فەڕەنسا و ناساندنی تاوانە نێودەوڵەتییەکانی داعش

دەستپێك:

لە ڕۆژی ٦/١٢/٢٠١٦، دامەزراوەی سێنای (Sénat ) فەڕەنسی بڕیارێکی گرنگی دەربارەی ناساندنی تاوانەکانی جینۆساید دەرکرد؛ تاوانی دژەمرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ کە دژی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان و دانيشتووانی سڤيلی سووری و عێراقی ڕوویان داوە. ئەم دامەزراوەیە یەکێكە لە دەسەڵاتە هەرە گرنگەکان له‌ سیستەمی یاسایی و حوکمڕانی لە فەڕەنسا. هەر دوو دامەزراوەی سێنا و ئەنجوومەنی نيشتمانیی فەڕەنسی، دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)ی ئەم وڵاتە پێک دێنن.

بەڕاستی، بڕیارێکی گرنگە بۆ پێشخستنی دۆزی بەنێودەوڵەتی ناساندنی ئەو تاوانانەی کە دژی پێکهاتەکانی کوردستان، بەتایبەتی دژی کریستیانەکان و ئێزیدییەکان ڕوویان داوە. ئەم بڕیارە لە لایەن سیناتۆرێکی حزبی کۆمارییەکان (Républicain)، برونۆ ڕێتایۆ، پێشنیار کرابوو. ئەم سیناتۆرە، کەسێکی نزیکی "فرەنسوا فيۆن"ە و، کاندیدی ڕاستڕەوەکانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠١٧. ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەم کاندیدە، شانسی بردنەوەی زۆرە. سیناتۆر برونۆ ڕێتایۆ سەرۆکی گرووپی پەیوەندییەکانە لەگەڵ کریستیانی ڕۆژهەڵات لە سێنای فەڕەنسا. بە کۆی دەنگ، ٣٠٩ سیناتۆر دەنگی بۆ ئەم بڕیارە دا؛ هیچ سیناتۆرێك دژ نەبوو. بڕیارێکی سەمبۆليکە، كه‌ هەموو حزب و لایەنە جیاوازەکانی فەڕەنسا پێکەوە دەنگیان بۆ دا.

دەقی بڕیارەکە چوار ڕستەی گرنگ لەخۆ دەگرێت. لێرەدا وەکوو خۆی وەریان دەگێڕێن بۆ زمانی کوردی: یەکەم، بيرخستنەوەی قەبارەی ئەو تاوانانەی کە لە سووریا و عێراق لە لایەن ڕێکخراوە حکوومی و ناحکوومییەکان، بەتایبەتی لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، ئەلقاعيدە و بەرەی فەتح ئەلشام، ڕوویان داوە؛ دووەم،پێیان وایە کە ئەو تاوانانەی کە دژی دانیشتووانی کریستیان، ئێزیدی، کەمایەتییەکانی تر و دانيشتووانی سڤیل ڕوویان داوە، تاوانی جەنگن، تاوانی دژەمرۆڤایەتی و جينۆسایدن؛ سێیەم، پێیان وایە کە هاووڵاتییە فەڕەنسییەکان کە بۆ ڕێکخراوە تيرۆریستی و تاوانکارییەکان کار دەکەن، دەبێت بەم تاوانانە دادگه‌یی بکرێن؛ چوارەم،داوا لە حکوومەتی فەڕەنسی دەکەن کە هەموو ڕێوشوێنەکان بگرێتە بەر بۆ ناساندنی ئەم جۆرە تاوانانە، کە دژی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینیی و دانيشتووانی سڤيل ئەنجام دراون.

لە سێنای فەڕەنسا چی گوترا؟

پرۆژەبڕیارەکە لە ڕۆژی ١٤/١١/٢٠١٦ پێشنیار کرا. نەگەیشت بە (٢٠) ڕۆژ، دەنگی لەسەر درا و قبووڵ کرا. لە پرۆژەکەیدا، سيناتۆر برونۆ ڕێتایۆ بە مەبەستی دەرخستنی گرنگیی ئەم بڕیارە، باسی چەندین هۆکار دەکات. ئەم سیناتۆرە، باس لە کتێبی سپی دەکات کە دەربارەی بەرگری و ئاسایشی نیشتمانیی فەڕەنسی لە ساڵی ٢٠١٣ دەرچووە: دیاردەی تيرۆریزمی جیهانگیر، بە گەورەترین هەڕەشە و مەترسی دانراوە. هەروەها خۆی بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتئەستوور کردووە؛ ژمارە ٢٢٤٩، کە لە ڕێكه‌وتی ٢٠/١١/٢٠١٥ دەرچووە. ئەم بڕیارە داوا لە هەموو دەوڵەتانی جیهان دەکات کە هەموو ئامرازە پێویستەکان بۆ لەناوبردنی داعش بەکار بێنن. ئەم سیناتۆره‌ هەوڵی داوە چەند پێناسەیەك بۆ دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا بکات: جارێك دەڵێت "نیمچەدەوڵەتێکی تۆتالیتارە"، جارێکی تر دەڵێت "ڕێچکەیەکی سیاسی- ئایینی- سەربازییە"؛ بەڵام هەموو جیهان لەسەر ئەوە کۆکن، کە دەبێت لەناو بچن.

ئەم سیناتۆرە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بنیاتنانەوە، پێویستیی بە ئاشتەوایی هەیە. ئەم ئاشتەوایییەیش کاتێك ڕوو دەدات كه‌ دادپەروەری بگەڕێنرێتەوە بۆ قوربانییەکان و، تاوانەکان بناسرێن و بەدادگایی بکرێن. ئەم دادپەروەرییەیش، بەرپرسیارێتیی دادگه‌ نێودەوڵەتی و نیشتمانییەکانە. تاوانەکانی داعش لەبەرچاوی هەموو جیهان ڕوویان دا و، بەردەوامن. بە ڕای ئەم سیناتۆرە، ئێستا کاتی پێناسەکردنی ئەم تاوانانە و، لێکۆڵینەوە و دادگه‌ییکردنیانه‌. نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕێگه‌ی کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە سووریا، ڕاشکاوانە تاوانەکانی داعشی بە جينۆسایدکردنی ئێزیدییەکان لە قەڵەم دا. ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بان کی موون، ئەم قسەیەی دووپات کردۆتەوە. ئەمریکا و بریتانیا و پەرلەمانی ئەوروپا، هەمان ڕایان دەربارەی ئەم تاوانە قێزەوەنانە هەبووە.

کەواتە لەناو پەرلەمانی فەڕەنسا، ڕایەکی بەهێز بۆ لەناوبردنی داعش هەیە، کە نەك تەنیا بە ڕێگه‌ی سەربازی ئەنجام بدرێت، بەڵکوو ڕێگه‌ی یاسایی بەکار بهێنرێت. فەڕەنسا لە ڕێگه‌ی ئەم جۆرە بڕیارانەوە، دەیەوێت بەهاکانی خۆی لە یاسا و دادپەروەری، دژی داعش و هاوشێوەکانی بەکار بهێنێت. ئەم سیناتۆرە، ئاماژە بە گوتەیەکی بەناوبانگی جۆرج کلێمەنسۆ (سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی فەڕەنسا لە نێوان ساڵانی ١٩١٧-١٩٢٠) دەکات: "بردنەوەی جه‌نگێك، ئاسانترە لە بردنەوەی ئاشتی." کەواتە، درکیان بەوە کردووە کە ئاشتەوایی و دادپەروەری لەم وڵاتانەدا، کارێکی زەحمەتە. لە هەمان کاتدا، دەیانەوێت پێمان بڵێن، ئامرازی تریش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و هاوشێوەکانی هەن؛ كه‌ خۆیان‌ لە چارەسەری سیاسی و یاساییدا دەبيننەوە.

لە پێش هەموو ئەندامانی سێنای فەڕەنسا، سیناتۆر برونۆ ڕێتایۆ دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەکات کە دژی تيرۆر دەجەنگن و، بە سەربازی ئازادی لە قەڵەمی دان. لە لایەکی ترەوە، سیناتۆرێکی تر، ناتالی گولێ، باس لەوە دەکات کە ئەم کوشتنی بەکۆمەڵە، لە ئەنجامی جه‌نگ پەیدا نەبوو، بەڵکوو ئامانجی جه‌نگه‌کە بووە. هەندێك لە سیناتۆرەکان باوەڕیان وا بوو، کە دەبێت چوارچێوەی تاوانی جينۆساید فراوان بکرێت، بەتایبەتی لەناوبردنی که‌لتووری ميللەتێکیش، ببێت بە بەشێک لەم تاوانە. واتا کوشتن تەنیا پێوەر نەبێت، بەڵکوو تێکدان و شێواندنی که‌لتووری ئایینێك، یان نەتەوەیەکیش بە جينۆساید هەژمار بکرێت. هەندێك لایەن و حزبی ناو سێنا، باوەڕیان وا بوو کە تاوانەکانی تيرۆریستان ئەوەندە زۆرن، تەنیا دژی پێکهاتە کەمایەتییەکان نین، بەڵکوو دژی هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگه‌ی عێراقی ئەنجام دراون.

سيناتۆرێکی دیكه‌ی بەڕەچەڵەك جەزائیری، باريزە خەیاری، هۆکاری قووڵیی کێشەکانی ئەم ناوچەیە دەگەڕێنێتەوە بۆ ستراتیژییە هەڵەکانی زلهێزەکانی ڕۆژاوا. لێرەدا چەند نموونەیەك بۆ ئەو هەڵانە دەهێنێتەوە: سایکس- پێکۆ و لادانی موسەددق و... هتد.

کاریگەریی بڕیارەکەی فەڕەنسا

فەڕەنسا بەم بڕیارەی، ویستی خۆی وا پيشان بدات کە لە هێڵی یەکەمی سەنگەرە دژی داعش، نەك تەنیا لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵکوو لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییشەوە. بۆ زاڵکردنی بەها و که‌لتووری مرۆڤایەتی لەسەر وەحشییەتی ئەو ڕێکخراوە تيرۆریستییانە، هه‌وڵی خۆیان ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ.  ئامانجێکی تری ئەم بڕیارە، شکاندنی ئەو بێدەنگییەیە بەرامبەر ئەو تاوانە نێودەوڵەتییانەی کە لەم ناوچەیە ڕوو دەدەن. مێژووی ئەوروپا پڕە لە بێدەنگی له‌ هەمبەر ئەو تاوانانەی کە دژی کورد ڕوویان داوە، بەتایبەتی لە سەردەمی بەعس. لەگەڵ ئەم بڕیارە، ئێستا زەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی یاساییش لێ درا.  

ئەم بڕیارەی فەڕەنسا، هەنگاوێکی گرنگە لە پرسی ناساندنی جينۆساید دژی ئێزیدییەکان و پێکهاتەکانی تر. پەرلەمانی فەڕەنسا داوای لە حکوومەتەکەی کردووە، کە هەموو ڕێوشوێنێك بۆ ئەم مەبەستە بگرێتە بەر. چاوەڕێ دەکرێت حکوومەتی فەڕەنسا لە چەند ئاستێكدا کار لەسەر ئەم بابەتە بکات، بەم شێوەیەی خوارەوە:

یەکەم، لە ئاستی ناوخۆیی: هاوکاریکردنی دادگه‌ نیشتیمانییەکانی فەڕەنسا بۆ دادگه‌ییکردنی هاووڵاتیانی فەڕەنسا، کە لەم جۆرە تاوانانە تێوە گڵاون. دووەم، لە ئاستی پەیوەندییەکانی عێراق و فەڕەنسا: چاوەڕێ دەکرێت کە لایەنی فەڕەنسی، هەوڵێکی ديپلۆماسیی توندوتۆڵ بدات بۆ ئەوەی قەناعەت بە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق بهێنێ کە دەسەڵاتی دادگه‌ی تاوانی نێودەوڵەتی قبووڵ بکەن. هەر کاتێك، عێراق دەسەڵاتی ئەم دادگه‌یەی پەسەند کرد، یەکسەر دۆسیەی ئەم تاوانە گەورانە لە لاهای دەکرێتەوە. بەڵام عێراق تا ئێستا، لەبەر زۆر هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی، بۆ ئەم پرسی بەدادگه‌ییکردنە ئامادە نییە؛ بۆیە فەڕەنسا بژاردەیەکی تری بەدەستە، كه‌ لە خاڵی سێیەم باسی دەکەین.

سێیەم، لە ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەنجوومەنی ئاسایش، دەتوانێت داوا لە دادگه‌ی تاوانی نێودەوڵەتی بکات کە دۆسیەی تاوانەکانی داعش لە عێراق و سووریا بکرێتەوە. بڕیاردان لەم بارەیەوە، پێویستیی بەوەیە کە زلهێزەکان ڤيتۆ بەکار نەهێنن. لە مانگی پێنجی ٢٠١٤، فەڕەنسا و چەندین وڵاتی تر پێشنیاریان کرد کە تاوانە نێودەوڵەتییەکانی کە لە سووریا ڕوویان داوە، لە لایەن حکوومەتی سووری، یان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌، بدرێنە دادگه‌. بەڵام ڕووسیا و چين، ڤيتۆیان بەکارهێنا. ئەم جارە پرسەکە جیاوازە؛ سۆزێکی نێودەوڵەتیی مەزن هەیە لە بەرژەوەندیی ئێزیدی و مەسیحییەکانی قوربانیی دەستی داعش. لەبەر ئاڵۆزیی دۆخی سووریا، لەوانەیە ئەم پرسە بە سنووری جوگرافیی عێراقه‌وه‌ گرێ بدرێت. واتا، پرۆسەی دادگه‌ییکردن، بۆ تاوانە نێودەوڵەتییەکانی ناو عێراق سنووردار بکرێت. یان بە شێوەیەکی تر، دەسەڵاتی دادگه‌ی تاوانی نێودەوڵەتی، تەنیا تاوانەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بگرێتەوە لە هەموو جیهان. بەم ئاراستەیە، فەڕەنسا دەتوانێت لەسەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆر کاریگەر بێت.

 ئەگەر بە ڕوانگەیەکی ترەوە سەیری ئەم بابەتە بکەین، گەورەترین هێرشەکانی داعش لە ئەوروپا، دژی فەڕەنسا بوونه‌. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، گەورەترین هێرشەکانی ئەم ڕێکخراوە تيرۆریستییە، دژی هەرێمی کوردستان و عێراق و پێکهاتەکان بوونه‌. کەواتە، هۆکارێکی گرنگ هەیە كه‌ فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان کۆ دەکاتەوە. فەڕەنسا لە دێرزەمانەوە خۆی بە پارێزەری کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەزانێت لە جیهان. لە ساڵی ١٩٩١، بە ڕێگه‌ی بڕیاری (٦٨٨)ی ئەنجوومەنی ئاسایش، سەلماندی کە پارێزەری کوردیشە. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا، پێویستییەکی مەزن لەم قۆناغەدا هەیە، كه‌ کار لەسەر دوو پرسی سەرەکی بکرێت: نەهێشتن و دادگه‌ییەکردنی داعش و پاراستنی ئێزیدی و کریستیان و پێکهاتەکانی تر لەم ناوچەیەدا. پێویستە بەم شێوەیە قەناعەتێك لای فەڕەنسییەکان دروست بکرێت: کوردستانێك بتوانێت هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت و پێگەی هاووڵاتیی پلەی یەكیان بۆ فەراهه‌م بکات، زۆر باشترە لە عێراقێکی پڕکێشەی ئەزەلی. مێژوو سەلماندوویەتی، هەر سەردەمە و پێکهاتەیەکی ئەم وڵاتە، دەبێتە قوربانیی سیاسەتە مەترسیدار و چەوتەکانی حکوومەتی بەغدا.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples