هێزی سەربازیی ئەمریکیی بەکارهاتوو دژی داعش لە سەردەمی سەرۆك ئۆبامادا، سنووردارە. ئەگەر بەراوردێك بکەین لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا لە جەنگی ڕزگارکردنی کوێت لە سەردەمی سەرۆک کۆمار "جۆرج بۆشی باوك" لە ساڵی ١٩٩٠-١٩٩١ و، جەنگی لابردنی دهسهڵاتی سەددام حوسێن لە سەردەمی سەرۆک کۆمار "جۆرج بۆشی کوڕ" لە ساڵی ٢٠٠٣دا، دەبينین لە ڕووی چەندایەتی و جۆرایەتیی هێزە بەکارهاتووەکانی سەردەمی کۆمارییەکان بەرفراوانتر بوون، نەك ئەو هێزە دیاریکراوەی کە ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکی دیموکراتەکان (باراك ئۆباما)دا بۆ لەناوبردنی داعش ناردوویەتی.
هەڵبەتە، هۆکاری ئەو هێزە سەربازییە نەرمە (Soft Power)ی سەرۆك ئۆباما، دەگەڕێنینەوە بۆ دوو هۆی سەرەکی: یەکەم: پاشخان و هەگبەی سیاسیی خودی سەرۆك ئۆباما. دووەم: یاساکانی ئەمریکا سەبارەت بەدەسەڵاتەکانی هەڵگیرساندنی جەنگ.
ئەگەر هەندێك لە خاڵی یەکەم قووڵ ببینەوە، بۆمان دەردەکەوێت خودی کەسایەتیی سەرۆك ئۆباما لەگەڵ بژاردەی جەنگدا نییە. ئەگەر ئەمریکا بە خراپترین دۆخی سیاسی و ئاسایشیدا بڕۆیشتایە، هێشتا سەرۆك ئۆباما چەند جارێك زیاتر بير لە هەڵگيرسانی جهنگ دەکاتەوە. لەگەڵ گەییشتنی بۆ کۆشکی سپی، لە ساڵی ٢٠٠٩، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی پێ بەخشرا. ئەو کاتە، وەکوو سەرۆکی ئەمریکا، کارێكی ئەوتۆی ئەنجام نەدابوو شایەنی ئەو خەڵاتە بێت. بەڵام، تەنیا هەڵبژاردنی کەسێکی ڕەشپێست لە لایەن خەڵکی ئەمریکاوە، بووە هۆی پێدانی ئەو خەڵاتە. کەواتە خەڵاتەکە زیاتر ئاراستەی هەموو ئەمریکییەکان کرابوو. ئۆباما ئەم ڕاستییەی دەزانی؛ نەیدەویست ئەمریکییەکانی کە هەڵیان بژاردبوو، بیانخاتەوە ناو دۆخێکی نوێی جەنگەوە. ئەگەر بەوردی گوتەی ئۆباما بخوێنینەوە کە لە ڕۆژی پێدانی خەڵاتەکەی لە ئۆسلۆ لە ڕێکەوتی ١٠/١٢/٢٠٠٩ پێشکەشی کرد، بۆمان دەردەکەوێت ئەو پیاوە چەند تینووی ئاشتییە و، چەندیش دژی جەنگە. لە کاتی هەڵگيرساندنی جەنگیش، خۆی بۆ جەنگێکی دادپەروەرانە (Just War) تەرخان دەکات، بەو پێوەر و بنەمایانەی کە خۆی لە ئاشتی و ناتوندوتیژیدا باوەڕی پێی هەیە. کەواتە، هەوڵەکانی ئۆباما بۆ ئاشتی، دوای خەڵاتەکە دەستی پێ کرد. هەرچەندە لە کۆمەڵگهیەکی نێودەوڵەتیی ناجێگیر و ناهەوسەنگدا، زەحمەتە ئاشتی بپارێزرێت؛ بۆیە سەرۆك ئۆباما تەنیا دەیویست دۆخەکان نەگەنە جهنگ، ئەگەر جهنگیش ڕووبدات، خۆی و وڵاتەکەی بەدوور بگرێت، وەك لە پرسی ئۆکراینا. یانيش ئەگەر هەرناچار به جهنگكردن بوو، ئەوا بە کەمترین زەرەری مرۆیی بۆ ئەمریکییەکان تەواو بێت. بۆ مێژوو بڵێین لە سەردەمی ئۆبامادا، کەمترین سەربازی ئەمریکی لە دەرەوەی سنووری ئەمریکادا کوژراون. کەواتە ڕوانگەی ئۆباما بۆ جەنگ، ڕێگر بووە لە بەکارهێنانی هێزێکی سەربازیی تۆکمە دژی داعش؛ هاوشێوەی جەنگەکانی ساڵی ١٩٩١ و ٢٠٠٣.
دووەم هۆکار سەبارەت بە نەرمیی هێزەکانی ئەمریکا لە سەردەمی ئۆباما، دەگەڕێنینەوە بۆ یاساکانی ئەمریکا دەربارەی دەسەڵاتی جەنگ (War Powers Resolution)،کە لە ساڵی ١٩٧٣دا دەرچووە. سەیرتان پێنەیەت، سەرۆك ئۆباما هەستی کردبوو کە یاساکانی جەنگی ئەمریکی یارمەتیدەری سەرۆكی وڵات نین بۆ ئەوەی جەنگێکی بەرفراوان و سەرتاسەری دژی داعش ڕابگەیەنن. پێش چەند هەفتەیەك لە کۆتاییهاتنی ئیدارەی ئۆباما، وەزارەتی دادەکەی (Department of Justice) پێشنیاری کردووە کە لەم یاسایەی سەرەوەدا ڕیفۆرم بکرێت. بە جۆرێك بێت کە سەرۆکی داهاتوو بتوانێت جهنگی دژی گرووپێك یان دەوڵەتێکی "تيرۆریست" ڕابگەیەنێت، بێ ئەوەی پێویستیی بە ڕەزامەندیی کۆنگرێس بێت. پرسێکی یاساییی ئاڵۆز لە یاساکانی ئەمریکادا هەیە: ئایا تا چەند سەرۆك ئۆباما بە شێوەیەکی یاسایییانە مامەڵەی لەگەڵ جەنگی داعشدا کردووە؟
لە ساڵی ١٩٧٣، کۆنگرێس یاسایەکی دەربارەی دەسەڵاتی جهنگ دەرکرد،كه ناسراوە بە "War Powers Resolution". ئامانج لەم بڕیارە، ڕێگەگرتن بوو لە سەرۆکەکانی داهاتووی ئەمریکا کە جەنگێك بەرپابکەن؛ وەك ئەوەی سەرۆك نيکسۆن دژی ڤیەتنام کردی. بەپێی ئەم بڕیارە، کاتێك سەرۆکی ئەمریکا دەکەوێتە ناو ناکۆکییەکی سەربازیی نوێ، پێویستە لە ماوەی (٦٠) ڕۆژدا ڕەزامەندیی کۆنگرێس بۆ ئەم جەنگە وەرگرێت. ئەگەر کۆنگرێس ڕەتی کردەوە، ئەوا پێویستە فەرماندەی هێزە چەکدارەکان (سەرۆکی ئەمریکا)، هێزەکەی خۆی لە ماوەی تەنیا (٣٠) ڕۆژدا لە مەیدانی جەنگ بکشێنێتەوە. یەكێك لە سیناتۆرەکانی ئەو کاتە "Jacob Javits"، بەرگریی لەم یاسایە دەکرد و دەیگوت: جۆرە جەنگێك هەیە کە جەنگی ڕانەگەیەندراوی سەرۆکەکانە. ئەم جۆرە جەنگانە ئەگەر درێژخایەن بن، ئەوا دەبێتە هۆی تێکدانی هاوسەنگی لە سیستەمی دەستووریی ئەمریکادا؛ بۆیە دەسەڵاتی جەنگیی سەرۆکەکانی ئەمریکا، پێویستە سنووردار بکرێت.
کاتێك لە ساڵی ٢٠١٤، سەرۆك ئۆباما بڕیاری دا دژی داعش بوەستێتەوە، بەتایبەتی، بۆپاراستنی هەرێمی کوردستان ههنگاوی نا، ئەمە خۆی لە خۆیدا جێگهی شانازی و دەستخۆشیی خەڵکی ئەم هەرێمە بوو. بەڵام لە ناوخۆی ئەمریکادا مقۆمقۆی یاسایی، هەر مابوو. دەستپێشخەرییە سەربازییەکەی باراك ئۆباما، جێی قبووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەمریکا بوو. بەڵام پرسیارێکی یاسایی، یەخەی ئیدارەی ئۆبامای بەرنەدەدا. دوای (٦٠) ڕۆژ لە بەرپاکردنی هەر جەنگێکی نوێ، پێویستە ڕەزامەندیی کۆنگرێس وەرگیرێت. سەرۆك ئۆباما هەوڵی نەدا ڕەزامەندیی کۆنگرێس وەربگرێت، لەبەر ئەوەی زۆرینەی کۆنگرێس، ئەو کاتە و ئێستایش، لە کۆمارییەکان بوون، لەوانەبوو ڕەزامەند نەبن. بۆیە، ئیدارەی ئۆباما پەنای بۆ ئەو مۆڵەتانەی کۆنگرێس برد، کە پێشتر بۆ سەرۆکی پێشووتر (جۆرج بۆشی کوڕ) دەرچوو بوو. پێش زیاتر لە (١٠) ساڵ، کۆنگرێس بڕیاریدابوو کە جەنگی دژی قاعيدە و سەددام حوسێن ئەنجام بدرێت. بەڵام لێرەدا، پرۆفيسۆرێكی یاسا"Bruce Ackerman" لە زانکۆی "Yale"، ڕەخنەی توند ئاراستەی سەرۆك ئۆباما دەکات و دەڵێت: "داعش هەر نەبوو، کاتێك لە ساڵانی ٢٠٠١ و ٢٠٠٢، مۆڵەتی جهنگ بە سەرۆك بۆش درا"، هەروەها دەڵێت:"کاتێك ئۆباما دەستی بە چالاکییە سەربازییەکانی کرد، داعش خۆی، ڕاگەیاندبوو کە دوژمنی ڕێکخراوی قاعيدەیە".
کەواتە پێویستییەك هەبوو کە سەرۆك ئۆباما بەم شێوەیە هەڵسوکەوت بکات؛ هەرچەندە هەڵگيرساندنی جەنگ بەپێی یاسای ئەمریکی، ئیدارەی ئۆبامای سنووردارکردبوو. پێویستییەکانیش بریتی بوون لە پاراستنی بەرژوەندییە قووڵەکانی ئەمریکا؛ جێگهی خۆشحاڵییە کە پاراستنی هەرێمی کوردستان، بەشێك لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بێت. هەروەها، ڕێکخراوی تيرۆریستیی داعش جێی هەڕەشە و ترسێكی نێودەوڵەتی بوو. بەپێی مافی بەرگریی شەرعی (Right of Self-Defense)، هێزی سوپایی ئەمریکا دەبوایە وەڵام بداتەوە.
هەوڵدەدرا کاردانەوەی هێزی سەربازیی ئیدارەی ئۆباما لەگەڵ هەڕەشەکانی داعشدا گونجاو بێت، بەڵام سەرۆك ئۆباما، نەیدەویست هێزێکی سوپاییی تەواوی ئەمریکی بەرکاربێت، چونکە کێشەی یاساییی لە ناوخۆی ئەمریکادا بۆ سازدەبوو. ئێستایش ئەم پرسە یاسایییە لە پێش دادگه فیدراڵییەکانی ئەمریکادایە. سكاڵایەك لە لایەن ئەفسەرێكی پلە باڵای سەربازیی ئەمریکی لە کوێت "Nathan Smith" بەرزکراوەتەوە. ئەم ئەفسەرە دەپرسێت: ئایا دەبێت فەرمانی سەربازیی ئۆباما جێبەجێ بکات، یان یاسای جەنگیی ئەمریکی (War Powers Resolution)ی ساڵی ١٩٧٣؟
هەڵوێستی سەرۆکی نوێی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ، لهدژی داعش، زۆر توندتر دەبێت لە سەرۆك ئۆباما. پێش هەڵبژاردنی وەكوو سەرۆکی نوێی ئەمریکا ڕای گەیاندبوو، کە نامەیەکی کورتم بۆ داعش هەیە: "ژمارەی ڕۆژەکانی ژیانیان کەمی ماوە." ترامپ دەڵێت، بە داعش ناڵێم کەی و چۆن لە ناودەچن، پێویستە گهلی ئەمریکا، بەرچاوڕوون نەبێت (unpredictable)، ئەوانە دەبن بە ڕابردوو، بە زووترین کات".
کەواتە، ئەرکی سەرۆک ترامپ، تەنیا کاردانەوەی سەربازی نابێت وەك سەرۆك ئۆباما. بەڵام چاوەرێ دەکرێت کە هەندێك دەستپێشخەریی سەربازیی مەزن بکات، کە زۆر جیاواز بێت و توندتر بێت. ترامپ پێی باشە، دووژمنەکانی ئەمریکا نەتوانن پێشتر بيخوێننەوە. سەرۆك ئۆباما، زۆر بەڕوونی چۆنیەتیی بەکارهێنانی سەربازی ئەمریکیی بۆ جیهان ڕادەگەیاند و ڕێکی دەخست. بۆ نموونە، لە جەنگی داعش زۆر بەڕوونی باسی لە بەکارهێنانی فڕۆکەی سەربازی و ژمارەی ڕاوێژکارە سەربازییەکان دەکرد، بەڵام لەوانەیە ئیدارەی نوێی ترامپ تاكلایەنە هەڵمەتی سەربازی ئەنجام بدات، بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ لای هاوپەیمانەکانی ئەمریکا.
لە ڕووی یاسایییەوە، سەرۆکی نوێی ئەمریکا، لە سەرۆك ئۆباما دەستکراوەتر دەبێت. کۆمارییەکان زۆرینەی کۆنگرێسیان مسۆگەر کردووە. سەرۆك ترامپ دەتوانێت بە چەندین شێوە، هێزی بەکارهێنراوی سەربازیی ئەمریکی دژی داعش بگەیەنێت بە ئاستێکی توندتر. چەند بژاردەیەکی یاساییی ئاسان لە پێش سەرۆك ترامپ هەیە: بژاردەی یەکەم، پێشنیارەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکییە کە لە پێشەوە باسمان کرد، ئەویش هەموارکردنی یاسای جەنگیی ئەمریکییە. بەپێی ئەم پرۆژە یاسا نوێیە، سەرۆکی ئەمریکا دهتوانێت دژی گرووپ و وڵاتە تيرۆریستەکان جەنگ ڕابگەیەنێت، بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ کۆنگرێس. یان ئیدارەی ترامپ دەتوانێت، مۆڵەتێکی نوێ بۆ جەنگی دژی داعش لە کۆنگرێس وەرگرێت؛ لەو حاڵەتەدا، سەرۆك ترامپ ئامرازی سەربازی و داراییی زۆر بەرفراوانی لەبەردەستدا دەبێت بۆ لێدانی مۆڵگەکانی داعش لە عێراق، سووریا و شوێنی تر.
ئەوەی تایبەت بێت بە هەرێمی کوردستان، چاوەڕێ دەکرێت هەرێم لە لایەن ئیدارەی نوێی ترامپەوە، باشتر و بەهێزتر بپارێزرێت. بێ گومان، دوورخستنەوەی هەڕەشەی داعش لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، لە قازانجی کوردستان دەبێت. پێگەی جيۆپۆلیتیکی کوردستان، دەتوانێت ببێت بە بارەگایەکی بەهێز بۆ بەدەستهێنانی ئامانج و ستراتیژیی سەرۆکی نوێی ئەمریکا. لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەر بەراوردێك لە نێوان سەرۆك ئۆباما و سەرۆك ترامپدا بکەین: گومان لەوەدانییە لە سەردەمی ترامپ، ئاستی پاراستنی کوردستان لە لایەن ئەمریکییەکانەوە، کەمتر لە سەردەمی ئۆباما نابێت. بەڵکوو چاوەڕوان دەکرێت بەهێزتربێت؛ لەبەرئەوەی ئیدارەی ترامپ، ئاسانتر دەتوانێت هێزی سوپایی بەکاربهێنێت، هەروەکوو لە سەرەوە باسمان کرد. ئێمە لێرەدا تەنها لایەنی یاساییی سەربازییمان شی کردەوە، هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەمریکا چەندین ڕەهەندی سیاسی، ئابووری و سەربازیی تری تێدایە. کوردستان، پێویستە سوود لە ئیدارەی ترامپ وەرگرێت. شتێکی نوێ نییە ئەگەر بڵێین؛ گۆڕانکارییە گەورەکانی جیهان لە سەردەمی کۆمارییەکاندا ڕوویانداوە.