زمان بەپێی کەلتوور، مێژووسازە و گرنگترین ئامرازی گەیاندنی ئەزموون، زانست و تێڕوانینی مرۆڤە. قالبێکە بۆ زەخیرەکردنی بیری نەوەکانی پێشوو و کەلتووری ئەژدادیی نەوەکانی ئێستا! لەم سەردەمەدا، زمان کارییەگەرییەکی قووڵی هەیە لەسەر هاوپێوەندیی نەتەوەیی و پێکهاتنی کەسایەتیی نەتەوەیی. سنووردارکردنی لە ئەرکە سەردەمی و زانستییەکان، یان بێبەشکردنی ئاخێوەرە زگماکەکانی لە خوێندن، فێربوون و فێرکردنی، بە واتای لەکارخستن یان لەگرینگیخستنێتی لەم بوارانەدا و لە ئەنجامدا، بێکەڵک;ردنێتی لە ژیان و پێویستییە ڕۆژانەکان. زمان، وەک پێویستی و دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، مێژووی سەرهەڵدانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی پێکهاتنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. هەر بۆیە بە بۆچوونی هەندێک لە زانایان، مرۆڤی ئاخێوەری ئێستا، بەرهەمی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و جەستەیییە لە ڕەوتێکی پێگەیشتنی درێژخایەندا. کەواتە، هەر زمانێک پێویستە لە بەستێنێکی بەرفراواندا بەپێی هۆکارە دەروونییەکان (جەستەیی و دەروونی) و هۆکارە دەرەکییەکان (پێوەندیی و ژینگەیی) تاووتوێ بکرێ.
هۆکارە دەروونییەکان (بەدیهاتنی تاکی و بەدیهاتنی جۆریی زمان و بیر)
لێکۆڵینەوە لە هۆکارە دەروونییەکان، دەمان باتەوە بۆ چۆنێتیی گەشەکردنی پێڕەوی ئاخاوتنی مرۆڤ بەپێی ئەندامەکانی ئاخاوتن و گەشەکردنی بەکارهێنانی زمان لە نیشانە جووڵەیی و ئاماژەیییەکانەوە بۆ دەنگەکان و چۆنێتیی لێکدان و ڕیزکردنیان لە ئاستی دەنگسازی، وشەسازی و ڕستەسازیدا، کە ئەندامانی کۆمەڵەیەکی زمانی لەسەر هەموویان ڕێک کەوتوون. ڕێزمان و کۆی وشەکان، وەک هۆکاری زمانی، لە ڕوانگەی "چامسکی"یەوە دەبێتە هۆی بەدیهاتنی توانستی زمانیی پێویست بۆ پێوندیکردن. لەم ڕووەوە پێکهاتەی زمان وەک سیستەمێکی نیشانەییی خۆڕێکخەری دەروونی، ئەو توانستە بە تاک دەبەخشێت كه پێوەندی دامەزرێنێ و لە هەمان کاتیشدا بزانێ کەرەستەکانی ڕستە چۆن ڕیز بکات. بۆ نموونە، لە زمانی کوردیدا، بکەر لە پێشەوەی ڕستە و کار لە کۆتاییدا دابنێ. ئەم زانیارییانە، تاک لە دەوروبەری خۆی بەدەستی دێنێت تا توانستە زمانییەکە لەودا پێک بێت.
نۆبڵ و دەیڤیدسن (١٩٩٦: ٢١٤) لەسەر ئەو بڕوایەن کە زمان بەرهەمی دۆزینەوە ڕەفتارییەکانە، نەک ڕووداوە بایۆلۆژییەکان. واتە زمان بەر لەوەی بەرهەمی ڕووداوە بایۆلۆژییەکان بێت، ئەنجامی دەرکەوتە ڕەفتارییەکانە. گۆڕانی بایۆلۆژی (گەشەکردنی ئەندامەکانی ئاخاوتن) زەمینەی بۆ پێکهاتنی ئەو ڕەفتارە زمانییەی كه ئەمڕۆ هەیە، بەدی هێنا: بەکارهێنانی کەناڵەکانی گوتن- بیستن لەگەڵ کاتی درێژخایەن لە قۆناغی ساوایەتیدا لە دەوروبەرێکی کۆمەڵایەتیدا. بۆ ڕوونکردنەوەی بیردۆزییانەی بەدیهاتنی تاکی (ontogenesis) و بەدیهاتنی جۆری (phylogenesis)ی زمان و بیر، لە ڕووی دەروونییەوە پشت بە ڕێبازەکەی "ڤیگۆتسکی (١٨٩٦-١٩٣٤)"، دەروونناسیی کەلتووری – مێژوویی، دەبەستین.
لە ڕوانگەی "ڤیگۆتسکی"یەوە، چالاکیی هۆشەکی و ئاخاوتن، ڕیشەی بەدیهاتنی جیاوازیان هەیە و لە ڕەوتی جیاوازیشدا گەشە دەکەن و دەگۆڕێن. مرۆڤی ژیرمەند، لە پرۆسەی پێوەندیکردنی دوولایەنە و بزێوی نێوان چالاکییە هۆشەکی و زمانییەکاندا پێک دێت. لە بەدیهاتنی تاکییانەدا، دەکرێ قۆناغێکی پێشئەقڵانی (preintellectual) لە گەشەکردنی ئاخاوتندا و، لە گەشەکردنی بیریشدا قۆناغێکی پێشزمانی (prelinguistic) دەستنیشان بکرێت. لە قۆناغێکی دیاریکراودا، ئەم دوو ڕەوتەی بەدیهاتن تێکەڵ دەبن و لە ئەنجامی ئەوەدا، بیر دەبێتە زمانی و، ئاخاوتنیش دەبێتە ئەقڵانی. ئەم قۆناغە، نیشانەی گۆڕانە لە ڕەوتێکی سروشتیی گەشەکردنەوە بۆ ڕەوتێکی کەلتووری (کوزولین، الکس، ١٣٨١: ص١٩٤). بەکورتی، زنجیرەی پێکەوەبەندکراوی بیر و ئاخاوتن، چوار قۆناغ دەپێوێت:
یەکەم، قۆناغی سەرەتایییە کە ئاخاوتن هێشتا پێشئەقڵانییە و هۆش [چالاکیی ئەقڵانی]، بەبێ کۆمەکی چالاکبوونی ئاخاوتن ئیش دەکات. لە پاش ئەوە، قۆناغی هۆشی کردەکییە، کە تێیدا منداڵ بەسەر مەنتقی چارەسەرکردن و حەڵی مەسەلەکاندا لە ئاستی هەستی – جووڵەییدا زاڵ دەبێت. تایبەتمەندیی ئاخاوتن لەم قۆناغەدا، سەرهەڵدانی فۆرم و پێکهاتە ڕێزمانییەکانە کە هێشتا لە کردارە مەنتقییەکانی بەرامبەر خۆی [لە بیردا] مەودایان هەیە. بۆ نموونە، منداڵ لەوانەیە فۆرمی وەک "لەبەر ئەوەی کە"، "ئەگەر"، "کاتێک کە" و "بەڵام" بەکار بێنێت، بەڵام هێشتا لە پێوەندییە هۆیی، مەرجی و کاتییەکەی بەئاگا نەبێت. بە گوتەی ڤیگۆتسکی، سینتاکس [ڕیزکردنی کەرەستە زمانییەکان]ی ئاخاوتن لە پێش [ڕیزکردنی مەنتقییانەی] بیردایە. لەم قۆناغەدا، سینتاکسی بیر، هێشتا ڕیشەی لە کردارە بەرچاو و هەستپێکراوەکاندایە. کەچی سینتاکسی ئاخاوتن، بەندە بە ئەرکە پێوەندی و گەیەنەرییە هەستپێکراوەکانەوە. لە قۆناغی سێیەمدا، منداڵ دەست دەکات بە بەکارهێنانی ئامرازە ڕەمزییە دەرەکییەکان بۆ حەڵ و چارەسەرکردنی مەسەلەکان بە شێوەیەکی دەروونی. بە پەنجەکانی دەژمێرێ و یادەوەرییە سەرەتایییەکانی بەکار دێنێت. لەم قۆناغەدا، تایبەتمەندیی زمانی، ڕاددەی زۆری ئاخاوتنی خۆتەوەرانە (egocentric speech)یە. بە بۆچوونی ڤیگۆتسکی، ئەم چەشنەی ئاخاوتن، وەک فۆرمێکی گواستنەوەی نێوان ئاخاوتنی پێوەندیخوازانەی سەرەتایی و فۆرمە تەواو پێکهاتووەکانی وشە (کە مەبەستەکەی کۆنتڕۆڵی ڕەفتار و بیری کەسەکە خۆیەتی) ئیش دەکات. سەرەنجام، قۆناغی چوارەم دێت کە تایبەتمەندییەکەی پرۆسەکانی دەروونیکردن (internalization)ە. لەم قۆناغەدا، کردار بە کۆمەکی ئامرازە ڕەمزییە دەرەکییەکان "دێتە ناوەوە". ئێستا منداڵەکە دەتوانێت مەسەلە بیرکاری و مەنتقییەکان لە زەینی خۆیدا حەڵ بکات، بێ ئەوەی پشت بە واسیتە هەستپێکراوەکان ببەستێت. ئاخاوتنیش، دەروونی دەبێت و بە شێوەی ئاخاوتنی بێدەنگی دەروونیی لێ دێت، کە ڕۆڵێکی سەرەکیی لە پلاندانانی کردە ئەقڵانی و زمانییەکاندا هەیە. بەکورتی، بیرۆکەی سەرەکیی ڤیگۆتسکی ئەوەیە کە چەمک و واتاکانی منداڵ، بە هیچ شێوەیەک یەکسەر و لەناکاو و بۆ هەمیشە بەدی نایەن، بەڵکوو گەشە دەکەن و دەگۆڕدرێن. (هەمان، ص ١٩٩- ٢٠٠)
هۆکارە دەرەکییەکان (پێکهاتنی کۆمەڵایەتیی ئاخاوتن)
هەبوونی توانستی زمانی، بە واتای مەرجی پێویستە لە پێوەندیکردندا، بەڵام مەرجی تەواو نییە؛ چونکە پێوەندیکردنی زمانی لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و لە دۆخه جۆراوجۆرە زمانییەکاندا و لە پێوەندیی لەگەڵ ئاخێوەرانی دیکەی زمانەکەدا واتای هەیە. ئەمەیش لەبەر ئەوەیە، مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و کەلتوور، زمان و کەسایەتییەکەی لە کارلێککردنی لەگەڵ کۆمەڵ و ئەندامەکانی دیکەی کۆمەڵە زمانییەکەی خۆیدا واتادار دەبێت. یاسا و ڕێسای کۆمەڵایەتی و کەلتووریی تایبەت، بەسەر کۆمەڵە زمانییە جۆراوجۆرەکاندا زاڵە. ئاگاداری لە بنەما، یاسا و عورفی کۆمەڵایەتی و ناسینی سروشتی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، مەرجی سەرەکییە بۆ پێوەندیکردن لەگەڵ هاوزمان و هاوچەشنەکاندا. هەر مرۆڤێکی ئاسایی، بە شێوەی خۆڕسک تا تەمەنی نزیک ١١ساڵ و نیو بۆ ١٣ ساڵ، توانستی فێربوونی زمانی هەیە. بە دابڕانی لە پێوەندیی کۆمەڵایەتی لە سەرەتای منداڵییەوە تا ئەو تەمەنە هەستیارە، ناتوانێ هیچ زمانێک فێر بێت[i]. واتە، تا نەکەوێتە دەوروبەرێکی کۆمەڵایەتییەوە، ناتوانێ ئەم توانستە بەتەواوی بەکار بێنێ. بۆیە، مەبەستی ئەم وتارە زیاتر تاووتوێکردنی هۆکارە پێوەندی و ژینگەیییەکانە، کە پشت بە بیردۆزە کۆمەڵایەتی- کەلتوورییەکان دەبەستێت.
سیمای سەرەکیی ئەم بیردۆزەیش ڤیگۆتسکی(١٩٨٦)یە کە پێی وایە زەین و گەشەکردنی زەینی مرۆڤ لە بەستێنێکی کۆمەڵایەتی و کەلتووریدا پێک دێت و تەنانەت پێش زەمینە کۆمەڵایەتی، کەلتووری و مێژوویییەکان دەورێکی چالاک و حاشاهەڵنەگریان لە پێکهاتنی پرۆسەکانی فێربوونی زماندا هەیە. بەم پێیە، تایبەتمەندییەکانی ئیشکردنی زەینیی مرۆڤ بە توێژینەوە لە ژینگەی گەورەبوونی تاکەکان و لەبەرچاوگرتنی چالاکییە زمانی و زەینییەکانیان لە سەرانسەری ژیانیاندا دەدۆزرێتەوە. لە بیردۆزەکەی ڤیگۆتسکیدا، زەینی مرۆڤ لە ڕووبەڕووبوونی لەگەڵ مەسەلە ژینگەیییەکاندا، لە جیاتی ئەوەی دەست بە هەڵسوکەوتێکی بێواسیتە بکات، لە پێوەندیگەلێکی ناڕاستەوخۆدا کە بە هۆی پێڕەوە ڕەمزییە ئالۆزەکانەوە ناوبژیوانی دەکرێن، دەور دەگێڕێ[ii].
لەم بیردۆزەدا چالاکیی زمانی لە توانستی زمانی جیا ناکرێتەوە، چونکە هەردووکیان لە بەستێنێکدا ڕوو دەدەن کە بە جیهانی کۆمەڵایەتیی پێوەندییانە (communicative) ناو دەبرێت. لەم ڕوانگە گفتوگۆتەوەرەدا، زمان لەبەر سروشتە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکەی بابەتێکی سیاسییە، چونکە گفتوگۆی چالاک و واتادارە هاوبەشەکانی ئاخاوتنی کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی ئاگایی و ڕزگاریی لە جۆرێک ستەم و هەڵاواردن و لەم ڕووەوە فێربوونی زمانیش خۆی بابەتێکی سیاسییە لە خزمەتی ئامانجە ڕزگاریخوازە مرۆییەکاندا وەک دادپەروەری و ئازادی. لە تێڕوانینی کۆمەڵایەتی –کەلتووریدا توانستی مەعریفی و هۆشەکیی مرۆڤ و فێرخوازەکانی زمان، لە جیهانی زەینی فێرخوازدا پەروەردە نابن، بەڵکوو لە ناو جیهانێکی هاوبەش لەگەڵ ئەوانی دیکەدا و لە پرۆسەیەکی پێوەندییانەدا پەروەردە دەبن. ئەمە چوارچێوەیەکە کە تێیدا واقعە دەرەکی و ناوەکییەکان لە ڕێگای هێزێکی ناوبژیوانیی ئاڵۆزترین سیستەمی نیشانەیییەوە پێکەوە پەیوەست دەبن و لە ئەنجامدا واقعێکی نوێ بەناوی جیهانی کۆمەڵایەتیی هاوبەش لە نێوان قسەکەران و بیسەراندا بەدی دێت (ناصرالدین علی تقویان و دیگران، ١٣٩٤: ١٣٥- ١٣٦)[iii].
