سەرۆکی نوێی فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان

هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی فەڕەنسا

هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکی نوێی فەڕەنسا، تایبەتمەندییەکی زۆری هەبوو. هەڵبژاردنی سەرۆک "ماکرۆن" تەنیا بۆ فەڕەنسییەکان بایەخی نەبوو، بەڵکوو جیهان و بەتایبەتی ئەوروپا به‌تاسه‌وه‌ چاودێرییان دەکرد. لە سەردەمی سەرۆکی "پێشوو"، فڕەنسوا ئۆلاند، هەرێمی کوردستان و کۆماری فەڕەنسا لە بەرزترین ئاستی ديپلۆماسیدا پەیوەندییان هەبوو. چەندین کۆبوونەوەی دووقۆڵی لە ئاستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی فەڕەنسا لە هەردوو پایتەختی پاریس و هەولێر ئەنجام دران. هەربۆیە، پێویستە بزانین هەڵبژاردنی ئەم جارەی فەڕەنسا، چ کاریگەرییەکی له‌سه‌ر هەرێمی کوردستانیش ده‌بێت.

خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی فەڕەنسا لە ڕۆژی ٢٣/٤/٢٠١٧ بەڕێوە چوو. یازدە بەربژێر (پاڵێوڕاو) ڕکابەرییان دەکرد، به‌ڵام هیچیان نەیانتوانی زۆرینەی (%٥٠+١) بە دەست بهێنێت. هەردوو بەڕێزان Emmanuel Macron و Marine Le Pen، توانییان زیاترین دەنگ بەدەست بهێنن و، مافی ئەوەیان پێ بەخشرا کە خۆیان بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگدەرانی خەڵکی فەڕەنسا، بپاڵێون. ئەم دوو بەربژێری سەرەوە لە هەموو شتێك جیاواز بوون. هەموو تێڕوانین و پرۆگرامی کارکردنیان لە بواری سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوە، ئابووری و کۆمەڵایەتی، دژی یەك بوون. لە کۆتاییدا، بەڕێز Emmanuel Macron وەك سەرۆکی نوێی فەڕەنسا بۆ ماوەی پێنچ ساڵی داهاتوو هەڵبژێردرا.

ئەم هەڵبژاردنەی فەڕەنسا چەندین تایبەتمەندیی هەبوو، کە لە هەموو هەڵبژاردنەکانی تری فەڕەنسا لە سەردەمی کۆماری پێنجەم، واتا سەردەمی دوایین دەستووری فەڕەنسیی بەرکار لە ساڵی ١٩٥٨ەوە تاوەکوو ئەمڕۆ، جیای دەکردەوە. ئەمە یەکەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بوو کە لە ماوەی دۆخی لەناکاودا (حالة طوارئ)، یان دۆخێکی نائاساییدا بەڕێوەچوو. فەڕەنسا لە دژی گرووپی تيرۆریستیی داعش لە دۆخی جەنگدایە. لە دەرەوەی وڵات و لەناوخۆی وڵاتیش چەندین تەقینەوەی تيرۆریستی ڕووی دا، کە کاریگەریی لەسەر ئاراستەی بيرکردنەوەی بەربژێر و دەنگدەرانیش هەبوو.

هەڵبژاردنی ئەمساڵ، نەخشەی سیاسی و حزبیی فەڕەنسای گۆڕی. هەردوو حزبە سیاسییە کلاسیکییەکەی فەڕەنسا: حزبی سۆسیالیست (چەپی ميانڕەو) و کۆمارییەکان (ڕاستی ميانڕەو)، نەیانتوانی بگەن بە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەڕەنسا. هەردوو بەربژێری سەرکەوتوو بۆ خولی دووەم، بەرهەمی حزبێکی سیاسیی تەواو ڕێکخراو نین، بەڵکوو زیاتر نوێنەرایەتیی تەوژمێک، یان بزاڤێكی کۆمەڵایەتی و سیاسین. هەندێک بيرمەندی فەڕەنسی باس لە شکستی هزریی هەردوو حزبی چەپ و ڕاست دەکەن؛ هەندێکی دیكه‌یان باس لە کۆتاییی حزبی سیاسی دەکەن لە فەڕەنسا.

نەخشەی سیاسیی فەڕەنسی بە شێوەیەك گۆڕاوە، لەوانەیە لە داهاتوودا ئاراستەی هزریی حزبی بۆ چەپ و ڕاست پۆلین نەکەن، بەڵکوو فەڕەنسا بۆ کۆنسێرڤاتيزم (موحافزکاران) و پێشکەوتنخوازان دابەش دەکەن. یان هەندێكی تر بە شێوەیەکی دیكه‌ هەردوو بەربژێر Macron) و (Le Penیان پۆلين دەکرد: ئەوەی یەکەمیان مۆندیالیستە، واتا زیاتر به‌ره‌و کرانەوە و بەجیهانیکردنە؛ ئەوەی دووەمیان زیاتر ناسيۆنالیسته‌؛ هەندێك بە نیشتمانپەرست و ڕەگەزپەرستيش لە قەڵەمی دەدەن.

ئاراستەی سیاسیی سەرۆك ماکرۆن

هەستی کرانەوە و بەرەو بەجیهانیکردن، لە هزری فەڕەنسییەکاندا باڵادەست بوو. "ئێمانوێل ماکرۆن" بە ڕێژەیەکی بەرفراوان توانیی هەڵبژاردنەکە بباتەوە. زۆربەی زۆری حزب و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە فەڕەنسا بانگەشەیان بۆ ئەوە دەکرد کە دەبێت ڕێگری لە بەربژێری بەرەی نیشتمانیی توندڕەو، "مارین لو پێن" بکرێت؛ چونکە ئەم بەرەیە هەوڵی داخستنی سنوورەکان دەدات، پێکەوەژیان دەخاتە مەترسییەوە، به‌نیازه‌ فەڕەنسا لە ئەوروپا و يۆرۆ بێنێتە دەرەوە و زیاتر لە ڕووسیا نزیک بێتەوە.

ئێستا، هەموو فەڕەنسا و جیهان چاویان لەسەر سەرۆك ماکرۆنە. گەنجترین سەرۆکی فەڕەنسایە لەسەردەمی کۆماری پێنجەم. تەمەنی سیاسیی سەرۆكی نوێیش بە هەمان شێوە کەمە. لە نێوان ساڵی ٢٠١٢-٢٠١٤ یاریدەدەری بەڕێوه‌بەری مەکتەبی سەرۆك فڕەنسوا ئۆلاند بووە. توانایەکی زۆری هەبووە؛ هەر بۆیە لە سەردەمی ئۆلاند، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٦دا بۆ وەزیری ئابووری و پیشەسازی دەسنیشان کراوە.

نزیکەی ساڵێک دەبێت، بزاڤێکی جەماوەریی تایبەت بە خۆی دامەزراندووە؛ ناوی لێناوەEn Marche، واتا: بەرەوپێشچوون. لە ساڵی ٢٠١٦، دەستی لە کاری وەزیری ئابووری کێشایەوە بۆ ئەوەی خۆی بۆ بزاڤەکەی تەرخان بکات. ڕاستە سەرۆك ماکرۆن، کاری حزبایەتیی لەناو پارتی سۆسیالیستی فەڕەنسا دەست پێ کردووە، بەڵام چەپڕەوێکی تەواو نەبووە و، خۆی لە هزری ڕاستڕەوەکان دوور نەخستۆتەوە. سەرۆک ماکرۆن چەندین جار گوتووییەتی چەپ و ڕاست بيرۆکە و هزری باشیان هەیە؛ ئەو لە هەردووکیانەوە سوود وەردەگرێت و هزری سیاسیی خۆی و بزاڤەکەی لەسەر بنيات ناوە.

فەڕەنسییەکان ویستیان خوێنێکی نوێ و ڕوویەکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان هەڵبژێرن. فەڕەنسییەکان کەسێکیان هەڵبژارد کە لە هزر و سیاسەتمەدارەکانی پێشوو ناچێت. سەرۆك ماکرۆن، خۆی بە پێشکەوتنخواز لە قەڵەم دا: کەسێکی کراوە بەڕووی هەموو جیهان، جیاوازییەکانی کۆمەڵگه‌ی فەڕەنسیی تەواو قبووڵە، زۆر چالاكە و دوور لە بيرۆکراسیی کلاسیکی کار دەکات.

سەرۆك ماکرۆن، ئابووریناسێکی ناسراو و زیرەكە. بە تواناکانی خۆی، گەیشتۆتە ئەو ئاستە بەرزە لە دەسەڵات. بەفەرمی هیچ ئەندامێکی پەرلەمانی فەڕەنسی، سەربە بزاڤەکەی نین، کەچی توانیی ببێتە سەرۆکی یەكێک لە گەورەترین وڵاتەکانی جیهان. بە بەراورد لەگەڵ سۆسیالیستەکان، کەمتر چاوی لە پرسە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانە، بەڵکوو زیاتر پەرە بە پرسە ئابوورییەکان و هەلی کار دەدات. نەیشاردۆتەوە کە لە داهاتوودا بە چاوی بەرژەوەندیی فەڕەنساوە، بۆ پرسە نێودەوڵەتییەکان دەڕوانێت. 

پێشبينیکردنی پەیوەندیی نێوان سەرۆك ماکرۆن و هەرێمی کوردستان

ئاسان نییە هەموو ڕوانگەی سیاسیی بەڕێز ماکرۆن بەرامبەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بخوێنینەوە. هەروەکوو لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، لەبەرکەمیی تەمەنی سیاسیی سەرۆکی نوێی فەڕەنسا، چەندین خاڵ لە سیاسەتی داهاتووی سەرۆکی نوێدا ناڕوونن. بۆ شرۆڤەکردنی هەڵسوکەوتی سەرۆکی نوێ بەرامبەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، پێویستە چاوەرێی داهاتوو بکەین.

سەرۆکی فەڕەنسا، لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەکیی فەڕەنسادا دەستێکی زۆر باڵای هەیە. سەرۆك ماکرۆن باش دەزانێت کە نیوەی کاتەکانی کارکردنی، بۆ پرسی سیاسەتی دەرەوه‌ی فەڕەنسا تەرخان دەکات. هەرچەندە پرسی سیاسەتی دەرەوه‌، بایەخێکی ئەوتۆی بۆ دەنگدەران نییە؛ لە کەمپینی پێش هەڵبژاردنەکان، بە بەراورد بە پرسە ناوخۆیییەکان، بەربژێرەکان زۆر بەکەمی باسی سیاسەتی دەرەکیی خۆیان دەکەن. پێش هەڵبژاردن، چەند ئاماژە و ڕاگەیەندراوی سەرۆكی نوێ هەبوون، لێرەدا بەکورتی شرۆڤەی دەکەین.

سەرۆك ماکرۆن چەندین جار ڕای گەیاندووە کە ميراتگری سیاسەتەکانی "ديگۆل" و "میتران" دەبێت. واتا نە پاشکۆی ئەمریکا دەبن و نە لەژێر کاریگەریی ڕووسیادا دەبن. لەسەردانێکی بۆ لوبنان، باسی لە سیاسەتێکی ڕاگرتنی هاوکێشەکان لە نێوان سعوودیا و ئێراندا دەکات؛ بە جۆرێك پشتگيریی یەکێکیان نەکرێت لەسەر حيسابی ئەوی تریان. هەروەها پێی وایە، کە فەڕەنسا نابێت دەست لەو ململانێیەی نێوان سعوودیا و ئێران وه‌ربدات. له‌ ڕوانگەی سەرۆکی نوێوه‌، فەڕەنسا نابێت ببێتە هاوپەیمانی هيچ لایەنێك لەناوچەکەدا؛ به‌ڵكوو تەنیا بەرگری لە بەرژەوەندی و بەهاکانی فەڕەنسا لەناوچەکەدا دەکات.

بەڵام پێویستە بگوترێت سەرۆکی نوێ، ستافێکی شارەزا و تەواوی لە بزاڤەکەی نییە، کە بتوانێت هەموو پرسە نێودەوڵەتییەکانی بۆ شی بکاتەوە و، ڕاوێژی پێ بکات. لەبەرئەوەی پێشتر لە حکوومەتی سۆسیالیستەکان بووە، چاوەڕێ دەکرێت سەرۆك ماکرۆن سوود لە شارەزایی و کادری حکوومەتی پێشوو وەربگرێتەوە.

سەبارەت بە سیاسەتە دەرەکییەکانی ماکرۆن، چاودێرانی فەڕەنسی باس لەوە دەکەن کە بەردەوامی بە سیاسەتەکانی سەرۆکی پێشوو (ئۆلاند) دەدات. بۆ نموونە، هاوپەیمانێتیی گلۆبالی دژی داعش، کە لە ٦٨ دەوڵەت پێک هاتووە و لەسەردەمی سەرۆك ئۆلاند لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزرا، وه‌ك خۆی بەردەوام دەبێت. بۆ زانیاری، هەرێمی کوردستانیش بە بەشێك لەم هاوپەیمانێتییە دانراوە. لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەم هاوپەیمانێتییە لە ڕۆژی ٢٢/٣/٢٠١٧ لە واشنتۆن، بەفەرمی پێشوازی و بەخێرهاتنی نوێنەری هەرێمیان کرد بۆ کۆبوونەوەکە.

سەرۆکی نوێی فەڕەنسا، ماکرۆن، سەرسامی هزر و کارەکانی ميشێل ڕۆکار (Michel Rocard)ە؛ ئه‌و کەسایەتییەکی ناسراوی چەپی فەڕەنسی بوو. ئەم کەسایەتییە لە سەردەمی سەرۆك "فڕەنسوا میتران" لە نێوان ساڵانی ١٩٨٨-١٩٩١دا سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا بوو. لەسەردەمی ئەم دوو سیاسەتمەدارەدا، فەڕەنسا پاڵپشتی کورد بوو؛ لەسەردەمێکدا كه‌ هیچ دەوڵەتێك دەنگی کوردی زوڵملێکراوی نەدەبیست. لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کوردستان، ميشێل ڕۆکار و بێرنارد کۆشنەر و دوو کەسایەتیی دیاری تری فەڕەنسایش، Lionel Jospin و Hubert Vérdine، بانگەوازێکی گەورەیان لە ١٠/٩/٢٠١٤ بۆ یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان ساز کرد. چەند ڕۆژێکی نەبرد، سەرۆکی فەڕەنسای ئەو کاتە، فڕەنسوا ئۆلاند، گەیشتە هەولێری پایتەخت.

ميشێل ڕۆکار لە مانگی (٦)ی ٢٠١٦ کۆچی دواییی کرد. ڕۆژنامەنووسان و چاودێرانی سیاسیی فەڕەنسی، سەرۆکی نوێ بە میراتگری هزری ڕۆکار هەژمار دەکەن. هەروەها، هەردوو کەسایەتیی سیاسی و دیاری فەڕەنسا، کە لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کردووە، کۆشنەر و ژۆسپان، سەرسامیی خۆیان بۆ کەسایەتیی لاوی ماکرۆن دەربڕيبوو. هەر لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەوە، ئاشکرایان کردبوو کە دەنگ دەدەنە ماکرۆن و، دەنگ نادەنە بەربژێری حزبی سۆسیالیست. بێرنارد کۆشنەر، دۆستی دێرینی کورد، هەر لە ساڵانی حەفتاکانەوە تاوەکوو ئەمڕۆ پاڵپشتێکی گەورەی داوا ڕەواکانی کورد بووە. کاتێك پزيشکێکی لاو بووە، کاتێك وەزیری تەندروستی بووە لە ساڵانی نەوه‌دەکان، کاتێك وەزیری دەرەوە بووە لە ساڵانی نێوان ٢٠٠٧-٢٠١٠؛ کۆشنەر قەت لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان سڵی نەکردۆتەوە. لە لایەکی دیكەوە، فەیلەسووفی ناوداری فەڕەنسا، بێرنارد هێنری لێڤی (Bernard-Henri Lévy)، پاڵپشتیی خۆی بۆ بەربژێر ماکرۆن ئاشکرا کرد. ئەم کەسایەتییە، لەسەردەمی سەرۆکی پێشووی فەڕەنسادا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە و، بۆ ناساندنی ناوی مەزنی "پێشمەرگە" بە جیهان هەوڵێکی بێوچانی داوە.

کەسایەتییەکی دیكه‌ی فەڕەنسیی کاریگەر، کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە، وەزیری بەرگریی ئێستای حکوومەتی فەڕەنسایه‌:Jean-Yves Le Darien. ئەم وەزیرە چەندین جار هاتووەته‌ هەرێمی کوردستان و بەرەکانی جەنگی دژی داعشی بەسەر کردۆتەوە. ئەم کەسایەتییە، بۆ سەرۆك ماکرۆن پاڵپشتێکی گرنگ بووە. ئەم وەزیرە، خۆی باسی لەوە کردووە ئەگەر سەرۆکی نوێ بیه‌وێ، دەبێتە "ڕاوێژکاری بەرگری" بۆ ماوەی پێنج ساڵی سەرۆکایەتیی ماکرۆن.

*     *     *

ئەوەی جێی خۆشحاڵيیە، دۆستە فەڕەنسییەکانی کوردستان، نزیک و دۆست و لایەنگری سەرۆکی نوێی فەڕەنسان. پێویستە بگوترێت، سەرۆك ماکرۆن خاوەن کەسایەتییەکی چالاك و کراوەیە. لێدان و لەناوبردنی داعش، بەرژەوەندیی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و فەڕەنسایە لە کاتی ئێستادا. لە سەردەمی سەرۆك ماکرۆن، بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی کوردستان و فەڕەنسایش، پێویستە زیاتر کاری لەسەر بکرێت. سەرۆك ماکرۆن، ئابووریناسێکی پلە یەکە. لە دوای جەنگی داعش، سەرۆکی نوێی فەڕەنسا، خەیاڵیکی زۆری لای پێشخستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان دەبێت. چاوەڕێیش دەکرێت کە سەرۆکی نوێ، بەردەوامی بە سیاسەتە دەرەکییەکانی سەرۆک ئۆلاند بدات.

بەڵام پێویستە چاوەڕوانی هەڵبژاردنێکی دیکەی فەڕەنسا بکەین؛ ئەمجارەیان بۆ پەرلەمانە، کە دوای مانگێکی تر بەڕێوە دەچێت. هەروەک باسمان کرد، بزاڤەکەی ماکرۆن بەفەرمی هیچ په‌رله‌مانتارێكی نییە. ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان، دەری دەخات کە تاچەند سەرۆك ماکرۆن دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی حکوومەتی نوێی فەڕەنسا پێک بهێنێت. لە حاڵەتێکدا، ئەگەر سەرۆك ماکرۆن نەیتوانی زۆرینەی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، ئەوا حکوومەتێکی جیاواز لە هزر و ئاراستەکانی سەرۆكی نوێ دروست دەبێت. ئەم حاڵەتەیش، بەڕێوه‌بردنی هەندێك دۆسیەی سیاسی لە فەڕەنسا زەحمەت دەکات. ئەگەر بەپێچەوانەوە بزاڤەکەی سەرۆکی نوێ، توانیی زۆرینەی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، ئەوا بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی بە ئاسانترین شێوە، دەستکراوە دەبێت. لەم حاڵەتەدا، لەبەرئەوەی دەنگدەرانی ماکرۆن زۆربەیان دەنگدەری سۆسیالیستەکانی فەڕەنسان، چاوەڕێ دەکرێت حزبی سۆسیالیستی فەڕەنسی، گورزێکی توندی بەرکەوێت: دەنگی پێویست بۆ پەرلەمانی فەڕەنسا نەهێنێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples