ڕۆڵی زمان لە نەتەوەسازیدا: تێڕوانینێک بۆ پرسی زمانی کوردی

زمان ، نەتەوە و نەتەوەخوازی

مانەوەی نەتەوەیەک و سەرکەوتنی لە هاندانی بەرەو پێگەی دەوڵەت-نەتەوە لەسەر هەبوونی زمانێک کە خەڵکەکەی دەتوانن قسەی پێ بکەن و، لەوەیش گرنگتر بخوێنن و بنووسن، پێشبینی دەکرێت. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بتوانێ بە شێوەیەکی کاریگەرانە لەنێو دەوڵەت-نەتەوەدا پێوەندیی پێ بکرێت، تەنانەت گرنگتر لەوە بۆ دەرخستنی ناسنامە، زمان ئەرکی دیاریکردنی سنوور و تخوبی نەتەوە دەگێڕێت([i]). لەگەڵ ئەوەی کە زمانیش لە دیاریکردنی سیماکانی ناسنامەی نەتەوەیی و یەکبوونی گشتیدا ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەبینێت؛ لە ڕاستیدا بۆ درکپێکردنی خاڵە جیاکەرەوە و هاوبەشەکان، بوونی تاکە زمانێک کە گرفتی پێوەندیکردن و کارلێکردن چارەسەر بکات و لە تاکە بابەتێک، تاکە چەمکێک لە زەینی گشتدا بەرجەستە بکات پێویستە؛ لەم ڕووەوە، دەکرێ بوونی زمانێکی هاوبەش بە سەرەتای هەماهەنگی و بڕیاری نەتەوەیی بۆ مسۆگەرکردنی ئامانج و تێڕوانینی هاوبەش بزانرێت([ii]).

"...ناتوانین نەتەوە و نەتەوەخوازی بەسادەیی وەک ئایدیۆلۆژی یان فۆرمێک لە سیاسەت تێ بگەین، بەڵکوو دەبێ وەک دیاردەیەکی کەلتوورییشیان دابنێین. وەک ئەوەی بڵێین کە نەتەوەخوازی، ئایدیۆلۆژی و بزووتنەوە، دەبێ لە نزیکەوە بە ناسنامەی نەتەوەیییه‌وه‌ پێوەند بدرێت، واتە چەمکێکی فرەڕەهەند و گشتێندراو کە زمانێکی تایبەت، سۆزداری و سیمبۆلیکیش بگرێتەوە" ( Smith 1991, p. vii). بەگشتی لە ئەوروپا، ئەوە زمان بوو کە ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕا لەوەی دەوڵەت بە ئامرازەکانی پێشکەوتنی ناسنامەی نەتەوەیی و "ڕەسەنایەتیی کەلتووری –کۆمەڵایەتی تەیار بکات. زمان بۆ ئەوە بەکار هات کە ناسنامەیەکی جیاواز بە نەتەوە ببەخشێت و، لە نەتەوەکانی دیکە جیای بکاتەوە. هیچ کێشە نەبوو لەوەی زمان ببێتە زمانی نەتەوەیی، یان هەندێک لە کەمینەکان بێبەش بن و زیان بکەن. ئەمەیش بەگشتی لەبەر ئەوە بوو کە کۆمەڵەکە، کۆمەڵێکی تاکە ئیتنیکی بوو، واتە بە شێوەیەکی ئاسایی ئاراستەیەکی هاوبەشی دروستکراو هەبوو لە ڕێگه‌ی لێکچوونیێکی ئیتنیکی، کەلتووری و نەریتییەوە. هەموو ئەمە "لە زۆر حاڵەتدا لە ڕێگه‌ی ئامادەییی بێگانەیەک [ئەوی دیکەوە] لە دەرەوە بەهێز دەبێت، واتە لە دژی ئەو لایەنەی ململانێیەک پێک دێنێ و زاڵبوونی، یان هەڕەشە شاراوەکانی، پێویستیی هەوڵێکی گشتی [لەلایەن ئێمەوە] بەدی دێنێت (Ager 2001, p. 14).

