پێشه‌كی:
تیرۆری باڵیۆزی ڕووسیا له توركیا، ڕووداوێكی هه‌ستیار و ته‌نانه‌ت مه‌ترسیدار بوو كه كۆمه‌ڵێك كاردانه‌وه و پێشبینی و سیناریۆی به‌دوای خۆیدا هێنا. ئه‌وه‌ی كه زۆرتر ئه‌م ڕووداوه‌ی سه‌ر‌نجڕاكێش كرد، وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌وه بووه كه له مێژوودا ڕووداوی له‌م چه‌شنه، بووه‌ته هۆی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگێكی خوێناویی جیهانی؛ بۆ نموونه ڕووداوی تیرۆری جێنشینی ئیمپراتۆری نه‌مسا-هه‌نگاریا، "فرانتس فێردیناند" له 28ی جونی ساڵی 1914دا له لایه‌ن "گابریێلۆ پرینچیپ" ئه‌ندامی گرووپی جیاییخوازی ناسراو به "ده‌ستی ڕه‌ش" یاخود "ڕێكخراوی گه‌نجانی بۆسنیا" له سارایێڤۆ، پایته‌ختی بۆسنیا.
ئه‌م ڕووداوه، بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه سه‌ره‌تا نه‌مسا-هه‌نگاریا ئۆلتیماتۆمێكی به سێربیا دا و، به هۆی قورسبوونی مه‌رجه‌كانی، ئه‌وه نه‌مسا-هه‌نگاریا جه‌نگی له دژی سێربیا ڕاگه‌یاند و ڕووسیایش پاڵپشتیی بۆ سێربیا ڕاگه‌یاند و، به‌م پێیه‌یش ئه‌ڵمانیا وه‌كوو هاوپه‌یمانێكی نه‌مسا-هه‌نگاریا دژی سێربیا جه‌نگی ڕاگه‌یاند و، ئه‌مه‌یش بووه هۆی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م له ساڵی 1914 تا 1918 و كوژرانی چه‌ند ملیۆن كه‌س و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی چه‌ند ئیمپراتۆر و، دروستبوونی چه‌ندین ده‌وڵه‌تی نوێ لێ كه‌وته‌وه و ته‌نانه‌ت زه‌مینه‌یه‌ك بوو بۆ دروستبوونی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م و ڕووداوه‌كانی پاش ئه‌و جه‌نگه له ئاستی جیهانی تاوه‌كوو سه‌رده‌می ئێستا.
تیرۆری باڵیۆزی ڕووسیا له توركیا، چه‌ندین لێكدانه‌وه‌ی جۆراوجۆر، ته‌نانه‌ت دژبه‌یه‌كی بێجگه له لایه‌ن ڕای گشتی و میدیاكانی توركیا و ڕووسیا، به‌ڵكوو له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا مشت‌ومڕ و لێكدانه‌وه‌ی جۆراوجۆری به‌دوای خۆیدا هێنا. بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچه‌كه و به‌تایبه‌ت بارگرژییه‌كانی سووریا وه‌كوو زه‌مینه‌یه‌كی ئه‌م ڕووداوه و ئه‌گه‌ر و سیناریۆكان، له‌گه‌ڵ زه‌مینه و بارودۆخی ئه‌و كاته‌ی جیهان به‌راورد ده‌كرێت، كه له‌وانه‌یه ببێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگێكی جیهانی. له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین لێكه‌وته و سیناریۆ و ئه‌گه‌ره‌كانی ئه‌م تیرۆره ڕوون بكه‌ینه‌وه.
خستنه‌ڕووی پرسه‌كه
له 19ی دیسه‌مبه‌ری ساڵی 2016، "ئاندرێ گنادیۆڤیچ كارلۆڤ" باڵیۆزی ڕووسیا له توركیا كاتی سه‌ردانێكیدا بۆ پێشانگه‌یه‌كی فۆتۆگرافی به ناونیشانی "ڕووسیا له ڕوانگه‌ی توركیاوه"، له لایه‌ن پۆلیسێكی گه‌نجی 22 ساڵه‌ی تورك به ناوی "مولود مرت ئالتین تاش" بكوژرێت. جێگه‌ی ئاماژه‌یه كه "ئاندرێ كارلۆڤ"ی ته‌مه‌ن 62 ساڵان، له ساڵی 2013ه‌وه باڵیۆزی ڕووسیا بووه له توركیا. ناوبراو له ساڵی 1976 په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی له مۆسكۆ ته‌واو كردبوو و، پێشتر له نێوان ساڵانی 1979 تا 1984 و، هه‌روه‌ها 1986 تا 1991 باڵیۆزی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت بووه له كۆریای باكوور و پاشان له ساڵی 1992 تا 1997 باڵیۆزی ڕووسیا بووه له كۆریای باشوور.
ئه‌وه‌ی كه سه‌ر‌نجی میدیا و ناوه‌نده‌كانی به لای خۆیدا ڕ‌اكێشا و، هه‌روه‌ها پێشبینییه‌كانی به‌ره‌و ئه‌وه برد كه ئه‌م تیرۆره، په‌یوه‌ندیی به گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌وه هه‌یه، ئه‌وه بوو كه ئه‌م پۆلیسه گه‌نجه هاواری ده‌كرد كه "حه‌له‌ب له‌بیر مه‌كه‌ن، سووریا له‌بیر مه‌كه‌ن"؛ پاشانیش چه‌ندین قسه‌ی له‌م شێوه‌یه‌ی له به‌رده‌م كامیڕای ساڵۆنه‌كه گوته‌وه. ئه‌م ڕووداوه به‌خێرایی، بووه هه‌واڵی یه‌كه‌می هه‌موو میدیا جیهانییه‌كان و، به جۆرێك له‌گه‌ڵ ڕووداوی سه‌ركه‌وتنی سوپای ئه‌سه‌د له حه‌له‌ب به یارمه‌تیی ڕووسیا و ئێران، گرێ درا. له لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌وه خرایه ڕوو، كه ئه‌مه له لایه‌ن گرووپه توندڕه‌وه ئیسلامییه‌كانی دژی ڕژێمی سووریا بۆ سزادانی ڕووسیا بۆ پاڵپشتی له "به‌شار ئه‌سه‌د" له جه‌نگی سووریا و گرتنه‌وه‌ی "حه‌له‌ب" ئه‌نجام دراوه.
توركیا و لێكه‌وته‌كانی ئه‌م ڕووداوه
به‌رپرسانی باڵای توركیا زۆر به‌خێرایی ئه‌م تیرۆره‌یان ئیدانه كرد و ڕایان گه‌یاند كه ئه‌م كاره له لایه‌ن كه‌سانی نزیك له "فه‌تحولا گوله‌ن" ئه‌نجام دراوه. هه‌روه‌ها پێداگرییان بۆ به‌رده‌وامبوونی خۆیان بۆ هه‌بوونی په‌یوه‌ندیی پته‌و له‌گه‌ڵ ڕووسیا ڕاگه‌یاند. به‌ڵام ئه‌م ده‌ربڕینانه نه‌یتوانی ڕێگه له‌وه بگرێت كه ڕووداوی 24ی نۆڤێمبه‌ری ساڵی 2015 و خستنه‌خواره‌وه‌ی فرۆكه‌ی جه‌نگیی ڕووسیا له لایه‌ن سوپای توركیاوه و پچڕانی په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕووسیا و توركیا بۆ ماوه‌ی 8 مانگ، به‌م ڕووداوه‌وه گرێ نه‌درێت. هه‌رچه‌نده هێشتاكه به‌فه‌رمی به‌ڵگه‌ی پێویست بۆ تۆمه‌تباركردن یاخود ئاشكرابوونی پاڵپشت و هانده‌رانی ئه‌م تیرۆره بوونی نییه و، بكه‌ری تیرۆره‌كه‌یش كوژراوه، به‌ڵام لێره‌وه سوود و زیانه‌كانی ئه‌م ڕووداوه یاخود هه‌ڕه‌شه و ده‌رفه‌ته‌كانی بۆ توركیا، باشتر ده‌توانێت سیناریۆ و لێكه‌وته‌كانی ئه‌م تیرۆره بۆ توركیا ڕوون بكاته‌وه:
هه‌ڕ‌شه‌كان:
- توركیا له پاش كۆده‌تاكه‌ی 15ی جۆنی 2016 له بارودۆخێكی سه‌ختی سیاسی و ته‌نانه‌ت ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیدایه، بۆیه ڕووداوی له‌م چه‌شنه كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر پێگه‌ی ناوخۆییی ئه‌ردۆغان و حزبی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌بێت. به مانایه‌كی تر، كردنه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌كی تری ده‌ره‌كی له‌گه‌ڵ وڵاتێكی زلهێزی وه‌ك ڕووسیا، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددییه بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئێستای توركیا؛ له كاتێكدا ئه‌ردۆغان هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوانی پاكسازیی له هه‌موو داموده‌زگه‌كانی حكوومی و سوپای توركیا به تۆمه‌تی به‌شداری له كۆده‌تا، ده‌ست پێ كردووه و، ئه‌مه‌یش به جۆرێك كۆمه‌ڵگه‌ی توركیای دابه‌ش كردووه.
- ڕووداوه‌كانی پاش كۆده‌تاكه و بارگرژیی نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ توركیا، وای كردووه كه توركیا له به‌رده‌م ڕووداوی له‌م چه‌شنه زۆر هه‌ستیارتر بێت، چونكه به جۆرێك ئه‌ردۆغان پشتیوان و پاڵپشته نه‌ریتییه‌كانی خۆی له ڕۆژاوا له‌ده‌ست داوه و، ناتوانێت گه‌مه‌یه‌كی وا مه‌ترسیدار بكات. تیرۆری باڵیۆزی ڕووسیا، له‌وانه‌یه بۆ دروستبوونی ئه‌م بارگرژی و ته‌نانه‌ت پێكدادانه له نێوان ڕووسیا و توركیا، ئه‌نجام درابێت.
- توركیا له ڕووی ئابوورییشه‌وه له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا زۆر له‌ژێر گوشاردا بووه و به‌های لیری توركی دابه‌زینی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینی و، هه‌روه‌ها چاوه‌ڕوان ده‌كرا كه له ساڵی داهاتوودا دوای هه‌ڵگرتنی ئابڵووقه‌كانی ڕووسیا، چه‌ندین ملیۆن گه‌شتیاری ڕووس سه‌ردانی توركیا بكه‌ن و، ئه‌مه‌یش بۆ توركیا زۆر پێویست و گرنگه. بۆیه ئه‌م ڕووداوه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددییه بۆ ئابووریی توركیا. له لایه‌كی تریشه‌وه، ئه‌م ڕووداوه دڵه‌ڕاوكێ و مه‌ترسیی بۆ وه‌به‌رهێنه‌ره بیانییه‌كانیش دروست كردووه، كه ئه‌مه‌یش كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر ئاستی گه‌شه‌ی ئابووریی توركیا و قه‌باره‌ی وه‌به‌رهێنانی بیانی له توركیادا ده‌بێت.
- له ئاستی ناوچه‌ییدا، سیاسه‌ته‌كانی توركیا تووشی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی زۆر بووه و، توركیا له لایه‌ك هێزه لایه‌نگره‌كانی له سووریا تووشی شكست بوونه و، له لایه‌كی تریشه‌وه ڕژێمی سووریا به پاڵپشتیی ڕووسیا و ئێران سه‌ركه‌وتنی سه‌ربازیی گرنگی له حه‌له‌ب به‌ده‌ست هێناوه، كه ئه‌مه‌یش پێگه‌ی توركیا له ناوچه‌كه‌دا و له ئاست ڕووداو و گۆڕانكارییه‌كاندا لاواز ده‌كات. ئه‌مه بێجگه له مه‌ترسیی توركیا له به‌هێزبوونی كورده‌كان له سووریا و دروستبوونی ده‌سه‌ڵاتێكی نیمچه سه‌ربه‌خۆ له ڕۆژاوای كوردستان كه هه‌م له لایه‌ن ڕووسیاوه پاڵپشتی ده‌كرێن و، هه‌م له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوا و ئه‌مریكاوه؛ ئه‌مه‌یش بۆ توركیا خاڵی لاوازه.
- توركیا هێشتا بارگرژیی ڕووداوی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فرۆكه‌كه‌ی ڕووسیا له لایه‌ن سوپای توركیا و ئابڵووقه‌كانی ڕووسیای تێ نه‌په‌ڕاندووه، بۆیه ڕووداوێكی نه‌خوازراوی وه‌ك تیرۆری به‌رزترین به‌رپرسی دیپلۆماسیی ڕووسیا له توركیا، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددی له توركیا ده‌كات.
- ئه‌م ڕووداوه، ده‌زگه ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كانی توركیای برده ژێر پرسیار، كه ئه‌مه‌یش ده‌رهاوێشته‌ی نه‌رێنیی بۆ متمانه به هێزی سه‌ربازی و ئاسایشی توركیا و پرستیژی توركیا له ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیدا هه‌یه. باشترین به‌ڵگه‌یش داخستنی كاتی و هه‌ڵپه‌ساردنی كاره‌كانی كۆنسولگه‌رییه‌كانی ئه‌مریكا بوو له توركیا.
- ڕووداوی له‌م شێوه‌یه، ڕێگه بۆ هێزه نه‌یاره‌كانی ناوخۆییی ئاكپارتی خۆش ده‌كات كه ئه‌ردۆغان و ئه‌م حزبه به‌وه تۆمه‌تبار بكه‌ن كه توانای حوكمڕانی و پاراستنی ئاسایشی وڵاتیان نییه. هه‌روه‌ها له‌وانه‌یه هێزه كوردییه‌كان، به‌تایبه‌ت په‌كه‌كه، له ڕووسیا نزیكتر بكاته‌وه.
ده‌رفه‌ته‌كان:
- ئه‌م ڕووداوه ده‌رفه‌تێكی زۆر گونجاوه بۆ ئه‌ردۆغان، كه ئه‌م تیرۆره بداته پاڵ گوله‌ن و لایه‌نگرانی و، به‌م شێوه‌یه ڕای گشتیی جیهانی و وڵاتان له مه‌ترسییه‌كانی ئاگادار بكاته‌وه. به‌م پێیه‌یش، ڕه‌خنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و گرتن و دادگه‌ییكردن و له‌سه‌ركارلابردنی به‌لێشاوی ڕه‌خنه‌گران و نه‌یارانی ئه‌ردۆغان بێده‌نگ بكات و، پاساوی یاسایی و سیاسی و ته‌نانه‌ت ئه‌خلاقیی بۆ بدۆزێته‌وه.
- له لایه‌كی تره‌وه له ئاستی ناوخۆییدا ده‌ستی ئه‌ردۆغان ئاوه‌ڵاتر ده‌كات، تاوه‌كوو بتوانێت له له‌سه‌ركارلادان و دادگه‌ییكردنی نه‌یارانی خۆی به ناوی دژایه‌تی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، خێراتر بكات و ڕه‌وایه‌تیی ناوخۆییی پێ بدات. ئه‌مه‌یش ده‌رفه‌تێكی زێڕینه بۆ ئه‌ردۆغان به مه‌به‌ستی پووچه‌ڵكردنه‌وه و دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ر چه‌شنه ڕه‌خنه و دژایه‌تیكردنی له سیاسه‌ته ناوخۆیییه‌كانی، له لایه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كان و ئۆپۆزیسۆنه‌وه.
- ئه‌م ڕووداوه ده‌توانێت ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی كه ئه‌ردۆغان له بێده‌نگكردنی میدیا و ڕیكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ڕه‌خنه‌گران و ... گرتوویه‌ته به‌ر، درێژه پێ بدات. به‌ڵكوو له‌وانه‌یه بتوانێت بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات، چه‌ندین یاسای پێویستیش له په‌رله‌مان، به‌بێ هیچ كێشه‌یه‌ك ده‌ربكات.
- تیرۆری باڵیۆزی ڕووسیا، ده‌توانێت ده‌ستی حزبی ده‌سه‌ڵاتدار له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كورد، بۆ نموونه "هه‌ده‌په" و ئه‌ندامانی باڵای ئه‌م حزبه و، هه‌روه‌ها په‌كه‌كه له ناوخۆ و ده‌ره‌وه (بۆ نموونه په‌یه‌ده و یه‌په‌گه له سووریا) كراوه‌تر بكات. به‌م پێیه‌یش ئه‌ردۆغان ده‌توانێت به پاساوی پاراستنی ئاسایشی توركیا له ده‌ره‌وه‌دا، ڕه‌وایه‌تی بۆ ده‌ستێوه‌ردان و درێژه‌كێشانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی ناسراو به "قه‌لغانی فورات" زیاتر بكات.
ڕووسیا و سیناریۆكان:
پاش ڕووداوی تیرۆری "ئاندرێ كارلۆڤ"، ڕووسیا له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا و، هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه و سزادانی بكه‌رانی ئه‌م ڕووداوه، جه‌ختی كرده‌وه. ئه‌مه‌یش ده‌ربڕی پشوودرێژیی ڕووسیا و پووتین بوو له هه‌مبه‌ر ئه‌م ڕووداوه. هه‌روه‌ها ڕووسیا كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ر سێ وڵاتی توركیا و ئێران و ڕووسیای له‌سه‌ر بارودۆخی سووریا و داهاتووی، كه ڕۆژی پاش ڕووداوی تیرۆره‌كه بووه، هه‌ڵنه‌وه‌شانده‌وه و، ئه‌مه‌یش په‌یامێكی ئاشكرا بوو بۆ ده‌وڵه‌تان كه ئه‌م ڕووداوه كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و ڕووسیادا نییه. لێره‌وه ده‌توانین بڵێین كه ئه‌م ڕووداوه چه‌ندین لێكه‌وته‌ی بۆ ڕووسیا هه‌یه:
- ڕووسیا ده‌توانێت كه‌ڵك له‌م ڕووداوه وه‌ربگرێت و، هه‌ست و سۆزی نێوده‌وڵه‌تی بۆ قوربانیی خۆی له جه‌نگی دژه‌تیرۆر ده‌سته‌به‌ر بكات، كه له لایه‌ن گرووپ و لایه‌نه تیرۆریسته توندڕه‌وه‌كانه‌وه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه.
- ڕووسیا له‌م ڕێگه‌یه‌وه، ده‌توانێت گوشار بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و به‌تایبه‌ت ئه‌نجومه‌نی ئاسایش دروست بكات، بۆ ئه‌وه‌ی كه به بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له جه‌نگی دژه‌تیرۆر له سووریادا دان به ئۆپه‌راسیۆن و كرده‌وه سه‌ربازییه‌كانی ڕووسیا له سووریادا بنێت و، ته‌نانه‌ت ڕه‌وایه‌تی بداته مانه‌وه‌ی ڕووسیا له سووریا له داهاتوودا.
- ئه‌م ڕووداوه وا ده‌كات كه توركیایش ناچار بكرێت له سیاسه‌ته‌كانی خۆیدا زیاتر له هه‌مبه‌ر ڕووسیا و به‌م پێیه‌یش به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له سووریا نه‌رمی بنوێنێت و، پێداچوونه‌وه به ویست و سیاسه‌ته‌كانی خۆیدا بكات و ته‌نانه‌ت نه‌بێته به‌ربه‌ست بۆ ستراتیژیی ڕووسیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و داهاتووی سیاسی و سه‌ربازیی سووریا.
- ئه‌م تیرۆره وا ده‌كات كه توركیا ناچار بێت له ڕووسیا نزیكتر ببێته‌وه و، به‌و پێیه‌ی كه توركیا ئه‌ندامی ناتۆیه و به‌پێی مادده‌ی 5ی په‌یمانی ناتۆ، كه ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر هێرشێك بكرێته سه‌ر ئه‌ندامێكی ناتۆ، ئه‌وه وه‌كوو ئه‌وه وایه كه هێرش بكریته سه‌ر هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌م په‌یمانه و، پێویسته كه ئه‌ندامانی تر به‌رگریی لێ بكه‌ن، لێره‌وه ڕووسیا هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ناتۆ له هه‌مبه‌ر سیاسه‌ته سه‌ربازییه‌كانی له ناوچه‌كه و، به‌تایبه‌ت له پرسی سووریادا، پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه. بۆیه، هه‌موو كات ئه‌م تیرۆره وه‌كوو كارتێكی گوشار له‌سه‌ر توركیا ده‌مێنێته‌وه. له لایه‌كی تریشه‌وه ڕای گشتیی جیهانی و ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامانی ناتۆ، نایانه‌وێ ئه‌م ڕووداوه بۆ پێكدادانی نێوان ڕووسیا و ناتۆ سه‌ر بكێشێت. به ڕه‌چاوكردنی ئه‌وه‌ی كه ناتۆ ته‌نانه‌ت له ڕوودای "كریمیا" له ئۆكرایندا خۆی له پێكدادانی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ ڕووسیا، به‌دوور گرت.
كۆبه‌ند:
تیرۆری باڵیۆزی ڕووسیا "ئاندرێ كارلۆڤ" له توركیا، چه‌ندین هه‌ڕه‌شه و ده‌رفه‌تی بۆ توركیا و ڕووسیا هێنایه ئاراوه. تا ئاشكرابوونی هێز و لایه‌نه فه‌رمانپێكه‌ره‌كانی ئه‌م ڕووداوه، له‌م نێوه‌نده‌دا توركیا سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌كان، چه‌ندین ده‌رفه‌تی له ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیدا بۆ خوڵقاوه. له هه‌مان كاتدا ده‌رفه‌تێكی زێرینیش بوو بۆ ڕووسیا، كه له ئاستی ناوخۆیی و ناوچه‌ییدا ستراتیژیی نوێی خۆی به‌رێوه به‌رێت، به‌تایبه‌ت له سووریا له‌ژێر ناونیشانی جه‌نگی دژی تیرۆر. هه‌رچه‌نده چه‌ندین وته‌ی نافه‌رمی له ڕاگه‌یاندنه‌كان، باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌م ڕووداوه له لایه‌ن ڕوژاواوه كراوه بۆ ئه‌وه‌ی توركیا و ڕووسیا له یه‌كتری دوور بخاته‌وه، به‌ڵام تا ڕوونبوونه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌م ڕووداوه، پێ ناچێت كه ده‌زگه هه‌واڵگرییه‌كانی ڕۆژاوا به هۆی ئه‌ندامبوونی توركیا له ڕێكخراوی ناتۆ، ویستی ئه‌وه‌یان هه‌بێت له جه‌نگێك له‌گه‌ڵ ڕووسیاوه تێوه بگلێن. بۆیه به‌هێزترین سیناریۆ ئه‌وه‌یه كه ئه‌م ڕووداوه له لایه‌ن هێزه توندڕه‌وه‌كانه‌وه ئه‌نجام درابێت، كه وا بكات ڕای گشتیی ناوخۆیی له ڕووسیا، پووتین ناچار بكات كه پاڵپشتی له ڕژێمی ئه‌سه‌د له سووریا نه‌كات یاخود تێچووی ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه بۆ ڕووسیا به‌رز بكاته‌وه و، له لایه‌كی تریشه‌وه له ڕێگه‌ی ئه‌م په‌یامه‌وه گوشاری ناوخۆیی- ئیسلامی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا دروست بكات و، توركیایش ناچار بكات كه به‌رده‌وام بێت له پاڵپشتیی هێزه توندڕه‌وه ئیسلامییه‌كانی له جه‌نگی سووریادا و، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕووسیا و توركیا ئالۆز و ته‌نانه‌ت قه‌یراناوی بكه‌ن.