چەمکی"بەکەمپبوون" و عێراق
لەگەڵ نزيکبوونەوەی وەرزی زستان، کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانUNHCR ، ڕایگەیاند کە دوو کەمپی تری نوێ بۆ داڵدەدانی دانیشتووانی شاری مووسڵ، دەکرێتەوە. ئەم دوو کەمپە، دەچنە پاڵ ئەم ژمارە زۆرەی کەمپەکان کە لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و، لە عێراق دروست کراون. پێتان سەیر نەبێت، ئەم کۆمیسیۆنە نەخشەی تایبەت بە کەمپەکانی لە عێراق، داڕشتووە[1]. کاتێك بۆ هەرێمی کوردستان و سنوورەکانی دەڕوانین، لە ژمارەی زۆری کەمپەکان تووشی سەرسوڕمان دەبين، کە خۆیان لە زیاتر له٣٥ کەمپ و شوێنی مانەوە دەدەن. هەمان ژمارەیش، یان هەندێك کەمتر کەمپ، لە ناوەڕاستی عێراقیش دەبينرێت. ژمارە و ناسنامەی دانيشتووانی کەمپەکان جیاوازن. کەمپەکانی هەرێم هەموو پێکهاتەکانی عێراق و کوردانی ڕۆژاوا لەخۆ دەگرن، بەڵام کەمپەکانی ناوەڕاستی عێراق، زیاتر عەرەبزمان لەخۆ دەگرن. بەرپرسانی هەرێم هاوار دەکەن بۆ هەموو جیهان، کە ژمارەی دانیشتووانی هەرێم لە ٢٠١٤، ڕێژەی 30% زیادی کردووە. بەپێی داتا و زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان UNHCR، لە ساڵی ٢٠١٦، ژمارەی ئاوارە ناوخۆیییەکانی عێراق (٤،١٨٣،٩٠٦)، ژمارەی ئاوارەی سووری (٢٢٥،٤٤٥) و ژمارەی ئهو ئاوارانەی کە ناسنامەی تریان هەیە (٤٧،٤٣١) و، ژمارەی ئەو کەسانەی کە ناسنامەیەکیان نییە و لە عێراق دەژین (٤٨،٥٠٠) کەسن. ئەم ژمارانە کۆبکەینەوە، دەکاتە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کردنەوەی کەمپی زیاتر لە ناوچەکە، سوودی چییە؟ بێ گومان مژدەیەکە بۆ ئەو کەسانەی بە دەستی داعش دەربەربوونەو، جێیەکیان نییە تێیدا بژین، بەڵام هەڵگری پەیامێکی قووڵتریشە. ئەم ڕاگەیاندنە، دەربڕی کارەساتێکی مرۆییی بەردەوامی عێراقە. لە ساڵی ٢٠٠٤ ەوە عێراق، وەزارەتی "کۆچ و کۆچبەران"ی دروست کردووە. بەڵام دیاردەی کۆچکردن، یان کۆچپێکردن، بووهتە بەشێك لە کهلتووری نەرێنیی ئەم وڵاتە. عێراق "وڵاتی کۆچ و کۆچبەرانە". کەم عێراقی هەیە ڕۆژێك لە ڕۆژان لە ماڵەکەی خۆی ڕای نەکردبێت، بۆ ئەوەی بەرەو ئاڕاستەیەکی ئارامتر بڕوات. ئەو شوێنەی بۆی دەڕوات شاخێكە، کەمپێکە، ئەشکەوتێکە، شارێکی تر، دەوڵەتێکی ترە، یان هەر شوێنێك بێت کە تێیدا نەکوژرێت. کەواتە بە دوای ئارامگەیەکی کاتی دەگەڕێت، کە پێی دەگووترێت کەمپ.
پرۆسەی "بەکەمپوون" دیاردەیەکی جیهانییە؛ زیاتر لە ٢٠٠٠ کەمپی فهرمی لە جیهاندا هەن. سادەترین پێناسەی کەمپ، بریتییە لە شارۆچکەیەك، یان چەند باڵەخانەیەکی کاتی بۆ ئاوارە و لێقەوماوان کە لە بنەڕەتدا خەڵکی ئەو ناوچەیە، یان ئەو دەوڵەتە نین. ڕوون و ئاشکرایە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە عێراق، کەمپەکان بەردەوام لە زۆربووندان. هەندێك شارۆچکەی هەرێمی کوردستان هەن لە بنەڕەتدا کەمپ بوونە، یان ڕوونتر بڵێین کۆمەڵگهی زۆرەملێ بوونە. ئێستایش هەندێك شار و شارۆچکە، لەبەر ژمارەی زۆری ئاوارە و لێقەوماوانی دەستی داعش،زیاتر ڕەنگی کەمپیان گرتووە.
چەمکی بەکەمپبوون، یان بەکەمپکردنی جیهان، چەمکێكە لە کتێبێکی فەڕەنسیدا هاتووە، نووسەرەکەی (Michel Agier)ە و، باس لە جیهانێك لە کەمپ دەکات. دیاردەی بەکەمپبوون، بۆتە پرسێکی بازرگانی و پيشەسازی. گەورە کۆمپانیاکانی جیهان لە بواری سازکردن و ئامادەکردنی خانوو، پێشبڕکێ دەکەن لەسەر ئەوەی کەمپێك دروست بکەن بە کەمترین تێچوو و، کەمترین وزەیش بۆ خزمەتگووزارییەکانی کارەبا، ئاو و گەرما بەکار بێت. ئێمە لێرەدا باس لە دیاردەی بەکەمپبوونی عێراق دەکەین وەك حاڵەتێکی جیاواز. بەسەرهات و چيرۆکی کەمپەکان زۆر جیاوازن لە جیهان، بەڵام کەمپەکانی عێراق تایبەتمهندیی خۆیان هەیە، کە لە بەشی داهاتوودا زیاتر ڕوونی دەکەینەوە.
ئایا کەمپەکان دەبن بە شار و نیشتیمان؟
بەردەوامبوونی شەڕ و کوشتار و دەربەدەری لە عێراق، وڵاتێکی کەمپئاسای لە دڵ و دەروونی عێراقییەکاندا دروست کردووە. لەم بەشەدا خاڵ بە خاڵ دیاردەی بەکەمپبوونی دەوڵەتی عێراق ڕوون دەکەینەوە، هەروەها ئەنجامەکانیش دەخەینە ڕوو.
یەکەم: هەندێك لە کەمپە دروستکراوەکان لەناو عێراق، یان لە دەرەوەی عێراق، کە هاووڵاتیی عێراقییان تێدا نیشتەجێ بووە، ئامانجی حکوومەتەکانی بەغدا بووە. حکوومەتی بەعس، داهێنەری چەندین چەمک بوو لەم بوارەدا؛ ئامانجەکەی هەڵکەندن و سڕینەوەی چەندین پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی بوو لە شوێنی نیشتەجێی خۆیان، بۆ نموونە کورد. سیاسەتە شەڕەنگێزەکان زۆر بوون و، لێرەدا تەنیا ئاماژە بۆ هەندێکیان دەکەین، وەك: تەبعيد، تەرحيل، تەعريب، ڕاستکردنەوەی نەتەوە (تصحيح القومية)، لێسەندنەوەی ناسنامەی عێراقی، ئەنفال و... هتد). قوربانیانی دەستی ئەم سیاسەتانە، ئەگەر نەفەوتانایە، ئەوا خۆیان لە کەمپێك لە دەرەوەی عێراقدا دەدۆزییەوە، یان کۆمەڵگهیەکی زۆرەملێی عێراقی، یان شارێکی تری عێراق، کە نە بە زمانەکەی ئاشنایە، نە بە کهلتوورەکەی. کەواتە ئەو قوربانییانە، لە کەسانی ئاسایییەوە، دەگۆڕان بۆ کەسانێكی کۆچبەری پلە دوو، کە خۆیان هەڵیان نەبژاردووە. واتا ژیانیان لە زێدی خۆیانەوە بۆ کەمپ، دەگۆڕا.
دووەم: دیاردەی بەکەمپبوونی عێراق، ئەگەر لە هەندێك حاڵەتدا ئامانجی حکوومەتی عێراق بووە، لە هەندێك حاڵەتی تردا لە ئەنجامی جهنگ و پەشێوی و تاوانەکانی ناو عێراق، پەرەی سەندووە. چەندین هەزار عێراقی لە کەمپەکانی وڵاتانی دراوسێ گەورە بوون و، کهلتوور و داب و نەریتی ئەو وڵاتانە فێربوون و، پەیڕەوی دەکەن. جەنگە ناوخۆیییەکانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، هاووڵاتییەکی زۆری تووشی ئاوارەیی و دەربەدەری کرد. لەبەر هۆکاری ئایینی و نەتەوەیی و سیاسی،به ملیۆنان خەڵك لە ماڵی خۆیان هەڵکەندراون و، بەرەو شارێک، یان ناوچەیەکی تر ڕۆیشتوون. لە شوێنە نوێیەکەی، هەردەم وەك کەمپنشينێك ژیاوە؛ بەسەربردنی کات، بە ئاواتی گەڕانەوە بۆ زێدی خۆی.
سێیەم: دیاردەی بەکەمپبوونی عێراق، هەرێمی کوردستانیشی گرتۆتەوە. ماڵ نییە لەم هەرێمی کوردستانە، چيرۆکی دەربەدەریی نەبێت و، تەنانەت ئەگەر بۆ چەند ڕۆژێكیش بێتلە زێدی خۆیدوور کەوتۆتەوە. ئێمەی کوردستانی، خاوەنی چەندین دەستەواژەی زمانەوانین، کە زەحمەته لە زمانێکی تردا هەبن. ئەوەتا، کورد وشەی "کۆڕەو"ی داڕشت بۆ دەربرينی ئەو کۆچە مليۆنییەی کە لە ساڵی ١٩٩١ بەرپاربوو. لەبەر ناسەقامگيریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشێلکردنی مافەکانیان، کەم کوردستانی هەیە، لە هەر چوار پارچەکە، بيری لەوە نەکردبێتەوە کە ئایا لەسەر خاکەکهی خۆی بژيت، یان سەری هەڵگرێت و بڕوات. پرسیارێکی قووڵی سەرئێشەدارە: ئایا لەناو ماڵ و خێزانی خۆتدا ژیانی ئاساییی خۆت بەڕێ بکەیت، یان بە دوای ژیانێکی نوێ لە غەریبی و، لەناو کەمپەکاندا بگەڕێیت.
چوارەم: پێتان سەیر نەبێت كه کەمپ، بووهتە بەشێك لە کهلتوور و بيرکردنەوەی تاکی عێراقی. عێراقییەکان، بەردەوام بهراوردی نێوان کەمپ و نیشتمان دەکەن. ژیان لە کەمپ باشترە، یان لە نیشتمان؟ ئەم پرسیارە، ئەگەر لە هەر هاووڵاتییەکی ئەوروپی بکەیت، بێگومان ژیانی نیشتمانەکەی پێ خۆشترە. بەڵام ئەنجامەکەی لای تاکێكی عێراقی، تەواو جیاواز دەبێت. نەبوونی ئاسایش و خزمەتگوزاریی سەرەتایی و... لە نیشتمان، وا دەکات بيرلە ژیانی کەمپ لە دەرەوەی عێراقدا بکاتەوە، بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەوروپی. تاکی عێراقی پێی وایە، ژیانی کەمپی ئەوروپی، زۆر خۆشترە لە ستایلی ژیانی عێراقیی بێ خزمەتگوزاریی کارەبا، ئاو و... هتد. هەروەها دەزانن ژیانی کەمپی ئەوروپی کاتییە، بەڵام شێوە ژیانی عێراقی، کە لە ژیانی کەمپێك خراپترە، هەتاهەتایییە. تاکی عێراقی، قەناعەتێکی بۆ دروستبووە: ئەو کەسانەی کە لە دەرەوە بوونە و، ناسنامەی وڵاتێکی تری غەیره عێراقییان هەیە، دەبن بە دەسەڵاتدار. ئەگەر بەسادەیی بۆ حکوومەتی ئێستای عێراق بڕوانین، زۆر بەئاسانی بۆمان دەردەکەوێت کە هەڵگرانی ناسنامە بیانییەکان، دەسەڵاتە هەستیارەکانی عێراقیان بەدەستەوهیه. کەواتە، هاوکێشەیەك لە خەیاڵی تاکەکاندا دروست دەکات: با ئەمڕۆ بڕۆم لە کەمپێکی وڵاتێکی پێشکەوتوو بژیم، چەند ساڵێکی تر دێمەوە و، دەبم بە سەرکردەی ئەم وڵاتە.
پێنجەم: دیاردەی بەکەمپبوون، لەگەڵ دەرکەوتنی داعش، چەندین ئەوەندە فراوانتر بوو. کات و شوێن و هۆیەکان جیاوازن، بەڵام کەمپەکان هەر بەردەوامن لە پهرهسهندن؛ ئەم جارەیان لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە، چەندین مليۆن لە دانیشتووانی پارێزگا عەرەبییە سونییەکان، بەرەو هەرێمی کوردستان هاتن. پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانی پارێزگای مووسڵ، بەتەواوی لە زێدی خۆیان هەڵکەندراون. زۆربەی زۆری بەرەو هەرێمی کوردستان دێن و، نیشتەجێ دەبن. کەواتە، لە دیدی هەرێمی کوردستانەوە ئەمە ئەرکێکی مرۆیی و نێودەوڵەتییە کە یارمەتیی لێقەوماوان بدرێت. بەڵام ئەگەر بەقووڵی بير لەم کارەساتە بکەینەوە، تێوەگلانی هەرێمی کوردستانە بە کێشە ئەزەلییەکانی عێراق؛ گواستنەوەی پەتای بەکەمپکردنی عێراقە بۆ هەرێم.
شەشەم: ژیانی کەمپ، ژیانێکی کاتییە. بەڵام لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کەمپەکانی فەڵەستیینییەکان تەمەنیان لە ٧٠ ساڵ نزيک دەبێتەوە. چەندین کەمپ لە عێراقدا هەن، تەمەنیان زیاتر لە ٣٠ ساڵە. لە کاتێکدا کەمپ، شارێکی کاتییە و، دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی سەرەتایین و بەشی ئەو هەموو ساڵە ناکات. کەواتە کەمپەکان، بەردەوام ڕەگ دادەکوتن. لەگەڵ دەرکەوتنی داعش، شارەکانی کوردستان و عێراق پێشوازییان لەو ژمارە زۆرەی قوربانییەکان کرد. هەندێکیان باری دارایییان لەبار بوو و، توانییان خانوویەك بەکرێ بگرن، یان بیکڕن. هەژارەکان بۆ کەمپە ئامادەکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، یان حکوومەتەکانی هەرێم و عێراق، دەڕۆیشتن. بەڵام ژمارە کەمپەکان کەمبوون و، بهناچار لە ناوەڕاستی شار و شارۆچکەکان چادریان ههڵدا و، دەژین. ژمارەی چادر و خانووە سەرەتایییەکان زۆر بوونە و، شارەکانیش ڕەنگی کەمپیان گرتووە.
شارەکان، شێوەیان وەکوو کەمپەکانی لێهاتووە، کەمپەکانیش لەبەر تەمەندرێژییان، وەکوو شارێکیان لێ دێت. پێتان سەیر نەبێت، ئەو کەمپانەی لە تەنیشت شار و شارۆچکەکان دروست کراون، لە هەندێك شوێندا کەمپەکان پێنج ئەوەندە زیاتر لە شارۆچکەکەی تەنیشتی، مرۆڤی تێدایە. بۆ نموونە، شارۆچکەی دیبەگە و کەمپی ديبەگە، ژمارەی دانیشتووانی کەمپەکە زۆر زیاترە لە شارۆچکەکە.
حەوتەم: تێکەڵبوونی شار و نیشتمان و کەمپ، بە شێوەیەك کە نەتواندرێت لە یەك جیا بکرێتەوە، ئەنجامی کۆمەڵایەتی و سیاسیی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە. بۆ نموونە، کڕینی خانووبەرە بەلێشاو لە هەرێم، خۆی لە خۆیدا مەترسی و کێشە بۆ ديمۆگرافیی هەرێم دروست دەکات. پەتای بەکەمپبوونی عێراق، هەرێمی کوردستانیشی گرتۆتەوە. ڕاستە، ئاوارە و لێقەوماوەکان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، مافی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا، پێویستە بەردەوام ڕێوشوێنی شیاو بۆ ڕێکخستنیان پەیڕەو بکرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا نەبن بە کێشەیەکی قووڵتر. کێشەکانی عێراق قووڵن، کەمپەکانیش بەردەوامن لە ڕەگداکوتان، پرسیار ئەوەیە: چۆن هەرێمی کوردستان لە کێشە ئەزەلییەکانی عێراق دەربازی دەبێت؟
[1]http://www.refworld.org/country,,UNHCR,,IRQ,,5846b0c84,0.html