چارەنووسی بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان

دەستپێك

جەنگی دژی داعش، بووە هۆکارێك بۆ گەڕاندنەوەی چەندین هێزی سەربازیی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بەگشتی. هەر لەگەڵ دامەزراندنی عێراق، هێزە سەربازییە بیانییەکان-بەتایبەتی هێزی سەربازیی وڵاتانی ڕۆژاوا- لەگەڵ هەر دەرفەتێكدا خۆیان گەیاندووه‌ته‌ ئه‌م وڵاتە. دوای ماوەیەکی زۆر یان کەم، بەخۆشی بێت یان بەناخۆشی، هێزە ڕۆژاوایییەکان ئەم وڵاتەیان بەجێ هێشتووە. هێزی سه‌ربازیی ئەمریکا لە کۆتاییی ساڵی ٢٠١١ لە عێراق کشانەوە، کەچی سێ ساڵ دواتر، لە ساڵی ٢٠١٤، گەڕانەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی گەورەترین هێزی تيرۆریستیی دنیا، ناسراو بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش). فەڕەنسا لەسەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی پێشوو، ڕۆڵێکی سەربازیی کاریگەری لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و جەنگی کوێتدا هەبوو. لەم سەدەیەدا فەڕەنسا تا پەیدابوونی داعش، لە ڕووی سەربازییەوە لە ناوچەکەدا ئامادەییی نەبوو. ئەم وڵاتە و چەندین وڵاتانی ئەوروپی – بۆ نموونە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا - کە لە کێشەکانی ئەم ناوچەیە دوور بوون، گەڕانەوە و کاریگەریی سەربازیی خۆیان دژی تيرۆریزمی نێودەوڵەتی دەنوێنن.

گەڕانەوە و جێگيربوونی ئەو هێزانەی ئاماژەمان بۆ کردوون، دەتوانین بە چاوێکی دەرفەت لێی بڕوانین. هەڵبەتە ئامادەبوونی هێزی هاوپەیمانی لەم ناوچەیەدا لایەنی ئەرێنیی زۆر زیاترە وەك لە لایەنی نەرێنی. بێ گومان یارمەتیدان و بەشداریکردنیان لە سەردەمی جەنگی دژی داعش بۆ هەرێمی کوردستان ئەرێنی بووە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، چارەنووسی ئەم بنکە سەربازییانەی هاوپەیمانان لە دوای جەنگی داعش چۆن دەبێت؟ ئامادەبوونی ئەم هێزانە جگە لەوەی لە سەردەمی جەنگی دژی داعش، بۆ هەرێم پاڵپشتییەکی سەربازیی گرنگ بووە، مانەوەیشیان لە دوای جەنگی داعش پێویستییەکی نیشتمانییە. لەم کورتە باسەدا، هەوڵدەدەین تیشکێك بخەینە سەر چارەنووسی بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانانی دژی داعش لە هەرێمی کوردستان. بەگشتی، بنکە سەربازییە بیانییەکان چەند جۆرێکیان هەیە: هەندێکیان کاتین، هەندێکیان هەمیشەیین، هەندێکیان لە سەردەمی جەنگدا دروست دەکرێن، هەندێکیان لە سەردەمی ئاشتیدا ڕێککەوتنی لەسەر دەکرێت.

بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراقی دوای ٢٠٠٣

لەم کورتە وتارەدا، ناتوانین باسی هەموو مێژووی عێراق بکەین و، گرێی بدەینه‌وه‌ بە بنکە سەربازییە بیانییەکان لەسەر خاکەکەی، بەڵکوو تەنیا بەپوختی باسی مێژووی دوای ساڵی ٢٠٠٣ دەکەین. دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بە دەست و چەکی چەندین وڵاتانی ڕۆژاوا بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، کاتی ئەوە هاتبوو کە دووبارە عێراق ئاوەدان بکرێتەوە و بپارێزرێت. ئامادەبوونی سەدان هەزار سەربازی بیانی لەسەر خاکی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، پێویستیی بە شوێن هەبوو. بۆ ئەم مەبەستە و بەپێی نەخشەیەکی دیاریکراو و ئامادەکراو، چەندین بنکەی سەربازی دروست کران. لە ساڵی ٢٠٠٣، هێرشکردنە سەر عێراق بەبێ ڕەزامەندیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، بەڵام مانەوەی ئەم هێزانە، بە ڕەزامەندیی حکوومەتی نوێی هەڵبژێردراوی عێراقه‌وه‌ گرێ درا. بە مانایەکی تر، بەپێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە (١٤٨٣ و ١٥١١)، ڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانانیان گۆڕی؛ لە هێزی داگيرکەر، یان ڕزگارکەر بۆ هێزی فرەنەتەوەیی، یان هێزی ئاشتیپارێز. 

بەپێی ڕێککەوتننامە دووقۆڵییەکەی عێراق و ئەمریکای ساڵی ٢٠٠٨، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، دەبوولە کۆتاییی ساڵی ٢٠١١ لە عێراق بكشێنەوە. ڕۆژی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا، بوو بە یادێکی گرنگ بۆ سەرکردە عێراقییەکان و، خۆشییان دەردەبڕی. سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتە، نووری مالکی، ڕۆژی كشانەوەی دوا سەربازی بیانیی ناو لێ نا ڕۆژی "وەفا"، یان هەندێکیان ناویان لێنا ڕۆژی "سەروەریی نیشتمانی". سەبارەت بە کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا، هەرێمی کوردستان چەندین دڵەڕاوکێ و ناڕازیبوونی پيشان دا، بەڵام گوێی لێ نەگيرا. بە مانایەکی تر، کاتێك حکوومەتی عێراق توانیی لە ساڵانی دوای ٢٠٠٦ لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت، یەکسەر هەوڵی دا هێزی سەربازیی وڵاتانی ڕۆژاوا لەسەر خاکەکەی نه‌هێڵێت. ئێمە لەو باوەڕەداین لە دوای جەنگی داعش، دیسانەوە عەقڵيیەتی حوكمڕانیی زاڵ لە عێراق هەوڵ دەدات ئەو هێزانەی هاوپەیمانانی دژی داعش لە عێراق دوور بخاتەوە.

لە ساڵی ٢٠١١، ئەمریکییەکان لە دوای خۆیان چەندین بنکە و كه‌لوپه‌لی سەربازییان بەجێ هێشت، کە زۆربەی زۆری سوپای عێراقی وەریان گرتەوە و بەکاری دەهێنن. هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە (١٣٠) بنکەی چالاکییە پێشڕەوییەکان (Forward Operating Base) وزیاتر لە (٧٠) خانەی پێشەوەی جەنگی (Combat Outpost) بەجێ هێشت. هەندێکی تر لەم بارەگه‌ سەربازییانە، کەوتنە بەر دەستی داعش و سوودی لێ بینی و، تا ئێستایش لە هەندێك شوێن سوودی لێ دەبينێت. لە نێوان (٢٠٠٣-٢٠١١)، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی "خاوەنی عێراق" بوون، کەچی زۆر بەئاسانی  لە ساڵی ٢٠١١، سەربازە ئەمریکییەکان ئێرەیان بەجێ هێشت؛ تەنیا باڵيۆزخانەیان لە بەغدا مایەوە و دوو كونسوڵخانەی گشتیشیان لە هەولێر و بەسرا بنیات نا. هەڵبەتە ئەم سێ بنکە ديپلۆماسی و كونسوڵییە، ئيشوکاری کارگێڕی و مەدەنی دەکەن؛ لە ڕواڵەتدا لە پرسی سەربازییه‌وه‌ دوورن.

بنکەی سەربازیی بیانی لەسەردەمی جەنگدا

دوو جۆر، یان دوو سەردەم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە: سەردەمی جەنگ و سەردەمی ئاشتی. کاتێك جه‌نگێك بەرپا دەبێت،  سروشتی یاسا و بنەما و بەرژوەندییەکان تەواو دەگۆڕێن. هەندێك حاڵەت کە لە کاتی ئاشتیدا قەدەغە بووە، لە کاتی جەنگدا، دەبێت بە کارێکی ئاسایی و ڕێپێدراو. جەنگەکانیش جیاوازن؛ هەر جەنگێك بنەما و تەکنيك و ستراتيژییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.

