پێشه‌كی:
جه‌نگ له سووریا ڕۆژ دوای ڕۆژ خوێناویتر و ئاڵۆزتر ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه له‌م نێوه‌دا جێگه‌ی تێڕوانین و سه‌ر‌نجراكێشه، ئه‌وه‌یه كه هیچ هاوپه‌یمانێتییه‌كیش ستراتیژی نییه، به‌ڵكوو كورتخایه‌ن و كاتی، سه‌ربازی و ته‌كتیكییه. هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌وڵه‌ت و ئه‌كته‌رانه‌ی كه له به‌ره‌یه‌كدان، هاوپه‌یمانی ستراتیژی یاخود دۆست نین، به‌ڵكوو ته‌نیا دوژمنی هاوبه‌شیان هه‌یه و له ئه‌گه‌ری گۆڕانكاری له هاوسه‌نگیی هێز له سووریا (كه تا ئێستا چه‌ند كه‌ڕه‌ت ڕووی داوه)، هاوپه‌یمانێتییه‌كانیش ده‌گۆڕدرێن.
له‌م نێوه‌دا، ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆی ڕووسیا له جه‌نگی سووریادا و پاڵپشتی له حكوومه‌تی ئه‌سه‌د، كه به بڕوای لایه‌نه‌كان ئه‌گه‌ری ڕووخانی نزیك ببووه و زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ژێركۆنترۆڵی له‌ده‌ست دابوو، وای كرد كه هه‌موو هاوكێشه سه‌ربازی و سیاسییه‌كان له سووریادا گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت.
لێره‌دا، جگه له پرسی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕووسیا له سووریا و ململانێكانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیار و هه‌ڵوه‌سته‌له‌سه‌ركردنه، ئه‌وه‌یه كه بۆچی سیاسه‌ت و گه‌مه‌ی ڕووسیا له سووریادا ئه‌وه‌نده ئألۆز و فره‌ڕه‌هه‌نده؟ بۆیه له‌م نووسینه‌دا، هه‌وڵ ده‌ده‌ین تیشك بخه‌ینه سه‌ر هۆكاره‌كانی ئه‌و ڕه‌فتار و سیاسه‌ته چه‌ندلایه‌نه، یاخود فره‌ئاست و فره‌ڕه‌هه‌نده‌ی ڕووسیا له سووریادا.
یه‌كه‌م: ستراتیژیی نوێی ڕووسیا
ڕووسیای سه‌رده‌می پووتین (Vladimir Putin) به‌تایبه‌ت له‌پاش ساڵی 2007وه، هه‌وڵ ده‌دات به تێپه‌ڕاندنی ستراتیژیی سیاسه‌تی یۆرۆئه‌تلانتیكگه‌رایی (Euroatlantism) و ئۆراسیاگه‌رایی (Eurasianism)، دووباره پێگه و ڕۆڵی خۆی له هاوكێشه هه‌رێمی و نیوده‌وڵه‌تییه‌كاندا به‌ده‌ست بێنیته‌وه. به‌و مانایه‌ی كه قۆناغی ئیفلیجبوونی (The stage of paralysis) پێشووتر تێ په‌ڕێنێت، كه له هاوكێشه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان په‌راوێز خرابوو.
بۆیه چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌بردنی ململانێیه جیۆسیاسییه‌كانی ڕووسیا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌ت له چوارچێوه‌یه‌كی ناسراو به "فره‌لایه‌نگه‌رایی" (multilateralism) له بری سیسته‌می فره‌جه‌مسه‌ری (multipolarity)، خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت. بۆیه، ڕووسیا هه‌وڵ ده‌دات كه ستراتیژیی " پشتبه‌یه‌كتربه‌ستن، له‌سه‌ر بنه‌مای "فره‌لایه‌نگه‌رایی" (Interdependence Based on Multilateralism)، له ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیدا په‌یڕه‌و بكات.
دووه‌م: ڕووسیا و ئێران له سووریادا
ڕاستییه‌كه‌ی، ڕووسیا ده‌یه‌وێ كۆماری ئیسلامیی ئێران، له نزیكبوونه‌وه له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا دوور بكاته‌وه. بۆیه ئێرانیش به‌دوودڵییه‌وه هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ڕووسیا ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات به شێوه‌ی تاكتیكی (نه‌ك ستراتیژی) به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی له ناوچه‌كه و له ململانێكانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، ده‌سته‌به‌ر بكات. لێره‌دا ئامانجی هاوبه‌شی ڕووسیا و ئێران، پاراستنی به‌شار ئه‌سه‌د و ڕێگه‌گرتن له زاڵبوونی لایه‌ن و ئه‌كته‌ره ناوچه‌یی و ناوخۆیییه‌كانی سووریایه له سیناریۆی داهاتووی سووریادا، یاخود لانی كه‌م ڕێگه‌گرتنه له كۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تی سووریا له لایه‌ن گرووپه سوننه‌كان و دژبه‌رانی ڕژێمی ئێستای سووریا كه له لایه‌ن ئه‌مریكا، توركیا و سعوودیا پاڵپشتی ده‌كرێن. له ڕاستیدا سووریا وه‌ك قه‌ڵغانێك وایه بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ئێران له ئاستی ناوخۆیی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیدا.
سێیه‌م: ڕووسیا و په‌یوه‌ندیی ئاڵۆز له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه
به شێوه‌یه‌كی گشتی، له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌ت له سووریادا ئامانجی ستراتیژی و درێژخایه‌نی ڕووسیا له‌گه‌ڵ ئێران، زۆر پێكنانكۆكه، چونكه ڕووسیا هاوكار و هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی ئیسڕائیل و ته‌نانه‌ت سعوودیایه، به‌م هۆیه‌یشه‌وه كه ئێران ئه‌وه ده‌زانێت كه ڕووسیا ڕێگه نادات دواجار حیزبوڵڵای لوبنان ئه‌وه‌نده به‌هێز و زاڵ بێت كه هه‌ڕه‌شه بۆ ئاسایشی ئیسڕائیل دروست بكات.
له كاتێكدا حیزبوڵڵای لوبنان یه‌كێك له گه‌وره‌ترین گرووپه‌كانی لایه‌نگری ئێرانه و، كۆماری ئیسلامیی ئێران له ڕیگه‌ی ئه‌و گرووپه‌وه هاوكێشه‌كانی له ناوچه‌كه ڕاست ده‌كاته‌وه و مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر خۆی دوور ده‌كاته‌وه.
له لایه‌كی تریشه‌وه، ڕووسیا هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌ندییه‌كی نزیكی له‌گه‌ڵ سعوودیا هه‌بێت و، به‌م پێیه‌یش پاراستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی تری ئیسلامیی عه‌ره‌بیی ناوچه‌كه. ئه‌م هاوكێشه‌یه له كاتێكدایه كه ڕووسیا پاڵپشتی له ئه‌سه‌د ده‌كات و، سعوودیا و ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی ناوچه‌كه‌یش پاڵپشتی له ئۆپۆزیسیۆنی سووریا؛ لێره‌وه‌یه كه ڕووسیا ئه‌و سیاسه‌ت فره‌ڕه‌هه‌نده به‌ڕێوه ده‌بات. هه‌روه‌ها ڕووسیا له په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا، سیاسه‌تێكی چه‌ندئاستی و فره‌ڕه‌هه‌ند په‌یڕه‌و ده‌كات. له لایه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی ئابووری و بازرگانیی له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌یه و، له لایه‌كی تریشه‌وه هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی توركیا له ئاسیای ناوه‌ڕاست و قه‌وقاز ده‌دات؛ به هۆی ئه‌وه‌ی كه ڕووسیا ئه‌و ناوچانه به شێوه‌یه‌كی مێژووی و نه‌ریتی به "حه‌وشه‌ی پشته‌وه"ی خۆی ده‌زانێت و كاریگه‌ری و ڕۆڵ و نفووزی توركیا به پێشینه‌ی ئیسلامی- توركی، ده‌توانێت هاوكێشه‌كان له قازانجی توركیای ئه‌ندامی ناتۆ بگوڕێت. ڕه‌هه‌ندێكی تریشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پرسی وزه له نێوان توركیا و ڕووسیادا، كه ئه‌مه‌یش هه‌مدیس، وا ده‌كات ڕووسیا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر توركیا هه‌بێت. به‌ڵام له سووریادا، ڕێگه له هه‌ر پلانێكی توركی ده‌گرێت كه دژی حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د بێت.
به‌گشتی، ئه‌مه جگه له كاریگه‌ریی فاكته‌ر و پرسی وزه له قه‌یرانی سووریادا و هه‌وڵی ڕووسیا بۆ دروستكردنی توانای كۆنترۆڵی ئاسایشی گواستنه‌وه‌ی وزه(به‌تایبه‌ت غاز) له ناوچه‌كه بۆ ئه‌وروپا و پاراستنی باڵاده‌ستیی خۆی له‌و بواره‌دا. به‌م واتایه كه سووریا ئه‌و ده‌رفه‌ته ده‌داته ڕووسیا، كه بتوانێت له هاوكێشه جیۆستراتیژی و جیۆپۆلیتیكییه‌كاندا ئه‌و كارته دژی ڕۆژاوا به‌كار بێنێت و ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا بۆ دابینكردنی وزه، گرێدراوی وزه‌ی ڕووسیا بن. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه به نه‌مانی ئه‌سه‌د و له‌ده‌ستچوونی پێگه‌ی سه‌ربازیی ڕووسیا له سووریا، كۆی هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه.
چواره‌م: ڕووسیا و دڵه‌ڕاوكێ و مه‌ترسیی گرووپه ئیسلامییه‌كان
ڕه‌هه‌ندێكی دیكه‌ی ئه‌و جه‌نگه و دڵه‌ڕاوكێیه‌كانی ڕووسیا، بریتییه له بوون و بكه‌رایه‌تیی گرووپه ئیسلامییه توندڕه‌وه‌كان، كه بۆ ڕووسیا ده‌توانن سه‌رچاوه‌ی كێشه بن، چ له ناوچه‌ی قه‌وقاز و ئاسیای ناوه‌ڕاست و چ له ناوخۆی ڕووسیا، كه ئه‌م جۆره گرووپانه و لایه‌نگرانیان چه‌ندین جار ئاسایشی ڕووسیایان كردۆته ئامانج.
ئه‌م پرسه بۆ ڕووسیا پێشینه‌ی مێژووییی هه‌یه و، هه‌ر ئه‌و گرووپانه له ئه‌فغانستان به یارمه‌تیی ئه‌مریكا و سعوودیا، شكستیان به ڕووسیا هێنا و بوونه هۆی پاشه‌كشه‌كردنی ڕووسیا له ئه‌فغانستان. بۆیه، ڕووسیا له لایه‌ك هه‌وڵ ده‌دات ڕووبه‌ڕووی ئه‌و مه‌ترسییانه ببێته‌وه، به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی خۆی؛ له لایه‌كی تریشه‌وه، بوونی ئه‌و گرووپه توندڕه‌وه‌انه ڕه‌وایه‌تی ده‌داته بوون و ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازیی ڕووسیا له سووریا و له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ڕۆژاوا، ئامانج و دوژمنی هاوبه‌شیان بۆ دروست ده‌كات. به‌ڵام خاڵی سه‌ر‌نجڕاكێش له پێناسه‌كردنی تیرۆر و تیرۆریزم له نێوان ئه‌مریكا و ڕووسیایه، به‌م مانایه كه هه‌ر كامه‌یان گرووپێك (به‌پێی لایه‌نگری یاخود دژایه‌تی) له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پێناسه ده‌كه‌ن.
پێنجه‌م: فاكته‌ری كورد له هاوكێشه سیاسییه‌كاندا
ڕووسیا له‌م هاوكێشه‌یه‌دا، به كارتی كورده‌كانیش یاری ده‌كات. به‌م واتایه كه له لایه‌ك له هاوكێشه سه‌ربازی و سیاسییه‌كاندا دژ به توركیای ئه‌ندامی ناتۆ به‌كاریان دێنێت و له سووریایش پاڵپشتییان لێ ده‌كات. لێره‌دا ئه‌مریكایش بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ داعش و گرووپه تیرۆریستییه‌كانی تر و هه‌روه‌ها به مه‌به‌ستی دروستكردنی پێگه‌یه‌ك بۆ سیناریۆكانی داهاتوو و كه‌مكردنه‌وه‌ی نفووزی ڕووسیا، یارمه‌تییان ده‌دات.
به‌ڵام له ڕاستیدا، بۆ ڕووسیا فاكته‌ری كورده‌كان به هۆی جیۆپۆلیتیكی ناوچه كوردییه‌كان له چوارچێوه‌ی ئامرازێك بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی باڵانسی هێز له ناوچه‌كه، له هه‌مبه‌ر ده‌وڵه‌تانی نه‌یاری ڕووسیا گرنگیی هه‌یه. چونكه له‌و شوێنانه‌ی كه ڕووسیا، ناتوانێت ڕاسته‌وخۆ ده‌ستێوه‌ردان بكات و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه لاواز بكات، له هاوكێشه سیاسییه‌كاندا كه‌ڵك له كارتی كورده‌كان وه‌رده‌گرێت.
بۆیه، جۆری ڕوانینی ڕووسیا بۆ پرسی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر چۆنیه‌تیی سیاسه‌ت، ستراتیژی و په‌یوه‌ندیی ڕووسیا له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه كوردی تێدایه، به‌و مانایه‌ی وه‌ك فاكته‌رێكی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكات، به‌ڵكوو گرێ‌دراو و درێژكراوه‌ی سیاسه‌تی ڕووسیایه له هه‌مبه‌ر ئێران و سووریا و توركیا و عێراق. ئه‌زموونه مێژوویییه‌كان ئه‌و ڕاستییه ده‌سه‌لمێنن؛ به‌تایبه‌ت له باشووری كوردستان له میانه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول و، ئاست و جۆری په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق.
به‌م پێیه‌یش، به هۆی بارگرژی له په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه، به‌تایبه‌ت له سووریا و درێژه‌كێشانی جه‌نگ له‌م وڵاته و دروستبوونی هه‌رێمێكی فیدراڵ و نیمچه سه‌ربه‌خۆی كوردیی نزیك له "په‌كه‌كه" له سنووره‌كانی توركیا، كه له لایه‌ن ڕووسیا و ئێران و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاواییی وه‌كوو ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه پاڵپشتی و هاوكاری ده‌كرێن و، به‌م پێیه‌یش ئه‌ردۆغان به هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی توركیای ده‌زانی/ ده‌زانێت، وای كرد كه توركیا هانا بۆ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و پاڵپشتییه، واته "ڕووسیا" به‌رێت كه كاریگه‌ری و نفووزی به‌رچاوی له‌سه‌ر ئێران و حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د له سووریا هه‌یه. لێره‌وه‌یه كه ڕۆڵی فاكته‌ری كورد و جۆڕی تێڕوانین، سیاسه‌ت و ته‌نانه‌ت ستراتیژیی ڕووسیا له هه‌مبه‌ر كورددا ده‌رده‌كه‌وێت.
شه‌شه‌م: سووریا و پرسه ستراتیژییه‌كانی ڕووسیا
ڕووسیا، تا ئه‌و كاته‌ی كه پرسی ئۆكراینا و ئابڵووقه ئابوورییه‌كانی ڕۆژاوا له دژی به‌رده‌وام بێت، درێژه به‌م ململانێیه ده‌دات. ڕووسیا بۆی ده‌ركه‌وتووه كه هه‌ر پاشه‌كشه‌یه‌ك له‌و ناوچه‌یه‌ی ئێستا، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پێگه‌ی ڕووسیا له ناوچه‌كانی تری نفووزی ده‌بێت و، به‌ته‌واوی سنووردار و كۆنترۆڵ ده‌كرێت.
بۆیه، ڕووسیا له ڕووداو و گۆڕانكارییه‌كانی ڕابردووی له لیبیا و عێراق و ته‌نانه‌ت تونس، ئه‌زموونی وه‌رگرتووه. ئه‌مه‌یش به‌و واتایه دێت كه ڕووسیا بۆ ئه‌وه‌ی دووباره، ببێته‌وه به هێزێكی كاریگه‌ری نێوده‌وڵه‌تی و له ئه‌وروپادا ڕێز له پێگه‌ی بگیرێت و به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌سته‌به‌ر بكرێت، هه‌وڵ ده‌دات له ناوچه‌كانی تردا ئه‌م هاوكێشه و دانوستاندنه، یه‌كلایی بكاته‌وه.
له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه ڕووسیا (به‌تایبه‌ت پووتین) بۆی ده‌ركه‌وتووه كه به پاشه‌كشه له سووریا، نه‌ك ناوچه‌ی "ده‌ره‌وه‌ی نزیك"ی ڕووسیا پارێزراو نابێت، به‌ڵكوو ئه‌مریكا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌خوڵقێت كه له كاروباری سیاسی و ناوخۆییی ڕووسیایش ده‌ستێوه‌ردان بكات.
بۆیه له ڕوانگه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕووسیا، پێویسته ڕووسیا كێشه و ململانێیه‌كانی لێره‌دا به‌ڕێوه به‌رێت و، پاش وه‌رگرتنی ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ی كه له قازانجی ستراتیژیی ڕووسیایه، هه‌وڵی ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕۆژاوا بدات. ئه‌مه‌یش نایه‌ته‌دی، تاوه‌كوو ڕووسیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست (لێره‌دا سووریا) خاوه‌ن پێگه، ناوچه‌ی نفووز و ده‌وڵه‌تی لایه‌نگر نه‌بێت، كه مانه‌وه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕووسیادا بێت. كۆنترۆڵی به‌نده‌ری ته‌رتوس، ئه‌و ئامانجه ستراتیژییه‌ی ڕووسیا ده‌سته‌به‌ر ده‌كات و ڕێگه نادات ناتۆ هه‌موو ده‌ریای ناوه‌ڕاست كۆنترۆڵ بكات و هێزی ده‌ریاییی ڕووسیا له ئاوه گه‌رمه‌كاندا بێبه‌ش بكرێت.
لێره‌دایه كه ڕووسیا ده‌یه‌وێت به به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ململانێیه‌كان له سووریا، هاوسه‌نگیی هێز بگۆرێت و له پێگه‌یه‌كی به‌هێزه‌وه له‌سه‌ر داهاتووی ئه‌سه‌د و دانوستاندنه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ڕێك بكه‌وێت. بۆردوومانی توند و قورس، ئابڵووقه و كوشتاری خه‌ڵكی سڤیل له "حه‌له‌ب"، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت.
كۆبه‌ند:
ڕووسیا بۆ دووباره گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر شانۆی سیاسه‌تی جیهانی، به‌پێی ستراتیژیی دروستكردنی هاوپه‌یمانیی به‌رفراوان (extensive alliance – building) له ناوچه جیاجیاكان، ستراتیژیی نوێی خۆی جێبه‌جێ ده‌كات.
ستراتیژیی سه‌ره‌كیی ڕووسیا ئه‌وه‌یه كه له گوشار و سنووردارێتیی جاران له ناوچه‌ی "ده‌ره‌وه‌ی نزیك"ی خۆی ڕزگاری بێت و چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفته‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به سازشی ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی له ناوچه‌كانی تری جێگه‌ی مشت‌ومڕ و ململانێی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌به‌ستێته‌وه. بۆ نموونه ئاسیای ناوه‌ڕاست و قه‌وقاز و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌ی باڵتیك و...هتد.
به‌م واتایه كه ستراتیژیی ڕووسیا، بوون به" هێزێكی گه‌وره‌ی مۆدێرنی نۆرماتیڤ" ،(Normalized Modern Great Power)، كه هه‌م پابه‌نده به پڕه‌نسیپه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و به‌شداره له كاروباری جیهانی و، هه‌میش وه‌كوو هێزێكی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی مامه‌ڵه و هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
به‌پێی ئه‌م ستراتیژییه، ڕووسیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌وڵ ده‌دات هاوسه‌نگییه‌ك له نێوان په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی سوننه‌ی عه‌ره‌بی، ئیسڕائیل و توركیا له لایه‌ك و، له لایه‌كی تره‌وه ئێران و ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د له سووریا و بزووتنه‌وه ڕادیكاڵه شیعه‌كان دروست بكات.
ئه‌مه‌یش ئاڵۆزی و كێشه‌ی بۆ ستراتیژی، سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ته‌نانه‌ت گرفت بۆ هاوكاری، هاوپه‌یمانی، ڕه‌فتار و خوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه دروست كردووه. له‌وه‌یش گرنگتر ئه‌وه‌یه كه ڕووسیا له‌وه تێ گه‌ییشتووه كه ئه‌گه‌ر له ڕابردوودا ئه‌مریكا له شكاندنی هێڵی سووری ئۆباما (له‌سه‌ر به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له لایه‌ن ئه‌سه‌ده‌وه)، نه‌یتوانی هیچ دژه‌كرده‌وه‌یه‌كی هه‌بێت، له‌و ماوه كه‌مه‌ی كه له سه‌رۆكایه‌تیی ئۆباما ماوه، ئیداره‌كه‌ی ناتوانێت هیچ هه‌نگاوێكی جددی و سه‌ربازی له دژی ئه‌سه‌د و ڕووسیا هه‌ڵگرێت. ئه‌مه‌یش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر ئاسایشی مرۆیی و به‌رزبوونه‌وه‌ی توندوتیژی و جه‌نگ له سووریادا؛ چونكه ڕووسیا ده‌یه‌وێ هاوسه‌نگیی هێز له حه‌له‌ب بگۆڕیت، تاوه‌كوو له ئۆكراین گۆڕانكاری به‌سه‌ر هاوكێشه‌كاندا بێت.