سەرەڕای ئەو ڕۆڵە گرینگ و ئەرێنییانەی، زمان توانی لە ئەوروپا لە یەکپارچەییدا بیگێڕێ، "ئەو بیرۆکەیەی کە هەر نەتەوەیەک خاوەنی زمانێکی تایبەت بە خۆیەتی، یان دەبێ پێی بدرێ، دەکەوێتە پێکدادانێکی توندەوە لەگەڵ واقعییەتە دیموگرافی و سیاسییەکان کاتێک کە بۆ بەشەکانی تری جیهان پەیڕەو بکرێت، بەتایبەتی ئاسیا، ئه‌فریقا" (Coulmas 1988, p. 13). کەواتە، زمان هەردووک ڕۆڵی یەکخستن و جیابوونەوە دەگێڕێت. لە کۆمەڵە فرەزمانەکاندا، پلاندانەرانی سیاسی، بۆ یەکخستنی جەماوەر، بە دوای زمانێکی نەتەوەییی هاوبەشدا دەگەڕێن، بەڵام  ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، بژارەکە لەوانەیە ببێتە هۆی پێکدادان، وەک ئەوەی کێلمان دەڵێت:

"زمان تاکە ئامرازی بەهێزی یەکخستنی جەماوەرە...لەگەڵ ئەوەیشدا، هەندێک سیمای زمان کە ئەو هێزەی لە بارودۆخێکدا پێ دەبەخشێت، لەوانەیە لە هێندێک بارودۆخی دیکەدا، ببێتە سەرچاوەی سەرەکیی لێکبڵاوبوون و پێکدادانی ناوخۆیی لە سیستەمێکی نەتەوەییدا... لە كاتێکدا، گەشەکردنی زمانی نەتەوەیی لەوانەیە پاڵپشتێکی باش بێت بۆ دروستکردن و بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوه‌یی، بەکارهێنانی مەبەستداری زمانەکە بۆ ئامانجی ناسنامەی نەتەوەیی –لانی کەم لە دەوڵەتە فرەئیتنیکییەکاندا – لەوانەیە ئەنجامە تێکدەرانەکانی، لە یەکێتیبەخشەکانی، زیاتر بن (Kelman 1971, p. 21)([iii]).

ناسنامەی نەتەوەیی

ناسنامەی نەتەوەیی وەک ئامرازێکی سیاسیەتی ناوخۆیی لەبەرچاو دەگیرێت، کە ڕێگە بۆ بنایتنان و پاراستنی کۆمەڵێکی یەکپارچە خۆش دەکات. ئەمە پێوەندیی بە وەفاداری بە نەتەوە، یان دەوڵەتەوە هەیە. هەر حکوومەتێک پێویستیی بە پشتگیریی ڕای گشتی هەیە، بەڵام بەرهەمهێنانی چەمکی وەفاداری، بێ کێشە نییە. بەتایبەتی لە کۆمەڵە فرەئیتنییەکاندا، بەتایبەتی لەبەر لەدەستچوونی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی([iv]). هەرچەند زمان بە تاکە پێوەری نەتەوەسازی دانانرێت، بەڵام بۆ نەتەوەی کورد لە هەرێمی کوردستاندا، زمان ڕۆڵێکی سەرەکی لە یەکخستنی نەتەوەییدا دەبینێ. چونکە زمان دەتوانێ خاڵی لێکبەستنی خەڵکی ناوچە، هۆز و شارەکان بێت، ئەگەر لە ڕووی سیاسەتی زمانی فێرکردنەوە پلانێکی وردی بۆ دابنرێت.  بۆ ئەو دەوڵەتانەی، دوای جەنگی جیهانیی دووه‌م سەربەخۆیییان بەدەست هێنا، پرۆسەی بژاری زمانێکی نەتەوەیی زۆر گرنگ بوو. ئەمەیش لەبەر ئەوە بوو کە "بەکار هێنانی زمانێکی هاوبەش لە سەرانسەری هەرێمێکدا، دانیشتووانەکەی یەک دەخات"([v]).