سەبارەت بە بابەتەکەمان، بنکەی سەربازی لەسەردەمی ئاشتیدا تەنیا بە ڕێگه‌ی ڕێکكەوتنی نێوان دەوڵەتی ميوان و دەوڵەتی خاوەن خاك، دروست دەبێت، بەڵام بنکەی سەربازیی بیانی لەسەردەمی جەنگدا، مەرج نییە بە ڕێکكەوتن بێت. هەندێك لە بنکە سەربازییە بیانییەکان دەسەپێنرێن، هەندێکیان لە دەرەنجامی داگيرکاری پەیدا دەبن، هەندێکیان لە ئەنجامی جێبەجێکردنی بڕيارێکی نێودەوڵەتی دادەمەزرێن. جەنگی دژەتيرۆريزمی نێودەوڵەتی، جه‌نگێکی سەرانسەریی جیهانییە. چەندین بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەن، بۆ بەرپەرچدانەوەی دیاردەی تيرۆريزم، ئەرک و بەرپرسیارێتیان بۆ وڵاتان داناوە. دەرکەوتنی داعش، ئەرکەکان و بەرپرسیارێتیی بۆ کۆی گشتیی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی زیاد کرد. ئاستەمە بۆ عێراقێکی لاواز، لە هەموو ڕووەکانەوە، بە تەنیا ڕووبەڕووی ڕێکخراوی داعش ببێتەوە. ڕێکخراوێکی تيرۆريستیی فرەنەتەوە، ببوو بە هەڕەشەیەکی نێودەوڵەتی، بۆیە پێویستیی بە وەڵامێکی جیهانی بوو. هەر بۆیە، وڵاتانی دنیا بە ڕێگه‌ی هاوپەیمانییه‌كی گلۆباڵ، پێکهاتوو لە (٦٨) وڵات، گەڕانەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.

کردنەوەی سنوورەکان و دامەزراندنەوەی بنکەی سەربازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠١٤، جگە لەوەی پێویستییەك بوو بۆ جەنگی لەناوبردنی داعش، ئەرکێکی نێودەوڵەتی بوو لەسەر شانی عێراق. ڕێگەپێدان بە هاتن و کردنەوەی بنکەی سەربازی، چەندین بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەپشتە؛ کەواتەمانەوەی ئەو هێزانە لەم ناوچەیەدا، بە هەڕەشەی تيرۆر و داعشه‌وه‌ گرێ دراون.

لێرەدا، بەکورتی چەند خەسڵەتێکی بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان – بەتایبەتی ئەمریکاتان بۆ ڕوون دەکەینەوە: یەکەم؛ ئەم بنکانە کاتین و لە چوارچێوەی جەنگی داعش لێرەن، لەگەڵ نەمانی داعش، ئەگەری هەیە هاوپەیمانان لە بنکەکان بکشێنەوە. دووەم؛ بنکە سەربازییە سەرەکییەکان لە دەرەوەی عێراقن لە وڵاتانی کەنداو و، لەسەر کەشتییه‌ سەربازییەکانن. بەتایبەتی، فەرماندەییی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی داعش کە ناوی (Combined Joint Task Force-Operation Inherent Resolve) لە وڵاتی کوێتەوە کار و چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن، بەڵام سوود لە هەندێك بنکەی ناوخۆیی لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان وەردەگرن. سێیەم؛ ئەو بنکانەی کە هاوپەیمانان پێویستیانە، پەیوەندیی بە لایەنی سەربازیی ئاسمانییەوە هەیە، واتا فڕۆکەخانەکان و، هەروەها ئەو خاڵە سەربازییانەی کە ڕێنیشاندەری ڕێڕەوی فڕۆکە سەربازییەکانن. چوارەم؛ لە هەندێك شوێندا، هێزەکانی ئەمریکا گەڕاونەتەوە بۆ ئەو بارەگه‌یەی کە پێشتر بارەگه‌ی سەربازیی خۆیان بووە لە ساڵانی ٢٠٠٣-٢٠١١، وەك بنکەی ئاسمانیی گەیارە.

پێویستیی جێگيرکردنی بنکەی سەربازیی وڵاتانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان

سەبارەت بە هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵی (٢٠٠٣-٢٠١١)، هێزێکی سەربازیی ئەوتۆی لێ نەبوو. بەپێی نەخشەی ڕێکكەوتنی هاوپەیمانانی ئەوکات، هەرێمی کوردستان، درابوو بە هێزی سەربازیی کۆریای باشوور، کە ژمارەیان لە چەند هەزار کەسێك تێپەڕی نەدەکرد. لەبەر دۆخی ئارامی و ئاسایشی هەرێم، سەربازە بیانییەکانی ناوچەکانی تری عێراق، پشووی خۆیان لەم هەرێمە بەسەر دەبرد. هەرێمی کوردستان نموونەیەکی باشی پيشانی هاوپەیماناندا، کە پێویستییان بە هێزی دەرەکیی بیانی نییە کە ئاسایش و ئارامیی هەرێم بپارێزێت. هەروەها هەرێم توانیی بە جیهان بڵێت، لە ڕووی ئاسایشەوە دوو زۆنی تەواو جیاواز لە عێراقدا هه‌ن: یەکێکیان هەرێمی کوردستانی ئارامە، ئەوی دیكه‌یان ناوچەکانی تری عێراقە کە ڕۆژانە تووشی تەقینەوە و کوشتار دەبوونەوە. ئەو ڕاستییەی سەرەوە، بۆ ئەو سەردەمەی لە نێوان ساڵانی (٢٠٠٣-٢٠١١) گرنگ بوو، بەڵام پێویستە لە ڕوانگەیەکی ترەوە سەیری بابەتەکە بکەین. هەرێمی کوردستانی ئێستا و سەربەخۆ لە داهاتوودا، پێویستیی بە بنکەی سەربازیی وڵاتانی وەك ئەمریکا و فەڕەنسا و وڵاتانی تری ڕۆژاوا دەبێت.

بە بەراورد لەگەڵ هەندێك دەوڵەتانی ناوچەکە، هەرێمی کوردستان تا ڕاددەیەکی زۆر باش، دەتوانێت ئاسایش و سەقامگيریی ناوخۆیی دابين بکات، بەڵام هەڕەشە دەرەکییەکان بابەتێکی ترە. هەندێك جار قەبارەی ئەم جۆرە هەڕەشانە بەرفراوانترە؛ لەوانەیە بەو ئامرازە و چەکانەی کە هەیە، هەرێمی کوردستان نەتوانێت ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هەڕەشەیەك ببێتەوە. بڵێین و نەڵێين، لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا بەهێز هەیە، بەهێزتر هەیە، بەهێزترینیش هەیە. بۆیە هەرێمی ئێستا و وڵاتی داهاتووی كوردستان، دەبێت بەدوای سیستەمێکی بەرگریی تۆکمەدا، بەتایبەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان، بگەڕێت. یەكێك لە باشترین ئامرازەکانی پتەوکردنی بەرگریی نیشتمانی، بریتییە لە دروستکردنی بنکەی سەربازیی دەوڵەتانی بەهێزی بیانی. وڵاتانی کەنداو زۆر کاریان لەسەر کردووە. بە واتایەکی تر، پێم باشە واز لەو خيتابە بهێنین کە گوایە پێویستیمان بە سەربازی ئەمریکی و فەڕەنسی و بریتانییەکان نییە، بەڵکوو ئەوان تێ بگەیەنین کە ئامادەبوونی سەربازیی ئەوان، بۆ ئێمە و بۆ ئەوان بەرژەوەندییەکی هاوبەشە؛ هەروەها دەتوانین لە ڕێگه‌ی دروستکردنی بنکە سەربازییەکانەوە، تيرۆر و هەڕەشە نێودەوڵەتییەکان کەم بکەینەوە.

چەنده‌ بنکەی سەربازیی بیانی لەسەردەمی جەنگی داعشدا بۆ هەرێمی کوردستان پێویست بوو، ئەوەندەیش – و زۆرتریش – پێویستیمان بە هێزەکانی ئەمریکا، فەڕەنسا و وڵاتانی ئەوروپییە لە سەردەمی دوای داعش. جەنگ و ململانێکان لەم ناوچەیە نابڕێت؛ جەنگی داعش تەواو بێت، چاوەرێی جەنگ و ململانێی دیكه‌یش دەکرێن.

پێویستە سیستەمی بەرگریی هەرێمی و دەوڵەتی داهاتووی کوردستان لە سەردەمی ئاشتیدا تۆکمە بکرێت، بۆ ئەوەی تووشی جەنگی تر نەبێتەوە. وەك دەڵێن، ئەگەر ئاشتیت دەوێت، خۆت تەواو بۆ جەنگ ئامادە بکە. کەواتە، کارکردن لەسەر لایەنی ڕێگرتن (ردع) لە جەنگدا، پێویستە. بۆچی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و یەكێتیی سۆڤیەت، نەبوو بە جەنگێکی گەرمی ڕاستەوخۆی خوێناوی؟ لەبەر ئەوەی ئەم دوو دەوڵەتە تا ڕاددەیەکی زۆر خۆیان بۆ جه‌نگ ئامادە کردبوو؛ هەردووکیان لێك دەترسان جەنگ هەڵبگیرسێنن. ئامادەکاری بۆ جەنگ، ڕێگرە لە هەڵگيرساندنی جەنگ.

یەكێك لە ئامرازە هەرە سەرکەوتووەکان بۆ بەرگریکردن لە وڵات، هاوپەیمانێتی دروستکردن و دامەزراندنی بنکەی سەربازیی وڵاتێکی بیانیی زلهێزە. وڵاتانی کەنداو کێبرکێیانە لە هێنانی و جێگيرکردنی هێزی سەربازیی ئەمریکی و فەڕەنسی لە وڵاتەکانیاندا. ئەم وڵاتانە باش دەزانن کە ئەمە باشترین هۆکاری بەرگرییە بۆ وڵاتێکی بە قەبارە بچووك و مامناوەند لە ناوچەیەکی ناسەقامگيری وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سروشتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش وایە، ميللەتە بەهێزەکان ڕۆڵی کاریگەر و بەرفراوانیان هەیە و، ميللەتە بێهێزەکان دەکەونە ژێر پێی ئەوانی تر و دەتوێنەوە. 

مەرج نییە وڵاتەکەیش بچووك بێت؛ وڵاتێکی گەورەی وەك تورکیا، هەر لە پەنجاکانی سەدەی پێشووەوە، بيری لە دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازیی بیانی کردبووەوە کە ئێستا ناسراوە بە بنکەی "ئینجەرليك". لەم بنکەیەدا، هێزی ئەمریکی و چەندین هێزی تری تێدا جێگير کراوە. لە هەندێك سەردەمدا ئەم بنکەیە، بوو بە پاڵپشتێك بۆ تورکیا. هەرێمی کوردستانیش، لە ساڵانی دوای ١٩٩١، لە ڕێگه‌ی ئەم بنکەیەوە دەپارێزرا.

چۆنێتیی هێشتنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هەمیشە

وەك لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، جەنگی دژی داعش، بووە هۆکارێك بۆ گەڕاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا و فەڕەنسا و وڵاتانی تری ڕۆژاوا. گومانی تێدا نییە تا داعش بمێنێت، ئەوانیش لەم ناوچەیەدا دەمێنن. بەڵام پرسیارەکە بۆ دوای داعشە: چۆن وایان لێ بکەین بمێننەوە؟ چۆن قەناعەت بەم هێزانە بکرێت کە هەڕەشەی تيرۆر و دووبارەبوونەوەی جينۆساید و دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ، لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، هەوڵێکی ديپلۆماسیی کاریگەری دەوێت.

لە سەردەمی سەرۆك ترامپ، ئاراستەیەکی نوێی ئەمریکی هەیە کە دەیانەوێت لە عێراقدا بمێننەوە. سکرتێری بەرگریی ئەمریکا (James Mattis) زۆر بەئاشکرا ئەم بابەتانەی لە پێش سێنەتی ئەمریکا لە ڕۆژی ٢٣/٣/٢٠١٧ ورووژاند. لە ڕوانگەی ئەم وەزیرەوە، هیچ هۆیەك نییە کە ديسانەوە هێزەکانی خۆی لە عێراق بکشێنێتەوە و، هەمان وانەکان دووبارە ببێتەوە. هەر لە درێژەی وتەکانیدا، James Mattis جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە بە شێوەیەکی یەكلاکەرەوە لە عێراق و ناوچەکەدا بمێننەوە بۆ پارێزگاریکردنی لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکا. پرسیارەکە ئەوەیە: هێزەکانی ئەمریکا لە کوێی عێراقدا جێگير دەبن؟ و چۆن هەوڵە ديپلۆماسییەکان بۆ هێشتنەوە و جێگيرکردنی ئەم هێزانە لە هەرێمی کوردستاندا، کارا بکەین؟ ئاشکرایشە، ئێستا ئاراستەیەکی سیاسیی توند لە بەغدا هەیە کە دژی مانەوەی ئەو هێزانەن لە عێراق. هێشتا جەنگی دژەداعش تەواو نەبووە، هەندێك سەرکردەی عێراقیی شيعەی خاوەن دەسەڵات، هاواریان لێ هەستاوە کە ئەمریکا دەبێت بکشێتەوە.

لە نێوان ئەم دوو هەڵوێستە پێچەوانەیەدا، هەرێمی کوردستان دەتوانێت سوود لەو دەرفەتە وەرگرێت. هەوڵ بدرێت کار بۆ ئاراستەی هزریی وەزیری بەرگریی ئەمریکا بکرێت ئەویش بە ڕێگه‌ی پێشنیارکردنی چەندین ڕێکكەوتننامەی هاوشێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی ١٢/٧/٢٠١٦ لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا. دەنگۆی ئەوە هەیە کە لە دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر ئەو یاداشتەی سەرەوە، یاداشتێکی نوێ واژوو بکرێتەوە. بۆیە پێشنیار دەکەم کە پرسی بنکە سەربازییەکان کاری بۆ بکرێت و یەكلابکرێتەوە؛ بە شێوەیەك کە ئەو سوپایییانە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بمێننەوە، کە لە پێنج ساڵ کەمتر نەبێت، هەروەها بۆ ماوەیەکی زیاتر قابيلی درێژکردنەوە بێت.

ئەم جۆرە ڕێکكەوتننامە دووقۆڵییانە لەسەر جێگيرکردنی بنکەی سەربازیی بیانی، چەندین بنەما و ڕێسا و پێوەری یاسایی لەخۆدەگرن، بەتایبەتی لە کاتی ئاشتیدا: چۆنێتیی هاتوچۆکردنی هێزەکان، تەرخانکردنی زەویی پێویست، پارێزبەندی، چۆنێتیی سوودوەرگرتن لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان (کارەبا، ئاو، ئینترنێت و ...)، چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دامودەزگه‌ حکوومییەکان؛ ئەمانە و چەندین پرسی یاسایی، پێویستە لە چوارچێوەی ڕێکكەوتنێكدا ڕێک بخرێن.

پێش ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی كۆسۆڤۆ لە ساڵی ٢٠٠٨، ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانیان، کەمپی سەربازیی بۆندستيل (Camp of Bondsteel)یان لە ساڵی ١٩٩٩ دروست کرد. ئامانجی بنەڕەتیی دروستبوونی ئەم کەمپە سەربازییە، دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کۆسۆڤۆ نەبوو، کەچی ئامادەبوونی ئەم هێزانە، بووە هۆی ئەوەی کە کۆسۆڤۆی تازە وڵات، هیچ هێرشێكی سەربازیی نه‌كرێته‌ سه‌ر. ئەم کەمپە سەربازییە، بوو به‌ بربڕەی پشتی بەرگریی دەوڵەتی کۆسۆڤۆ. لە دوای ١٩٩٩ و جێگیربوونی هێزە بیانییەکان لەم کەمپەدا، هیچ جەنگێكی خوێناوی لەو ناوچەیەی جیهاندا ڕووی نەداوە. لەژێر سێبەری ئەم کەمپە سەربازییە، کۆسۆڤۆ توانیی بە شێوەیەکی ئاشتییانە و تاكلایەنە سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت.

هەرێمی کوردستانیش دەرفەتی بۆ ڕەخساوە، کە هەمان هەنگاوەکانی کۆسۆڤۆ ببڕێت. دەبێت هاوپەیمانان تێ بگەیەنرێن کە مانەوەیان لە دوای جەنگی داعش لە هەرێمی کوردستان، دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا و، هەروەها تيرۆر و تاوانەکانی دژەمرۆڤایەتی دووبارە نابنەوە؛ کەمایەتییە ئایینییەکانیش پارێزراو دەبن. هەروەها بنکە سەربازییەکانیان، دەبنه‌ پارێزەری بەرژوەندیی هاوبەشی هەرێم و وڵاتانی خاوەن بنکە سەربازییەکە. تا ئەم هێزانە لە هەرێم بن، زۆر بەدووری دەزانم لە کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی نوێی کوردستاندا، هيچ کاردانەوەیەکی سەربازی لە دژی ئەم ڕاگەیاندنە بکرێت. تا چ ماوەیه‌كیش توانیمان ئەو هێزانە لە کوردستاندا جێگير بکەین، تا ئەو کاتە دەوڵەتی داهاتووی کوردستان لە هەموو هەڕەشە و دەستێوەردانێکی سەربازی پارێزراو دەبێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples