چەند سەرنجێك دەربارەی دوا کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتیی دژی داعش لە واشنتۆن

دەستپێك

ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، ناسراو بە (داعش)، لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤ەوە، چەندین كاردانەوەی نێودەوڵەتیی لێ کەوتەوە. کاردانەوەی دەوڵەتەکان هەندێكیان تاكلایەنە بۆ مەبەستێکی سنووردار بوون و، هەندێكی تریان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکی دیاریکراو بوون، هەندێکی تریش چاودێریی دۆخەکەیان دەکرد. لەگەڵ تێگەیشتنی هزر و کردەوەی داعش، کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانیش ئاستی توندتریان وەرگرت. لەسەرەتای دروستبوونی ئەو قەوارە تيرۆریستییە، وا هەست دەکرا کە هەڕەشەکانی داعش "لۆکاڵ" و سنووردارن.

بەڵام چەند مانگێکی نەبرد، مەترسی و وەحشییەتی ئەم هێزە بۆ جیهان دەرکەوت؛ بەتایبەتی کاتێك هێرشی دژی هەرێمی کوردستانی دەست پێ کرد و، ده‌ستی بە جينۆسایدکردنی کوردانی ئێزیدی كرد. کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بەرە بەرە، گۆڕان بۆ بەرپەرچدانەوەی سەربازی؛ تاوەکوو سەرۆكی پێشووی ئەمریکا (باراك ئۆباما)، بڕیاری پاراستنی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی لەسەرەتای مانگی (٨)ی ٢٠١٤ دەرکرد و، ئەمریکا بە هێزی ئاسمانی، دژی داعش وەستایەوە. مەترسیی داعش لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بوو بە ڕاستییەك و، لە مانگی (نۆ)ی هەمان ساڵدا، دەوڵەتان بيریان کردەوە بە شێوەی هاوپەیمانێتی، بۆ تێکشکاندنی سەربازی و ڕيشەکێشکردنی داعش هه‌نگاو بنێن. لە لایەك چەندین هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا دروست بوون و، لە لایەکی تریشەوە بە سەرکردایەتیی ڕووسیا، وڵاتانی مووسڵمانیش هاوپەیمانێتییەکی دیكه‌یان دروست کرد. هەندێك دەوڵەتیش بە شێوەیەکی تاكلایەنە، بە شێوازی خۆیان، جه‌نگی دژی "داعش"یان بەرپا کرد.

ئەوەی لێرەدا زیاتر دەمەوێت تیشکی بخەمە سەر، ئەو هاوپەیمانێتییه‌یه‌ کە بە Global Coalition ناسراوە؛ لە مانگی (٩)ی ٢٠١٤دا ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا ڕابەرایەتیی دەکەن. ئەم هاوپەیمانێتییە لە (٦٨) دەوڵەت پێک هاتووە و، بەرفراوانترین بەرەی دژی داعشە. سەبارەت بە نزیکیی هەرێمی کوردستان لەو هاوپەیمانێتییانەی لەسەرەوە باسمان کرد، دەبينین کە هەرێمی کوردستان بەشێكە لە Global Coalition. لە ڕێگەی ئەم نووسینەوە هەوڵ دەدەین ئەوە بسەلمێنین کە چۆن قەوارەیەکی نادەوڵەتیی وەك هەرێمی کوردستان، بووە بە بەشێك لە هاوپەیمانێتییەکی نێوان دەوڵەتان.  

هاوپەیمانێتیی "گڵۆباڵ"، نەك هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی

پێویستە هەر لەسەرەتاوە، چەمكێك هەیە ڕاستی بکەینەوە. ميدیاکارانی جیهانی عەرەبی لە کاتی ناوهێنانی ئەو هاوپەیمانێتییەی کە ئەمریکا و فەڕەنسا و چەند وڵاتێکی ڕۆژاوا سەرکردایەتیی دەکەن، دەڵێن: هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی (التحالف الدولي) دژی داعش. میدیاکاران و نووسەرانی کوردستانیش، هەمان قسە دووبارە دەکەنەوە. ڕاستییه‌كه‌ی، شێواندنێك هەیە لە بەکارهێنانی چەمکەکان وەکوو خۆی. باوەڕ ناکەم ئەم شێواندنە نیازخراپیی لە پشت بێت، بەڵام تەنیا دەیگەڕێنمەوە بۆ کورتبينیی میدیاکارانی کوردستان. بە واتایەکی دیكه‌، ڕاگەیاندنی کوردی، زۆر جار تەنیا ڕواڵەتی هەواڵەکان دەبينین و ناچنە ناو قووڵایییه‌وه‌؛ یان تەنیا ڕۆڵی وەرگێڕ دەبينن لە زمانی عەرەبییەوە بۆ زمانی کوردی.

ڕاستییەکەی ئەوەیە، لە مانگی (ئەیلوول/سێپتەمبەر)ی ساڵی ٢٠١٤، ئەو هاوپەیمانێتییەی ڕاگەیەندرا، ناوی لێ نرابوو هاوپەیمانێتیی گڵۆباڵ، یان سەرانسەری Global) Coalition)، نەك هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی (International Coalition). جیاوازیی نێوان گڵۆباڵ و نێودەوڵەتی، گرنگە و کاریگەرە بۆ هەرێمی کوردستان. لە درێژەی ئەم بابەتەدا، هەوڵ دەدەین زیاتر جیاوازیی نێوان ئەم دەستەواژەیە ڕوون بکەینەوە؛ بە جۆرێك، تێ دەگەین کە چۆن و بۆچی پێگەیەکی ئەوها بەهێز لەم جەنگەی دژی داعشدا بە هەرێمی کوردستان دراوە.

سەرەتای دروستبوونی ئەم هاوپەیمانێتییە دژی داعش، دەگەڕێتەوە بۆ پێشنیارێکی فەڕەنسی و عێراقی لە ساڵی ٢٠١٤. ئەم پێشنیارە بە ئامادەبوونی سەرۆك "فڕەنسوا ئۆلەند" و سەرۆك "فوئاد مەعسووم" لە پاریس، لەگەڵ چەندین سەرکردەی وڵاتانی تری زلهێز، لە ڕۆژی ١٥/٩/٢٠١٤ تاووتوێ کرا. بۆ بيرخستنەوەی خوێنەر، فرەنسوا ئۆلەند، سەرۆكی فەڕەنسی، لە کۆنفڕانسی پاریس لە ١٢/٩/٢٠١٤ سەردانی عێراقی کرد و، "سەردانی دەوڵەتی"ی بۆ پایتەختی هەرێمی کوردستان کرد. لە ڕێگه‌ی ئەو زانیاری و ئەو کۆبوونەوە دووقۆڵییانەی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و جیهان ئەنجامی دابوون، سەرۆکی فەڕەنسا قەناعەتێكی لە لا دروست ببوو، بە شێوەیەك کە لەناوبردنی داعش بە دەوڵەتێکی عێراقی لاواز ناکرێت و، بە تەنیا بە دەوڵەتانی خاوەن سەروەری ناکرێت.

دوای تەنیا (٣) ڕۆژ لەسەردانەکەی سەرۆك ئۆلەند، لە وتاری کردنەوەی یەکەم کۆنفڕانسی هاوپەیمانێتیی دژی داعش، جەختی لەوە کردەوە کە داعش هەڕەشەیەکی گڵۆباڵە؛ بۆیە پێویستیی بە وه‌ڵامێکی گڵۆباڵە. ئەم ڕاگەیاندنەی سەرۆك ئۆلەند لە پێش نوێنەری زیاتر لە (٢٥) وڵاتدا، بوو بە هەوێنی دروستبوونی ئەم هاوپەیمانێتییە گڵۆباڵە. هەر لەو کاتەوە، ئەم هاوپەیمانێتییە بەرفراوان بوو و، سیفەتی فەرمیی وەرگرتووە. لە هەمان کاتدا، ماڵپەڕێکی فەرمی چێ کراوە، کە کاروباری ڕۆژانە و چالاکییەکانی ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ جیهان، بە هەر سێ زمانی ئینگليزی، عەرەبی و فەڕەنسی[1] دەگوازێتەوە.

بۆچی پێویستە بگوترێت هاوپەیمانێتیی گڵۆباڵ؟

هەڵبژاردنی زاراوەی گڵۆباڵ لە جیاتی نێودەوڵەتی، حيکمەتێكی تێدایە. دەتوانین ئەم حیکمەتە لە هزر و هەڵسوكەتەکانی سەرۆك ئۆلەند بۆ هەولێری پایتەخت و، سەرۆکی نوێی ئەمریکی، دۆناڵد ترامپ، بيخوێنینەوە. لەسەردانی یەکەمیدا سەرۆك ئۆلەند گەیشتە ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی، کە جه‌نگی داعش بەبێ هێزی پێشمەرگە، مەحاڵە. بۆیە زۆر زیرەکانە زاراوەکانیان هەڵبژاردووە.

لە مامەڵە نێودەوڵەتییەکاندا، پێویستە سیاسی و میدیاکارانی هەرێمی کوردستان زۆر هەستیارانە زاراوە و دەستەواژەکان شرۆڤە و بەکاریان بهێنن. فەڕەنسا کاتێك لە ڕێگه‌ی فڕۆکە جەنگییەکانییەوە، دەستی بە مانۆڕە سەربازییەکانی دژی داعش کرد، کە تا ئەمڕۆ بەردەوامە، ناوێکی کوردیی بۆ هەڵبژارد. ئەم ناوە بریتییە لە مانۆڕی "شەماڵ"؛ بە فەڕەنسی دەبێتە Opération Chammal. وشەی "شەماڵ" فەڕەنسی نییە، هەروەها نەیانگوتووە "شيمال"، وەك لە زمانی عەرەبیدا باوە. سەرچاوەی وشەی شەماڵ، لە وەزارەتی بەرگریی فەڕەنسییەوە سەرچاوەی گرتووە؛ هەر ئەو دەزگه‌یەیش ڕوونکردنەوەیەكی لەسەر ئەو وشەیە داوه‌، بەم شێوەیە پێناسەی دەکات: "با"یه‌کە، لە باکووری ڕۆژاواوه‌ بەسەر عێراق و ناوچەکەدا هەڵدەکات.

 مێژووی ڕێكه‌وتەکان زۆر گرنگن. تەنیا هەشت ڕۆژ لە دوای سەردانەکەی یەکەمی سەرۆك ئۆلەند بۆ هەولێری پایتەخت، لە ڕۆژی ٢٠/٩/٢٠١٤، ناوی مانۆڕێ سەربازیی فەڕەنسیی دژی داعش لە عێراق و سووریا، کرا بە شەماڵ. ئەم وشەیە، کە زیاتر بە "بای شەماڵ" ناسراوە، لە زمان و ئەدەبی کوردیدا تەواو ڕەگوڕيشەی خۆی داکوتاوە. پێویست ناکات سەبارەت بە پێگەی ئەم وشەیە لە زمانی کوردیدا زیاتر ڕوونکردنەوە بدەین، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: چەند جار ئەم وشەیەمان لە میدیاکانی کوردستانەوە گوێ لێ بووە، وەكوو مانۆڕێكی سەربازیی دەوڵەتێکی دۆست؟ پرسیارە قووڵەکەیش ئەوەیە: تا کەی ئەم بای شەماڵەی فەڕەنسا، بەردەوام دەبێت؟ هەر ئەو "با"ی شەماڵەی فەڕەنسا بوو، لە ساڵی ١٩٩١ بەدواوە هەرێمی کوردستانی پاراست. هەر ئەو "با"یەیشە، شان بە شانی پێشمەرگە دژی داعش ڕاوەستاوە. ئایا ئاراستەی ئەم "با"یە، دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆییش هەر لەگەڵمان دەمێنێتەوە؟ ئایا ئەم "با"ی شەماڵە، دەبێتە هۆی جیاکردنەوەی "گەنم" لە "کا" لە وەرزی دروێنەدا؟ بۆ زانیاریش، بنجی ئەو گەنمەیش هەر هەمان جووتیار، سەد ساڵ لەمەوپێش لە ڕێکكەوتننامەی سايکس-پيکۆدا چاندوویەتی.   

هەرێمی کوردستان وەکوو بەشێك لە هاوپەیمانێتیی گڵۆباڵ

پێویستە زاراوەکان وەکوو خۆیان بەکار بێن. هەروەکوو ئاماژەمان بۆ کرد، بۆ هاوپەیمانێتیی ڕيشەكێشکردنی داعش، وشەی گڵۆباڵ بەکار هاتووە، نەك نێودەوڵەتی. وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکی، "جێف داڤیس" (Jeff Davis)، جەختی لەسەر هەقیقەتی جەنگی دژەداعش كردەوە، کە: It is global. زاراوەی گڵۆباڵ، واتا: گشتگير، سەرانسەری، جیهانی. واتا بەشداریکردنی هەمووان (دەوڵەتان، قەوارە نادەوڵەتەکان، ڕێکخراوەکان و هتد) بۆ لەناوبردنی داعش. وشەی "نێودەوڵەتی"، زیاتر ڕەهەندی دەوڵەتیی تێدایە و، پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکانی مەبەستە. کاتێك ئاوەڵناوی "نێودەوڵەتی" بە کۆنفڕانسێكی حکوومەتەکانه‌وه دەلکێنرێت‌، مەبەست لێی تەنیا ئامادەبوونی دەوڵەتەکانە و، قەوارەی نادەوڵەت بەشدار نابێت. بەڵام کاتێك دەگوترێت گڵۆباڵ، مەرج نییە تەنیا دەوڵەتان بەشدار بن. ئەوەی لە کۆنفڕانسی واشنتۆن لە ٢٢-٢٣/٣/٢٠١٧ ڕووی دا، وەرچەرخانێك بوو. ئامادەبوونی نوێنەری هەرێمی کوردستان شان بە شانی نوێنەرانی (٦٨) وڵات، دوو خاڵی دووپات کردەوە: یەکەم، پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش؛ دووەم، هەرێم بەشێکە لەم هاوپەیمانێتییە سەرانسەرە جیهانییە.

پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی هەرێمی کوردستان لە چەندین کۆنفڕانسی هاوپەیمانێتیی گڵۆباڵدا بانگهێشت نەکرا، کە پێشتر لە لەندەن، برۆکسڵ، پاریس و واشتنۆن بەستراون، کەچی لە دوای کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتیی دژی داعش لە واشتۆن، بەشداریی کرد؟ ئێمە، دەیگەڕێنینەوە بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ئیدارەی نوێی ئەمریکادا ڕوویان دا و، گەیشتنی سەرۆك ترامپ و کۆمارییەکان بۆ کورسیی سەرۆكی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. کۆمارییەکان و بەتایبەتی سەرۆکی نوێی ئەمریکا، بەوە ناسراون کە لە سیاسەتی دەرەکی، سڵ ناکەنەوە. دەوڵەتانی پێشوازیکەر لەم جۆرە کۆنفڕانسانە، تەنیا دەوڵەت بانگهێشت دەکەن نەك هەرێم و قەوارە نادەوڵەتییەکان؛ بەتایبەتی لە بابەتێكی هەستیار و، پەیوەندیدار بە بەرگری و ئاسایشه‌وه‌.

بانگهێشتنامەکان ئاراستەی دەوڵەتی عێراق کراون. ئەم دەوڵەتەیش، لەبەر هەر هۆیەك بێت، زانراو، یان نەزانراو، نەیویستووە نوێنەری هەرێم بەشداریی ئەم جۆرە کۆنفڕانسانە بکات. تەنیا یەك جیاوازی لە نێوان کۆنفڕانسەکانی پێشوو و کۆنفڕانسی واشنتۆن لە مانگی (٣)ی ٢٠١٧ هەیە: گۆڕانکاری لە ئیدارەی نوێی ئەمریکادا. هەرچەندە زانیاریمان لەبەردەستدا نییە، بەڵام پێمان وایە کە ئەم ئیدارەیە داوای کردووە کە نوێنەری هەرێم لە کۆنفڕانسی هاوپەیمانێتیی گڵۆباڵ دژی داعش، بەشداری بکات. هەر بەوەندە نەوەستان؛ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، "ڕێكس تیلێرسن" (Rex Tillerson)، لە گوتاری کردنەوەی کۆنفڕانسەکە، تەنیا ناوی سێ کەسی هێنا: سەرۆك ترامپ، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق "حەیدەر عەبادی" و نوێنەری هەرێمی کوردستان "دکتۆر فوئاد حوسێن". لە نێوان ٦٨ وەزیر و نوێنەرانی وڵاتاندا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خۆشحاڵییەکی تایبەتی نیشان دا بە ئامادەبوونی نوێنەری حکوومەتی هەرێم؛ کاتێك هاتە سەر باسکردنی شه‌ڕی مووسڵ و هاوئاهەنگیی نێوان هێزە عێراقییەکان و هێزی پێشمەرگە. هەروەها ئاماژەی بەوە دا، کە بەبێ ئەو هاوئاهەنگییە، سەرکەوتن بەدەست نەدەهات.    

بانگهێشتکردن و بەخێرهێنانی نوێنەری هەرێمی کوردستان، قەوارەیەکی نادەوڵەت، لە کۆنفڕانسێکی نێوان دەوڵەتەکاندا، هەنگاوێکی ديپلۆماسیی گرنگ بوو. ئەم ڕووداوە چەند خاڵێکی ڕوون کردەوە: ١. ئیدارەی نوێی ئەمریکا گرنگییەکی زیاتر بە هەرێمی کوردستان دەدات، ٢. مەرج نییە ته‌نیا ده‌وڵه‌ته‌كان ڕووبەڕووبوونەوی داعش ببنه‌وه‌؛ ئەمە هاوپەیمانێتییەکی گڵۆباڵە، هەموو لایەك بەشدارن، بە قەوارەی نادەوڵەتەوەیش، ٣. بۆ یەکەم جارە لە دوای ڕێکكەوتنی سيڤەر لە ساڵی ١٩٢٠ەوە، نوێنەری کورد لە کۆنفڕانسێکی نێوان دەوڵەتەکان بەشدار بێت و بە سیفەتی فەرمی، نوێنەرایەتیی کوردستان بکات. شایەنی گوتنە، زۆربەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان سروشتێکی دووقۆڵییان هەیە، بەڵام ئێستا قۆناغێکی نوێ دەبينرێت. پەیوەندییەکان زیاتر فرەلایەنترن و، هەرێم بۆتە یاریکەرێکی کاریگەر لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا، ٤. لە کۆتاییدا، دەبێت ئاگادار بین كه‌ ئێمە بەشێکین لە هاوپەیمانێتیی گڵۆباڵ، بەڵام ئەندام نین وەکوو قەوارەیەکی سەربەخۆ. ئەم جارەیان، ئیدارەی نوێی ئەمریکا، توانیی کاریگەریی لەسەر شاندی عێراقی و بانگهێشتکردنی نوێنەری هەرێم بۆ واشنتۆن هەبێت. دەنگۆ هەیە لە هاویندا، کۆنفڕانسێکی نوێی هاوشێوە ببەسترێتەوە؛ مەرج نییە لە واشتنتۆن بێت، لەوانەیە ئەم جارەیش وەکوو جارانی پێشوو، بانگهێشتنامە تەنیا ئاراستەی حکوومەتی عێراقی بکرێتەوە و، هەرێم بێبەش بکرێتەوە. هەرێمی كوردستان تاوەکوو سەروەریی خۆی ڕانەگەیەنێت، ناتوانێت ببێت بە ئەندامێکی تەواو و سەربەخۆ لەم جۆرە هاوپەیمانێتییانه‌دا.

 

[1] http://theglobalcoalition.org

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples