ڕزگارکردنی مووسڵ پێویستیی بە بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکانە

گرتنەوەی مووسڵ، بووه‌تە گەورەترین و ئاڵۆزترين پرسی سیاسی وڕۆژنامەوانیی ئەم ناوچەیە. ڕۆژنامەنووسەکان بە دوای هەواڵی سەرنجڕاکێشدا دەگەڕێن؛ بۆ نموونە كاتژمێر سفری پرۆسەکە، یان وێنەیەکیان دەست بکەوێت لەو شه‌ڕەی کە هێشتا دەستی پێنەکردووە. هێشتا شه‌ڕه‌كه‌ دەستی پێنەکردووە، باس لە بەشداریکردن وبەشداری پێنەکردنی دەوڵەتێك یان لایەنێك یان هێزێکی چەکدار دەکرێت. هێزەکانی ناوچەکە چاو لە یەكتر سووردەکەنەوە، لە هەمان کاتدا، خۆیان بە ڕزگارکەری پێشوەختەی مووسڵ دادەنێن. چەندین دەوڵەت لە ڕزگارکردنی مووسڵدا بەرژەوەندیی ستراتیژییان هەیە، کەچی نایانه‌وێت یەك سەربازی خۆیان بۆنی باڕووتی شه‌ڕه‌کە بکات، یان ئامادە نین یەك سەنتیش لەم شه‌ڕه‌دا خه‌رجبکه‌ن. چەندین دەوڵەت، خۆیان تەواو ئامادەکردووە بۆ شه‌ڕی مووسڵ، بەڵام هەڵگری ئەجێندایەکی قووڵترن لە ڕزگارکردنی مووسڵ. بۆ ئەم وڵاتانە، گرتنەوەی مووسڵ هەنگاوی یەکەمە؛ هەنگاوی دیكه‌ی سیاسیی ڕاگەیه‌نراو و ڕانەگەیه‌نراویش هەن. حکوومەتی عێراقیش، ئەڵقەی هەرە لاوازی هاوکێشەکانە. لە ماوەی زیاتر لە ٢٨ مانگی داگیرکردنی مووسڵ لە لایەن داعشەوە، ئەو حکوومەتە جگە لە قسەی ڕاگەیاندن کارێکی ئەوتۆی لەسەر زەوی نەکردووە. جەنگی ڕاگەیاندن لە نێوان وڵاتان و سوپاکانی "ڕزگارکەر"ی شاری مووسڵ دەستیپێکردووە، کەچی شه‌ڕی ڕاستەقینەی دژی داعش له‌و شاره‌، دەستی پێنەکردووە.

ئەوەی یەكلابووه‌تەوە، چەندین هێز بەشداری لە ڕزگارکردنی مووسڵدا دەکەن: سوپای عێراقی، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، حەشدی وەتەنی، ئەمریکا و فەرەنسا. ڕوون و ئاشکرایە، ئەم پرۆسەیە بەبێ کورد ئەنجام نادرێت، زۆربەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ ڕازیکردنی هەرێمی کوردستانە بۆ بەشداریکردنی. تۆکمەترین ونزیکترین هێزی زەمینی لە مووسڵ، پێشمەرگەیە. هەرچەندە بەهێزبين، بەڵام چه‌ند خاڵێك هەن پێویستە پێش دەستپێکردنی ئەم شه‌ڕه ‌ڕەچاو بکرێن.شه‌ڕی مووسڵ پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و لەوانەیە  درێژخایەن بێت، بۆیە پێویستیی بە خۆئامادەکردنێکی سەربازی و سیاسی، هەروەها یاساییش هەیە.

دوای ئەم پێشەکییە، دەمەوێ بە دیدێکی جیاوازەوە بڕوانينه ‌شه‌ڕی مووسڵ. بۆ خۆڕزگارکردن لەو کێشمەكێش و ئاڵۆزییانەی کە لە پێش و دوای شه‌ڕی مووسڵ دەستی پێ کردووە، پێشنیاز دەکەم بڕیارێکی پێشوەختە لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانه‌وه‌ ده‌ربچێت كه‌ تایبەت بێت بە ڕزگارکردنی مووسڵ، لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە: 

یەکەم:بەنێودەوڵەتیکردنی شه‌ڕی مووسڵ لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە

هەرچەندە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەزگایەکە ڕەهەندی سیاسی و ئەمنیی تێدا زاڵە، بەڵام لە زۆر کات و شوێندا وەکوو دەزگایەکی یاساییش کاری کردووە. بەتایبەتی لە کاتی دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ شه‌ڕێكی دیاریکراو و ڕێگه‌دان بۆ دەستپێکردنی شه‌ڕێكی ڕەوا. لە ڕۆژی ئەمڕۆدا، ئەنجوومەنی ئاسایش باشترین دامەزراوەی نێودەوڵەتییە بۆ ڕاگەیاندنی شه‌ڕێكی هاوشێوەی شه‌ڕی مووسڵ.

سەبارەت بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە هەرێمییەکانیش،تاوەکوو ئەمڕۆ، ڕێکخراوی ناتۆ NATO (ڕێکخراوی پەیماننامەی باکووری ئەتلەنتیك) بایەخێکی ئەوتۆی بۆ جەنگی داعش لە سووریا و عێراق نەبووە. وا هەستدەکەین کە NATO ، خۆی لەو ناوچە جوگرافییانەی کە ناکەونە چوارچێوەی کاری ئەم ڕێکخراوەوە، بەدوور دەگرێت؛ عێراق ئەندام نییە لەم ڕێکخراوەدا، هەروەها NATO نایەوێت ئەزموونێکی نوێی کۆزۆڤۆ، لە مووسڵ دووبارە بکاتەوە. لە هەمان کاتدا، بەشداریکردنی ئەم ڕێکخراوە، لەوانەیە کاردانەوەیەكی خراپ لە لایەن دەوڵەتانی "دژە ناتۆ"وە درووست بکات. ئەگەری ئەوە هەیە ئەم دەوڵەتانە بە شێوەیەکی تر و بە ئەجندایەکی جیاوازەوە، بێنە ناو شه‌ڕی مووسڵەوە.

لە لایەکی ترەوە، عێراق ئەندامە لە ڕێکخراوی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی. باوەڕ ناکەین ئەم ڕێکخراوە بتوانێت بۆ هێرشی سەر مووسڵ، یەك هەنگاويش بنێت. لە هەموو ڕوویەكه‌وە ڕێکخراوێکی ئیفلیجە. لە ماوەی تەمەنی ٧٠ ساڵەی ئەم ڕێکخراوەدا، جگە لە چەند ڕاگەیه‌نراوێك دژی ئیسرائیل، هيچ کردەوەیەکی سەربازیی نەبووە. کەواتە سەیر نییە بڵێین بە هیچ شێوەیەك ڕزگارکردنی شاری مووسڵی زۆرینە عەرەبی سوننی،بە كۆمکاری عەرەبی نابێت و ناکرێت.

یاسای نێودەوڵەتی پێمان دەڵێت كه‌ هەر دەستێوەردانێكی دەرەکی لە لایه‌ن هەر دەوڵەتێکەوە بێت، نایاسایییە. تەنیا بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، یان ڕەزامەندیی دەوڵەتی پەیوەندیدار، دەتوانێت ڕێگه‌ بۆ ئەم دەستێوەردانە خۆش بكات. سەبارەت بە پرسی ڕزگارکردنی مووسڵ، بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان باشترین ميکانيزمە بۆ ئەوەی بەرگێكی یاسایی، بكرێته‌ به‌ر شه‌ڕی مووسڵ. ئەم شه‌ڕه‌، پێویستە دووربێت لە بەرژەوەندیی تەسك و تاكلایەنەی هەندێك دەوڵەت، هەروەها نابێت بکرێت بە هۆکارێك بۆ تۆڵەکردنەوە لە مێژوو، یان لە پێکهاتەیەکی دانيشتووی شاری مووسڵ. 

دووەم:دیاریکردنی ئامانج و ئامراز و ئەکتەرەکانی شه‌ڕه‌كه‌ لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە

پرسی ڕزگارکردنی مووسڵ لە دەستی تيرۆریستانی داعش، لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا پرسێکی تەواو ڕەوایییە. ئێمە لێرەدا، هۆکاری ڕەوابوونی ئەم پرسە باس ناکەین، بەڵام دەمانەوێت هۆکاری دەرچوونی بڕیارێکی نوێ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بخەینە ڕوو. شه‌ڕی مووسڵ بابەتێکە دەچێتە چوارچێوەی جەنگی دژی تیرۆر، بەتایبەتیتریش، جەنگی دژە داعش. ئەم بابەتە بەنێودەوڵەتی بووە و، چەندین بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکانمان بۆ ئەم مەبەستە هەیە. ڕاستە بڕیاری ٢٢٤٩ی ڕۆژی ٢٠/١١/٢٠١٥، داوا لە هەموو وڵاتانی جیهان دەکات کە شوێنە پارێزراوەکانی داعش و هاوشێوەکانی لەناوببردرێن، بەڵام ئەم قسەیە زۆر گشتییە، پێویستیی بە دەقێکی تایبەت هەیە بۆ شاری مووسڵ. مووسڵ، دووەم گەورەترین شاری عێراقە. پایتەختی بەناو خیلەفەتی دەوڵەتی ئیسلامە. ئامارەکانی ڕۆژ، وانيشان دەدەن نزیکەی یەک مليۆن نیو تا دوو ميلۆن کەسی سیڤیلی تێدا دەژیت. بڕیارێکی نوێ و پێشوەختەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ شه‌ڕی مووسڵ پێویستە. ئەم بڕیارە نوێیە، ده‌بێ ئامراز و هاوپەیمانەکان و ئەکتەرەکان و ئامانجی ئەم شه‌ڕه‌ دیاری بكات. بڕیاری ٢٢٤٩، تەنیا ئامانجی دیاری كردووه‌، كه‌چی ئامرازەکانی دیاری نەکردووە، بەڵام خودی ئامرازەکان (واتا سوپای دەوڵەتانی ڕزگارکەر) خەریكی هەڕەشەن لە یەکتر و، لەوانەیە جەنگی دژە داعش بگۆڕدرێت بۆ جەنگێکی نێودەوڵەتی، لەسەر زەویی شاری مووسڵ.

دۆخی داگيرکراوی مووسڵ، خۆی هەڕەشەیەكە بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و، ئەگەریش هەیە کە شه‌ڕی مووسڵيش ببێت بە هەڕەشەیەکی فراوانتر بۆ سەقامگیریی نێودەوڵەتی و ناوچەکە، بە تایبەتی بۆ كوردستان. بۆیە دەزگه‌ی هەرە سەرەکیی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەنجوومەنی ئاسایش)، دەبێت جڵەوی تەواوی شه‌ڕی مووسڵ بگرێتە دەست، هه‌روه‌ك چۆن بۆ ڕزگارکردنی کوێت ڕوویدا. پێویستە زۆر بەڕوونی هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی لەژێر سێبەری نەتەوە یەکگرتووەکان دابمەزرێت کەتەنیا، کاری شه‌ڕی مووسڵ و چارەسەری کێشە و دەرهاوێشتە نەخوازرەکان بکات.

سێیەم: دووبارەنەبوونەوەی ئەزموونی حەلەب

مووسڵ و حەلەب، ٦٢٦ کیلۆمەتر لە یەکەوە دوورن. پرۆفيسۆر Dominique Moisi پێی وایە چارەنووسی ئەم دوو شارە، گرێدراوی یەکن.(١) گەورە ئەفسەرێکی فەرەنسی پرسیار دەکات ودەڵێت "کام لەم دوو شارە، پێش ئەوی تریان دەگيرێت؟" گرتنەوەی شاری مووسڵ و شاری حەلەب، دوو شێوازی جەنگیی جیاوازن. شه‌ڕی حەلەب، شه‌ڕێكی کلاسیکی و خوێناوییە؛ حکوومەتی سووری و ڕووسی، پێکەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خۆیان دەیانەوێت بە هەر نرخێك بێت ئەم شارە ڕزگار بکرێت. ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ دەرکردنی بڕیارێك سەبارەت بە ڕێکخستنی شه‌ڕ لە حەلەب شکستی هێناوە؛ لە ٨/١٠/٢٠١٦، دوو پرۆژە بڕیاری فەرەنسی و ڕووسی، سەبارەت بەم شه‌ڕه‌شکستیان هێنا. دەنگدان لەسەر ئەم دوو پڕۆژەیە، بە شێوەیەکی جیا بوو؛ "ڤيتۆ"ی ڕوسیا، ڕێگر بوو لە قبووڵکردنی پڕۆژەکەی فەرەنسا و، زۆرینەیش دژی پڕۆژەکەی ڕووسیا بوون. بەڵام کاتێك دێینە سەر شه‌ڕی مووسڵ، هيچ دەوڵەتێك باسی پرۆژە بڕیار لە نەتەوە یەکگرتووەکان ناکات. جیاوازیی نێوان شه‌ڕی مووسڵ و شه‌ڕی حەلەب، لێرەدا دەردەکەوێت.

جەنگی حەلەب چەند ساڵێكە بەردەوامە و تا ئێستا نەتوانراوە بڕیارێك دەربکرێت، بەڵام جەنگی ڕاستەقینەی مووسڵ دەستی پێنەکردووە. ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ دەوڵەتان بير لە پڕۆژە بڕیارێك بکەنەوە تاوەکوو دۆخەکە ئاڵۆزتر نەبووە لە مووسڵ. جیاوازییەکی تری نێوان شه‌ڕی مووسڵ و حەلەب، ئەوەیە، وا هەست دەکرێت، کە جەنگی حەلەب جەنگی زلهێزی ڕوسیایە، شه‌ڕی مووسڵ جەنگی زلهێزی ئەمریکایە. ئەم دوو زلهێزە، شێوازی جەنگەکەیان جیاوازە. ئەمریکا جەنگی  ٢٠٠٣ ی لە عێراق بە هێزێکی تەواوە دەستپێکرد و بێ ڕەزامەندی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، بەڵام ئێستا شێوازی جەنگی خۆی گۆڕیوە، زیاتر کار لەسەر هاوکاریکردنی هێزە ناوخۆییەکانی عێراق دەکات: پێشمەرگە، سوپای عێراق و هۆزەکان. کەواتە هەڵوێستی ئەمریکای ئێستا و ٢٠٠٣ تەواو گۆڕاوە. ئێستا ئەمریکا کار لە سەر قەناعەتپێکردنی هێزە ناوخۆیییەکان دەکات، تا پێی بکرێت هێزی سوپای ئەمریکی بەکارناهێنێت. ئەمریکا دەیەوێت سەربازی خۆی نەکات بە قوربانیی جەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست. لە ئەنجامدا وا هەست دەکات کاریگەر تر دەبێت ئەگەر تەنیا بە هێزی ئاسمانی بەشداری بکات. بەڵام ئەم جۆرە شێوازە نەرمەی ئەمریکا لە شه‌ڕی مووسڵ، ڕێگا خۆشکەر دەبێت بۆ دەستێوەردانی هەندێك هێزی تری ناوچەیی وەك تورکیا و ئێران و ڕووسیا.

کەواتە، بۆ ئەوەی جەنگێکی خوێناوی دوور و درێژی وەکوو جەنگی حەلەب ڕوونەدات لە مووسڵ، پێویستە پرسی دەستپێکردن و بەردەوامیی ئەم جەنگە لە ڕێگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕێکبخرێت، وەكو دەسەڵاتێکی بێلایەن لەم جەنگەدا، ڕۆڵێکی کۆکەرەوەی هێزەکانی دەبێت. لەو باوەڕەدایین ئەمریکا و فەرەنسا، دوو دەوڵەتی زلهێزی خۆئامادەکەر بۆ شه‌ڕی مووسڵ، بیانەوێت مۆدێلێکی باشتر لە مۆدێلی جەنگی حەلەب پێشکەش بکەن. بەڵام پرسیار ئەوەیە بەم هەڵوێستە سەربازییە جیاوازەی ئەمریکا لە ناوچەکە تا چەند سەرکەوتوو دەبن لە جەنگێکی درێژخایەن لەمووسڵ؟

چوارەم: تێوەگلانی تەواوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پرسی مرۆیی و ئاوارەکان

 کەس نازانێت شه‌ڕی مووسڵ چەند کات دەخایەنێت؟ شار هەیە لە سووریای دراوسێ، پێنج ساڵی ڕەبەقە لە جەنگدایە. کەس نازانێت چەند کەس دەربەدەر و ئاوارە دەبن لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم جەنگە؟ کەس نازانێت شه‌ڕی مووسڵ جەنگی نوێ بەرهەم دەهێنێت؟ ئایا جەنگی دوای مووسڵ، جەنگی نێوان پێکهاتەکانی عێراق دەبێت؟ یان جەنگێکی ناوچەیی لە نێوان دەوڵەتانی دراوسێ دەبێت؟ یان جەنگێکی نێوان زلهێزەکانی جیهان دەبێت؟ کەس نازانێت تێچووی دارایی ئەم جەنگە چەند دەبێت؟ قوربانیی یەکەمیش دیارە، کەسی سیڤیل ناوچەکە و بە تایبەتی کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەیییەکان دەبێت. نزیکترین و ئارامترین شوێنێش ڕوو تێبکەن دیسانەوە هەرێمی کوردستانە.

ڕوون و ئاشکرایە کە هەرێمێش توانای بەرگەگرتنی ئەم هەموو شەپۆلە ئاوارەیە ناگرێت. كوردستان خۆی ئێستا لە قەیرانی ئابووریدا دەژيت. هەر لێرەوە، بە پێویستی دەزانم کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیی ڕەوشی ئاوارە و کەمایەتییەکان لە ناوچەکەدا بکات. ڕاستە، تا ڕادەیەك دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کوردستاندا ئاکتيڤ بوونە، بەڵام هاوکارییەکان سنووردارن. دیدگایەکی ڕوون و فراوانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە، جگە لە هاوکاری مرۆیی، پێویستە لە ڕوانگەی تری ئابووری، سیاسی و ئیدارییشەوە هەبێت. هەر لە ئێستاوە کار بکرێت بۆ بنیاتنانەوە ئاشتی (Peace Building(. تێوەگلانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەك بێت، کە نەتوانێت خۆی بكێشێتەوە، هەروەکوو لە ساڵی ١٩٩٤ لە سۆماڵدا ڕوویدا. نزیکردنەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم ناوچەیە پێویستە، لەبەرئەوەی، ئەگەری هەیە، جەنگی تر بەڕێوەبن.

پێنجەم: پێناسەکردنی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە

نە عێراق، نە ئەمریکا، نە نەتەوە یەکگرتووەکان و نە هیچ هێزێکی تر نکوڵی ناکەن لە ڕۆڵی کاریگەریی پێشمەرگە لە شه‌ڕی مووسڵ. ئەم شارە زۆر نزیکە لە هەرێم؛ شاخ و گردەکانی کوردستان سێبەر دەکەن بۆ شاری مووسڵ و باروتی چەکە تەقێنراوەکان لە موسل، لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان هەست بە بۆنی دەکرێت. لە پارێزگای نەینەوا و لە دوایین هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ٢٠١٣، ليستی کوردستانی (پێکەوەژیان و برایەتی) یەکەم بوو، توانی ١١ کورسی لە کۆی ٣٩ کورسی بەدەستبهێنێت. ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لە پارێزگای نەینەوا دەنگ بۆ پارتە کوردستانییەکان دەدەن، دەگاتە نزیکی لە %٣٠ی کۆی دانيشتووانی پارێزگاکە. لە هەمان کاتدا بەشێکی زۆری نەینەوا دەکەوێتە چوارچێوەی ناوچە جێناکۆکەکان کە بە کێشەی ماددەی ١٤٠ ی دەستوری عێراقی ناسراوە.

لێرەدا نامەوێت زیاتر باسی گرنگیی پێگەی شاری مووسڵ بۆ هەرێمی کوردستانبکەم، بەڵام دەمەوێت باس لە پێگەی پێشمەرگە بکەم لە شه‌ڕی مووسڵدا. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دەستوری عێراقی ٢٠٠٥ و یاسای وەزارەتی پێشمەرگە ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠٠٧، پێگەی یاساییی پێشمەرگە لە ئاستی ناوخۆی عێراق کێشەیەکی ئەوتۆی نییە. ئەوەی مەبەستمە لێرەدا، بەهێزکردنی پێگەی یاساییی هێزی پێشمەرگەیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. زۆر بە داخەوەین، کاتێك هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کۆدەبنەوە، نوێنەری حکوومەتی هەرێم بەشداری پێناکرێت، یاخود هەندێك پەیمان و یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆ دەکرێن بە نهێنی دەمێننەوە یان ئەوەتا بە شێوەیەکی سەرزارەکی ڕادەگەیەنرێن، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی شه‌ڕی مووسڵ گۆڕانکارییەك لە هەڵوێستی بەغداد هەستی پێدەکرێت بە بەشداریپێکردنی نوێنەری هەرێم لە شاندی عێراق لە واشنتۆن. پرسیار ئەوەیە تا چەند ئەم هەڵوێستە نوێیەی عێراق بەردەوام دەبێت؟

بۆ دڵنەوایی زیاتر، بە پێویستی دەزانین کە ناوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بخرێتە ناو بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان وەکوو ڕزگارکەری شاری مووسڵ شان بە شانی هێزەکانی تر. ئەو کاتە بەشداریپێکردنی پێشمەرگە سیفەتێکی یاسایی و فەرمیی نێودەوڵەتی وەردەگرێت. ئەم جۆرە ئاماژەیە بۆ هێزی پێشمەرگە، پێگەی هێزی پێشمەرگە لە هێزێکی ناوخۆییەوە دەگۆڕێت بۆ هێزێکی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی. کاتێك نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگا دەدات بە هێزێك بۆ ئەرکێکی دیاریکراو، بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی لەو هێزەوە دەگواسترێتەوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان. واتا ئەگەر هەر زیادەڕەوییەك هەبێت لە کردەوەکانی ئەم هێزە ڕێگاپێدراوە، ئەوا ئەم ڕێکخراوە بەرپرس دەبێت. پێشمەرگە ئەرکێکی نێودەوڵەتیی سەرکەوتوو و کاریگەری ئەنجامدا لە کۆبانێ، ئەم جارەیان ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم ئەرکەی پێبسپێرێت، پێگەی پێشمەرگە بەهێزتر و بەڕێزتر دەبێت لە جیهاندا.

*     *     *

بۆ مێژوو دەڵێين، پرۆسەی ئازادکردنی شاری مووسڵ لە دەستی تيرۆریسانی داعش، پێویستی بە بڕیارێکی پێشوەختەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە، بەو شێوەیەی کە لە سەرەوە باسمان کردووە. نەبوونی ئەم جۆرە بڕیارە، گرتنەوەی مووسڵ ئاڵۆزتر دەکات و ترسی جەنگی ناوچەیی فراوانتر دەکات. پێمان وایە، تێوەگلانی هەر هێزێك  لە شه‌ڕی مووسڵ، پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی و ڕەسمی هەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان دیاریبکات. هەروەها لە ڕێگای ئەم ڕێکخراوەوە پێویستە،ڕۆڵ و پێگەی هەموو هێزەکانی بەشداربوو، بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە - بەڕوونی دابڕێژرێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples