پێشه‌كی
سه‌ره‌ڕای قێزه‌ونبوون و ماڵوێرانی و نه‌فره‌تی جه‌نگی كورد و كورد، به‌ڵام ئه‌زموونی مێژوو و ڕابردووی كورد پڕه له ناكۆكی، ململانێ و ته‌نانه‌ت جه‌نگ له نێوان هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان. ئه‌م پێكدادان و ناكۆكی و جه‌نگه‌یش ته‌نیا له نێوان هێزه‌كانی خودی پارچه‌كان نه‌بووه، به‌ڵكوو له نێوان هێزه‌كانی پارچه‌كانی كوردستانیش زۆر زه‌ق و خوێناوی بووه. دوایین نموونه‌ی، بریتی بوو له تێكهه‌ڵچوون و پێكدادانی سه‌ربازی له 3-3-2017 له نێوان هێزه‌كانی "یه‌به‌شه"، سه‌ر به پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) و، پێشمه‌رگه‌كانی ڕۆژاوای كوردستان له ناوچه‌ی شنگال/خانه‌سۆر. به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی و جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه كه ئایا ئه‌و جه‌نگ و ناكۆكییانه ته‌نیا بریتی بوونه له بارگرژی و ناكۆكییه‌ك له نێوان ئه‌و هێزه كوردییانه به هۆكاری جۆراوجۆری سیاسی و سه‌ربازی و ئایدیۆلۆژی و ته‌نانه‌ت ئابووری؟
ڕاستییه‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له چۆنیه‌تیی دابه‌شبوونی كوردستان له لایه‌ك و، له لایه‌كی تریشه‌وه گۆڕانكارییه جیۆپۆلیتیكییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و مملانێی هێزه هه‌رێمی و سه‌رووهه‌رێمییه‌كان بده‌ینه‌وه، ده‌بینین كه له وێنا گشتییه گه‌وره‌كه‌دا، ئه‌م جه‌نگ و پێكدادان و ناكۆكییانه له چوارچێوه گشتییه‌كه‌ی ناوچه‌كه‌دا خوێندنه‌وه و شرۆڤه‌ی بۆ ده‌كرێت. به‌م پێیه‌یش هاوپه‌یمانێتییه‌كانیش هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت و، به تێكچوونی هاوسه‌نگیی هێزی ناوچه‌یی له نێوان ئه‌كته‌ره‌كان، ئه‌وه ئه‌م هاوپه‌یمانێتییانه‌یش هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت جێگه‌ی خۆیان داوه‌ته ناكۆكی و جه‌نگی هاوپه‌یمانه‌كانی دوێنی. بۆیه ناكرێت ته‌نیا له ڕوانگه‌ی ئه‌خلاق و بنه‌ما نۆرماتیڤه‌كانه‌وه باس له قه‌ده‌غه‌بوون-كردنی جه‌نگ له نێوان هێزه كوردییه‌كان بكه‌ین.
بۆیه له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به شێوه‌یه‌كی گشتی تیشك بخه‌ینه سه‌ر ئه‌و گۆڕانكاری و ململانێیانه‌ی ئێستای نێوان هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان له‌ژێر ڕۆشناییی گۆڕانكارییه جیۆپۆلیتیكیه‌كانی ئێستای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و، كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌م دابه‌شبوون و ناكۆكییانه‌ی هێزه‌كانی كوردستان.
یه‌كه‌م: كورد و هاوكێشه سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه
مێژووی كورد و ته‌نانه‌ت میرنشینه‌كانی كورد، لانی كه‌م له 1514ه‌وه و له جه‌نگی چاڵدێرانه‌وه له نێوان دوو ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی و سه‌فه‌ویدا، له‌ژێر ڕۆشنایی و له چوارچێوه‌ی ململانێ جیۆپۆلیتیكییه‌كان و فراوانخوازیی هێزه ناوچه‌یی و سه‌رووناوچه‌یییه‌كاندا، بریتی بووه له "دابه‌شبوون به‌سه‌ر جه‌مسه‌ره ناوچه‌یییه‌كان"دا. به‌م مانایه كه له لایه‌ك به هۆی ژێرده‌سته‌یی و دابه‌شبوون به‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه و، له لایه‌كی تریشه‌وه له سه‌رده‌می نوێ‌دا و دوای جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م و له‌دایكبوونی ده‌وڵه‌ته مۆدێرنه‌كانی ئێران، توركیا، سووریا و عێراق، نه‌یانتوانیوه ستراتیژی و سیاسه‌تێكی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێت. ئه‌مه بێجگه له تێڕوانین و ئایدیۆلۆژیی خودی ئه‌م هێزه سیاسییانه له سه‌رده‌می نوێ‌دا و، چۆنیه‌تیی ڕوانینیان بۆ پرسی كورد و چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنی له‌ژێر ئایدیۆلۆژییه هاورده‌كراوه جۆراوجۆره‌كاندا.
به‌م پێیه‌یش پێگه و خاكی كوردستان به جۆرێك له جۆره‌كان چه‌قی ته‌ڕاتێنی ئه‌م هێزه ناوچه‌یییانه بوونه و، بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ململانێكانیان پێویستییان به زاڵبوون به‌سه‌ر كوردستان به‌گشتی و، به‌كارهێنانی هێزه‌كانی پارچه‌یه‌ك له دژی پارچه‌كانی تر به مه‌به‌ستی دروستكردنی هێژموونی و هاوسه‌نگیی نوێ هه‌بووه. به‌گشتی ده‌توانین ئه‌وه بڵێین كه سنووری ته‌ماسی نێوان ئه‌م هێزانه، یان كوردستان بووه یاخود به خاكی كوردستاندا تێ په‌ڕێوه. ئه‌مه‌یش وای كردووه كه كورد له هاوكێشه‌كانی هێزه هه‌رێمییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا وه‌كوو فاكته‌ر و كارتی گوشار بێت بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه كێشه‌ی نێوان ئه‌م هێزانه.
به دیوێكی تردا، كورد فاكته‌ریك بووه بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتێك له‌و وڵاتانه و، له هه‌مانكاتدا فاكته‌رێك بووه بۆ تێكدانی ئاسایشی وڵاته‌كه‌ی به‌رامبه‌ری، له ڕوانگه‌ی ئه‌و هێزه هه‌رێمییانه‌وه. به‌م پێیه‌یش بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆیان په‌نایان بۆ كورد و هێزه‌كانی له پارچه‌كانی كوردستان هێناوه. ئاكامیشی ئه‌وه بووه ئه‌م وڵاتانه له لایه‌ك دۆزی كوردیان له ناوخۆی خۆیان "به‌ئاسایشی (ئه‌منییه‌تی)" كردووه و، له لایه‌كی تره‌وه له ڕێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ وڵاتانی نه‌یاری به‌رامبه‌ریان، بزووتنه‌وه‌ی پارچه‌كه‌ی تر كراوه‌ته فاكته‌ر و بابه‌تی ئیمتیازپێدان له دانوستاندنه‌كان بۆ دابه‌شكردنه‌وه‌ی هێز و دروستبوونی هاوسه‌نگیی نوێی هێز له نێوانیاندا.
كورد له نێوان دابه‌شبوونه ستراتیژییه نوێیه‌كان
ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه له هه‌ر سه‌رده‌مێكدا به‌پێی شێواز و جۆری ململانێ جیۆپۆلیتیكییه‌كانی هێزه هه‌رێمییه‌كان و، هه‌روه‌ها به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی سه‌رووناوچه‌یی، دابه‌شبوونێك له نێوان هێزه ڕزگاریخوازه‌كانی هه‌ر پارچه‌یه‌ك ڕووی داوه و به‌ئاشكرا بینراوه. له سه‌رده‌می ئێستادا لانی كه‌م ئێمه دوو ستراتیژیی باڵا و گه‌وره له ئاستی هه‌رێمیدا ده‌بینین: له لایه‌ك ئێران و لایه‌نه شیعییه‌كان و، هه‌روه‌ها هێزه لایه‌نگره‌كانی له ناوچه‌كه‌دا و، له لایه‌كی تریشه‌وه وڵاتانی سوننه و به‌تایبه‌ت توركیا و سعوودیا. ئه‌م ململانێ جیۆپۆلیتیكییانه كه له‌سه‌ر بنه‌مای ململانێی ناسنامه‌یییه و بۆ زیاتركردنی نفووز و هێزه، هاوسه‌نگیی پێشووی تێك داوه. ده‌ستێوه‌ردانی هێزه سه‌رووهه‌رێمییه‌كانیش بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی نفووز و باڵاده‌ستی، به‌تایبه‌ت ڕووسیا و ئه‌مریكا، به قازانج یاخود دژی لایه‌نێك له لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی، به‌ئاشكرا ده‌بینرێت.
به شێوه‌یه‌كی گشتی، هێزه كوردییه‌كانیش له پارچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوا و باشوور و باكووری كوردستان، له‌ژێر كاریگه‌ری و سنووردارێتیی ئه‌م هاوكێشه نوێیه جیۆپۆلیتیكییانه‌دان. هه‌رچه‌نده جه‌نگی دژی تیرۆر (داعش) وه‌كوو فاكته‌رێكی نوێ له هاوكێشه‌كاندا، ڕۆڵی گرنگی به‌خشیوه‌ته كورد له باشوور و ڕۆژاوای كوردستان، به‌ڵام بونیاده جیۆپۆلیتیكییه‌كانی ناوچه‌كه، كه له دۆخی گۆڕاندایه و ستراتیژی و ململانێی هێزه هه‌رێمی و سه‌رووهه‌رێمییه‌كان، هێشتا كاریگه‌ریی به‌رچاوی له‌سه‌ر ئه‌جێندا و ستراتیژیی هێز و لایه‌نه كوردییه‌كان هه‌یه.
دووه‌م: ستراتیژیی هێزه هه‌رێمییه‌كان و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هێزه كوردییه‌كان
جیا له سیاسه‌تی زه‌بروزه‌نگ و سه‌ركوتكردنی كورده‌كان له ئێران و، ترسی ئه‌و وڵاته له كاریگه‌ریی پێشكه‌وتنه‌كانی هێزه كوردییه‌كانی پارچه‌كانی تر له‌سه‌ر كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، كه مه‌به‌ست و جێگه‌ی باسی ئه‌م نووسینه نییه، ئێران چ له سه‌رده‌می په‌هله‌ویدا و، چ له سه‌رده‌می كۆماری ئیسلامی‌دا، هه‌وڵی داوه هێزه كوردییه‌كان له ململانێكانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه و تێكدانی هاوسه‌نگیی هێز له قازانجی خۆی به‌كار بێنێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، ئێران پاڵپشتی له هێزه كوردییه‌كانی باكوور و باشووری كوردستان و، ئێستایش ڕۆژاوای كوردستان ده‌كات. هه‌رچه‌نده شێواز و ئامانج و ته‌كتیكی ئێران له هه‌ر وڵاتێك جیاوازه، به‌ڵام به‌گشتی هێزه كوردییه‌كانی پارچه‌كانی تری كوردستان له چوارچێوه‌ی دووری و نزیكی له ستراتیژیی ئاسایشی ناوخۆیی/ناوچه‌ییی ئێران‌دا پێناسه ده‌كرێن. له لایه‌كی تره‌وه توركیایش سه‌ره‌ڕای گۆڕانكارییه‌كانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی له به‌رامبه‌ر كورد، ده‌یه‌وێت بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی، سوود له ناكۆكیی نێوان كورد ببینێت. به‌م پێیه دابه‌شكردنی هێزه‌كانی پارچه‌كان و دروستكردنی هاوپه‌یمانێتییه‌ك (هه‌رچه‌نده نه‌نووسراو و نهێنی)، له وێنا گشتییه‌كه خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت. لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین هێڵه سه‌ره‌كییه‌كان (به‌بێ باسكردن له فاكته‌ره بچووكه‌كان) له هه‌ر پارچه‌یه‌ك بخه‌ینه ڕوو.
دوو هێزی سه‌ره‌كیی باشووری كوردستان، واته پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به ڕێژه و ئاستی جیاواز په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئێران و توركیادا هه‌یه. به‌ڵام یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، په‌یوه‌ندیی توندوتۆڵی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه. ئه‌مه‌یش له لایه‌ك هێژموونیی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌م ده‌كاته‌وه، كه هه‌ڵگری گوتاری سه‌ربه‌خۆییخو‌ازییه و په‌یوه‌ندیی باشی له‌گه‌ڵ توركیا و وڵاتانی سوننه‌ی ناوچه‌كه و، له لایه‌كی تره‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا هه‌یه.
بۆیه كۆماری ئیسلامی هه‌وڵ ده‌دات له لایه‌ك پرۆسه‌ی دروستبوونی هاوپه‌یمانێتییه‌كی گشتگیر به مه‌به‌ستی جیابوونه‌وه و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان له عێراق له نێوان هێزه كوردییه‌كانی باشووری كوردستان په‌ك بخات و، له لایه‌كی تریشه‌وه نفووزی خۆی به مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردنی هێزه كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش، له لایه‌ك هێزه بچووكه ئیسلامییه‌كانیش به‌كار دێنێت و، له لایه‌كی تریشه‌وه سوود له هێزی پارچه‌كانی تر، بۆ نموونه په‌كه‌كه وه‌رده‌گرێت كه هاوسه‌نگی له قازانجی پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزه هاوپه‌یمانه‌كانیدا نه‌شكێته‌وه.
كۆماری ئیسلامی، جگه له‌وه‌ی كه ڕێگره له دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان و، به مه‌ترسیی ده‌زانێت، بۆ باڵاده‌ستی و نفووزی خۆی له ململانێ ناوچه‌یییه‌كاندا، پێویستیی به كۆنترۆڵكردنی ئابووری/ سیاسیی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه؛ بۆیه له ڕووی ئاسایشییه‌وه (ناوخۆیی و ده‌ره‌كی) پێویستیی به بكه‌رایه‌تیی هێزه كوردییه‌كان و ناوچه‌ی نفووزیان هه‌یه. به‌ڵام خاڵی لاواز یاخود ئاڵقه‌ی ونبووی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م ستراتیژییه، ناوچه‌ی نفووزی پارتی دیموكراتی كوردستانه، كه له چه‌قی ئاڵقه‌ی پێكگه‌یشتنی "هیلالی شیعی"یه و ده‌یپچڕێنێت. بۆیه له لایه‌ك له ڕێگه‌ی گوشاره سه‌ربازی و سیاسی و ئابوورییه‌كانه‌وه و، هه‌روه‌ها له ڕێگه‌ی دروستكردنی ناكۆكیی ناوخۆیییه‌وه، به‌تایبه‌ت له ڕێگه‌ی هەندێک هێزی نزیک لە ئێران، به پاڵپشتیی پارتی كرێكارانی كوردستان، گوشار بۆ سه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان دروست ده‌كات و، ئه‌مه‌یش توانای پارتی دیموكراتی كوردستان له گه‌مه ناوخۆیی و هه‌رێمییه‌كاندا لاواز ده‌كات. باشترین نموونه‌یش، له كاتی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و پرسی ڕیفراندۆم، زه‌قكردنه‌وه‌ی پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و دروستكردنی ناكۆكی له نێوان هێزه سیاسییه‌كانی ئه‌م پارچه‌یه‌ی كوردستان بوو.
هه‌روه‌ها نابێت ئه‌وه له‌بیر بكه‌ین كه نفووز و به‌هێزبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان، له لایه‌ن ئێرانه‌وه، به واتای به‌هێزبوونی به‌ره‌ی وڵاتانی سوننه و توركیا و ته‌نانه‌ت ئیسڕائیل و ئه‌مریكا و ڕۆژاوا لێك ده‌درێته‌وه و ده‌زانرێت؛ به‌تایبه‌ت له‌م دۆخ و ناوچه هه‌ستیاره‌دا كه داهاتووی هاوسه‌نگیی هێزه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا دیاری ده‌كات. باشترین نموونه‌یش، له لایه‌ك ناوچه‌ی شنگاله، كه په‌كه‌كه و هێز و لقه‌كانی له‌وێ جێگیر كراو‌ن و، له لایه‌كی تریشه‌وه به‌شێكی زۆر له ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان ڕۆژهه‌ڵات و باشووره، كه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی كرێكارانه‌وه كۆنترۆڵ كراو‌ن. ئه‌مه بێجگه له پاڵپشتی له حه‌شدی شه‌عبی له عێراق و، ته‌نانه‌ت هه‌وڵی دروستكردنی هێز له كورده‌كان له چوارچێوه‌ی ئه‌و میلیشیایه‌دا و، دروستكردنی كێشه و گرفتی ئاسایشی له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان؛ ئه‌م خاڵانانه، بێجگه له ترسی ئێران له به‌هێزبوونی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان له ڕووی هه‌نارده‌كرنی نه‌وت و گازه‌وه و، بوون به ئه‌ڵته‌ر‌ناتیڤی ئێران له ناوچه‌كه‌دا بۆ دابینكردنی وزه، به‌تایبه‌ت بۆ توركیا و یه‌كێتیی ئه‌وروپا.
له به‌رامبه‌ردا توركیا له ڕێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه، ده‌یه‌وێت بۆ ده‌ستپێراگه‌یشتن به جیهانی سوننه و عه‌ره‌بی، پێگه و نفووزی له عێراقدا هه‌بێت. ئه‌مه بێجگه له پرسی وزه و قه‌باره‌ی به‌رزی بازرگانیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا. له لایه‌كی تریشه‌وه توركیا وه‌ك ئه‌ندامی ناتۆ و هاوسنووری یه‌كێتیی ئه‌وروپا، وه‌كوو دره‌چه‌یه‌ك بۆ كورد له باشوور گرنگیی هه‌یه و، له هه‌مان كاتیش‌دا توركیا "ده‌خوازێت" له ڕێگه‌ی توندوتۆڵكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌ستڕۆیی و چالاكییه سه‌ربازییه‌كانی په‌كه‌كه كۆنترۆڵ بكات.
2-باكووری كوردستان:
ئێران بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ململانێكانی له ناوچه‌كه‌دا، سوود له هێزكانی ئه‌م پارچه‌یه، به‌تایبه‌ت "پارتی كرێكارانی كوردستان وه‌رده‌گرێت. یه‌كێك له نیگه‌رانییه‌كانی ئێران ئه‌وه‌یه كه توركیا بتوانێت كۆنترۆڵی عێراق و سووریا و به‌گشتی ناوچه‌كه بكات و، ئه‌مه‌یش بۆ ئێران مه‌ترسییه. بۆیه له لایه‌ك هاوكاری و پاڵپشتی له په‌كه‌كه له دژی توركیا ده‌كات و، له لایه‌كی تریشه‌وه بۆ لاوازكردنی باشووری كوردستان وه‌ك كیانێكی یه‌كگرتوو، په‌كه‌كه و هێزه‌كانی سه‌ر به‌م حزبه به‌كار دێنێت. هه‌روه‌ها په‌كه‌كه ده‌توانێت له كاتی پێویستدا حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش سنووردار بكات یاخود به‌ربه‌ستیان بۆ دروست بكات. له هه‌مان كاتدا توركیا "خوازیاره" له ڕێگه‌ی نفووزی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه، ڕه‌وایه‌تی له گوتاری په‌كه‌كه وەر‌بگرێته‌وه و سنوورداری بكات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش توركیا هه‌وڵ ده‌دات پرسی كورد له باكووری كوردستان، له په‌كه‌كه جیا بكاته‌وه.
3- ڕۆژاوای كوردستان:
ئێران به تێچوویه‌كی زۆری ماددی و مرۆیی له سووریا، هه‌وڵی داوه ڕێگه له ڕووخانی ئه‌سه‌د بگرێت و ململانێكانی خۆی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه یه‌كلایی بكاته‌وه و له ڕووی جیۆپۆلیتیكییه‌وه ڕۆڵی باڵاده‌ستیی هه‌بێت و "هیلالی شیعی" ته‌واو بكات. به‌م شێوه‌یه، پاڵپشتی له هێزه‌كانی ڕۆژاوا ده‌كات و جۆره هه‌ماهه‌نگییه‌ك له نێوان ئه‌و هێزانه و ئه‌سه‌د ده‌بیندرێت؛ كه دوور نییه به ڕێنیشانده‌ری و پێشنیازی ئێران له چوارچێوه‌ی ئه‌م ستراتیژییه‌ی ئێران‌دا بووبێت. ئه‌مه له لایه‌ك گوشار بۆ توركیا دروست ده‌كات و، له لایه‌كی تره‌وه ڕێگه له باڵاده‌ستیی پارتی دیموكراتی كوردستان له ڕۆژاوا ده‌گرێت؛ كه ئه‌گه‌ر ئه‌مه ڕوو بدات ئه‌وه ئێران له ناوچه‌كه‌دا له ڕووی نفووز و جیۆپۆلیتیكه‌وه به‌ته‌واوی گۆشه‌گیر ده‌بێت و كاریگه‌ریی سلبیی له‌سه‌ر ناوچه‌كانی تری نفووزی ئیران له عێراق و وڵاتانی سوننه ده‌بێت و، له هه‌مبه‌ر ئه‌مریكا و ئیسڕائیل و وڵاتانی سوننه لاواز ده‌بێت.
له به‌رامبه‌ردا، توركیا دروستبوونی كیانێكی كوردی له ڕۆژاوای كوردستان، كه له‌ژێر كۆنترۆڵ و كاریگه‌ریی ئێران‌دا بێت و، ته‌نانه‌ت به درێژكراوه‌ی په‌كه‌كه داده‌ندرێت، به مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی خۆی ده‌زانێت. چونكه یه‌په‌گه/ په‌یه‌ده له لایه‌ك له‌گه‌ڵ ڕووسیا، ئێران و حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د په‌یوه‌ندییان هه‌یه و، له لایه‌كی تریشه‌وه له لایه‌ن ئه‌مریكاوه له جه‌نگی دژه تیرۆر/ داعش پاڵپشتی ده‌كرێن. ئه‌مه‌یش له ڕوانگه‌ی توركیاوه مه‌ترسیی ئاسایشیی به‌رهه‌م هێناوه و ڕۆڵ و نفووزی توركیای له "ناوچه‌ی ده‌ره‌وه‌ی نزیكی" خۆی، لاواز و له‌رزۆك كردووه.
4- ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان:
ئێران بێجگه له جۆر و شێوازی سیاسه‌ت و ته‌نانه‌ت ناسنامه‌ی سیسته‌مه سیاسییه‌كه‌ی و ڕه‌فتار و ئایدیۆلۆژییه‌كه‌ی له هه‌مبه‌ر كوردی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به یارمه‌تیدانی هێزه كوردییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی سنووری ئێران، پرسی كورد ده‌خاته خانه‌ی پرسێكی ئاسایشی و ده‌ره‌كییه‌وه. به‌م مانایه، هه‌م هێزه كوردییه‌كانی ئێران سنووردار و كۆنترۆڵ ده‌كات و، ته‌نانه‌ت هێزی پارچه‌كانی تری له دژی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له ڕابردوو و ئێستادا به‌كار هێناوه، هه‌میش وه‌ك كارتی گوشار و بیانوویه‌ك له هاوكێشه‌كاندا بۆ گوشارخستنه‌سه‌ر باشووری كوردستان به‌كاریان دێنێت؛ چونكه خاڵی لاوازی ئێران له ئێستادا له ململانێ جیۆپۆلیتیكییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا، ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه.
به‌م جۆره، ستراتیژیی ئێران ئه‌وه‌یه كه ڕێگه نه‌دات هێزه‌كانی كوردی ڕۆژهه‌ڵات له هاوكێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ببنه هێزێكی كاریگه‌ر و شوێندانه‌ر. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش به دووركردنه‌وه‌یان له ناوخۆی ڕۆژهه‌ڵات و سنووره‌كانی، هه‌وڵی گوشارخستنه‌سه‌ریان له لایه‌ن هێزه‌كانی لایه‌نگری ئێران له باكوور و باشووری كوردستان، به مه‌به‌ستی ئابڵووقه‌دان و په‌رتكردن و لاوازبوونیان، ده‌دات.
هه‌ر به‌م هۆیه‌یشه‌وه له ئه‌گه‌ری به‌هێزبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئێران هه‌ست به هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیی ئاسایشی ده‌كات؛ به‌و پێیه‌ی كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه به‌ره‌ی وڵاتانی دژ به ئێران یارمه‌تیی حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بده‌ن و، ئه‌و كاته ئێران تووشی دۆخی نائاسایشی ده‌بێت. به‌گشتی، تا ئه‌و كاته‌ی جه‌نگ و كێشه و گیروگرفته‌كان له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ئێران بن، ئه‌وه ئێران هه‌ست به ئاسایش/سه‌قامگیری ده‌كات، به‌ڵام كاتێك جه‌نگ و گرفت بكه‌وێته نزیك یاخود ناوخۆی سنووره‌كانی، ئه‌وه ئێران تووشی دڵه‌ڕاوكێی ئاسایشی ده‌بێت. له لایه‌كی تریشه‌وه له ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌ر جه‌نگێكدا له نێوان هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و په‌كه‌كه، ئه‌وه به قازانجی توركیا و ته‌نانه‌ت ئێرانیش ده‌بێت.
سێیه‌م: ستراتیژیی ئه‌كته‌ره سه‌رووهه‌رێمییه‌كان
ئه‌مریكا و ڕووسیا، وه‌ك دوو هێزی سه‌رووهه‌رێمی، دوو ستراتیژیی جیاواز له ناوچه‌كه‌دا په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن؛ به‌م پێیه‌یش په‌یوه‌ندییه‌كی هاوسه‌نگیان له‌گه‌ڵ كورده‌كانی پارچه‌كانی كوردستاندا نییه. بۆ نموونه ڕووسیا پاڵپشتی له یه‌په‌گه و په‌یه‌ده و په‌كه‌كه ده‌كات بۆ كۆنترۆڵكردنی توركیا و، له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌مریكا یارمه‌تیی باشوور و ڕۆژاوای كوردستان ده‌دات بۆ جه‌نگ له دژی داعش؛ له كاتێكدا ئه‌مریكا "په‌كه‌كه" به هێزێكی تیرۆریستی ده‌ناسێت. بۆیه ئه‌گه‌ر حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش، بتوانن وه‌كوو هێزێكی ئه‌كتیڤ و شوێندانه‌ر له گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه دژی ئێران ڕۆڵ ببینن، ئه‌وه له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و ئه‌جێندای ئه‌مریكا ده‌بێت؛ چونكه ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت ئێران سنووردار و كۆنترۆڵ بكات، به‌تایبه‌ت ستراتیژیی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا، كه له‌م چوارچێوه‌یه‌دا پێناسه ده‌كرێت.
به‌گشتی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له چوارچێوه‌ی ئابووری و بازرگانی و، هه‌روه‌ها پرسی جه‌نگی دژه‌تیرۆر، په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ كورده‌كان هه‌یه. به ئاستێكی كه‌متریش، پرسه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به مافه‌كانی مرۆڤ، له‌ژێر كاریگه‌ریی پرسه ئابووری و ئاسایشییه‌كاندان. بۆیه هه‌ر هێزێكی كوردی كه بتوانێت: 1- له ڕووی ئابووری 2- له ڕووی ئاسایشییه‌وه، مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر یه‌كێتیی ئه‌وروپا كه‌متر بكاته‌وه، ئه‌وه ده‌توانێت له‌م چوارچێوه‌یه‌دا گه‌مه بكات.
به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌یش فه‌رامۆش بكه‌ین كه جیاوازی له ڕوانین و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی گه‌وره‌ی ئه‌وروپی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و پرسی كورد، به‌تایبه‌ت له نێوان بریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیادا، هه‌یه. بۆیه ئێستا هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له ڕووی ئابووری و به‌تایبه‌ت ئاسایشی وزه‌وه له لایه‌ك و، له ڕووی جه‌نگی دژی داعش و تیرۆر له لایه‌كی تره‌وه، له ڕوانگه‌ی ئه‌مریكا و ڕووسیا و ئه‌وروپییه‌كانه‌وه جێگه‌ی پشتیوانی و بایه‌خه.
بۆیه جگه له پرسی جه‌نگی دژه‌تیرۆر، داهاتووی وڵاتانی سووریا و عێراق له ڕوانگه‌ی ئه‌مریكا و ڕووسیا و ئه‌روپییه‌كانه‌وه، په‌یوه‌ندیی به ئاسایشی ناوچه‌كه و نفووزی ئه‌و وڵاتانه‌وه هه‌یه. به‌م پێیه ڕه‌فتار و ستراتیژیی هێزه كوردییه‌كان له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، له چوارچێوه‌ی گه‌مه و ئاسایشی سه‌رووهه‌رێمیدا پێناسه ده‌كرێت.
كۆبه‌ند:
ڕاستییه‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر جه‌نگێك له نێوان هێزه كوردییه‌كان (سه‌ره‌ڕای قێزه‌ونی و بێزراوبوون و كاره‌ساتباربوونی بۆ كورد) ڕوو بدات، بریتی نییه ته‌نیا له جه‌نگێكی ناوخۆییی ڕووت، به‌ڵكوو ئه‌مه درێژكراوه‌ی جه‌نگی هێزه هه‌رێمی و سه‌رووهه‌رێمییه‌كانه له چوارچێوه‌ی نفووز، ئاسایش و ململانێ جیۆپۆلیتیكییه‌كانیاندا.
بۆیه پێویسته كورد هه‌رچه‌نده به شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی (چونكه به‌ڕه‌هایی له‌وانه‌یه مومكین نه‌بێت)، خۆی له كۆتوبه‌ندی ململانێ جیۆپۆلیتیكییه‌كان ڕزگار بكات. به‌ڵام ئاماژه‌كان پێمان ده‌ڵێن، تا كورد له ستراتیژیی ناوچه‌ییی ئێران دوورتر بكه‌وێته‌وه، توانای گه‌مه‌كردنی زیاتر ده‌بێت و له ڕۆژاوا نزیكتر ده‌بێته‌وه. ئه‌مه‌یش به مانای ڕاگه‌یاندنی جه‌نگ دژی ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی نییه، به‌ڵكوو دروستكردنی هاوسه‌نگییه له نێوان ئه‌م هێزه هه‌رێمییانه‌دا؛ كه به شێوه‌ی په‌یوه‌ندیی "سیاسی-ئابووری" له‌گه‌ڵ ئێران، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا په‌یوه‌ندیی ستراتیژیی "سیاسی- ئابووری- سه‌ربازی- ئاسایشی" له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی وڵاتانی سوننه و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی‌دا فۆرموڵه ده‌كرێت.
له لایه‌كی تریشه‌وه هێزی هه‌ر پارچه‌یه‌ك، له‌ناو ئه‌و پارچه‌یه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه نه‌ك له پارچه‌كه‌ی تر. بۆیه به ئه‌ندامگیری و دروستكردنی پارت و رێكخستن و ده‌ستێوه‌ردانی هێزی پارچه‌یه‌كی كوردستان له به‌شێكی تری كوردستان، هێزه كوردییه‌كان ده‌كه‌ونه نێو ئه‌م ململانێیه جیۆپۆلیتیكییه و دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆ تاڵه‌كانی ڕابردوو له ئه‌گه‌ری ململانێ یاخود ڕێككه‌وتنی هێزه هه‌رێمی و سه‌رووهه‌رێمییه‌كان و، ئه‌مه‌ش واده‌كات تارماییی به‌ریه‌ككه‌وتن و هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ناوخۆیی، به‌رده‌وام به‌سه‌ر كورده‌وه ده‌بێت.
خاڵی گرنگی كۆتایی ئه‌وه‌یه كه، ئه‌گه‌ر هه‌ر هێزێكی كوردی، خۆی به تاكه هێزی خاوه‌ن ڕه‌وایه‌تی و خاوه‌نی ئه‌و پارچه‌یه‌ی كه خه‌باتی تێدا ده‌كات بزانێت، ئه‌وه ڕێگه بۆ ناكۆكی و جه‌نگ و پێكدادان و ته‌نانه‌ت ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ته هه‌رێمییه‌كانیش خۆش و هه‌موار ده‌كات.