پێشه‌كی:
له ڕۆژی 16-4-2017دا پاش مشت‌ومڕ و كێبركێیه‌كی زۆر له نێوان لایه‌نگرانی "ئاكه‌په" و هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری توركیا و نه‌یاری ئه‌م حزبه و ئه‌م گۆڕانكارییه ده‌ستوورییانه، به ڕێژه‌ی 51.39% له ده‌نگده‌رانی توركیا ده‌نگیان به "به‌ڵێ" بۆ ئه‌م هه‌مواركردنه 18 مادده‌یییه‌ی ده‌ستووری توركیا دا و، ڕێژه‌ی 48.61% له ده‌نگده‌ران به "نه‌خێر" دژی ئه‌م گۆڕانكارییانه ده‌نگیان دا.
ئه‌م ڕاپرسییه به حه‌وته‌مین ڕیفراندۆم یاخود "گشتپرسی"ی ده‌ستوور له توركیا داده‌ندرێت كه تیایدا 5 جار له ساڵانی (1961 و 1982و 1987و 2007 و 2010) هاووڵاتیانی توركیا به "به‌ڵێ" وه‌ڵام و ده‌نگیان داوه، به‌ڵام له ساڵی 1988، ڕیفراندۆمه‌كه به "نه‌خێر" ده‌نگی وه‌رگرتووه. به‌م جاره‌وه ڕێژه‌ی "به‌ڵێ" ده‌بێته شه‌شه‌مین جار له مێژووی توركیادا. ئه‌م ڕیفراندۆمه به سێیه‌مین ڕیفراندۆم (2007، 2010، 2016) له سه‌رده‌می هاتنه‌سه‌ركاری ئاكه‌په داده‌ندرێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌ر‌نجه، چاوه‌ڕواننه‌كراوبوونی ئه‌نجامه‌كان به‌تایبه‌ت بۆ ئاكه‌په و پاشان لێكه‌وته‌كانی له لایه‌ك و، له لایه‌كی تریشه‌وه كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌نگی "هه‌ده‌په" و زیادكردنی ده‌نگی ئاكه‌په له ناوچه‌كانی باكووری كوردستان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی ئاكه‌په و "مه‌هه‌په" له دوو شاری گه‌وره‌ی توركیا، وه‌كوو ئیستانبوڵ و ئا‌نكارا، بوو. لێره‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌گشتی ئه‌م پرسه و، هه‌روه‌ها لێكه‌وته و هۆكاره‌كانی، به‌پێی زمانی ئامار و ئه‌نجامه‌كان شرۆڤه بكه‌ین.
ئاماره‌كان چۆن ده‌دوێن؟
له كۆی هاووڵاتیانی توركیا، به ڕێژه‌ی 55.319.222 كه‌س مافی ده‌نگدانی هه‌بوو. له‌م ڕێژه‌یه نزیكه‌ی 48.3 ملیۆن كه‌س ده‌نگی داوه. به ڕێژه‌ی 25.156.860 كه‌س به "به‌ڵێ" ده‌نگی داوه و، به ڕێژه‌ی 23.777.014 كه‌سیش به "نه‌خێر" ده‌نگیان به‌م هه‌مواركردنه‌وه ده‌ستوورییه داوه. بۆ ئه‌م ڕیفراندۆمه ده‌ستوورییه، له 167.140هه‌زار سندوق له ناوخۆی توركیا و 7388 هه‌زار سندوق له ده‌ره‌وه‌ی توركیا ده‌نگ دراوه و، به‌شداریی هاووڵاتیان له ناوخۆی توركیا به ڕێژه‌ی 85.4% و، له ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌شداریی هاووڵاتیان به ڕێژه‌ی 46.95% بووه، كه له‌م ڕێژه‌یه 50.9% به "به‌ڵێ" و 40.91% به "نه‌خێر" ده‌نگیان داوه.
پێشووتر، "جه‌هه‌په" (CHP)، له هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 1-11-2015، توانیی به ڕێژه‌ی 25.38%ی ده‌نگه‌كان (12109958)، 134 كورسی و، هه‌ده‌په (HDP) توانیی بهڕێژه‌ی 10.71%ی ده‌نگه‌كان (5145688)، 59 كورسیی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بێنێ؛ ئه‌م دوو حزبه، كه له به‌ره‌ی "نه‌خێر"دا بۆ هه‌مواری ده‌ستووری تورکیا ده‌نگیان دا، له په‌رله‌مانی تورکیادا پێکه‌وه خاوه‌ن 193 کورسبی په‌رله‌مانین و، ئه‌مه‌یش به واتای 36% کورسییه‌کانی په‌رله‌مان دێت.
له لایه‌كی تره‌وه، له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 1-11-2015دا ئا‌که‌په (AKP) به ڕێژه‌ی 49.41%ی ده‌نگه‌كان(23673541)، توانیی 317 كورسیی په‌رله‌مانی و، مه‌هه‌په (MHP) به ڕێژه‌ی 11.93%ی ده‌نگه‌كان (5691737)، توانیی 40 كورسی به‌ده‌ست بێنێ؛ بۆیه پێکه‌وه خاوه‌ن 357 کورسیی په‌رله‌مانی تورکیان، ئه‌مه‌یش به واتای 61% کورسییه‌کانی په‌رله‌مانی توركیا دێت. ئه‌م دو حزبه پێکه‌وه توانییان لە 22-1-2017، دوای دوو خول ده‌نگدان، پرۆژه‌یاسای هه‌مواری ده‌ستووری توركیا به 339 ده‌نگی "بەڵێ" له به‌رامبه‌ر 149 ده‌نگی "نه‌خێر"، پرۆژه‌ی هه‌مواره 18 مادده‌یییه‌كه له په‌رله‌مانی تورکیا تێ په‌ڕێنن.
به‌پێی مادده‌ی 175ی ده‌ستووری ساڵی 1982ی توركیا، پاش ئه‌وه‌ی كه له كۆی 550 په‌رله‌مانتار، 330 په‌رله‌مانتار بۆ خستنه‌به‌رده‌م ڕای گشتی له ڕێگه‌ی ڕیفراندۆمه‌وه، ده‌نگیان به هه‌مواری ده‌ستوور دا، ئه‌وه پێویست بوو كه لە ڕێفراندۆمی هەمواری دەستوور بۆ ئه‌وه‌ی په‌سند بكرێت و بخرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، 51%ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت و، بەپێی ئەنجامی ڕیفراندۆمی ڕۆژی 16-4-2017، دەنگی "بەڵێ" بە 51.39% له به‌رامبه‌ر 48.61% ده‌نگی "نه‌خێر" سەر کەوت. بۆیه پاش پێداچوونه‌وه به سكاڵاكان، ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕێژه‌یه وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه، ئه‌وه به‌پێی ده‌ستوور ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م ڕاپرسییه په‌سند ده‌كرێت و ده‌كه‌وێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
شكست له شاره گه‌وره‌كان
به شێوه‌یه‌كی گشتی له 81 پارێزگه‌ی توركیا، 32 پارێزگه به "نه‌خێر" ده‌نگیان به‌م ڕیفراندۆمه داوه و، له به‌رامبه‌ریشدا 49 پارێزگه به "به‌ڵێ". ئه‌وه‌ی كه سه‌ر‌نجڕاكێشه ئه‌وه‌یه كه له شاره گه‌وره‌كان ده‌نگی "نه‌خێر" زۆر به‌رزه و، ئه‌مه‌یش مه‌ترسی بۆ داهاتووی ئاكه‌په و ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌ردۆغان دروست ده‌كات. بۆ نموونه له شه‌ش شاری گه‌وره‌ی توركیا، بۆ نموونه ئا‌نكارا، 48.9% به "به‌ڵێ"، به‌ڵام 51.1% به "نه‌خێر" و، ئیستا‌نبۆڵ 48.6% به "به‌ڵێ" و 51.4% به "نه‌خێر"، ئه‌زمیر 32.2% به "به‌ڵێ" و 68.8% به "نه‌خێر"، ئه‌نتاڵیا 40.94% به "به‌ڵێ" و 59.06% به "نه‌خێر" و، بۆرسا 53.21% به "به‌ڵێ" و 46.79% به "نه‌خێر" و، ئه‌ده‌نه 41.85% به "به‌ڵێ"، به‌ڵام 58.15% به "نه‌خێر" له هاووڵاتیانی توركیا ده‌نگیان داوه. بۆیه ده‌بینین كه ئه‌مه شكست و پاشه‌كه‌شه‌یه بۆ ئه‌ردۆغان به‌تایبه‌ت له دوو شاری هه‌ستیار، گه‌وره و گرنگی وه‌كوو ئیستا‌نبۆڵ و ئا‌نكارا، كه نزیكه‌ی 51% دژی ئه‌م هه‌مواركردنه ده‌ستوورییه‌ی پێشنیازكراوی ئاكه‌په بوون، له كاتێكدا له كوده‌تاكه‌ی ساڵی ڕابردوودا له شاره‌كانی ئیستا‌نبۆڵ و ئا‌نكارا خه‌ڵك له دژی كوده‌تا و به پاڵپشتی له حكوومه‌ته‌كه‌ی ئاكه‌په، هاتنه سه‌ر شه‌قام.
لێره‌وه پرسیارێكی زۆر گرنگ ئه‌وه‌یه كه هه‌رچه‌نده له كۆی 40 په‌رله‌مانتاری مه‌هه‌په، ته‌نیا 21 كه‌سیان ده‌نگیان به‌م پرۆژه‌یه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری بۆ خستنه به‌رده‌م گه‌ل یاخود ڕیفراندۆم دا، به‌ڵام بۆچی ئاكه‌په و جه‌هه‌په كه خاوه‌ن ئه‌م ڕێژه كورسییه په‌رله‌مانییه و ده‌نگانه بوون، نه‌یانتوانی ڕێژه‌ی 60% یاخود سه‌روو ئه‌م ڕێژه‌یه‌ی ده‌نگه‌كانیان له‌م ڕیفراندۆمه‌دا به‌ده‌ست بێنن؟ هه‌روه‌ها چی وای كردووه كه ڕێژه‌ی ده‌نگی "به‌ڵێ" و "نه‌خێر" زۆر لێك نزیك بێت؟
له ڕاستیدا به‌شێكی هاووڵاتیانی توركیا سه‌ره‌ڕای ڕه‌خنه‌كانیان له‌وه‌ی كه سیسته‌می سیاسیی توركیا به‌ره‌و داخراوبوون و زیاتربوونی ده‌سه‌ڵاتی تاكه‌كه‌سی و، هه‌روه‌ها تێكچوونی باڵانس له نێوان ده‌سه‌ڵاته سه‌ره‌كییه‌كانی (جێبه‌جێكردن، یاسادان و دادوه‌ری) له قازانجی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن تێك ده‌چێت، به‌ڵام هه‌ر ده‌نگیان به "به‌ڵی" داوه و، له له‌لایه‌كی تریشه‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه به‌شێكی تری هاووڵاتیان ترسیان له دروستبوونی ناسه‌قامگیری و نائه‌منی له ئه‌گه‌ری ده‌نگنه‌هێنانه‌وه‌ی پرۆژه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان و ئاكه‌په هه‌بووه، به‌ڵام دیسان به "نه‌خێر" ده‌نگیان داوه.
بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی ئه‌م دابه‌شبوونه‌ی هاووڵاتیانی توركیا بۆ سه‌ر دوو جه‌مسه‌ر، پێویسته ئاوڕێك له‌وه بده‌ینه‌وه كه له ڕابردوودا و به هۆی پێشهات و گۆڕانكارییه سیاسی و ئاسایشییه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان، ئه‌وه له ڕاستیدا ئاكه‌په بێجگه له جێگیركردنی په‌یامه كه‌لتووری- ئایینییه‌كه‌ی له بواری سیاسی‌دا، له ڕووی ئابوورییه‌وه توانیی له سه‌ره‌تای هاتنه‌سه‌ركاری له ساڵی 2002 تاوه‌كوو ساڵی 2010، ڕێژه‌ی گه‌شه‌ی ئابووریی توركیا به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی پێشووتر بۆ 3 جار به‌رز بكاته‌وه. به‌ڵام به‌ره‌به‌ره به هۆی سیاسه‌ته‌كانی ئاكه‌په له ناوخۆ و له ده‌ره‌وه، ئه‌م ڕێژه‌یه له 8.8% له ساڵی 2011، بۆ ڕێژه‌ی 2.9% له ساڵی 2014 و، پاشان بۆ 4% له ساڵی 2015 دابه‌زی. ئه‌م دابه‌زینه ئابوورییه‌ش به هۆی كوده‌تا سه‌رنه‌كه‌وتووه‌كه‌ی ساڵی 2016 به‌رده‌وام بوو.
له لایه‌كی تره‌وه، هه‌وڵه‌كانی ئه‌ردۆغان بۆ پاكسازی له داموده‌زگه‌كانی گشتی و تایبه‌تیی توركیا و سڕینه‌وه‌ی لایه‌نگرانی "گوله‌ن" له پاش كوده‌تاكه، وای كرد كه به‌پێی ئاماری فه‌رمیی حكوومه‌تی توركیا خۆی، زیاتر له 113 هه‌زار كه‌س ده‌ستگیر و له‌سه‌ر كار لا ببرێن. بۆ نموونه له كۆی 1280 فڕۆكه‌وان، نزیكه‌ی 700 فڕۆكه‌وان قۆڵبه‌ست یاخود له كاره‌كانیان دوور خراونه‌ته‌وه. 2167 دادوه‌ر و داواكاری گشتی له توركیا ده‌ستگیر و ڕه‌وانه‌ی زیندان كران و، 2745 دادوه‌ر و داواكاری گشتی و پارێزه‌ر له كاره‌كانیان دوور خراونه‌ته‌وه. له هه‌مان كاتدا له بواری ئازادی و مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كاندا توركیا پاشه‌كشه‌ی به‌رچاوی كردووه و، نزیكه‌ی 90 ڕۆژنامه‌نووس ده‌ستگیر و ڕه‌وانه‌ی زیندان كراون. له‌م نێوه‌نده‌دا 3 ئاژانسی هه‌واڵ، 16 كه‌ناڵی ته‌ڵه‌ڤزیۆنی، 23 وێستگه‌ی ڕادیۆیی، 47 ڕۆژنامه، 15 گۆڤار و 29 كۆمپانیای دابه‌شكردن داخراون.
كۆی ئه‌مانه پێمان ده‌ڵێ كه دوودڵی و مه‌ترسییه‌ك له‌نێو هاووڵاتیانی توركیا دروست بووه، به هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان هه‌ڵبژاردنی دوو بژارده‌ی "دیكتاتۆری" یاخود "نائه‌منی و ناسه‌قامگیری"ی خستۆته به‌رده‌م هاووڵاتیان. ئه‌مه‌یش وای كردووه كه ڕێژه‌ی ده‌نگدان زۆر لێك نزیك بێته‌وه. هه‌رچه‌نده هیشتا زووه بۆ ده‌ركه‌وتنی لێكه‌ته‌ی ئه‌م ئه‌نجامانه‌ی ڕیفراندۆمه ده‌ستوورییه‌كه‌ی توركیا، به‌ڵام ئه‌م ده‌رهاوێشته‌یه‌ی، ده‌توانێت كاریگه‌ری و شوێندانه‌ریی له‌سه‌ر ڕه‌فتاری ئاكه‌په و ئه‌ردۆغان و، هه‌روه‌ها سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه هه‌بێت.
ناوچه كوردییه‌كان
له ڕاستیدا ده‌نگی "به‌ڵێ" بۆ ڕیفراندۆم، له ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاستی توركیا دراوه و، له ناوچه‌كانی باشوور و ڕۆژاوای توركیا و، هه‌روه‌ها ڕۆژهه‌ڵات و باشوری ڕۆژهه‌ڵات به "نه‌خێر" ده‌نگ دراوه. ئه‌مانه‌یش له ڕووی جوگرافی و كه‌لتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت ئابوورییه‌وه، هه‌ڵگری په‌یامی گه‌وره‌ی سیاسین؛ به‌م مانایه‌ی كه هه‌م ناوچه دواكه‌تووه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری ڕۆژهه‌ڵات و هه‌م ناوچه پێشكه‌وتووه‌كان و تۆریستییه‌كان و شاره هه‌ره گه‌وره‌كان به "نه‌خێر" ده‌نگیان داوه. هه‌ڵوێست و ئاماره‌كان پێمان ده‌ڵێن كه كورد سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ده‌نگی "نه‌خێر"ی داوه، به‌ڵام یه‌كگرتوو و یه‌كڕیز نه‌بوو. هه‌روه‌ها جێگه‌ی ئاماژه‌یه كه ئه‌گه‌ر كورد به‌ته‌واوی یه‌كگرتوو بوایه، ئه‌وه به‌پێی ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی كورد له ناوچه جیاجیاكانی توركیا ده‌نگی "به‌ڵێ" یاخود "نه‌خێر"ی كورد ده‌یتوانی/ده‌توانێت هاوكێشه‌كانی توركیا یه‌كلایی بكاته‌وه.
حزبی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، حزبی سۆسیالیست و ئازادی (ئۆسەپە)، حزبی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) و حزبی ماف و ئازادییەکان (هاکپار) به "نه‌خێر" ده‌نگیان داوه. له لایه‌كی دیكه‌وه هه‌ر یه‌كه له حزبه‌كانی: پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا (په‌ده‌که)، هودا پار و حزبی داوای ئازاد، به "به‌ڵێ" ده‌نگیان داوه. هه‌روه‌ها حزبه‌كانی: پارتی دیموکراتی کوردستانی باکوور (په‌ده‌ته)، حزبی ئازادیی کوردستان (پاک) و حزبی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکه) بایكۆتی ئه‌م ڕیفراندۆمه‌یان كرد. به‌گشتی له باكووری كوردستان 3.202.571 كه‌س به "نه‌خێر" و، 3.951.140 كه‌س به "به‌ڵێ" ده‌نگیان به‌م هه‌مواركردنه ده‌ستوورییه دا. ئه‌م دابه‌شبوونه‌ی كورد به‌سه‌ر سێ به‌ره‌ی سه‌ره‌كیی په‌كه‌كه و هه‌ده‌په و ئاكه‌په (بێجگه له‌و حزبه كوردییانه‌ی كه ئاماژه‌مان پێ دا)، ئه‌و ئه‌نجامه‌ی لێ كه‌وته‌وه كه هه‌رچه‌نده زۆرینه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كان به "نه‌خێر" ده‌نگیان داوه به‌ڵام له ناوچه كوردییه‌كان ده‌نگی هه‌ده‌په و لایه‌نگرانی، كه‌می كردووه، كه‌چی ده‌نگی ئاكه‌په زیادی كردووه؛ ئه‌مه‌یش به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشتووتری ساڵی 2015.
كۆبه‌ند:
هه‌رچه‌نده هێشتا باسكردن له لێكه‌وته‌ی ته‌واوی ئه‌م ڕیفراندۆمه، به هۆی ئه‌وه‌ی كه له ساڵی 2019ه‌وه ده‌كه‌وێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه زووه، به‌ڵام گرنگترین لێكه‌وته‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه، هه‌ڵكشان و داكشانی ڕێژه‌ی ده‌نگی چوار حزبه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی توركیایه (ئاكه‌په و مه‌هه‌په و جه‌هه‌په و هه‌ده‌په). به‌م پێیه دوو سیناریۆی سه‌ره‌كی له ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی پێشبینی ده‌كرێن:
یه‌كه‌م: پاش ئه‌م ڕیفراندۆمه و به هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌نجامه‌كان زۆر لێك نزیك بووه و، به مانایه‌كی تر گۆڕینی سیسته‌می سیاسیی وڵات، پێویستیی به ده‌نگی زۆرینه‌ی هاووڵاتیان و جۆرێك له گریبه‌ستی نوێی كومه‌ڵایه‌تی هه‌یه و، به‌م پێیه ئه‌ردۆغان بۆ ڕێگه‌گرتن له دروستبوونی ناسه‌قامگیری و پشێویی ناوخۆیی و به‌هێزبوونی ده‌ره‌كی، هه‌وڵ ده‌دات وریاتر و میانڕه‌وتر كار و ڕه‌فتار بكات، له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌نجامه‌كان ده‌توانێت ئه‌رێنی بێت. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، به‌و پێیه‌ی كه هێز و نفووز و كاریگه‌ری و ده‌سه‌ڵاته شاراوه و نایاسایییه‌كانی ئه‌م هێزه‌ی كه به "ده‌وڵه‌تی قووڵ" یاخود "ده‌وڵه‌تی سێبه‌ر" یاخود "ده‌وڵه‌ت له‌ناو ده‌وڵه‌ت"دا ناسرابوو، كه‌م ده‌بێته‌وه و، ئه‌ردۆغان هه‌وڵ ده‌دات له ئاستی ناوخۆییدا جارێكی تر چاره‌سه‌ریی پرسی كورد بخاته ڕۆژه‌ڤه‌وه؛ چونكه له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌ردۆغان چیتر ترسی له كاردانه‌وه‌ی توندڕه‌وه كه‌مالیسته‌كان نییه و پێویستیشی به‌وه نییه كه دڵه‌ڕاوكێی لایه‌نه كه‌مالیسته‌كان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ریی ئاشتییانه‌ی پرسی كورد كه‌م بكاته‌وه. له هه‌مان كاتیش‌دا له ئاستی ده‌ره‌كیدا هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی بارگرژییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و ئیسڕائیل بدات و، جۆرێك له هاوسه‌نگی دروست بكات بۆ بووژانه‌وه‌ی ئابووریی ناوخۆیی و به‌هێزكردنی پێگه و ڕۆڵی ده‌ره‌كی.
دووه‌م: ئه‌م سیناریۆیه "نه‌رێنییه"؛ به‌م واتایه‌ی كه به‌پێی بۆچوونی "جه‌یمز ڕۆزێنا" (James N. Rosenau) دروستكردنی بڕیار و جۆری ڕه‌فتاری بەرپرسانی حكوومەت (توركیا) لە ژێر كاریگەریی كۆمەڵێك ڕەگەز و فاكتەری جۆراوجۆردایە، وەكو ڕۆڵی تاك، ژینگەی ناوخۆیی (حكوومی و كۆمەڵایەتی)، ژینگەی ناوچەیی و نێونەتەوەیی، هەروەها كارلێكی ئەم دوو ئاستە پێكەوە و هەر فاكتەرێكیش دەبێتە هۆی دروستبوونی تێگەیشتن و ژینگەیەكی تایبەت بۆ ئەكتەر یان بكەرەكە، بۆ ئەوەی بڕیارێكی تایبەت بدات. لێره‌دا، به هۆی ئه‌م گۆڕانكارییه ده‌ستوورییانه له توركیا فاكته‌ركانی ڕۆڵ و پێگه له‌لایه‌ك و جۆری كه‌سایه‌تیی تاكی "ئەر‌دۆغان"، هه‌روه‌ها جۆری سیسته‌می سیاسی وا ده‌كات كه له قازانجی ئه‌ردۆغان بێت و گوێ به داواكارییه‌كانی ژینگه‌ی كۆمه‌لایه‌تیی ناوخۆیی و گوشاری فاكته‌ری ده‌ره‌كی نه‌دات.
به‌م پێیه، لێره‌وه‌یه كه به هۆی نزیكبوونی ده‌نگی "نه‌خێر" و "به‌ڵێ"، توركیا تووشی لێكترازان و دووجه‌مسه‌ری ده‌بێت و، به‌ره‌و داته‌پینی زیاتری ئابووری و قه‌یران و داكشانی ئابووری، نائه‌منی و ناسه‌قامگیری، پاشه‌كشه‌ی دیموكراسی و ئازادییه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان و به‌گشتی داخراوی و ده‌سه‌ڵاتخوازی و ته‌نانه‌ت پێكدادانی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ده‌چێت. بۆیه ئه‌ردۆغان له ئاستی ناوخۆدا، توركیا زیاتر به‌ره‌و داخراوبوون و سه‌ركوت ده‌بات و، له ئاستی ده‌ره‌كیشدا به‌ره‌و بارگرژیی زیاتر له‌گه‌ڵ وڵاتانی تر؛ به‌و پێیه‌ی له پێگه‌یه‌كی به‌هێزتری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ده‌ستووری و یاسایییه‌وه له‌گه‌ڵ بوار و پرسه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان مامه‌ڵه ده‌كات. بۆ پرسی كوردیش، ئیتر پێویستیی به چاره‌سه‌ری نابێت و، له‌گه‌ڵ باشووری كوردستانیش به‌ره‌و بارگرژیی زیاتر ده‌ڕوات.
ئه‌م دوو سیناریۆیه و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كورد له باكوور و، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ باشووری كوردستان، ده‌وستێته‌وه سه‌ر جۆری كاردانه‌وه و هاوسه‌نگیی كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی؛ به‌ڵام له‌مانه‌یش گرنگتر، ئه‌مه له‌سه‌ر هاتنه‌دیی به‌ڵێنه‌كانی ئه‌ردۆغان ڕاده‌وستێت، به‌م مانایه كه پێشووتر ئه‌ردۆغان به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه كه به هۆی ئه‌م گۆڕانكارییه ده‌ستوورییانه ئه‌گه‌ر به‌ربه‌سته یاسایییه‌كان بۆ ده‌سه‌ڵاتدارێتی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له توركیا نه‌مێنێت، ئه‌وه باشتر كار ده‌كات و توركیا به‌ره‌و سه‌قامگیری و گه‌شه‌ی ئابووریی زیاتر ده‌بات و، له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا پێگه و ڕۆڵی توركیا زیاتر و به‌رزتر ده‌كاته‌وه. چونكه له ڕاستیدا ئه‌م ڕیفراندۆمه، به درێژكراوه‌ی هه‌وڵی ئیسلامییه‌كانی توركیا بۆ لاوازكردنی سوپا و بیرۆكراتییه‌تی سێكیولاری چه‌سپیوی توركیا داده‌ندرێت.