پێشه‌كی:
شه‌ڕی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ، چه‌ندین ئه‌گه‌ر، سیناریۆ و پێشبینیی به دوای خۆیدا هێناوه، به‌ڵام ڕه‌هه‌ندێكی شاراوه‌ی ئه‌م شه‌ڕه، كه ئاوڕی جددیی لێ نه‌دراوه‌ته‌وه یاخود زۆر كه‌م گرنگیی پێ ده‌درێت، قووڵاییی كێشه‌كانی عێراقه هه‌ر دوای دروستبوونییه‌وه تاوه‌كوو ئێستا. به مانایه‌كی تر، هۆكاری بنچینه‌ییی ئه‌و هه‌موو كاوڵكاری و ماڵوێرانییه‌ی نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كانی، به‌وردی باس نه‌كراوه.
هه‌رچه‌نده له نووسینیكی كورتی ئاوادا، ناكرێت هه‌موو ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه لێك بدریێه‌وه، به‌ڵام ده‌كرێت شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ، ببێته ده‌روازه‌یه‌ك بۆ دووباره‌خوێندنه‌وه‌ی پرس و بابه‌ته په‌یوه‌ندیدار و شاراوه‌كانی ئه‌م شه‌ڕه. ئه‌وه‌ی له‌م نووسینه‌دا وه‌ك گریمانه و سیناریۆیه‌ك ده‌خرێته ڕوو، ئه‌وه‌یه كه له لایه‌ك به هۆی مێژوو و ڕابردووی عێراق و ڕووداوه تاڵ و كاره‌ساتباره‌كانی و، هه‌روه‌ها بونیادی ناسنامه‌ییی پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانییه‌وه (كورد، سوننه و شیعه) و، له لایه‌كی تره‌وه پاش گۆڕانكارییه‌كانی ساڵی 2003 و زاڵبوونی پێكهاته‌ی شیعی، ئه‌و پرس و خاڵه‌ی كه یه‌كانگیریی ناسنامه‌یی و به‌م پێیه‌یش سیاسی و، به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌م پێكهاته ده‌سه‌ڵاتداره له عێراق ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، بوونی "ئه‌وه‌ی تری ناسنامه‌یییه". بۆیه، پرسیار ئه‌وه‌یه: بۆچی به‌رده‌وام كه‌سانێكی وه‌ك "نووری مالیكی" هه‌ڕه‌شه له كورد ده‌كه‌ن و داوای پاشه‌كشه‌كردنی كورد له ناوچه كوردستانییه‌كان، كه ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵی پێشمه‌رگه‌دایه، ده‌كه‌ن؟ بۆچی چ له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه و، چ له لایه‌ن مالكییه‌وه، ئیسرائیل و كورد پێكه‌وه گرێ ده‌درێن؟ ئه‌مه چ قازانجێكی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه هه‌یه؟
به‌م پێیه‌یش، پێكهاته‌ی شیعی له‌پاش جه‌نگی مووسڵ (سه‌ره‌ڕای هه‌موو كێشه و ناكۆكییه‌كانی لایه‌نه‌كان)، سه‌ره‌كیترین "ئه‌وه‌ی تری ناسنامه‌یی"ی شیعی، پێكهاته‌ی كورده. به دیوێكی تردا، دوای نه‌مانی هه‌ڕه‌شه‌ی سوننه‌ی توندڕه‌و (ئه‌لقاعیده له سه‌رده‌مێك و، داعش له ئێستادا)، شیعه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كگرتووییی ناوخۆی- ناسنامه‌ییی خۆی بپارێزێت و به‌رده‌وام بێت له ده‌سه‌ڵاتدارێتی، پێویستیی به دوژمن یاخود ئه‌وه‌ی تری ناسنامه‌ییی هه‌یه. بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر، لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به كه‌ڵكوه‌رگرتن له ڕوانگه‌ی ناسنامه‌ته‌وه‌ری "كۆنستراكتیڤیسته‌كان"، ڕه‌هه‌ند و ده‌رهاوێشته‌كانی ئه‌م گریمانه‌یه شی بكه‌ینه‌وه.
یه‌كه‌م: ڕه‌گه‌زه ناسنامه‌یییه‌كان هه‌وێنێك بۆ سیاسه‌تكردن له عێراق
له سه‌ره‌تای دروستبوونی عێراقه‌وه، به هۆی باڵاده‌ستیی ناسنامه‌ی سوننه له‌سه‌ر پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی تری عێراق، وه‌ك كورد و شیعه، سه‌ره‌ڕای بارگاوییكردن و ڕووپۆشكردنی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب به چه‌ندین ئایدۆلۆژیی وه‌ك پان-عه‌ره‌بیزم، به‌عسیزم، ئیسلامیزم، ماركسیزم و سۆسیالیزم و...، به‌ڵام له ڕاستیدا، ڕه‌گه‌زی ناسنامه‌ییی عه‌ره‌بی-سوننه، ئه‌و ڕه‌گه‌زه بنچینه‌یییه بوو، كه ده‌بووه هۆی یه‌كانگیریی نوخبه‌ی عێراق و پاراستنی سنووره‌كانی عێراق له هه‌مبه‌ر مه‌ترسیی ناسنامه‌ی ئێرانی ــ شیعی. چونكه، بوونی زۆرینه‌یه‌كی عه‌ره‌بی شیعه، له لایه‌ك ده‌سه‌ڵاتداریی سوننه‌كانی ده‌خسته ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه و، له لایه‌كی تریشه‌وه له هه‌مبه‌ر ئێران‌دا (به‌تایبه‌ت پاش 1979)، لاوازی ده‌كرد. لێره‌وه‌یه كه به ئاڵوگۆڕی سیسته‌می سیاسیی زاڵی ده‌سه‌ڵا‌تدار، كۆی هاوكێشه‌كان پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه.
دووه‌م: گۆڕانكارییه‌كانی پاش 2003 له عێراق
له دوای ساڵی 2003ه‌وه، به ڕووخانی ڕژێمی سه‌ددام و نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی سوننه‌كان و، به باڵاده‌ستبوونی پێكهاته‌ی شیعه، ئه‌وا ناسنامه‌ی سوننه ده‌كه‌وێته په‌راوێزه‌وه. لێره‌وه‌یه كه زۆرینه‌ی سوننه‌كان (ده‌سه‌ڵاتدارانی پێشوو) به هه‌موو شێوه‌یه‌ك، ده‌كه‌ونه دژایه‌تیی ئه‌م سیسته‌مه نوێیه.
ئه‌م به‌ستێنه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه نوێیه، زه‌مینه بۆ هاتنه‌ئارای گرووپی توندڕه‌و و ته‌نانه‌ت تیرۆریستیی وه‌ك ئه‌لقاعیده‌ی عێراق و، پاشان داعش خۆش ده‌كات. ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌ر‌نج بده‌ین، ده‌بینین له‌م قۆناغه به‌دواوه ناسنامه‌ی عه‌ره‌بی كاڵ ده‌بێته‌وه (هه‌رچه‌نده ناكه‌وێته په‌راوێزه‌وه و له هه‌ردوو لایه‌ن كه‌سانی سیكۆلار هه‌وڵ ده‌ده‌ن ناسنامه‌ی عه‌ره‌بی-عێراق بكه‌نه چه‌قی سیاسه‌ته‌كانیان)، به‌م پێیه‌ش دژایه‌تیی ئایدیۆلۆژییه‌كان به‌تایبه‌ت له ناو خودی ناسنامه‌ی عێراقی (بێجگه له ناسنامه‌ی كورد) له سه‌رده‌می زاڵبوونی ناسنامه‌ییی عه‌ره‌بی –سوننی- عێراقییه (پێش ساڵی 2003)، به‌م پێیه‌ش ناسنامه‌ی سیاسی و سیاسه‌تی ناسنامه‌ییی عێراق فۆرم و ڕه‌نگی تائیفی وه‌رده‌گرێت و، پاشان هاوكێشه‌كه ده‌گۆڕدرێت و ده‌بێته: شیعه له به‌رامبه‌ر سوننه. باشترین به‌ڵگه‌یش توندوتیژیی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و خوێنڕشتنه‌كانی گۆڕه‌پانی كرده‌ییی ڕۆژانه‌ی عێراقه تاوه‌كوو ئێستا.
هه‌ر له‌م په‌یوه‌ندییه‌دایه، كه پاش نه‌مانی داگیركه‌ری ده‌ره‌كی (به ده‌ڕبرینی هێزه‌كانی دژه ــ ئه‌مریكی و ڕۆژئاوایی له عێراق)، نووری مالیكی، سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووتری عێراق، بۆ پاراستنی یه‌كگرتوویی و یه‌كانگیریی ناسنامه‌یی و زاڵبوون به‌سه‌ر ناكۆكییه‌كانی ناوخۆییی پێكهاته سیاییه‌كانی شیعه، له لایه‌ك به‌توندی دژی سوننه‌كان و داواكارییه‌كانیان ده‌وستێته‌وه و، له لایه‌ك كار ده‌گاته ناردنی هێزی سه‌ربازی بۆ سه‌ر سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئۆپه‌راسیۆنی دیجله و بڕینی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و دروستبوونی بارگرژی له نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و...هتد. لێره‌وه‌یه كه مه‌ترسیی تائیفه‌گه‌رایی پێكهاته‌ی شیعه له كێشه ناوخۆیییه‌كان و له‌لایه‌كی تر دڵه‌ڕاوكێی كۆماری ئیسلامیی ئێران له له‌ده‌ستدانی نفووز له عێراق له پاش 2003 له ڕێگه‌ی پیاده‌كردنی ئه‌جێنداكانی به ئامراز، ناسنامه و سیاسه‌تی پێكهاته‌ی شیعییه‌وه به‌رجه‌سته ده‌بیت یاخود ده‌رده‌كه‌وێت.
سێیه‌م: ناكۆكی، سیاسه‌ت و ڕه‌فتاری شیعه‌كان
ئه‌وه‌ی كه له ئه‌ده‌بیاتی ڕۆژانه و گشتیی خه‌ڵكدا به "ناوماڵ" ده‌ناسرێت، ڕاستییه‌كه‌ی هه‌مان یه‌كانگیریی ناسنامه‌ی پێكهاته‌كه‌یه كه ئه‌وه‌ی تری خۆی چۆن پێناسه ده‌كات، یاخود كێیه؟ لێره‌دا ده‌توانین باشتر وێنا و هۆكاره‌كانی خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌م دوایییه‌ی لایه‌نگرانی "موقته‌دا سه‌در" و ئاڵۆزی و بارگرژییه‌كانی نێوان خودی هێزه شیعییه‌كان له به‌غدا، ده‌ربخه‌ین.
ڕه‌وتی سه‌در، وه‌ك توندڕه‌وترین ڕه‌وتی شیعه، هه‌ر له ساڵی 2004ه‌وه به‌ره‌نگاری هێزه هاوپه‌یمانه‌كان بووه‌وه. كاتێك له 30ی ئه‌پریلی ئه‌مساڵ، لایه‌نگرانی له به‌غدا دروشمی "ئێران، له عێراق بڕۆ ده‌ره‌وه"، یاخود "ئه‌ی سوله‌یمانی، ئێمه په‌روه‌رده‌كراوی سه‌درین"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئێران له كاروباری عێراق، به‌رز كرده‌وه، ئه‌وه‌مان به‌بیر دێنێته‌وه كه چۆن پێشووتریش له ڕووداوه‌كانی شاری نه‌جه‌ف لایه‌نگرانی سه‌در، دروشمی "نه شیعه و نه سوننه"یان ده‌گوته‌وه، یاخود ساڵی 2008، موقته‌دا سه‌در هێرشكردنه سه‌ر بنكه‌كانی ئه‌مریكای له عێراق له لایه‌ن هێزه ناعێراقییه‌كانه‌وه به‌حه‌رام زانی (وه‌ك ئاماژه بۆ هێرش و دژایه‌تیی ئێران له هه‌مبه‌ر ئه‌مریكا له عێراق).
ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه، موقته‌دا سه‌در چه‌ندین جار ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئێرانی ئیدانه كردووه، له به‌رامبه‌ریشدا مالیكی هه‌وڵی داوه كه به‌ته‌واوی، ئه‌جێنداكانی ئێران له عێراق جێبه‌جێ بكات. ئه‌مه‌یش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه ڕای گشتیی شیعی (بێجگه له سوننه‌كان كه به‌ته‌واوی نفووز و ڕۆڵی ئێران ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه)، كۆماری ئیسلامی به به‌رپرسی یه‌كه‌می ئه‌و دۆخه ناڵه‌باره ئابووری و سیاسی و ته‌نانه‌ت ئاسایشییه‌ی عێراق و ناكارامه‌ییی حكوومه‌ت بزانن. چونكه ئێران بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له عێراق و ناوچه‌كه، به پشتگیریكردن له‌و نوخبه شیعییه، ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی خوڵقاندووه. هه‌رچه‌نده به‌شێك له لایه‌نه شیعییه‌كان، ئێران وه‌ك فریادڕه‌س و پشتیوانێك ده‌بینن له به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تانی سوننه‌ی ناوچه‌كه‌دا.
بۆیه، ئێران به‌رده‌وام هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه كه ناكۆكیی هێزه شیعییه‌كان نه‌هێڵێت یاخود كه‌م بكاته‌وه. لێره‌وه تێ ده‌گه‌ین كه بۆچی سه‌ددام له جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران، هه‌وڵی ده‌دا ناسنامه عه‌ره‌بییه‌كه‌ی عێراق به‌رز و به‌رجه‌سته بكاته‌وه و ئێرانیش هه‌وڵی ده‌دا بۆ دروستكردنی كه‌ڵێن و لێكترازان، له لایه‌ك یارمه‌تیی كورده‌كان بدات و، له لایه‌كی تره‌وه ڕه‌گه‌زی شیعی تۆختر بكاته‌وه و یارمه‌تیی ئۆپۆزیسۆنی شیعیی عێراقی بدات.
له‌به‌ر ئه‌وه، كۆماری ئیسلامیی ئێران دژی ئه‌و لایه‌نانه ده‌وستێته‌وه كه ئێستا له عێراقدا ڕه‌گه‌زی سیكۆلاریزم یاخود عه‌ره‌بی، له‌نێو لایه‌نه شیعییه‌كان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه. هه‌رچه‌نده، بۆ نموونه ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی، نایانه‌وێت عێراق ببێته گۆڕه‌پانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران و، له لایه‌كی تریشه‌وه حزبی "ده‌عوه"یش به جۆرێك، په‌ره به نه‌ته‌وه‌گه‌رایی له عێراق ده‌دات.
چواره‌م: سیناریۆیه‌كی چاوه‌ڕوانكراو
ڕووداوه‌كانی پاش 2003 و ڕه‌فتاره‌كانی شیعه‌كان له ده‌سه‌ڵاتدارێتی له هه‌مبه‌ر كورد و سوننه له لایه‌ك (به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌می مالیكی) و، ده‌ركه‌وتن و سه‌رهه‌ڵدانی داعش له لایه‌كی تر، ده‌ره‌نجامه‌كانی شه‌ڕی مووسڵ زۆر یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌كات. به‌م مانایه‌ی كه پاش 2003، سه‌رده‌مێك، بوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و پاشان سوننه و گرووپه توندڕه‌وه‌كان و، له سه‌رده‌مێكی تردا دژایه‌تیی كورد، ببووه هۆی یه‌كانگیری و یه‌كگرتووییی ناسنامه‌ییی شیعه‌كان، به‌ڵام ڕۆڵ و ستراتیژیی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له ناوچه‌كه‌دا، وا ده‌كات كه له عێراقدا ئه‌م ناسنامه شیعییه باڵاده‌ست بێت.
به‌م پێیه‌یش، ئه‌م ناسنامه‌یه بۆ به‌رده‌وامی، پێویستیی به "ئه‌وه‌ی تری" ناسنامه‌یی هه‌یه. دوای نه‌مانی داعش له عێراق، بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ڕابردوو و سه‌رهه‌ڵدانی گرووپی توندڕه‌وی وه‌ك داعش، ئه‌وه سوننه كۆمه‌ڵێك پاڵپشتی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیی هه‌یه و، چیتر ناتوانن ئه‌وه‌ی تری سه‌ره‌كییان به سوننه پێناسه بكه‌ن، به‌ڵام شیعه‌كان پێویستییان به‌م ئه‌وه‌ی تری ناسنامه‌یییه هه‌یه.
لێره‌وه كۆمه‌ڵێك پاساو بۆ ئه‌م دژایه‌تی و به‌دوژمنكردنه‌ی كورد له ئارادایه؛ بۆ نموونه هه‌وڵی دابه‌شكردنی عێراق یاخود جیابوونه‌وه‌ی كورد له عێراق، په‌یوه‌ندیی كورد له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، كێشه له‌سه‌ر ئیداره‌كردنی عێراق، پرسی نه‌وت، پرسی ئه‌و ناوچانه‌ی كه ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵی پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندان و...هتد. ئه‌وانه ده‌توانن دیسان له لایه‌ك ناوماڵی شیعه ڕێك بخه‌نه‌وه و، له لایه‌كی تریشه‌وه ببنه هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ دژایه‌تیی سوننه نه‌كه‌ن و، به‌ڵكوو بگره (ئه‌گه‌ر پێیان بكرێت) سوننه‌كانیش له‌گه‌ڵ خۆیان هاوڕا بكه‌ن.
به‌م پێیه‌یش، پاش ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ، له ئه‌گه‌ری بوونی كورد به ئه‌وه‌ی تری ناسنامه‌ییی شیعه، له بری سوننه، ئه‌وه پێكدادان و له‌وانه‌یه جه‌نگ، له نێوان حه‌شدی شه‌عبی (به نوێنه‌رایه‌تیی شیعه) و پێشمه‌رگه (به نوێنه‌رایه‌تیی كورد)دا ڕوو بدات. ئه‌مه له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامیش له عێراق و ناوچه‌كه‌دا گونجاو و هاوته‌ریبه.
كۆبه‌ند:
بۆ كۆماری ئیسلامی، وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ره‌كیی پاڵپشتیكاری پێكهاته و هێزه شیعییه‌كان، له ڕاستیدا ڕووخانی ڕژێمی سه‌ددام له ساڵی 2003 (سه‌ره‌ڕای دڵه‌ڕاوكێیه‌كانی ئێران له بوونی ئه‌مریكا له بازنه‌ی یه‌كه‌می ئاسایشی كۆماری ئیسلامی و مه‌ترسیی هێرشكردنه‌سه‌ر ئێران)، توانا، نفووز و ده‌سه‌ڵاتی ئێرانی له ناوچه‌كه به هۆی فاكته‌ری ناسنامه‌ییی شیعییه‌وه، به‌رز كرده‌وه. له لایه‌ك عێراقێكی به‌هێز، كه نوێنه‌رایه‌تیی گوتاری پان-عه‌ره‌بیزم و سوننه‌گه‌رایی له هه‌مبه‌ر گوتاری شۆشگێڕانه و ئێرانی-شیعی‌دا بكات له‌ناو چوو و، له لایه‌كی تریشه‌وه گه‌وره‌ترین نه‌یاری كۆماری ئیسلامی (بێجگه له كورده‌كان)، كه ڕێكخراوی موجاهدینی خه‌ڵق بوو، به‌ته‌واوی له عێراق بوونیان نه‌ما.
كێشه ناوچه‌یییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ڕه‌هه‌ند و فۆرمی ناسنامه‌ییدا، وای كردووه كه له ئاستی ناوخۆییدا شیعه‌كانی عێراق بۆ به‌رده‌وامی، پێویستییان به ئه‌وه‌ی تری ناسنامه‌یی هه‌بێت. بۆیه پاش نه‌مانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش و ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ، ئه‌وه به‌پێی ئه‌زموونی ڕابردوو، ئه‌گه‌ر عێراق بوونی بمێنێت، ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه پێویستییان به ئه‌وه‌ی تری ناسنامه‌یی هه‌یه.
لێره‌دا كورد، به هۆی ناسنامه و پێگه‌كه‌ی له عێراق و ناوچه‌كه‌دا، باشترین ئه‌وه‌ی تری ناسنامه‌یییه بۆ پێكهاته‌ی شیعه. هه‌ر بۆیه، ساڵ به ساڵ، كورد له شیعه‌كان دوورتر ده‌كه‌وێته و نووری مالیكی و مالیكییه‌كان له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانن، به به‌رزكردنه‌وه‌ی مه‌ترسیی كورد له‌ناو پێكهاته‌ی شیعه و، ته‌نانه‌ت به هاوڕاكردنی سوننییه‌كانیش، ڕه‌وایه‌تی بده‌نه ناسنامه و سیاسه‌ت و ڕه‌فتاره‌كانیان. بۆیه ئێستا، ده‌بێت له گوته‌كانی نووری مالیكی له‌سه‌ر پاشه‌كشه‌كردنی پێشمه‌رگه له ناوچه كوردستانییه‌كان و، هه‌روه‌ها باسكردن له‌وه‌ی كه ئیسرائیل له هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن نفووزه و كورد له‌ژێر كاریگه‌ری و كۆنترۆڵی ئیسرائیلییه‌كاندایه، به‌باشی تێ بگه‌ین.