دەوری دەوڵەتان و نەتەوەسازی

"دەبێ فێرە سیاسەت و جەنگ ببم هەتا منداڵەکانم بەئازادی فێری بیرکاری و فەلسەفە ببن... هەتا ئەوانیش مافی فێربوونی وێنەکێشان، شیعر، مۆسیقا و تەلارسازی بۆ منداڵەکانیان دەستەبەر بکەن.جۆن ئادامز، ١٧٨٩ *

 

پێشەکی:

لە دەیەی حەفتا بەدواوە تیۆرییەکانی دەوڵەتسازی، لەناو ئەدەبیاتی یاسایی- سیاسیدا پەرەی سەندووە و گرنگیی تایبەتییان پێ دراوە. دەوڵەت، بە دامەزراندنی کۆمەڵێک دامودەزگای کارگێڕی، دارایی، دادوەری و سەربازی، بە شێوەیەکی یاسایی بڕیارەکانی خۆی لە چوارچێوەی وڵات و جوگرافیایەکی دیاریکراودا جێبەجێ دەکات. هزری دروستبوونی دەوڵەت، بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندیی بە گەشەکردنی چەمکی کۆمەڵگای مرۆیییەوە هەیە. سەرچاوەی ئەم هزرە، دەگەڕێتەوە بۆ پێویستییەکانی مرۆڤ بۆ هاوکاریکردنی یەکتر لە چوارچێوەی کۆمەڵگادا. پێداویستییە مرۆیی، ئابووری و ئاسایشییەکانی مرۆڤ، لە سەرەتادا پاڵنەر بوون بۆ دروستبوونی خێزان و پاشان هۆز و ئینجا گوند و شار و پاشان دەوڵەت، بۆ ئەوەی بتوانێ زیاترین پێداویستییەکانی خۆی دەستەبەر بکات.

لە چەند ساڵی ڕابردوو، بەتایبەت پاش هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و داگیرکردنی نزیکەی ٤٠٪ی خاکی ئەم وڵاتە، پرسی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، هەموو کات بابەتێکی گەرمی خەڵک، میدیا، ناوەندە یاسایی، سیاسی و ستراتیژییەکان و... بووە. هەر کەس و لایەنێک لە گۆشەنیگا و بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی، لێکدانەوەی جیاوازی بۆ ئەم پرسە کردووە. دەوڵەت، یەکەیەکی سیاسییە بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵات و باڵادەستیی ئەوی تر. بۆ زیاتر تیشکخستنەسەر ئەم بابەتە و لێکدانەوەی لایەنە جۆراجۆرەکانی، وتارەکەمان بەسەر چەند تەوەرێکدا دابەش دەکەین، بەم جۆرەی خوارەوە:

  • - مێژووی دروستبوونی دەوڵەت
  • - چەمک و واتای دەوڵەت
  • - مافی چارەی خۆنووسین و پرۆسەی دەوڵەتسازی
  • - تیۆرییەکانی دروستبوونی دەوڵەت

٥- شێوازەکانی دروستبوونی دەوڵەت

  •  

١- مێژووی دروستبوونی دەوڵەت

ڕاستییه‌كه‌ی، شتێکی دژوارە کە بتوانین مێژوویەکی ورد بۆ سەرهەڵدانی دەوڵەت دیاری بکەین. زۆربەی توێژەران لەو باوەڕەدان، مێژووی ئەم دیاردەیە بۆ سەردەمی دەوڵەتشارەکانی یۆنان دەگەڕێتەوە، کە وەک یەکەم یەکەی سیاسیی نزیک لە واتای دەوڵەت، بەگوێرەی زانستە سیاسییەکان سەریان هەڵداوە ( فریمش ملیکە، ٢٠١١-٢٠١٢: ١٤).

هەرچەندە یەکەمین نموونەی دەوڵەتە مۆدێرنەکان یا دەوڵەتە ڕەهاکان، بۆ نزیکەی ٣٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە ئەورووپای ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە، بەڵام یەکەمین نموونەی دەوڵەتسازی، کە بە دەوڵەتە کلاسیکییەکان یا دەوڵەتەکانی پێشمۆدێرن ناو دەبرێن، مێژوویەکی دوورتریان هەیە و بۆ نزیکەی ٦٠٠٠ تا ٨٠٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێنەوە. بە بۆچوونی ئایزنشتاید، ئەم دەوڵەتانە شێوازی جۆراوجۆریان هەیە، وەک دەوڵەتشارەکان، سیستەمە فیۆداڵییەکان، ئیمپراتۆرییە پاتریمۆنیاڵەکان، ئیمپراتۆرییە خێڵەکییەکان و ئیمپراتۆرییە بیرۆکراتییەکان. تیلی، دەوڵەتە کلاسیکییەکان، کۆمەڵەی شارە سەربەخۆکان، ئیمپراتۆری و فیدراسیۆنە ئایینییەکانیش ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌م لیستە (د.عباس حاتمی، ١٣٩٠:٩).

هاوکات، لەگەڵ دروستبوونی هزری سەروەری لە سەدەکانی پانزدە و شانزدە لە ئەورووپا و لە پاش ڕێککەوتننامەی وێستفالیا لە ساڵی ١٦٤٨، دەوڵەتە نەتەوەیییەکان لە ئەورووپا دامەزران. دوا بەدوای ئەمەیش، دەوڵەت وەک یەکێک لە گرنگترین چەمکەکان لە یاسای نێودەوڵەتیی گشتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وەرچەرخان و گۆڕانکاریی گەورە و بەرچاوی بە خۆیەوە بینی و چەندین تیۆریی جۆراوجۆر لەم بارەیەوە هاتنە ئاراوە، کە چوارچێوە و ناوەڕۆکی دەسەڵاتیان لەناو دەوڵەتدا دیاری کردووە (داود رضائی اسکندری، ١٣٨٤: ١٠٦-١٠٧).

هەرچەندە، مێژووی دروستبوونی دەوڵەت بە شێوازی کلاسیکی و مۆدێرن، مێژوویەکی کۆنە و مرۆڤ لەمێژە بەم چەمکە ئاشنایە، بەڵام پرۆسەی دەوڵەتسازی، ڕەوتێکە کە بەردەوام لە پێشکەوتن و گەشەکردندایە. دەتوانین بڵێین بە هۆی ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەی کە لە یاسای نێودەوڵەتیی هاوچەرخ و پەیوەندییە نیودەوڵەتییەکاندا هاتوونەتە ئاراوە، بەردەوام دەرفەتی ئەوە هەیە کە دەوڵەت و ئەکتەری نێودەوڵەتیی نوێ، لە گۆڕەپانی سیاسیی جیهاندا سەر هەڵبدەن.

 

٢- چەمک و واتای دەوڵەت

چەمک و واتای دەوڵەت، یەکێکە لەو بابەتانەی کە باس و گفتوگۆی زۆری لەسەر کراوە. هەر زانا و ئاراستەیەکی یاسایی، سیاسی و فەلسەفی لە گۆشەنیگا و تێڕوانینی خۆیانەوە سەیری ئەم بابەتەیان کردووە و پێناسەی جۆراجۆریان بۆ کردووە. بۆ زیاتر تیشکخستنەسەر ئەم بابەتە، باسەکەمان بەسەر دوو لایەنی زمانەوانیی و لایەنی زاراوەییی چەمکی دەوڵەت دابەش دەکەین.

آ) لایەنی زمانەوانی:

زاراوەی دەوڵەت لە وشەی لاتینی STATVSK وەرگیراوە، کە هاوواتاکانی لە زمانەکانی دیکەی ئەورووپی بریتین لە: STATO لە ئیتالی، STAAT لە ئەڵمانی، ESTADO لە ئیسپانی، ETAT لە فەرەنسی و  STATEلە ئینگلیزی، کە ئاماژە بە حاڵەتی سەقامگیری و بەردەوامی دەکات. لە زمانی عەرەبیش لە (دال یدول) وەرگیراوە کە ئاماژە بە (التوقیت و الزوال) دەکات (فریش ملیکە، ٢٠١١-٢٠١٢: ١٨-١٩). هەروا لە هەندێ سەرچاوەی تر باس لەوە دەکەن کە STATE لە وشەی لاتینی STATUS و لە ڕیشەی  STAREبە واتای "ڕاوستاو" وەرگیراوە (غلامرضا علی بابایی، ١٣٨٤: ٢٨٦ و ئازاد وەڵەدبەگی، ٢٠١١: ٢٢٩). هەروەک دیارە زاراوەی دەوڵەت، لە زمانی عەرەبییەوە هاتۆتە ناو زمانی کوردی و لەم زمانەیش هەر زاراوەی دەوڵەت بە هەمان واتا بەکار دێت.

ب) لایەنی زاراوەیی:

یاسای نێودەوڵەتی، سیستەمێکە کە لەسەر بنەمای ویستی دەوڵەتەکان پێک هاتووە و دەوڵەتەکان بە ئەکتەری سەرەکیی ئەم سیستەمە لە قەڵەم دەدرێن. هەرچەندە لە سەدەی بیستەم، دامەزراوە و ئۆرگانی جۆراجۆر لە سیستەمی یاسای نێودەوڵەتیدا سەریان هەڵدا، بەم حاڵەیش هێشتا نەیانتوانیوە پێگەیەک وەک پێگەی دەوڵەت بەدەست بهێنن (سید قاسم زمانی، ١٣٩٤: ١١٤). لە ڕووی زاراوەیییەوە، کارێکی دژوارە پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ دەوڵەت بخرێتە ڕوو، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی جۆری تێڕوانین و تێکەڵبوونی پێناسەکان لەگەڵ توخمەکانی دەوڵەتدا.

بەگشتی سێ پێناسەی جیاوازی یاسایی، سیاسی و فەلسەفی بۆ چەمکی دەوڵەت کراوە. لە پێناسەی فەلسەفیدا، دەوڵەت خاوەن ئامانجێکی سەرەکییە و لە سۆنگەی دەوڵەتی چاک، دەوڵەتی خوازراو یا دەوڵەتی خاوێن، ئەم گوزارەیە لێک دەداتەوە. هەندێکیان وەک پلاتۆ و ئەرەستۆ و...، بوونی دەوڵەت بۆ ڕێکخستن و هاوئاهەنگیی نێوان کەرتە جیاجیاکانی کۆمەڵگا، بە شتێکی پێویست دەزانن. هەندێکی تر وەک هۆبز و لۆک و ڕۆسۆ، دەوڵەت بە بەرەنجامی پەیمانی کۆمەڵایەتی دەزانن. هەروا هەندێکی دیکە وەک مارکسییەکان، دەوڵەت بە ئەنجامی خەباتی هێزە کۆمەڵایەتییە ناتەباکان دەزانن (ئەحمەد شەبانی، ٢٠١٠: ١٢٨-١٢٩). لە ڕوانگەی مارکسییەکانەوە، شکڵ و ناوەڕۆکی دەوڵەت دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان لەناو وڵاتدا (غلامرضا علی بابایی، ١٣٨٤: ٢٨٨).

لە پێناسەی سیاسیدا، دەوڵەت ئەو پێکهاتە بێغەشە نییە کە فەیلەسووفان خەونیان پێوە دیوە، بەڵکو دیاردەیەکە پابەندە بە واقیعەکانی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو. چەمکی نوێی دەوڵەت، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ناسیۆنالیزمدا هەیە. ئەم ڕوانگەیە  لە دوای شۆڕشی فەرەنساوە بە جیهاندا بڵاو بووەتەوە و هەموو جیهانی خستۆتە ژێر کاریگەریی خۆی، بە جۆرێک کە بووەتە گرنگترین هاندەری بزاڤە سیاسییەکان و شۆڕشەکانی سەدەی بیستەم (ئەحمەد شەبانی، ٢٠١٠: ١٢٩). هەتا ئێستایش مێژوونووسان، سەرهەڵدانی دەوڵەتە هاوچەرخەکان بە تایبەتمەندییە سەربازی، ڕێکخراوەیی، ئابووری و فەرهەنگییەکانییەوە بە دیاردەی نەتەوەگەرایی دەبەستنەوە.

هەر بۆیە، دەبینین لە سەرەتای سەدەی چواردە و پانزدە، کە دەوڵەتی هاوچەرخ، لە وڵاتانی فەرەنسا و ئینگلتەرا پەرەی سەند، لەو وڵاتانەدا وشیاریی نەتەوەیی گەشەی کردبوو، بۆیە دەتوانین گەشەی وشیاریی نەتەوەیی بە بناغەیەک بۆ دروستبوونی دەوڵەتە هاوچەرخەکان لە قەڵەم بدەین (عبداللە العروي، ١٩٩٣: ٧٨-٧٩). لەم پێناسەیەدا دەوڵەت بریتییە لە کۆمەڵێک ئۆرگان و دامودەزگا و ناوەندی دەسەڵات، کە بە شێوەی پێکهاتەیەکی ڕێکوپێک و دیاریکراو لە دەسەڵات، لە کۆمەڵگایەک بە ناوی نەتەوە لە وڵاتێکی دیاریکراودا دەردەکەوێت و دەرخەر و خاوەن دەسەڵاتی گشتییە (د.سید ڕحیم ابوالحسنی، ١٣٨٦: ٢٧).

دەربارەی پێناسەی یاساییی دەوڵەت، بەپێی ئاراستەی هزریی یاساناسان، پێناسە و بۆچوونی جیاواز هەیە، کە لێرەدا دەرفەتی ئەوە نییە ئاماژە بە هەموویان بکەین، هەر بۆیە بەکورتی باسیان لێوە دەکەین. بە ڕای هەندێک، دەوڵەت بریتییە لە "کۆمەڵێک لە تاکەکان کە بە شێوەی هەمیشەیی لە هەرێمێکی دیاریکراودا نیشتەجێن و ملکەچن بۆ ڕێکخستنێکی سیاسی، کە خاوەن تایبەتکاری (اختصاص)ی نێودەوڵەتیی گشتیی سەربەخۆیە و ڕاستەوخۆ لە یاسای نێودەوڵەتیی گشتی وەری دەگرێ". هەندێکی دیکە دەڵێن: "دەوڵەت دیاردەیەکی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتییە لە پانتایییەکی دیاریکراوی زەوی و لە بەرامبەر کۆمەڵگا مرۆیییەکاندا" (د.عثمان علي میرانبک، ٢٠٠٩: ٩).

بەپێی بۆچوونێکی تر، دەوڵەت بریتییە لە "کۆمەڵەیەک کە خاوەنی خاک و دانیشتووانە و ملکەچە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی ڕێکخراو. بە وتەیەکی تر، بەپێی ڕێساکانی یاسای نیودەوڵەتی، دەوڵەت ئۆرگانێکە کە خاوەن سەرزەویی دیاریکراو و دانیشتووانی هەمیشەیییە، کە لەژێر چاودێریی حکوومەتێکدایە و لەگەڵ ئۆرگانەکانی دیکە پەیوەندیی فەرمیی دروست کردووە یا دەتوانێ دروستی بکات" (سید قاسم زمانی، ١٣٩٤: ١١٦).

وڵاتانی ئەمریکای لاتین، لە حەوتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی خۆیان، لە دانیشتنی مونتە ویدیۆ، "ڕێککەوتننامەی ماف و ئەرکی دەوڵەتەکان"یان پەسند کرد(١٩٣٣). بەندی یەکەمی ئەم ڕێککەوتنە دەڵێ: "لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، دەوڵەت دەبێ خاوەن دانیشتووانی هەمیشەیی، سەرزەویی دیاریکراو و حکوومەت بێ و توانای گرێدانی پەیمانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا هەبێ". هەرچەند ئەم ڕێککەوتنە، لە نێوان وڵاتانی ئەمەریکای لاتین و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا گرێ دراوە و وڵاتانی دیکە ناچار نین پێوەی پابەند بن، بەڵام ئەو توخمانەی کە لەم بەڵگەنامەیەدا هاتوون، خاوەن ناوەڕۆکێکی یاسایی و عورفین و لە گەلێک لە بەڵگەنامەکانی دیکە، کە تێیدا پێناسەی دەوڵەت کراوە، پەسند کراون و جەختیان لەسەر کراوەتەوە (سید احمد طباطبایی و داوود محبی انجدانی، ١٣٩:١٣٩٣). ئەم پێناسەیە بە باشترین پێناسە دادەنرێ، کە زۆر جار دادگا و کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان پشتیان پێ بەستووە.

