سه‌رده‌م و جیهانی ئیمڕۆ، پره له گۆڕانكاریی خێرا و ئالۆزی؛ پرس و بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كانیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه. ده‌ركه‌وتنی داعش و خێرایی له سه‌ركه‌وتنه‌كانی و ئاست و ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی تۆقاندن و دڵه‌ڕاوكێ و وێرانكارییه‌كانی له لایه‌ك و سه‌ر‌نجڕاكێشی و ئه‌ندامگیری له لایه‌كی تره‌وه، هه‌مووی له ڕێگه‌ی نوێترین ته‌كنیك و ئامرازه‌كانی جیهانی مۆدێرنه‌وه بوو. به مانایه‌كی تر، داعش دواكه‌وتووترین و دڵڕه‌قانه‌ترین كرده‌وه‌كانی خۆی له ڕێگه‌ی مۆدێرنترین به‌رهه‌مه‌كانی شارستانییه‌تی ڕۆژاوایییه‌وه ئه‌نجام داوه.
له پاش سه‌ركه‌وتنه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی، به‌تایبه‌ت له ساڵی 2013- 2014، ئیمڕۆكه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین كۆتایی، بینه‌ری پاشه‌كشه و لاوازبوونی ئه‌م ڕێكخراو و ده‌وڵه‌ته-خیلافه‌ته‌ین. به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه داهاتووی ئه‌م ڕێكخراوه توندڕه‌وه تیرۆریستییه به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات و چیی لێ دێت؟ ئایا پاش شكستهێنانی له‌سه‌ر زه‌وی، ئه‌وه كۆتاییی پێ دێت؟ یاخود به شێواز و ته‌كنیكی نوێ به‌رده‌وام ده‌بێت؟ ئه‌م شێواز و ته‌كنیكه نوێیانه چین، كه له‌وانه‌یه داعش بتوانێت له ڕێگه‌یه‌وه درێژه به كاره‌كانی بدات؟
له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین شرۆڤه‌ی ئه‌گه‌ر و سیناریۆكانی داهاتووی داعش له پاش شكستپێهێنانی له ناوه‌ندی خه‌لافه‌ته‌كه‌یان له ڕه‌ققه‌ی سووریا و مووسڵی عێراق، تاووتوێ بكه‌ین.
داعش و سه‌رده‌می نادڵنیایی، پشێوی، ئالۆزی و گۆڕانكارییه خێرا‌كان
له ڕاستیدا ڕێكخراوی تیرۆریستیی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی عێراق و شام (داعش) دیارده‌یه‌كی نوێ نییه و ده‌توانین به لقێك له لقه‌كانی ئه‌لقاعیده‌ی دابنێین، كه به‌پێی هه‌لومه‌رج و گۆڕانكارییه‌كان ئاستی توندوتیژیی به‌رزتر كردۆته‌وه و هه‌وڵی داوه كه ئه‌م جاره له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع خه‌لافه‌ته‌كه‌ی دابمه‌زرێنێت و په‌ره به هه‌رێمێك بدات به ناوی "خه‌لافه‌ت و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی". به‌ڵام ئه‌م ڕێكخراوه له ڕێگه‌ی ئامرازه مۆدێرنه‌كانه‌وه چه‌مكگه‌ڵێكی وه‌كوو "خه‌لافه‌ت، جیهاد و شه‌هاده‌ت"ی دووباره به‌رهه‌م هێنایه‌وه. ئه‌وه‌ی كه یارمه‌تیده‌ری بوو، بێجگه له به‌ستێن و ژینگه‌ی ئایینی- كه‌لتووریی ناوچه‌كه و دۆخی ناڵه‌باری سووریا و عێراق، شكستی ده‌وڵه‌ت به هه‌موو ڕه‌هه‌ند و پێوه‌ره‌كانه‌وه (ئابووری، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئاسایشی و هتد) له‌م ناچه‌یه، ژینگه‌ی تایبه‌ت و بارودۆخی نێوده‌وڵه‌تی بووه. به‌م مانایه له سه‌رده‌مێكدا كه به سه‌رده‌می به‌جیهانیبوون ده‌ناسرێت و شۆڕشی زانیاری و ته‌كنه‌لۆژی و په‌یوه‌ندییه‌كان، پرسه‌كانی سه‌روه‌ری، ناسنامه، ئاسایش، ده‌وڵه‌ت، حكوومه‌ت، كۆمه‌ڵگه و ... بردۆته ژێر پرسیاره‌وه، و بۆته هۆی دروستبوون و به‌هێزبوونی چه‌ندین ڕێكخراو و ئه‌كته‌ری نا-ده‌وڵه‌تی.
لەسەردەمی بەجیهانیبووندا، دەگوترێت كە ئێمە لەسەردەمێكی "پاش وێستفالیایی" (post Westphalia) دەژین، كە بە هۆی كاڵتربوونەوەی سەروەریی ڕەق و توندی دەوڵەتەكان و زیاتربوونی ڕۆڵی ئه‌كته‌ره ژێرنەتەوەیییه‌كان، مافی نەتەوە / ئیتنیك و ناسنامه مه‌زهه‌بی و ئایینییه‌كان زیاتر گه‌شه ده‌كات و ئاڵوگۆڕی كەلتووری بە هۆی ئامراز و دەرفەتەكانی بەجیهانیبوون ڕوو دەدات، كە ئەمە جیاوازە لە یەكسانسازیی كەلتووری، كە تیایدا كەلتوورێك بە هۆی بوونی دەسەڵاتی فەرمیی دەوڵەتی، هەوڵی ئاسمیلاسیۆنی كەلتوور و گوتارەكانی تر دەدات.
هەروەها بەجیهانیبوون لەسەر دوو ئاستی global و local كار دەكات و دەبێتە هۆی لێكهەڵوەشاندنەوە و دووربوونەوە (fragmentation) و لێكنزیكبوون و یەكگرتنەوە (integration)؛ كە ئەمەیش وا دەكات بەپێی توانا و دەرفەت، ناسنامەكانی تر هەل و بواری خۆڕێكخستنیان بۆ بڕەخسێت و تەنانەت چەمكی جیۆكاڵچەر (geo-culture) جێگەی جیۆپۆلیتیك (geo-politic) بگرێتەوە و ئیتر دەوڵەتەكان لە جێگەی ڕوانگەی ڕەهابوون، ئاڵوگۆڕ و گفتوگۆ یاخود دانوستان بكەن. ئەم بابەتەیش سیستەمی پەیوەندییەكان و كەلتووری كردۆتە جێگرەوەی جوگرافیا و، ئەمەیش بە مانای جێگرتنەوەی فەزایە لە جیاتی شوێن (مكان) و ئەم فەزایەیش لەسەر بنەمای كەلتوورە بەڵام شوێن لەسەر بنەمای جوگرافیا بوو.
بۆیه زۆرن ئه‌و بیرمه‌ندانی كه سه‌رده‌می ئێستا به سه‌رده‌می post Westphalia (پۆست – وێستفالیا) ده‌زانن. به‌م مانایه كه ده‌وڵه‌تان له سه‌رده‌می به‌جیهانیبووندا چیتر تاكه ئه‌كته‌ر نین كه توانای به‌كارهێنانی هێز و توندوتیژییان هه‌بێت. ئه‌م خاڵه خاڵی جه‌وهه‌رییه بۆ تێگه‌یشتن له پشێوی و وه‌رچه‌خان و گۆڕانكارییه‌كان له سه‌رده‌می پۆست-وێستفالیادا. ئه‌مه‌یش هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ جۆر و شێوازه‌كانی نوێی هێز و ده‌سه‌ڵات له لایه‌ك و، ده‌ركه‌وتنی ئامراز و ته‌كنیكه‌كانی مۆدێرن له لایه‌كی تره‌وه.
ئه‌وه‌ی كه گرنگه ئه‌وه‌یه كه ئالۆزی و و تێكاڵاوییه‌ك له نێوان ئامرازه‌كانی به‌رده‌ست ده‌وڵه‌ت و گرووپ و ئه‌كته‌ره نا-ده‌وڵه‌تییه‌كان (ژێر-نه‌ته‌وه‌یی و بان-نه‌ته‌وه‌یی) به‌تایبه‌تی ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كاندا هاتۆته ئاراوه. لێره‌وه‌یه كه "توندوتیژیی تایبه‌ت" له بری "توندوتیژیی ده‌وڵه‌تی" ده‌بێته هۆی تێكچوونی ڕێكخستن و سیسته‌می نه‌ریتیی سه‌رده‌می وێستفالیایی. لە لایەكی ترەوە بە هۆی پرۆسەی بەجیهانبوونەوە و بەهێزیی كەلتووری ڕۆژاوایی، كەلتوورەكانی تر و ناسنامەكانی تر، بەتایبەت ناسنامه مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یییه‌كان، هەوڵی خۆبووژاندنەوە و بنیاتنانەوەی ناسنامەی خۆیان دەدەن؛ چونكە پێشتر تەنیا ئەو ناسنامە، یان كەلتوورانە لە سنوورەكان بەریەك دەكەوتن، بەڵام بە هۆی گۆڕانكارییەكان هەموو ناسنامەكان لە تۆڕەكاندا پەیوەندییان پێكەوە هەیە.
زانای بەناوبانگ "مانۆئێل كاستێلز" (Manuel Castells) ئەم هزرە دێنێتە ئاراوە كە لە كۆمەڵگەی تۆڕئاسادا ناسنامە بە شێوازی تایبەت و كەلتوورییەكەی، گرنگیی نوێ پەیدا دەكات. بە بڕوای ناوبراو لە سەدەی بیست و یەكەمدا ململانێی سەرەكی لەسەر پرسی "شوناس یان ناسنامە" دروست دەبێت و بەجیهانیبوون بە هۆی تێكدانی هەلومەرجەكان و لەناوبردنی ناسنامەسازیی كلاسیكی، قەیرانێكی ناسنامەییی بەربڵاوی دروست كردووە.
لەم بارەیەوە "مانۆئێل كاستێلز" دەڵێت: "زانیاریگەرایی و بەجیهانیبوون، فۆرمە كلاسیكییەكان بۆ نوێنەرایەتیی سیاسی و كۆنترۆڵی كۆمەڵایەتی هەڵدەوەشێنێتەوە." كاستێلز باس لە دروستبوونی جۆرێك لە ناسنامە دەكات لە كۆمەڵگەی نێتوۆرك (شەبەكی، یان تۆری) و، هەروەها هاوبەشییەكی كەلتووریش (ئایینی، نەتەوەیی یان ناوچەیی) مانایەكی گرنگ و بەرچاوی بۆ دروستكردنی ناسنامە لە كۆمەلگەی زانیاری‌دا هەیە. لێرەوە كومەڵیك ناسنامەی نۆی و تەنانەت فۆندەمێنتالیش دروست دەبێت، وەكوو بزووتنەوەی ئایینی، یان ژینگە و ئافرەتان و هتد. هەروەها "كاستێلز" بڕوای وایە كە هەستی ناسیۆنالیستی لە دەرەوەی دەوڵەتیشدا بوونی هەیە و، سیاسەتی ناسنامەیی چیتر پەیوەندیی بە دروستبوونی دەوڵەتەوە نییە و، بۆیەیش باس لەوە دەكات كە سیستەمی سیاسیی دەوڵەتی نەتەوەیی لە هەڵوەشاندنەوەدایە و، سیاسەته نوێیه‌كانیش، دامەزراوە نێودەوڵەتی و ڕێكخراوە سەروونەتەوەیییەكان دای دەڕێژن و تەنانەت لە سەردەمی ئێستادا ئابووریش بنەما و ڕەهەندی زانیاریی هەیە.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئه‌م ئالۆزی و دژبه‌یه‌كییه زیاتر ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌یه كه ئه‌م گرووپ و ڕێكخراوانه وه‌كوو كاردانه‌وه‌یه‌ك خۆیان له هه‌مبه‌ر شه‌پۆله‌كانی مۆدیرنیته و سیاسه‌ت و پرسه ناسنامه‌یییه‌كان له جیهانی مۆدێرندا پێناسه ده‌كه‌ن. بۆیه ئه‌م جۆره تیرۆریزمه، به تیرۆریزمی "پۆست‌مۆدێرن" داده‌ندرێن، له لایه‌كه‌وه به هۆی پرس و بابه‌ته ناسنامه‌یی و ئایینییه‌كانیان و له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، تێپه‌ڕاندن و به‌زاندنی سنووره نه‌ته‌وه‌یییه نه‌ریتییه‌كان. بۆ نموونه ڕێكخراوی داعش ده‌توانێت هه‌ڕه‌شه له هاووڵاتی و به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی ڕۆژاوایی بكات، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی شوێن و جوگرافیا و مه‌ودا.
جیاوازییه‌كی تری ئه‌م تیرۆریزمه‌ی سه‌رده‌می "پۆست-وێستفالیا" له‌گه‌ڵ تیرۆریزمی كلاسیك، ئه‌وه‌یه كه پێشووتر ئامانج و مه‌به‌سته‌كان ده‌ستنیشانكراو و سنووردار بوون و له چوارچێوه‌ی سنووره‌كانی نه‌ته‌وه‌ییدا قه‌تیس ده‌مانه‌وه، به‌ڵام تیرۆریزمی پۆست‌مۆدێرن ئه‌مه‌ی تێ په‌ڕاندووه و ڕووی له كوشتار و تۆقاندنی به‌كۆمه‌ڵ كردووه.
خاڵێكی گرنگ ئه‌وه‌یه كه "داعش" به كه‌ڵكوه‌گرتن له هێزی نه‌رم و ڕاگه‌یاندن و ته‌كنیك و ئامرازه مۆدێرنه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژاوایی و پاش-پیشه‌سازی، هێزی ڕه‌قی خۆی وه‌كوو كوشتن و سه‌ربڕین و ته‌قاندنه‌وه و ... نمایش ده‌كات و، دووباره‌یش ئه‌م توندوتیژییه ده‌گوازێته‌وه و به‌رهه‌می دێنێته‌وه. ئه‌مه یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ تێگه‌یشتن له سیناریۆ و ئه‌گه‌ره‌كانی داهاتووی داعش، چونكه كۆمه‌ڵگه‌ی وێنایی چیتر له‌سه‌ر هه‌رێم و ئه‌ر‌ز بونیاد نانرێت و، داعش كۆمه‌ڵگه‌ی مسوڵمانان له سه‌رووی ڕاستییه جوگرافییه‌كان و ده‌وڵه‌تانی ئیسلامی بنیات ده‌نێت و، ئه‌ندامه‌كانی له‌و چه‌مكه كه‌ڵك وه‌رده‌گرن كه به "هایپه‌ر-ریال" (سه‌روو-واقع) ده‌ناسرێت.
داهاتووی داعش و سیناریۆ چاوه‌ڕونكراوه‌كان
له پاش هه‌ڵمه‌ت و جه‌نگی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی وڵاتانی ڕۆژاوایی و وڵاتانی ناوچه‌كه له سووریا و عێراق، ئه‌م گرووپه زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی خۆی له‌ده‌ست داوه. به‌م پێیه، ده‌كرێت چه‌ند ئه‌گه‌ر و سیناریۆیه‌ك بخه‌ینه ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی چۆنیه‌تیی چالاكییه‌كانی ئه‌م ڕێكخراوه تیرۆریستییه له داهاتوودا ڕوونتر ببێته‌وه. ئه‌م به‌م مانایه‌یه كه داعش له‌وانه‌یه وه‌كوو ڕێكخراوێك، كه بانگه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تبوونی ده‌كرد، بوونی نه‌مێنێت، به‌ڵام وه‌كوو ئایدیۆلۆژی، به شێوازی جۆراوجۆر درێژه به كاره‌كانی ده‌دات. بۆیه لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین چاوه‌ڕوانكراوترین و گرنگترینی ئه‌م سیناریۆ و ئه‌گه‌رانه‌ی داهاتووی "داعش" بخه‌ینه ڕوو:
یه‌كه‌م: كۆتاییهاتن و نه‌مانی داعش وه‌كوو ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی عێراق و شام
ئه‌مه به‌و مانایه دێت كه پاش له‌ده‌ستدانی ناوچه و هه‌رێمی ژێر كۆنترۆڵی خۆی له سووریا و عێراق، كێشه‌ی وجوودی بۆ ئه‌م ڕێكخراوه دروست ببێت. به دیوێكی تردا، كاتێك خودی ناونیشانی داعش له "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له ناوچه‌ی عێراق و شام" وه‌ر‌گیراوه، به‌م پێیه پاش له‌ده‌ستدانی ئه‌و ناوچانه، چیتر به‌م ناونیشان و ناوه نا‌توانێت به‌رده‌وام بێت؛ چونكه ناوی ئه‌م ده‌وڵه‌ت-رێكخراوه تیرۆریستییه گرێدراوی جوگرافیایه‌كی ده‌ستنیشانكراو بووه. ئه‌مه‌یش هه‌ڵگری دژبه‌یه‌كییه له به‌رده‌وامیی داعش و په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م ده‌وڵه‌ت-رێكخراوه له ناوچه‌كانی تری جیهانی ئیسلامی. بۆیه له‌م سیناریۆیه‌دا، ده‌كرێت ئه‌م ڕێكخراوه بۆ هاوشێوه‌ی تر بگۆڕێت و ڕێكخراوی نوێ له‌دایك بێت.
دووه‌م: لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی داعش وه‌كوو ده‌وڵه‌ت- ڕێكخراو
له‌م سیناریۆیه‌دا داعش وه‌كوو ڕێكخراوێك كه خاوه‌ن ڕێكخستن بێت، چ به ئاشكرا وه‌كوو ئێستا و چ به نهێنی، كۆتاییی پێ دێت. به‌ڵام لێره‌وه ئه‌ندامانی به بڵاوبوونه‌وه له هه‌موو ناوچه‌كانی جیهان و لایه‌نگرانی له‌سه‌ر بنه‌مای بیروباوه‌ڕ و ئامانجه‌كانی ئه‌م ڕێكخراوه، كرده‌وه‌ی تیرۆریستیی جۆراوجۆر ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه له ڕووی ڕێكخراوه‌یییه‌وه ئه‌ندامی فه‌رمیی ئه‌م ڕێكخراوه بن و له لایه‌ن ئه‌م ڕێكخراوه‌وه فه‌رمانیان پێ بكرێت و ئامانجیان بۆ ده‌ستنیشان بكرێت یاخود پێداویستییه‌كانیان بۆ دابین بكرێت. ئه‌مه ده‌توانێت بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌رده‌وام بێت و به یه‌كێك له مه‌ترسیدارترین سیناریۆكان دابندرێت، چونكه هه‌موو تاك و گرووپه تیرۆریستییه‌كان ده‌توانن به ئامراز و ئامانجی جۆراوجۆر و مه‌ترسیدار هێرشی تیرۆریستی ئه‌نجام بده‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی له ڕاستیدا ڕێكخراوێكی ڕاسته‌قینه به ناوی داعش بوونی مابێت. به‌ڵكوو وه‌كوو تاك و گرووپی بچووك بچووك و دابڕاو له یه‌كتری، به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌كتر بناسن، له هه‌موو شار و ناوه‌نده‌كانی جیهان كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ك چۆن له ئه‌ڵمانیا و به‌لجیكا و فه‌ڕه‌نسا و... به هه‌موو ئامرازه ناتوندوتیژییه‌كانیش، وه‌كوو ئۆتۆمبێل، كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌دات. ئه‌مه‌یش ترس و دڵه‌ڕاوكێی به‌ربڵاو دروست ده‌كات و، له ڕووی ئاسایشییه‌وه كۆنترۆڵكردنی بۆ ده‌وڵه‌تان و هاووڵاتیان زۆر ئه‌سته‌م ده‌بێت.
سێیه‌م: گواستنه‌وه‌ی داعش بۆ ناوچه‌ی تر
له‌م سیناریۆیه‌دا، پاش شكستی داعش له سووریا و عێراق، ئه‌م ڕێكخراوه ده‌چێته شوێنی جوگرافیاییی دیكه كه پڕ له كێشه و پشێوین و ده‌وڵه‌تی به‌هێز، بوونی نییه، وه‌كوو: وڵاتانی ئیسلامی له ئه‌فریقا، به‌تایبه‌ت باكووری ئه‌فریقا یاخود وڵاتانی تری ئیسلامی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ته‌نانه‌ت ئه‌فغانستان و پاكستان و وڵاتانی ئاسیای ناوه‌ڕاست. لێره‌وه داعش هه‌وڵی ڕێكخستن و كۆكردنه‌وه‌ی ڕیكخراوه تیرۆریستییه‌كانی دیكه ده‌دات و درێژه به چالاكییه‌كانی ده‌دات. له‌م ئه‌گه‌ره‌دا داعش ده‌بێته هۆی دروستبوونی هه‌ڕه‌شه بۆ ناوچه و وڵاتانی تر، به‌تایبه‌ت وڵاتانی ڕۆژاوایی له ڕێگه‌ی ڕاهێنان و هه‌نارده‌كردنی تیرۆریسته‌كان و ئه‌ندامگیری و ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستیی جۆراوجۆر له وڵاتانی ناوچه‌كه و به‌تایبه‌ت وڵاتانی ڕۆژاوایی. له لایه‌كی تریشه‌وه ده‌بێته هۆی دروستبوونی چه‌ندین ده‌وڵه‌تی شكستخواردوو له‌و ناوچانه و دروستبوونی شه‌پۆلێكی تری ئاواره و په‌نابه‌ر بۆ وڵاتانی هه‌رێمی و ئه‌وروپی.
چواره‌م: چالاكیی پچڕپچڕ و پارتیزانی
له ئه‌گه‌ری شكستی داعش به‌ته‌واوه‌تی له ڕووی هه‌رێمییه‌وه، یه‌كێك له سیناریۆكان ئه‌وه‌یه كه داعش له‌م ناوچانه‌ی ئێستای سووریا و عێراق بمێنێت، به‌ڵام له‌ناو شار و ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان به شێوه‌یه‌كی شاراوه و نهێنی، به‌ڵام پچڕپچڕ، كاری ئه‌ندامگیری، ڕفاندن، كوشتن، ته‌قاندنه‌وه و هێرشكردن و ... ئه‌نجام بدات. له‌م حاڵه‌ته‌دا داعش له لایه‌ك سوود له هێزه‌كانی ئێستای له‌نێو هاووڵاتیانی ناوچه‌كه وه‌رده‌گرێت، به تێكه‌ڵبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئاسایی. له لایه‌كی تریشه‌وه ڕێگه بۆ وه‌رگرتنی ئه‌ندامه‌كانی له وڵاتانی دیكه و هاتنیان بۆ ئه‌م ناوچه دووره‌ده‌ست، بچووك و په‌راوێزانه‌ی عێراق و سووریا، خۆش ده‌كات. ئه‌مه‌یش ده‌بێته هۆی به‌رده‌وامبوونی دۆخی نائاسایشی و دروستبوونی ناسه‌قامگیریی به‌رده‌وام بۆ هاووڵاتیانی ئه‌و ناوچانه‌ی كه پێشتر له‌ژێر ده‌ستی داعشدا بوونه.
پێنجه‌م: چوونه‌ناو جیهانی مه‌جازی و پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت- خه‌لافه‌تی ئۆنلاین
به هۆی شاره‌زایی و ئه‌زموونی داعش له به‌كارهێنانی نوێترین ته‌كنیك و ئامرازه‌كانی ته‌كنه‌لۆژی و په‌یوه‌ندی، ئه‌گه‌رێكی به‌هێز ئه‌وه‌یه كه ئه‌م ڕیكخراوه له ڕێگه‌ی تۆڕه‌كانی ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندی و ئامرازه نوێیه‌كانه‌وه، خه‌لافه‌ته‌كه‌ی بۆ جیهانی مه‌جازی بگوازێته‌وه. به‌م پێیه ئه‌م خه‌لافه‌ته له ڕووی جوگرافییه‌وه نامێنێت، به‌ڵام له ڕووی فه‌زا‌وه له هه‌موو شوێنێكی جیهان بیر و بۆچوونی خۆی بڵاو ده‌كاته‌وه و كاری ئه‌ندامگیری و ته‌نانه‌ت ڕاهێنان و ڕیكخستنی خۆی درێژه پێ ده‌دات و، ته‌نانه‌ت ده‌توانێت جۆر و شێوازی تری تیرۆر وه‌كوو "تیرۆری سایبێری" بۆ هاووڵاتیان و ده‌وڵه‌تانی جیهان ئه‌نجام بدات و، له‌م ڕێگه‌یه‌وه شكستی خۆی له‌سه‌ر زه‌وی و له ڕووی ئابووری و دارایییه‌وه قه‌ربوو بكاته‌وه.
ئه‌م میكانیزم و ڕێوشوێنه ده‌توانێت وه‌كوو شیوازێ پۆستمۆدێرنی خۆگونجاندنی گرووپێكی تیرۆریستی له سه‌رده‌می ناسراو به پۆست-وێستفالیادا زۆر مه‌ترسیدار بێت. لێره‌وه داعش ده‌توانێت حوكمڕانیی ده‌وڵه‌ت-خه‌لافه‌تی تیرۆریستیی جیهانی ئیسلام بكات. هه‌م ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر وڵاتانی ئیسلامی و هه‌م وڵاتانی ڕۆژاوایی.
ئه‌مه‌یش وا ده‌كات كه بنه‌بڕكردن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و به‌گژداچوونه‌وه‌ی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش زۆر ئه‌سته‌م و ته‌نانه‌ت نامومكین بێت. به‌مه‌یش ئێمه ده‌چینه ناو قۆناغێكی تری سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونی گرووپ و ڕیكخراو و تاكی تیرۆریستی، كه خۆی له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كاندا گونجاندووه و، به‌م پێیه‌یش هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیی به‌رده‌وام و چاوه‌ڕواننه‌كراو بۆ سه‌ر هه‌موو به‌شه هه‌ستیاره‌كانی ده‌وڵه‌تان و ژیانی هاووڵاتیان دروست ده‌بێت كه به ئامراز و ڕێوشوێنی ئاسایی و نه‌ریتیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر، ناتواندرێت به‌ره‌نگاری ببینه‌وه و ته‌نانه‌ت پێشگیریی لێ ناكرێت یاخود زۆر ئه‌سته‌م ده‌بێت. بۆیه له‌وانه‌یه جارێكی تر به هۆی ئه‌م مه‌ترسییانه‌ی سه‌رده‌می "پۆست-وێستفالیا"، ئێمه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆری "پۆست‌مۆدێرن"، بینه‌ری شه‌پۆل و ڕه‌وتی پێچه‌وانه‌ی پرۆسه‌كانی به‌جیهانیبوون و تۆخبوونه‌وه‌ی دووباره‌ی سنووره‌كان ببینه‌وه. ئاماژه‌كان له ئه‌مریكای سه‌رده‌می ترامپ و بریتانیا له پرسی "برێكزیت"، هه‌روه‌ها به‌هێزبوونه‌وه‌ی حزب و گرووپه توندڕه‌وه ناسیۆنالیسته ڕاستره‌وه‌كان له زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا كه دژی به‌جیهانیبوون و كاریگه‌رییه‌كانین، ئه‌و ڕاستییانه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنن.
شه‌شه‌م: كاركردن به شێوه‌ی تۆڕی
سیناریۆی پێنجه‌م، ده‌توانێت ئه‌م سیناریۆیه‌یشی لێ بكه‌وێته‌وه؛ به مانایه كه له‌م سیناریۆیه‌دا داعش بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییی شكست له‌سه‌ر زه‌وی و له ناوچه‌كه‌دا و، هه‌روه‌ها بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه، به شێوه‌ی "تۆڕ" كار ده‌كات. لێره‌وه له جۆر و شێوازه‌كانی "ئه‌لقاعیده" نزیك ده‌بێته‌وه. له‌م ئه‌گه‌ره‌دا داعش ده‌توانێت بۆ نموونه "تۆڕه ئه‌وروپییه‌كانی داعش" له ڕیگه‌ی ڕێبه‌رایه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی "یه‌كه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی ده‌ره‌كیی داعش"، چالاك بكات؛ تۆڕێك كه ڕاهێنان به ئه‌ندامانی ده‌كات و بۆ هێرشی ئالۆز و مه‌ترسیدار له وڵاتانی ئه‌وروپی ئاماده و هه‌نارده‌یان ده‌كات. به‌م پێیه، ئه‌مه ده‌بێته هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وام بۆ ئاسایشی هاووڵاتیان و وڵاتانی ئه‌وروپی و، له لایه‌كی تریشه‌وه به‌رزبوونه‌وه‌ی توندڕه‌ویی ئایینی و دابه‌شبوونی وڵاتانی ئه‌وروپا بۆ سه‌ر دوو جه‌مسه‌ر (لایه‌نگری ئیسلامی توندڕه‌و و، دژی ئیسلام و په‌نابه‌ر و كۆچبه‌ران)، مه‌ترسییه‌كی درێژخایه‌ن ده‌بێت بۆ ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ته‌نانه‌ت ئابووریی ئه‌وروپا.
كۆبه‌ند
ده‌ركه‌وتن و دروستبوون و گه‌شه‌سه‌ندنی خێرای داعش، وه‌كوو شكستی داعش له سووریا و عێراق، ده‌رهاوێشته و لێكه‌وته‌ی جیاواز و چاوه‌ڕواننه‌كراوی له ڕووی ئاسایشی و ته‌نانه‌ت سیاسییه‌وه لێ ده‌كه‌وێته‌وه. به‌م پێیه‌یش، چه‌ندین سیناریۆ و ئه‌گه‌ر بۆ داهاتووی ئه‌م ڕێكخراوه تیرۆریستییه پێشبینی كراون. یه‌كێك له گرنگترینه‌كانیان بریتییه له به‌رده‌وامی له چوارچێوه‌ی خه‌لافه‌ت-ده‌وڵه‌تی ئۆنلاین و مه‌جازی؛ كه به‌رده‌وامیی ئه‌م ڕێكخراوه له جیهانی ئێستادا و له سه‌رده‌می پۆست-وێستفالیادا، ئه‌گه‌ریكی به‌هێزه و، زۆر مه‌ترسیدار دێته به‌رچاو. به‌و پێیه‌ی كه ده‌توانێت د‌رك و تێگه‌یشتنی ئێمه له هێز و ده‌سه‌ڵات و تیرۆر و گرووپی تیرۆریستی و چۆنیه‌تیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی و، به‌گشتی چه‌مكی ئاسایش بگۆڕێت. به مانایه‌كی تر، ده‌كرێت هه‌موو سیناریۆكان له ڕێگه‌ی ئه‌م خه‌لافه‌ته مه‌جازی و ئۆنلاینه‌وه پێكه‌وه به ڕێژه و ئاستی جیاواز ساپۆرت بكرێت و، ئه‌مه‌یش جیهانی ئێمه ئالۆزتر و زۆر نادڵنیاتر ده‌كاته‌وه. به دیوێكی دیكه‌دا، هیچ بوار و ڕه‌هه‌ندێكی ژیانی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و ته‌نانه‌ت تاكه‌كه‌سیی ئێمه پارێزراو نابێت. به‌تایبه‌ت بۆ ئیمه‌ی كورد كه له ناوچه‌كه و چه‌قی ئه‌م پێكدادانه ئایدیۆلۆژی و ناسنامه‌یییانه‌دا ده‌ژین و، هه‌وڵی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ و بنیاتنانی دامه‌زراوه و ژێرخانه‌كانی ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووری ده‌ده‌ین.