لێکەوتەکانی نواندنەوەی توندوتیژیی میدیایی لەسەر وەرگر

هەرێمی کوردستان لە دەوروبەرێکی پڕ لە توندوتیژیدا هەڵکەوتووە و، دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکان لە هەندێک شوێن خۆیان ڕاستەوخۆ بەرەوڕووی کرداری توندوتیژانە بوونەوەتەوە و، لە شوێنەکانی دیکەیش کە بە هۆی دەزگه‌کانی ئاسایش و هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی توندوتیژی بەدوور بوون، بەڵام لە ڕێگه‌ی میدیاکانەوە بە شێوەیەک له‌ شێوه‌كان توندوتیژییەکانیان بینیوە. چۆنێتیی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان لە لایەن میدیاکانەوە، لێکەوتەی جۆراوجۆری لەسەر وەرگرەکانی هەیە. میدیاکان، بەتایبەتی تەلەڤزیۆن و ڤیدیۆکان، دەتوانن کار بکەنە سەر شێوەی تێڕوانین، بەهاکان و ڕەوشتی تاکەکان و، لەنێویشیاندا منداڵان بەتایبەتی. چەمکی توندوتیژی تەنیا تاکە ڕەفتارێک ناگرێتەوە، بەڵکوو بریتییە لە کۆمەڵە ڕەفتارێک. هەر بۆیە توندوتیژی، بە شێوەیەکی گشتی دوو ڕەهەندی هەیە: یەکەم، کرداری توندوتیژانەی فیزیکییە (زیانگەیاندنی جەستەیی) و، دووەم، توندوتیژیی ڕەمزی (سیمبۆلیک( توندوتیژی بە شێوەی ئاسایی، زمانییە و، سەرەتا خەساری دەروونی، یان عاتفییان کار لە بەرکەوتەی توندوتیژییەکە دەکات)([i]). هەرچەند میدیاکان تەنیا هۆکار نین بۆ سەرهەڵدان یان پەرەسەندنی توندوتیژی، بەڵام ناوەرۆکی میدیاکان (تەلەڤزیۆن، گەمە ڤیدیۆیییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان)، ده‌توانن مەیلی نواندنی توندوتیژیی وەرگرەکانیان بەپێی تایبەتمەندییە کەسییەکانیان  و ئەو دەوروبەرە کۆمەڵایەتییەی تێیدا دەژین، زیاد بکەن.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی دەروونناسانی کۆمەڵایەتی، لێکەوتە سەرەکییەکانی میدیا و بەتایبەتی تەلەڤزیۆن لەسەر وەرگرەکانیان ئەمانەن([ii]):

  • لەوانەیە بەرامبەر بە ئازار و مەینەتیی ئەوانی دیکە کەمتر هەستیار بن. گریمانەی ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە چاولێکردنی بەردەوامی تەلەڤزیۆن، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کاردانەوەی سۆزدارییانە بە توندوتیژی. ئەم بابەتەیش ئەو کاتانە گرینگە کە ئەم خاڵەمان لەبەر چاو بێت کە منداڵان بەتایبەتی، بەڕوونی و بەتەواوی، سنووری نێوان واقع و خەیاڵ لێک جیا ناکەنەوە و، هەر شتێکی لە تەلەڤزیۆن و فیلمە ڤیدیۆیییەکان دەیبینن، بە ڕاستەقینەی تێ دەگەن. هەر بۆیە، کاتێک کە سەیری ئەو بەرنامانە دەکەن کە ناوەرۆکێکی توند و زبریان هەبێ، بە ئەگەری زۆر کاریگەریی زیانبەخشیان لەسەر نموونەی هزری، هەیەجانی و ڕەفتارییەکانیان دەبێت. لەبەر ئەمە، پێویستە دایک و باوکان فێر بکرێن کە داوا لە منداڵەکانیان بکەن کە ئەوەی لە بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکان دەیبیننن، لەگەڵ ڕووداوە ڕاستەقینەکاندا بەراوردیان بکەن. ئەوان دەبێ منداڵەکانیان تێ بگەیەنن کە تەلەڤزیۆن لە ڕاستیدا، وەک چیرۆکبێژ و هەقایەتبێژ وایە کە چیرۆک و هەقایەتەکانی دروست کراون. ئەوان دەتوانن بەئاسانی منداڵەکانیان تێ بگەیەنن کە چۆن لایەنە تەکنیکییەکانی وەک مۆسیقا (موزیك) و تیشک (نوور) بۆ شوێندانان لەسەر سۆز و هەستی وەرگر بەکار دێن([iii]). دیارە دەبێ ئەو خاڵەمان لەبەر چاو بێت کە توندوتیژیی تەلەڤزیۆنی، خۆی لە خۆیدا بەرپرسی داگەڕانی منداڵان و بەگشتی مرۆڤ بۆ دەستدرێژی و ڕەفتاری دژە-کۆمەڵایەتی نییە، بەڵام بە هۆكاری مەترسیداری ئەم بوارە دادەنرێ؛ زۆربەی لێکۆڵینەوەکان پێوەندیی لاواز بەڵام ئەرێنیی نێوان پیشاندنی توندوتیژیی تەلەڤزیۆنی و ڕەنگدانەوەی لە ڕەفتاری مرۆڤدا دەخەنە ڕوو.
  • لەوانەیە لە دەوروبەری خۆیان بترسن. بۆ نموونە منداڵان لە پاش ئەوەی چاو لە فیلم، یان هەواڵێکی تەلەڤزیۆنی دەکەن کە توندوتیژی بەرجەستە دەکەن، ئاستی متمانەیان بە دەوروبەریان کەمتر دەبێت. زۆر جار تووشی ترس و دڵەڕاوکێ لە دەوروبەری خۆیان دەبن و، وا ده‌زانن لە بەردەم ئەم هەڕەشانەدان و، ئەمەیش خۆی ناپایەداریی دەروونیی منداڵی لێ دەکەوێتەوە.  
  • لەوانەیە ڕەفتاری تێکدەرانە و زیانبەخش بەرامبەر بە کەسانی دیکە لەخۆ بنوێنن. سەیرکردنی ڕەفتاری زبر و توندوتیژانه‌ی تەلەڤزیۆن، بە شێوەی زمانی یان کرداری، ڕەفتاری توندوتیژانە زیاتر دەکات، چونکە ئاستی هاندان و ورووژاندنی بینەران بۆ نواندنی ڕەفتای توندوتیژانە لە خۆیان، زیاتر دەکات. لە ڕووی زمانییەوە و تەنانەت هەڵسوکەوتەوە تەلەڤزیۆنەکان، دەبێ بنەماکانی ڕێزگرتن ڕەچاو بکەن و هەموو ئەو دیاردانەی لە نەریتی کۆمەڵایەتیدا بە زمانی زبر و نزم دادەنرێن و شکاندنی کەسایەتیی لێ دەکەوێتەوە بەکار نەهێنن؛ بەگشتی دەبێ ئەخلاقی پیشەییی خۆیان لەبەرچاو بێت. لە باری ڕووماڵکردنەوە، زۆر جار لە تەلەڤزیۆنە کوردییەکان شوێنی ڕوودانی کردەوە تیرۆریستی و توندوتیژەکان بە لێکەوتەکانییەوە وەک: بریندار بوون، تەرمی قوربانییەکان، تەنانەت سەربڕینەکان بە شێوە و چۆنێتیی ڕوودانیانەوە، وەک چیرۆکە هەواڵێک دەگێڕدرێنەوە و پیشان دەدرێن.

یەکێک لە تەلەڤزیۆنە بەناوبانگە کوردییەکان لە ڕووماڵکردنێکی خەسارە گیانییەکانی شاری مووسڵدا، یەک بە یەک دەچووە سەر ئەو تەرمانەی بە هۆی بۆمباران، یان بە هۆی جه‌نگەوە کوژرابوون و تەرمەکانیان لە کۆڵانەکان، یان لە ماڵە خاپوورکراوەکاندا مابوونەوە. تەنانەت لەگەڵ زوومکردنی لەسەریان، باسی تەمەنیشیانی دەکرد کە بۆ نموونە ئەمە مناڵێکی ١٢ساڵانە، ئەمە ژنێکە و هتد.

لە هەموو ئەو ڕووداوانەی کە بە هۆی کرداری تیرۆریستی، یان ئاگرکەوتنەوە لە ئەوروپا ڕوویان دا، لە CNN  و BBC ، لەگەڵ ئەوەیش کە ڕووماڵکردنێکی ڕاستەوخۆی ڕووداوەکان دەکرا، نەمانبینی تەنانەت خوێنی قوربانییەکانی توندوتیژییەکانیش لە شاشەی ئەم کەناڵانەوە بنوێندرێت. لەوانەیە ئەمە تاکە حاڵەت نەبێت و ڕۆژانە چەندین حاڵەتی وا لە تەلەڤزیۆنە کوردییەکانەوە ببینین. بە دووبارەکردنەوە و ڕووماڵکردنی بەردەوامی لەم چەشنەی ڕووداوەکان، هیچ گومانی تێدا نییە لە بارودۆخێکی قەیراناویدا کە کوردستانی پێدا تێ دەپەڕێت، بەستێنەکانی سەرهەڵدانی کردەوەی توندوتیژانە دەڕەخسێ و، کاریگەریی پیشاندانی توندوتیژیی تەلەڤزیۆن، لە لایەک هەستیاریی بەرامبەر ئەنجامدانی توندوتیژی و ئازاری ئەوانی دیکە سست و لاواز دەکات و، لە لایەکی دیکەیشەوە، هانی ئەو بینەرانە دەدات کە خۆیان تایبەتمەندیی توندوتیژییان تێدایە (وەک کەسانی دەستدرێژکار ناسراون)، کاریگەریی دەوروبەری کۆمەڵایەتییان بەسەره‌وەیە (بۆ نموونە کاریگەریی دایک و باوکەکان) و ناوەرۆکی میدیایی کاری تێکردوون (وەک سەرنجڕاکێشبوونی تاوانکارەکە)، دەتوانن کار بکەنە سەر زیادبوونی کاریگەریی توندوتیژیی میدیایی لەسەر وەرگرەکان بۆ دەستدرێژیکردن([iv]).

دیارە ئەمە بەم واتایەیش نییە کە کارکردی میدیاکان و بەتایبەتی تەلەڤزیۆن لە نواندنی توندوتیژیدا بەتەواوی بە نەرێنی دابنێین، چونکە بە بڕوای هەندێک لە توێژەرانیش توندوتیژیی میدیایی، دەتوانێ لە ڕووی ئاگادارکردنەوەیشه‌وە کاریگەریی ئەرێنیی هەبێ. واتە ئەگەر، منداڵان بەردەوام لە توندوتیژیی میدیایش دوور ڕاگرین، لەوانەیە دنیایان وەک شوێنێکی بێ شەڕوشۆر لا وێنا بێت، کە خەڵکەکەی بەردەوام لە پێوەندییەکی گونجاو و سازگار لەگەڵ یەکتردا دەژین. هەر بۆیە منداڵان ناتوانن پێشبینیی بارودۆخە مەترسیدارەکان بکەن و، لە ڕێگەچارەکانی خۆڕزگارکردن دادەمێنن. سەبارەت بەم بۆچوونە، دەکرێ بڵێین ئەمە کاتێک ڕێی تێ دەچێ وا بێت، کە لێکدانەوە، شرۆڤەکردن و خوێندنەوەیەکی نیشانەناسانەی فیلم، گەمە کۆمپیوتەری و ڤیدیۆکان بە شێوەیەکی سیسته‌ماتیک و لە ڕێگه‌ی دامەزراوە پەروەردەیییه‌کان، میدیایییەکان خۆیان، و بنەماڵە و ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی ئاستی تێگەیشتن، ناسین و خەسارناسیی توندوتیژیی میدیاییی منداڵان، مێرمنداڵان و تەنانت گەورەکانیش بەرز بێتەوە تا سوودمەند بێت؛ لە نەبوونی ئەمانە و هاوکارییان بەیەکەوە، ئەستەمە نواندنی توندوتیژیی میدیایی کاریگەریی ئەرێنیی هەبێ.

گەمە ڤیدیۆیییەکان، لەبەر ئەوەی گەمەکەرەکان هەر بینەرێکی بێدەسەڵات نین بەدیارانەوە دابنیشن، بەڵکوو بەشدارێکی چالاکی گەمەکانن، نیگەرانی و پرسیارەکانی کاریگەرییەکانی ئەم شێوە میدیایانەی زیاتر بەرجەستە کردووە. بەپێی ئامارەکان ٩٧٪ی مێرمنداڵانی تەمەن ١٢ – ١٧ ساڵان  لەسەر كۆمپیوتەرەکان، یان لە ڕێگه‌ی ئەو ئامێرانەی وا بە کۆمپیوتەر، یان تەلەڤزیۆنەوە دەلکێن وەک پلەیستەیشن (PlayStation) و ئیکسبۆکس (Xbox) و، یان لە ڕێگەی ئامێرە دەستییەکانی وەک تەلەفۆنی هۆشمەند و ته‌بلێتەکانەوە، گەمەی ڤیدۆیی دەکەن.

زۆربەی گەمە پڕلایەنگرەکانی وەک  Call of Duty و Grand Theft Auto توندوتیژانەن. لەگەڵ ئەوەیشدا، ته‌کنه‌لۆژیی گەمەی ڤیدیۆیی و نوێ، لەچاو جۆرەکانی دیکەی میدیا کەمتر توێژینەوەیان لەبارەوە کراوە. لە توێژینەوەیەکی کری ئاندرسۆن و هاوکارانیدا (٢٠١٠)، بەڵگەکانی دەری دەخەن کە بەکارهێنانی گەمە ڤیدیۆیییە توندوتیژەکان هۆیەکی مەترسیداری زیادبوونی ڕەفتار و زه‌ینییەتی توندوتیژانە، کەمبوونەوەی ڕەفتاری هاودەردی و تەبایین([v]).

بەکورتی، چوونەسەرێی ئاماری کوشتن و تاوان لە هەرێمی کوردستان لەم چەند مانگەی ڕابردوودا، دەکرێ زەنگێکی مەترسیدار بێت بۆ داهاتووی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە کوردستان. بۆیە، ناسینی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی، هاندەره‌کانی، شێوازەکانی  هۆشیارکردنەوە و پێشگرتن بەو حاڵەتانە، لە ئێستادا بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە. کەواتە، جگە لەوەی پێویستە یاسایەکی تایبەت بۆ چۆنێتیی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی توندوتیژی دابنرێ، پێویستە ئاستی خوێندەواریی منداڵان بۆ چۆنێتیی بەکارهێنانی تەلەڤزیۆن و فیلمە ڤیدۆیییەکان، بە شێوەیەکی بەرنامەبۆدانراو لە لایه‌ن دامەزراوە پێوەندیدارەکانی وەک پەروەردە، وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەزارەتی ڕۆشنبیری، میدیاکان و دایک و باوکەکانەوە بەرز بکرێتەوە.

 

 

[i] . رﺿﺎ ﻓﺎﺿﻞ،  راﺑﻄﻪ رﻓﺘﺎر واﻟﺪﯾﻦ و ﭘﺎﯾﮕﺎه اﺟﺘﻤﺎﻋﯽ- اﻗﺘﺼﺎدی ﺑﺎ ﺗﻤﺎﺷﺎی ﺧﺸﻮﻧﺖ ﺗﻠﻮﯾﺰﯾﻮﻧﯽ و ﺗﺄﯾﯿﺪ و ﺗﻮﺳﻞ ﺑﻪ آن در ﮐﻮدﮐﺎن (1387) ، ﺗﺎﺑﺴﺘﺎن54 ﺗﻮﺳﻞ ﺑﻪ آن در ﮐﻮدﮐﺎن

[ii] . http://www.apa.org/action/resources/research-in-action/protect.aspx/ Violence in the Media: Psychologists Study Potential Harmful Effects/ American Psychological Association, November 2013.

[iii] . ﺣﮑﯿﻢ آرا، ﻣﺤﻤﺪﻋﻠﯽ، (روان ﺷﻨﺎﺳﯽ رﺳﺎﻧﻪ .ﺗﻬﺮان :اﻧﺘﺸﺎرات داﻧﺸﮑﺪه ﺻﺪا و ﺳﯿﻤﺎ (1388)

[iv] http://journals.sagepub.com/doi/pdf/10.1111/j.1529-1006.2003.pspi_1433.x/ The Influence of Media Violence on Youth. Volume: 4 issue: 3, page(s): 81-110/Volume: 4 issue: 3, page(s): 81-110/December 1, 2003.

[v] . Violence in the Media: Psychologists Study Potential Harmful Effects/ American Psychological Association, November 2013.

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples