خستنه‌ڕووی بابه‌ت
كۆماری ئیسلامیی ئێران، به‌پێچه‌وانه‌ی وته‌كانی به‌رپرسانی باڵای سیاسی و سه‌ربازی و ئاسایشی و، ته‌نانه‌ت وته‌كانی ڕێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران "ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی"، زۆر به‌وردی چاودێریی ڕووداو و گۆڕانكارییه سیاسییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كات. هه‌ڵبژاردنی "دۆناڵد ترامپ" وه‌كوو سه‌رۆككۆماری ئه‌مریكا، له‌و پرس و بابه‌تانه‌یه كه جگه له ناوه‌نده باڵاكانی سیاسی و ئاسایشیی ئێران، ناوه‌نده‌كانی ئه‌كادیمی و لێكۆڵینه‌وه و دیپلۆماسیی ئه‌و وڵاته‌ی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه.
یه‌كێك له سه‌ر‌نجڕاكێشترین ڕووداوه‌كانیش له ناوخۆی ئێران‌دا، ئه‌وه بوو كه داموده‌زگه‌ی سیاسی و دیپلۆماسیی ئێران، پێش ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری ئه‌مریكا و ڕاگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتنی ترامپ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، خۆیان بۆ سه‌رۆككۆماریی "هیلاری كلینتۆن"، وه‌ك درێژه‌پێده‌ری ستراتیژی و سیاسه‌ته‌كانی "باراك ئۆباما" له هه‌مبه‌ر ئێران و چۆنیه‌تیی هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی كلینتۆندا، ئامادە كردبوو.
به‌كورتی، هه‌ڵبژاردنی "دۆناڵد ترامپ" بۆ ئێرانییه‌كان، جگه له‌وه‌ی كه چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو، به‌ڵكوو وه‌ك شۆك و ڕاچڵه‌كانێك وا بوو. له‌م نووسینه‌دا، تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر هۆكاره‌كانی دڵه‌ڕاوكێی ئێرانییه‌كان له سه‌ركه‌وتنی ترامپ و، به‌م پێیه‌یش سه‌رلێشێواویی ناوه‌نده سیاسی و دیپلۆماسی و ئاسایشییه‌كانی ئێران له هه‌مبه‌ر ئیداره‌ی نوێی ترامپ و، سیناریۆ پێشبینیكراوه‌كان له‌م باره‌یه‌وه.
بارگرژییه‌كانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئه‌مریكا
دەتوانین لێرەدا، پەیوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ڕوانگەی "بازنەی كارلێكی نەرێنی" شی بكەینەوە؛ بەم مانایە كە ئەو زەینییەتە نەرێنییە ـ مێژوویییەی نێوانیان و، هەروەها بارگرژی لە پەیوەندییەكانیاندا، بە هۆی كارلێكی ڕەفتار و ڕووداوە تاڵ و نەرێنییەكانی نێوانیان دروست بووە، بەتایبەت كۆمەڵێك كاری دوژمنكارانە كە لە هەمبەر یەكتـریدا كردوویانە، بۆ نموونە: پاڵپشتی و یارمەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە كۆدەتای ساڵی (1953) بۆ ڕووخانی حكوومەتی موسەددق و یارمەتیدانی ڕژێمی شای ئێران، كە زۆرینەی خەڵك لێی ناڕازی بوون و، لە ساڵی (1979) شۆڕ‌شیان دژی ئەنجام دا، پاشان بەبارمتەگرتنی دیپلۆماتە ئەمریكییەكانی باڵوێزخانەی ئەمریكا لە تاران لە ساڵی (1979) بۆ ماوەی (444) ڕۆژ، لە لایەن شۆڕشگێرە توندڕەوە ئیسلامییەكانەوە؛ دواتـر، پاڵپشتیكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عێراق لە جەنگی هەشت ساڵە لەگەڵ ئێران و، هەروەها لە ساڵی (1988) خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگری ئێران و كوژرانی (290) هاووڵاتیی ئێرانی لە لایەن كەشتیی جەنگیی "ڤێنسێن"ی ئەمریكییەوە و...، ئەمانه‌یش چووە ناو بیرەوەریی مێژووی ئەمریكییەكان و ئێرانییەكانه‌وه.
ڕاگەیاندن و ناساندنی كۆماری ئێسلامیی ئێران، وەك دەوڵەتێكی میحوەری شەڕ و شەیتانی لە ساڵی (2002)دا، لە لایەن جۆرج بۆشەوە و، هەروەها ئاشكرابوونی ئەوەی كە كۆماری ئیسلامیی ئێران خەریكی چالاكیی نهێنیی بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی، یان وەك ڕۆژاوا بڕوای وایە كە ئێران سەرقاڵی بەدەستهێنانی توانای بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمییە و، دواتـر دەستپێكردنی مشت‌ومڕ و كێشە لە نێوان ڕۆژاوا و كۆماری ئیسلامیی ئێران دەربارەی بەرنامەی ئەتۆمی لە ساڵی(2002)وە، وای كرد كە پەیوەندییەكانیان بارگرژی و كێشەی زیاتـری تێ بكەوێت.
بەگشتی، كۆماری ئیسلامیی ئێران، تـرس و دڵەڕاوكێی ئاسایشیی لە گۆڕانكارییە ژینگەیییه‌كانی دەوروبەری خۆی هەیە، بەتایبەت گۆڕانكارییەكانی ئەم دوایییەی ناوچەكە و گوشارەكانی ویلایە تەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەكە، كە بەگشتی بـریتین لە:
1ـ هێرشی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ئەفغانستان.
2ـ هێرشی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ عێراق.
3ـ فراوانكردنی هێزی دەریاییی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە كەنداو.
4ـ بەهێزكردنی هاوپەیمانیی دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست.
5ـ بەهێزكردنی هاوپەیمانیی دژی ئێران لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی.
گوشاره‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران
به شێوه‌یه‌كی گشتی، هۆكار و پاڵنەرەكانی گوشار و ئابڵووقەكانی ئه‌مریكا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ سەر ئێران، دەكرێت بەسەر چوار جۆردا دابەش بكەین:
أ- پاڵپشتی و یارمەتیدانی گرووپە توندڕەوەكان و بەگشتی تیرۆریزم و دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەكە
ب- پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ
ت- به‌رنامه و پرۆژەی ناوەكیی ئێران
پ- بەرنامەی سەربازی و پرۆژەكانی دروستكردنی چه‌ك و موشەكە دوورهاوێژەكان.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی داراییی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، تاوەكوو ئێستا (2015)، دە یاسای كۆنگرێس و زیاتر لە بیست فەرمانی سەرۆكایەتیی كۆماری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە دژی كۆماری ئیسلامی، دەركراون. بۆ نموونە لە 8ی نۆڤه‌مبەری ساڵی 1979، تەنیا چوار ڕۆژ پاش داگیركردنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تاران، ئەمریكا فرۆشتنی هەر جۆرە چەك و تەقەمەنییەكی بە ئێران قەدەغە كرد. لە 14ی نۆڤه‌مبەری 1979دا سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هەموو دارایییەكانی ئێرانی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بلۆك كرد.
لە 7 و 17ی ئه‌پریلی ساڵی 1980، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەر جۆرە هاوردە و هەناردەیه‌كی بۆ ئێران قەدەغە كرد و سزای توندی بۆ دانا، بێجگە لە دەرمان و خۆراك. دیسان لە ساڵی 1987، ئیدارەی "سەرۆك ڕەیگان" بە هۆی پاڵپشتیی ئێران لە تیرۆر و گرووپە تیرۆریستییەكان، ئابڵووقەی زیاتری خستە سەر ئێران.
لە ساڵی 1995دا به‌پێی یاسای داماتۆ، كه لە لایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانه‌وه دانراوه، ئه‌وه ئەمریكا سزای ئەو كۆمپانیایانە دەدات كە لە ئێران‌دا لە بواری نەوت و گاز وەبەرهێنان دەكەن. لە ساڵی 1996، بە هۆی پاڵپشتی لە گرووپە تیرۆریستییەكانەوە یاسای ئێلیسا بۆ سزادان و ئابڵووقەی ئێران لە لایەن كۆنگرێسی ئەمریكییەوە دەرچوو و، لە ساڵەكانی 2001 و 2006، بوو بە یاسایەكی گشتگیری هەمەلایەنەی ئابڵووقەی سەر ئێران. لە ساڵی 2007، بانكە ئێرانییەكان و سوپای پاسداران و فەرماندە سەربازییەكانی، سزا و ئابڵووقەیان خرایە سەر. هەروەها لە ساڵانی 2009، 2010، 2011، 2012 و 2013 ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سزا و ئابڵۆوقەی تری دژی ئێران ڕاگەیاند.
ئەمە بێجگە لە ئابڵووقە و سزاكانی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا و بڕیارەكانی ژمارە(1696 و 1737لە ساڵی 2006، 1747 لە ساڵی 2007، 1803 لە ساڵی 2008، 1835 و 1929لە ساڵی 2010) لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان و، تەنانەت وڵاتانی تریشەوە، كە بەتوندترین سزا و ئابڵووقە دادەندرێت، كە لە مێژوودا لە دژی دەوڵەتێك دانرابێت.
بە هۆی ستراتیژیی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و سروشتی سیستەمی سیاسی لە ئێران، ئەوە لە ماوەی ڕابردوو (بەڵكوو لەوانەیە لە داهاتوویشدا) لەژێر گوشاردا بوو، كە بڕیار بدات ئایا چەكی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت؟ یاخود تەنیا توانای دروستكردنی ئەم چەكە بەدەست بهێنێت؟ بو ئەم مەبەستە "ڕێكخراوی دیراساتی ئاسایشی نەتەوەییی ئیسڕائیل" ئەم پرسەی تاووتوێ كردووە كە دەڵێت: "لەم بارودۆخەدا ئێران هەوڵی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی نادات، بەڵكوو ئێران وا بیر دەكاتەوە كە بەم دۆخە، وڵاتانی زلهێز و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕازی دەبن كە ڕۆڵی ستراتیژیی ئێران لە ناوچەكه‌دا قبووڵ بكەن و، لە داهاتوودا لە دەرەنجامی گۆڕانكارییەكان، دۆخی نوێ بخوڵقێت و ڕێسای گەمەكان بگۆڕێت و ڕۆژاوا بە مەرجەكانی ئێران ڕازی دەبێت." چونكە نوخبە سیاسی-ئایینییەكانی ئێران وا بیر دەكەنەوە كە توانای خۆڕاگری لە بەرامبەر گوشار و ئابڵووقە ئابوورییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هەبووە و هەیە، بەڵام نابێت ئەوه‌مان لەبیر بچێ كە ئیسڕائیل توانا و ئاستی خۆڕاگریی سنووردارە و، لەوانەیە پێش ئەوەی كە ئێران بەم دۆخە بگات، لە كاتی بەرزبوونەوەی بارگرژییەكاندا، هێرش بكاتە سەر ئێران.
مه‌ترسییه ئاسایشییه‌كانی ئێران بۆ ئه‌مریكا
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و به‌تایبه‌ت ئیسڕائیل، ترسیان لە بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی لە ناوچەكەدا هەیە، بەتایبەت ترسیان لە كاردانەوە و هەوڵی توركیا و سعوودیا بۆ دەستپێڕاگەیشتن بەم چەكە هەیە، لە ئەگەری بەدەستهێنانی چەكی ئەتومی لە لایەن ئێرانەوە. ئەمەیش هاوسەنگیی هێز لە ناوچەكە تێك دەدات و، ناوچەكە دەخاتە مەترسیی قووڵ و جددییەوە و ئەم هەلومەرجە نوێیە و گۆڕانی هاوسەنگی لە ناوچەكە، بەتایبەت دەوڵەتی سعوودیا هان دەدات بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی، چونكە هەم پاڵنەری ستراتیژی و، هەم ئایدۆلۆژیكیی هەیە و، لە لایەكی تریشەوە توانای ئابووریی ئەم كارەی هەیە.
لە ڕوانگەی ڕۆژاواوە، مەترسیی ئێران تەنیا لە هەبوونی چەك و جبەخانە و سوپایەكی سەربازیدا نییە، بەڵكوو زیاتر جۆری سیاسەت و ئایدۆلۆژی و ڕەفتار و بانگەشەكانی ئێران لە دژی وڵاتانی ناوچەكە و ڕۆژاوا و، پاڵپشتی لە بزاڤە توندڕەوەكان و هەوڵدان بۆ دروستكردنی به‌ره و هێڵێكی بەرەنگاری، كه به "هیلالی شیعی" ناسراوه، لە ناوچەكە، لە دژی وڵاتانی سوننە و هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەتایبەت سعوودیا و عێراق و لوبنان و وڵاتانی كەنداو، كە سەرای بوونی پەیوەندی لە نێوان ئێران و ئەم وڵاتانەدا، ترسی قووڵیان لە ئێران هەیە. ئەمە، سەرەڕای هاوڕابوونی ئەوروپا و تا ڕادەیەكیش چین و ڕووسیا لەگەڵ كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی لەسەر كۆنترۆڵكردنی بەرنامەی ناوەكیی ئێران و گوشارخستنەسەری (جگە لە ناكۆكی لەسەر خاڵی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران لە نیوان ئەو وڵاتانەدا).
سیاسه‌ت و ئیداره‌ی نوێی "دۆناڵد ترامپ" و دڵه‌ڕاوكێی كۆماری ئیسلامی
گه‌وره‌ترین مه‌ترسی و دڵه‌ڕاوكێی ئێرانییه‌كان له هه‌مبه‌ر سیاسه‌ت و ستراتیژیی "ترامپ"، وته‌كانی ناوبراوه له هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار له ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و، ته‌نانه‌ت دڕاندنی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1. كۆماری ئیسلامی، به هۆی سزا و ئابڵووقه و گوشاره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له لایه‌ك و، ئابڵووقه‌كانی ئه‌مریكا له لایه‌كی تره‌وه، تا لێواری ڕووخانی ئابووری چووبوو. بۆیه ئێستاكه به هۆی هاتنه‌سه‌ركاری "ترامپ"، جارێكی تر تارماییی گوشار و ئابڵووقه به هۆی ئه‌وه‌ی كه ترامپ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی به خراپترین ڕێككه‌وتن له مێژووی ئه‌مریكادا پێناسه كرد، له‌سه‌ر ئێرانییه‌كان ده‌ركه‌وتۆته‌وه. لێره‌وه ده‌توانین دڵه‌ڕاوكێیه‌كانی ئێران له ئیداره و سیاسه‌تی "ترامپ" له هه‌مبه‌ر ئێران و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له چه‌ند خاڵێكدا كورت بكه‌ینه‌وه:
كۆبه‌ند
به هۆی ناڕوونیی ستراتیژیی ترامپ له هه‌مبه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و، ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنی كه‌سانی دژبه ئێران، وه‌ك ئه‌ندامی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكی له لایه‌ك و، وته‌كانی "ترامپ" له هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری ئه‌مریكا له دژی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی ئێران، كۆماری ئیسلامیی ئێران دڵه‌ڕاوكێی زۆری له ئیداره‌ی ترامپ هه‌یه و هه‌ست به مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه ده‌كات. هه‌روه‌ها سیاسه‌تی پێشبینیكراوی ترامپ له هه‌بوونی په‌یوه‌ندیی نزیك له‌گه‌ڵ ڕووسیا، وا ده‌كات ئێران زیاتر له ناوچه‌كه‌دا په‌راوێز بخرێت و، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كه له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری ئێران، كه‌سانی سه‌ربازی و توندڕه‌وه‌كانی دژی ڕۆژاوا و ئه‌مریكا به‌هێزتر بن. به‌گشتی ئه‌م چوار ساڵه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری "ترامپ"، بۆ ئێران زۆر ئه‌سته‌م و پڕ له گوشار و بارگرژی ده‌بێت.