بەشی یەکەم: کۆنفڕانسی ميونشن و سیستەمی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و جیهان:
کۆنفڕانسی ئاسایشی ميونشينی ئەمساڵ، ئاماژەیەکی بەهێز بوو بۆ پەیوەندیی نێوان ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هەموو جیهان. کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانی بەڕێز مەسعوود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی کوردستان و، شاندی یاوەری، لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ئاسایشی جیهان، ههر خۆی پیشاندەری ئەم ڕاستییهیه. شاندێك بتوانێت ئەو ژمارە زۆرە لە کۆبوونەوەی دوولایەنە ئەنجام بدات، نیشانەی سەرکەوتنی ديپلۆماسییەتی سەربازی و بەرگریی ئەو شاندەیە. هەروەها، ئەم شاندەی هەرێم، توانیی لەسەر هەمان مێز، لە کاتی جیاوازدا، لەگەڵ چەندین دەوڵەتی نەیار کۆ ببێتەوە. زۆر نین ئەو شاندانەی کە توانیبێتیان بە جیا لەگەڵ شاندی ئێران و شاندەکانی ئەمریکا کۆ ببنەوە و، بتوانن پرسی ئاسایشی هاوبەش و پرسی تر، لەگەڵ هەموو ئەو شاندانەدا تاووتوێ بکهن.
لە ڕۆژی دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێی سەرۆك ترامپ تا ئەمڕۆ، ژمارەی کۆبوونەوە دووقۆڵییە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانی ئەم ئیدارەیە، لە ژمارەی دەست تێپەڕ نابن. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری سەرۆک و وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە ميونشن کۆ بۆوە؛ ئەمە خۆی هەنگاوێکی ديپلۆماسی و سیاسیی گرنگ بوو بۆ هەرێمی کوردستان. ئەگەر زیاتر قووڵ ببينەوە، ئەم کۆنفڕانسە دوو خاڵی گرنگی بەتەواوی بۆ ئامادەبووانی ئەم کۆنفڕانسە ڕوون کردەوە:
یەکەم: سەربەخۆییی سیستەمی ئاسایش و بەرگریی هەرێم لە عێراق:
لە ساڵی ١٩٩١ەوە تا ئێستا، بەڕێوهبردنی ئاسایشی و بەرگریی هەرێمی کوردستان، لە دەستی عێراقدا نەبووە. هەر لە ڕۆژی ڕاپەڕینە مەزنەکەوە، عێراق نەیتوانیوە مەکەزییەتی خۆی لە پرسی ئاسایشی و بەرگریدا، بەسەر گشت خاكی عێراقدا بسەپێنێت. لە ئەنجامدا، عێراقێکی فرەسوپا و فرەئاسایش هاتۆتە ئاراوە، کە تا ڕاددەیەکی زۆر دەستوور و یاسا عێراقییەکان لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە، دەزگه بەرگری و ئاسایشییەکانی هەرێمیان قبووڵ کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٣وە، دوو زۆنی تەواو جیاواز لە ڕووی ئاسایشەوە دروست بوون: زۆنی هەرێمی کوردستان؛ سەلامەت و هێمن لە ڕووی ئاسایشەوە کە هاووڵاتیانی بیانی، زۆر بەئاسانی دەتوانن تێیدا بژین و کار بکەن، بێ ئەوەی ژیانیان لە مەترسیدا بێت. ئەگەر بهوردی تهماشای پەیام و ئاگادارییەکانی وڵاتانی بیانیمان بۆ هاووڵاتیانی خۆیان بكردایه، دەمانبينی (و بەردەوام دەبينین) کە جیاوازی دەکەن: دەوڵەتانی بیانی بەتوندی ئامۆژگاریی هاووڵاتیانی خۆیان دەکەن لە عێراق، کە نەچنە زۆنەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان. زۆنەکەی تر، ناوچەکانی ژێر دەستی حکوومەتی فیدراڵی عێراقە، کە لهوێدا مەترسییەکی بەردەوامی ئاسایش هەبووە و هەیە. هاووڵاتیانی بیانی تا ئەمڕۆیش، بەزەحمەت لە ناوچەکانی ژێر دەستی بەغدا دەژین و کار دەکەن؛ ئهویش لەبەر مەترسیی تيرۆر و مافیا و هێزی چەکداری نەناسراو و نایاسایی لەو زۆنەدا.
بەشداریی دوو شاندی جیا لە هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا لەم کۆنفڕانسەدا، ئاماژەیەکی تەواو دیار بوو بۆ جیابوونەوەی پرسی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی تری عێراق. زلهێزەکانی جیهان بۆیان ڕوون بۆتەوە، کە سیستەمی ئاسایشی و بەرگریی بەغدا و هەولێر، تەواو لە هەموو ڕووەکانەوە جیاوازن. واقعێك هەیە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکات؛ ئامراز، چۆنیەتیی کارکردن، ئامانج، ستراتیژی و پەیوەندییەکانی دەزگه ئاسایشییەکانی هەرێم، له بهغداوه جیان؛ دانیشتنی دووقۆڵیی هەر دوو شاندی عێراقی و کوردستانی لە ميونشن، ئەم ڕاستییەی بۆ هەموو جیهان دووپات کردەوە. وڵاتانی تریش بە نوێنەر و شاندی جیاجیا بەشدارییان کردبوو، بەڵام مەحاڵە ببينین کە لە ميونشن کۆ ببنەوە و پرسی ناوخۆییی نێوانیان لە ميونشن باس بکەن. مێزی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا، تەنیا لە دەرەوەی عێراق بەردەسته!
چەند ساڵێكە، هەرێمی کوردستان کار بۆ سەربەخۆییی ئابووریی خۆی دەکات، بەڵام سەربەخۆییی سیستەمی ئاسایش و بەرگری، لەگەڵ دروستبوونی هەرێمدا دروست بووە. گرنگیی سەربەخۆییی سەربازی و ئاسایشیی هەرێمی کوردستان، لەسەربەخۆییی ئابووری کەمتر نییە. تاك بە تاكی دەوڵەتان مامەڵە لەگەڵ پرسی سەربەخۆییی ئاسایشیی هەرێم دەکەن و تێی دەگەن. دیدارەکانی کۆنفڕانسی ميونشن و دیدارەکانی تری وەزیری بەرگریی وڵاتان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لە هەولێر و پایتەختەکانی جیهان، ئەم ڕاستییە دووپات دەکەنهوە.
دووەم: ئاسایشی هەرێمی کوردستان گرێدراوی سیستەمی ئاشتی و ئاسایشی جیهانە
سەربەخۆییی میکانیزم و سیستەمی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وای کردووە کە جیهان بە دوو چاوی جیاواز بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بڕوانێت. لەگەڵ پەیدابوونی ڕێکخراوی تيرۆریستیی داعش و بەرخۆدانی و بەرگریی هێزەکانی پێشمەرگە و هەموو دامودەزگهکانی تری ئاسایش و پۆلیس، هەرێمی کوردستان بووە بە بەشێك لە پارێزەری ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ڕوانگەی هەموو جیهانەوە.
چەندین ئەرکی سەربازی و ئاسایشی هەبوونە، کە جیهان بەبێ بوونی هەرێمی کوردستان نەیدەتوانی بەئەنجامیان بگەیەنێت. کام دەوڵەت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، دەیتوانی، یان دەیویست، یەك مليۆن و حەوت سەد هەزار پەنابەری سووری و ئاوارەی عێراقی، بە هەموو ئایین و مەزهەب و نەتەوەکانەوە، پێشوازییان لێ بکات و بیانپارێزێت و بیانژیەنێت؟ تێڕژانی ئەم ژمارە زۆرەی پەناهەندە و ئاوارە بۆ هەر وڵاتێك، قەیران و هەڕەشە دروست دەکات. گەیشتنی شاڵاوی ئاوارەکان بۆ وڵاتانی ئەوروپی، ترس و دڵەڕاوکێیەکی فراوانی بۆ ئەوروپییەکان دروست کردووە؛ بە جۆرێك ئەو یەکێتیی ئەوروپایەی کە چەندین ساڵه هەیە و، کاریان بۆ کردووە، درزی تێ کەوتووە، وا هەڵدەوەشێتەوە. گرنگترین هۆکاری دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا، بریتی بوو لە پرسی کۆچبەران و کرانەوەی سنووری ئەم یەكێتییە. كۆچی بەکۆمەڵ، دیاردەیەکی پەیوەندیدارە بە ئاسایش و سەقامگيریی نێودەوڵەتییهوه؛ هەرێمی کوردستان، لە جیاتی هەموو جیهان ئەم بارگرانییەی هەڵگرتووە. باشترین بەڵگەیش بۆ ئەو قسەیه، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان (٢٠٠٥-٢٠١٥)، "ئەنتۆنیۆ گوتارێش"، وەكوو باشترین کاندید بۆ ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبژێردرا. کەواتە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەستی بە هەڕەشەی کۆچ و كۆچبەری لەسەر هەموو جیهان کردووە؛ هەر بۆیە ئەو کەسە پسپۆرەیان لەم بوارەدا بۆ بەڕێوبردنی مەزنترین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی هەڵبژارد.
ئەرکێكی تری نێودەوڵەتی لە بواری ئاسایش و سەربازی، کە کەوتە سەر شانی هەرێمی کوردستان، جەنگی دژی تيرۆر بوو. ئاشکرایە، کە ئەو هەڵمەتەی پێشمەرگە، کە دژی داعش ئەنجامیان دا، هيچ دەوڵەتێك، یان هێزێکی سەربازی نەیدەتوانی (یان نەیدەویست) لەو ساتەوەختەدا ئەم ڕۆڵە بگێڕێت؛ بۆیە جیهان پشتی بە پێشمەرگە بەست و یارمەتیی سەربازیی پێشکەش دەکرد. هەرێمی کوردستان لە جیاتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چەندین کاری ئەنجام دا. بەگشتی، ئەرکەکانی هەرێم بریتی بوون لە: تێکشکاندنی هێرشەکانی داعش، جەنگی زەمینی له دژی ئەم ڕێکخراوە، ڕزگارکردنی کۆبانێ و مووسڵ و پاڵپشتیکردنی هێزە عێراقییەکان لە جەنگی زەمینیی دژی داعش. کەواتە، لە جەنگی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا، هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە و دیاریکراوی هەبوو. هەرێمی كوردستان بەپێی توانای خۆی ئهم ڕۆڵهی بەئەنجام گەیاندووە و، لەم ئاراستەیەدا بەردەوامە. بەپێی بڕیاری ٢٢٤٩ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕيشەکێشکردنی داعش، بوو بە ئەرک و ئامانجی هەموو دەوڵەتانی دنیا؛ پێشمەرگە، بەشێك لە هەڵمەتەكه بووە.
بەشی دووەم: چۆن ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەردەوام بە ئاسایشی جیهانهوه گرێدراو بێت؟
هەر لەسەرەتای وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستە ڕهچاوی دوو پێشهاتی پەیوەندیدار بە ئاسایشی جیهانەوە بکەین، کە هەرێمی کوردستان پێویستە بە باشترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵ بکات، پێشهاتەکانیش ئەمانەن: نەمانی هەڕەشەی داعش و ئەگەرەکانی دوای داعش، پەیدابوونی هەڕەشەی تيرۆریستیی هاوشێوە و پاراستنی ئەو سنوورانەی کە بە خوێنی پێشمەرگە ئازاد کراون. دووەم پێشهات بریتییە لە هاتنەسەرکاری ئیدارەیەکی نوێ لە ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی "دۆنالد ترامپ".
لە ڕاپۆرتی ئەمساڵی کۆنفڕانسی ميونشن، جەختێکی زۆر لەسەر ئەم پێشهاتە کرایەوە؛ وا دیارە لەم ڕاپۆرتەدا دەیانەوێت بڵێن کە سیاسەتی دەرەوەی سەرۆکی نوێی ئەمریکا ڕوون نییە. هەر لەم ڕاپۆرتەدا، ئاماژەیەکی تایبەتی بۆ ئەم سیاسەتە کراوه و ناوی لێ نراوە "کارتەکانی ترامپ". سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکیدا لە مانگی یەکی ٢٠١٧ دەڵێت: "کێ یاریی کارتی پێ دەکرێت، کاتێك دەستەکەت بۆ هەموو کەسێك ئاشکرا بکەیت؟" هەڵە نین ئەگەر بڵێین، سەرۆک ترامپ دەیەوێت لە جیاتی شەتڕەنجەکەی ئۆباما، یاریی کارت بکات. یاریی کارتیش، یاساکانی دیارە: فڕێدان و هەڵگرتنەوەی کارتە لە دەستدا. باشترین کارتهكان لە دەستدا دەمێننەوە، كه سوودیان نهما، فڕێ دەدەرێن. ئەو کارتەی کە پێشتر خراپترین کارت بووە، لەوانەیە هەڵبگیرێتەوە و لە دەستی سەرۆکی نوێی ئەمریکادا بیپارێزێ. یارییەکەیش بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت.
لەژێر ڕۆشناییی ئەم دوو پێشهاتەی سەرەوە، مەبەستمە زیاتر تیشک بخەمە سەر پرسیارێك کە: چۆن هەرێمی کوردستان بەردەوام و بۆ هەمیشە، بەشێك بێت لە سیستەمی ئاشتی و ئاسایشیی نێودەوڵەتی؟ لێرەدا، بەکورتی هەندێك ڕا و پێشنیاری خۆمان دەخەینە ڕوو:
یەکەم: بژاردەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان
سەربەخۆییی سیستەمی بەرگری و ئاسایش و سەربەخۆییی ئابووری، نابن بە جێگرەوەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی دەوڵەت. ئەم دوو جۆرە سەربەخۆیییە (سەربەخۆییی سیستەمی بەرگری و ئاسایش و سەربەخۆییی ئابووری)، کاتین؛ لەگەڵ هەڵکردنی ڕەشەبایەکی توندی وڵاتانی دراوسێ و عێراق دژی هەرێم، ئابووری و بەرگریمان تووشی زەرەرێکی قووڵ دەبێتەوە. مەترسیی جهنگی براکوژیش دوور نییە، کاتێك سەروەریی تەواوت بەسەر خاكەکەتهوه نهبێت. بە مانایەکی تر، ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا سەروەریت بۆ دروست دەکات. سەروەریش واتە بڕیاردان لەسەر هەموو پرسێك، بێ ئەوەی هيچ لایەنێکی دەرەکی مافی هەبێت دەست لە کاروبارەکان وهربدات.
لە ئاستی ناوخۆییی هەرێم، ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، خۆی بەهێزکەری بەرگری و ئاسایشی هەرێم دەبێت؛ بەتایبەتی لە پرسی یەكخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی هەر دوو حزبی دەسەڵاتدار. مانەوەی هەرێم وەك "نە دەوڵەت و نە بەشێك لە عێراق"، لەوانەیە هەرێم بەرەو پارچەپارچەبوون بەرێتەوە. ئێستا کاتی ئەوەیە کە هەموو خەڵکی ئەم کوردستانە لە دەوری یەك ئامانج کۆ بکەینەوە، کە دەوڵەتی نوێی کوردستانە.
دووەم: بژاردەی مانەوەی هەرێم وەك دۆخی ئێستا:
شاراوە نییە، مانەوەی هەرێمی کوردستان وەك پارچەیەکی فیدراڵ لە چوارچێوەی عێراقدا، هەردەم بەرەوڕووی کێشەی سەپاندن و لێسەندنەوەی دەسەڵاتی دەکاتەوە. ئەو نیمچەسەربەخۆیییەی کە هەرێمی کوردستان لە بابەتی بەرگری و ئاسایشی و ئابووری چنگی کەوتووە، لەژێر ڕەحمەتی بەهێزبوون و لاوازبوونی دەسەڵاتی بەغدا، تووشی هەڵبەز و دابەز دەبێت. تاوەکوو بڕیاری تەواو بۆ سەربەخۆیی وەردەگرین، پێویستە هەرێم بەردەوام بە سیستەمی ئاسایشی نێودەوڵەتییهوه بهستراو بێت. لێرەدا، هەندێك پێشنیار دەخەینە ڕوو کە جێبەجیکردنیان یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەردەوامبوونی پێگەی هەرێم وەكوو بەشێكی گرێدراو بە سیستەمی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی:
* * *
لە کۆتاییدا، بوونی هەرێمی کوردستان بە بەشێك لە سیستەمی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پەیوەندیی بە جەنگی دژەداعشەوە هەیە. کاتێك مەترسیی داعش لەم ناوچەیەدا نەمێنێت، هەرێمی کوردستان هەمان ڕۆڵی نابێت؛ لەبەر ئەوەی دەوڵەت نییە. بەپێی بنەما و یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا دەوڵەتەکانن دەتوانن ببن بە بەشێك لە سیستەمی پاراستی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. ئەوەی ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان ڕوو دەدات، تایبەت و ڕیزپهڕ (استثنا)یه؛ پێگەی جيۆپۆلیتیکی هەرێمی کوردستان لە دژی داعش، وای کردووە کە گرێدراوی سیستەمی ئاشتی و ئاسایشیی جیهان بێت. وەك باسمان كرد، ئێستا هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە باڵاترین خاڵی گرێدان لەگەڵ ئاسایشی جیهان؛ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لەم کاتەدا، دەیکاتە گرێدانێکی هەمیشەیی. ڕانەگەیاندنی سەربەخۆیی لەم کاتەدا، دەبێتە هۆی شلکردنەوەی ئەم گرێیە.