پێشه‌كی:
هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له كه‌ركووك به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگه‌ی ئه‌و شاره، مشتومڕی ناوخۆییی عێراقی و ده‌ره‌كیی لێ كه‌وته‌وه. ئه‌نجومه‌نی پارێزگه‌ی كه‌ركووك، ڕۆژی 28ی ئاداری 2107، به زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی، بڕیاری دا ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر دامه‌زراوە و داموده‌زگە حكوومییه‌كانی ئه‌م پارێزگه‌یە هه‌ڵبكرێت. ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگه‌ی كه‌ركووك كاردانه‌وه‌ی جیاوازی لێ كه‌وته‌وه. سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و حكوومه‌ت و لایه‌نه كوردستانییه‌كان پێشوازییان له‌م بڕیاره كرد، به‌ڵام حكوومه‌تی عێراق و لایه‌نه توركمانی و عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركووك و، هه‌روه‌ها توركیا و ئێران له دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ی كه جگه له هه‌ڵوێستی لایه‌نی عه‌ره‌بی و توركمانی له كه‌ركووك و په‌رله‌مانی عێراق جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌یه، هه‌ڵوێستی هه‌ر یه‌كه له ده‌وڵه‌تانی توركیا و كۆماری ئیسلامییه له‌سه‌ر ئه‌م پرسه. به‌م پێیه هۆكار، ڕه‌هه‌ند و بنه‌ماكانی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته بۆ داهاتووی ئه‌م ناوچانه، كه به ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان ناسراون و له مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراقدا به ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان (یان ناوچه جێناكۆكه‌كان) ناسراون، گرنگیی تایبه‌تیی هه‌یه. له‌مه‌یش گرنگتر، هۆكاری كاردانه‌وه‌ی توند و دڵه‌ڕاوكێی ئه‌م دوو وڵاته له هه‌مبه‌ر ئه‌م پرسه، جێگه‌ی تێڕامان و هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه.
له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین هۆكار و ڕه‌هه‌نده‌كانی هه‌ڵوێستی توندی ئا‌نكارا و تاران ڕوون بكه‌ینه‌وه و، بیخه‌ینه به‌ر لێكدانه‌وه و شیكردنه‌وه و، وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه كه بۆچی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته، سه‌ره‌ڕای ناكۆكیی قووڵیان له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌سه‌ر پرسه‌كانی ناوچه‌كه، به‌ڵام له‌مه‌ڕ ئه‌م پرسه هاوهه‌ڵوێستن؟
هه‌ڵوێست و نیگه‌رانییه‌كان
دوای بڕیاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگه‌ی كه‌ركووك له 28-3-2017 بۆ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له پاڵ ئاڵای عێراق له شاری كه‌ركووك و، كاردانه‌وه و ده‌ربڕینی ناڕه‌زاییی حكوومه‌تی عێراقیش له ڕێگه‌ی وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه، به‌و پێیه‌ی دژ به ده‌ستووره، هه‌روه‌ها دژ به یاسای ژماره 36ی پارێزگه‌كانه كه ساڵی 2008 ده‌رچووه، ئه‌وه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وی توركیا و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته، "مه‌ولوود چاوشئۆغلوو"یش، نیگه‌رانیی خۆی ده‌ربڕی و ڕای گه‌یاند كه توركیا هه‌میشه پابه‌ندی یه‌كپارچه‌ییی خاكی عێراق و سووریایه و، توركیا دان به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگه‌ی كه‌ركووكدا نانێت. هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا "بیناڵی یه‌ڵدرم"یش ناڕه‌زایه‌تیی توركیای له‌سه‌ر ئه‌م پرسه ده‌ربڕی. ئه‌وه بوو كه له ڕۆژی 1-4-2017 سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی توركیا گوتی كه ئێمه پاڵپشتی له هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی عێراق له هه‌مبه‌ر دژایه‌تیی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له كه‌ركووك ده‌كه‌ین. به‌م پێیه بیناڵی یه‌ڵدرم له چاوپێكه‌وتنی ته‌له‌ڤزیۆنیدا هه‌ڵكردنی هه‌ر ئاڵایه‌كی بێجگه له ئاڵای عێراق له كه‌ركووك، به كارێكی ناده‌ستووری و قبووڵنه‌كراو ناو برد. هه‌روه‌ها له‌مه‌یش گرنگتر، توركیا داوای له ئێرانیش كرد وه‌كوو وڵاتێكی دراوسێی عێراق، هه‌ستیاری و هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه ده‌رببرێت و، ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه ئه‌گه‌ر پێویست بكات، ئه‌م پرسه له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان تاووتوێ ده‌كات.
هه‌روه‌ها یه‌ڵدرم لە دیدار لەگەڵ "ئەرشەد ساڵحی"، سەرۆکی بەرەی تورکمانی، وێڕای جه‌ختكردنه‌وه لە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ تورکمانەکانی عێراق، ڕای گەیاند کە ئا‌نكارا ڕێگه نادا کەرکووک به هەرێمی کوردستانه‌وه بلكێ و، ڕێگه لەو هەوڵانە ده‌گرێت كه بە مەبەستی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان ده‌نرێن. بەپێی هەواڵی ڕۆژنامه‌ی "حوڕییەت"، بیناڵی یه‌ڵدرم، سەرۆکوەزیرانی تورکیا، لەو دیدارەدا وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ تورکمانەکانی عێراق، ئاماژه‌ی به‌وه دا کە تورکیا مۆڵەتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بە هەرێمی کوردستان نادات و، پێشگیری له‌و هه‌وڵانه دەکات كه بۆ لکاندنی کەرکووک بەو هەرێمە له ئارادان. سەرۆکوەزیرانی تورکیا هەروەها سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نیگەرانییەکان له هەمبەر داهاتووی کەرکووک و هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم لەو شارەدا و، ڕێککەوتنی حزبە کوردستانییەکان بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم گوتی: "ئێمە ناتوانین شتی لەو چەشنە قبووڵ بکەین و، لە وەها پرسێکدا ناکەوینە ناو ئه‌مری واقع و، دژی ئەو کارانە دەوەستین."
یه‌ڵدرم وێڕای جه‌ختكردنه‌وه لە دژایەتیی وڵاتەکەی لەگەڵ هەر جۆرە هەوڵێک بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: "گۆڕینی بارودۆخی کەرکووک و لکاندنی ئەو پارێزگه‌یە بە هەرێمی کوردستان، هەڵەیە. تورکیا ناتوانێت ئەو جموجووڵانە قبووڵ بکات. ئێمە هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان کە بەپێی بڕیارێکی یەکلایەنە کراوە، بە هەڵە و نادروست دەزانین." هه‌روه‌ها ناوبراو ئاماژەی بە گفتوگۆکانی لەگەڵ حەیدەر عەبادی و ڕاگەیاندنی هەڵوێستی تورکیا به‌رامبه‌ر بە هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان له کەرکووک کرد و جەختی لەوە کردەوە: "تەنانەت پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاندووە کە بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە کەرکووک بەفەرمی ناناسێت و، ئەو کارە بە پێشێلکردنی دەستووری عێراق دەزانێت. لەو ناوچەیه‌دا تەنیا کوردەکان ناژین، بەڵکوو عەرەبەکان و تورکمانەکانیش لەو شارەدان و، ئەوانیش مافی ڕادەبڕینیان هەیە."
ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، له نێوه‌ندی بانگه‌شه‌ی ڕیفراندۆمی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی و گۆڕانكاریی ده‌ستووری له شاری "زونگولداغ"ی توركیا لە ڕۆژی 4-4-2017دا له گوتارێکدا لە کاتی بانگەشە بۆ دەنگی "بەڵێ" لە ڕیفراندۆمی هەمواری دەستوور، باسی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانی کرد لە کەرکووک. ئه‌ردۆغان گوتی: "هه‌ڵكردنی ئاڵای دووه‌م له كه‌ركووك به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌ڵه‌یه. ئه‌و كه‌سانه‌ی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگه ئه‌و كاره ده‌كه‌ن دووفاقییه. ئێمه‌یش هۆشدارییان پێ ده‌ده‌ین كه‌ركووك ته‌نیا شارێكی كوردی نییه، به‌ڵكوو شارێكی كوردی، عه‌ره‌بی و توركمانییه". ئەردۆغان ڕایشی گەیاند "داوا له ئیداره‌ی كورد له باكووری عێراق ده‌كه‌م چاو به بڕیاره‌كەدا بخشێنێته‌وه. ئەگەر ئاڵاکە نەهێننە خوارەوە، باجه‌كه‌ی زۆر قورس ده‌بێت". هه‌روه‌ها ناوبراو ئه‌وه‌ی خسته ڕوو: "خاوه‌نی ئه‌و ئاڵایه بزانن، كه ئه‌وان جیاخوازی ده‌كه‌ن و، بانگ له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردیی عێراق ده‌كه‌م له‌و هه‌ڵه‌یه بگه‌ڕێنه‌وه". ئه‌ردۆغان گوتی: "په‌یوه‌ندیی خۆتان له‌گه‌ڵ توركیا تێك مه‌ده‌ن. هه‌ر ئێستا ئاڵای خۆتان داگرن؛ ته‌نیا با ئاڵای عێراق بمێنێته‌وه، ئه‌گینا ئێمه ناچارین هه‌نگاوه‌كانمان و په‌یوه‌ندییه‌كانمان به‌ره‌و دواوه ببه‌ین".
حزبی گه‌لی كۆماریی ئۆپۆزسیۆنیش له‌و وڵاته ناڕه‌زاییی له‌باره‌ی ئه‌و بڕیاره‌وه ده‌ربڕی و، ڤیلی ئه‌گابا جێگری سه‌رۆكی جه‌هه‌په، وه‌ك له ڕۆژنامه‌ی "حوڕڕییه‌ت"ی توركیدا هاتووه، ده‌ڵێت: "مه‌سعوود بارزانی جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد ئاڵاكه هه‌ڵبكات، ئه‌گه‌ر بیزانییایه توركیا ناڕازییه؛ هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "بارزانی ئه‌وه ده‌قۆزێته‌وه كه توركیا سه‌رقاڵی ڕیفراندۆمه له‌سه‌ر ده‌نگدان بۆ گۆڕینی ده‌ستوور و، كاتی نییه بۆ ئه‌وه‌ی گوشاری بخاته سه‌ر." ته‌نانه‌ت له توركیا عه‌بدوڵڵا گویل، سه‌رۆكی پێشووی توركیا، له‌سه‌ر هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان هاته ده‌نگ و ناڕه‌زاییی خۆی ده‌ربڕی.
له لایه‌كی تریشه‌وه "به‌هرام قاسمی"، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له ڕێكه‌وتی 3-4-2017 دژایه‌تی و ناڕه‌زایه‌تیی ئێرانی له هه‌مبه‌ر هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له كه‌ركووك ڕاگه‌یاند و، ئه‌م كاره‌ی به پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری عێراق و به "بارگرژیخوڵقێن" ناو برد. هه‌روه‌ها ناوبراو جه‌ختی له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی ئێران له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌ییی خاكی عێراق كرده‌وه. هه‌روه‌ها ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ، ناڕەزایەتیی خۆی بۆ هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان بەسەر باڵه‌خانەی بینا حکوومی و ئیدارییەکانی پارێزگه‌ی کەرکووک دەربڕی. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژی 1-4-2017ی ڕابردوو لە دانیشتنی ئاساییی خۆیدا (دوای بایكۆتكردنی دانیشتنەكە لە لایەن فراكسیۆنە كوردستانییەكان) دەنگی بە داگرتنی ئاڵای كوردستان لە پارێزگه‌ی كەركووك دا.
دوای ئه‌وه، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگه‌ی كەركووك گوتی كه ئامادە نین بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی داگرتنی ئاڵای كوردستان لەو پارێزگه‌یە جێبەجێ بكەن. ڕێبوار تاڵه‌بانی له لێدوانێکی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی: "په‌سه‌ندكراوی په‌رله‌مانی عێراق سه‌باره‌ت به هاوردنه‌خواره‌وه‌ی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان له پارێزگه‌ی که‌رکووک کارێکی ده‌ستنه‌داوه؛ چونکه دوو مادده‌ی 115 و 140ی یاسای بنه‌ڕه‌تیی عێراق سه‌باره‌ت به ناوچه جێناکۆکه‌کان، له‌وان پارێزگه‌ی که‌رکووک، که تێیاندا هه‌ڵکردنی ئاڵاکانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌م ناوچانه ڕه‌وا و مه‌شرووعه، هێشتاکه جێبه‌جێ نه‌کراون." تاڵه‌بانی ڕوونیشی کرده‌وه که: "ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ته‌نیا به ده‌نگی 107 نوێنه‌ر له کۆی 328 نوێنه‌ر، دژایه‌تیی هه‌ڵکردنی ئاڵای هه‌رێمی کوردستانی له‌سه‌ر بینا ده‌وڵه‌تییه‌کانی پارێزگه‌ی که‌رکووک کردووه." ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگه‌ی كەركووك، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد: "هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك نایاسایی نییە و، ئامادە نین بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی داگرتنی ئەو ئاڵایەوە جێبەجێ بكەین، چونكە بەپێی بڕیاری دادگه‌ی فیدڕاڵی، ئەو ناوچانەی خۆیان بڕیاردەرن، دەتوانن بڕیارە تەنفیزییەكان جێبەجێ نەكەن".
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگه‌ی كەركووك ڕوونی كردەوە بەپێی ماددەی 115ی دەستوور، دەسەڵات بە پارێزگه‌كان دراوە بۆ دەركردنی بڕیاری تایبەت بە ناوچەكانی خۆیان، هەروەها بەپێی ماددەی 140ی دەستووریش كەركووك ناوچەیەكە كێشەی لەسەرە؛ بۆیە دەتوانرێت هەر دوو ئاڵای عێراق و كوردستان هەڵبكرێت. له لایه‌كی دیكه‌وه، نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریی عێراق (یونامی) نیگه‌رانیی خۆی سه‌باره‌ت به بڕیاری ئه‌م دوایییه‌ی پارێزگاری كه‌ركووك به هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستانی عێراق له‌سه‌ر قه‌ڵای كه‌ركووك، ده‌ربڕی. نێرده‌كه ئاماژه‌ی به‌وه داوه کە حكوومه‌تی عێراق ڕوونی كردۆته‌وه و، به‌پێی ده‌ستوور كه‌ركووك ده‌كه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی ناوه‌ند و، نابێت هیچ ئاڵایه‌ك جگه له ئاڵای عێراق له پارێزگه‌كه هه‌ڵبكرێت.
نێرده‌كه ده‌رباره‌ی هه‌ر هه‌نگاوێكی یه‌كلایه‌نانه، كه له‌وانه‌یه له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان پێكهاته ئیتنی و ئایینییه‌كان مه‌ترسی دروست بكات، هۆشداریی دا؛ ئه‌وانه‌ی مافیان هه‌یه كه‌ركووك بە ماڵی خۆیان دابنێن و، ده‌یانه‌وێت له قۆناغی دوای داعش، كه له‌سه‌ر گیانی یه‌كێتی و هاوكاریی نێوان پێكهاته‌كان له به‌گژداچوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش بنیات نراوه، به‌یه‌كه‌وه بژین و كار بكه‌ن. هه‌روه‌ها نێرده‌ی یونامی، ڕێز و پێزانینی خۆی سه‌باره‌ت به‌و قوربانییه مەزنانه‌ی گه‌لی عێراق له به‌گژداچوونه‌وه‌ی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشدا به‌خشیویه‌تی، ده‌ربڕی؛ به‌تایبه‌تیش ئه‌و قوربانی و سه‌ركه‌وتنانه‌ی كورده‌كان و هێزی پێشمه‌رگه، شان به شانی هێزه‌كانی ئاسایشی عێراق بەده‌ستیان هێناوه.
شیكردنه‌وه‌ی پرس و كۆبه‌ند:
ستراتیژیی توركیا:
توركیا له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت له لایه‌ك له حكوومه‌تی ناوه‌ندی نزیك ببێته‌وه و، له لایه‌كی تریشه‌وه به لایه‌نگری له توركمانه‌كان، نفووزی خۆی له‌و ناوچه ده‌وڵه‌مه‌ند و ستراتیژییانه‌دا له هاوكێشه سیاسییه‌كانی عێراق و ته‌نانه‌ت ناوچه‌كه‌دا بچه‌سپێنێت.
توركیا له ئه‌گه‌ری دابه‌شبوونی عێراقدا، پێویستیی به‌وه هه‌یه كه ناوچه‌یه‌كی جێگه‌ی ناكۆكی بمێنێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له لایه‌ك ده‌وڵه‌تی كوردستان له ڕووی ئابووری و جیۆستراتیژی و جیۆئێكۆنۆمیكه‌وه زۆر به‌هێز نه‌بێت و، له لایه‌كی تریشه‌وه سیاسه‌تی كوردستان گرێ‌دراو و وابه‌سته‌ی توركیا بمێنێته‌وه.
توركیا له‌م ڕێگه‌یه‌وه، ده‌یه‌وێت له داهاتووی هاوسه‌نگیی هێزه‌كاندا ڕێگه نه‌دات ئێران باڵاده‌ست بێت (سه‌ره‌ڕای هاوهه‌ڵوێستییان له‌سه‌ر كه‌ركووك) و، له لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌گه‌ر ناوچه سوننییه‌كان بكه‌ونه ژێر نفووز و هێژموونیی سعوودیاوه، ئه‌وه پێویسته ناوچه توركمانه‌كان بۆ دروستكردنی هاوسه‌نگیی هێز، بكه‌ونه ژێر كاریگه‌ری و كۆنترۆڵی توركیاوه. له‌مه‌یش گرنگتر ئه‌وه‌یه كه، به‌ده‌وڵه‌تبوونی كوردستان ده‌توانێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ڕۆژاوا و باكووری كوردستان دروست بكات.
خاڵێكی تر ئه‌ویه كه له‌م ڕێگه‌یه‌وه توركیا ده‌یه‌وێت ململانێكانی له‌گه‌ڵ ئێران له لایه‌ك و، ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوا له لایه‌كی دیكه‌وه به‌ڕێوه به‌رێت؛ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م په‌راوێزبوونه‌ی ئێستای قه‌ره‌بوو بكاته‌وه و، له داهاتووی هاوكێشه‌كاندا وه‌كوو ئه‌كته‌ریك به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بپارێزێت. له ئاستی ناوخۆییشدا ئه‌مه ده‌توانێت پێگه‌ی ئاكپارتی به‌رزتر بكاته‌وه و ده‌نگی توندڕه‌وه نه‌ته‌وه‌په‌ر‌سته‌كان بخاته پاڵ ده‌نگی ئاكپارتی. چونكه توركیا له رووی ئاسایشی و ناسنامه‌یییه‌وه ئه‌م ناوچانه به قووڵاییی ستراتیژیی توركیا ده‌زانێت، به‌تایبه‌ت له ڕوانگه‌ی نیۆعوسمانیزمی ئاكپارتیدا.
به شێوه‌یه‌كی گشتی، ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت له‌م ڕێگه‌یه‌وه گوشار بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان دروست بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌جێندا و ویسته‌كانی جێبه‌جێ بكرێن و په‌كه‌كه سنووردار بكات و، له هه‌مان كاتدا به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق گه‌ره‌نتی بكات و، له به‌غدا ئیمتیاز وه‌ربگرێت و ئێران هاوڕا بكات. له‌مه‌یش گرنگتر، له‌و ناوچانه‌ی كه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان باڵاده‌سته، مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه ئێران ئه‌و ناوچانه به ته‌واوی كۆنترۆڵ بكات؛ بۆیه توركیا ده‌خوازێت له‌م ڕێگه‌یه‌وه بتوانێت كۆنترۆڵی هیلالی شیعیش بكات.
ستراتیژیی كۆماری ئیسلامیی ئێڕان:
كۆماری ئیسلامی، ترسی قووڵی له دابه‌شبوونی عێراق هه‌یه و، ئه‌مه به سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی ئه‌م ده‌وڵه‌ته له ڕووی ئابووری و جیۆئێكۆنۆمی و جیۆستراتیژییه‌وه ده‌زانێت. هه‌ڵكردنی ئه‌م ئاڵایه، بۆ ئێران به مانای كۆنترۆڵ و سه‌ره‌تای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان دێت. چونكه له هه‌لومه‌جێكی له‌م چه‌شنه‌دا، ئێران له به‌رامبه‌ر دروستبوونی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌دا ناتوانێت كاردانه‌وه‌ی هه‌بێت و، عێراقیش ناتوانێت ڕێگر بێت. بۆیه به مانه‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه له دۆخی "كێشه‌له‌سه‌ر"، هه‌رێمی كوردستان له ڕووی مرۆیی و جوگرافی و سیاسی و ته‌نانه‌ت ئاسایشییه‌وه لاواز ده‌بێت، به‌ڵام به‌غدای شیعه‌ی هاوپه‌یمانی ئێران باڵاده‌ست ده‌بێت. ئه‌مه بێجگه له هه‌ستیاری و گرنگیی پرسی كۆنترۆڵكردنی نرخ و ئاستی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت، چونكه هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بازاڕه‌كان دروست بكات.
به دیوێكی تریشدا ئێران له كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری، له ڕێگه‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه ده‌توانێت ئه‌و هێڵه به‌رگرییه كۆنترۆڵكراو و پێناسه‌كراوه‌ی خۆی تاوه‌كوو ده‌ریای ناوه‌ڕاست درێژه پێ بدات و بیپارێزێت. به‌ڵام به گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركووك بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان (بێجگه له پرسی داهاتووی پارێزگه‌ی مووسڵ)، ئێران به ته‌واوی په‌راوێز ده‌خرێت و ستراتیژییه‌كه‌ی له ناوچه‌كه‌دا تووشی شكستی قورس ده‌بێت.
به‌گشتی كۆماری ئیسلامی، عێراقێكی لاواز و پڕ له كێشه‌ی كۆنترۆڵكراوی پێویسته، به‌ڵام به مه‌رجێك ئاڵۆزییه‌كان له كۆنترۆڵی ده‌رنه‌چن. پێشبینی ده‌كرێت ئێران ترسی له باڵاده‌ستیی توركمانه‌كانی لایه‌نگری توركیایش هه‌بێت له كه‌ركووك، چونكه ئێران ناخوازێت توركیا له‌م ناوچانه‌دا باڵاده‌ست بێت. بۆیه باشترین حاڵه‌ت بۆ كۆماری ئیسلامی، مانه‌وه‌ی كه‌ركووكه به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی له نێوان به‌غدا و هه‌ولێردا. له لایه‌كی تریشه‌وه، ئێران به مانه‌وه‌ی كه‌ركووك به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا، ده‌توانێت گوشار بۆ سه‌ر ئه‌مریكایش دروست بكات و له ڕێگه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و حكوومه‌تی عێراقه‌وه ڕێگه له باڵاده‌ستیی ئه‌مریكا بگرێت؛ ته‌نانه‌ت له ناوچه سوننییه‌كانی تری عێراقیشدا. چونكه ئێران ئه‌و كاته له داهاتووی جه‌نگی مووسڵدا به‌دۆڕاوی هاوكێشه و ململانێ جیۆپۆلیتیكییه‌كان له ناوچه‌كه‌دا داده‌ندرێ.
بۆیه كۆماری ئیسلامی، یه‌كلاییبوونه‌وه‌ی كێشه‌ی ئه‌و ناوچه كوردستانییانه، به سه‌ره‌تای په‌راوێزخستنی و، هه‌روه‌ها دروستبوونی مه‌ترسیی ئاسایشی بۆ سه‌ر ئێران و دووركه‌وتنه‌وه له عێراق و سووریا ده‌زانێت. چونكه ئێران له سووریایش تووشی بنبه‌ست بووه و، كێشه‌ی جددی و قووڵیشی له چۆنێتیی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كان یاخود مانه‌وه‌ی له سووریادا هه‌یه. كۆی ئه‌م خاڵانه له پاڵ هاتنه‌سه‌ركاری ترامپ، ئێرانی تووشی دڵه‌ڕاوكێ كردووه و، به‌هێزبوونی هه‌رێمی كوردستان (ده‌وڵه‌تی كوردستان) به سه‌ره‌تای ئابڵووقه‌ی جیۆپۆلیتیكی ئێران ده‌زانێت له لایه‌ن ئه‌مریكا و ئیسڕائیله‌وه.