆ سه‌ر توركیا و، ئه‌ردۆغان به‌تایبه‌ت.
دوای كۆده‌تاكه‌ی 15ی جولای 2016، ئه‌و لاوازییه، زیاتر له ئاستی نفووزی ناوخۆیی له لایه‌ك و له لایه‌كی تره‌وه پێویستیی توركیا به ڕووسیا له ڕووی ئابووری و سیاسییه‌وه، ده‌ركه‌وت. بۆیه ئه‌ردۆغان، كه پێشووتر هه‌وڵی نزیكبوونه‌وه‌ی دابوو، كه‌وته خۆ و ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ڤلادیمیر پووتین، سه‌رۆكی ڕووسیا، له شاری سان پیتێرزبۆرگ دیداری ئه‌نجام دا. هه‌رچه‌نده به‌پێی سه‌رچاوه نافه‌رمییه‌كان، ده‌گوترێ كه پێشتر "هۆلاسی ئاكار"، سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای توركیا و، "نور سوڵتان نه‌زه‌ر بایه‌ف"، سه‌رۆككۆماری قرقیزستان و هه‌روه‌ها یه‌كێك له بازرگانه به‌ناوبانگه‌كانی توركیا و نزیك له ئه‌ردۆغان كه له ڕووسیا وه‌به‌رهێنان ده‌كات، زه‌مینه‌سازییان بۆ ئه‌م دیداره كردبوو.
ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌دا پرسیار دروست ده‌كات و پێویسته به‌دوای وڵامه‌كه‌یدا بگه‌ڕێین ئه‌وه‌یه كه، بۆ كورد ده‌رهاوێشته‌كانی تا ئێستا چی بووه و پاڵنه‌ر و په‌یامی ئه‌م نزیكبوونه‌وه‌یه بۆ ئه‌كته‌ره ناوچه‌یی و سه‌رووناوچه‌یییه‌كان، چۆن خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت؟
یه‌كه‌م: پاڵنه‌ر و هۆكاره ئابوورییه‌كان
گرنگترین پاڵنه‌ری ده‌ستپێكردن و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت، ئابوورییه. به‌و پێیه‌ی كه له لایه‌ك ئابووریی توركیا، به‌توندی به وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌كییه‌وه گرێ دراوه هه‌یه و، هه‌نارده‌كردنی به‌رهه‌مه ناوخۆیییه‌كان (به‌تایبه‌ت كشتوكاڵی) بۆ ڕووسیا و داهاتی پیشه‌سازیی تۆریزم، كه گه‌شتیاره ڕووسه‌كان به‌شێكی به‌رچاو له‌و داهاته بۆ توركیا دابین ده‌كه‌ن و، له لایه‌كی تره‌وه پرسی وزه و پێویستیی توركیا به هاورده‌كردنی وزه له ڕووسیا بۆ كاروباری ناوخۆیی و پیشه‌سازی و گواستنه‌وه‌ی وزه بۆ ئه‌وروپا، له سه‌ره‌كیترین پاڵنه‌ر ئابوورییه‌كانی توركیا بوون.
به هه‌مان شێوه، دابه‌زینی نرخی نه‌وت، كه سه‌ره‌كیترین سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی داهاتی ڕووسیایه و ڕووسیا به هه‌نارده‌كارێكی گه‌وره‌ی نه‌وت و غاز داده‌ندرێت، گوشاری زۆری بۆ ئابووریی ڕووسیا دروست كرد و ئه‌م سزا و ئابڵۆقانه‌ی كه له لایه‌ن ڕووسیاوه خراوه‌ته سه‌ر توركیا، دۆخی ئابووریی ڕووسیای خراپتر كرد. به‌ڵام ڕووسیا ئامانجی باڵاتری له‌م كاره هه‌بوو.
له لایه‌كی تریشه‌وه، سه‌پاندنی سزا و ئابڵۆقه‌ی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا به‌سه‌ر ڕووسیا، به هۆی كێشه و قه‌یرانی ئۆكراین(Ukraine)ه‌وه، گوشاری خستووه‌ته سه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌ته و به‌های ڕوبڵ، دابه‌زینی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینیوه. بۆیه ده‌توانین بڵێین كه فاكته‌ری ئابووری، ڕۆڵێكی شوێندانه‌ر و به‌رچاوی له‌م ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان و نزیكبوونه‌وه‌یاندا گێڕاوه.
دووه‌م: پاڵنه‌ره سیاسی و هاوكێشه ژیۆپۆلێتیكییه‌كان
شكستی ستراتیژی سفركردنه‌وه‌ی كێشه‌كان له ئاستی ناوچه‌یی و هه‌روه‌ها سیاسه‌ته‌كانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له ئاستی ناوخۆیی، له هه‌مبه‌ر كوردان له پرۆسه‌ی ئاشتی و، ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی توند‌وتیژی و پێكدادان له نێوان سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان و دروستبوونی بارگرژی له ناوچه كوردیییه‌كان له توركیا له لایه‌ك و، له لایه‌كی تره‌وه كۆده‌تای سه‌ربازیی 15ی جولای و ده‌ركه‌وتنی لاوازیی پێگه‌ی ئه‌ردۆغان له ئاستی ناوخۆ (سه‌ره‌ڕای شكستی كۆده‌تا سه‌ربازییه‌كه)، له سه‌ره‌كیترین هۆكاره ناوخۆیییه سیاسییه‌كان بوون.
له ئاستی ناوچه‌ییشدا، بارگرژی له په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه به‌تایبه‌ت له سووریا و درێژه‌كێشانی جه‌نگ له‌م وڵاته و دروستبوونی هه‌رێمێكی فیدراڵ و نیمچه سه‌ربه‌خۆی كوردی نزیك له "په‌كه‌كه" له سنووره‌كانی توركیا، كه له لایه‌ن ڕووسیا و ئێران و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاواییی وه‌كوو ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه پاڵپشتی و هاوكاری ده‌كران و به‌م پێیه‌یش ئه‌ردۆغان به هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی توركیای ده‌زانی/ ده‌زانێت، وای كرد كه توركیا هانا بۆ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و پاڵپشتییه، واته "ڕووسیا" به‌رێت كه كاریگه‌ری و نفووزی به‌رچاوی له‌سه‌ر ئێران و حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د له سووریا هه‌یه.
بۆ ڕووسیایش ئه‌م ئاساییبوونه‌وه‌یه (هه‌رچه‌نده ڕووسیا ڕای گه‌یاندووه تا 2019 ئه‌م ئاساییبوونه‌وه‌یه قۆناغ به قۆناغ ئه‌نجام ده‌درێت) له‌گه‌ڵ توركیا، له پێویستیی ڕووسیاوه دێت بۆ هاوڕاكردنی توركیا له‌سه‌ر پرسی سووریا و داهاتووی ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د. به‌م مانایه كه ڕووسیا به‌م نزیكبوونه‌وه سیاسییه له‌گه‌ڵ توركیا، پێگه‌ی خۆی له ئاڵوگۆڕ و هاوكێشه ژیۆپۆلێتیكییه‌كانی داهاتووی ناوچه‌كه، به‌تایبه‌ت له ئه‌نجامه‌كانی پرۆسه‌ی گفتوگۆكان له‌سه‌ر داهاتووی سووریا، به‌رز و قایم ده‌كات و زۆرترین نفووز و كه‌مترین دژبه‌ری له هه‌مبه‌ر سیاسه‌ته‌كانی خۆی له ناوچه‌كه‌دا ده‌بێت.
ڕووسیا نایه‌وێت جارێكی تر بكه‌وێته په‌راوێزی هاوكێشه ناوچه‌یییه‌كان، به‌تایبه‌ت له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و، گۆڕانكاڕییه‌كان به‌بێ ده‌ستكه‌وت بۆ ڕووسیا، به قازانجی ده‌وڵه‌ته ئه‌وروپییه‌كان و ئه‌مریكا كۆتایی‌یان دێ. گرنگی ئه‌م نزیكبوونه‌وه‌یه‌ی ڕووسیا له‌گه‌ڵ توركیا، به وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و خاڵه ده‌رده‌كه‌ویت، كه توركیا ئه‌ندامی ناتۆیه و پێشووتر له جه‌نگی سارددا ڕۆڵی قه‌ڵغانی له هه‌مبه‌ر نفووزری یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی پێشوو له ناوچه‌كه‌دا بینیوه و ئێستایش ناتۆ و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، لانی كه‌م له ڕووی قه‌ڵغانی مووشه‌كی و هێزی ئاسمانییه‌وه، له ڕێگه‌ی توركیاوه له ناوچه‌كه ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ده‌توانن له‌م ڕێگه‌یه‌وه ڕووسیا سنووردار و كۆنترۆڵ بكه‌ن، یاخود مه‌ترسی بۆ ڕووسیا بخوڵقێنن.
سێیه‌م: په‌یام و ده‌رهاوێشته‌كان
به‌م نزیكبوونه‌وه و ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ڕووسیا و توركیا، ئیمه كۆمه‌ڵێك ده‌رهاوێشته و په‌یامی جیاوازمان بینی. له لایه‌ك توركیا به‌م نزیكبوونه‌وه‌یه، په‌یامی ناڕازیبوونی خۆی له‌مه‌ڕ هه‌ڵوێستی ناڕوونی ڕۆژئاوا و به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا له هه‌مبه‌ر كۆده‌تاكه‌ی 15ی جولای ده‌ڕبری. له لایه‌كی تریشه‌وه، توركیا ویستی، به‌ره‌یه‌ك له هاوپه‌یمان یاخود پاڵپشتیكارانی كورد له ناوخۆی توركیا و له ڕۆژئاوای كوردستان (واته ڕووسیا و ئێران) له‌گه‌ڵ خۆی بخات و له كورد دووریان بخاته‌وه.
بۆیه، له گرنگترین ده‌رهاوێشته‌كانی، به‌زاندنی سنووری سووریا و هێرشی سه‌ربازیی سوپای توركیا بوو (له هه‌مان ڕۆژدا كه جۆ باید‌ن، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا، له توركیا سه‌رگه‌رمی دیدار له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی توركیا بوو و، ئه‌مه‌یش هه‌ڵگری واتای گه‌وره‌یه بۆ كورد له ڕۆژئاوا) بۆ سه‌ر "جه‌رابلووس" و ڕێگه‌گرتن له كورده‌كان بۆ په‌ڕینه‌وه له ڕووباری فورات و به‌یه‌كبه‌ستنه‌وه‌ی ناوچه كوردنشینه‌كانی ڕۆژئاوا و نزیكبوونه‌وه له ده‌ریای ئازاد. یه‌كێكی تر له گرنگترین په‌یامه‌كانی توركیا، كه له‌م نزیكبوونه‌وه‌یه بۆ ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا و ئه‌مریكای نارد، ئه‌وه بوو كه ئه‌گه‌ر ڕۆژئاوا ده‌ست له كاروباری ناوخۆییی توركیا (بۆ نموونه له پرسی پاكسازی و سه‌ركوتی پاش كۆده‌تا) وه‌ربدات، ئه‌وه توركیا وه‌ڵامی ده‌بێت.
هاوكات ڕووسیایش، نیشانی دا كه توانای مانۆڕی سیاسیی باڵای هه‌یه و داهاتووی ناوچه‌كه به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ڕۆڵ و پێگه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕووسیا، سه‌قامگیری به‌خۆیه‌وه نابینێت و ئه‌و په‌یامه‌ی بۆ ڕۆژئاوا نارد كه ڕووسیا ده‌توانێت گرنگترین هاوپه‌یمانی ڕۆژئاوا و ئه‌ندامی ناتۆ له ناوچه‌كه (توركیا) له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی و ئه‌جێنداكانیدا هاوڕا بكات، هه‌رچه‌نده به شێوه‌ی تاكتیكی و كاتیش بێت.
بۆیه ڕووسیا، پێگه‌ی خۆی له دانوستاندنه‌كان له‌سه‌ر پرسی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سووریا و گۆڕانكاری و نفووزی ڕووسیا له داهاتووی سووریا و ناوچه‌كه به‌هێز و به‌رز كرده‌وه. هاوكات ڕووسیا ئه‌و په‌یامه گرنگه‌ی ناردووه كه ئه‌گه‌ر له هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كانی تر له جیهان (بۆ نموونه ئۆكراین و ئاسیای ڕۆژهه‌ڵات و...هتد)، كێشه بۆ ڕووسیا دروست بكرێت، ئه‌وه ڕووسیا له ناوچه‌ی دیكه قه‌ره‌بووی ده‌كاته‌وه و كێشه بۆ ناوچه‌ی نفووز و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و به‌گشتی ئاسایشی پێناسه‌كراوی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا دروست ده‌كات. هاوكات، نزیكبوونه‌وه‌ی ڕووسیا و توركیا، نفووزی ئه‌مریكا له ناوچه‌ی قه‌وقاز و ئاسیای ناوه‌ڕاست كه به ناوچه‌ی "ده‌ره‌وه‌ی نزیك"ی ڕووسیا داده‌ندرێت، كه‌م ده‌كاته‌وه.
ڕه‌هه‌ندێكی تری ئه‌م نزیكبوونه‌وه‌یه، ده‌رباره‌ی هه‌نارده‌كردن و گواستنه‌وه‌ی وزه‌یه كه بۆ ئه‌وروپا به‌های به‌رزی ئاسایشی، ستراتیژی و ئابووریی هه‌یه. به‌م مانایه كه به دووركه‌وتنه‌وه‌ی توركیا له ڕۆژاوا و نزیكبوونه‌وه له ڕووسیا، ئه‌م فاكته‌ره (گواستنه‌وه و ئاسایشی وزه) وه‌كوو كارتێكی گوشار ده‌كه‌وێته ژێر كۆنترۆڵی هه‌ر دوو ده‌وڵه‌ت، هه‌رچه‌نده به‌كارهێنانی ئه‌م كار‌ته بۆ ڕووسیای گرێدراوی داهاتی فرۆشتن و هه‌نارده‌كردنی وزه، وه‌كوو چه‌كێكی دووسه‌ر وایه و زیان و گورزی كوشنده‌یش له ڕووسیا ده‌دات و، بۆیه ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی له لایه‌ن ڕووسیاوه لانی كه‌م له‌م هه‌لومه‌جه‌دا، لاوازه.
كۆبه‌ند
ڕاستییه‌كه‌ی، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به ڕێگه‌دان به توركیا بۆ چوونه نێو خاكی سووریا، هه‌وڵی دا توركیا ڕازی بكات و له ڕووسیا دووری بخاته‌وه. ئه‌مه‌یش ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌و نزیكبوونه‌وه‌یه بوو كه توركیا به‌مه‌به‌ست هه‌وڵی ناردنی په‌یامی بۆ ڕۆژئاوا دا و تێیدا سه‌ركه‌وتوو بوو، به‌ڵام به "شیوه‌یه‌كی كاتی" و له كورتمه‌ودادا به زیانی كورد شكایه‌وه. ڕووسیایش توانی له ڕێگه‌ی ئه‌م په‌یامه‌وه خۆی وه‌كوو هێزێكی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ربخات كه له هاوكێشه سیاسییه‌كاندا شوێندانه‌ره و، ده‌بێت به‌شدار و خاوه‌ن پشك بێت و دڵه‌راوكێ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕه‌چاو بكرێت.
هه‌رچه‌نده ئه‌و نزیكبوونه‌وه‌یه، كاتی و سنووردار و ته‌كتیكییه و، توركیا و ڕووسیا ناتوانن تاسه‌ر به‌م شێوه‌یه بمێننه‌وه و به تێپه‌ڕبوونی دۆخه‌كه و ئاڵوگۆڕه سیاسییه‌كان له ناوخۆی توركیا و كاریگه‌ریی ئه‌كته‌ره‌كانی تری نا- ده‌وڵه‌تی له ئاستی ناوچه‌یی و هێزه سه‌رووهه‌رێمییه‌كان له لایه‌ك و هاوكێشه سیاسییه‌كان له نێوان ئه‌مریكا و ڕووسیادا، ئاڵوگۆڕ به‌سه‌ر ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ی ئێستادا دێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر بنه‌ما ئابوورییه‌كانی پێش تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كان. به‌ڵام فاكته‌ری كورد، سه‌ره‌ڕای فاكته‌ره‌كانی تر، یه‌كێك له گرنگترین كارته‌كانی نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت بوو، بۆ دانوستاندن له نێوانیان. ئه‌مه‌یش هه‌ڵگری ده‌رفه‌ت و هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ كورد له ئێستا و داهاتوودا.