پاش دروستبوونی دەوڵەت، ئەوا دەوڵەت دەبێتە خاوەن کەسایەتیی یاسایی نێودەوڵەتی، کە بریتییە لە دەسەڵاتی کیان، یان یەکەیەکی سیاسیی دیاریکراو، بۆ وەدەستهێنانی مافەکان و قبووڵکردنی پابەندییەکان بەگوێرەی ڕێساکانی سیستەمی یاسای نێودەوڵەتی بەبێ نێوانکار، واتە بە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێساکانی ئەم سیستەمە (السید مصطفی احمد ابوالخیر، ٢٠٠٩: ٣٠).

پاش ئەوەی پێناسەی دەوڵەت و توخمەکانی دەوڵەتمان خستە ڕوو، کە بریتیین لە دانیشتووانی هەمیشەیی، سەرزەویی دیاریکراو و حکوومەت و تواناییی گرێدانی پەیمان و چوونەناو پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی تر، ئەوا بۆمان دەردەکەوێ، کە هەرێمی کوردستان هەموو ئەو مەرجانەی تێدا بەدی دەکرێ. خاوەن دانیشتووانی هەمیشەیییە، کە بریتییە لە نەتەوەکانی نیشتەجێی کوردستان وەک کورد، تورکمان، ئاشووری و...هتد. هەروا خاکێکی دیاریکراوی هەیە کە خاوەن سنووری مێژووییی خۆیەتی، حکوومەتی هەیە کە بریتییە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی ١٩٩٢وە دامەزراوە، جگە لەمەیش پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا هەیە و چەندین ڕێککەوتننامەی جۆراجۆری لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا گرێ داوە. بەم جۆرە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە هەرێمی کوردستان هەموو مەرجە یاسایییە پێویستەکانی تێدایە، بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. ئەوەی ماوەتەوە تەنیا ویست و ئیرادەی سیاسییە، کە دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە ڕابگەیەنێت.

 

٣- مافی چارەی خۆنووسین و پرۆسەی دەوڵەتسازی

مافی چارەی خۆنووسینی گەلان بۆ یەکەم جار لە چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان (بەندی١/ بڕگەی ٢) ئاماژەی پێ کراوە، پاشان بڕیاری ناسراو بە "ڕاگەیەندراوی بەخشینی سەربەخۆیی بە وڵاتان و نەتەوە کۆلۆنیکراوەکان" لە ١٤/٩/١٩٦٠ باسی لە مافی چارەی خۆنووسین کردووە، کە ئەمەیش ڕۆڵێکی بەرچاوی لە سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم هەبوو. جگە لەمەیش، لە چارتی ئەفریقیی مافی مرۆڤ و گەلان باسی لێوە کراوە (د.ستار عزیزی،١٣٨٥: ٣٥٩). هەروا دیکۆمینتە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، جەختیان لەسەر کردووەتەوە و بە یەکێک لە بنەما سەلمێنراو و چەسپاوەکانی یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت. لە بەندی یەکەمی پەیمانی مافە شارستانی و سیاسییەکانی ساڵی ١٩٦٦دا هاتووە: "هەموو گەلان مافى چارەى خۆنووسينيان هەيە. بە پشتبەستن بەم مافە، دەكارن ئازادانە ستاتۆى سياسيى خۆيان بڕيار بدەن و بەئازادانەیش درێژە بە نەشونماى ئابوورى و جڤاكى (کۆمەڵایەتى) و كلتووريى خۆيان بدەن" *** (سید احمد طباطبایی و داوود محبی انجدانی: ١٣٩٣، ١٣٢).

جیاوازیی نێوان چەمکی مافی چارەی خۆنووسین، لە ڕاگەیەندراوی ساڵی ١٩٦٠ لەگەڵ دیکۆمێنتەکانی مافی مرۆڤ، بۆ چوارچێوە و پانتاییی ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە کە دەیان گرێتەوە. لە ڕاگەیەندراوی ساڵی١٩٦٠ تەنیا ئەو گەلانە دەگرێتەوە، کە لەژێر کۆلۆنیالیزمدان، بەڵام لە ڕێککەوتننامەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، هەموو گەلانی ژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم و گەلانی ئازاد دەگرێتەوە و هەموویان خاوەن مافی چارەی خۆنووسینن. کۆمیتەی مافی مرۆڤ لە ڕاڤەکردنی گشتیی ژمارە ١٢ی خۆی جەخت لەسەر گشتگیربوون و فراوانبوونی ئەم مافە دەکاتەوە و دەڵێ: "بڕگەی ٢ لە بەندی ١ خاوەن گرنگییەکی تایبەتە، چونکە بەڵێنێکی دیاریکراو بۆ هەموو وڵاتانی ئەندام، نەک تەنیا لە بەرامبەر خەڵکی خۆیان، بەڵکو لە بەرامبەر هەموو ئەو گەلانەی کە توانای مافی چارەی خۆنووسینیان نەبووە یا لێی بێبەش کراون، دروست دەکات. ناوەڕۆکی گشتیی ئەم بڕگەیە، بە سەرنجدان لە مێژووی داڕشتنی دەردەکەوێت... کەوابوو، هەموو دەوڵەتانی ئەندامی چارت، بۆ ئاسانکاری لە بەدیهاتنی ئەم مافە و ڕێزگرتنی، دەبێ کاری پۆزەتیڤ ئەنجام بدەن. ئەم کارانە، دەبێ بەپێی بەڵێنی دەوڵەتان، لەسەر بنەمای چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێت".

