خستنه‌ڕووی بابه‌ت
ڕووداوه‌كانی سووریا، پاش پێنج ساڵ، سه‌ره‌ڕای كوژرانی زیاتر له 500 هه‌زار كه‌س و كۆچ و ئاواره‌بوونی زیاتر له 10 ملێۆن كه‌س، هێشتاكه به ناڕوونی و ئاڵۆزی ماوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی كه ده‌تواندرێت له‌سه‌ر ئه‌م شه‌ڕ و پێكدادانه بگوترێت، ئه‌وه‌یه كه ئه‌مه جه‌نگێكی جیهانییه، به‌ڵام له قه‌باره‌ی سنوورداری خۆیدا. له لایه‌كی تریشه‌وه، ئاسه‌واره‌كانی ئه‌م جه‌نگه به هۆی ئاماده‌بوونی ژینگه و به‌ستێنی كه‌لتووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و نزیكایه‌تیی جوگرافیایی و بارودۆخی خراپی سیاسی و ئابووری له عێراق، بۆ ئه‌م وڵاته گوازرایه‌وه.
لێره‌وه، هاوكێشه جیۆستراتیژی و سیاسییه‌كان، دیسانه‌وه بوونه به‌شێكی سه‌ره‌كی له ململانێیه‌كان و، له پاڵ دروستبوون و به‌هێزبوونی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش)، ئه‌جێندای ده‌وڵه‌تان به‌تایبه‌ت ئه‌كته‌ره هه‌رێمییه‌كان، باره‌كه‌ی ئاڵۆزتر كرده‌وه. پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ، چه‌ندین لێكه‌وته و ئه‌گه‌ر و سیناریۆی له به‌رده‌مدا كراوه‌یه؛ به‌م مانایه‌ی كه به هۆی هه‌وڵی ئه‌كته‌ره‌كان بۆ دروستكردنی هاوسه‌نگییه‌كی نوێ له سووریا و به‌م پێیه‌یش له عێراق، پێچه‌وانه‌كه‌یشی هه‌ر ڕاسته.
به ده‌ڕبڕینێكی تر، ئه‌م ئه‌كته‌ره ناوخۆیییانه، كه له لایه‌ن بكه‌ره هه‌رێمی و سه‌رووهه‌رێمییه‌كانه‌وه پاڵپشتی و پشتیوانی ده‌كرێن، ئامرازی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانن. به‌م پێیه، ئه‌وه‌ی له سووریا و، له حه‌له‌ب ڕوو ده‌دات و هه‌موو جیهانی ده‌رگیر كردووه، ده‌توانێت له مووسڵیش دووباره ببێته‌وه و، ئه‌مه‌یش مه‌ترسیدارترین ئه‌گه‌ر و سیناریۆیه، نه‌ك بۆ پێكهاته و خه‌ڵكی ناوچه‌كه، به‌ڵكوو بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش.
له خواره‌وه، په‌یوه‌ندیی ئه‌م دوو هاوكێشه‌یه و لێكه‌وته‌كانی ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه.
یه‌كه‌م: گرنگیی ستراتیژیی حه‌له‌ب
حه‌له‌ب بۆته ئه‌و ناوچه ستراتیژیكه، كه داهاتووی سه‌ركه‌وتنی سه‌ربازی له‌م شاره، ده‌توانێت داهاتووی هاوسه‌نگیی هێزه‌كان له سووریا و، به‌م پێیه‌یش چاره‌نووسی سووریا و چۆنیه‌تیی سازان له نێوان ڕووسیا و ئه‌مریكا له لایه‌ك و، ئه‌كته‌ره هه‌رێمی (ده‌وڵه‌ته سوننه‌كان و ئێران) و ئه‌كته‌ره ناوخۆیییه‌كان له لایه‌كی تره‌وه، ده‌ستنیشان بكات. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، ئه‌گه‌ر پرسی سووریا له پاش ئه‌م هه‌موو پێكدادانه سه‌ربازی و جه‌نگه، له ڕێگه‌ی دانوستانه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وه گرێدراوی دوو بابه‌ته: 1- ڕێككه‌وتنی ئه‌مریكا و ڕووسیا 2- هاوسه‌نگیی هێزی سه‌ربازی له نێوان ئه‌كته‌ره‌كان له‌سه‌ر زه‌وی.