نەتەوە، نەتەوایەتی و نەتەوەسازی

چەمکی نەتەوە لەو چەمکانەیە زۆر جاران خراوەتە بەرباس، بەڵام خاڵێکی دەستپێکی باش ئەوەیە کە وەک کۆمەڵەیەکی مرۆیی وەسفی بکەین کە خۆی لە ڕووی مێژوویییەوە پێکهاتوو و ئارەزووکراو پێناسە دەکات، کە تێیدا ئەو چەمکە وا لە هێندێک دەکات داوای سەربەخۆیی بکەن. فیشمەن بەڕوونی سنوورەکانی نێوان نەتەوە (nation)، نەتەوایەتی (nationality) و نەتەوەخوازی (nationalism) دیاری دەکات. نەتەوە وەک "دامەزراوەیەکی جوگرافی سیاسی" بە سنووری چەسپاو و ئاشکرا بە شێوەیەکی ئاسایی ئاماژە بە حکوومەت، وڵات یان حوکمڕانییەک دەکات. نەتەوایەتی دامەزراوێکی کەلتووری- کۆمەڵایەتییە "لە بنەڕەتدا لە ئاستێکی ڕاستەقینە و هاوپێوەنددا بە ڕەوشت و هاگرووپییەکانەوە بەندە. ئەمە ئەو یەکخستنە کۆمەڵایەتی-کەلتوورییەیە کە بۆ نەتەوەسازی پێویستە. لەبەر ئەمە، نەتەوەخوازی جووڵەیەکی پاڵنەر و ڕێکخەرە لە پرۆسەی نەتەوایەتییەوە بۆ نەتەوە([vi]). بەپێچەوانەوە، لەوانەیە بۆ وڵاتانی پاش کۆلۆنیالی، کە نەتەوەخوازی تێیاندا وەک هێزیکی بزێو لەچاو نەتەوایەتی، ڕۆڵێکی زاڵ دەگێڕێ، شیاوی جێبەجێکردن بێت. جیاوازییەکی سەرەکیی نێوان کۆمەڵەیەکی ئیتنیکی و نەتەوە ئەوەیە کە کۆمەڵە ئیتنییەکە ڕەهەندی هەرێمیی (territorial) نییە. بەپێی ئەم پێناسەیە، نەتەوە پێویستیی بە "نیشتمانێک"، کەشێکی بەڕەسمی ناسراو و بنگەیەکی ئیکۆلۆژییانە هەیە، ئەگەر تەنیا دڵنیاییی پەیوەستەیی و ئۆتۆنۆمی و مافی هاووڵاتی بوونی هەبێت [کورد لە سووریا مافی هاوڵاتی بوونی نییە، خاوەنی ناسنامە نییە، بە نەتەوە دانانرێت، لە تورکیاش بە مەرجی تورکبوونی لە جۆری کێوییەکەی بە هاووڵاتی دادەنرا، لە ئێرانیش بە ڕێژەیەکی دیکە و بەزمانی فارسی و لە چوارچێوەی ئێرانی عەزیز!!دا]، کەچی کۆمەڵەی ئیتنی ... دەتوانێت هەستەکانی وابەستەبوونی، یان تایبەتمەندییە کەلتوورییە جیاکەرەوەکانی بپارێزێت بەبێ ئەوەی بنگەیەکی هەرێمیی ئەوتۆیشی هەبێت ( Smith 1981, p. 69).

نەتەوەسازی، ئاماژەیە بۆ گەیشتن بە تێگەیشتن و درکپێکردنی تاک، گرووپ و هەموو ئەندامانی کۆمەڵ، بە بیرۆکە و تێگەیشتنێکی بەرفراوانتر و هەستی نزیکی و خزمایەتیی بە "ئێمە"یەکی نابەرجەستە و گشتی بە ناوی نەتەوە. "کۆمەڵێکی خەیاڵی" کە هەرچەند ئەندامەکانی، هەموویان یەکتر نابینن و ناناسن، بەڵام بیرۆکەی ئەندامێتی لە کۆمەڵەیەکی بەرفراوانیان لە زەینی خۆیاندا پەروەردە کردووە و لەسەر ئەو باوەڕەن کە هەموویان ئەندامی تاکە نەتەوەیەکن([vii]). کەواتە، ئەندامانی ئەم کۆمەڵەیە گەیشوونەتە ئاستێک لە گەشەکردنی بیر و هەست کە لەگەڵ پاراستنی نەریتی خۆیان، دەتوانن کۆمەڵگەیەکی گەورەتر لە بیرۆکە و پێوابوونە پێشینی (پێشگریمانە) و بچووکەکانیان وێنا بکەن کە لە زەینی خۆیاندا دروستیان کردووە. بەم شێوەیە، پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی بە واتای بەجێهێشتنی ناسنامە کۆن و نەریتییەکانی وەک ئایین، خێڵ، چین و توێژ و... بەرەو ناسنامەیەکی نوێیە. لەم قۆناغەدا، کۆمەڵە و گرووپەکان نەک بەپێی ئەوەی سەربە چ ئایینێک، هۆزێک یان ڕەگەزێک، بەڵکوو بەپێی ئەوەی سەر بە نەتەوەیەکی تایبەت بە جوگرافیایەکی دیاریکراو و سیستەمێکی حکوومەتیی دیاریکراون، پێناسە دەکرێن.

نەتەوەسازی، باوترین پرۆسەی پێکهاتنی ناسنامەی کۆییە (جمعی) بە لەبەرچاوگرتنی ڕەواییدان بە هێزی جەماوەری لە هەرێمێکدا. ئەمە لە بنەڕەتدا پرۆسەیەکی خۆجێیییە کە زۆر جار نەک هەر ئاییندەیەکی واتادار  دەنەخشێنێ، بەڵکوو  نەریت، دامەزراوە و ڕێوڕەسمەکانیش لێک نزیک دەکاتەوە، وەک تایبەتمەندییە نەتەوه‌یییەکان بۆ پشتیوانی لە داوای نەتەوە بۆ دەسەڵاتدارێتی و یەکێتی، پێناسەیان دەکاتەوە. پرۆسەیەکی نەتەوەسازیی سەرکەوتوو، پلانێکی کەلتووری نەتەوەیی بەرهەم دێنێت کە هەڵگری کۆمەڵێ گریمانەی دیاریکراو، بەها و باوەڕە، و دەتوانێ وەک بنگەیەکی ڕەواییپێدانی پێکهاتەی دەوڵەت ڕۆڵ ببینێت. تا ئێستا، ئەمە لە بنەڕەتدا لەو کۆمەڵانە ڕووی داوە کە پێکهێنی خۆڕسکی "مۆدێرنیتەی کۆمەڵایەتی" (social modernity)ی تێدایە. لەو پێکهێنانەی كه‌ ئەم چەشنە کۆمەڵانە لە کۆمەڵەی پاش مودێرن جیا دەکەنەوە، بریتین لە ڕێگەدان بە هەبوونی سیستەمێکی کراوەی توێژبەندی و هاندەری جووڵەی کۆمەڵایەتی، دەوڵەت وەک فۆرمێکی ناکەسیی حکوومەتکردن، گەڕان بە دوای گەشەی ئابووری و هەبوونی سیستەمێکی کەلتووری، کە بەدیهێنەری واتا و ناسنامەی کۆیی بۆ هەموو ئەندامە پێشبینیکراوەکانی کۆمەڵە([viii]). شکستی نەتەوە و هەندێ لە جۆرەکانی شکستی دەوڵەت، پێوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ خووی ملەکەچی بۆ یاسا هەیە. بۆ نموونە، خووی پەسندکردنی یاسا، وەک بنەمایەک کە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لێک دەداتەوە و پێکدادانەکان چارەسەر دەکات([ix]). خوویەکی لاوازی ملکەچی بۆ یاسا بە شێوەیەکی بەرچاو، شانسی پەرەپێدانی دیموکراسی کەم دەکاتەوە.

ئەرکی زمان لە نەتەوەسازیدا

ئەرکی زمان دەکرێ لە چوار پۆلدا پۆلین بکرێت: ناسین/مەعریفی؛ کە پێوەندیی بە گەشەکردنی هزریی فێرخوازەوە هەیە، ئامرازی؛ کە پێوەندیی بە بەکارهێنانی زمان بۆ مەبەستە ماددییەکانەوە هەیە، یەکخستن؛ کە پێوەندیی بە ئەندامێتیی گرووپێکەوە هەیە و، کەلتووری؛ کە پێوەندیی بە ڕێزنانی کەلتووری و تێگەیشتنەوە هەیە. سەرەڕای ئەوەیش زمان لەوانەیە وەک ڕەگەزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە پرۆسەی بنیاتنان، یەکخستن و پاراستنی نەتەوە وەک ڕەگەزێکی سەرەکیی ناسنامەی نەتەوەیی بەکار بێت.

زمان ئامرازێکی کاریگەرە بۆ ناسنامەی نەتەوەیی و، لە نەتەوەسازیدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێ. نەتەوەسازی ئاماژە بە پرۆسەی بنیاتنانی ناسنامەیەکی نەتەوەیی بە سوودوەرگرتن لە هێزی دەوڵەت، دەکات. ئەم پرۆسەیە، ئامانجی یەکخستنی خەڵکە لە ئاستێکدا بۆ ئەوەی لە ڕووی سیاسییەوە لە درێژخایەندا پتەو و بەردەوام بمێنێتەوە. نەتەوەسازی، دەکرێ پێوەندیی بە بەکارهێنانی بانگەشە و پەرەپێدانی ئابوورییەوە هه‌بێت، بە هەمان شێوە، پەرەپێدانی ڕەوشت، بەها، زمان، دامەزراوەکان و پێکهاتە فیزیکییەکانە کە مێژوو ڕوون دەکەنەوە و کەلتوور پێناسە دەکەن و ناسنامەی داهاتوو و سەربەخۆییی نەتەوەکە لە نادڵنیایی دەپارێزن([x]).

دوو جۆر کارامەییی زمان هەیە؛ هەر یەکە ڕۆڵی تایبەت بە خۆی لە کۆمەڵدا هەیە. گەشەکردنی کۆمەڵێک، بەو گرنگییەوه‌ بەندە كه‌ بە هەریەک لەم دووەوە دراوە. جۆری یەکەمی زمان شاره‌زایییە لە پێوەندییە نێوانکەسییە بنەڕەتییەکان. ئەمە کارلێککردنە لەگەڵ ئەوانی دیکە لە کۆمەڵدا. زۆربەی فۆرمەکانی زمان کە بە پێوەندییە مرۆیییەکانەوە بەندە، دەکەوێتە بەر کارتێکردنی ئەم جۆرە. شارەزایییە بنەڕەتییەکانی پێوەندیی نێوانکەسی، پێوەندییان بە هەستەکان، بەڵگە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان و سەرقاڵییەکانی مرۆڤەوە هەیە. ئەم جۆرەی زمان، ئامرازێکە بۆ وشیارکردنەوەی هەستەکان لە مرۆڤدا  و، ڕازیکردنیان بۆ ئەوەی ئەرکێکی تایبەت وەرگرن. جۆرەکەی دیکەی، زمانێکی ئەکادیمیی پیشەیی و مەعریفییە. پێوەندیی بە هەستەکانی مرۆڤیش و مەسەلە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە هەیە، زمانی زانستە.

ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ‌ زمانی كوردی وه‌ك زمانی نه‌ته‌وه‌ییی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌كار بێنین، پێویسته‌ كۆده‌ زمانییه‌ تایبه‌تییه‌كانی جۆری زمانی زانست له‌ زمانی نه‌ته‌وه‌ییشدا به‌رفراوان بكه‌ین. ئه‌مه‌یش پێویستیی به‌ پلانی زمانه‌. پلانی زمانی، ده‌بێته‌ هۆی هاوپه‌یوه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی متمانه‌به‌خۆبوون و شانازیكردن به‌ زمانی دایک. ئه‌مه‌ش په‌ره‌پێدانی زانست و ئاگاییی پێشه‌یی و ته‌كنیكی و هونه‌ری  به‌ زمانی دایک به‌دوادا دێت. چونكه‌ وه‌رگرتنی زانست و شاره‌زایییه‌ ته‌كنیكییه‌كان به‌ زمانی دایک، كاتێكی كه‌متری ده‌وێ‌ و، له‌ به‌رانبه‌ردا فێربوونی زمانی بیانی/زمانی دووه‌م كاتێكی زیاتری ده‌وێ‌.

لە گواستنەوەی زانست و تەکنۆلۆژی لە وڵاتە گەشەسەندووەکانەوە بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی لەگەشەکردندان، ئیتر زمان هەر گەیەنەرێک نییە و بەس، بەڵکوو لەوە گرنگترە. زمان پێگەیەکی گرینگی بۆ کەلتووری نەتەوەیی هەیە و، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی به‌ گەشەکردنی زانست لە کۆمەڵدا هەیە. لە وڵاتانی ڕوولە گەشەدا و ئەو هەرێمانەی خەریکی نەتەوەسازین، پەرەسەندنی ئاساییی زمان لەگەڵ پێشکەوتنی خێرای زانست و تەکنۆلۆژیدا تووشی مەترسی دەبێت. زمانی ئەو وڵاتانە لە لایەک، تووشی کۆسپی گەیاندن و گواستنەوەی زانست و تەکنۆلۆژییە و، لە لایەکی دیکەیشەوە، زمانی نەتەوەیی بە هۆی بەکارنەهاتنی لە هەموو ئەرکەکانی گەیاندنی زانست و تەکنۆلۆژی، پێویستیی بەو زمانەی هەڵگری زانست و تەکنۆلۆژیی زاڵە پتر دەکات و فێرکردن و گوتنەوەشی هان دەدات و لە هەمان کاتیشدا، پاراستنی ناسنامەی کەلتووری و بەرگریکردن لە زمانی نەتەوەیی و بەهێزکردنیشی پێویست دەکات.

زمانە نەتەوەیییەکە، لە ڕووی زانست و تەکنۆلۆژییه‌وه‌ بەرەوڕووی کەمیی زاراوە و هاوتا دەبێته‌وه‌ کە بۆ چارەسەرکردنی، ناچاری هاوتاسازیی [هاوتای کوردی بۆ وشەی بیانی] بۆ بکەی. لەم سۆنگەیەوە، چەند کێشەیەک سەر هەڵدەدەن. پێوەر و فیلتەرەکانی هاوتاسازی، سنووردارن، کە خێراییی کارەکە بەندە بە تێپەڕاندنیانەوە. ژمارەی زۆری زاراوەکان بەپێی لقە زانستییەکان هێزێکی مرۆییی پسپۆر و زۆری دەوێت. جگە لەوەیش، بۆ نەتەوەیەکی وەکوو کورد، کەمئەزموونی لە پەروەردە و فێرکردن و داڕشتنی دەقە پەروەردەیی و فێرکارییەکاندا گرفتێکی دیکەیە. ئەم دەقانە پێوەرە زانستی و تەکنیکییەکانی دەقایەتییان تێدا ڕەچاو نەکراوە، ناشاره‌زایی لە زانستی زمان و زمانناسیی پەروەردەیی (educational linguistics)دا، وای کردووە زمانی دەقە زانستییەکان قورس و تەمومژاوی بێت و لە گەیاندنی پەیامی زانستیدا بەرانبەر بە زمانی زاڵ (عەرەبی/ئینگلیزی) بە لاواز بنوێندرێت. ئەنجامی ئەمەیش بێ شک، بێباوەڕی بە زمانی نەتەوەییی لێ دەکەوێتەوە.

زانست و تەکنۆلۆژی، پێویستیی بە گه‌یاندنی چەمک و واتاکانە و لەم ڕووەوە باشتر وایە کە لە ڕێگەی ئەو کەسانەوە بکرێت کە سەرەڕای پسپۆری، بەسەر هەر دوو زمانی سەرچاوە و زمانی مەقسەدیشدا زاڵ بن. لە زماندا پێویستییەکی بەردەوام بە بێژی نوێ و هاوتا (معادل) لەگەڵ بەها کۆمەڵایەتییەکان و دەربڕینی چەمکە زانستییەکان هەیە. دەوڵەمەندکردنی زمان لە ڕێگه‌ی دروستکردنی لێکدراو و دەستەوشەی نوێوە و، قەرزکردن و فراوانکردنی بواری واتایییەوە دەکرێت. ئەمەیش بە واتای گۆڕینی زمانە بە شێوەیەکی به‌رنامه‌ڕێژكراو کە چارەسەرکردنی کێشەی زمان لە ئاستی نەتەوەیی،  بە شێوەی تیۆری و پراکتیکی هەستی پێ بکرێت و پێویست بێت. لەم سۆنگەیەوە پلانی زاراوەسازی، پێویستە. پلانی زاراوه‌سازی، پێویستیی به‌ چه‌سپانێكی ڕێژه‌ییی ڕێزمان و ڕێنووسه‌ له‌ زمانی نووسیندا‌. بۆیه‌، ڕێكخستنی مه‌به‌ستدار و ئاگایانه‌ی زاراوه‌كان ده‌بێته‌ هۆی به‌رفراوانبوونی جۆره‌ زمانییه‌ پسپۆرییه‌كان و، یه‌كانگیره‌ لەگەڵ پێویستیی بواره‌كانی پێوه‌ندیدا، كه‌ به‌رده‌وام زاراوه‌ی تایبه‌تیان پێ‌ زیاد ده‌بێت (UNESCO, 2005: 8).

ڕەوشی زمانی کوردیی کوردستان بەگشتی و، لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی

ڕەوشی زمانی کوردی بەگشتی بەرەوڕووی کێشە بۆتەوە. لەلایەک، هەرێمی کوردستان لە پاش ڕاپەڕین و ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن، لەگەڵ کێشەی فرەی ئیتنی [ئاشوری، تورکمان و عەرەب] و کەلتووری بەرەوڕوو بووەوە. هەبوونی ڕکابەریی ئیتنی و کەلتووریی گرووپەکان لەم هەرێمەدا، بەگشتی بەواتای ئەوەیە کە دامەزراندنی نەتەوەیەکی نوێ پێویستیی بە پەروەردەکردنی ناسنامەیەکی نەتەوەییی نوێیە و زمان ڕۆڵێکی سەرەکی لە نەتەوەسازی و پێکهاتنی ناسنامە لە کۆمەڵە فرەئیتنیکییەکاندا هەیە. زۆربەی لێکۆڵینەوەکانی بواری نەته‌وەخوازی، نیشانیان داوە کە زمانێکی هاوبەش گرنگترین و هەستیارترین پێکهێنە لە نەتەوەسازییەکی سەرکەوتوودا. لەلایەکی دیکەشەوە، چه‌مكی "زمانی نه‌ته‌وه‌یی" بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد، كه‌ وڵاته‌كه‌یان داگیر كراوه‌، یان ناوچه‌یه‌كی كۆلۆنیاڵییه‌ له‌نێو وڵاتانی ئێران، توركیا و سووریا و عێراقدا، تەمومژیی به‌سه‌ر كێشراوه،‌ چونكه‌:

1.     ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌ باری پاشكۆیه‌تی له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وادا، لایەنگرییه‌كی ته‌واوی لێ‌ ناكرێ‌ و به‌ته‌واوی پێك نایه‌.

2.     جیاوازی هه‌یه‌ له‌ نێوان زمانی كوردی (زمانی دایکی قسه‌كه‌رانی كورد له‌ پارچه‌كانی كوردستان) و زمانی نیشتمانی (ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه‌). ئه‌مه‌ وا ده‌كات ئایدیۆلۆژیی نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وا به‌پێی سیاسه‌تی زمانی و له ‌ڕێی په‌روه‌رده‌وه‌ به‌سه‌ر منداڵانی كورددا بسه‌پێنرێ‌؛ زمانی ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌ی فارسی، توركی و عه‌ره‌بی، پێكهێنی به‌شێك‌ له‌ ناسنامه‌ی كوردانی دابه‌شكراو به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌دا ده‌بێت.

3.     دوورخستنه‌وه‌ی زاره‌ كوردییه‌كان له‌به‌ر نه‌بوونی ناوچه‌یه‌كی ئۆتۆنۆمی و نه‌بوونی خوێندن به‌ زمانی دایکی كوردی له‌ وڵاتانی توركیا، ئێران و سووریا و، پچڕاندنی پێوه‌ندیی نێوان كوردانی دابه‌شكراوی ئه‌و وڵاتانه‌، به‌ هۆی دابه‌شكردنی جوگرافیایی، كارگێڕی و په‌روه‌رده‌یی.

4.     دوورخستنه‌وه‌ی زاره‌ كوردییه‌كان به‌ هۆی جیاوازیی خه‌ت و ڕێنووسی نوێنه‌ری زمانی كوردیی له‌ شێوه‌ی لاتینی و عه‌ره‌بیدا؛ ئه‌م دووفاقێتییه‌ تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌ی دوولایه‌نه‌ و هاوبه‌شی به‌رهه‌مه‌ كوردییه‌كانی ئه‌سته‌م كردووه‌.

5.     دابه‌شبوونی كارگیڕی و سیاسیی هه‌رێمی كوردستان له‌ نێوان دوو حزبی سه‌ره‌كی له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا و، زاڵبوونی بیرۆچكه‌ی ناوچه‌گه‌ری و خێڵه‌كی و پێڕه‌ونه‌كردنی پلان و سیاسه‌تێكی ڕوونی زمانی له‌ لایه‌نی حكوومه‌تی پێكهاتوو له‌ 2003 به‌دواوه‌ و، به‌كارهێنانی میزاجییانه‌ی زار و زاراوه‌ی كارگێڕی و په‌روه‌رده‌یی و زانستی، به‌كرده‌وه‌ تێگه‌یشتنی هاوبه‌شی كوردانی له‌ چه‌مكی زمانی نه‌ته‌وه‌یی، لاواز كردووه‌.

بەکورتی، لە کوردستان، جیاوازییەکی بوونناسانەی ئایین و ئایینزایی لە نێوان ناوچە جیاوازە کوردییەکاندا هەیە، وەک ئیزەدایەتی، یارسانایەتی، ئیسلام (شیعە، سوننە) و مەسیحییەت، بەڵام تاکە خاڵی هاوبەش، یان لانی کەم هاوشێوەی نێوانیان سەرەڕای جیاوازیی زاراوەکان (دیالێکت)، تەنیا زمانەکەیانە. کەواتە، زمانەکە یان ئەو مێژووە هاوبەشەی لە ململانێیان بەرانبەر بێگانەدا هەیانبووە، دەتوانێت خاڵێکی هاوبەشی یەکێتیی نەتەوەیییان بێت. پرۆسەی نەتەوەسازی، لەگەڵ ئەم کۆسپانەی خوارەوەدا بەرەوڕووە:

  1. ناهاوچەشنیی ئایینی، ئیتنی و میراتی کەلتووری، بەتایبەتی تێکەڵاوی لەگەڵ ئێران، تورکیا و وڵاتانی عەرەبی.
  2. تێکەڵاویی ئاستی باڵای بەرژەوەندیی حزبە کوردییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانە و، دەستوەردانی دەرەکی لە ئاراستە سیاسییەکانی دەرەوە و ناوەوەی هەرێمی کوردستان لەبەر هۆکاری جیۆپۆلیتیکی، نەفتی، ئیتنی و ئایینییەکان و، هەروەها ململانێی هەرێمایەتیی ئەو دەوڵەتانە لەسەر باڵادەستیی ناوچەیییان و بەکارهێنانی ئامرازییانەی حزبە کوردییەکان.
  3. نەبوونی ئەجێندایەکی ڕوونی نەتەوەیی و تاکڕەویی حزبە کوردستانییەکان لەسەر ئاستی چوار پارچەی کوردستان و، تێڕوانینی دژبەیەک و ناکۆک لەسەر پرسە نەتەوەیییەکان و بەرجەستەکردنیان لە ڕاگەیەنەکان و ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا کە پارچەپارچەکردنی ڕای گشتیی کورد بەرانبەر "ئەوی تر"ی نەتەوەییی لێ کەوتووەتەوە.
  4. کەڵێنی قووڵی نێوان سەرکردە کوردەکان و ململانێیان لەسەر دەسەڵات، تەنانەت لەنێو حزبه‌کەی خۆیشیاندا.
  5.  و لە ئەنجامدا، یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی نەتەوەی کورد لە ڕووی پێکهاتەیییه‌وه‌، گرفتی ململانێی هۆزەکی لە نێوان هۆزەکاندا بووە و زاراوە ناوچەیییەکانیش تا ڕاددەیەک لەگەڵ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی سەرۆکهۆزەکان، ئەم کەڵێنەیان لە پێکهاتنی نەتەوەدا زیاتر کردووە. ئێستا، کەلتووری ناوچەگەری و خێڵایەتی و بەرژەوەندییەکانی لە شێوە مۆدێرنەکەی و لە قەوارەی حزبی ناوچەیییەوە بەرهەم هاتووەتەوە و، بەرژەوەندی و ململانێی حزبی لەسەر دەسەڵات و پاوانکردنی ئابووری، بەدەستهێنانی جەماوەری زیاتر، کە هاوپێوەندییە ناوچەیی، هۆزەکی و خێڵەکییەکان ڕۆڵێکی چالاکیان تێیدا هەیە، وایان کردووە گرفتی بەردەم نەتەوەسازی، سەرلەنوێ سەر هەڵبداتەوە.
 

[i] . CaviedesA. The Role of Language in Nation-Building within the European UnionDialectical Anthropology 27: 249–268, 2003. ( https://www.researchgate.net/publication/226734526).

[ii] . پورعزت، علی اصغر و دیگران(١٣٩١)،  راهبری ملت سازی پایدار مبتنی بر عدالت اجتماعی، (فصلنامە تحقیقات ساسی و بین المللی، دانشگاه آزاد اسلامی واحد شهرزا، ش.١١.صص١-٢٢) (  ص ٥).

[iii] . Gill, S. K. 2014, Language, Nation-Building and Identity Formation in a Multi-Ethnic Society in (Language Policy Challenges in Multi-Ethnic Malaysia): Springer Netherlands(p. 17 -31)

[iv] . Ortmann S. (2009), Singapore: The Politics of Inventing National Identity, Journal of Current Southeast Asian Affairs, No. 4.(p. 26).

[v] . Simpson A.(2007b), Introduction, in: A. Simpson (ed.), Language and national identity in Asia, Oxford.(p. 2)

[vi] . Gill, S. K. 2014, p.20

[vii] . پورعزت، علی اصغر و دیگران(١٣٩١، ص2).

[viii] . Planck, M. state-Building, Nation-Building, and Constitutional Politics in Post-Conflict Situations: Conceptual Clarifications and an Appraisal of Different Approaches, in ( Yearbook of United Nations Law, Volume 9, 2005, p. 579-613).(p. 586).

[ix] . Ibid: p. 588

[x]. Nwokolo,  Ch. The Role of Language in Nation Building: A Critical Analysis of Adichie.s Purple

 Hibiscus, African Journal of Scientific Research Vol. 9, No. 1 (2012).

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples