به‌شداریی ڕاسته‌وخۆی كۆماری ئیسلامیی ئێران له جه‌نگی سووریا
ستراتیژیك یاخود ئایدیۆلۆژیك؟
پاش دروستبوونی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكارییه‌كانی ناسراو به "به‌هاری عه‌ره‌بی"، كۆمه‌ڵێك لێكه‌وته و ده‌رهاوێشته‌ی سیاسی و ئاسایشی، له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیی لێ كه‌وته‌وه. یه‌كێك له‌وانه، وه‌رچه‌رخان له جۆری هاپه‌یمانی و یارمه‌تیدانی ئێران بوو له‌گه‌ڵ سووریا، له پاڵپشتی و پشتیوانیی ناڕاسته‌وخۆی سیاسی و دارایی و، له ڕووی سه‌ربازی و ڕاوێژكارییه‌وه، بۆ به‌شداریی ڕاسته‌وخۆ له قه‌یرانی سووریا و ناردنی هێزی چه‌كدار به‌ئاشكرا و تێوه‌گلان له جه‌نگی ناوخۆییی سووریا.
له‌م نێوه‌نده‌دا، ئه‌وه‌ی پرسیار دروست ده‌كات ئه‌وه‌یه كه چ شتێك یاخود فاكته‌رێك وا ده‌كات كه سووریا تا ئه‌و ڕاده‌یه بۆ كۆماری ئیسلامی گرنگ بێت كه سه‌ڕه‌رای لاوازیی ئابووریی كۆماری ئیسلامی و، بوونی جۆرێك له قه‌یرانی ئابووری و دارایی له ئێران، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیری له مانه‌وه و به‌رده‌وامیی حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د له سووریا بكه‌ن.
له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، ئایا حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د به هۆی عه‌له‌ویبوون، واته فاكته‌ری ناسنامه‌یی و ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌وه‌یه كه سووریا بۆ ئێران گرنگه، یاخود فاكته‌ر، پرس و بابه‌تی ئاسایشی و ستراتیژیكی تره كه وا ده‌كات مانه‌وه‌ی ڕژێمی ئێستای سووریا بۆ ئێران ئه‌وله‌ویه‌تێكی ئاسایشی و ستراتیژیك بێت.
ئه‌زموونی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران و سووریا
به‌گشتی، سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە نێوان هەردوو ڕوانگەی "ڕیالیزم" و "ئایدیالیزم"دا له هاتووچۆدایە. بۆ نموونە: هەرچەندە سیاسەتی دەرەوەی ئێران "ئایدیۆلۆژیكتەوەر"ە، بەڵام ڕەگەزی "ڕیالیزم و ئایدیالیزم"ی زۆری تێدایە و، لە هەندێ بوار و پرس و قۆناغدا ڕەگەزی ئایدیۆلۆژیی زیاتر دەبێت، وەكوو: پاڵپشتی لە گرووپەكانی جیهادیی فەڵەستین و حزبوڵڵای لوبنان، یاخود دژایەتیی توندی ئێران لە هەمبەر كوشتاری شیعەكانی یەمەن و بەحرەین و، لە لایەكی ترەوە لە هەندێ حاڵەتیشدا بەپێی بەرژەوەندی، كەمڕەنگ دەبێتەوە وەكوو: سەركوتكردن و كوشتاری مسوڵمانان و شیعەكان لە لایەن دەوڵەتانی ئەرمینیا یاخود چین و ڕووسیا و...هتد.
هەروەها كۆماری ئیسلامیی ئێران لە كاتی مەترسی بۆ سەر "مانەوەی" سیستەم و دەسەڵاتداریەتیی نوخبەكانی، یاخود بەگشتی وڵاتی ئێران، ئەوە ڕەفتاری ڕیالیستی، كە ئەولەویەتەكەی، "مانەوەی ڕژێم"ە، پەیڕەو دەكرێت؛ هەروەكوو لە سەردەمی یەكێتیی سۆڤیەتی پێشوو (بۆ نموونە لە قەیرانی مووشەكیی كۆبادا كە یەكێتیی سۆڤیەت لە نێوان "ئایدیۆلۆژی" و "مانەوە"دا، دووەمی هەڵبژارد، كە هەڵبژاردنێكی ڕیالیستی بوو نەك ئایدیۆلۆژیك).