به‌م پێیه‌یش، پێگه‌ی ئه‌كته‌ره سه‌رووهه‌رێمی و هه‌رێمییه‌كان له ناوچه‌كه و داهاتووی سووریادا، گرێدراوی باڵاده‌ستبوونی سه‌ربازی له‌م شاره‌یه و، ته‌نانه‌ت داهاتوو و چۆنیه‌تیی په‌یوه‌ندیی ڕۆژاوا و ڕووسیایش، بۆ نموونه له پرسی ئۆكراین و ئابڵووقه و سزا ئابوورییه‌كانی سه‌ر ڕووسیا و پێگه‌ی ڕووسیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و...، ده‌ستنیشان ده‌كات.
پێگه‌ی ستراتیژیكی حه‌له‌ب، ئه‌وه‌نده گرنگ بوو كه به ڕووداوێك كه له لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه به نه‌خوازراو ناوی لێ نرا، ئاگربه‌ست بشكێت و شه‌ڕێكی وێرانكه‌ر ده‌ست پێ بكاته‌وه. هه‌روه‌ها، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ئاماژه‌یه ئه‌وه‌یه كه چه‌ندین ئه‌كته‌ر به‌شدارن. باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی پارێزگای "حه‌له‌ب"، واته ناوچه‌ی "عین العرب" یاخود كۆبانێ، ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری فورات و ناوچه‌یه‌كی بچووك له باكووری شاری حه‌له‌ب و، هه‌روه‌ها باكووری ڕۆژاوای ئه‌م پاریزگایه، واته ناوچه‌ی "عه‌فرین"، له‌ژێر كۆنترۆڵی یه‌په‌گه و كورده‌كاندایه. "جبل سمعان"ی باشوور و "اتارب" و باشوور و ڕۆژهه‌ڵات و باكوور و باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری حه‌له‌ب له‌ژێر كۆنترۆڵی "جیش الفتح" و "جبهة النصره"ی پێشوو و "احرار الشام" و "جیش النصر" و لایه‌نه‌كانی تری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و، ناوچه‌ی ڕۆژاوای "اعزاز" له‌ژێر ده‌ستی "جیش الفتح"دایه.
سیناریۆی ئه‌كته‌ركان له حه‌له‌ب
پشتیوانی له ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، به‌تایبه‌ت سوپای ئازادی سووریا ده‌كات و، له‌وانه‌یه به‌نهێنی له هه‌ندێ كاتی تایبه‌تدا بۆ گۆڕانكاری له هاوسه‌نگیی هێزه‌كان، یارمه‌تیی "جبهة النصره"ی پێشوو (جبهة فتح الشام) و داعشی دابێت. توركیا له لایه‌ك دژی حكوومه‌تی سووریا و به‌شار ئه‌سه‌د كار ده‌كات و، له لایه‌كی تره‌وه له دژی كورده‌كان هێزی سه‌ربازیی جووڵاند و ڕیگه به پێكه‌وه‌به‌ستنی كانتۆنه‌كانی ڕۆژاوای كوردستان ده‌گرێت و یه‌په‌گه و په‌یه‌ده به تیرۆریست ده‌زانێت. له لایه‌ك ئه‌جێنداكانی له‌گه‌ڵ ڕووسیا و ئیران پێكناكۆكه و، له پرسی كورده‌كاندا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژه تیرۆر، ده‌كه‌وێته ناو ململانێیه‌وه، به‌و پێیه‌ی كورده‌كان بۆ ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی، له جه‌نگی دژه‌تیرۆر له سووریادا ئه‌كته‌رێكی كاریگه‌رن.
سعوودیا و قه‌ته‌ر و به‌گشتی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی سوننه‌ی ناوچه‌كه، ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ پاڵپشتی له ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ده‌كه‌ن. سعوودیا به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كرێ كه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی حكوومه‌تی ئه‌سه‌د، یارمه‌تیی جبهة "النصره"ی پێشوو (جبهة فتح الشام) و ته‌نانه‌ت داعشی دابێت. ئه‌گه‌ر ئه‌مه ڕاست بێت، ئه‌وه ئه‌جێنداكانیان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی و ڕووسیا و ئێران و حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د، پێكناكۆكه. به‌ڵام له‌باره‌ی نه‌مانی حكوومه‌تی به‌شار، له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا هاوڕان و، له‌گه‌ڵ ئێران و ڕووسیا له به‌ره‌ی به‌رامبه‌ردان.
كۆماری ئیسلامی، بێجگه له‌وه‌ی هێزه سه‌ربازییه‌كانی خۆی ڕاسته‌وخۆ به‌شداره (هه‌رچه‌نده خۆی ده‌ڵێت ته‌نیا ڕاوێژكارییه)، له لایه‌ك له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د و ڕووسیایه و، له لایه‌كی تریشه‌وه دژی داعش و هه‌موو گرووپه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا له جه‌نگدایه. هه‌روه‌ها یارمه‌تیی كورده‌كانیش له سووریا ده‌دات. به‌م پێیه‌یش، له‌گه‌ڵ سعوودیا و ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی سوننه و توركیا له لایه‌ك و، له لایه‌كی تریشه‌وه له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژه‌تیرۆر له جه‌نگی ناڕاسته‌وخۆدایه و، بۆیه ته‌نیا له جه‌نگی دژی تیرۆر له‌گه‌ڵ "داعش" و "جبهة فتح الشام" له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی‌دا هاوڕایه.
ڕووسیا له لایه‌ك له‌گه‌ڵ داعش له جه‌نگدایه و، له لایه‌كی تریشه‌وه هاوكاری و پشتیوانی له حكوومه‌تی سووریا ده‌كات. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایش له جه‌نگدایه. له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئێران پێكه‌وه، دژی ئۆپۆزیسیۆن و داعش ده‌جه‌نگن. به‌م پێیه‌یش له‌گه‌ڵ توركیا له جه‌نگی ناڕاسته‌وخۆدان. له لایه‌كی تریشه‌وه یارمه‌تیی كورده‌كان ده‌دات، كه توركیا له‌دژیانه. به‌م پێیه‌یش ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاواییی به‌شدار له هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیدا، له جه‌نگدایه. هه‌روه‌ها به هۆی پاڵپشتی له به‌شار ئه‌سه‌د و جه‌نگان له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا، ئه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی سوننه‌یش له جه‌نگی ناڕاسته‌وخۆدایه.
ئه‌م هاوپه‌یمانییه، به سه‌ركردایه‌تیی ئه‌مریكا، له لایه‌ك پاڵپشتی له ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ده‌كات كه دژی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌جه‌نگن و، له لایه‌كی تریشه‌وه له دژی داعش و "جبهة النصره"ی پێشوو (جبهة فتح الشام) و گرووپه ڕادیكاڵه‌كانی تر، له جه‌نگدایه. له هه‌مان كاتدا، له سووریا یارمه‌تیی كورده‌كان ده‌دات و پشتیوانی‌یان لێ ده‌كات. به‌م پێیه‌یش له‌گه‌ڵ ئێران و ڕووسیا و حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د له جه‌نگدایه و له‌گه‌ڵ توركیا و سعوودیا و وڵاتانی تری عه‌ره‌بیدا هاوپه‌یمانه. به‌ڵام له لایه‌كی تریشه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و گریمانه‌یه به دروست بزانین كه توركیا و سعوودیا پێشووتر (ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ) یارمه‌تیی گرووپه توندڕه‌وه‌كانیان دابێت (بۆ نموونه داعش و جبهة النصره)، كه ڕۆژاوا به تیرۆریستیان ده‌زانێت، ئه‌وه ئه‌مریكا و ڕۆژاوا له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو وڵاته‌دا ناڕاسته‌وخۆ له جه‌نگدان. له هه‌مان كاتدا، به هۆی پاڵپشتی له كورده‌كان، ئه‌مریكا ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ توركیا له جه‌نگدایه.
ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و به‌تایبه‌ت سوپای ئازادی سووریا، له‌گه‌ڵ داعش و گرووپه توندڕه‌وه‌كان و حكوومه‌تی سووریا و ئێران و ڕووسیا له جه‌نگدایه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ توركیا و سعوودیا و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی تیرۆر، هاوپه‌یمانن. داعش له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌وڵه‌ته ناوچه‌یی و سه‌رووهه‌رێمییه‌كان و گرووپه‌كانی ناوخۆیی له سووریادا له جه‌نگدایه. كورده‌كانیش، له لایه‌ك له‌گه‌ڵ داعش و له لایه‌كی تریشه‌وه له‌گه‌ڵ توركیا و، هه‌ندێ جاریش به‌پێی بارودۆخ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا له لایه‌ك و، حكوومه‌تی سووریادا شه‌ڕ و پێكدادانیان هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیدا هاوپه‌یمانن، له هه‌مان كاتدا له‌گه‌ڵ ڕووسیا و ئێران په‌یوه‌ندییان هه‌یه. هه‌روه‌ها حزبوڵڵای لوبنان له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و داعش له جه‌نگدایه و، به‌م پێیه‌یش له‌گه‌ڵ ڕووسیا و ئێران و حكوومه‌تی سووریا هاوپه‌یمانن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ توركیا و ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی تیرۆر، به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا، له جه‌نگدایه.
دووه‌م: گرنگیی ستراتیژیی مووسڵ
مووسڵ وه‌ك ناوه‌ندێكی مێژوویی، چ له ڕووی پێكهاته‌ی دانیشتووان، چ له ڕووی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیایی و له بواری سامانی سروشتییه‌وه، مه‌ڵبه‌ندێكی گرنگی شارستانی و ستراتیژییه، به‌تایبه‌ت دوای دامه‌زرانی عێراقه‌وه ناوه‌ندی ناسیۆنالیزمی ناسنامه‌ییی عه‌ره‌بی و له پاش 2003، به ناوه‌ندی ناسنامه‌ییی سوننه داده‌ندرێت. به شێوه‌یه‌كی گشتی، له ڕووی هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆسیاسییه‌وه، مووسڵ پێگه‌یه‌كی گرنگ، هه‌ستیار و سه‌ر‌نجڕاكێشی بۆ ئه‌كته‌ره ناوخۆیی و هه‌رێمییه‌كان و ته‌نانه‌ت سه‌رووهه‌رێمییه‌كان هه‌یه. له بواری ناوخۆیییه‌وه، ئه‌و هێزه‌ی كه ده‌ست به سه‌ر مووسڵدا بگرێت، ده‌توانێت هه‌موو عێراق كۆنترۆڵ بكات و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هاوكێشه‌ی هه‌رێمی له ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت.
به ده‌ربڕینێكی تر، داهاتووی مووسڵ، داهاتووی عێراق له لایه‌ك و، هاوكێشه‌ی هاوسه‌نگیی هێزه‌كان له لایه‌كی تر ده‌ستنیشان ده‌كات و، له‌م نێوه‌نده‌یشدا داهاتووی سووریا یه‌كێكه له‌و پرس و بابه‌تانه‌ی كه په‌یوه‌ندیی مووسڵ به حه‌له‌به‌وه ده‌ستنیشان ده‌كات. هه‌ر به‌م هۆیه‌یشه‌وه بوو، كه داعش به ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و كۆنترۆڵی مووسڵ، توانیی تا ئه‌و ڕاده‌یه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كۆی هاوكێشه جیۆسیاسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌بێت.
بۆیه، له‌وانه‌یه به وه‌ده‌رنانی داعش له مووسڵ، چاره‌نووس و داهاتووی ئه‌و خه‌لافه‌ت-ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه، لانی كه‌م ئه‌گه‌ر له ڕووی هزره‌وه نه‌بێت، ئه‌وه له ڕووی سه‌ربازی و سیاسی و ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌ستنیشان بكرێت.
سیناریۆی ئه‌كته‌ره‌كان له مووسڵ
توركیا، به‌ده‌ر له ڕوانگه مێژوویییه‌كه‌ی، ڕاسته‌وخۆ له باشیك بوونی هه‌یه و، به‌رده‌وامیش هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستێوه‌ردان و به‌شداریی ڕاسته‌وخۆ له شه‌ڕی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ ده‌كات. هه‌روه‌ها توركیا له ڕێگه‌ی سوننه‌كانه‌وه به‌شداره و پاڵپشتی له توركمانه سوننه‌كانیش ده‌كات. له لایه‌كی تره‌وه، توركیا پاڵپشتی له كورده‌كان (هه‌رێمی كوردستان) ده‌كات. به‌م پێیه‌یش، توركیا ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ داعش و، هه‌روه‌ها به هۆی بوونی په‌كه‌كه و یه‌په‌گه له هه‌ندی شوێنی ناوچه‌كه له عێراقدا، له جه‌نگدایه. له لایه‌كی تریشه‌وه، به‌پێی بارودۆخ (واته مه‌ترسیی هێزه سوننه‌كان)، له‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق و ئێران‌دا، بكه‌وێته نێو جه‌نگێكی چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌وه. به‌م پێیه‌یش له ئه‌گه‌ریكی وادا، توركیا ده‌كه‌وێته به‌ره‌ی دژی ڕۆژاوا، كه خوازیاری ڕێزگرتن له سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌ییی عێراق و ده‌ستێوه‌رنه‌دانی ده‌وڵه‌تانی هه‌رێمییه له عێراقدا.
سعوودیایش، وه‌ك توركیا، پاڵپشتی و پشتیوانی له هێزه‌كانی توركمانی سوننه و عه‌ره‌به سوننه‌كان ده‌كات و، به‌م پێیه‌یش له عێراقدا له‌گه‌ڵ داعش له جه‌نگدایه. له لایه‌كی تره‌وه، سعوودیا و ده‌وڵه‌تانی تری عه‌ره‌بی، كورد به دۆست ده‌زانن، به‌ڵام ناڕاسته‌وخۆ له سیناریۆ و ئه‌گه‌ری پێكدادانی هێزه سوننه‌كان له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقدا، ده‌كه‌وێته نێو جه‌نگێكی ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ شیعه و، به‌م پێیه‌یش ئێران و، له لایه‌كی تریشه‌وه هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی (به هۆی پشتیوانی‌یان له سوپای عێراق و به‌رگری له یه‌كگرتوویی و سه‌روه‌ریی عێراق).
ئێران له لایه‌ك له‌گه‌ڵ داعش (له ڕێگه‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه) له جه‌نگدایه و، له لایه‌كی تریشه‌وه ناڕاسته‌وخۆ له عێراق له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی تیرۆر، هاوبه‌رژه‌وه‌ندییه. هه‌روه‌ها بۆ جه‌نگ له‌گه‌ڵ داعش، یارمه‌تیی كورده‌كان ده‌دات. له هه‌مان كاتدا، له‌گه‌ڵ توركیا به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ له ململانێدایه و له ئه‌گه‌ری پێكدادان له نێوان حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی سوپای عێراق، له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی حه‌شدی وه‌ته‌نی و به‌گشتی سوننه‌كاندا، ده‌كه‌وێته نێو جه‌نگێكه‌وه له‌گه‌ڵ توركیا و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی، به‌تایبه‌ت سعوودیا. له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، له ئه‌گه‌ری پێكدادان له نێوان حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه‌دا، ئه‌وه ده‌كه‌وێته جه‌نگ له‌گه‌ڵ كورد و، به‌م پێیه‌یش هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه.
ڕووسیا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ندیی عێراق و، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئێران‌دا، كه پاڵپشتیكاری سه‌ره‌كیی هێز و ملیشیا شیعییه‌كانه له عێراقدا، په‌یوه‌ندیی نزیكی هه‌یه. بۆیه، ناڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته به‌ره‌ی شیعه‌كانه‌وه. هه‌رچه‌نده له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بیشدا په‌یوه‌ندیی توندوتۆڵی هه‌یه. له ئه‌گه‌ری پێكدادانی حه‌شدی شه‌عبی له‌گه‌ڵ هێزه سوننییه‌كاندا، ئه‌وه ڕووسیا ئه‌گه‌ر بكه‌وێته به‌ره‌ی لایه‌نگری له شیعه له عێراق، ئه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و كۆی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی و، هه‌روه‌ها توركیا و ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی سوننه، ده‌كه‌وێته نێو جه‌نگه‌وه. هه‌روه‌ها ڕووسیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانیش په‌یوه‌ندیی هه‌یه.
ئه‌مریكا له عێراقدا، له‌گه‌ڵ داعش ده‌جه‌نگێت. هه‌روه‌ها یارمه‌تیی سوننه و كورد و سوپای عێراق و هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عێراق ده‌دات. به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ململانێی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه. كه‌واته له ئه‌گه‌ری پێكدادانی نێوان حه‌شدی شه‌عبی له‌گه‌ڵ سوننه، یاخود كورد، ئه‌وه پاڵپشتی له كورد و سوننه‌كان ده‌كات و، بۆیه له‌گه‌ڵ ئێران و، هه‌روه‌ها ڕووسیاوه ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ، ده‌كه‌وێته جه‌نگه‌وه.
هه‌رچه‌نده ئه‌مریكا، به‌رگری له مانه‌وه‌ی عێراق به‌یه‌كگرتوویی و به‌هێزیی حكوومه‌تی ناوه‌ندی ده‌كات، به‌ڵام نایه‌وێت هێزه‌كانی نزیك و سه‌ر به ئێران باڵاده‌ست بن و، سوننه و كورد په‌راوێز بخرێن. هه‌روه‌ها ئه‌م هاوپه‌یمانییه، پاڵپشتی له كریستیانه‌كان و ئێزدییه‌كان و كه‌مایه‌تییه ئێتنی و ئایینییه‌كان ده‌كات و، هه‌ر هێزێك دژیان بجه‌نگێت، ئه‌وه ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئه‌م هاوپه‌یمانییه ده‌كه‌وێته نێو جه‌نگه‌وه. له لایه‌كی تریشه‌وه، به هۆی نزیكی و هاوپه‌یمانیی هێزه‌كانی په‌كه‌كه له عێراق له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبیدا، ئه‌وه ئه‌مریكا دژایه‌تییان ده‌كات و، به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه، ئه‌گه‌ر پشتیوانی و پاڵپشتییان بكات، ئه‌وه له‌گه‌ڵ توركیا ده‌كه‌وێته نێو جه‌نگێكی ناڕاسته‌وخۆوه.
داعش له‌گه‌ڵ هه‌موو هێز و گرووپه‌كان له جه‌نگدایه. له لایه‌ك سوننه له‌گه‌ڵ داعش له جه‌نگدایه. كورده‌كانیش له‌گه‌ڵ داعش له جه‌نگدان. سوپای عێراق و هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی و، هه‌روه‌ها گرووپ و میلیشیا شیعه‌كانیش له‌گه‌ڵ داعش له عێراقدا ده‌جه‌نگن. له لایه‌كی تریشه‌وه، هێزی سه‌ربازیی توركمانه شیعه و سوننه‌كان، هه‌روه‌ها كریستیانه‌كان و شه‌به‌كه‌كان و ته‌نانه‌ت هێزی ئێزدییه‌كانیش، له‌گه‌ڵ داعش ده‌جه‌نگن.
جێگه‌ی ئاماژه‌یه كه په‌كه‌كه‌یش، ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له ڕیگه‌ی "یه‌په‌شه"وه له جه‌نگی دژی داعشدا به‌شداره. له ئه‌گه‌ری پێكدادان له نێوان هێزه‌كانی سوننه و شیعه‌دا، ئه‌وه حه‌شدی شه‌عبی له‌گه‌ڵ حه‌شدی وه‌ته‌نی، هه‌روه‌ها هێزه توركمانه سوننه‌كان و، به‌م پێیه‌یش توركیا و سعوودیا و وڵاتانی عه‌ره‌بی له لایه‌ك و، ئێران له لایه‌كی تره‌وه، ده‌كه‌ونه جه‌نگه‌وه. ئه‌گه‌ر كورد و شیعه بكه‌ونه جه‌نگه‌وه، ئه‌وه كورد له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی و هێزه توركمانه شیعه‌كان و، به‌م پێیه‌یش ئێران و ته‌نانه‌ت ڕووسیا ده‌كه‌وێته جه‌نگه‌وه. له لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ر هێزێك له‌گه‌ڵ سوننه‌كان یاخود كه‌مینه‌نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان بجه‌نگێت، ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه كه وڵاتانی ڕۆژاوایی، پاڵپشتی له سوننه‌كان بكه‌ن.
كۆبه‌ند:
به هۆی هاوناسنامه‌بوونی ئه‌كته‌ره‌كان و، به‌م پێیه‌یش دابه‌شبوونیان به‌سه‌ر ئه‌جێندا و به‌رژه‌وه‌ندییه جیاوازه‌كانی به‌ره‌كانی سوننه و شیعه له ناوچه‌كه‌دا، پرسی حه‌له‌ب و مووسڵ پێكه‌وه‌گرێدراوه. به‌م مانایه كه بۆ نموونه زاڵبوونی ئێران یاخود له ڕێگه‌ی ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كانی هاوپه‌یمانی ئێران له مووسڵ ده‌توانێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پێگه‌ی جیۆسیاسیی ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی له ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت و، پێچه‌وانه‌كه‌یشی هه‌ر ڕاسته.
له لایه‌كی تره‌وه "داعش" له سووریا و عێراق، ده‌رفه‌تی بۆ ئه‌كته‌ره هه‌رێمییه‌كان خوڵقاندووه؛ هه‌رچه‌نده ئه‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌و بكه‌ره، كه چۆن وه‌به‌رهێنانی له‌سه‌ر ده‌كات. بۆ نموونه بۆ ڕووسیا و ئێران و گرووپه لایه‌نگره‌كانیان، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا داعش بۆ ئه‌م لایه‌نانه هه‌ڕه‌شه‌یه، ئه‌گه‌ر سنووردا و كۆنترۆل نه‌كرێت.
ئه‌م هاوكێشانه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت كه بارودۆخی هاوپه‌یمانه‌تییه‌كان ده‌گۆڕێت، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌كته‌ره هه‌رێمی و سه‌رووهه‌رێمییه‌كانی وه‌ك ئێران، توركیا، سعوودیا، ئه‌مریكا و ڕووسیا تا ڕاده‌یه‌كی زۆر جێگیره، به‌ڵام ئامرازی ده‌سته‌به‌ركردنی ده‌گۆڕێت.
بۆیه، یه‌كێك له سیناریۆ به‌هێزه‌كان ئه‌وه‌یه كه، پاش نه‌مانی داعش (دوژمنی هاوبه‌ش)، گه‌ڕێكی تری توندوتیژی له نێوان ئه‌كته‌ره‌كان، به هۆی جیاوازی له ناسنامه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان، ده‌ست پێ بكاته‌وه. دروستبوونی هاوسه‌نگییه‌كی ڕێژه‌یی له نێوان هێز و ئه‌كته‌ره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، یه‌كێكه له سه‌ره‌كیترین ستراتیژی و ئه‌جێنداكانی ئه‌مریكا، كه به بڕوای ستراتیژیسته‌كانی ئه‌مریكا، ده‌بێته هۆی سه‌قامگیریی ڕێژه‌یی له ناوچه‌كه‌دا. به‌م پێیه‌یش، ئه‌مریكا ڕێگه له زاڵبوونی هه‌ر لایه‌نیك له ئه‌كته‌ره‌كان به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی تردا ده‌گرێت، به‌ڵام ناڕاسته‌وخۆ و له لایه‌ن ئه‌كته‌ره ناوچه‌یییه‌كانه‌وه، ئه‌م ستراتیژییه جێبه‌جێ ده‌كات.
به‌كورتی، تا ئه‌و كاته‌ی كه هێز و ئه‌كته‌ره هه‌رێمی و سه‌رووهه‌رێمییه‌كان له هاوسه‌نگیی هێز له ناوچه‌كه‌دا دڵنیا نه‌بنه‌وه، هه‌ست به ئاسایش ناكه‌ن و ئه‌م جه‌نگ و پێكدادانه به‌رده‌وام ده‌بێت. بۆیه، پێشبینی ده‌كرێت له ناوچه‌كه‌دا هاوسه‌نگییه‌كی نوی بێته ئاراوه و، به‌م پێیه‌یش نه‌خشه‌ی جیۆسیاسیی ناوچه‌كه، له حه‌له‌ب و مووسڵ، گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا بێت.