پێشه‌كی:
ئه‌م ڕ‌سته‌یه‌ی سه‌ره‌وه، كه له‌م دوایییه له لایه‌ن یه‌كێك له فه‌رمانده‌كانی میلیشیا شیعه توندڕه‌وه‌كانی عێراق (عصائب اهل الحق)، به ناوی "قه‌یس خه‌زعه‌لی"یه‌وه ده‌ربڕدرا، كلیلی تێگه‌ییشتنه له ململانێ ئایدیۆلۆژییه‌كانی عێراق و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه ڕه‌هه‌ندی جیۆسیاسی و جیۆكاڵچه‌رییان هه‌یه. له‌م نێوه‌دا، ئه‌وه‌ی زیاتر دۆخه‌كه‌ی ئاڵۆز كردووه جه‌نگی به‌نوێنه‌رایه‌تیی كۆماری ئیسلامیی ئێران و میلیشیا و هێزه شیعییه‌كان له لایه‌ك و، توركیا و سعوودیا و هێزه سوننه‌كانه له لایه‌كی تره‌وه. جه‌نگی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ له‌ژێر كۆنترۆڵی داعشی سوننی، زیاتر ئه‌و پێكدادان و ململانێیانه‌ی ئاشكرا كردووه.
سه‌ره‌تای بارگرژییه‌كه
دۆخه‌كه كاتێك گه‌ییشته لێواری ته‌قینه‌وه، كه په‌رله‌مانی توركیا له 1ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ، ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی سوپای ئه‌و وڵاته‌ی بۆ ماوه‌ی ساڵێكی تر درێژ كرده‌وه. ئه‌وه‌یش، بووه هۆی كاردانه‌وه‌ی توندی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی عێراق و لیدوانه ئاگرینه‌كانی هه‌ردوو لایه‌نی عێراقی و توركی.
ئه‌مه گه‌ییشته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه به‌رپرسانی باڵای توركیا، به‌ئاشكرا ڕابگه‌یه‌نن كه ئێمه بۆ به‌شداری له جه‌نگی مووسڵ و بوونی هێزه‌كانمان له عێراق، پێویستیمان به مۆڵه‌تی عێراق نییه و، له به‌رامبه‌ریشدا به‌رپرسانی عێراقی، بۆ نموونه حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، ڕای بگه‌یه‌نێت كه ئێمه "به پیاوه‌كانمان مووسڵ ڕزگار ده‌كه‌ین نه‌ك له ڕێگه‌ی سكایپه‌وه". وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ په‌یامی ئه‌ردۆغان بۆ لایه‌نگرانی، بۆ هاتنه سه‌ر شه‌قام له شه‌وی كۆده‌تا سه‌رنه‌كه‌وتووه‌كه‌ی 15ی جولای له توركیا.
ئه‌م بارگرژییه، له‌و لێدوانه‌ی ئه‌ردۆغاندا كه له‌گه‌ڵ كه‌ناڵێكی عه‌ره‌بی ئه‌نجامی دابوو، زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند، كه ده‌رباره‌ی جه‌نگی مووسڵ و به‌شداریی هێزه شیعییه‌كان له پرۆسه‌ی ڕزگاركردنی ئه‌و شاره گوتبووی كه، توركیا و سعوودیا و قه‌ته‌ر و هاوپه‌یمانیی ڕۆژئاوایی، ڕێگه به هیچ كرده‌وه‌یه‌كی تائیفی ناده‌ن و ئه‌وانه‌ی ئه‌و شاره له‌پاش ئازادكردنه‌كه كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن، بریتین له عه‌ره‌به سوننه‌كان و توركمانه سوننه‌كان و كورده سوننه‌كان.
دڵه‌ڕاوكێ ئاسایشییه‌كانی توركیا
توركیا له ناوچه‌كه‌دا گه‌مه‌یه‌كی فره‌ڕه‌هه‌ند و ئاڵۆزی ده‌ست پێ كردووه. له لایه‌ك هه‌وڵی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ڕووسیا ده‌دات به‌ڵام له هه‌مان كاتدا پاڵپشتی له ئۆپۆزیسیۆنی سووریا له دژی حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌كات كه له لایه‌ن ڕووسیا و ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان و، به‌گشتی هێزه شیعییه‌كانی عێراقه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێت. له لایه‌كی تره‌وه، توركیا نیگه‌رانه كه پاش ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ، له ڕێگه‌ی به‌شداریی ئێران و هێزه شیعه‌كانی سه‌ر به كۆماری ئیسلامییه‌وه هاوسه‌نگیی هێز به‌ته‌واوی له سووریا و عێراق له دژی توركیا بگۆڕدرێت و، ئێران به‌ته‌واوی له ناوچه‌كه باڵاده‌ست بێت. ئه‌مه له كاتێكدایه كه په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا، به‌تایبه‌ت ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ڕۆژ به رۆژ ساردتر و ئاڵۆزتر ده‌بێته‌وه و، بێمتمانه‌یی، باڵی به‌سه‌ر ڕوانگه‌ی هه‌ردوو لایه‌نی ڕۆژئاوا و توركیا له هه‌مبه‌ر یه‌كتریدا، كێشاوه.
ئه‌مه‌یش وای كردووه كه توركیا بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی تای ته‌رازووی هاوسه‌نگییه‌كان، ڕوو بكاته ناوچه‌كه و، له‌م ڕێگه‌یه‌وه قورساییی جیۆسیاسیی خۆی له هاوكێشه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ده‌سته‌به‌ر بكات. به‌ڵام ئه‌و ڕه‌فتار و سیاسه‌ته ناوخۆیی و ناوچه‌یییانه‌ی توركیا، به‌تایبه‌ت دوای كۆده‌تای 15ی جولای له توركیا، وای كردووه كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان دوودڵ بێت له پاڵپشتیی توركیا و هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا، به‌تایبه‌ت به ده‌ستبه‌سه‌ركردن و دادگه‌ییكردن و له‌سه‌ركارلابردن و په‌راوێزخستنی به‌رپرسه باڵاكانی سوپای توركیا كه له ڕووی مێژوویییه‌وه ئاڵقه‌ی په‌یوه‌ندیی توندوتۆڵی نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و توركیا بوون، له لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه.
ڕاستییه‌كه‌ی، توركیا جگه له پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به وزه و ئابوورییه‌وه، له ڕووی پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به ئاڵوگۆڕه جیۆپۆلیتیكییه‌كانیشه‌وه به‌ره‌و باوه‌شی ڕووسیا ده‌چێت، به‌ڵام به‌م جیاوازییه‌وه كه ئامانج، مه‌به‌ست، ستراتیژی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕووسیا له ناوچه‌كه و له شوێنه‌كانی تری جیهان و هه‌روه‌ها قه‌باره‌ی هێز و تواناكانی ڕووسیا به به‌راورد له‌گه‌ڵ توركیا، زۆر جیاواز و ناهاوسه‌نگ و بگره پێكدژه.
له لایه‌كی تره‌وه، لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی ئه‌مریكی، كه ئه‌و هێزانه‌ی توركیا له عێراق، به‌شێك نین له هاوپه‌یمانیی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ، بارگرژی و ئاڵۆزیی زیاتری دروست كردووه و، ڕه‌وایه‌تیی به‌شداریی توركیای بردۆته ژیر پرسیار. ئه‌مه‌یش له ده‌رهاوێشته‌كانی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی توركیایه له ناوچه‌كه، كه ڕۆژئاوای نیگه‌ران كردووه و، هه‌ر به‌م هۆیه‌یشه كه ڕۆژئاوا زیاتر گرنگی ده‌داته كورده‌كان له سووریا و عێراق. ئه‌م خاڵه‌یش ئه‌وه‌نده‌ی تر توركیا دڵگران ده‌كات و ته‌نانه‌ت دڵه‌ڕاوكێی ئاسایشی بۆ توركیا دروست ده‌كات.
توركیا و ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ
توركیا، به به‌شداری و ڕۆڵی شیعه‌كان له ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ و به‌شداری په‌كه‌كه و هێزه‌كانی نزیك له‌و پارته كوردییه، هه‌ست به مه‌ترسیی زۆری ئاسایشی ده‌كات. له ڕاستیدا یه‌كێك له هۆكاره‌كانی نزیكبوونه‌وه‌ی توركیا ئه‌وه بوو كه له‌م ڕێگه‌یه‌وه گوشار و ئابڵووقه بخاته سه‌ر هێزه كوردییه‌كان له سووریا(یه‌په‌گه)، كه له لایه‌ن ڕووسیاوه پاڵپشتی ده‌كران، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته وای كرد كه هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه ببێته‌وه و، ڕۆژئاوا گرنگیی زیاتریان پێ بدات. له‌وانه‌یه توركیا ئه‌وه‌ی له‌بیر كردبێت كه به‌رژه‌وه‌ندی و ستراتیژییه‌كانی، هێشتاكه زۆر له‌گه‌ڵ ڕووسیا پێكناكۆك، جیاواز و دوورن.
بۆیه، به لێكدانه‌وه‌ی وته‌كانی ئه‌ردۆغان و به‌رپرسانی تری توركیا ده‌رباره‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ، ئه‌و ڕاستییه ده‌رده‌كه‌وێت كه توركیا له به‌رامبه‌ر ئه‌و پرسه‌دا زۆر هه‌ستیاره. ئه‌مه‌یش له بازنه‌ی ناوچه‌ی ده‌ره‌وه‌ی نزیكی توركیا ڕوو ده‌دات كه به شێوه‌یه‌كی مێژوویی، توركیا به ناوچه‌ی نفووزی خۆی ده‌زانێت (ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین توركیا، وه‌ك به‌شێك له خاكی خۆی له ڕووی مێژوویییه‌وه، داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی مووسڵ ده‌كات).
به‌رپرسانی عێراق ترسی زۆریان هه‌یه كه توركیا له ڕێگه‌ی به‌شداریی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ (له ڕێگه‌ی هێزه سوننییه‌كانی لایه‌نگری توركیا له مووسڵ)، دوای ئازادكردنی مووسڵ، له‌و ناوچانه باڵاده‌ست بێت. ئه‌و كاته بێجگه له هه‌رێمی كوردستان-عێراق كه له‌ژێر كۆنترۆڵی عێراقدا نییه، ئه‌وه ناوچه سوننییه‌كانی عێراقیش له‌ژێر نفووز و كۆنترۆڵی حكوومه‌تی ناوه‌ندیی عێراق ده‌رده‌چێت و، به‌م پێیه‌یش ئه‌وه ئێران (وه‌ك ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كیی باڵانسكه‌ر) له ڕووی جیۆسیاسییه‌وه (جیۆپۆلیتیكی شیعی یاخود هیلالی شیعی)، تووشی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه ده‌بێت و له‌وانه‌یه جگه له پرسی یه‌كپارچه‌ییی عێراق و هاوسه‌نگیی هێزه‌كان له ناوخۆی عێراق، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هاوكێشه سه‌ربازی و سیاسییه‌كانی ئێستا و داهاتووی سووریایش هه‌بێت.
ناوه‌ڕۆكی كێشه‌كان
گه‌وهه‌ری پرسه‌كه ئه‌وه‌یه كه، داعشی سوننه، هاوسه‌نگیی هێزی له ناوچه‌كه‌دا گۆڕی. به‌ڵام له سیناریۆ و ئه‌گه‌ری لاوازبوون و نه‌مانی داعش، پێویسته هاوسه‌نگییه‌كی نوێ بێته ئاراوه و، پركردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشایییه، چه‌قی ململانێكانه؛ چونكه داعش جوگرافیای سیاسیی ئێران و شیعه‌كانی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تووشی گرفت و گرێكوێره‌ی ئاسایشی و سیاسی كرد. به‌م پێیه‌یش هه‌م توركیا و هه‌م ئێران، جه‌نگی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ، بۆ گۆڕانكاری له هاوسه‌نگیی هێزه‌كان له ناوچه‌كه‌دا به خاڵی وه‌رچه‌رخان داده‌نێن، ئه‌مه بێجگه له پرسه‌كانی ناسنامه و ئاسایشی وزه، كه دیوی شاراوه‌ی ئه‌م ململانێیانه‌یه. لێره‌وه‌یه كه وته‌كه‌ی "قه‌یس خه‌زعه‌لی" كۆی ئه‌و ستراتیژی و نیگه‌رانییه ئاسایشییانه‌ی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه كه له مووسڵ، ئه‌و تۆڵه مێژوویییه ده‌كه‌نه‌وه (ئاماژه به ڕه‌گوڕیشه ململانێیه‌كانی سوننه و شیعه)، به‌ڵام له فۆرم و چوارچێوه‌ی نوێی ئاسایشی و جیۆسیاسی و ستراتیژیدا.
كۆبه‌ند:
به نزیكبوونه‌وه‌ی لاوازبوون و نه‌مانی داعش له مووسڵ، وه‌ك هێمای ده‌سه‌ڵاتی سوننه، ململانێی ئه‌كته‌ر ناوخۆیییه‌كانی عێراق و بكه‌ره ناوچه‌یییه‌كان و ته‌نانه‌ت نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، په‌ره‌ی سه‌ندووه. چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه ئازادكردنی مووسڵ هاوكێشه‌ی هاوسه‌نگیی هێزه‌كان له عێراق و ته‌نانه‌ت ناوچه‌كه بگۆڕێت. له ڕاستیدا نه‌مانی داعش، بۆشایی دروست ده‌كات. به‌م پێیه‌یش، هێز و ئه‌كته‌ره‌كان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ململانێكان له ئاستی ناوچه‌ییدا، پێویستیان به‌وه هه‌یه كه ئه‌م بۆشایییه له لایه‌ن خۆیانه‌وه یاخود هێزه لایه‌نگر و هاپه‌یمانه‌كانیانه‌وه پڕ بكرێته‌وه. لێدوان و بارگرژییه‌كانی نێوان توركیا و حكوومه‌تی عێراق، ده‌ربڕی ئه‌و نیگه‌رانییه‌ن.
به‌ڵام بۆ توركیا، ئه‌م گۆڕانكارییانه ئه‌گه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندیی توركیا نه‌بێت، به‌و مانایه‌ی كه نه‌خشه‌ی جیۆسیاسیی ناوچه‌كه له دژی توركیا بێت، ئه‌وه نیگه‌رانیی بنچینه‌یی و سه‌ره‌كیی توركیا له ئاستی ناوخۆی توركیایه. هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له هاوسه‌نگیی هێزه‌كاندا له دژی ستراتیژیی توركیا له ناوچه‌كه، پێگه‌ی ئه‌ردۆغان له توركیا لاواز ده‌كات و، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئاسایشی پێناسه‌كراوی فه‌رمیی توركیا ده‌بێت.
له لایه‌كی تریشه‌وه، كورد و ترس له به‌هێزبوونی پێگه‌ی جیۆسیاسیی كورد له ناوچه‌كه، یه‌كێكه له‌و فاكته‌ره شوێندانه‌رانه بۆ داهاتووی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه و به‌تایبه‌ت بۆ توركیا. بۆ حكوومه‌تی عێراقیش، نفووز و باڵاده‌ستیی توركیا، به مانای سه‌ره‌تای دابه‌شبوونی عێراق و، به‌م پێیه‌یش په‌راوێزكه‌وتنی ئێران له باڵاده‌ستیی ناوچه‌یی و پچڕانی هێڵی شیعی و لاوازیی جیۆپۆلیتیكیی شیعه و، ته‌نانه‌ت له پێگه‌ی ئێران له داهاتووی سووریادا ده‌بێت.
بۆیه، هه‌موو بكه‌ر و ئه‌كته‌ره ده‌وڵه‌تی و ناده‌وڵه‌تییه‌كان، چاویان بڕیوه‌ته مووسڵ. ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین كه هێزی كامه به‌ره (لایه‌ن)، ده‌توانێت ئه‌و هاوكێشانه له قازانجی خۆی بگۆڕێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و هاوسه‌نگییه نه‌یه‌ته دی، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی چه‌ندین جه‌نگ و پێكدادانی خوێناوی تر له ناوچه‌كه‌دا بین. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌جێندا و ستراتیژیی هێزه سه‌رووهه‌رێمییه‌كانی وه‌ك ئه‌مریكا و ڕووسیا.