بەم پێیە، دەردەکەوێ نە تەنیا دەوڵەتانی ئەندامی چارت، بەڵکو هەموو دەوڵەتانی ئەندامی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆ بەدیهاتنی بنەمای مافی چارەی خۆنووسین، لە بەرامبەر وڵاتی پێشێلکاردا، دەتوانن مافی "کرداری بەرامبەر" بەکار بهێنن. کەواتە، ئەم مافە لە ڕیزی ڕێسا گشتگیرەکانە و تەنانەت هەندێ کەس لەو باوەڕەدان، کە مافی چارەی خۆنووسین خاوەن ناوەڕۆکێکی "فەرمانکەر/آمرە"یە (د.ستار عزیزی، ١٣٨٥: ٣٥٩-٣٦٠).

بەم جۆرە، دەردەکەوێ کە گەلی کوردستان بەپێی پەیماننامە و چارتە نێودەوڵەتییەکان خاوەن مافی چارەی خۆنووسینە. هەر بۆیە، عێراق و هەر وڵاتێکی دیکەی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەردوو پەیمانی مافە شارستانی و سیاسییەکان و مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی ساڵی ١٩٦٦یان واژۆ کردووە، دەبێ پابەند بن بەوەی گەلی کوردستان مومارسەی مافی چارەی خۆنووسین بکات و لەم بوارەدا ئاسانکاری بکەن. هەر جۆرە ڕێگرییەک لە بەردەم ئەم مافە، بە پێشێلکردنی ڕێسا چەسپاو و فەرمانکەرەکانی یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێ.

 

٤- تیۆرییەکانی دروستبوونی دەوڵەت

لە دەیەی حەفتا بە دواوە، تیۆرییەکانی دەوڵەتسازی لە ئەدەبیاتی سیاسیدا پەرەی سەندووە. ئەمەیش وای کردووە چەندین تیۆریی جۆراجۆر لەم بارەیەوە سەر هەڵبدەن و تەنانەت فراوانبوونی ئەم تیۆرییانە، وای کردووە جۆرێک لە ئاڵۆزی و پشێوی دروست ببێ. لێرەدا هەوڵ دەدەین گرنگترینی ئەو تیۆرییانە بخەینە ڕوو، بەم جۆرەی خوارەوە:

 

آ) جەنگ و دەوڵەتسازی:

تێڕوانینێک بۆ ئەدەبیاتی دەوڵەتسازی، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات کە تیۆرداڕێژەرانی ئەم بوارە، پتر لە هەر شتێک، لە سەرهەڵدانی دەوڵەتە مۆدێرنەکاندا جەخت لەسەر ڕۆڵی جەنگ دەکەنەوە. (ئۆتۆ هینتز) بەر لە هەمووان جەختی لەسەر ئەم بابەتە کردووەتەوە و دەتوانین تیۆرییەکانی ناوبراو، بە بەردی بناغەی ئەم بۆچوونە دابنێین. هینتز، جەنگ بە ماتۆڕی بزوێنەری مێژوو دەزانێ و بەتایبەت بە هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی دەوڵەتە مۆدێرنە سەرەتایییەکانی لە قەڵەم دەدات. هەروا جەخت لەسەر ڕۆڵی ژیۆپۆلیتیکی، یان هەڕەشە سەربازییەکان دەکاتەوە لەسەر دیاریکردنی جۆری دەوڵەتسازی و ڕێکخستنی سیاسیی ئەو دەوڵەتانەی کە لە حاڵی دامەزراندان ( د.عباس حاتمی، ١٣٩٠: ١٣).

ب) شرۆڤە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەتسازی

هەندێک لە تیۆرییەکانی تر، دەوڵەتسازی بە بەرهەمی وەرچەرخانی سیستەمی فیۆداڵی دەزانن، یان بە جۆرێک پەیوەندیی بەو سیستەمەوە هەیە. لەم نێوانەدا، کەسانی وەک (پێری ئەندرسۆن)، دەوڵەتی ڕەها بە دەرەنجامی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی سیستەمی فیۆداڵی دەزانن، هەندێ کەسی تر وەک (برتران بەدیع) و (پییەر بێرن بووم) بە دەرەنجامی قەیرانەکان و دینامیکیەتی سیستەمی فیۆداڵی دەزانن. هەروا (ئیمانوێل والرشتاین) بە دەرەنجامی گوزەر لە شێوازی فیۆداڵییەوە بۆ شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی دەزانێ. سەرەڕای ئەم جیاوازییانە، هەر هەموویان لەو باوەڕەدان کە هۆکاری سەرهەڵدانی دەوڵەتی ڕەها، بە جۆرێک لە جۆرەکان لەگەڵ وەرچەرخانەکانی فیۆداڵیزم لە پەیوەندیدایە (د.عباس حاتمی، ١٣٩٠: ٢٣).

ج) شرۆڤەی فەرهەنگیی دەوڵەتسازی

سێیەمین تیۆری لە بواری دەوڵەتسازیدا، بریتییە لە شرۆڤە فەرهەنگییەکان، کە پتر، لە دەیەی ٩٠ هاتنە ئاراوە و گەشەیان کرد. بەکارهێنانی ئەم شێوازە، بۆ خۆی بەشێکە لەو پرۆسەیەی کە لە زانستە مرۆیییەکاندا، به‌ "وەرچەرخانی فەرهەنگی" ناو دەبردرێ. بەپێی ئارگێۆمێنتی لایەنگرانی ئەم تیۆرییە، مەرج نییە دەوڵەتسازیی سەرەتایی، دەرەنجامی جەنگ یا ئیلزاماتی ژیۆپۆلیتیک، قەیرانەکانی سیستەمی فیۆداڵی یان ئیلزاماتی سەرهەڵدانی سەرمایەداری بێت، بەڵکو بیروبۆچوونی تیۆری و فاکتەرە فەرهەنگییەکان، لە سەرهەڵدانیدا ڕۆڵیان هەیە. لەم نێوانەدا تیۆرییەکانی ئاندرۆ وینسێنت، جۆن نوێل فیگیس و فیلیپ گرۆکسی، گرنگیی زیاتریان هەیە. لایەنگرانی ئەم تیۆرییە، پرۆسەی سەرهەڵدانی دەوڵەتە مۆدێرنە سەرەتایییەکان، بە دەرەنجامی وەرچەرخانە هزری، تیۆری و فەرهەنگییەکان دەزانن، کە لە ناخی دەوڵەتە ڕەهاکانەوە سەریان هەڵداوە ( د.عباس حاتمی، ١٣٩٠: ٢٧-٢٨ و ٣٣).

د) دەوڵەتسازی لە جیهانی سێیەم

ئەو سێ تیۆرییەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کرد، پتر جەختیان لەسەر پیکهێنانی دەوڵەت لە کیشوەری ئەورووپا کردووه‌تەوە و باسی دەوڵەتسازی لە کیشوەرەکانی دیكه‌ ناکەن. لە نیوەی دووەمی دەیەی ١٩٨٠ هەندێ توێژینەوە لە بواری دەوڵەتسازی، لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا سەریان هەڵدا. ئەم ئەدەبیاتە پتر دوو ئامانجی لەخۆ دەگرت. ئامانجی یەکەم ئەوە بوو، کە بەراورد لە نێوان پرۆسەی دەوڵەتسازی لە وڵاتانی جیهانی سێیەم و وڵاتانی ڕۆژئاواییدا بکات. ئامانجی دووەمیش ئەوە بوو، کە بەراوردی پرۆسەی دەوڵەتسازی لە نێوان خودی وڵاتانی جیهانی سێیەمدا بکات. توێژینەوەکانی کاسفێر، مەزرووعی، کالگی، جەکسۆن و ڕۆسبێرگ، مێگداڵ، یانگ و ئەیوانس لەم بارەیەوە بەرچاوترن (د.عباس حاتمی، ١٣٩٠: ٣٣).

 

٥- شێوازەکانی دروستبوونی دەوڵەت

سروشتییە کە دەوڵەتە جۆراجۆرەکانی جیهان، بە درێژاییی مێژوو، بە شێوازی جیاجیا دروست کراون. هەر یەکەیان بەپێی هەلومەرجی تایبەت بە خۆیان، بڕیاریان لەسەر ئەو شیوازە داوە کە بۆ دامەزراندنی دەوڵەت شیاوتر بووە.

زۆربەی زانایان کۆکن لەسەر ئەوەی کە، دروستبوونی دەوڵەت بریتییە لە ڕووداوێکی مێژوویی- سیاسیی بەدەر لە سیفەتی یاسایی. ئەم بۆچوونەیش لەو ڕاپۆرتەدا کە کۆمیتەی زانایان لە ٥/٩/١٩٢٠ دەربارەی دوورگەکانی ئاند دەریان کردووە، جەختی لەسەر کراوەتەوە و تێیدا هاتووە کە بەدەوڵەتبوون، بە ئامرازە واقعییەکانی بەدەر لە چوارچێوەی یاسا دێتە دی. دەتوانین شێوازەکانی دروستبوونی دەوڵەت، بەم جۆرەی خوارەوە پۆلێن بکەین:

ا- جیابوونەوە: کۆلۆنی یان هەرێم یان ناوچەیەک، بە هێزی چەکداری، لەو دەوڵەتە جیا دەبێتەوە کە پێشتر بەشێک بووە لێی. ژمارەیەک دەوڵەت بەم جۆرە دروست کراون، وەک جیابوونەوەی ئەمەریکا لە بریتانیا لە ساڵی ١٧٧٦ و جیابوونەوەی بەڕازیل لە پورتوگال لە ساڵی ١٨٢٢. هەندێ جار جیابوونەوە بە ئاشتیانەیش ڕوو دەدات، وەک جیابوونەوەی نۆرویژ لە سوید لە ساڵی ١٩٠٥.

ب- دابەشبوون: لەم حاڵەتەدا، بە هۆی جه‌نگه‌وه‌‌، دەوڵەتێکی گەورە بەسەر چەند دەوڵەتێکی بچووک دابەش دەبێت، وەک دروستبوونی وڵاتانی بالتیک (ستۆنیا، لاتڤیا، لیتوانیا)، پاش دابەشبوونی ڕووسیای قەیسەری لە ساڵی ١٩٠٥. هەروا لەوانەیە دابەشبوون بە شێوازی ئاشتیانە بیت، وەک دابەشبوونی چیکۆسلۆڤاکیا لە ١/١/١٩٩٣، بۆ سەر دوو وڵاتی چیک و سلۆڤاکیا.

ج- دەستبەسەرداگرتن: لە ڕێگای دەستبەسەرداگرتنی ناوچەیەکی چۆڵ لە دانیشتووان یان شوێنی نیشتەجێبوونی هۆزە سەرەتایییەکان دێتە دی، وەک دروستبوونی کۆماری لیبریا لە ساڵی ١٨٢٢ بە هۆی کۆیلە ڕزگارکراوەکان، بە هاوکاریی کۆمەڵەی مرۆییی ئەمەریکی.

‌‌د- یەکگرتن: هەندێ جار چەند دەوڵەتێکی بچووک لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سادە یان لێکدراو یەک دەگرن، وەک یەکگرتنەوەی ئەلمانیای دیموکراتی و ئەڵمانیای فیدراڵی لە ٣/١٠/١٩٩٠.

ه- ڕیفراندۆم: هەندێ دەوڵەت لەسەر بنەمای ڕیفراندۆمی جەماوەری دروست دەبن، وەک سوودان لە ساڵی ١٩٥٦، ئێریتریا لە ساڵی ١٩٩٣ و تەیمووری ڕۆژهەڵات لە ساڵی ٢٠٠٢.

و- کرداری یاسایی: هەندێ جار دەوڵەت بە کردارێکی یاسایی دروست دەبێ. لەوانەیە ئەم کردارە یاسایییە بە یاسایەکی ناوخۆیی بێت، وەک دروستبوونی فیلیپین بەپێی یاسایەکی ئەمەریکی کە لە ٢٤/٣/١٩٣٤ دەرچوو. لەوانەیە هەندێ جار کردارە یاسایییەکە پەیمانێکی نێودەوڵەتی بێت، وەک پەیمانی بریتانیا-ئیرلەندا لە ٦/١٢/١٩٢١ کە بووە هۆی دروستبوونی ئیرلەندای ئازاد. هەندێ جار ڕەنگە کردارە یاسایییەکە بڕیارێک بێت، کە لە دەستەیەکی نێودەوڵەتییەوە دەرچووە، وەک بڕیاری کۆنگرەی لەندەن لە ١٧/١٢/١٩١٢ بۆ دروستبوونی ئەلبانیا و هەروا بڕیاری کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٩ بۆ دروستبوونی وڵاتی لیبیا (د.عصام العطیة، ٢٠١٢: ٢٣٣-٢٣٥).    

بە سەرنجدان لەو خاڵانەی کە لە سەرەوە باس کران، باشترین بژاردە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان، کرداری یاسایییە؛ ئەویش بە دەرکردنی بڕیار یا یاسایەک لە پەرلەمانی عێراق یان بە ڕێککەوتنێک لە نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغداد، یاخود بڕیارێکی نێودەوڵەتی لە لایەن ناوەندێکی خاوەن دەسەڵاتی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان. دووەم بژاردەی باش، ڕیفراندۆمە. کە دەکرێ ئەمەیش بە هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو حکوومەت، یان بە هاوکاری و چاودێریی نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام بدرێت.

 حاڵەتەکانی دیکەیش، وەک جیابوونەوە و دابەشبوون لە ئەنجامی جەنگ یان بە شێوازی ئاشتیانە، دەرفەت بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان دەڕەخسێنن، بەڵام ئەگەر ئەم دوو حاڵەتە بە جەنگ بێنە دی، ئەوا پێدەچێ کوردستان بکەوێتە ناو شەڕ و ملمڵانێیەکی درێژخایەن لەگەڵ عێراق و تەنانەت ئەو دەوڵەتانەی کە لەم حاڵەتەدا پاڵپشتیی عێراق دەکەن. ئەمەیش وا دەکات بەشی هەرەزۆری توانای ئابووری و مرۆییی ئەم وڵاتە نوێیە، بکەوێتە خزمەتی جەنگ و بەرگری، کە ئەمەیش دەرفەتی گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی کوردستان لەبار دەبات. سەبارەت بە حاڵەتەکانی دەستبەسەرداگرتن و یەکگرتنیش، لەم قۆناغەدا بۆ کوردستان دەرفەتی لەو جۆرە لە ئارادا نین.

 

دەرەنجام

پاش ئەوەی لەم باسەدا، کۆمەڵێک بابەت و پرسیار، تایبەت بە پرۆسەی دەوڵەتسازیمان لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە خستە ڕوو، دەگەینە هەندێک دەرەنجام کە بەم جۆرە دەیخەینە ڕوو:

١- پرۆسەی دەوڵەتسازی، لە هەر وڵاتێک جیاوازیی هەیە لەگەڵ وڵاتانی تر، کە ئەمەیش پەیوەندیی بە دۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ... ئەو وڵاتەوە هەیە. هەر وڵاتێک نەخشەڕێگای تایبەت بە خۆی هەیە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە.

٢- پرۆسەی دەوڵەتسازی، هەتا ئێستایش پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ هزری نەتەوەگەراییدا هەیە. لە هەرێمی کوردستانیش ئەم هزرە، پاڵنەری شۆڕشەکانی کورد بووە و بە هەوێنی پرۆسەی دەوڵەتسازی دادەنرێت.

٣- لە کاتی ئێستادا، شێوازەکانی کرداری یاسایی و ڕیفراندۆم، باشترین بژاردەن بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان.

٤- بەپێی ئەو توخمە یاسایییانەی کە باس کران بۆ دروستبوونی دەوڵەت، دەردەکەوێ کە ئەو توخمانە بەتەواوی لە هەرێمی کوردستاندا بەدی دەکرێن.

٥- بەپێی چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیمانی مافە شارستانی و سیاسییەکان و پەیمانی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی ساڵی ١٩٦٦ و...هتد، گەلی کوردستان مافی چارەی خۆنووسینی هەیە و ئەم مافە، بە ڕای هەندێک لە زانایان، بە ڕێسایەکی فەرمانکەر (آمرة) دادەنرێ، کە ناکرێت پێچەوانەی ڕەفتار بکرێت.

٦- سەرهەڵدانی جەنگی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ لە عێراق و ئەو ئاڵۆزی و بشێوییانەی کە بەدوایدا هات، بەپێی تیۆریی جەنگ و دەوڵەتسازی، دەتوانێ پرۆسەی بەدەوڵەتبوونی کوردستان خێراتر بکات و دەرفەتی لەباری بۆ بڕەخسێنێت.

٧- بەربەستی سەرەکی لە بەردەم پرۆسەی دەوڵەتسازی لە کوردستان، بریتییە لە نەبوونی ویست و ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز و نەبوونی یەکڕیزی و یەکدەنگیی نیشتمانی لەم بوارەدا.

 

* دووەمین سەرۆککۆماری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

      ** سوودم لە وەرگێڕانی بەڕێز "ئاسۆ کەریم" وەرگرتووە، لە دانانی بەندی یەکەمی    پەیمانی مافە شارستانی و سیاسییەکانی ساڵی ١٩٦٦.

 

 

سەرچاوەکان:

ا) کتێب:

١- ئازاد وەڵەدبەگی، فەرهەنگی سیاسیی نیگا، چاپی دووەم، دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی، هەولێر، ٢٠١١.

٢- السید مصطفی احمد ابوالخیر، الدولة في القانون الدولي العام، الطبعة الاولی، ایتراک للطباعة والنشر والتوزیع، القاهرة، ٢٠٠٩.

٣- ئەحمەد شەبانی، فەرهەنگی زانستی سیاسی، چاپی یەکەم، انتشارات دانشگاە کردستان، سنە، ٢٠١٠.

٤- د.ستار عزیزی، حمایت از اقلیت ها در حقوق بین الملل، چاپ اول، انتشارات نور علم، همدان، ١٣٨٥.

٥- د.سید رحیم ابوالحسنی، تحدید رفتار دولت، چاپ اول، نشر میزان، تهران، ١٣٨٦.

٧- عبداللە العراوي، مفهوم الدولة، الطبعة الخامسة، المرکز الثقافي العربي، بیروت، ١٩٩٣.

٨- د.عثمان علي میرانبک، السیادة في ضوء القانون الدولي المعاصر، الطبعة الاولی، منظمة نشر الثقافة القانونیة، اربیل، ٢٠٠٩.

٩- د.عصام العطیة، القانون الدولي العام، الطبعة الثانیة، المکتبة القانونیة، بغداد، ٢٠١٢.

١٠- غلامرضا علی بابایی، فرهنگ سیاسی آرش، چاپ دوم، نشر آشیان، تهران، ١٣٨٤.

 

ب) نامەی دکتۆرا:

١١- فریمش ملیکە، دور الدولة في التنمیة: درسة حالة الجزائر، اطروحة دکتوراە مقدمة الی کلیة الحقوق و العلوم السیاسیة، جامعة قسنطینة ٣، الجزائر، ٢٠١١-٢٠١٢.

 

ج) توێژینەوەی ئه‌کادیمی:

١٢- داود رضائی اسکندری، تحول مفهوم دولت در نظریەهای روابط بین الملل، فصلنامە مطالعات راهبردی، سال هشتم، شمارە اول، شمارە مسلسل ٢٧،  تهران، بهار ١٣٨٤.

١٣- سید احمد طباطبایی و داوود محبی انجدانی، حقوق بین الملل و تشکیل کشور مستقل فلسطینی، فصلنامە پژوهش های روابط بین الملل، دورە نخست، شمارە یازدهم، بهار تهران، ١٣٩٣.

١٤- د.عباس حاتمی، نظریەهای مختلف دولت سازی؛ بە سوی چهارچوب بندی نظری، پژوهشنامە علوم سیاسی، سال ششم ، شمارە ٣، تهران، تابستان ١٣٩٠.

١٥- سید قاسم زمانی، ماهیت حقوقی داعش در حقوق بین الملل: دولت یا بازیگر غیردولتی؟، فصلنامە دولت پژوهی، سال اول، شمارە ١، تهران، ١٣٩٤.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples