یەکێ لە بابەتە گرینگەکان بۆ مانەوە و پەرەسەندنی زمانێک، تێڕوانینی ئاخێوەرانی ئەو زمانەیە بۆ زمانەکەی خۆیان. لە پێککەوتنی زمانەکاندا، کە بابەتێکی گرینگی زمانناسیی کۆمەڵایەتییە، زمانە بندەستەکان زیاتر تووشی گۆڕان و تەنانەت زۆر جار فەوتانیش دەبن. بۆ ئەوەی پێگەی ناسنامەییی زمانی کوردی، وەک زمانی گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت لە جیهان، بپارێزرێ، پێویستە بەپێی پلانێکی زمانی، کار بۆ دروستکردنی تێڕوانین (attitude)ی ئەرێنیی ئاخێوەرانی زمانەکە لە زمانەکەی خۆیان بکرێت. ئەمە لە هەر دوو باری ستوونی (دەسەڵات) و باری ئاسۆیی (خێزانەکان، قوتابخانە و دامەزراوە مەدەنی و میدیایییەکان)، دەکرێ بەڕێوە بچێت.
لە تێڕوانینی ئامرازییانەوه بۆ زمان، بۆ تێڕوانینی مەعریفی و سۆزدارانە
زمانناس و فەیلەسووفان بە شێوەیەکی نەریتی پێیان وایە ئامانجی زمان ڕاپەڕاندنی ئەم دوو ئەرکە سەرەکییەی خوارەوەیە:
سروشتییە کە ئەگەر زمانێکی ناوچەیی و پەراوێز وەک زمانی کوردی، تەنیا ئەرکی پێوەندییەکی نێوانکەسیی لە نێوان گرووپێکی بچووکی لە ئەستۆ بێت لە بەرانبەر زمانە زاڵکراوەکەدا کە بەفەرمی کراوە و زمانی خوێندن و نووسینە، بەکارهێنانێکی بەرفراوان و بەرهەمی ئەدەبی و هونەریی دەوڵەمەندی هەیە، شانسێکی کەمی بۆ مانەوە دەبێت (Fasold, 1987: 62). بەستنەوەی زمان بەس بە پێوەندییە نێوانکەسییەکان، بە واتای لەکەلکخستنیهتی لە بوارەکانی دیکەی ژیانی کۆمەڵایەتیی ئاخێوەرانی زگماکی زمانەکە. ئەمەیش ئەو تێڕوانینەیان لا دروست دەکات کە ئەم زمانە توانای دابینکردنی پێویستییەکانی ئەم سەردەمەی ئەوانی نییە و، کەواتە لاوازە. ئەم تێڕوانینە، بە تێڕوانینێکی نەرێنی بۆ زمانەکەیان دادەنرێت کە بە "سەرەتای گۆڕانی زمانەکە و مەرجی پێویست و تەواوی ڕوودانی گۆڕان لەو زمانە دادەنرێت. چونکە پێوەندیی تێڕوانینی زمانی و بەکارهێنانی زمان لە کۆمەڵدا دووسەرەیە؛ واتە تێڕوانینی نەرێنی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەکارهێنانی لە کۆمەڵدا و، بەکارنەهێنانیشی دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تێڕوانینی نەرێنی لەو کەسانەدا كه قسەی پێ دەکەن" (مدرسی، ١٣٦٨: ٨٣-٨٢). ئەوە کە کۆمەڵێک لە خەمی زماندایە، واتە هۆشیاریی زمانیی هەیە. "سیلڤێرشتاین" هۆشیاریی زمانی بەو کۆمەڵە ئاگایییە دەزانێت، کە بەکەرهێنەرانی ئەو زمانە بۆ پاساودانی پێکهاتەکانی (لە ڕووی زاراوە، وشە، ڕستە و ڕێزمان) و بەکارهێنانی ئەو زمانە دەیخەنە ڕوو.
بە بۆچوونی ڕۆلان بێرتۆن، ئیتنۆلۆژیستی فەڕهنسی "ئەگەر نەبوونی پەیوەستەییی جوگرافی، یان پێگەیەکی نیشتمانی، کۆسپێکی سەرەکی لەسەر ڕێگهی پێکهێنانی دەوڵەت بێت، نەبوونی ناسنامەی زمانی، یان یەکپارچەییی زمانییش دەتوانێت گرفتێکی گەورە لەم بوارەدا بێت. لە وەها تێڕوانینینێکەوەیە کە هەموو بزوتنەوە ئیتنییەکان لەسەر پاراستنی زمانە بەرمەترسییەکان، لەسەربەدیهێنانی یەکێتی زمان لە بارودۆخی نەبوونی یەکێتییەکی ئەو تۆدا، لەسەردانانی ستانداردێکی هاوبەش و سەرەنجام لەسەر فراوانکردنی زمان لە هەموو بەشەکانی ئیتنیکەکە پێ دادەگرن" (قوم شناسی سیاسی،١٣٨٤: ١٠٩).
ڕۆڵی ناسنامەیییانەی زمان
یەکێک لە بنەڕەتیترین ڕێگهکان بۆ چەسپاندنی ناسنامە و شێوەبەخشین بە ڕوانگەی ئەوانی دیکە کە ئێمە کێین، لە ڕێگهی بەکارهێنانی زمانەکەمانەوەیە. ئەم بابەتە لەسەر ئەوە دەڕوات کە خەڵک چۆن بە بەکارهێنانی زمان، ناسنامەی کۆمەڵایەتیی خۆیان بنیات دەنێن؟ چۆن کۆمەڵە و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان زمان وەک ئامرازی ناساندنی ئەندامەکانیان و دیاریکردنی سنوورەکانیان بەکار دێنن؟ لەبەر ئەوەی زمان لە بنیاتنانی ناسنامەی تاکی و کۆمەڵایەتیدا گرینگە، دەتوانێ لە بەکارهێنانی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتیدا ئامرازێکی گرینگ بێت. ناساندنی خۆت وەک ئەندامێکی سەر بە گرووپێکی تایبەت، یان کۆمەڵەیەک، زۆر جار بە واتای پەسندکردنی نەریتە زمانییەکانی ئەو گرووپەیە و، ئەمە هەر پێوەندیی بەو وشانەوە نییە کە بەکاری دێنی، بەڵکوو پێوەندیی بەو شێوەیەوە هەیە کە دەیانڵێی. شێوەی ئەو نەریتە پارێزراو و پێناسەکراوانە، ئاسایی لە لایەن گرووپەکەوە نەک تاکەکەوە کۆنترۆڵ دەکرێن.
زمانناسانی کۆمەڵایهتی پێیان وایە، زمان بەم شێوەیە ناسنامەسازە؛ واتە زمان، جیهانی ئەزموون لەناو وشەکاندا پوخت دەکاتەوە. تێوەگلانمان لەگەڵ زمان، ئێمە لە تاقیکردنەوەیەکی تۆخی ئەزموون و نوقمبوون لە ئەزموونی توخدا بەرزتر دەکاتەوە. ئەمە وا لە ئێمە دەکات لە جیاتی ئەوەی هەر بوونێکی سادە بین، لە خۆمان تێ بگەیەن. کەواتە، زمان ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە مەعریفەی ئێمە بەرانبەر بە خۆمان، شتەکان و دەوروبەرمان. بۆ ڕوونکردنەوەی کارلێککردنی ناسنامەی تاکی و گرووپی لەگەڵ زمان، پێویستە زمان بە ئەزموونی هاوبەش گرێ بدەینەوە؛ کە لەوانەیە بناغەیەکی سەرەتایی بۆ ئەم مەبەستە ناوەکان بن.
لە پێناسەکردنی ناسنامەدا لە ڕووی ناوەکان، یان "دالەکان" لە لایەک و، واتا پێوەندیدارەکان پێیانەوە، یان "مەدلوولەکان" لە لایەکی دیکەوە، دەکرێ بڵێین گشت دیاردەی ناسنامە، دەتوانێ وەک دیاردەیەکی زمان درکی پێ بکرێ. لە سەرووی ئەمەوە، بەشێکی بەرچاوی لێکۆڵینەوە لە چەندین بواری زمانەوانیی کۆمەڵایەتی، دەروونناسیی کۆمەڵایەتی و ئەنترۆپۆلۆژیی زمانی –کۆمەڵایەتی ئاماژە بە گرینگیی کرۆکی پێوەندیی ناسنامە – زمان دەکەن (John E. Joseph, 2004: 11-12).
وەک "ڕۆلان بێرتۆن" دەڵێ: "هیچ کەس نازانێ کەی ناوی کوردستان وەک وڵاتێکی سەربەخۆ لە ئەتڵەس و خەریتە جوگرافییە نێودەوڵەتییەکاندا دەردەکەوێت، بەڵام ناودانان لەسەر یەک یان چەند پارێزگایەکیش دەتوانێ ئەم ناوە بەڕەسمی بناسێنێت.
پاراستنی پێگەی زمان لە ڕوانگەیەکی ناسنامەیییەوە
لەبەر ئەوەی ناسنامە شتێکی چەسپاو نییە، پێگەی زمان لە ڕەوتی مێژوودا و لە شوێنەکاندا جیاواز و بگۆڕە. هەر بۆیە ئامانجی پلانی زمان، پاراستنی پێگەی زمانەکەیە لە ڕوانگەیەکی ناسنامهیییەوە.
ناسنامە، دەکرێ وەک بیرۆکەیەک سەیر بکرێ کە کەسێک لە خۆی هەیەتی؛ چ وەک تاکێک یان وەک بەشێک لە گرووپێک. هەر نەتەوەیەک کە بەدوای بەرجستەکردنی ناسنامەی خۆیەوە بێت، یەکێ لە سەرەتاییترین ئەرکەکانی، بەدیهێنانی یەکێتییە لە زماندا. ئەمە نەک هەر بۆ دۆزینەوەی کەسایەتیی نەتەوەکە بابەتێکی سەرەکییە، بەڵکوو بۆ بەرفراوانکردنی جوگرافی و لە ڕووی مرۆییشهوه سەرەکییە. نموونەکەی بەدیهێنانەوەی نەتەوەی یەهوودە لەسەر سەرزەمینی ئیسڕائیل و دروستکردنەوەی نەتەوەیەک لە زمانێکی مردووەوە بۆ زمانێکی مۆدێرن.
مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و کەلتوور، زمان و کەسایەتییەکەی لە کارلێککردنی لەگەڵ کۆمەڵ و ئەندامەکانی دیکەی کۆمەڵە زمانییەکەی خۆیدا واتادار دەبێت. یاسا و ڕێسای کۆمەڵایەتی و کەلتووریی تایبەت، بەسەر کۆمەڵە زمانییە جۆراوجۆرەکاندا زاڵە. ئاگاداری لە بنەما، یاسا و عورفی کۆمەڵایەتی و ناسینی سروشتی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، مەرجی سەرەکییە بۆ پێوەندیکردن لەگەڵ هاوزمان و هاوچەشنەکاندا. ئەمەیش لە ڕاستیدا پێویستە بۆ گەشەکردنی ناسنامەی نەتەوەیی لە ڕێی زمانێکی هاوبەشی نەتەوەیییەوە.
بە بۆچوونی بەیکێر (١٩٩٢) تێڕوانینی زمانی لە سێ پێکهێنی ئاگایی (ئاگا بە بابەتەکە)، هەست (هەستیاری بە باتەکە) و ڕەفتار (هەڵسوکەوت، یان ڕەفتار بەرانبەر بە بابەتەکە) پێک هاتووە. ئەم پێکهێنانە لە هەر سێ ئاستی پەیکەرە، پێگە و فێرکردنی زماندا هەڵدەسەنگێندرێ. تێڕوانینی زمانیش بە هەر نیشانەیەکی هەستییانە، مەعریفی، یان ڕەفتاری لە کاردانەوە بەرانبەر بە جۆرە جیاوازەکانی زمان و قسەپێکەرەکانیان دەگوترێت. تێڕوانین بابەتێکی سەرەکیی دەرونناسیی کۆمەڵایەتییە. چونکە وا پێدەچێ بە پلاندانان، دەکرێ تێڕوانینی پەسند، بكرێته جێگرەوەی تێڕوانینی ناپەسند، ئامانجی پلاندانانی زمانیش بەتایبەتی لە ئاستی پێگەسازی بۆ زماندا ئەوەیە تێڕوانینەکان بۆ زمانی نەتەوەیی باش بکرێت بۆ ئەوەی یەکێتیی نەتەوەییی لەسەر دروست بکرێت. ئەمە ئەرکی دەسەڵاتی کوردی لە باشووری کوردستانە لە ڕێگهی دامەزراوە حکوومییەکانییەوە، وەک بڕیارێکی سیاسی کار بۆ ئەم بابەتە بکات.
بۆ ئەوەی هۆشیاریی زمانی بۆ زمانی نەتەوەیی بەرز بکرێتەوە و تێڕوانینێکی ئەرێنی لە زمانی نەتەوەیی دروست بکەین، پێویستە ئەوە بزانین کە بەگشتی تێڕوانینی زمانی لە ئەنجامی پلانی پێگەسازیی زمان لە کۆمەڵگەدا، لە ڕێگای پەروەردە و فێرکردن و میدیاوە و لە پێوەندیی لەگەڵ پێکهێنەکانی تێڕوانین (ئاگایی، هەست و ڕەفتار) و کارلێککردنی ئەمانە پێکەوە بەرهەم دێت.
تێڕوانینی ئایدیۆلۆژییانەی نەتەوە سەردەستەکان بۆ زمان لە پلانی زماندا
ئایدیۆلۆژیی زمان، شێوەی هەڵسوکەوتی گرووپێکی زمانی بەرانبەر گرووپێکی دیکەی زمانی دەخاتە ڕوو و، بە شێوەی ئاسایی گرێدراوی هەڵسەنگاندنە لەبارەی ئەوەی چی ڕاستە و چی هەڵەیە. یەکێک لە گرینگترین ئامانجەکانی پلانی زمانی، پاراستنی پێگەی ناسنامەییی زمانە. ئایدیۆلۆژییەکان ئەو چوارچێوە مەرجەعییانە دەگرنەوە کە پێوەندییان بە گرووپێکی کۆمەڵایەتیی ئایدیاڵەوە هەیە کە لە داهاتوودا لە بەشێک لە واقعییەتەوە [پێشکەوتنی دیالێکتێک] گەشە دەکات بە پیادەکردنی ئایدیۆلۆژیاکە. لایەنی ئایدیۆلۆژیاکە، بەندە بە پلانی پێگەسازیی زمانەکەوە کە لە پلانی زماندا زۆر پشتگوێ خراوە؛ سەرەڕای ئەوەی کە دەبێتە بناغەی هەموو فۆرمەکانی پلانی پێگەسازی. ئەوەیش لەبەر ئەوەیە کە ئایدیۆلۆژییەکان، بەستراون بە هەڵسەنگاندنی "بههایییانە" و شێوەیەکی دیاری ڕەفتارەوە کە بڕیارەکانی پێگەسازیی مەسەلە ئەخلاقییەکان دەبزێون.
خاڵێکی گرینگ کە لە باسی پلانی زماندا زۆر بچووک سەیر کراوە، یان هەر بەتەواوی پشتگوێ خراوە، ئەوەیە کە ئەو جۆرە چالاکییانە بەقووڵی سروشتێکی سیاسییان هەیە. پلانی زمانی، پێوەندیی بە بڕیارە گشتییەکان لەبارەی زمان، بەکارهێنانی، پێگەکەی و پەرەپێدانییەوە هەیە. ئەم بڕیارانە لە ڕووی ئابووری، پەروەردەیی و سیاسییەوە هەم بۆ کۆمەڵ هەم بۆ تاک بەگشتی، زۆر گرینگن. پلانی زمان ناتوانێ لەم بوارانە دابڕێت و، هەوڵێکی ئاوا پەسند نییە. هەر بۆیە بەناچار هەوڵەکانی پلانی زمان لە ماهییەتدا ئایدیۆلۆژییانە و سیاسییانە دەبێت و، ئەم ڕاستییە لە پێوەندی لەگەڵ ئەوانەدا، دەبێ لەبەرچاو بگیرێت.
"دۆنا کێر" (١٩٧٦) پێشنیار دەکات کە هەر سیاسەتێکی باش بە چوار تاقیکردنەوەدا تێ دەپەڕێ؛ کە هەر کامەیان پرسیاری تایبەت بە خۆی دەورووژێنێ.
ئەم چوار تاقیکردنەوەیە بۆ ئێمە، لە هەڵسەنگاندنی سیاسەتی زماندا زۆر سودمەندن و، دەتوانێ بۆ شیکردنەوەی پرۆسە جیاوازە زمانییەکان و ئامادەکردنی ئێمە بۆ کۆمەڵە پرسیارێک لەبارەی بژاری سیاسەتی زمانە جیاوازەکاندا بەکار بێت.
بەپێی ئەم چوار پێوەرە، سیاسەتی زمانیی دەوڵەتەکانی ئێران، تورکیا و سووریا دەرناچن و لە ڕێزی پلانە فاشیلەکان بۆ سیاسهتی زمان دادەنرێن. لەبەر ئەوەی کە یەکەم، سیاسەتەکانیان هەموو خەڵکی نێو وڵاتەکانیان پەسندی ناکەن؛ تەنیا بۆ نەتەوەی فەرمانڕەوا پەسندە کە ئەویش بەشێکە لە کۆی پێکهاتە نەتەوەیییەکانی دیکەی نێو چوارچێوەی ئەو وڵاتانەدا. دووەم، ئەو سیاسەتە نادادپەروەرانەیە، چونکە هەڵاواردنی تێدایە و مافی زمانی نەتەوەکانی دیکەی تێدا ڕەچاو نەکراوە. سێیەم، ناکاریگەرە، چونکە زمان هەر ئامراز نییە و گرێدراوی بیروباوەڕ، ئایدیۆلۆژی و کەلتوورە و نوێنەری هەموو ژیانی کۆمەڵایەتیی نەتەوەیەکە. لەو وڵاتانەدا بە هۆی نادیموکراتبوونی دەسەڵاتەکانیان بەردەوام بەرگری و سەرهەڵدان و "ڕاسان" بەدژی زۆرداری هەیە. زمان و کۆمەڵەیش کار لێک دەکەن و مافی زمانی، بەشێکە لە مافی نەتەوەیی، ئەگەر هەمووی نەبێت. چوارەم، ئەوەیە کە ئەو سیاسەتە، لەبەر ناوەڕۆکی نادادپەروەرانەی، بەردەوام دەکەوێتە بەر تانە و، ململانێی لەسەر دەبێت و، تاسەر ناتوانێت بەردەوام بێت.
ئەوەی لێرەدا گرینگە ئاماژەی پێ بکرێ، خستنەڕووی ئایدیۆلۆژییە جیاوازەکانی زمانە. چونکە لە هەر وڵاتێکدا یەک لەو ئایدیۆلۆژییانە بکرێتە بنەمای پلاندانان بۆ زمانەکان، پێڕەوی (سیستەم) جیاواز لە پێڕەوی سیاسەتی زمان و پەروەردە و فێرکردن دروست دەکات. چالاکییەکانی پلانی زمان و سیاسەتە زمانییە تایبەتەکان نەک هەر ئەرکی جیاواز ڕادەپەڕێنن، بەڵکوو دەکەونە نێو ئاراستەی ئایدیۆلۆژیی جیاوازەوە بەپێی گریمانە بنەڕەتییەکانیان، هەروەها ئامانج و مەبەستە کۆمەڵایەتی و پەروەردەیییەکانیان. یەک لەو ئایدیۆلۆژییانە کە بە درێژاییی سەدەی ڕابردوو بەرانبەر زمانی کوردی بەکار هاتووە، ئایدیۆلۆژیی تواندنەوە بووە.
تواندنەوەی زمان وەک ئایدیۆلۆژییەکی زمان، لەسەر ئەو گریمانەیە بنیاد نراوە کە یەکێتیی زمانی (و لەوانەیە کەلتووریش) لە کۆمەڵدا تا کەمترین ئاستی چڕ بکاتەوە و، ئەمەیش بە پەسند دەزانرێت؛ ئەوە هەروەها لەوانەیە تا ڕاددەیەک پێویستیش بێت. کەواتە، ئەو سیاسەتە زمانییەی لەسەر ئایدیۆلۆژیی تواندنەوەی زمانی بنیات دەنرێت، مەیلی لە مۆدێلە تاکزمانییەکانە لە کۆمەڵدا. تایبەتمەندییەکی گرینگی تواندنەوەی زمانی، ئەوەیە کە لایەنگری لەوە دەکات کە وەها سیاسەتگەلێک نەک هەر بە بەدەستهێنانی شارەزایی لە زمانە هاوبەشە تایبەتەکەوه خەریک دەبێت، بەڵکوو کار بۆ ڕەتکردنەوە و جێنشینکردنی ئەو زمانە لە شوێنی زمانەکانی دیکەیش لە کۆمەڵدا دەکات؛ لانی کەم لە پانتای گشتیدا. ئەم جۆرەی ئایدیۆلۆژیی زمانی، لە کردەوەدا، حەزی لە هاندانی باوەڕی باڵادەستیی زمانی زاڵە لە کۆمەڵدا؛ بە کردەوە، ئەمە زۆر جار لە ئەنجامدا، دەگاته حاشاکردن لە مافی زمانی قسەکەرانی زمانەکانی دیکە لەچاو زمانە زاڵکراوەکەدا (Cobarrubias, 1983).
پێچەوانەی ئایدیۆلۆژیی تواندنەوەی زمان، پلۆرالیزمی زمانی، جەخت لە مافی زمانیی گرووپە کەمینەکان دەکاتەوە و، بەڵکوو هەروەها پشتگیری لە جۆراوجۆریی زمانی لە کۆمەڵدا دەکات. پلۆرالیزمی زمانی لە شێوەی جۆراوجۆردایە و، بریتییه لە سازانێکی لاوازی جۆراوجۆری، بۆ پشتگیرییەکی بەهێز بۆ فرەزمانی؛ تەنانەت تا ئاستی دانی پێگەی فەرمی بە دوو زمان یان زیاتر لە کۆمەڵێکدا.
ڕۆڵی خێزان لە پاراستنی زماندا
یەکێک لە مەترسیدارترین هۆیەکانی لەناوچوونی زمانێک کە لەم سەردەمەدا باوە، ئەوەیە کە کۆمەڵەیەکی زمانی، بەرە بەرە زمانێکی دیکە لە درێژاییی چەند نەوەدا دەکاتە جێگرەوەی زمانە زگماکەکەی خۆی، کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی قسەپێکەرانی ئەو زمانە، دابەزینی ئاستی دەوڵەمەندی و تواناییی زمانیی تاکاکان و کەمبوونەوەی ئاستی بەکارهێنانی ئەو زمانە لە دامەزراوەکان و خێزانەکاندا؛ ئەمەیش لە ئاکامدا، دەبێتە هۆی مەرگی ئەو زمانە (بەیکێر، ٢٠٠١). بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی ستوونیدا کە حکوومەت خۆی بەرپرسە لە پاراستنی زمانی نەتەوەیی، ئەم ڕەوتەی بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕێگهی پەروەردەوە دەست پێ کردووە. بێبەرنامەییی خۆی بۆ زمانی کوردی و ناکارامەییی ستافی پەروەردەیی لە دانانی مەنهەجی خوێندن و کتێبە پەروەردەیییەکانی، لەسەر زمانی کوردیی شکاندووەتەوە، کە گوایە زمانەکە لاوازە.
بەپێی ئەم سیاسەتە زمانییە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و، هەروەها ئەو پلانەی دەوڵەتە ناوچەیییەکان بۆ تواندنەوەی زمانی کوردی گرتوویانەتە بەر، ئەرکی خێزان و دامەزراوە میدیایییەکانە کە هۆشیارانە لە خەمی زمانەکەیاندا بن و هەوڵی پاراستنی بدەن. یەک لەو سیاسەتە زمانییانەی ئێستا، لە لایەن پلاندانەرانی زمان و زمانناسانی کارەکییەوە ئاماژەی پێ دەکرێت، سیاسەتی زمانیی خێزان (Family language policy)ە، واتە "پلانێکی ڕوون و ئاشکرا لە پێوەندیی لەگەڵ بەکارهێنانی زمان لە نێوان ئەندامانی خێزاندا لە ماڵەوە"یە(King, Fogle, & Logan-Terry, 2008)) و، بووەتە بوارێکی نوێی لێکۆڵینەوە لە بابەتی پاراستنی زمان.
هەر لەم پێناوەدا توێژەرانی بواری پاراستنی زمان، پێیان وایە کە بڕیاردانی پەسند و ئەرێنیی خێزانەکان لەبارەی زمانەکەیانەوە، لەوانەیە گەرەنتیی مانەوەی زامەنەکە بکات. چونکە تێڕوانینی ئەرێنی بۆ زمانەکە هۆکارێکی کاریگەر دەبێت لە پاراستنی ئەو زمانە و، لە بەرانبەردا تێڕوانینی نەرێنی دەبێتە هۆی وەستانی ئەو زمانە بۆ نەوەی داهاتووی ئاخێوەرەکانی ئەو زمانە (بەیکێر ٢٠٠٦).
ئاشکرایە کە خێزانیش خۆی گرێدراوی ژینگە کۆمەڵایەتییەکەیەتی و، خێزانیش بە تەنیا ناتوانێ بەتەواوی ئەم ئەرکە ڕاپەڕێنێ و پێویستیی بە دامەزراوەکانی دیکەی وەک میدیا، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ناوەندە فێرکاری و ئەکادیمییەکان دەبێت بۆ ئەوەی لە پاراستنی زماندا سەرکەوتوو بێت.
ئەنجام
بەگشتی، تێڕوانینی زمانی، ئاگایی بە زمان و هەموو ئەو چالاکییە ڕەفتارییانەی زمان دەگرێتەوە، کە دەبێت بکرێت بۆ ئەوەی تێڕوانینێکی ئەرێنی بۆ پاراستنی زمانێک دروست بێت. بۆ ئەم مەبەستە لە ئاستی ستوونیدا، حکوومەت، دەبێت بە یاریدەی ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان و دەرەوە و، هەروەها ڕێکخراوی یونسکۆ پلانێکی تۆکمە بۆ زمانی کوردی لە هەر سێ ئاستی پێگەی زمان (بژاری جۆر یان جۆرەکان، بڕیاردان لەبارەیانەوە یان دروستکردنی زمانێک لەسەر بەژنی زارە کوردییەکان)، پەیکەری زمانەکە (وشە و ڕێزمانی زارەکان) و فێرکردنی زمان (فێرکردنی زمان لە خوێندنگەکان) لە هەر دوو بواری زمانی کوردی و زمانی دووەم، دابنێ؛ کە لەم پلانەدا لەسەر بنەمای پلۆرالیزمی زمانی، بڕوا و دیاردەی فرەزمانی و فرەدیالێکتی ڕەچاو بکات. بودجەی پێویست بۆ دیاردەی پێککەوتنی زمانەکان و کارلێککردنی زمانەکان لەیەکتر تەرخان بکات. هەروەها لە ئاستی ناوچەییدا و لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، خەمی زمان خەمێکی سەرەکی بێت و، بکرێتە بنگەیەک بۆ "ڕاسان"ێکی فەرهەنگی -نەتەوەیی بۆ بەدیهێنانی مافی زمانی و مافە نەتەوەیییەکانی دیکەی کوردیش لە وڵاتەکانی ئێران، تورکیا و سووریا. چونکە پاشەکشەکردن بە دەوڵەتە سەرەڕۆ داگیرکەرەکان، لە ڕەچاوکردنی مافی زمانیی نەتەوەی کورد لە ئاستی خوێندن و نووسین لە قۆناغی بنەڕەتی و سەرەتاییدا، لێکەوتە کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری و سیاسییەکانی، گەورە و بەرفراوانن و، تواناکانی نەتەوە بۆ پاراستنی زمان و بوونی خۆی دەبووژێننەوە. لەم پێناوەدا میدیای کوردی و بەتایبەتی کەناڵە ئاسمانییەکان دەتوانن ڕۆڵێکی گرینگیان هەبێت. بۆ نموونە، دەتوانن لە ڕێگەی کۆنفڕانس و وۆرکشۆپە میدیایییەکانەوە پلانێکی هاوشێوەیان بۆ پەرەپێدانی هۆشیاریی زمانی لای بینەر و گوێگرانی خۆیان هەبێت. هەروەها بە یاریدەی زمانناسەکان، کار بۆ چەسپاندنی پلانی زاراوەسازی بۆ زاراوە نوێیەکان، کەلەپوور و فەرهەنگی زارەکی لە شوێنە جیاجیاکانی کوردستان بکەن. لەم بوارەدا پێویستە لە ڕێگهی زانکۆکانەوە کار بۆ کۆکردنەوە و گفتوگۆی زانستی لە بواری زارناسی (دیالێکتۆلۆژی)، ڕێزمان، فۆلکلۆر، ڕێزمان، فەرهەنگنووسی و زاراوەسازی و گەشە و گۆڕانی زمان بکرێت.