لە لایەكی تریشەوە، پشتگیری و یارمەتیدان و پشتیوانیكردنی حزبوڵڵای لوبنان لە لایەن ئێرانەوە، دەچێتە خانەی "ڕیالیستییەوە"، چونكە حزبوڵڵا، بۆتە قەڵغانی ئێران لە دژی ئیسڕائیل بۆ هێرشنەكردنە سەر بنكەكانی ئەتومیی ئێران و...هتد. بۆیە بەگشتی، بەرژەوەندیی سیستەم لە ئێران‌دا، ئەوە دەستنیشان دەكات كە ئایا ئایدیۆلۆژی، ژێرخانی ڕەفتارەكان بێت یاخود سەرخان. "ئایەتوڵڵا خومەینی"، پێش مردنی ڕای گەیاند بەپێی هه‌ڕه‌شه و مەترسییەكان و بەرژەوەندییەكانی حكوومه‌تی ئیسلامی، دەتوانرێت مزگەوت بڕوخێندرێت و تێك بدرێت!، یان بنەما نەگۆڕەكانی ئیسلام، كاری پێ نەكرێت و هه‌ڵپه‌سێردرێت.
لەسەر ئەم بنەمایە "ئایه‌توڵڵا خومەینی" ئەم ڕێچكەیەی دانا كە "بەرژەوەندییە باڵاكانی حكوومەتی ئیسلامی، لەسەرووی بنەما سەرەكییەكانی ئیسلامه‌وه‌ن." ئەمەیش، بووە هۆكار و، له‌لایه‌كی تریشه‌وه بنەمای داڕشتنی سیاسەت له ناوخۆی كۆماری ئیسلامی، بەتایبەت سیاسەتی دەرەوەی ئێران، بنەما و پرەنسیپی بەرژەوەندیی حكوومەتی ئیسلامی و، مانەوەی ئەم حكوومەتە ئیسلامییە، بووە باڵاترین و پیرۆزترین بەهای ئایینی. پاساویش ئه‌وه‌یه: لەبەر ئەوەی تەنیا بەم هۆیەیە كە ئیسلام دەتوانێ سەركه‌وێ و لە لەناوچوون ڕزگاری بێت، واتە لە ڕێگەی هەبوونی هێز و حكوومەتێكی ئیسلامییه‌وه. كەواتە، ئەو بنەمایە، ئه‌و ڕەفتارە توندڕەو و دوور لە پرەنسیپ و بنەما یاسایی و نێودەوڵەتییانەی ئێران بەبێ گوێدانە بەهاكانی نێودەوڵەتی لە لایەن ئێرانەوە بۆ مانەوەی خۆی، زیاتر ڕوون دەكاتەوە.
ڕاستییه‌كه‌ی، له ڕابردوویشدا و له سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی "حافز ئه‌سه‌د"دا، سووریا تاكه ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوو كه له جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان عێراق و ئێران‌دا پاڵپشت و یارمه‌تیده‌ری ئێران بوو، سه‌ره‌ڕای جیاوازی له جۆری سیسته‌می سیاسی له‌و دوو وڵاته‌دا. هه‌رچه‌نده مه‌به‌ست و ئامانجه‌كانیان جیاواز بووبێت، به‌ڵام له ڕووی به‌رژه‌وه‌ندییه‌وه، پێكه‌وه هاوهه‌ڵوێست و هاوڕا بوون. سووریایش به‌م پاڵپشتییه، جگه له ده‌سكه‌وتنی نه‌وتی هه‌رزان و بێبه‌رامبه‌ر و یارمه‌تیی دارایی، نه‌یار یاخود دوژمنه‌كه‌ی، كه ڕژێمی به‌عسی سه‌دام بوو، لاواز ده‌بوو و، ئه‌مەیش به قازانجی سووریا بوو.
پرسه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
بەگشتی، كۆماری ئیسلامیی ئێران، سه‌باره‌ت گۆڕانكارییە ژینگەیییه‌كانی دەوروبەری خۆی، تـرس و دڵەڕاوكێی ئاسایشیی هه‌یه، بەتایبەت گۆڕانكارییەكانی ئەم دوایییەی ناوچەكە و گوشارەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەكە، كە بەگشتی بـریتیین لە:
له ڕاستیدا، سووریا وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بووه بۆ نفووز و ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له كاروباری وڵاتانی ناوچه‌كه، به‌تایبه‌ت بۆ مه‌به‌ستی دووركه‌تنه‌وه‌ی مه‌ترسییه ئاسایشییه‌كانی سه‌ر ئێران، كه گرنگترینیان بۆ كۆماری ئیسلامی، ده‌وڵه‌تی ئیسڕائیله. سووریا ئه‌و ده‌روازیه‌یه كه وا ده‌كات ده‌ستی ئێران له ڕێگه‌یه‌وه بگاته لوبنان و فه‌ڵه‌ستین و، له ڕیگه‌ی حزبوڵڵای لوبنان و بزووتنه‌وه‌ی جیهادی ئیسلامی و ته‌نانه‌ت حه‌ماسه‌وه، بتوانێت هاوسه‌نگی به قازانجی خۆی بگۆڕێت و ڕێگه له ئیسڕائیل بگرێت كه وه‌ك گرنگترین هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه، بیر له هێرشكردنه سه‌ر ئێران بكاته‌وه. به‌م پێیه‌یش، ئه‌وه ئێرانه كه ده‌توانێت به ڕاهێنان و پڕچه‌ككردنی ئه‌و گرووپه توندڕه‌وانه، هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی بێت بۆ سه‌ر ئیسرائیل و، ته‌نانه‌ت له‌م ڕێگه‌یشه‌وه ئه‌مریكایش نا‌توانێت بیر له هه‌ڕه‌شه‌خستنه‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ئه‌م سیسته‌مه سیاسییه‌ی ئێستای ئێران بكاته‌وه.
بەگشتی، ناكۆكییەكانی عەرەبەكان و ئیسرائیل و پرسی فەڵەستینییەكان، بووه‌تە هۆكاری زیاتـربوونی نفووز و پێگەی ئێران لە ناوچەكە و، هەروەها دروستبوونی قووڵایییەكی ستـراتیژیك بۆ ڕێگەگرتن لە هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
له ڕه‌هه‌ندێكی تره‌وه، ئێران پرسی ناسنامه سیاسی و مه‌زهه‌بییه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و، به‌م پێیه‌یش ڕادیكاڵیزمی مه‌زهه‌بی و گرووپه توندڕه‌وه‌كان له سنووره‌كانی ئێران و به‌هێزبوونی گرووپه ڕادیكاڵه سوننه‌كانی دژی هه‌ژموونی ئێرانی شیعی و، هه‌روه‌ها ئیسلامی سیاسیی سوننه به مه‌ترسییه‌كی گه‌وره ده‌زانێت بۆ سه‌ر پێگه و نفووزی خۆی له ناوچه‌كه و ته‌نانه‌ت مانه‌وه‌ی سیسته‌مه سیاسییه‌كه‌ی له ئاستی ناوخۆییدا. بۆیه، ئێران هه‌وڵ ده‌دات ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه بكاته ده‌رفه‌ت و ئه‌م پرسه بكاته پرسی هه‌موو ده‌وڵه‌ته ڕۆژئاوایییه‌كان و ته‌نانه‌ت ڕووسیا و ئیسرائیلیش. گونجاوترین شوێنیش بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و هاوهه‌ڵوێستكردنی ئه‌مریكا و ڕووسیا، "سووریا"یه؛ له لایه‌كه‌وه دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسیی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه له‌سه‌ر خۆی و، له لایه‌كی تره‌وه ئه‌و گرووپه توندڕه‌وانه له سنووره‌كانی خۆی و له‌مه‌ش گرنگتر گۆڕینی ئاراسته‌ی ئه‌وله‌ویه‌ته ستراتیژییه‌كانی ده‌وڵه‌تان (به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی) له‌سه‌ر مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی سیاسه‌تی كۆماری ئیسلامیی ئێران له ناوچه‌كه بۆ سه‌ر پرسه‌كانی تر وه‌ك تیرۆر، توندڕه‌ویی مه‌زهه‌بی و ئایینی گرووپ و لایه‌نه‌كانی تر (به‌تایبه‌ت سوننه) له ناوچه‌كه‌دا.
ئه‌مه جگه له پرسه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به "ئاسایشی وزه" و هه‌وڵی ئێران بۆ كردنه‌وه‌ی كۆریدۆرێكی گواستنه‌وه‌ی وزه (نه‌وت و غاز) له ڕێگه‌ی ئێران-عێراق-سووریا بۆ ئه‌وروپا و، پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئابڵۆقه‌كانی ئه‌مریكا له ڕووی گواستنه‌وه و ئاسایشی وزه‌وه و به‌م پێیه‌ش به‌رزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی ژیۆئێكۆنۆمیكی ئێران له هاوكێشه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا.
هێڵی پێشه‌وه‌ی به‌رگری
له لایه‌كی تره‌وه، چ له ڕووی واقعی ئێستای هێزه‌وه و، چ له ڕووی وته و ده‌ربڕینه ڕوون و ئاشكراكانی ڕێبه‌ری باڵای ئێران و ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی بێت، ئه‌م هێڵه، به جۆرێك له جۆره‌كان، به هێڵی پێشه‌وه‌ی به‌رگری یاخود "هیلالی شیعی" ده‌ناسرێت كه بۆ ئێران ڕۆڵی ژیۆسیاسی و ستراتیژیكی به‌رز و هه‌ستیاری هه‌یه.
لێره‌وه‌یه كه ئێران ده‌توانێت هاكێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به قازانجی خۆی بگۆڕێت یاخود لانی كه‌م هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر خۆی دوور بخاته‌وه. كۆماری ئیسلامیی ئێران ململانێكانی له‌گه‌ڵ توركیای سوننه، هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ته سوننه عه‌ره‌به‌كانی ناوچه‌كه به‌تایبه‌ت سعوودیا، كه ململانێی توندی ئایدیۆلۆژی و ژیۆسیاسیی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه، به‌ڕێوه ده‌بات. ئه‌مه‌یش توانا و وزه و هێزی سه‌ربازی و ئابووری و ته‌نانه‌ت سیاسیی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه بۆ دژایه‌تیكردنی ڕاسته‌وخۆی ئێران، لاواز ده‌كات.
به مانایه‌كی تر، سووریا وه‌ك قه‌ڵغانێك وایه بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ئێران له ئاستی ناوخۆیی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیدا. لێره‌وه‌یه كه كۆدی شاراوه و نهێنیی وته‌كانی ڕێبه‌ری باڵای شۆرشی ئیسلامی "ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی" و توندڕه‌وه‌كان له ئێران و ته‌نانه‌ت سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی ده‌رباره‌ی "هێڵی به‌رگری" ئاشكرا ده‌بێت و ئه‌و كۆدانه ده‌كرێنه‌وه، به وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه ئێران خۆی ده‌وڵه‌تێكی فره‌ئایین و فره‌نه‌ته‌وه‌یه و به‌رده‌وام له هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی سیاسی و ژیۆپۆلیتیكی له ناوچه‌كه‌دا، هه‌ست به نادڵنیایی و دڵه‌ڕاوكێی ئاسایشی ده‌كات.
ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی كه له كێشه و ململانێی ئێران و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاواییدا له دانوستاندن له‌سه‌ر پرسی پڕوگرامی ناوه‌كیی ئێران، ڕۆل و نفووزی ئێران له سووریا وه‌ك كارتێكی گوشاری ئێران به‌كار هات و، به‌م پێیه‌یش مه‌ترسییه جددییه‌كانی هێرشكردنه سه‌ر ئێرانی له لایه‌ن ئه‌مریكا و ئیسرائیله‌وه، پووچه‌ڵ كرده‌وه. ئه‌مه‌یش گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتن و، له لایه‌كی تره‌وه ئه‌زموون بوو بۆ ئێران، كه بۆ ئه‌وه‌ی مانه‌وه و ئاسایشی خۆی ده‌سته‌به‌ر و مسۆگه‌ر بكات، پێویسته له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی خۆی خاوه‌ن پێگه، ڕۆڵ و نفووزی ڕاسته‌وخۆی سه‌ربازی بێت، به‌تایبه‌ت له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه بارودۆخیان كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه و ئاسایشی ئیسرائیل هه‌یه و، سووریایش باشترین به‌ڵگه و نموونه‌یه.
هاوپه‌یمانیی به‌ره‌ی لاوازه‌كان
پێویستییه‌كانی ڕووسیا بۆ به‌رده‌وامی و مانه‌وه‌ی پێگه و نفووزی له هاوكێشه ژیۆسیاسییه‌كانی ناوچه‌كه بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی پێگه‌ی له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و به‌ڕێوه‌بردنی ململانێیه‌كانی له‌گه‌ڵ ناتۆ و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له لایه‌ك و، پاراستن و ده‌سته‌به‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسی و ئابوورییه‌كانی له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌پێی ئه‌زموونی تاڵی ڕابردووی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا له عێراق و لیبی و تونس و... له لایه‌كی تره‌وه، وای كرد كه له‌گه‌ڵ ئێران و حزبوڵڵا و عێراقی شیعی و حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د بكه‌وێته به‌ره‌یه‌كه‌وه، كه زیاتر به "هاوپه‌یمانیی به‌ره‌ی لاوازه‌كان" ده‌ناسرێت.
ئه‌وه به‌م مانایه دێت كه ڕووسیا ده‌زانێت، به نه‌مانی به‌شار ئه‌سه‌د، دوایین پێگه‌ی له‌و ناوچه‌یه له‌ده‌ست ده‌دات و مه‌ترسییه‌كانی ڕۆژئاوا بۆ ناوچه‌ی نفووز و "ناوچه‌ی ده‌ره‌وه‌ی نزیك"ی ڕووسیا زیاتر ده‌بێت و ده‌كه‌وێته ئابلۆقه‌یه‌كی ژیۆسیاسییه‌وه. ئێرانیش به هه‌مان شێوه ئه‌م تێڕوانینه‌ی بۆ سووریا و نفووزی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه، ئه‌مانه وای كرد له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ر ناده‌وڵه‌تییه‌كانی وه‌ك حزبوڵڵا و ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د (كه له لێواری ڕووخاندایه)، پێكه‌وه كۆ ببنه‌وه و هاوپه‌یمانییه‌كی تاكتیكی (نه‌ك ستراتیژیك به‌مانا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی) پێك بێنن. به‌ڵام نه ئێران به‌ته‌واوی متمانه‌ی به ڕووسیایه و، نه ڕووسیا له درێژخایه‌ندا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران هاوته‌ریب و هاوئاسته.
كۆبه‌ند
ئێران، بۆ درێژه‌كێشانی پرسی سووریا و به‌هێزبوونی پێگه‌ی خۆی و، به‌م پێیه‌یش مانه‌وه و پاراستنی حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د، كه‌ڵكی له سیاسه‌تی ناڕوون و ترس و دوودڵیی ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا و ئیداره‌ی ئۆباما له‌مه‌ڕ داهاتووی ده‌وڵه‌ت و ئه‌كته‌ره‌كانی سووریا له لایه‌ك و، ئه‌زموونی ئه‌مریكا له عێراق و ئه‌فغانستان له لایه‌كی تره‌وه، وه‌ر‌گرتووه. به‌ڵام له ڕاستیدا، بۆ دروستكردنی هاوسه‌نگی له هه‌مبه‌ر ئیسرائیل‌دا، سووریا بۆ ئێران ڕۆڵی پردی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حزبۆڵڵای هاوناسنامه‌یدا ده‌گێرێت و، به‌م پێیه‌یش ڕێگه له ئیسرائیل و ئه‌مریكا ده‌گرێت كه نه‌بنه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددی بۆ سه‌ر سیسته‌می سیاسیی ئێران.