ئەگەر بەوردی لەم تێروانینە بۆ فێربوون و پەرەوردەکردنی زمان ورد بینەوە، چ بە لەبەرچاوگرتنی قۆناغە هەستیارەکەی سەردەمی بوون تا (١٣) ساڵان، کە لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا و، چ بە ڕێگەدان بە ڕاپەڕاندنی مافی زمانی و جێبەجێکردنی زمانی دایک لەو دەوڵەت - نەتەوە داگیرکەرانەی کوردیان تێدا دەژی، گرنگیی پەروەردەکردنی زمان و خوێندن بە زمانی دایکمان زیاتر بۆ دەردەکەوێت. بۆ نموونە، لە وڵاتێکی وەک تورکیادا بۆ ماوەیەکی زۆرە ڕێگەی بە ڕێكخستن و سازییە کوردییەکان، تەنانەت ئەوانەی نوێنەرایەتیی "پهكهكه"یش دەکەن داوە، بەڵام ڕێگای نەداوە زمانی کوردی لە قۆناغی سەرەتایی و لە خوێندنگە حکوومییەکان، بەفەرمی بخوێندرێت. لە ئێراندا بە هەمان شێوە، ڕێگە دەدات چاپەمەنی بە زمانی کوردی هەبێت، بەڵام ڕێگە بە خوێندن لە قۆناغی سەرەتایی نادات. کەواتە زمان و بەرخۆدانی زمانی، دەبێ بەشێکی بنەڕەتی لە خەباتی نەتەوەیی لەم پارچانەی نیشتمان بێت. نموونەیەکی ئاشکرای دیکە ئەوەیە، لە ئێراندا لەوانەیە تورکەکان لە زۆر لایەنی ئابووری و بەشداریی سیاسی لە دەسەڵاتدا باڵادەست بن، بەڵام زمانەکەیان لە خوێندنی بنەڕەتی و فەرمیدا وەک زمانی کوردی قەدەغەیە و کەلتوورەکەیان بە بە شێوەیەکی سیستماتیک، سووکایەتیی پێ دەکرێ.
ئەرکە کۆمەڵایەتی - کەلتوورییەکانی زمان
زمان وەک سیستەمێکی نیشانەیی، دەورێکی سەرەکیی هەیە لە پەرەپێدانی پێوەندییە مرۆیییەکاندا. بە بۆچوونی براون و یول (١٩٨٣: ١-٣)، زمان بۆ دوو ئەرک بەکار دێت: یەکەم، ئەرکی گوێزانەوەیی (transactional)ە بۆ دەربڕینی "ناوەرۆک". نرخ و بەهای بەکارهێنانی زمان بۆ گەیاندنی زانیاری، لە هەناوی ئوستوورەییی کەلتووری ئێمەدایە. هەموومان لەسەر ئەو بڕوایەین کە ئەوە توانای زمانە وا هێزی بە مرۆڤ بەخشیوە کەلتوورە جۆراوجۆرەکان پەرە پێ بدات، هەر کامەیان عادەتی کۆمەڵایەتی، ئایین، یاسا، نەریتی زارەکی و نموونەی پەروەردەکردنی تایبەت بە خۆیان هەبێت. هەر لە ڕێگای ئەم ئەرکەی زمانەوەیە، کە ڕێگە بە پەرەپێدانی فەلسەفە، زانست و ئەدەب دەدرێت. واتە هەموو ئەمانە، بە هۆی گواستنەوەی زانیاری لە ڕێگای بەکارهێنانی زمانەوە بەڕێوە دەچێت. لەم ئەرکەی زماندا ئەوەی قسەکەر یان نووسەر لە سەرەتادا لە مێشکیدایە، گەیاندنی زانیارییە بە شێوەیەکی کاریگەر. کەواتە، زمان لە بارێکی ئاوادا "پەیامتەوەر"ە. ئەوەی لێرەدا گرنگە، بەدەستهێنانی زانیاریی ورد و دروستە. بۆ نموونە، پۆلیس گهشتیارەکان ڕێنوێنی دەکات، یان دکتۆر بە پەرستارەکان دەڵێ چۆن داودەرمان بدەن بە نەخۆشەکان. دووەم، ئەرکی کارلێککەریی (interactional)ە، کە بۆ دەربڕینی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، تێڕوانین و هەڵوێستە تاکەکەسییەکان بەکار دێت[iv].
ئەم ئەرکەی زمان "گفتوگۆتەوەر"ە؛ هەم دەبێتە مایەی بەدیهاتن، پاراستن و فراوانکردنی پێوەندییەکان و هەم وەک ئامرازێکی گەیاندن لە خزمەت ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری، چەمک و واتا و بیر و شارەزایییەکاندایە. بۆ نموونە، کاتێک کە کەسەکان لە کاتی یەکتردیتنیاندا ئەو وشە و دەستەواژانە بەکار دێنن کە لایەنێکی سۆزدارییان هەیە، خوازیاری بەردەوامی و بەرفراوانکردنی پێوەندییەکانیانن لەگەڵ یەکتردا. ئەو زاراوانەی پێوەندییان بە چاکوچۆنی و ماڵاواییکردنەوە هەیە، لەم پۆلەن. بەکورتی، بەکارهێنانی زمان بۆ مەبەستە کڵێشەیی، گشتییە کۆمەڵایەتی و نێوان کەسییەکان، بەردەوام وەک نەریتێکی بەکارهێنانی زمان بۆ دەستكردن بە گفتوگۆ، گۆڕین، یان کۆتاییپێهێنانی بەکار هاتووە. لێرەدا زمان بەپێی ستراتیژ و بە شێوەیەکی وا بەکار دێت کە مایەی پەسندی گوێگر و خوێنەر بێت. ئەم پەسندبوونەیش، پەرەپێدانی پێوەندیی مرۆییی لێ دەکەوێتەوە. بۆ نموونە، کاتێک کە دەگوترێت "فڵان کەس مەجلیسخۆشە"، "فڵان کەس گوڵی مەجلیسانە"، یان "فڵان کەس کۆمەڵایەتییە"، بەکارهێنانی زمانە لە بارە ئاخاوتنە جیاوازەکاندا کە مایەی پەسندی دەوروبەرە. ئیدیۆم و پەندەکان لە هەر زمانێکدا بەشێکی گرنگن، کە لە ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکەی زماندا دەور دەگێڕن.
پێوەندیی زمان و کەلتوور
کەلتوور، بەشێکی پێکەوەتەنراوی کردە بەرانبەرییەکانی زمان و هزرە. بەڵگەیەکی گرنگی پێوەندیی نێوان زمان و کەلتوور ئەوەیە کە، بەبێ ناسینی ئەو کەلتوورەی زمانی تێدا بەکار دێت، فێربوونی زمان زۆر سەرکەوتوو نابێت. هۆمبۆڵت پێی وایە کە تاکەکان لە سایەی زمانی دایکدا بیر دەکەنەوە. زمان بەرهەمی گیانی نەتەوەکانە و ناکرێ بیر و بە واتایەک، کۆمەڵ لە زمانەکەیان جیا بکرێتەوە[v]. بۆ نموونە لە زمانی کوردیدا باسکردن لە چەمکی کات لە سەعاتدا، لە پێوەندیی "ئاراستە"کاندا دەردەبڕدرێت وەک: "سەعاتەکەم لە پێشە". هەمان مەبەست لە زمانی ڕووسیدا لە پێوەندیی لەگەڵ چەمکی جووڵەدا دەردەبڕدرێ وەک: "سەعاتەکەم پەلەیەتی". لە زمانی ڕووسیدا جگە لە دەربڕینی کات لە پێوەندی لەگەڵ جووڵەدا، سەعاتیش لە میتافۆرێکی گیانداردا دەردەبڕێ. جیاوازیی پێکهێنە وشەیییەکانی ئەم دەربڕینانە، پێوەندیی بە تێڕوانینی جیاوازەوە هەیە بۆ شت و ڕووداوەکان لەم دوو زمانەدا[vi].
لە فێربوونی زمانی یەکەمدا، گەشەکردنی هۆشەکی یان مەعریفی و گەشەکردنی زمانی، بە شێوەی هاوشان دەچنە پێشێ، کار دەکەنە سەر یەکتری و شێوە بە یەکتر دەبەخشن. بەگشتی، زمان بەشێکە لە کەلتوور و کەلتووریش بەشێکە لە زمان. هەردووکیان بە جۆرێک تێک ئاڵاون کە کەس ناتوانێت بەبێ لەدەستدانی واتا و چەمکی ڕاستەقینەی زمان، یان کەلتوور لێکیان جیا بکاتەوە (داگلاس براون: ١٣٨١: ١٨٢). زمان یهكێكه لهو كهناڵانهی كه له رێگایهوه بیر، ههست و بیرۆكهكانمان له کەلتووردا ڕهنگ دهداتهوه. له ڕێگای کەلتوور و بههۆی زمانهوهیه كه واتا دروست دهبێ. "زمان بهخورتی پێچراوه به ژیانی هزریمان، درككردنمان، بهبیرهاتنهوهمان، ئامادهییمان، تێگهییشتن و بیركردنهوهمان – بهكورتی ههموو ههوڵهكانمان بۆ واتابهخشین به ئهزموونمان له جیهان دهگرێتهوه (Lindfors, 1991, p. 8)[vii].
تۆماس (٢٠٠٥: ٢٢) پێی وایە کەلتوور سیستەمێکی بەرفراوان و گشتییە و لە هەمان کاتدا بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵ ، دامەزراوە یان گرووپێکی تایبەت دیاریکەرە و ئەم سیستەمە دیاریکەرە لەسەر بناغەی سیمبۆلی تایبەت پێک دێت و تێیدا کۆمەڵ، دامەزراوە یان گرووپەکە بەردەوام دەبێت. ئەم سیستەمە، کار دەکاتە سەر تێگەییشتن، هزر، هەڵسەنگاندن و ڕەوشتی گشت ئەندامەکان و، تایبەتمەندیی بەرچاوی هەریەک لە ئەندامەکانی کۆمەڵەکەیە. بە واتایەکی دیکە، کەلتوور وەک سیستەمێکی دیاریکەر، بوارێک لە نەریتە ڕەفتارییەکان بنیات دەنێت کە تاکەکانی کۆمەڵەیەک ڕەچاویان دەکەن (فیروزآبادی و امیری، زبان، فرهنگ و آموزش، ١٣٩٢ ص ١٠٣ مجلە برگ فرهنگ).
سروشتی زمان وەک سیستەمێکی پێوەندیکردنی ڕەمزی، بووەتە هۆی بەدیهاتنی زەینی مرۆیی، کە توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ دەوروبەرە جیاوازەکان و هەڵسوکەوتکردن تێیاندا هەیە. ئەم زەینە توانای بەرجەستەکردنی چەمکەکان، ناسینەوە و جیاکردنەوەیان لە لایەن ئێمەوە، داهێنانی هێزە سەرووسروشتییەکان، تاووتوێکردنی کردارەکانی خۆمان و لێکۆڵینەوە لە ڕابردووی هەیە. لەم ڕوانگەیەوە، زمان داهێنانێکی کەلتوورییە. واتە سروشتی زمان وەک سیستەمێکی پێوەندیکردنی ڕمزییانە، زەینی مرۆڤی بە شێوەیەک دروست کرد کە دەتوانێ بۆ دەوروبەرە جۆراوجۆرەکان پلان دابنێ و نەخشە بکێشێت[viii]. ئەم بۆچوونە، لەگەڵ بیردۆزی کۆمەڵایەتی – کەلتووریی ڤیگۆتسکی و باختین و بۆردیۆش لەبارەی فێربوونی زمانەوە گونجاوە، کە پێیان وایە زەین و گەشەکردنی زەینیی مرۆڤ لە بەستێنێکی کۆمەڵایەتی- کەلتووریدا پەروەردە دەبێت. لە ڕوانگەی زمانناسانی هۆشەکی(Cognitive linguistics)یشەوە چونکە مرۆڤ لەگەڵ جیهان لە کارلێککردندایە، ناتوانێ واتا، بەجیا و سەربەخۆ لە جیهان، وەک بوارێکی سەربەخۆ لەبەرچاو بگرێ. لەڕاستیدا، واتا ئەزموونی گشتیی مرۆڤ دەنوێنێتەوە. واتا بەپێی بەکارهێنانی واقعی و ئەزموونەوە بەدەست دێت (محمد ڕاسخ مهند، ١٣٩٣: ٢٢).[ix]
بەکورتی، دهكرێ وهك "زانستێك کە به شێوهی كۆمهڵایهتی فێری دهبین"، پێناسەی کەلتوور بكەین. ئهمه جۆرێكه له زانست، كه وهك زمانی یهكهم، نائاگایانه فێری دهبین. ئێمه ئهوكاته ئاگامان له زانستهكهی خۆمان (و ههروهها له کەلتووری خۆمان) دهبێت، كه زمان فێر بووبین. ئهو زمانه تایبهتهی له ڕێگای گواستنهوهی کەلتوورییهوه فێری دهبین، لانی كهم له سهرهتادا پێڕهوێكی ئاماده بۆ پۆلینبهندیی جیهانی دهوروبهر و ئهزموونی خۆمان له جیهان دهدهاته دهست (یول، و: بهرامی، 1385: 303)[x]. واته، گهشهكردنی زمان و كردهی بهرانبهری كۆمهڵایهتی، له پێوهندییهكی دووقۆڵی و دووسهرهدان. ئهوهی منداڵان لهبارهی زمانهوه فێری دهبن، له لایهن ئهوهی پێشتر لهبارهی جیهانهوه دهیزانن دیاری دهكرێ. ئهمهیه وا دهكات كه "منداڵان له تهمهنی چوون بۆ قوتابخانهیاندا، نهك ههر فێر دهبن چی بڵێن، بهڵكوو فێر دهبن چی"نهڵێن"، بهم واتایه كه ڕهوشتی كۆمهڵایهتیی زمانهكهیشیان فێر دهبن" (داگلاس براون، 1381: 20)[xi]. بەپێی بیردۆزی کۆمەڵایەتی –کەلتووری، تاووتوێکردنی گەشەکردنی زەینی مرۆڤ، بەر لە هەر شت تاووتوێکردنی ئەوەیە کە تاک چۆن واسیتە زمانییەکان کە سروشتێکی ڕەمزییانە و کۆمەڵایەتی-کەلتوورییان هەیە، جێ دەخا، دەروونییان دەکات و دەیانکاتە بەشێک لە کەسایەتیی خۆی. دەروونیکردنی ئەم واسیتە زمانییانە، بەری کرداری گفتوگۆتەوەریی نێوان منداڵان و ئەندامانی دیکەی جیهانی دەوروبەریان وەک دایک و باوک، مامۆستا، ڕاهێنەر و هاوڕێکانێتی.
بە بۆچوونی ڤیگۆتسکی، زمان خاوەنی کردارێکی ناوبژیوانییانەیە لە نێوان دوو ئاستدا؛ ئاستی نێوانکەسی (نێوان مرۆڤەکان) و دەروونتاکی (ناوەوەی تاکەکە خۆی). ڕۆلی زمان و ئاخاوتن وەک ڕێکخەری کرداری تاکییانەی زەین، لە کاتی دەرکەوتنی ئاخاوتنی خۆتەوەرانە (تایبەتی)دا ئاشکرا دەبێت. منداڵ لە تەمەنی حەوت ساڵیدا دەتوانێ دوو ئەرکی زمان، واتە ئاخاوتن بۆ خۆی و ئاخاوتن بۆ کاسانی دیکە لێک جیا بکاتەوە (ڤیگۆتسکی، ١٩٨٦: ٢٢٥)[xii].
ئەرکە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی زمان لە ناسنامەسازیدا
هەرچەند دەکرێ ئەرکی یەکەمی زمان پەیامگەیاندن بێت، بەڵام بێ شک زمان ئەرکی دیکەیشی وەک، ئافراندنی جوانی و ناساندنیشی هەیە. کەواتە، لە دەوروبەرێکی دیاردا، بە شێوەی هاوکات لە ئاستی جۆراوجۆردا، پەیامی جیاواز بگەیەنێ. لە یەکەم ئاستدا، دەکرێ لە ڕێگای زمانەوە پەیامێکی دیاریکراو وەک هەواڵ، داوا، پرسیار و ...هتد لە بارێک و دەوروبەرێکی کۆمەڵایەتیی تایبەتدا بگەیەنرێ. هەر لەم دەوروبەرەدا، لە ئاستێکی دیکەدا، لە پاڵ ئەم پەیامە دیاریکراوەدا، قسەکەر پێوەندییەکان، مەودا و پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی لەگەڵ وەرگردا لە ڕێگای شێوەی گەیاندنی پەیامە سەرەتایییەکەیەوە دیاری دەکات و دەیگەیەنێتە وەرگرەکەی. لێرەدایە کە پێکهاتەی دەسەڵات (پێوەندیی نایەکسان و پلەدار، یان پێوەندیی یەکسانی کۆمەڵایەتی)یش لە پێکهاتەی زمانیدا یان لە فۆرمی پەیامەکەدا دەنوێندرێ و دەگات. لە ئاستی سێیەمدا، هەڵبژاردن و بەکارهێنانی زمانێک لە بەرانبەر زمانەکانی دیکەدا (وەک سیستەمی پێوەندیی گونجاو و جێگرەوە) لە بارێک و دەوروبەرێکی دیاریکراودا، لە ڕووی ئیتنی، کەلتووری، نەتەوەیی، دەروونی و هتد، واتادارە و پەیامێکی تایبەت لە هاوپێوەندی و یەکێتی، یان جودایی و تەنانەت ڕووبەڕووبوونەوە دەگەیەنێت. بە واتایەکی دیکە، بە دەربڕینی ڕستەیەکی سادە، هەم پەیامە سەرەتایییەکە دەگات، هەم پێوەندی و پێگەی کۆمەڵایەتیی هاوبەشەکان بەرانبەر بە یەکتر دیاری دەکرێ و زانیاریی پێوەندیدار پێیەوە دەگات و هەم هاوپێوەندیی نەتەوەیی و ئیتنیی تاکەکان دەناسرێتەوە و پێداگریی لەسەر دەکرێت[xiii].
لێرەدا، زمان نەک هەر ئامرازێکی پێوەندی، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ نیشاندانی ناسنامەی نەتەوەیی، هاوپێوەندیی ئیتنی و پێگەی کۆمەڵایەتیی تاکەکان لە ناو کەلتووری خۆیاندا. کەواتە، زمان جگە لە ئەرکی پێوەندیکردن و دەربڕینی بیر، ئەرکێکی سەرەکیتری هەیە، ئەویش پێكهوهلکاندنی سیستەمە هۆشەکی و کۆمەڵایەتی – کەلتوورییەکانە. بێرگر و لوکمان (١٣٧٥: ٨) پێیان وایە کە زمان لەبەر توانایی لە تێپەڕینی لە کات و شوێنی هەنووکە، بوارە جۆراوجۆرەکانی نێو واقعیاتی ژیان پێکەوە دەلکێنێت، لە کۆمەڵەیەکی واتاداردا، کۆیان دەکاتەوە و دەبێتە هۆی پێکهاتنی ناسنامەی نەتەوەیی و خودئاگایی بەرانبەر بەم ناسنامەیە[xiv].
لە ئەنجامدا، پشتگوێخستنی ئەم هۆکارە کۆمەڵایەتی –کەلتوورییانە و ڕەچاونەکردنی دەروونیبوونیان لە کەسایەتیی تاک و کۆمەڵدا، پشتگوێخستنی هەموو ئەو وزە و توانا تاکی و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییانەیە، تاکێک لە ژینگە و کۆمەڵە زمانییەکەی خۆیدا بەدەستی هێناوە. پشتگوێخستنی ئەزموونێکە کە لەگەڵ گەشەکردن و گەورەبوونی لە ڕووی ناسین، مەعریفە و سۆزدارییهوه پێی گەییشتووە. پێشێلکردنی خود (ئیگۆ)ی زمانی کەسەکەیە، کە ئاسایشی زمانی و متمانەبەخۆبوونی لەوەوە بەدەست دێنێت. سەپاندنی زمانی نەتەوەیەکی دیکە بەسەریدا، لەگەڵ هەموو پێشێلکارییەکانی دیکەی لە ڕووی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و دەستڕاگەیشتنی بە سەرچاوەکان دەرهەقی دەکرێ، تاوانێکی گەورەیە کە بە مەبهستی لێدانی ناسنامە و کەسایەتیی تاکی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی دەکرێت. هەوڵی دەوڵەتە تاکزمانەکانی وەک ئێران و تورکیا ئەوەیە كه هاوپێوەندیی نەتەوە ژێردەستەکەیان (کورد) بە کۆنترۆڵی زمانەکەیان بپچڕێنن.
لەم پێناوەیشدا ڕێگە لە پەرەسەندنی زمانەکەیان و دەوری زمان لە دابینکردنی پێویستییەکانیان دەگرن، بۆ ئەوەی ئەم پێویستییانە، بە زمانی داگیرکەر ڕاپەڕێنن. ئەنجامی ئەمەیش، هەستکردنە بە بێکەڵکیی زمانە بندەستەکە لە لایەن ئاخێوەرە ڕەسەنەکانییەوە لەم سەردەمی خوێندەوارییەدا، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەک بیرکاری، زانست، یاسا و تەکنۆلۆژیای نوێ. تاکی قسەکەری ئەم زمانە قەتیسکراوە، لەبەر نەبوونی سەرچاوەی پێویست لەم بوارانەدا، تووشی نەخوێندەوارییەکی ئەرکی دەبێت و ناتوانێ تێکەڵ بە جیهانی زانیاریی و زانستیی نوێ بێت. بۆیە هەوڵ دەدات پەنا بۆ جێگرەوەیەکی دیکە بەرێ، کە بە زۆری زمانی داگیرکەرەکەیە. ئەمە تواندنەوەیەکی ههژموونیکە کە بە شێوەیەکی مێژوویی، سەدەیەکە ئەم دەوڵەتانە پەیڕەوی دەکەن. هەر بۆیە، بەرگریکردن لە زمان، کەلتوور و پێوەندییە کۆمەڵایەتییە خۆڕسک و ژینگەیییەکان، دەبێ بکرێتە بناغەی تێکۆشانی نەتەوەییی نەتەوەیەکی وەکو کورد، کە هەموو ئەم مافانەی بەئاشکرا لێ زەوت کراوە. ئەم خەباتە، خەباتێکی پیرۆز و ڕەوایە، خەباتە لە پێناو بوونێکی دادپەوەرانەی مرۆیییانەدا.
[i] . بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بڕوانە وتاری "مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی و وەک زمانی زگماکی" لە کتێبی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، ٢٠١٣، هەولێر: ئەکادیمیای کوردی. هەروەها (روانشانسی زبان، ترجمە و تألیف حسن خواجەای، ١٣٨٥، ص ٣٣٣، تهران: دانش آرا )
[ii] . کوزولین، الکس١٩٩٩، روانشناسی ڤیگۆتسکی: سیر تحول اندیشەها؛ ترجمە حبیباللە قاسمزادە، تهران: آگاه١٣٨١.
[iii] . ناصرالدین علی تقویان و دیگران، "نگرش اجتماعی -فرهنگی در حوزە آموزش زبان"، مجلە تحقیقات فرهنگی ایران، دورە هشتم، ش٢.
[iv] . Brown G. & Yule G. "Discourse Analysis, "Cambridge University press 1983.
[v] . رضوی، عبدالحمید، ١٣٩٢: تأملی بە مناسبت فرهنگ، زبان و آموزش زبان، لە Stolze ,R: 1998:27 وەریگرتووە.
[vi] . بابازادە، جمیلە ١٣٨٨: ٢٦؛ زبان، فرهنگ، آصطلاحات و ارتباط آنها با آموزش زبانهای خارجی، مجلە پژوهشهای زبانهای خارجی ، ش٥٥، دنشگاه تهران )
[vii] . Lindfors, J. W. (1991). "Children's language and learning" (2nd ed.). Boston: Allyn and Bacon.
[viii] . کیوان زاهدی، ١٣٨٨:ص٢6.
[ix] . محمد راسخ مهند، ١٣٩٣،" درآمدی بر زبانشناسیی شناختی".تهران: سمت.
[x] . جورج یول1385، "بررسی زبان"، مترجم: علی بهرامی، تهران: رهنما.
[xi] . داگلاس براون، (1381)، "اصول یادگیری و أموختن زبان أموزش زبان"، مترجم منصور فهیم، تهران: رهنما.
[xii] . ناصرالدین علی تقویان و دیگران ١٣٩٤:ص١٤٠.
[xiii] . مدرسی، یحیی١٣٨٤: ص١٣٢، پلورالیسم قومی – زبانی و هویت ملی، نامە انسان شناسی، سال چهارم، شمارە٧.
[xiv] . برگر، پیتر؛ لوکمان، توماس(١٣٧٥)، ساخت اجتماعی واقعیت، ترجمە فریبرز مجیدی، تهران: انتشارات علمی – فرهنگی.