سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری؛ لە تیۆرییەوە تا پراکتیک -بەشی سێیەم و کۆتایی  

 

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق

دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق، چەندین قۆناغی پڕهەرواز و نشێوی بڕیوە هەتا گەیشتووەتە قۆناغی ئەمڕۆ. لێرەدا بەکورتی باس لە قۆناغەکانی گەشەکردنی دەسەڵاتی دادوەری دەکەین لە عێراقدا بەم جۆرەی خوارەوە:

١) دەسەڵاتی دادوەری لە چەرخی عوسمانی

دەسەڵاتدارێتیی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی لە ساڵی ١٥١٦ هەتا سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەم (١٩١٤-١٩١٨) درێژەی کێشا و، لەو ماوەیەدا عێراق بەشێک بووە لەو ئیمپراتۆرییەتە و، سروشتییە کاروباری دادوەری لە عێراق لە لایەن ئەو حکوومەتەوە بەڕێوە چووە. لە سەرەتای حکوومەتی عوسمانییەوە هەتا سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمید لە ساڵی ١٨٣٩، یاساکانی عوسمانی لە یاسازانیی ئیسلامییەوە وەرگیرابوون. لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم، پاش دەرچوونی "خەتی گوڵخانە" و "خەتی هومایوونی" لە ساڵی ١٨٥٦ و هەتا کۆتاییی جەنگی جیهانیی یەکەم، فرەیی لە یاسادانان و دووانەیی لە دادوەری هاتە ئاراوە و یاساکان کەوتنە ژێر کاریگەریی یاسازانیی ڕۆژاوایی. دەستووری عوسمانی لە (١٨٧٦-١٩٠٨)، جەختی لەسەر بنەما سەرەکییەکانی کاری دادوەری دەکردەوە و، لە بەندەکانی (٨١-٩١) باسی لە دادگەکان کردووە و بەسەر دوو جۆری شەرعی و سەربازییدا دابەشی کردوون. دادوەری لەو سەردەمەدا بنەمایەکی ڕوون و دیاری نەبووە و، دادوەر بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سوڵتان دامەزراوە و، پاشان ئەم سیستەمە گەشەی کرد و پۆستی "شەیخولئیسلام" و "موفتیی پایتەخت" دانرا، کە ئەرکی فەتوادان و دامەزراندنی دادوەری لە ئەستۆ بوو. دواتر پۆستی "قازی عەسکەر" دامەزرا، کە وەک دادوەری دادوەران (قاضي القضاة) بووە و، پێگەیەکی گرنگی هەبووە و دادوەری هەرێمەکانی دادەمەزراند و و چەندین جێگری هەبوو. پێکهاتەی دادوەرییش لە عێراق، هەتا سەردەمی داگیرکاریی بریتانیا بەشێک بووە لە پێکهاتەی دادوەریی عوسمانی و، شتێک بە ناوی دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ لە ئارادا نەبووە و، کاری دادوەری بەشێک بووە لە کاری دەزگەکانی دەوڵەتی عوسمانی.

٢) دەسەڵاتی دادوەری لە قۆناغی داگیرکاریی بریتانیا

دادوەری لەم قۆناغەدا، لەژێر سەرپەرشتیی دەسەڵاتی سەربازیی بریتانیادا بووە و، بەم پێیە دەسەڵاتی سەربازیی بریتانیا، کۆمەڵێک یاسا و ڕێنماییی دەرکرد و جێی یاساکانی سەردەمی عوسمانیی گرتەوە. یاسا و پێکهاتەی دادوەری گۆڕانی بەسەردا هات و، یاسای عێراقی (Iraqi Cod) دەرچوو، کە لەژێر کاریگەریی یاساکانی هیندستاندا بوو و لە عەمارە و ناسریە پیادە دەکرا. لە دەرەوەی ئەو ناوچانە، سیستەمی ناکۆکییە خێڵەکییەکان پیادە دەکرا، کە لە لایەن فەرمانڕەوای بریتانی "هێنری دۆبس" دانرابوو. پاشان کە دەسەڵاتی بریتانیا فراوان بوو و سەرتاسەری عێراقی گرتەوە و، بەڕێوەبردنی شارستانیی بریتانی دامەزرا، داوایان لە "ئیدکار بۆنهام کارتەر" کرد کە کاروباری دادوەری ڕێک بخات. ناوبراویش، راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەمبارەیەوە پێشکەش کرد، کە بووە بنەمای دامەزراندنی دادگەکانی عێراق لە ٢٨/١٢/١٩١٧ و، تێیدا دادوەرانی بریتانی و عێراقی بەشدارییان لە دروستکردن و دەستبەکاربوونی ئەم دادگەیانەدا کرد. لە ڕووی پێکهاتەیییەوە، ئەوکاتیش دەسەڵاتێکی دادوەریی سەربەخۆ نەبووە و، وەزیری داد و وەزیری ناوخۆ و فەرمانڕەوای سەربازی دەستوەردانیان لە کاری دادوەریدا کردووە و، دادوەرییش باوانداریی (ولایة) گشتیی نەبووە. (ئەمە ڕێسایەکە لە کاری دادگەکان و بەو واتایە دێت کە دادگە دەسەڵاتی بەسەر هەموو کەس و لایەنێکدا هەیە و، دەسەڵاتی بینین و بڕیاردانی لەسەر هەموو کێشەکان هەیە.)

٣) دەسەڵاتی دادوەری لە چەرخی پاشایەتی

پاش سەربەخۆییی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ١٩٢١ و دروستبوونی سیستەمی پاشایەتی لەم وڵاتە، یاسادانان لە ئەرکە لەپێشینەکانی ئەو دەوڵەتە نەبووە و، دەسەڵاتی نوێ میراتگری حوکمڕانیی عوسمانی و بریتانی بوو و، لەو سەردەمەیشدا بیرۆکەی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دادوەریی سەربەخۆ لە ئارادا نەبووە. لە سەرەتا، پشت بە یاساکانی سەردەمی عوسمانی و داگیرکاریی بریتانیا دەبەسترا، کە بە ڕاگەیەندراوی دادگەکان (بیان المحاکم) بەناوبانگ بوو. پاش دانانی دەستووری عێراق لە ساڵی ١٩٢٥، دەروازەی پێنجەم تەرخان کرا بە کاروباری دادوەری و لە بەندی (٧١)دا هاتووە، کە نابێ دەستوەردان لە کاروباری دادگەکاندا بکرێت. 

٤) دەسەڵاتی دادوەری لە چەرخی کۆماری

پاش کوده‌تای (١٤)ی تەمووز، هەوڵ درا سەرلەنوێ داڕشتنەوە بۆ ڕۆڵی دادوەری بکرێت و، مشتومڕەکە لەسەر ئەوە بوو، کە ئایا دادەوەری سەربەخۆ بێت یان وەک خۆی بمێنێتەوە، کە سەرەنجام لە دەستووری ١٩٥٨ بە دەزگەی دادوەری ناوی هات، کە ئەمەیش واتای ئەوەیە کە دادوەری بەشێکە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن. لە دەستووری ساڵی ١٩٦٤، دادوەری وەک دەسەڵات ناوی هاتووە، کە ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە ئاراستەکە بەرەو ئەوە گۆڕاوە، کە دادوەری لە دەزگەوە بکرێتە دەسەڵات و، یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە (٢٦)ی ساڵی ١٩٦٣ جەختی لەسەر کردووەتەوە. هەر بۆیە، پاشان ئەنجومەنی دادوەری بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی دادگەی تەمیز دامەزرا. لە دەستووری ساڵی ١٩٦٨یش جەخت لەسە سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری کراوەتەوە، بەڵام گۆرانی سەرەکی لە دەستووری ساڵی ١٩٧٠ هاتە ئاراوە، کە بە ڕاشکاوی باس لە یەکێتیی دەسەڵاتەکان دەکات لە بری جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، کە ئەمەیش بووە هۆی شکستهێنانی هەموو هەوڵەکانی پێشوو بۆ سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری و، جارێکی تر دادگەکان خرانە ژێر دەسەڵاتی وەزیری داد و دەسەڵاتی جێبەجێکردن.