له لایه‌كی تره‌وه، ئه‌م پرسه بۆ ئێران زیاتر پرسێكی ستراتیژیكه نه‌ك ئایدیۆلۆژی (چونكه عه‌له‌وییه‌كان كه 12%ی ڕێژه‌ی دانیشتووانی سووریا پێك دینن، جیاوازیی زۆریان له ڕووی مه‌زهه‌بیییه‌وه له‌گه‌ڵ شیعه‌ی دوانزه ئیمامیی ئێران هه‌یه، ئه‌مه بێجگه له سیسته‌می سیكۆلاری سووریا). به‌ڵام له شیكردنه‌وه‌ی كۆتاییدا، سووریا وه‌ك قه‌ڵغانێكه بۆ ڕێگه‌گرتن له دروستبوونی ناسه‌قامگیری و پشێویی سیاسیی ناوخۆییی كۆماری ئیسلامیی ئێران و، به‌م پێیه‌یش مانه‌وه‌ی ئه‌م سیسته‌مه سیاسییه‌ی ئێستای ئێران.
جه‌نگی ئێران له سووریا، بۆ دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسییه ناوخۆیی و ناوچه‌یییه‌كانه له كۆماری ئیسلامی و، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ڕێگه‌گرتنه له لاوازبوونی ئێران. چونكه له سیناریۆ و ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سووریا، كورده‌كان و گرووپه سوننه‌كان و ته‌نانه‌ت عه‌له‌وییه‌كان، به‌پێی ئاسایشی پێناسه‌كراوی كۆماری ئیسلامی، هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر ئێران له ئاستی ناوخۆیی و ناوچه‌ییدا و، ئێران بێجگه له‌وه‌ی كه له ناوچه‌كه‌دا پێگه و نفووزی سنووردار ده‌كرێت و هاوسه‌نگیی هێز تێك ده‌چێت، له ئاستی ناوخۆییشدا كێشه‌ی ئاسایشیی بۆ دروست ده‌بێت و ده‌ستی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی (به‌تایبه‌ت سعوودیا) و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوایی (به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا) كراوه‌تر ده‌بێت بۆ ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری ناوخۆییی ئێران و پاڵپشتی له گرووپه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی دژه سیسته‌می كۆماری ئیسلامی. له‌وه‌یش گرنگتر، ئێران له هه‌مبه‌ر ئیسڕائیلدا كارتێكی ئه‌وتۆی به‌هێزی نامێنێت، كه له هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه‌دا دژی ئیسرائیل به‌كاری بێنێت.
بۆیه، ئه‌م جه‌نگه له سووریا، جه‌نگیكه بۆ مانه‌وه و نفووز و، جه‌نگێكی به‌نوێنه‌رایه‌تییه (به‌وه‌كاله‌ته)، كه هه‌ریه‌كه له ئه‌مریكا و ڕووسیا له لایه‌ك و، كۆماری ئیسلامیی ئێران و ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی و توركیا له لایه‌كی تره‌وه، به‌رامبه‌ر یه‌كتری، له ڕێگه‌ی ئه‌كته‌ره‌كانی تره‌وه ده‌یكه‌ن. هه‌رچه‌نده سوپای قودسی ئێران(لقی ده‌ره‌كیی سوپای پاسداران) و ته‌نانه‌ت سوپا (ئه‌رته‌ش)ی ئێران، ڕاسته‌وخۆ به‌شدارن و، ئه‌مه‌یش ده‌ڕبڕی گرنگیی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری پێگه‌ی ستراتیژیكی سووریایه، كه بۆ ئێران "قووڵاییی ستراتیژییه" بۆ مانه‌وه و سه‌قامگیری و ئاسایشی كۆماری ئیسلامیی ئێران له ئاستی ناوچه‌یی و ته‌نانه‌ت ناوخۆییدا. ئه‌مه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سروشتی سیسته‌می سیاسیی كۆماری ئیسلامیی ئێران و، به‌م پێیه‌یش ناسنامه تایبه‌ته‌كه‌ی، كه سنووریك ئازادیی له مانۆڕی سه‌ربازی و سیاسیی‌دا بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا بوار و سنووری سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا، سنوورداریشی ده‌كات.