سەردانی کۆماری فەڕەنسا بۆ هەولێر
سەردانی سەرۆکی فەڕەنسا "فرەنسوا ئۆلاند" بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بە هەموو پێوەرەکان ڕووداوێکی مێژوویی بوو. سەردانی سەرۆکی دەوڵەت بۆ هەر شوێنێك لە دەرەوەی سنووری وڵاتەکەی، بە "سەردانی دەوڵەت" دادەنرێت. واتا، سەردانی ئۆلاند، سەردانی کۆماری فەڕەنسا بوو. فەڕەنسای زلهێزی جیهانی بە هەموو مێژوو، سیاسەت و کەلتوورەکەیەوە لە ڕۆژی ٢/١/٢٠١٧ لە هەرێمی کوردستان بوو. ئەمە یەکەم سەردانیش نەبوو، لە هەستیارترین کاتەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆكی فەڕەنسا لە ١٢/٩/٢٠١٤ سەردانی هەولێری کرد. بيست و پێنج مانگ لەمەو پێش، ڕێکخراوی تيرۆریستیی داعش لە بەهێزترین خاڵی سەربازیی خۆیدا بوو، دژی جیهان و هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی فەڕەنسا، بێ دوودڵی، بە مەبەستی یارمەتیدانی کورد، وەڵامی بانگەوازەکەی هەرێمی کوردستانی بۆ شەڕکردن دژی داعش دایەوە. ئێستا، هەرێمی کوردستان بە سەردەمێکی ديپلۆماسیی زێریندا تێپەڕدەبێت.
ئەگەر ئاوڕێك بدەینەوە بۆ مێژووی سەد ساڵەی کورد، دەسکەوتە ديپلۆماسییەکان زۆر سنووردار بوون. سەردانی ئەفسەرێکی ئینگليز بۆ ئەم ناوچەیە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو، یان چاوپێکەوتنێكی سەرکردەیەکی کورد لەگەڵ فەرمانبەرێكی وەزارەتی دەرەوەی ولاتێك، لە سەردەمێکی دیاریکراودا بە کارێکی نێودەوڵەتیی گرنگ لە قەڵەم دەدرا. بەڵام ئەگەر بەراوردێك بکەین لە نێوان سەردانی دەوڵەتی فەڕەنسا بۆ هەولێر و ڕووداوەکانی تر کە لە کتێبە مێژوویییەکانی کوردستاندا دەیخوێنینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە ئێستا ئێمە لە کام ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانداین. بێ گومان، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم لەگەڵ چەندین دەوڵەتی جیهان و ناوچەکە لە لووتکەدایە.
سیاسەتێکی فەرەنسیی تایبەت بۆ پرسی کورد
هەڵوێستی سەرۆک ئۆلاند، یەکەم هەڵوێستی فەڕەنسا نەبوو بۆ پشتگیریکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان. تەنها بۆ بيرخستنەوە، بيرۆکە و پێشنیاری بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩١دا، فەرەنسی بوو. ئەم بڕیارە بوو بە هەوێنی دروستکەر و پارێزەری ئەم هەرێمە. فەڕەنسا لەمێژە نوێنەری هەرێمی کوردستانی لە پاریس قبوڵ کردووە. فەڕەنسا، لە وڵاتە دەستپێشخەرەکان بووە بۆ کردنەوەی کۆنسوڵخانەی گشتیی خۆی لە هەولێری پایتەختدا.
هەروەکو نووسەرێکی فەرەنسیی شارەزا (ئاریان بۆنزۆن) دەنووسێت، لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی پێشوودا، حکوومەتی فەرەنسی ڕوانگەیەکی سیاسیی نوێی لە هەمبەر پرسی کورد داڕشت. ئەم سیاسەتە تایبەت بوو بۆ ئەم پرسە[1]، کە دەتوانین ناوی بنێین "سیاسەتی فەڕەنسا بەرامبەر کورد". لە ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتای ئەم سەدەییە، نيمچە پەیوەندییەکی نێودەوڵەتی هەبوو لە نێوان حکوومەتی هەرێم و فەڕەنسا، ئەویش لە ڕێگای کەناڵەکانی پاراديپلۆماسییەتەوە.
ئێستا پەیوەندییەکە لە ئاستی پەیوەندییەکی نێودەوڵەتی و ديپلۆماسیی ئاستبەرزدایە. دەتوانین بڵێین، لە "سیاسەتی فەڕەنسا بەرامبەر کورد"ەوە بوو بە پەیوەندیی "هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا"، بە زمانی فەڕەنسی دەبێتە پەیوەندیی فرانکۆکوردستانی Franco-kurdistanais. لەبيرمان نەچێت، هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بێرنارد کوشنەر وەك نوێنەری حکوومەتی فەرەنسی لە ڕۆژی ١٥/٦/٢٠١٠دا، یەکەم یاداشتنامەی نێودەوڵەتییان واژۆ کرد. لە ڕێگای فەڕەنساوە، هەرێمی کوردستان دەستی کرد بە واژۆکردنی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان. بەستنی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی نیشانەیەکی دیاری بەدەوڵەتبوونە. پێویستە بگوترێت، یەکەم ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیشە، کە زمانی کوردی تێیدا زمانی ڕەسمییە شان بە شانی زمانی فەرەنسی.
ڕۆڵی سۆسیالستەکان لە بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان هەرێم و فەڕەنسا
سەرۆك ئۆلاند لە یەکەم سەردانی خۆیدا بۆ هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤، ئاماژەیەکی تایبەتی کرد بۆ ئەو هاوڕێیەتییەی کە لە نێوان گەلی فەرەنسی و گەلی کوردیدا لە دێر زەمانەوە هەیە. هەروەها، باسی ئەوەی کرد کە ئەوان هەردەم پاڵپشتیی کورد بوون لە چەندین ئەزموون کە گەلی کوردی پێیدا تێپەڕیوە. شایەنی گوتنە، ئەو هاوڕێیەتییەی کە سەرۆک ئۆلاند باسی لێوە دەکات، لە سەردەمی حوکمڕانیی سۆسیالیستەکاندا دروست بووە و پەرەی پێ دراوە، بە تایبەتی لە سەردەمی هاتنە سەر تەختی سەرۆکی پێشووی فەڕەنسا "فرەنسوا میتران" لە نێوان ١٩٨١-١٩٩٥دا.
ئەگەر بێینە سەر پاڵپشتیی فەڕەنسا بۆ گەلی کورد، دەبينین زیاتر و قووڵتر لە سەردەمی سۆسیالیستەکان بووە. بۆ نموونە، دوا بەدوای بڕیاری (٦٨٨)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، سێ دەوڵەت ئەکتەری سەرەکی بوون بۆ دانانی هێڵی دژەفڕین Non Fly zone: ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا لە سەردەمی "میتران"دا. بەڵام، کاتێك ڕاستڕەوەکان بە سەرۆکایەتیی جاك شيراك لە ساڵی ١٩٩٥دا هاتنە سەرحوکم، ساڵێکی نەبرد، فەڕەنسا لە پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان کشایەوە. سەرۆك جاك شيراك، خۆی بە نزیکی حکوومەتی ئەو کاتی عێراقی دەزانی، هەر بۆیە بە شێوەیەکی توند، فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠٠٣دا، دژی هاتنی ئەمریکا بوو بۆ عێراق. ڕاستە لە سەردەمی حوکمڕانیی ڕاستڕەوەکان "سەرۆك نیکۆلا سارکۆزی"، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ئيلیزێ لە ساڵی ٢٠١٠ دا پێشوازیی لێ کرا.
ئەگەر هەندێك ورد بینەوە لەم سەردانە گرنگە، بۆمان دەردەکەوێت کە یەکێك لە ئەندازیارانی ڕێکخستنی ئەم سەردانە وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی فەڕەنسا "بێرنارد کوشنەر" بوو، کە ئەویش کارەکتەرێکی زۆر گرنگە لە ناو سۆسیالیستەکانی فەڕەنسا، هەروەها دۆستی دێرینی کوردە. بيرم دێ، کەسایەتیی بێرنارد کوشنەر ئەوەندە بەهێز بوو لە پێش هەڵبژاردنەکانی فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠٠٧دا، چاودێرە سیاسییەکانی فەڕەنسا دەیانگوت، هەر پارتێکی سیاسی حوکمڕانیی فەڕەنسا بگرێتە دەست لەو ساڵەدا، ئەوا هەر ئەم کەسایەتییە دەبێت بە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا. قسەکان ڕاست دەرچوون، ئەم کەسایەتییە بە چەپڕەو و سۆسیالیست لە قەڵەم دەدرا، کەچی لە حکوومەتی ڕاستڕەوەکاندا پۆستی وەزیری دەرەوەی وەرگرت و، هەرخۆی لە ساڵی ٢٠٠٨دا کۆنسوڵخانەی گشتیی فەرەنسای لە پایتەختی هەرێمی کوردستان کردەوە.
سەرۆك فرەنسوا ئۆلاند شانازی بەوە دەکات کە ڕۆژێك لە ڕۆژان کاری لەگەڵ فرەنسوا میتران کردووە و، خۆی بە قوتابیی هەمان ڕێبازی سۆسیالیستیی میتران دادەنێت. هەربۆیە، فرەنسوا ئۆلاند پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کورددا هەبووە و هەیە. بەم ئاراستەیە، جێگری بەڕێوبەری ئینستيتویتێکی فەرەنسی پسپۆر لە بواری نێودەوڵەتی و ستراتیژییەوە (دیدیێە بيیۆن)، باس لە سیاسەتی ئۆلەند بەرامبەر کورد دەکات و بە تەواوکەری سیاسەتەکانی پێشوو دادەنێت کە زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە هزری سۆسیالیستەکانی فەڕەنسادا هەیە. لە ڕوانگەی ئەم توێژەرەوە، سیاسەتی سۆسیالیستەکان بریتییە لەوەی کە دەبێت کوردەکان بەبێ مەرج پشتگيری بکرێن لەبەرئەوەی لە هەموو لایەکەوە لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین لێ دەدەرێن، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەرگریکردن لەم میللەتە.
پێش سەردانەکەی یەکەمی فرەنسوا ئۆلاند لە مانگی (٩)ی ٢٠١٤ بۆ هەرێمی کوردستان، گەورە کەسایەتییەکانی پارتی سۆسیالیستی فەڕەنسا بانگەوازێکی مەزنیان دەرکرد بۆ یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان. دەقی ئەم بانگەوازە لە لایەن دوو سەرۆكوەزیرانی پێشوو و دوو وەزیری دەرەوەی پێشوو ڕاگەیێندرابوو. دەقی پشتگيرییەکە لە لایەن ژۆسپان، کوشنەر، رۆکار و ڤێردین واژوو کرابوو، کە خۆی لە خۆیدا ڕووداوێك بوو لە مێژووی سیاسیی پارتیی سۆسیالیستی فەرەنسادا کە ئەم چوار کەسە لەسەر یەك دەق كۆکن و پێکەوە واژۆیان کردووە. دەقی بانگەوازی پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان چوار کەسایەتیی پایە بەرزی کۆکردەوە، کە خودی سەرۆکی فەڕەنسا "ئۆلاند" ناتوانێت هەموویان لەسەر دەقێكی تر کە پەیوەندیی بە بابەتێکی ترەوە هەبێت، ڕازی بکات.
هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان
فەڕەنسا ئەم ساڵ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بە خۆیەوە دەبينێت. سەرۆکی ئێستای فەڕەنسا خۆی هەڵنابژێرێتەوە، بۆیە ئێستا سۆسیالیستەکان بە دوای کاندیدێكدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا کێبڕکێی کاندیدەکانی تر بکات. بەڵام ئەوەی جێگەی باسە، ئەگەر هەر یەکێك لە سۆسیالیستەکان دەربچێتەوە بۆ نموونە سەرۆكوەزیرانی پێشوو "مانوێل ڤالس"، لەو باوەڕەدانین کە هەڵوێستیان بەرامبەر هەرێمی کوردستان بگۆڕێت. بەردەوامییەك لە هەڵوێستی سۆسیالیستەکان بەرامبەر پرسی کورد هەیە و لە بارەی پشتگيریکردنی هەرێمی کوردستانەوە ڕەگی لە سیاسەتی دەرەوەی فەڕەنسادا داکوتاوە.
بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئەگەر ڕاستڕەوەکان هەڵبژاردنەکان ببەنەوە، چ گۆڕانکارییەك سەبارەت بە هەرێمی کوردستان ڕوو دەدات؟ لە ئەگەری هاتنی ڕاستاژۆ توندڕەوەکان بۆ دەسەڵات، هیچ ئاسۆییەکی سیاسیی دەرەکیی فەرەنسا ڕوون نییە، نەك تەنها بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکوو بۆ هەموو جیهان. بەرەی نیشتمانی فەرەنسی بە سەرکردایەتیی "مارین لۆپێن" کە نوێنەرایەتیی تەوژمی ڕاستڕەوە توندەکان دەکات، تا ئێستا حوکمڕانییان نەکردووە، نەك تەنها لە ئاستی حکوومەتی فەرەنسادا، بەڵکوو لە ئاستی هەرێم و پارێزگاکانی فەڕەنسایشدا نەیانتوانیوە هەڵبژاردنێك ببەنەوە و حوکمڕانی بکەن. میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک ڕێگرە بۆ هاتنی ئەم جۆرە تەوژمانە بۆ حوکمڕانی. لەوانەیە بگەن بە خولی دووەمی هەڵبژاردن، هەروەکو لە ساڵی ٢٠٠٢، ڕووی دا، بەڵام زۆر بە زەحمەت بەرەی نیشتمانی توانای هەیە بگات بە دەسەڵات. لە ساڵی ٢٠٠٢ نزیکەی لە ٨٠% فەرەنسییەکان دەنگیان دا بە جاك شیراك و ڕێگر بوون لە هاتنی ئەم تەوژمە لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا.
ئێستا پێویستە باسی ڕاستڕەوەکان بکەین، کە چەندین جار سەرۆکایەتیی فەڕەنسایان گرتۆتە دەست، دواترینیان سەرۆک نیکۆلا سارکۆزی بوو. ڕاستڕەوەکانی فەڕەنسا، پارتێکی سیاسی بەهێزیان هەیە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا ناویان لێ ناوە "کۆمارییەکان". ئەم کۆمارییانە لە نێوان خۆیاندا، فرەنسوا فییۆنیان (François Fillon) هەڵبژاردووە بۆ کێبرکێی سەرۆکایەتیی فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠١٧دا. بەربژێری کۆمارییەکان شانسی بردنەوەی ئەم هەڵبژاردنەی زۆرە، پێویستە هەرێمی کوردستان هەر لە ئێستاوە هەندێك خوێندنەوەی جدی بۆ کەسایەتی و سیاسەتیی فيۆن بکات. بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستمان کەوتوون، فرەنسوا فيۆن، سێ جار هاتووە بۆ هەرێمی کوردستان، لە مانگی حەوتی ٢٠٠٩ هاتووە بۆ سلێمانی بۆ لای سەرۆکی پێشووی عێراق "جەلال تالەبانی"، لەو کاتەدا، بەرێزیان سەرۆکی حکوومەتی فەرەنسی بووە، پێش ئەوەی سەردانی سلێمانی بکات، سەردانی بەغدای کردبوو بۆ بينینی گەورە بەرپرسانی عێراقی لە بەغدا. بەگشتی، ئەجندای سەردانەکەی فيۆن زیاتر تایبەت بوو بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و فەڕەنسا.
بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی داعش لە ٢٠١٤ و ڕۆڵی بەرچاوی پێشمەرگە لە جەنگی دژە تيرۆری نێودەوڵەتی، هەست دەکرێت کە کۆمارییەکانیش وردە وردە لە ڕوانگەی سۆسیالیستەکانەوە نزیک دەبنەوە بە تایبەتی دەربارەی سیاسەتی فەڕەنسا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان. فرەنسوا فيۆن دوو جار سەردانی هەرێمی کوردستان و سەردانی بەرەکانی جەنگی دژی داعش کردووە. پێش ئەوەی فرەنسوا ئۆلاند لە ساڵی ٢٠١٤دا بێت بۆ هەولێر، فرەنسوا فيۆن وەکو پەرلەمانتار هاتووە بۆ هەولێر. هەروەها پێش سەردانەکەی دووەمی فرەنسوا ئۆلاند لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧دا، فيۆن وەکوو کاندیدی کۆمارییەکان، خۆی گەیاندە هەولێری پایتەخت و چەندین بەرپرسی باڵای هەرێمی کوردستان دیوە، هەر لە سەرۆکی هەرێمەوە بۆ سەرۆکوەزیران و چەندین کەسایەتیی ئایینیی مەسیحی و ئێزیدی. جێی سەرنجە، لە سێیەم و دوایین سەردانی فيۆن بۆ هەرێم لە مانگی (٦)ی ٢٠١٦، ئەم بەربژێرە بە هيچ شێوەیەك نەچوو بۆ بەغدا. وا دیارە، لە ڕوانگەی ئێستای فيۆنەوە، پێگەی نێودەوڵەتی و جيۆپۆلیتیکی هەولێر باڵاترە لە بەغدا.
تاوەکو هەڵگيرسانی جەنگی داعش، دەتوانین بڵێین ڕاستڕەوەکانی فەڕەنسا بە چاوێکی بەبایەخەوە نەیان دەڕوانی بۆ هەرێمی کوردستان. لە سەردەمی "سەرۆك سارکوزی"دا، زیاتر گرنگییان بە پەیوەندیی ئابووری و کەلتووریی نێوان هەرێم و فەڕەنسا دەدا. ئێستا هەست دەکرێت کە گۆڕانکارییەکی تەواو هەیە لە ڕوانگەی کۆمارییەکانی فەڕەنسا بەرامبەر هەولێر، بەڵام هەندێك جیاوازی بەدی دەکەین لەگەڵ چەپڕەوەکان کە لێرەدا بە کورتی باسیان لێوە دەکەین.
سەردانی فرەنسوا فيۆن لە مانگی (٦)ی ٢٠١٦ زیاتر لایەنی رێکلام بۆ هەڵبژاردنەکانی تێیدا زاڵ بوو. کەمترین هەڵوێستی خۆی لە میدیاکان بەرامبەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەر بڕی. لە دوای گەڕانەوەی بۆ فەڕەنسا، ڕاگەیەندراوێكی لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. ئەو ڕاگەیەندراوە جێی تێڕامان و ڕەخنەیە. وەك لە ڕاگەیەندراوەکەدا دیارە، مەبەست لە سەردانەکەی دوو بابەت بووە؛ هێنانی پێداوێستیی پزيشکی بۆ هەرێم و چاودێریکردنی ڕەوشی مەسیحییەکانە لە عێراق و دەربڕینی پاڵپشتییەکی ڕەها بۆ ئەم پێکهاتەیە، کە بەشێکیان بوونەتە قوربانیی دەستی تيرۆریستانی داعش. ئەوەی جێی سەرنجە، نە باسی کورد، نە هەرێمی کوردستان و نە پێشمەرگە دەکات. ئەم هەڵوێستەی بە ڕاستی جێی نیگەرانییە، چونکە لە سەردانەکەیدا چەندین بەرپرسی باڵای هەرێمی دیووە، هەر لە سەرۆکی هەرێمەوە تا سەردانی بەرەکانی جەنگ و پێشمەرگە.
لە لایەکی ترەوە، فرەنسوا فيۆن لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕای خۆی دەردەبڕێت دەربارەی جەنگی دژە داعش و پێی وایە پێویستە هاوپەیمانییەتێکی فراوان دروست بکرێت بۆ لە ناوبردنی داعش و نەهێشتنی هەڕەشە لەسەر ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە ڕوانگەی فيۆنەوە، پێویستە ئەم هاوپەیمانیەتییە پێک بێت لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە، هەروەها ڕووسیا و ئێرانیش لەخۆ بگرێت. کەواتە ئاراستەی فيۆن نزيك دەبێتەوە لە سەرۆکی نوێی ئەمریکا دۆنالد ترەمپ سەبارەت بە ڕۆڵی ڕووسیا. لە کاتێکدا، هەڵوێستی فيۆن دەربارەی ئێران جێی هەڵوێستەکردنە. چۆن ئێران لەگەڵ فەڕەنسا و وڵاتانی ڕۆژاوا لە یەك هاوپەیمانێتیدا بن؟ ئایا وڵاتانی عەرەبی و سوننەمەزهەب ڕۆڵیان چۆن دەبێت؟ ئایا پێگەی هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت لەم جۆرە هاوپەیمانیەتییەی کە فيۆن بانگەوازی بۆ دەکات؟
ئەگەر بە مێژووی سیاسەتی دەرەوەی فەرەنسا بەرامبەر بە کورددا بچينەوە، زۆربەی زۆری هەڵوێستە باشەکانی فەڕەنسا لە سەردەمی سۆسیالیستەکاندا بووە. لە دوای جەنگی داعش، پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا گۆڕانکاریی تەواوی بە سەردا هاتووە، ئایا ئەم ڕۆڵە نوێیەی هەرێم کاریگەری دەبێت لەسەر حوکمڕانیی ڕاستڕەوەکانی فەڕەنسا؟ پرسیار زۆرن، چاوەرێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی فەڕەنسا دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین تێڕوانینێکی وردترمان هەبێت دەربارەی هەڵوێستی داهاتووی فەڕەنسا بەرامبەر هەرێمی کوردستان و پرسی کورد.
[1] http://www.slate.fr/story/97307/kendal-nezan-kurde-socialistes-france.