٥) دەسەڵاتی دادوەری پاش ساڵی ٢٠٠٣

لەم قۆناغەدا، لە ڕووی تیۆرییەوە سەرەتاکانی لەدایکبوونی چەمکی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری سەریان هەڵدا. بۆ ئەم مەبەستە، لە سەردەمی دەسەڵاتی کاتیی هەوپەیمانان بە فەرمانی ژمارە (٣٥/١٨/٢٠٠٣) جەخت لەسەر سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری و سەرلەنوێ ڕێکخستەوەی دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ کرایەوە. هەروا لە یاداشتی ژمارە (١٢/٢٠٠٤) لەژێر ناوی بەڕێوەبردنی سیستەمی دادوەریی سەربەخۆ، باس لە خاڵەکانی وەدیهێنەری ئەم سەربەخۆیییە کراوە لەوانەیش: بوودجە، فەرمانبەران، کەرەستەکان و جێگرتنەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری لە بری وەزیری داد لە هەموو یاساکاندا، کە ئەمانەیش بوونە سەرەتایەکی ڕواڵەتیی باش بۆ سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری.      

پاش دەرچوونی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە قۆناغی ڕاگوزاری لە ساڵی ٢٠٠٤ لە بەندی (٤٣)دا دەڵێت: "دادوەری سەربەخۆیە و بە شێوازێک لە شێوازەکان لە لایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردن و لەوانەیش وەزارەتی داد بەڕێوە ناچێت و، دادوەری سەڵاحییەتی تەواوی هەیە بە شێوەیەکی پاوانکراو (حصري) بۆ بڕیاردان لە بێتاوانیی تۆمەتبار یان ئیدانەکردنی بەپێی یاسا، بەبێ دەستوەردانی هەر دوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان". هەروا بەپێی بەندی (٤٥)ی هەمان یاسا ئەنجومەنی دادوەری دامەزرا، کە ئەرکی بەڕێوەبردنی دادگەکانی لە ئەستۆدایە.

پاش دەرچوونی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥، بنەماکانی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری بەهێزتر کران (ئەگەرچی بە شێوازی ڕواڵەتییش بێت)، چونکە دەقەکانی دەستوور بەردی بناغەی دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ بنیات دەنێن. لە دەروازەی سێیەم/ فەسڵی سێیەم لە بەندەکانی (٨٧-٩٤) دادوەری وەک دەسەڵات ناو براوە و لە بەندی (٨٧)دا دەڵێت: "دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە و، دادگەکان بەڕێوە دەبات بە جیاوازیی جۆر و پلەکانیانەوە و، بڕیارەکانی بەپێی یاسا دەردەکات." هەروا لە بەندی (٨٨)دا دەڵێت: "دادوەران سەربەخۆن و لە دادوەریکردنیاندا جگە لە یاسا ملکەچی کەس نین و، هیچ دەسەڵاتێک بۆی نییە دەستوەردان لە دادوەری و کاروباری دادپەروەریدا بکات." هەروا لە بەندەکانی (٩٢-٩٤) باس لە پێکهێنانی دادگەی باڵای فیدراڵی دەکات. بەم جۆرە دەردەکەوێت، کە دەستووری عێراقی دانی بەوەدا ناوە کە دادوەری دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە و، بەربەستی ڕواڵەتیی لە بەردەم دروستبوونی دەسەڵاتێکی دادوەریی سەربەخۆدا هەڵگرتووە و، سەرکەوتوو بووە لە بنیاتنانی تیۆریی دەسەڵاتێکی دادوەریی سەربەخۆ.

دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان

هەرێمی کوردستانیش هەروەک دەوڵەتی عێراق، ساڵانێکی زۆر سەر بە دەوڵەتی عوسمانی بووە و، پاشان کەوتۆتە ژێر داگیرکاریی بریتانیا و، پاش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ١٩٢١ کوردستانی باشوور کە ئەوکات بە ویلایەتی مووسڵ دەناسرا، لە ساڵی ١٩٢٥ بە دەوڵەتی عێراقەوە لکێندرا. هەر بۆیە، کاروباری دادوەریی کوردستانیش لەو ساڵانەدا بە هەمان قۆناغەکانی دەوڵەتی عێراقدا تێ پەڕیوە؛ بۆیە لێرەدا دووبارەی ناکەینەوە. ئەوەی کە هەیە سیستەمێکی دادوەریی جیا لە عێراق لە ڕووی ڕواڵەتییەوە (نەک ناوەڕۆک) پاش ساڵی ١٩٩٢ دامەزرا، کە لێرەدا باسی لێوە دەکەین.

پاش کشانەوەی دامودەزگەکانی حکوومەتی عێراق لە کوردستان پاش ساڵی ١٩٩١ و پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم لە ساڵی ١٩٩٢، یاسای وەزارەتی داد ژمارە (١٢) ساڵی ١٩٩٢ دەرچوو، کە بەپێی بەندی (٥) دادگەکان سەر بە وەزارەتی داد بوون؛ واتە دەسەڵاتێکی سەربەخۆی دادوەری لە ئارادا نەبووە، بەڵکوو دادگەکان بەشێک بوون لە وەزارەتی داد و دەسەڵاتی جێبەجێکردن. هەرچەندە یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە (١٤) ساڵی ١٩٩٢ لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوو و، لە بەندی (١)ی خۆیدا دەڵێت: "دادگەکان سەربەخۆن و جگە لە یاسا ملکەچی کەس نین و، نابێت هیچ دەسەڵات یان کەسێک دەستوەردان لە سەربەخۆییی دادوەری یان کاروباری دادپەروەریدا بکات"، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبینین، کە دادگەکان بەئاشکرا سەر بە وەزارەتی داد و دەسەڵاتی جێبەجێکردنن و دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ دانەمەزرا. هەر بۆیە، ئەم سەربەخۆیییە تەنانەت لە ڕووی ڕواڵەتییشەوە بوونی نەبووە. ئەم یاسایە پتر لەوەی کە دەسەڵاتێکی دادوەریی سەربەخۆ دروست بکات، تەنیا باس لە ڕێکخستن و شێوازی کاری دادگەکان دەکات.

پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و، دەرچوونی دەستووری عێراقی لە ساڵی ٢٠٠٥ و دامەزراندنی دەسەڵاتی دادوەری بەگوێرەی دەستوور، لە بەندی (١٢١)ی دەستووردا دەڵێت: "دەسەڵاتی هەرێمەکان مافی مومارەسەکردنی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرییان هەیە بەگوێرەی ئەحکامەکانی ئەم دەستوورە، جگە لەو دەسەڵاتانەی کە تایبەتن بە دەسەڵاتی فیدراڵی." بەم پێیە و بۆ وەڵامدانەوەی خواستەکانی هەرێمی کوردستان لە دامەزراندنی دەسەڵاتی دادوەری، یاسای دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان ژمارە (٢٣) ساڵی ٢٠٠٧ دەرچوو و، بەو پێیە دادگەکان لە وەزارەتی داد جیا کرانەوە و خرانە سەر ئەنجومەنی دادوەری. بەپێی بەندی (٣٣) لە یاساکە، ئەنجومەنی دادوەری بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمی کوردستان، کە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێم بەڕێوە دەچێت.

ئەوەی جێی سەرنجە، سەرەڕای ئەوەی کە سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هاوتای سەرۆکی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنە، کەچی لە بەندی (٣٨)ی یاساکەدا هاتووە، کە سەرۆکی دادگەی پێداچوونەوە، کە لە هەمان کاتدا سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەرییشە بە پلەی وەزیر دەبێ و مووچە و دەرماڵەی وەزیر وەردەگرێت؛ کە ئەمە هەڵەیەکی زەقی یاسایی و پرۆتۆکۆلییە. لە بەندی (٢)ی یاساکەدا هاتووە: "دادوەری سەربەخۆیە و لە یاسا بەو لاوە ملکەچی هیچ دەسەڵاتێک نییە".

ئەوەی جێی ئاماژەیە، لە ڕووی ڕواڵەتییەوە، بنەماکانی بیناتنانی دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە، هەرچەندە پێویستی بە چاککردن و هەموارکردن هەیە بۆ ئەوەی تۆکمەتر و پتەوتر بکرێت. ئەوەی کە دەمێنێتەوە ئەوەیە، هەوڵی کرداری بدرێت بۆ چەسپاندنی ئەم بنەمایانە لە واقعی ئەمڕۆی کوردستاندا، بۆ ئەوەی دەسەڵاتێکی دادوەریی سەربەخۆ بێتە ئاراوە، کە بێ گومان ڕۆڵیکی گرنگ و کاریگەری لە چەسپاندنی دەوڵەتی یاسا و بەدیهێنانی دادپەروەریدا دەبێت. 

بەربەستەکانی بەردەم سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری

هەروەک پێشتر باسمان کرد، سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری لە دیکۆمێنتە نێودەوڵەتییەکان و دەستووری وڵاتاندا جەختی لەسەر کراوەتەوە. بابەتی سەربەخۆییی دادوەری، پتر لەوەی ئیمتیازێک بێت بۆ دادوەر، گەرەنتییە بۆ مافی هاووڵاتیان. بەڵام ڕێگەی سەربەخۆییی دادوەری بە گوڵ نەچێنراوە و چەندین ئاستەنگی جۆراوجۆر لە بەردەم چەسپاندنی ئەم بنەما دەستوورییەدا هەیە، کە لێرەدا بەپێی دەرفەت ئاماژەیان پێ دەکەین:

١) نەبوونی بوودجەی سەربەخۆ: یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری ئەوەیە، کە ئەم دەسەڵاتە بوودجەی سەربەخۆی هەبێت و دوور بێت لە دەستوەردانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن. سەربەخۆییی دارایی، دەبێتە هۆی پاراستنی دەسەڵاتی دادوەری و لێ ناگەڕێت بکەوێتە ژێر ڕەحمەتی دەسەڵاتەکانی تر، کە ئەمەیش ڕێگری دەکات لە دەستوەردانی ئەو دەسەڵاتانە لە کاروباری دادوەری. لە بەندی (٩١/سێیەم) لە دەستووری عێراقی  و بەندی (٣/دووەم) لە یاسای ئەنجومەنی باڵای دادوەری ژمارە (١١٢) ساڵی ٢٠١٢ باس لەوە دەکات، کە پرۆژەی بوودجەی ساڵانەی دەسەڵاتی دادوەری لە لایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییه‌وه‌ ئامادە دەکرێت و دەخرێتە بەردەستی پەرلەمان بۆ پەسندکردن. هەروا لە بەندی چوارەم لە یاسای دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان ژمارە (٢٣) ساڵی ٢٠٠٧دا هاتووە: "دەسەڵاتی دادوەری بوودجەیەکی تایبەتی هەیە و لە لایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە ئامادە دەکرێت و دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان-عێراق بۆ پەسندکردنی و دەبێتە پاشکۆی بوودجەی گشتیی هەرێم."

بوودجەی دەسەڵاتی دادوەری، دەبێ بە جۆرێک بێت کە بتوانێ دۆخی دارایی، بژێوی، خۆشگوزەرانیی دادوەران، لێکۆڵەرانی دادوەری و سەرجەم فەرمانبەرانی ئەو دەسەڵاتە دابین بکات و، هەروا بتوانێ کاروباری ڕۆژانەی دادگەکان بە باشترین شێواز بەڕێوە ببات. گرنگیی ئەم بوودجەیە بە جۆرێکە، کە تەنانەت نابێ دەوڵەت لە دۆخە کتوپڕەکان و قەیرانە ئابوورییەکاندا دەست بۆ بوودجەی ئەم دەسەڵاتە ببات و لێی کەم بکاتەوە. بۆ نموونە لە ئەمریکا بوودجەی هەر دوو دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانان بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە بوودجەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن ئامادە دەکرێت و هەموو ساڵێک پێش ١١ ئۆکتۆبەر دەدرێتە سەرۆککۆمار و، ئەویش دەبێ بێ هیچ گۆڕانکارییەک، لە بوودجەدا بیگونجێنێت.  

سەرەڕای بوونی دەقی دەستووری و یاسایی بۆ بوودجەی تایبەت بە دەسەڵاتی دادوەری، بەڵام لە واقعی کرداریدا ئەوەی لە عێراق و کوردستاندا دەبینرێت پێچەوانەیە و، ئەم دەسەڵاتە بوودجەی تایبەت بە خۆی نییە و سەربەخۆییی داراییی بۆ دەستەبەر نەکراوە، کە ئەمەیش وا دەکات ئەم دەسەڵاته‌ بەردەوام لەژێر ڕەحمەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا بێت.

٢) دەستوەردانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە کێشە و داواکاندا: لە قۆناغی لێکۆڵینەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەشێک لە ڕۆڵی لێکۆڵینەوە دراوە بە پۆلیس کە بەشێکە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە بابەتێکی دادوەریی پەتییە. هەر بۆیە سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری بەو واتایە دێت، کە نابێ دەسەڵاتی جێبەجێکردن  دەستوەردان بکات لەو بابەتانەی کە بەتایبەتمەندی و ئەرکی دەسەڵاتی دادوەری دادەنرێت؛ چ لە ڕووی یەکلاییکردنەوەی کێشەکان بێت و چ لە ڕووی ڕێکارەکان یان کاریگەریدانان لە ڕێڕەوی کێشەکان بێت. هەروا هەندێ جار، بڕیارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن گرفت لە بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەدا دروست دەکەن، کە ئەمەیش دەبێتە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دوو دەسەڵاتەکە، کە بە هۆی باڵادەستیی دەسەڵاتی جێبەجێکردنه‌وه‌ بە زۆری بابەتەکە لە قازانجی ئەوان یەکلایی دەبێتەوە.  

٣) نەبوونی پۆلیسی دادوەری: ئەو بڕیارانەی کە لە لایەن دادگەکانەوە دەردەچێت، دەبێ لە لایەن پۆلیسەوە جێبەجێ بکرێن، بەڵام بە هۆی ئەوەی پۆلیس سەر بە وەزارەتی ناوخۆن، ئەمەیش وا دەکات هەندێ جار پتر لەوەی گوێڕایەلی دەسەڵاتی دادوەری بن، گوێڕایەلی بەرپرسان خۆیان بن لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، کە بێ گومان ئەمەیش گرفت لە بەردەم دادوەری و بڕیارەکانیدا دروست دەکات و سەربەخۆییی ئەم دەسەڵاتە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. هەر بۆیە پێویستە دەسەڵاتی دادوەری، پۆلیسی دادوەریی تایبەت بە خۆی هەبێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە دستوەردانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە کاروباری دادوەری و، پاراستنی سەربەخۆییی بڕیارەکانی ئەم دەسەڵاتە بکرێت.

٤) دەستوەردانی لایەنە سیاسییەکان لە کاروباری دادوەری: بە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان و عێراقیش، تاکوو ئێستا نەبوونەتە وڵاتێکی دامەزراوەیی کە تێیدا یاسا سەروەر و باڵادەست بێت، هەر بۆیە لایەنە سیاسییەکان ڕۆڵێکی کاریگەرییان لەسەر کاروباری دادوەری هەیە و، هەندێ جار دەستوەردان لە کێشە و داواکاندا دەکەن بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەیان لە قازانجی لایەنێکی کێشەکە، کە بێ گومان ئەمەیش ڕۆڵێکی نەرێنیی دەبێت لە پاراستنی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری. هەروا هەندێ لە لایەنە سیاسییەکان ده‌ستیان بە دامەزراندنی نووسینگەی کاروباری کۆمەڵایەتی كردووه‌، کە تا ڕاددەیەک کارێکی هاوتەریی دادگەکان دەکەن و، دەستوەردان لەو کێشانەدا دەکەن کە لە ڕیزی کار و ئەرکەکانی دادوەریدایە.

٥) کەلتووری خێڵەکی: بە هۆی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ئەم کۆمەڵگەیە، کەلتووری خێڵەکی لە زۆر شوێندا باڵادەستە، کە دەبێته‌ ڕێگر لە بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگە، بەتایبەت لەو کێشانەی کە کاریگەریی زۆریان هەیە لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگە وەک: کوشتن، دزی، شەڕ و لێدان و هتد. کەلتوور و نەریتی خێڵەکی، جۆرێک لە گوشار و هەڕەشە لەسەر لایەنەکانی داوا دروست دەکات و ناچاریان دەکات بە وازهێنان لە داواکەیان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە دەرەوەی دادگە؛ کە ئەمەیش بەربەست لە بەردەم ڕێکارە یاساییەکاندا دروست دەکات و، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی لاوازبوونی ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری.

٦) لاوازیی ئیمکانیاتی مرۆیی و ماددیی دەسەڵاتی دادوەری: بەشێکی هەرە گرنگی کاری دادوەری، بە هەبوونی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ بەڕێوە دەچێت و پێویستە لە ڕووی توانا و ژمارەوە ئەو کەسانە لە ئاست ستانداردە جیهانییەکاندا بن، هەتا بتوانن کار و ئەرکەکانیان بەباشی جێبەجێ بکەن؛ هەر لە دادوەر و لێکۆڵەری دادوەرییەوە بگرە هەتا فەرمانبەرانی دیکەی دەسەڵاتی دادوەری. بۆ نموونە، ڕیژەی دادوەران لە هەرێمی کوردستان نیوەی ستانداردی جیهانییە، کە ئەمەیش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر باشتر بەڕێوەچوونی ئەرکەکانی دەسەڵاتی دادوەریدا دەبێت. هەروا هەبوونی ئیمکانیاتی ماددیی پێویست، وەک تەلاری شیاو و هاوچەرخ بۆ دادگەکان و بەئەلیکترۆنیکردنی کاری دادگەکان و بوونی دامودەزگە و کەرەستەی پێشکەوتووی پێویست (بەتایبەت لە قۆناغی لیکۆڵینەوە) و... لە ڕیزی ئەو پێداویستییە هەنووکەیییانەن، کە بەداخەوە وەک پێویست لەبەردەستدا نین. بێ گومان ئەمەیش کاریگەریی نەرێنیی زۆری هەیە لەسەر باشتر بەڕێوەچوونی کارەکانی ئەم دەسەڵاتە و، پاراستنی سەربەخۆیی و، بەدیهێنانی دادپەروەری وەک ئامانجێکی بنەڕەتیی ئەم دەسەڵاتە.

کۆبەند

پاش ئەوەی لە سێ بەشدا کۆمەڵێک باس و بابەتی تایبەت بە دەسەڵاتی دادوەریمان، وەک دەسەڵاتێکی گرنگ و بنچینەیی لە هەر دەوڵەتێکدا، خستە ڕوو، لە کۆتاییدا گەیشتینە ئەو ئەنجامە، کە لە ڕووی ڕواڵەتی و لە چوارچێوەی دەقەکانی دەستوور و یاسادا، چ لە عێراق و چ لە هەرێمی کوردستان، هەنگاوی باش بۆ بنیاتنانی دەسەڵاتێکی دادوەریی سەربەخۆ نراوە، بەڵام ئەوەی کە گرفتە، پیادەکردنی ئەو دەق و گەرەنتییە دەستووری و یاسایییانەیە لەسەر زەمینەی واقع. لە ڕووی کردارییەوە، دەسەڵاتی دادوەری هێشتا نەیتوانیوە ببێتە دەسەڵاتێکی هاوشانی دوو دەسەڵاتەکەی تر، کە بێ گومان دەسەڵاتی جێبەجێکردن بە حوکمی واقعی مێژووییی عێراق و هەرێمی کوردستان باڵادەستیی زیاترە. خەونی بەدیهێنانی دادپەروەری، وەک ئامانجێکی گەورە و پیرۆزی مرۆیی لە گرەوی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دادوەریی سەربەخۆدایە.

  

 

سەرچاوەکان:

١) بکر قادر محمد، استقلال القضاء في الفقە الإسلامي والقانون الوضعي، دار السنهوري،  بیروت، ٢٠١٧.

٢) زیلابدي حوریة، استقلالیة السلطة القضائیة، شهادة الماجستیر في القانون، كلیة الحقوق، جامعة الجزائر ١، السنة الجامعیة ٢٠١٤-٢٠١٥.

٣) سوران علي حسن، التنظیم القانوني للوحدات الفدرالیة في العراق، مرکز ژیر للطبع والنشر، اربیل، ٢٠١٧.

٤) سيبان جميل مصطفى الاتروشي، مبدأ استقلال القضاء ((دراسة دستورية مقارنة))، رسالة ماجستیر المقدمة الی کلیة القانون في جامعة الموصل، ٢٠٠٣.

٥) عبدالکریم یحیی الزیباري، السلطة القضائیة بین الاستقلال والاستغلال، منظمة نشر الثقافة القانونیة، اربیل، ٢٠٠٦.

٦) عبدالله رجبي و اسماعيل كريميان، مسند قضا و استقلال قضايی، پژوهشنامە حقوقی، تهران، سال اول، شمارە اول، پاییز ١٣٨٩.

٧) کرمانج یونس و بختیار غفور البالکي، مبادیء القضاء المستقل، اتحاد حقوقیي کوردستان، اربیل، ٢٠٠٦.

٨) محمد جعفر حبیب زادە و دیگران، استقلال قضائی در نظام حقوقی ایران با مطالعە تطبیقی، مجلە پژوهشهای حقوق تطبیقی، دورە ١٤، شمارە ٤، زمستان ١٣٨٩.

٩) مسعود نذیري، ضمانات استقلالیة السلطة القضائیة في ظل التعدیل الدستوري لسنة ٢٠١٦، رسالة الماجستیر، جامعة محمد بوضیاف، الجزائر، ٢٠١٦/٢٠١٧.

١٠) مسلم اقایی طوق، بررسی وضعیت بودجە قوە قضائیە در پرتو اصول قانون اساسی، پژوهشگاە قوە قضائیە، تهران، ١٣٩٢.

١١) المبادئ الدولية المتعلقة بإستقلال ومسؤولية القضاة والمحامين وممثلي النيابة العامة، دليل الممارسين، اللجنة الدولية للحقوقيين، جنيف، ٢٠٠٧.

١٢) مبادئ أساسية بشأن استقلال السلطة القضائية، اعتمدت ونشرت علي الملأ بموجب قراري الجمعية العامة للأمم المتحدة ٤٠/٣٢ المؤرخ في ٢٩ تشرين الثاني/نوفمبر١٩٨٥ و ٤٠/١٤٦ المؤرخ في ١٣ كانون الأول/ديسمبر ١٩٨٥.

١٣) دستور العراقي عام ٢٠٠٥.

١٤) قانون مجلس القضاء الاعلى رقم (١١٢) لسنة ٢٠١٢.

١٥) یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە (١٤) ساڵی ١٩٩٢.

١٦) یاسای دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی کوردستان ژمارە (٢٣) ساڵی ٢٠٠٧.

١٧) یاسای وەزارەتی داد ژمارە (١٢) ساڵی ١٩٩٢.

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples