ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی
مەرجەکانی جێبەجێکردنی دادپەروەریی ڕاگوزاری
بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەریی ڕاگوزاری لەو کۆمەڵگهیانەی کە لە قۆناغی گوزەر لە سیستەمێکی دیکتاتۆرییهوه بۆ سیستەمێکی دیموکراتین، پێویستمان بە کۆمەڵێک پێشمەرج هەیە کە دەتوانین بەم جۆرەی خوارەوە ئاماژەیان پێ بکەین:
١) زەمینەسازیی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری: لە کۆمەڵگەکانی پاش ململانێ بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەریی ڕاگوزاری، پێویستە دۆخی زاڵ لەو کۆمەڵگەیانە لەبەرچاو بگیرێت. پاش گۆڕینی سیستەم، ئەو شەوق و سۆزەی کە لە کۆمەڵگە دروست بووە، نابێ کاریگەریی هەبێت لەسەر پرۆسەی جێبەجێکردنی دادپەروەریی ڕاگوزاری و ببێتە هۆی پیشێلکردنی مافەکان. لە ڕاستیدا پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاری، چەند ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی، دادوەری، سایکۆلۆژی و سیاسیی هەیە. بەم پێیە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە قەیرانەکانی سەردەمی جەنگ و تاوان تێ پەڕێنێت، تەنیا ڕێکارە دادوەرییەکان بەس نین وەک ئەوەی لە تاوانە ئاسایییەکاندا دەیبینین، بەڵکوو بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆژی و ڕۆشنبیری، کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی جێبەجێکردنی دادپەروەریی ڕاگوزاری هەیە. نابێ ئەو ورووژانەی کە بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵ بووە، ببێتە هۆی هەوراز و نشێو لە جێبەجێکردنی پرۆسەکە، بەڵکوو دەبێ بە جۆرێکی وا ڕەفتار بکرێت، کە جێبەجێکردنی دادپەروەریی ڕاگوزاری ببێتە گوتاری زاڵ لەناو ناخی کۆمەڵگە، یان لانی کەم لەناو چالاکوانانی کۆمەڵگەی شارستانی و ڕۆشنبیران. ئەم کارەیش پێویستی بە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە هەیە، کە دەبێ کار بۆ لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم بابەتە بکرێت.
٢) دۆزینەوەی ڕاستییەکان و بەدیکۆمێنتکردنی تاوانە ئەنجامدراوەکان (ئەنجامدەران و قوربانیان): یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی جێبەجێکردنی دادپەروەریی ڕاگوزاری ئەوەیە، کە تۆمەتبارکردنی هەر کەسێک دەبێ بەپێی ڕاستی و بەڵگە بێت، نەک لەسەر بنەمای گومان و لێکدانەوە. هەتا ئەو کاتەی تاوان و ڕاستییەکان ڕوون نەکرێنەوە، ناتوانین باس لە شتێک بکەین بە ناوی دادپەروەریی ڕاگوزاری. سەرەتا دەبێ تاوانەکان و ئەنجامدەران و قوربانییەکان دەستنیشان بکرێن، ئینجا دەتوانین باس لە قۆناغەکانی دیکە بکەین. لە ڕاستیدا جێبەجێکردنی پرۆسەی دۆزینەوەی ڕاسیتییەکان و بەدیکۆمێنتکردنی، بە واتای گەڕانەوە نییە بۆ ڕابردوو یاخود نوێکردنەوەی برینی قوربانییەکان، بەڵکوو ئەم ڕێکارانە دەبنە هۆی ئەوەی ئەم تاوانانە لە ویژدانی گشتیی کۆمەڵگە و لە دادگەی مێژوودا سەرکۆنە بکرێن و، ئازار و برینی ئەم تاوانانە ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی و گشتی وەربگرن و قورسایییەکەی لە ئەستۆی قوربانییەکان هەڵبگیرێت. هەر بۆیە دۆزینەوەی ڕاستییەکان، جگە لەوەی کە زەمینە بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی دواتری دادپەروەریی ڕاگوزاری خۆش دەکات، لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم تاوانانە بەفەرمی سەرکۆنە بکرێن و، ئازارەکان ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی وەربگرن و هەموو گەل تێیدا هاوبەش بن. لە جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیەدا هەموو دامودەزگەکانی دەوڵەت، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مهدهنی، ناوەندەکانی پەروەردە و فێرکردن، ڕاگەیاندن و هەموو قوربانیان و تەنانەت هاووڵاتیانی ئاساییش دەتوانن بەشدار بن و ڕۆڵی تێدا بگێڕن.
میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی دادپەروەریی ڕاگوزاری
هەروەک گوتمان سیستەمی دادپەروەریی ڕاگوزاری، وا دەخوازێت کە پیشێلکارانی مافی مرۆڤ سزای خۆیان وەربگرن، کە ئەمەیش بەبێ ئەنجامدانی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاری بەدی نایەت. خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە، کە ئەم میکانیزمانە لە ڕووی شێوازی پیادەکردن و جێبەجێکردن، دەکەونە ژێر کاریگەریی زەمینە و دۆخی کۆمەڵایەتیی هەر وڵاتێک؛ هەر بۆیە دەبێ ئەوە بزانین سەرەڕای بوونی ئەم میکانیزمانە، بەڵام بە کردەوە شێوازێکی یەکسان لە هەموو وڵاتاندا نییە و جیاوازی بەدی دەکرێت. خاڵی دیکە ئەوەیە کە ئەم میکانیزمانە تەواوکەری یەکترن؛ بۆ نموونە بەبێ کۆمیسیۆنی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، چاکسازیی دامەزراوەیی یان قەرەبووکردنەوە و دادگەییکردنی ژمارەیەکی کەمی تاوانباران، دەکرێ وەک جۆرێک لە تۆڵەکردنەوەی سیاسی لێک بدرێتەوە. لە خوارەوە ئاماژە بەو میکانیزمانە دەکەین کە لە پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاریدا جێبەجێ دەکرێن:
١) کۆمیسیۆنی ڕاستییەکان: بەردی بناغەی پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاری پێك دێنێت. مەبەست لە ڕاستی، خاڵی بەرامبەری نکۆڵیلێکردن و درۆیە؛ جێگرەوەیەک کە تێیدا ڕاستییەکان پەردەپۆش دەکرێن. بەبێ زانینی ڕاستییەکان و ڕوونکردنەوەی بنجوبناوانە تاریک و شاراوەکانی ڕابردووی پڕ لە ئازار، کۆمەڵگە ناتوانێت لە دۆخی قەیراناوی بەرەو کۆمەڵگەیەکی ساخلەم و ڕێکوپێک و یاساسەروەر هەنگاو بنێت. لە دوو دەیەی ڕابردوو، دروستکردنی ئەم جۆرە کۆمیسیۆنانە لەو وڵاتانەی کە ڕووبەڕووی گرژی بوونەوتەوە، باو بووە. لە ساڵی ١٩٧٤ هەتا ٢٠٠٥ بە لانی کەمەوە ٢٥ کۆمیسیۆنی ڕاستی لە سەرانسەری جیهان، هەر لە ئارژانتینەوە بگرە هەتا تەیمووری ڕۆژهەڵات و، لە سیێرالیۆنەوە بگرە هەتا سریلانکا پێک هاتووە و، یەکەمین شتێک کە سیاسەتوانان لە کۆمەڵگەیەکی ڕاگوزەری باسی لێوە دەکەن، پێکهێنانی کۆمیسیۆنی ڕاستییەکانە. ئەم کۆمیسیۆنانە، لە ڕاستیدا دامەزراوەیەکی کاتین کە پتر لە یەک یان دوو ساڵ ناخایەنێت و، زیاتر جەخت لەسەر ڕووداوەکانی ڕابردوو دەکەنەوە و لێی دەکۆڵنەوە. پاشان ئەم کۆمیسیۆنانە بە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک، دەرەنجام و ڕاسپاردەکانیان دەخەنە ڕوو، کە ئەمانەیش تیشک دەخەنە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بەپێی ستانداردەکانی مافی نێودەوڵەتیی مرۆڤدۆستانە. ئەم کۆمیسیۆنانە، تایبەتمەندی و دەسەڵاتی دادگەکانیان نییە و ناتوانن کەس سزا بدەن، بەڵکوو تەنیا دەتوانن ڕاسپاردە و پێشنیار بۆ حکوومەتەکان بخەنە ڕوو بۆ چاکسازیی زیاتر و قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان، کە جێبەجێکردن یان نەکردنی ئەو ڕاسپاردانە، دەکەوێتە سەر خواستی سیاسیی حکوومەتەکان.
٢) دادگەکان: کردارە دادوەرییەکان بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی تاوان کە بە دادپەروەریی سزایی ناسراوە، یەکێکە لەو بابەتانەیه کە لە پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاری زیاترین مشتومڕی لەسەر دەکرێت. لە لایەکەوە، خواستی قوربانیان بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی تاوان و لە لایەکی ترەوە، بەرهەڵستی و دەستڕۆییی ئەنجامدەرانی تاوان بۆ خۆبواردن لە سزا، کە هەندێ جار دەسەڵاتیان لەناو دامودەزگەی سیاسیی وڵاتیش هەیە، وا دەکات ئالینگارییەکی گەورە لە بەردەم پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاری دروست ببێت. بەو حاڵەیش، دادگەکان بە یەکێک لە گرنگترین میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی دادپەروەریی ڕاگوزاری دادەنرێن. لەم پرۆسەیەدا، دادگەکان بۆ سەر سێ جۆری ناوخۆیی، تایبەت و نێودەوڵەتی دابەش دەبن.
بەرپاکردنی دادگە ناوخۆیییەکان لە پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاری، یەکێکە لە شێوازەکانی هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕەفتارەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی پاش ململانێ. ئەم دادگەیانە، دەکرێ بە هاوکاری، یان بێ هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست بکرێت، بەڵام دەتوانن سوود لە دادوەرانی نێودەوڵەتی وەربگرن. ئەوان دەتوانن هەم کەڵک لە یاسا ناوخۆیییەکان وەربگرن و، هەم ڕێسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و پەیمانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش تێکەڵ بەم یاسایانە بکەن.
دادگە تایبەتەکانیش، بریتین لەو دادگەیانەی کە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر بنەمای پاژی حەوتەمی چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێک دێت، وەک دادگەی تایبەت بە یۆگۆسلاڤیا لە ساڵی ١٩٩٣ و، ڕواندا لە ساڵی ١٩٩٩. چوارچێوەی کاری ئەم دادگەیانە، تەنیا بریتییە لە وڵات یان کەیسێکی دیاریکراو و بۆ ماوەیەکی کاتی پێک دێت.
دادگە نێودەوڵەتییەکان، یەکێکن لەو دادگهیانەی کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە جێبەجێکردنی پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاریدا هەیە. ئەم دادگەیانەیش بۆ دوو جۆر دابەش دەبن، کە بریتین لە دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان و دادگە تێکەڵەکان یان نەوەی سێیەم. پەیڕەوی ناوخۆی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان لە ساڵی ١٩٩٨ پەسند کرا و لە تەمووزی ٢٠٠٢ دەستبەکار بوو، کە ئەمەیش بە وەرچەرخانێکی گرنگ لە پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاری دادەنرێ. دادگەکانی نەوەی سێیەم، بریتین لەو دادگە تێکەڵ و دووانەیییەی کە هەندێ جار بە دادگەی نێودەوڵەتییش دەناسرێن، وەک: دادگەی کامبۆدیا، کۆسۆڤۆ، تەیمووری ڕۆژهەڵات، لوبنان و سیرالیۆن. ئەم دادگەیانە، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو دەوڵەتە دێتە ئاراوە، کە تاوانەکە تێیدا ڕووی داوە و، تێکەڵاوێکە لە ڕێسا یاسایییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.
٣) قەرەبووکردنەوەی زیانەکان: لە گرنگترین بنەماکانی دادپەروەریی ڕاگوزاری، قەرەبووکردنەوەی قوربانیانە بە هۆی ئەو زیانانەی کە لێیان دەکەوێت، چونکە لەم پرۆسەیەدا ئەرکی دەوڵەتان تەنیا هەڵسوکەوت نییە دژ بە پێشێلکارانی مافی مرۆڤ، بەڵکوو دەبێت مافی قوربانیانیش لەبەرچاو بگیرێت. بەرنامەکانی قەرەبووکردنەوە، دەکرێ ماددی بن، وەک قەرەبووکردنەوەی دارایی و پاداشتی دارایی و خزمەتگوزاریی بەخۆڕایی، یان سەمبولیک بن، وەک لێبووردنی فەرمی لە زیانلێکەوتووان بە هۆی پێشێلکارییەکانی ڕابردوو. قەرەبووکردنەوە ڕێزلێنانە لە قوربانیان و، دەبێ ئەم پێنج تایبەتمەندییەی خوارەوەی تێدا بێت:
ئا) قەرەبووکردنەوەکە دەبێ بەگوێرەی پێویست بێت، چونکە قوربانیانیش پێویستیان بەوەیە کە ژیانی خۆیان بەرەو پێشەوە ببهن.
ب) قەرەبووکردنەوەکە دەبێت کاریگەر بێت و بەشی هەرەزۆری قوربانیان بگرێتەوە.
ج) قەرەبووکردنەوەکە دەبێ لە کات و ساتی خۆیدا بێت، چونکە قوربانیان پێویستیان بەوەیە لە چوارچێوەی خشتەیەکی زەمەنیدا مافەکانی خۆیان وەربگرن.
د) قەرەبووکردنەوەکە دەبێ ویستراو و بە سازان بێت، چونکە قوربانیان کەسانێکی لاوازن لەناو کۆمەڵگەدا.
ه) قەرەبووکردنەوەکە دەبێ جیاواز بێت، چونکە گرووپگەلێکی جیاواز بە هۆی توندوتیژییەوە تووشی زیان دەبن. هەر بۆیە، دەکرێت قەرەبووکردنەوەکە جیاواز بێت، وەک: پارە، کاڵا، خزمەتگوزاری، مافی هاووڵاتیبوون، لێبووردن و کۆڕی یادکردنەوە بۆ قوربانیان. بۆ نموونە لە ڕواندا، تاوانباران بەڵێنیان دا کە ماڵی پاشماوەکانی جینۆساید سەرلەنوێ چاک بکەنەوە. قەرەبووکردنەوە دەبێتە هۆی ئەوەی پرۆسەی متمانەسازی، دووبارە لە کۆمەڵگەدا جێگیر بکرێت.
٤) لێبووردنی گشتی: ئەم بابەتە، یەکێکە لە میکانیزمە پڕ لە مشتومڕەکانی دادپەروەریی ڕاگوزاری، کە تێیدا ژمارەیەک لە تاوانباران لە لایەن دەوڵەتەوە دەکەونە بەر لێبووردنی گشتی و سزا نادرێن. ئەم بابەتەیش، دەبێتە هۆی مشتومڕ، لەبەر ئەوەی مافی قوربانیان بۆ وەرگرتنی قەرەبوو پێشێل دەکات و لەگەڵ ئامانجەکانی یاسای نێودەوڵەتی بۆ سزادانی تاوانباران ناگونجێت. هەروا ئەم بیرۆکەیە دەخاتە ڕوو کە لەوانەیە تاوانە گەورەکان بێ سزا بمێننەوە؛ جگە لەمەیش لێبووردنی گشتی، لەوانەیە ببێتە هۆی پەرەپێدانی ترس، ناسەقامگیری و نەمانی ئاسایش لەناو کۆمەڵگەدا. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە، کە هیچ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی، بەڕاشکاوی نە لێبووردنی گشتی قەدەغە دەکات نە هانی دەدات، تەنیا پرۆتۆکۆلی دووەمی لکێندراو بە ڕێککەوتنەکانی جنێڤ، لە بارودۆخی جەنگی چەکداریی ناوخۆیی، هانی لێبووردن دەدات. بەم حاڵەیش، ئەم هاندانە بە واتای پاڵپشتیکردنی لێبووردن نییە لە کاتی پێشێلکردنی مافی نێودەوڵەتیی مرۆڤدۆستانەدا.
٥) پاکسازی: یەکێکی دیکە لە میکانیزمەکانی پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاری، پاکسازیکردنی دامودەزگەکانی دەوڵەتە لە ئەنجامدەرانی تاوان و پێشێلکارانی مافی مرۆڤ، چونکە مانەوەی ئەوان لەناو دامودەزگەکان دەبێتە بەربەستێکی گەورە لە بەردەم سەروەریی یاسا، چەسپاندنی ئاشتی، یەکترقبووڵکردن، دیموکراسی، دەستەبەرکردنی مافی مرۆڤ و پرۆسەی دەوڵەتسازی. ئەم میکانیزمە، دەتوانێ سەرلەنوێ متمانە بۆ کۆمەڵگە بگەڕێنێتەوە و ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ترسی تاکەکان. بۆ نموونە لە ئێلسالڤادۆر، کۆمیسیۆنی تایبەتی ئاشتی، بڕیاری دا بە لادانی ١٠٢ ئەفسەر کە لە کاتی جەنگی ناوخۆییی ئەو وڵاتەدا مافی مرۆڤیان پێشێل کردبوو. هەروا لە سربستان، لە ئایاری ٢٠٠٣ یاسای پاکسازی پەسند کرا، کە تێیدا هاتووە، پێشینەی بەرپرسان دەخرێنە ژێر لێکۆڵینەوە و ئەگەر بسەلمێت کە مافی مرۆڤیان پێشیل کردووە، ئەوا لە پۆستەکانیان لا دەدرێن و بۆ ماوەی پێنج ساڵی بەردەوام، وەرگرتنی هەر جۆرە پۆستێکیان لێ قەدەغە دەکرێت.
٦) چاکسازیی دامەزراوەیی: ئەم میکانیزمە، بەپێچەوانەی میکانیزمەکانی تر، دامودەزگەکان و سیستەم دەگرێتەوە و بریتییە لە چاکسازی لە بوارەکانی یاسایی، سەبازی، سیاسی، سزایی، دادوەری و ئاسایش، کە دەبێتە هۆی چەسپاندنی دەوڵەتی یاسا و ڕێگەگرتن لە سەرپێچی و جیاکاریی سیستهماتیک. چاکسازی لە سیستەمی دادوەری، یەکەمین هەنگاوە کە دەبێ هەر وڵاتێک لە قۆناغی گوزەر لە دیکتاتۆری بۆ دیموکراسی، هەڵی بگرێت. لە ئەفریقای باشوور، بە کۆتاییهاتنی سیستەمی ئاپارتاید لە سەرەتای دەیەی ١٩٩٠، سیستەمی یاسایی، سیاسی، سەربازی و ئاسایش گۆڕانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی؛ هەروا سیستەمێکی داوەریی نوێ هاتە ئاراوە کە تێیدا پێشێلکردنی سیستهماتیکی مافی مرۆڤ قەدەغە کرا. قۆناغی ڕاگوزاری، هەلێکی نوێ دەڕەخسێنێت بۆ پێداچوونەوە بە دەستوور و یاساکانی وڵات و، پتر لە نیوەی دەستوورەکانی جیهان پاش ساڵی ١٩٧٤ نووسراونەتەوە.
لەوانەیە لە کاتی ڕوودانی تاوان و پێشێلکاریی سیستهماتیکی مافی مرۆڤ، کۆمەڵە کەسانێک لەناو سیستەمی سیاسی- ئاسایشیی وڵات دەستیان لەو تاوانانەدا هەبووبێت؛ هەر بۆیە ئامادەییی ئەوان لەناو دامودەزگە گشتییەکان لە لایەن خەڵک و بەتایبەت قوربانیان، پەسندکراو نییە. بە مەبەستی بنیاتنانی سیستەمێکی کارگێڕی-سیاسیی سەقامگیر و دادپەروەرانە و گوزەری ئاشتییانە، پێویستە کە سیستەمی گشتی و سیستەمی سیاسی و ئاسایشیی وڵات چاکسازیی تێدا بکرێت.
٧) شێوازە نەریتییەکانی دادپەروەری: ئەمەیش بە یەکێک لەو میکانیزمانە دادەنرێت کە لە پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاریدا جێبەجێ دەکرێت، کە لەوانەیە لە هەر کۆمەڵگەیەک شێوازی تایبەت بە خۆی هەبێت. ئەم ڕێکارە، ڕاستییهكهی بریتییە لە دادگەیەکی نافەرمی کە پشت بە کۆمەڵێک ڕێوڕەسم و نەریتی ناو کۆمەڵگە دەبەستێت، کە دەتوانێت بۆ چارەسەرکردنی گرفت و گرژییەکانی ناو کۆمەڵگە سوودمەند بێت. سیستەمی نەریتیی دادپەروەریی ڕاگوزاری، کەڵک لە ڕێبەرانی ئایینی، ڕیشسپییان، بەرپرسانی لۆکاڵی و کەسانی جێی متمانەی کۆمەڵگە وەردەگرێت. ئەم کەسانە دەتوانن بە سەرنجدان بە کەلتووری گشتیی ئەو کۆمەڵگەیە و مەترسیی تاوانەکە، سزایەک بۆ تاوانباران دیاری بکەن کە لەگەڵ کۆمەڵگەکانی دیکەدا جیاواز بێت. لەم شێوازەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە، کە تاوانبار ئەندامێکە لە کۆمەڵگە، ئەگەرچی بە هۆی ئەو تاوانەی کە ئەنجامی داوە، دەبێ سزا بدرێت. ئەم میکانیزمە لە هەندێ وڵاتی وەک سیرالیۆن، ئۆگهندا، ڕواندا، مۆزامبیک کەڵکی لێ وەرگیراوە و، بە دادپەروەریی گەڕێندراوە (Restorative Justice) ناو دەبرێت.
ئەم میکانیزمە، بەپێچەوانەی میکانیزمەکانی تر، بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ شیاو نییە و، پتر بۆ تاوانە هەنووکەیییەکان بەکار دێت. هەروا ئەم میکانیزمە چەندین ڕەخنەی لێ گیراوە کە بریتین لەمانەی خوارەوە:
ئا) لە دەرەوەی سیستەمی یاساییی فەرمی دەجووڵێتەوە.
ب) بۆ چارەسەرکردنی تاوانی گەورەی وەک جینۆساید، تاوانەکانی جەنگ و دژەمرۆیی شیاو نییە.
ج) ئەم شێوازە نەریتییانە لەگەڵ ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی یەک ناگرنەوە؛ هەر بۆیە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتییش تەبا نین، بەتایبەت لە بواری مافی ئافرەتان.
بەم حاڵەیش، ئەم میکانیزمە هەندێ جار سەرکەوتوو بووە؛ بۆ نموونە لە مۆزامبیک ئەو کاتەی کە دادگەییکردن و کۆمیسیۆنەکانی ڕاستی ڕەت کرابوونەوە، میکانیزمە نەریتییەکان سەرکەوتنی باشیان لە چارەسەرکردنی کێشەکان بەدەست هێنا. هەروا لە تەیمووری ڕۆژهەڵاتیش، میکانیزمە نەریتییەکان لە ڕووداوی ئاگرتێبەردانی ماڵان لە لایەن هێزە سەربازییەکانەوە سوودبەخش بوون. بەگشتی دەتوانین بێژین، کە ئەم میکانیزمە بۆ تاوانە بچووکەکان دەتوانێ کاریگەر و بەکەڵک بێت، بەڵام بۆ تاوانە گەورەکانی لە چەشنی جینۆساید، میکانیزمەکانی دیکە دەتوانن سوودمەند بن.