بەکارهێنانی ڕێزدارانەی زمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێوەندییە نێوانکەسییەکاندا

گرنگە کە بە شێوازێک گفتوگۆ بکەی بەرامبەرەکەت یان هاوڕێکەت،  کراوە  و گوێگر بێت بۆت و پێوەندییەکەت بەردەوام و سەرکەوتوو بێت.  ناوهێنانی دروست و ڕێزدارانە، خۆناساندن، پرسپێکردن بۆ پێوەندییەکە، دۆزینەوەی شێوازی گفتوگۆی گونجاو لەگەڵ کەسەکان، ڕاستگۆیی، وەڵامدانەوەی بەوەخت و لەجێدا، نەرمی لەدواندندا، بەسەرنجەوە گوێڕاگرتن و خوێندنەوەی پەیامەکان، ڕێزگرتنە لە بەرامبەرەکانت.  لەگەڵ ئەوەیشدا، بۆ نەتەوەیەکی وەکوو کورد کە پێوەندییەکانی له‌ لایه‌ن دەوڵەت– نەتەوە بەهێزە ناوچەیییەکانەوە لە ڕووی کاتی، شوێنی و جوگرافیایییەوە کۆنترۆڵ کراوە، بەکارهێنانی ڕاگەیەنە گشتی و نێوانکەسییەکان، بە کاریگەرترین ڕێگای گەییشتن بە بیروڕا و زانیاریی نوێ دادەنرێ کە بۆ ڕازیکردنی بەرامبەرەکانیان سوودیان لێ وەربگرن و لەو ڕێگایەوە پێوەندییە ڕاستەقینە کۆمەڵایەتی و نێوانکەسییەکانیشان بەهێز و پتەو بکەن.  بەکارهێنانی ڕێزدارانەی زمان لەم پێوەندییانەدا و ڕێکخستنی دیالۆگێکی لۆژیکییانە لەسەر پرس و دیاردە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ڕۆشنبیرییەکان لە نێوان دامەزراوە، پارت، گرووپ و کەسەکاندا مەرجی سەرەکیی گەییشتن بەو ئامانجانەن.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و جۆرەکانی پێوەندیی مەجازی

خاڵی یەکەم ئەوەیە کە ڕێزگرتن پەیوەستە بە پێوەندیی نێوان دوو بەشداربووەوە؛ یەکیان ئێمەین کە بە خۆ (قسەکەر/خوێنەر) ناو دەبردرێت و ئەوی تریش بەرامبەر(گوێگر/خوێنەر)، کە دەکرێ کەسی سێیەمیش بێت. ڕاستییه‌كه‌ی، ڕێزگرتن بە هۆی کۆمەڵێک بنەمای پەیوەست بە پێوەندیی نێوان بەشداربووانی ئاخاوتنەوە دەبێت([i]). هەر چەشنە تێکەڵاوییەکی کۆمەڵایەتیش بە "ڕەفتاری بەرامبەر"(متقابل/ دوولایه‌نه‌) ناو دەبردرێت. هەرکات مرۆڤێک لەگەڵ یەک یان زیاتر لە کەسێک لە پێوەندیدا بێت، درەنگ یان زوو، یەک لەوانە قسەیەک دەکات، یان نیشانەیەک دەردەبڕێ کە ئامادەییی ئەوی دیکە دەسەلمێنێت. ئێمە ئەوە بە پاڵنەری ڕەفتاری بەرامبەر ناو دەبەین. پاشان ئەو کەسە "لە بەرامبەردا" قسەیەک دەکات، یان نیشانەیەک دەخاتە ڕوو، کە بە شێوەیەک وەڵامێکە بەو پاڵنەرە و ئەوەیش بە "وەڵامی ڕەفتاری بەرامبەر" ناو دەبردرێت([ii]). ڕاگەیەنە کۆمەڵایەتییەکان ئەو گفتوگۆ سروشتییانەی نێوان خەڵک  لەخۆ دەگرن کە لەبارەی حەز و ویستی بەرامبەر و دوولایەنەوەن، ئەو گفتوگۆیانەی کە بەپێی بیر و ئەزموونی تاکەکەسییەکانیانەوە پێک دێن. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شوێنێکن بۆ بەشداریکردن و کۆکردنەوەی ئەم گفتوگۆیانە، کە دەتوانن ئامانجی گەورەتریش بۆ گەیشتن بە بژاری باشتر بگرنەوە([iii]).  

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وەک ئامرازێکی سەرەکیی ڕاگەیاندن، ئەو خزمەتگوزارییە ئۆنلاینانەن کە دەرفەت بۆ تاک دەڕەخسێنن لە سیستەمێکی دیاریکراودا پرۆفایلی تایبەتیی خۆی هەبێت، خۆی بە ئەوانی دیکە بناسێنێت، زانیارییەکانی بەهاوبەش دابنێت (شه‌یر بكات) و لەگەڵ ئەوانی دیکە پێوەندی بگرێ. لەم ڕووەوە، تاکەکان دەتوانن پێوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتر بپارێزن و پێوەندیی کۆمەڵایەتیی نوێش پێک بێنن([iv]"مای فیلد"، ڕاگەیەنە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر پێنج تایبەتمەندی پێناسە دەکات: تواناییی بەشداریکردن، کراوەبوون، پێوەندیی بەرامبەر، پێکهێنانی کۆمەڵە ئۆنلاینییەکان و تواناییی دامەزراندنی پێوەندی (مای فیلد، ٢٠٠٨:٦)([v]). بەپێی ئەو توێژینەوانەی "کۆلارک" (١٩٩٩:٢٢٧) کردوویەتی، سێ پاڵنەری بەشداریی کۆمەڵایەتیی بەکارهێنانی  ئینتەرنێت لە ئەنجامەکانیدا دەست کەوتوون: پێوەندیی بەرامبەر لە فەزای مەجازیدا، زیادکردنی مەعریفە و ناسین لە ژینگەی بێسنووری مەجازیدا و هەستی کارتێکەریی بەکارهێن.

ئەم ڕاگەیەنانە، دەتوانن مەیل و خواستی ئەندامەکانیان لە نێوان خۆیاندا چڕتر و توندوتۆڵتر بکەن و هانیان بدەن بۆ ئەوەی بە هانای یەکتر بێن و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێز بکەن.  ئەمەیش سەرمایەی کۆمەڵایەتی پێک دێنێت. ئەم سەرمایە کۆمەڵایەتییە سەرچاوەیەکی بەنرخ دەبێت بۆ بەرژەوەندیی گشتی، چونکە بە پەرەپێدانی پێوەندییە پشتگیرانە بەرامبەری و دوولایەنییەکان، هەستی هاوپێوەندی  و هاوکاریی گرووپ و کۆمەڵەکان زیاتر دەکات و تاکە دوورەپەرێزەکانی کۆمەڵ دێنێتەوە ناو چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان. ئەمەیش دەبێتە هۆی بەشداریی زیاتری کۆمەڵایەتی.

بەم تایبەتمەندییانە، ڕاگەیەنە کۆمەڵایەتییەکان لە لایه‌ک، دەبنە ناوەندی بڵاوکردنەوەی ئایدیا و بیرۆکە و زانیارییە نوێیەکان؛ دەسەڵاتی پاوانکردنی زانیاریی لە لایەن سیستەمی زاڵەوە لاواز دەکه‌ن و لە لایەکی دیکەیشه‌وه‌،  هێزێکی کردەکیی ئەوتۆیان دەبێت کە بکەرە کۆمەڵایەتییەکان خۆیانی تێدا ڕێک دەخەن و لە بەرامبەر گوتاری زاڵی دەوڵەت –نەتەوەکاندا ستراتیژییەکانیان ڕوون بکەنەوە.  ئەمەیش ڕێزبەندیی  دڵخوازی ئەو دەوڵەتانە تووشی کێشە و گێچەڵی ناوخۆیی دەکات و ڕێگە بۆ چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆش دەکات  کە وزەی شاراوە و متبووی کۆمەڵایەتیی بە هێزێکی ئاشکرا بەرجەستە بێت؛ نەتەوە و کەمینە ئیتنی، ئاینیی و ڕەگەزییەکان لە بەرامبەر گوتاری زاڵدا بە هێزێکی نوێی نەرمەوە پڕچه‌ك بێت و پێوەندییە ڕاستەقینە کەلتووری، کۆمەڵایەتی، مێژوویی، ناسنامەیی و سۆزدارییەکانی بەرەو هاوپێوەندییەکی واتادار و یەکپارچە بەرێت.

خاڵێکی جێگه‌ی سەرنج لێرەدا، ئەوەیە کە لە دەستەواژەکانی پێوەندیی بەرامبەر، ڕەفتاری بەرامبەر و وەڵامی ڕەفتاری بەرامبەردا لەسەرەوە ئاماژەی پێ کرا،  دەبینین کە پێکهێنی "بەرامبەر" (متقابل) لە هەر چەشنە پێوەندییەکدا بناغەیە و بەبێ "ئەوی تر"ێکی بەرامبەرمان لە ڕاستیدا نەک هەر پێوەندییەک لە ئارادا نابێت، بەڵکوو هەر ناسنامەیش بەدی نایەت. ئەم ئەوی ترە مافی هەڵبژاردن، بیروباوەڕ و بۆچوونی جیاوازی هەیە. کەواتە پێویستیی بوونی کەسێک، لایەنێک، گرووپێک یان نەتەوەیەکی بەرامبەر پابەندمان دەکات بەوەی مل بۆ ئەو ڕێسایانەیش بدەین کە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کەلتوورییه‌وه‌ لە کۆمەڵدا ڕێوشوێنی بۆ دیاری کراوە. ئەوەی کە هەندێک کەس بەڕەوشتن و مافی هەڵبژاردن بە کەسی بەرامبەریان دەدەن، وا لە بێلایەنەکان دەکات ئەو ڕەوشتە ڕەچاو بکەن و ئەوانەی ڕەفتاری دژە کۆمەڵایەتی و تاکڕەوانەیشیان هەیە، بێلایەن بن. لەم کاتەدا ڕەوشتبەرزی و ئاسایش، دەبنە دوو ڕووی یەک سکەی کۆمەڵگەیەکی تەندروست.

خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە لەگەڵ هەموو ئەو تایبەتمەندییە باشانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێ کردن، چۆنیه‌تیی بەکارهێنان و ئامانجەکانی بەکارهێنانی ئەم تۆڕانەیش دەتوانێ ئەنجامی جیاوازی لێ بکەوێتەوە. ئینتەرنێت لە ڕاستیدا، واقعی کەلتووری، کۆمەڵایەتی و ڕەوشتیی بەکارهێنەکانی دەنوێنێتەوە. پێوەندییە تۆڕییەکان، پێوەندیی نێوانکەسین کە لە شێوەی تۆڕی بەرفراوان و گشتیدا بەکار دێن. تۆڕێکی کۆمەڵایەتی، پێکهاتەیەکی جێگیری کۆمەڵایەتییە کە لە کۆمەڵە گرێیەک، زۆر جار وەک تاک یان ڕێکخراو، پێک هاتووە. ئەم گرێیانە لە لایەن یەک یان چەند جۆرێکی تایبەتی بەندێتییەوە پێکەوە بەستراونەتەوە. وەک هاوبەشی، هۆگری، ئایدیاکان، دانوستاندنی ماڵی (دارایی)، دۆستایەتی، خزمایەتی و... هتد.  لەبەر ئەوەی جۆری کارلێککردن و شێوەی پێوەندییەکان لەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانەدا مەجازییە، بەکارهێنەکانی، لە باری فیزیکییەوە نادیار و لەوانەیە نەناسراو بن یان بە ناوی خوازراوەوە پێوەندی بکەن و لەوانەیە بنەماکانی پێوەندییەکی دروست، ڕێزدارانە و ئەخلاقی  پێشێل بکرێت یان پشتگوێ بخرێت. کەچی، ئەم پێوەندییە بۆ لایەنی بەرامبەر و گشت ئەو کەسانەی پێوەندییان بە تۆڕەکەوە هەیە، لەگەڵ جیهانە واقعییەکەدا هیچ جیاوازییەکی نییە([vi]).

بەگشتی، ڕاگەیەنەکان بە نواندنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر ڕەفتاری تاکی و کۆیەتیی کۆمەڵ هەیە. لە کوردستاندا، جەمسەریبوون، سیاسیبوون و لە ڕاستیدا حیزبیبوونی کۆمەڵی کوردەواری و بەتایبەتی میدیاکانی وای کرددووە کە کاری سیاسی و بوونی سیاسی  بە شێوە نەرێنییەکەی و ڕاست بەو جۆرەی لە واقعدا هەیە، جەمسەری بێت وئەم جەمسەریبوونەیش خەسلەتێکی میدیایی بەخۆوە بگرێت. میدیای کوردی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کە بە پێکهاتە نەرمەکانی زمان دادەنرێن، بوونەتە بەستێنێک بۆ نواندنەوە و شوێنی ململانێ واتایییەکانی ئەم جەمسەرانە.

  بە لای لایەنگر و ئەندامانی حیزبەکانەوە، کردار و هەڵوێستی سیاسیی پارت و ڕێکخراوەکان و سەرکردەکانیان لە پێوەندیی لەگەڵ پرسه‌ ئاڵۆزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژدا، بە بابەتێکی بەڵگەنەویستی ڕەها و بێ ئەملا و ئەولا دروست، سەیر دەکرێن. هەر هەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەیی، تەنانەت بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی کەسایەتییە بەرچاوەکانی حیزبەکانیش ببێتەوە، بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر حیزب و کەسایەتییەکان لێک دەدرێتەوە. هه‌ر یۆیه‌، فەزای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ کورد بووه‌تە ئەو چەقۆیەی زیاتر دەسکەکەی خۆی دەبڕێتەوە؛ لە جیاتی لە ڕووی سیاسییەوە بەسوود بێت، بەرهەمهێنەرەوەی ئەو فەزا واقعییە جەمسەرییە بووە کە لە فەزای سیاسیی کوردستاندا هەیە.  ڕەوشتمەندیی زمانی و بەکارهێنانی ڕێزدارانەی زمان وەک ئامرازێکی کەمکردنەوەی پێکهەڵخشانە نێوانکەسییەکان و ئاسانکردنی کارلێککردنێکی کۆمەڵایەتییانەی نەرم لە پێوەندییەکاندا، دەتوانێ تا ڕادەیەک لەو بارگرژییە کەم بکاتەوە. هەڵبەت ئەمە پێویستیی بەو پێشمەرجەیە کە بەکارهێنەکانی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە، زه‌ینییەتیان لە بەرژەوەندییە تەسکە حیزبییە بەموتڵەقوەرگیراوەکانەوە، بەرەو بەرژەوەندییەکی نیشتیمانی و نەتەوەییی ڕێژەیییانە هەڵکێشێن.

بەکارهێنانی زمانێکی ڕێزدارانە لە ڕوانگەی مەبەستناسییەوە

ئەتیکێتی ئاخاوتن/ئادابی قسەکردن /Speech etiquette]، بە باری دەوروبەری پێوەندییەکەوە /communicative situation] و نیشانەکانییەوە، وەک کەسایەتی، کات، شوێن، بەرامبەر، پاڵنەری پێوەندییەکە و مەبەستەکانییەوە گرێ دراوە. کۆمەڵێک دیاردەی زمانی دەخاتە ڕوو، کە بە وەرگرەوە به‌ستراوه‌ته‌وه‌، هەرچەند کەسایەتیی ئاخێوەریش گرنگە([vii]). پێوەندییە مەجازییەکان وەک فەیسبووک و جۆرەکانی دیکە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە دەچن. پێوەندیی ئۆنلاین بە واتای ئەوەیە کە هاوبەشەکان، دەبێ بۆ هەڵێنجانی واتا تەنیا پشت بەوە ببەستن کە گوتراوە یان نووسراوە. ئەمە بەو واتایەیە کە ئەوەی دەگەیەنرێت، دەبێ لە ڕێگه‌ی هەڵبژاردنێکی وردەوە لەوەی تەنیا گوتراوە، یان نووسراوە، بەهاوبەش دابنرێت. کاتێک ئێمە لە پێوەندییەکی دەق بنیاتی ئۆلایندا بەشداری دەکەین، وەڵامەکانمان تایپ دەکەین کە ئەمەیش، دەکرێ زۆر کات بەرێت. سەرەڕای ئەوەیش، ئەو نیشانە نازمانییانەی لە گفتوگۆی ڕووبەڕوودا هەن، لە گفتوگۆی نووسراودا نین. خاڵێکی گرنگیش ئەوەیە کە کاتێک دەنووسین، پێویستە پێشبینیی خراپتێگەییشتنێکی شاراوەیش بکەین. ئەمە بەم واتایەیە کە  پێویستە وشەکانمان بەوردی هەڵبژێرین، بە جۆرێک کە واتاکە بۆ ئەو کەسانەی لەگەڵمان لە پێوندیدان، ڕوون بێت. هه‌ر یۆیه‌، ڕوونی، لە پێوەندیی نێوانماندا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت، چونکە لێڵی، دەتوانێ بەئاسانی ببێتە هۆی خراپتێگەییشتن.

بۆ ئەوەی لە پێوەندییە ئۆنلاینە مەجازییەکاندا تەمومژ و لێڵی دروست نەبێت و خراپتێگەییشتن نەیەتە ئاراوە، پێویستە جگە لە پێوەندییە فۆرمی، ڕێزمانی و واتایییەکانی زمان، لەو مەبەست و دەوروبەرانەیش تێ بگەین کە تێیدا بەکار دێت. وەک "باختین" دەڵێ: هەر ئاخاوتنێک دوو ڕووی هەیە؛ ئەو ڕووەی  لە زمانەوە دێت و دووبارەیە[لە ڕووی فۆرمەوە] و ئەو ڕووەی کە لە دەوروبەر و زەمینەی گوزارەکەوە دێت و  تایبەتە. ئاخاوتن هیچ کات، نواندنەوەیەکی سادە و دەربڕینی ئەو شتانە نییە کە لەپێشدا دراوە و ئامادە کراوە. ئاخاوتن، بەردەوام شتێک کە پێشتر نەبووە،  دەئافرێنێ؛ شتێک کە تەواو نوێ و نادووبارەیە.  سەرەڕای ئەوەیش، ئاخاوتن بەردەوام لەگەڵ بەهاکان (ڕاستی، خێر، جوانی و...)دا دێت([viii]). بۆیە، ڕستە یان گوتەی نووسراو و گوتراو، دەکرێ بەپێی ئەو ستراتیژییە جیاوازانە تاووتوێ بکرێن کە پێوەندییان بە لێکۆڵینەوە مەبەستناسی (Pragmatics)یەکانەوە هەیە. مەبەستناسی، چەند بوارێکی سەرەکیی لێکۆڵینەوە دەگرێتەوە: ئەمانە بریتین لە؛ تاووتوێکردنی ئەو واتایەی قسەکەر مەبەستی بووە، ئەو واتایەی پێوەندیی بە  دەوروبەری گوتنەکەوە هەیە و  ئەو واتایەی زیاتر لەوەی گوتراوە و دەربڕاوە، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و هاوپێچی پەیامەکە گەییشتووە و، سەرەنجام دەربڕینی مەودای ڕێژەییی نێوان قسەکەر و گوێگر/نووسەر و خوێنەرە.

شیکردنەوەی واتای قسەکەر، بریتییە لەوەی خەڵک مەبەستیان بووە بیڵێن لە جیاتی ئەوەی لە ڕستە و وشەکان خۆیاندا هەیە. مەبه‌ست لە واتای دەوروبەر، ئەوەیە کە قسه‌كه‌ران چۆن ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستیانه‌ به‌پێی وه‌رگر، شوێن، كات بیڵێن و، له ‌چ بارودۆخێكدا ڕێكی ده‌خه‌ن. هه‌روه‌ها، ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ له‌وه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌ كه‌ چۆن گوێگران له ‌قسه‌كانیان شتێك هه‌ڵده‌هێنجن، لێیان تێده‌گه‌ن و چۆن به‌شێكی گه‌وره‌ی نه‌گوتراوه‌كان به ‌به‌شێك له ‌په‌یامه‌كه‌ دانانرێن. ده‌كرێ بڵێین لێره‌دا واتای نادیار و شاراوە  لێی ده‌كۆڵرێته‌وه‌. كه‌واته‌، مەبەستناسی له‌وه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌ كه‌ بزانێ چ ڕاده‌یه‌ك له ‌په‌یام، زیاتر له‌وه‌ی به ‌زمان گوتراوه‌، گه‌یه‌نراوه‌؟ ئه‌م ڕوانگه‌یه،‌ ئه‌و پرسیاره‌ دێنێته‌ ئاراوه‌ كه‌ كامانه‌ هۆكار، دیاری ده‌كه‌ن چی بگوترێ و چی نه‌گوترێ. وه‌ڵامی‌ بنه‌ڕه‌تیی‌ ئه‌م پرسیارە به‌ستراوه‌ به‌ چه‌مكی"مه‌ودا" (Distance) [له‌ نێوان قسه‌كه‌ر و گوێگر]ەوە. نزیكی، چ له ‌ڕووی فیزیكی، كۆمه‌ڵایه‌تی یان زه‌ینییه‌وه‌، هاوپێچی ئه‌زموونێكی هاوبه‌شه‌. قسه‌كه‌ران به‌پێی گریمانه‌ی خۆیان له‌باره‌ی ئاستی دووری، یان نزیكیی گوێگرانیان، بڕیار ده‌ده‌ن تا چ ئاستێك بدوێن. كه‌واته‌ مەبەستناسی، تاووتوێكردنی [چۆنێتیی] ده‌ربڕینی مه‌ودایه‌كی ڕێژه‌یی (relative distance)‌ه([ix]).  

ڕاستییه‌كه‌ی، بەکارهێنانی زمان، تەنیا بەکارهێنانی کۆمەڵەی یاساکان و بەکارهێنانیان لە گوتە و ڕستەی واتاداردا نییە. پێویستە بزانین زمان چۆن لەناو دەوروبەری کەلتووری (cultural context)یشدا بەکار دێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، بەکارهێنانی زمان پێوەندیی بە مەبەستەکانی قسەکەر لە ڕاپەڕاندنی کردەی زمانییەوە هەیە. هەندێ جار گوێگر ئەوەی لە قسەکەر دەبیستێ، جیاوازە لەوەی قسەکەر مەبەستی بووە بیگەیەنێت. ئەم جۆرەی واتا، لەوانەیە شیکردنەوەکەی لە ڕووی ڕێزمانی و واتایییەوە زەحمەت بێت. کەواتە، لەم کاتانەدا مەبەستناسی بەکار دێت. واتە، ئەوەی کە زمان لە دەوروبەر، یان بارێکی تایبەتدا چۆن بەکار دێت. ئەو نیگەرانییەی قسەکەری کورد لە کاتی قسەکردنیدا هەیەتی، لەم سۆنگەیەوە دێت. بۆیە، لەبەر دڵگراننەبوونی بەرامبەرەکەی، زۆر جار وشەی "بیلامانێ"، "پەرژینی بەگوڵ بێت"، "پەرژینێکی قایم بێت" بەکار دێنێت.

لە ئەنجامدا، واتا سەربەخۆ نییە و لە کارلێککردندا بەرهەم دێت. ئەوە هەر تەنیا شتێک نییە لە سروشتی وشەکەدا بێت، تەنیا بەرهەمهاتووی قسەکەر، یان گوێگریش بەتەنیا نییە. کەواتە، لێکدانەوەی واتای گوتەیەک پرۆسەیەکی داینامیکییە (جووڵه‌یییه‌). واتا، بریتییە لە گفتوگۆی واتای نێوان قسەکەر و گوێگر. هەروەها پێوەندیی بە دەوربەری کۆمەڵایەتی، فیزیکی و زمانیی گوتەکەوە هەیە.  بەم پێیە، پێوەندی، ئەو کاتە سەرکەوتووانە دەبێت کە هاوبەشییەک لە واتا لە نێوان دوو لایەنی بەرامبەردا هەبێت. واتای هاوبەشیش لە ئەنجامی دیالۆگێکی لۆژیکیی نێوان تاکەکاندا دروست دەبێت. گفتوگۆنەکردن سەرەتایەکە بۆ تەمومژیی دروستکردنی نێوان گرووپ و تاکەکان.  لە پێوەندییە مرۆیییەکاندا، ڕێزگرتن، زۆر گرینگە. خاڵێکی سەرەکییە بۆ بەهێزکردنی پێوەندییە نێوانکەسییەکان و لێکتێگەییشتن. نەپاراستنی ڕێسا باوە ڕێزداری و ڕه‌وشتییەکان لە گفتوگۆکردندا، دەبێتە هۆی تێکدانی پێوەندییەکان و خراپتێگەییشتن. 

کارلێککردنی زمانی و کارلێککردنی کۆمەڵایەتی

تا ئێرە وا  لە  پێوەندییەکان تێ گەییشتووین کە زمان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و ناکرێ بەدابڕاوی و بێ گەڕانەوە بۆ کۆمەڵ تاووتوێ بکرێت، چونکە خەڵک، زمان لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا بەکار دێنن. ڕەچاوکردنی پێوەندیی نێوان زمان و کۆمەڵ یارمەتیمان دەدات باشتر لە زمان تێ بگەین؛ پێکهاتە زمانییەکان و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی کار لە یەکتر دەکەن. بە گوتەی جانێت هۆلمز (١٩٩٢: ١) "تاووتوێکردنی ئەو شێوەیەی، خەڵک زمان لە دەوروبەری جیاوازی کۆمەڵایەتیدا بەکار دێنن، سامانێکی زانیاری لەبارەی ئەوەی زمان چۆن کار دەکات، هەروەها لەبارەی پێوەندیی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵەیەکدا دەستەبەر دەکات. "زۆربه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌یانڵێین و له‌ په‌یوه‌ندیكردندا پێكه‌وه‌ ده‌یانگۆڕینه‌وه‌، به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمانه‌وه‌ دیاری ده‌كرێ. بۆیه‌، كارلێككردنی زمانی به‌ناچار كارلێككردنی كۆمه‌ڵایه‌تییشه‌([x]).

 لە ڕێگه‌ی ئەو بژارانەی لە جێناوەکان دەیکەین بۆ ئەو کاتانەی ناسیاوی و نەناسیاوی لە ئارادایە و بۆ بانگکردن و دواندن دەتوانین هەستی هاوشانی، هێز، دووری، ڕێز، نزیکی و... -خۆمان بەرامبەریان و، ئاگاییمان لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بخەیەنە ڕوو. ئاگادارییەکی ئەوتۆ، هەروەها لە ڕێگه‌ی ڕێزگرتنی گشتی، کە ئێمە لە زماندا بەکاری دێنین پیشان دەدرێ.  ڕێزگرتن خۆی، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ڕێوشوێنی بۆ دیاری دەکرێت. هەڵبەت، ئەمە بەو واتایە نییە کە ئێمە بەردەوام، دەبێ بەڕێزەوە هەڵسوکەوت بکەین، لەبەر ئەوەی لەوانەیە هەندێک جار لەگەڵ ئەوانی دیکەدا تەواو بێڕیزانە بجووڵێینەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئێمە ناتوانین وا بین ئەگەر یاساکانی ڕێزگرتن بۆ پێشێلکردن لە ئارادا نەبن. واتە، بێڕێزی، بەندە بە هەبوونی پێوەر، یان ڕێساکانی ڕێزگرتنەوە([xi]).

 نموونه‌یه‌كی تا ڕادەیه‌ك ناسراوی به‌رامبه‌ریی پێگەی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی نیشانه‌ كه‌سییه‌كاندا ده‌رده‌بڕدرێ، جیاوازیی نێوان وه‌رگری ناسیاو و وه‌رگری نه‌ناسیاو له‌ هه‌ندێك له‌ زمانه‌كاندایه‌.  بژاری فۆرمێكی زمانی له‌ جێگه‌ی فۆرمێكی دیكه‌، به‌دڵنیایییه‌وه‌ شتێك له‌باره‌ی ڕوانگه‌ی قسه‌كه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر جۆری پێوه‌ندییه‌كه‌ی به ‌وه‌رگره‌وه‌، ده‌گه‌یه‌نێت (كه‌ به‌ئاشكرا ناگوترێ). له‌و ده‌وروبه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌دا كه ‌له ‌نێوان پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی قسه‌كه‌ر و گوێگردا جیاوازییه‌ك هه‌یه‌، كه‌سی خاوه‌ن پێگه‌ی به‌رزتر، به‌ته‌مه‌نتر و به‌هێزتر، ده‌خوازێ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی كه‌ خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی نزمتر، گه‌نجتر و لاوازتره،‌ به‌"تو" بانگ بكات، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا، ئەو خۆی، به‌”ئێوه‌” بانگ بكه‌ن([xii]).

لە گفتوگۆیەکی نێوانکەسیدا، ئێمە زۆربەی جار هەوڵ دەدەین بەڕەوشت بین. کەسێکی باشپەروەردەکراوی ڕووناکبیر زاراوەی "تکایە" و "سوپاس" بەکار دێنێت (تکایە دەتوانی مایکەکەم بدەیتێ؟). ئیتر ناڵێ "ئەو مایکەم دەیە". لە کاتی دیتنی هاوڕێیەک یان کاتێک کە لە شوێنێک دێتە ژوورەوە، "ڕۆژتان باش، بەیانی باش و..."ی لەبیر ناچێت؛ خواستنی ئاواتی "ڕۆژێکی خۆش، شەوێکی خۆش، یان کاتێکی شاد"ی لەبیر ناچێت و لە ئاهەنگ و بۆنەی سەرکەوتنەکان "پیرۆزبایی" دەڵێ، وشەی زبر و ڕەق بەکار ناهێنێ. لە کەلتووری کوردەواریدا، لە دواندنی بەرامبەرەکەیدا لە بارە فەرمی و ناهاوشانەکاندا دەڵێ:"عەرزت دەکەم..."/ "عەرزم کردی" لە جیاتی "پێت دەڵێم..."/ "پێم گوتی و، "فەرمووت/فەرمووتان" لە جیاتی"گوتت". کەسێکی بەتەمەنتر، گەورەتر، و بەرزتر لە ڕووی پێگەی کۆمەڵایەتی، بە "تۆ" بانگ ناکات؛ دەڵێ"ئێوە"، "بەڕێزت"، "جەنابت/جەنابتان". لە دیالۆگە نێوانکەسی و کۆمەڵایەتییەکاندا قسە بە کەس نابڕێت. نۆبەکان لە ئاخاوتن و پێوەندییە نێوانکەسییەکاندا ڕەچاو دەکات. لەم مانایەوە، بەڕەوشتی، نموونەیەکی جیهانیی ڕەفتارە. ئێمە، لە کاتی منداڵیدا لە لایەن دایک و باوک و مامۆستایانی قوتابخانەکەمانەوە (لە کۆمەڵدا)، فێری بەڕەوشتیی کۆمەڵایه‌تی دەکرێین.

بایەخی ڕێزداری و ڕەوشتبەرزی لە پێوەندییەکاندا

 بایەخی ڕێزداری لەوەدایە کە ڕێزگرتن، کارلێککردنی کۆمەڵایەتی بەرەو پێش دەبات و وا دەکات خۆشتر بێت. خوێنەر دەتوانێت بۆ خۆی جیهانی بەرفراوانی وێب هەڵسەنگێنێت بۆ ئەوەی بزانێت شوێنێکی خۆش و تەندروستە، یان بە دیوە تاریکەکەیەتی؛ سیخوڕی، هاکكەری، ناسنامەدزین، ڤایرۆس، سومعەشاکاندن، ناوزڕاندن و زمانی زبر لەخۆ دەگرێت. بێ شک، ئەگەر بەکارهێن و سۆفتوێرەکان زیاتر ڕەوشتمەند بن، لەوانەیە خەڵک زەوقی بەکارهێنانیان زیاتر بێت. ڕێزگرتن و ڕاگرتنی دڵی خەڵک، ئەنجامە پێشبینیکراوەکەی کارلێککردنێکی کۆمەڵایەتیی خۆشترە. زیادبوونی گشتیی ڕێزگرتن، وا دەکات کۆمەڵ شوێنێکی خۆشتر بێت، چ بە شێوەی ئۆنلاین، یان ئۆفلاین بێت. هەڵسوکەوتی ڕەوشتمەندانە کۆمەک دەکات بە:

  1. زیادبوونی کارلێککردنێکی ڕەوا و دادپەروەرانە.
  2. کەمبوونەوەی هێرشی دژی کۆمەڵایەتی
  3. زیادبوون و چوونەسەره‌وه‌ی ئاستی بەکارهێنانی سۆفتوێرەکان.

ناس (٢٠٠٤)، ڕێزگرتن وەک "میهرەبانبوون" بۆ کەسی بەرامبەر پێناسە دەکات و، بڕوای وایە کاتێک کەسێک دەڵێ"من پێم وایە مامۆستایەکی باشم، تۆ ڕات چۆنە؟" خەڵکانی بەڕەوشت بەم شێوەیە وەڵام دەدەنەوە: "تۆ مەزنی". تەنانەت، ئەگەر وایش بیر نەکەنەوە، لەم ڕوانگەیەوە ڕازیبوون بە خۆهەڵکێشانی کەسێکی دیکە، وەک "بنەڕەتیترین یاساکانی ڕەوشتبەرزی" دادەنرێت (p. 36). لەگەڵ ئەوەیشدا، لە کاتێکدا ڕازیبوون، زۆربەی جار لەوانەیە لەگەڵ ڕێزداری و ڕەوشتبەرزیدا بێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە هەرکەس ڕازی بوو، بەڕێزە و، هەرکەس ناڕازی بوو، بێڕێزە. کەسێک دەتوانێ بە شێوەیەکی ڕێزدارانە شتێک ڕەت بکاتەوە یان ڕای جیاواز بێت، بە شێوەیەکی ڕێزدارانە بەرهەڵستی بکات و بە شێوەیەکی بێفیزانە ڕەخنە بگرێت. بۆ نموونە، ڕازی نەبێت، بەڵام هه‌ر ڕەوشتمەند بێت. بەپێچەوانەوە، کەسێک دەتوانێ خێر بە خەڵک ببەخشێت، بەڵام بێڕێز بێت، بۆ نموونە، میهرەبان، بەڵام زبر و قسەڕەق بێت. کەواتە، ڕێزداری جیاوازە لە میهرەبانی([xiii]).

 

سومعەی تاک و پێوەندییەکان لە کۆمەڵگه‌ی کوردیدا

فەرهەنگی ئینگلیزیی ئه‌کسفۆرد، بەم شێوەیە ڕێزگرتن  پێناسە دەکات:" ڕەفتارێکە کە ڕەوشتمەندانە، یان ڕێزدارانەیە بەرامبەر ئەوانی دیکە"([xiv]).

ڕێزگرتن، له‌وانه‌یه‌ وه‌ك چه‌مكێكی چه‌سپاو به‌ "‌ڕه‌وشتێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی ڕێزدارانه‌" یان "هه‌ڵسوكه‌وتێكی جوان" له‌ناو كه‌لتوورێكدا دابنرێ. هه‌روه‌ها، دەکرێ‌ چه‌ند بنه‌مایه‌كی گشتیی جۆراوجۆر بۆ ڕێزگرتن له‌ كارلێككردنی كۆمه‌ڵایه‌تیدا له‌ناو كه‌لتوورێكی تایبه‌تیدا دەستنیشان بکرێ. هه‌ندێ له‌و بنه‌ما گشتییانه‌ بریتین له‌: "بەمشووری"، "جوامێری"، "به‌شه‌رمی" و"هه‌ستی هاوده‌ردی" به‌رامبه‌ر ئه‌وانی دیكه‌. با وای دابنێین كه‌ هاوبه‌شه‌كانی كارلێككردنێك، به‌گشتی له‌م ڕێسا و بنه‌مایانه‌ له ‌كۆمه‌ڵدا ئاگادارن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، له‌ناو كارلێككردنێكدا، جۆرێكی تایبه‌ت و سنووردارتری ڕێزگرتن له‌ كرده‌وه‌دا هه‌یه‌ كه‌ بۆ وه‌سفكردنی، پێویستیمان به‌ چه‌مكی "سومعه"(face)هه‌یه‌.

سومعه‌ له ‌زاراوه‌  مەبەستناسییه‌كه‌یدا، به ‌واتای"خۆوێناكردن"ی گشتیی كه‌سێكه‌ و ئاماژه‌ به‌و لایه‌نه‌ سۆزداری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ر كه‌سێك هه‌یه‌تی و چاوه‌ڕوان ده‌كات هه‌موو كه‌سێكی دیكه‌یش وای بناسێ. كه‌واته‌، ڕێزگرتن له‌ كارلێككردندا، ده‌كرێ به‌واتای ئه‌و ڕه‌وشته‌ بێت كه‌ بۆ نیشاندانی ئاگایی له‌ سومعه‌ی كه‌سێكی دیكه‌ به‌كار دێت([xv])

كاتێك كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین سومعه‌ی كه‌سێكی دیكه‌ بپارێزین، ده‌توانین سه‌رنج بده‌ینه‌ خواسته‌كانی سومعه‌ی ئه‌رێنی، یان نه‌رێنیی ئه‌و. پێویستیی كه‌سه‌كه‌ به‌ سه‌ربه‌خۆبوون، ئازادی و نه‌سه‌پاندن له ‌لایه‌ن كه‌سانی دیكه‌وه‌، "سومعه‌ی نه‌رێنی"(negative face)یه‌. لێره‌دا وشه‌ی نه‌رێنی‌ به‌ واتای "خراپ" نییه‌، به‌ڵكوو ته‌نیا جه‌مسه‌ری به‌رامبه‌ری "ئه‌رێنی"یه‌. به ‌واتایه‌كی ساده‌تر، مه‌به‌ست له ‌سومعه‌ی نه‌رێنی، پێویستی به ‌سه‌ربه‌خۆبوون له‌وانی دیكه ‌و، مه‌به‌ست له‌ سومعه‌ی ئه‌رێنی، پێویستی به‌ هه‌بوونی پێوەندی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌یه‌. به‌م پێیه‌، كرده‌ی پاڕاستنی سومعه‌ كه‌ ئاراستە‌كه‌ی به‌ره‌و سومعه‌ی نه‌رێنیی كه‌سه‌كه‌یه‌، دەیەوێ دڵڕاگرتنی ئه‌و پیشان بدات. جه‌خت له‌سه‌ر گرینگیی كات و نیگه‌رانییه‌كانی بكاته‌وه ‌و ته‌نانه‌ت له‌به‌ر سه‌پاندن، یان قسه‌پێبڕینه‌كه‌ی، داوای لێبووردنی لێ بكات. ئه‌مه‌ به ‌"ڕێزگرتنی نه‌رێنی" (negative politeness)یش ناو ده‌بردرێت. له ‌به‌رامبه‌ردا، كرده‌ی پاڕاستنی سومعه‌، كه‌ پێوەندیی به‌ سومعه‌ی ئه‌رێنیی كه‌سێكه‌وه‌ هه‌یه‌، دەیەوێ هاوپێوەندی بخاته‌ ڕوو و، جه‌خت ده‌كاته‌ سه‌ر ویست و ئامانجی هاوبه‌شی قسه‌كه‌ر و گوێگر هه‌ردووكیان. ئه‌مه‌ش به‌ "ڕێزگرتنی ئه‌رێنی" ( positive politeness) ناو ده‌بردرێ(Ibid, p. 61).

ڕێزگرتنی زمانی، دیاردەیەکە لە ڕووی کەلتوورییەوە دیاری دەکرێت. نیگەرانییەکانی سومعە لە کەلتووری کۆیایەتیخوازدا لەچاو کەلتوورە تاکایەتیخوازەکان، کارتێکەرییان زیاترە ([xvi]). لەم ڕوانگەیەوە، ڕێزگرتن بۆ کەمکردنەوەی مەترسی لەسەر سومعە بەکار دێت.  بەکارهێنانی زمان لەو کۆمەڵگه‌یانەی کە تاکایەتییان تێدا زاڵە (ئەرکی زمان گەیاندنی زانیارییە) جیاوازە لەو کۆمەڵگه‌یانای کۆیایەتی و  پەیوەستەیییەکی چڕیان لە نێواندایە (زمان، ئەرکی نەرمکردنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لە ئەستۆیە). ئەو پێوەندییانەی ئاستی بەسترانەوەیان بەیەکتر زۆرە، هۆکارە سەرەکییەکانی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی (وەک پاراستنی ئابڕووی تاکی و گرووپی) تێیاندا بەهێزە. کەلتوورێک کە ئاستێکی بەسترانەوەی زۆری تێدایە، بە شێوەیەکی هاوپێچ و ناڕاستەوخۆ، پێوەندی دادەمەزرێنێ، نەک بە شێوەی ڕاستەوخۆی ئەو دەوروبەرەی پەیامەکە تێیدا دەگەیەنرێ. نیشانە نازمانییەکان [جوڵە و نیشانەکانی ڕوخسار و جەستە] لە پەراوێزی پەیام و جیاوازییە واتایییە هاوپێچەکان، بە ڕادەی خودی مەبەستە ڕوون و ئاشکراکەی پەیامەکە، گرنگە. بۆ ئەو تاکانەی کە خاوەنی زەینی کۆیایەتین، ئەوەی کە ئەوانی دیکە چۆنیان لێ دەڕوانن زۆر بنەڕەتییە. هیچ سزایەک توندتر لە بەخۆنەکردن و پەسندنەکردن نییە. لەدەستچوونی ئابڕوو (یانی سووکبوون لە لای گرووپ)، سزایەکی قورسە، کە دەبێت بە هەر نرخێک بێت پارێزی لێ بکرێت. لەبەر ئەمە، کەلتوورە کۆخوازەکان، دەکرێ وەک ئەو کەلتوورانە پۆلین بکرێت کە لەسەر بنەمای شەرم دامەزراوە، نەک لەسەر بنەمای سووچ و هەڵە.

بەپێی ڕەچاوکردنی ئابڕوو، ئەندامانی ئەم جۆرە کۆمەڵانە، بەرامبەر بە کاریگەریی قسەکانی خۆیان لەسەر ئەوانی دیکە زۆر هەستیارن. زمان، ئامرازێکی کۆمەڵایەتییە (ئامرازێکە بۆ پاراستن و پێشخستنی بەرژەوەندیی کۆمەڵایەتی و، بە هەمان ڕادەیش ئامرازێکە بۆ گەیاندنی زانیاری و مەبەستەکان)، بۆیە قسەکەرانی ئەو کۆمەڵگه‌یانەی پەیوەسته‌یییەکی بەرزییان تێدایە، دەبێت بەوردی ئاگایان لە قسەکانی خۆیان بێت. گفتوگۆی ڕاستەوخۆ، ڕادەیەکی زۆری دەربڕینی ڕێزدارانە و ڕوومەندانەیە [بە موجامەلەیە]. لە پاڵ ئەو ڕەگەزە سەرەکییەدا کە پڕواتایە و زیادەگوتنی کەم تێدایە. گوتنی ڕاشکاوانە و ڕووکبێژی (قسه‌له‌ڕوویی) و بەتایبەت گوتنی هاودژییانە، زۆر لەدڵ گرانە بۆ ئەوانەی لەم جۆرە کەلتوورەدا خەریکی گفتوگۆن، قسەکردنی ڕووک و ڕاشکاوانە زەحمەتە. ئەوانە حەزیان لێیە کە لایەنی گفتوگۆکەیان ڕازی بکەن و کەمتەرخەمی و لادان لە مەبەستیان، لە ڕووکبێژییەکی ڕەق، پێ باشترە. لە ڕاستیدا، کاتێک کە درۆ دەبێتە هۆی خۆپاراستن لە ناڕازیبوون، ڕاستگوتن پێویست نییە.([xvii])

بەگشتی، فۆرمێکی دیاریکراوی قسەکردنی بەئاداب، بە جۆرێک لە ڕێزگرتن دادەنرێت. ئەتیکێتی ئاخاوتن، بەشێکی سەرەکییە لە کەلتوور، ڕەفتار و پێوەندیی مرۆیی. پێوەندیی کۆمەڵایەتی و ڕێساکانی ڕەفتار، لە ڕێژەی ئەتیکێتی ئاخاوتندا ئاراستە دەکرێن. ڕێساکانی ئەتیکێت لە گوتنەکان، قسەی نەستەق، ئیدیۆم و دەستەواژەکاندا دەڕەمزێندرێن(encoded). وەک: "بەخێر بێی"، "چۆنی"، "ماڵئاوا"، "سپاس" و...هتد. لەبەر ئەوەی ئتیکێتی ئاخاوتن، توخمێکی کەلتووری نەتەوەیییە، ڕەنگێکی تەواو کەلتووری نەتەوەیییانەی هەیە. لە زمانەوانیدا ئادابی ئاخاوتن (ئەتیکێت) وەک سیستەمێک لە یاسا و نەریتەکان تێگەیندراوە کە ڕەفتارە کۆمەڵایەتی و پیشەیییەکان ڕێک دەخات([xviii]).

 لە هەر یەکەیەکی کۆمەڵایەتیدا کۆمەڵە یاسایەکی پەسندکراوی ڕەوشت هەیە، كه‌  بەرز ڕادەگیرێن و بە کۆدە یاسایییەکان دەسەپێندرێن، یان بە نەریت و فشاری گرووپی پەیڕە دەکرێن. بێ لەبەرچاوگرتنی جۆری کەلتووری نەتەوەیی، هەر کۆمەڵێک ئه‌تیکێتی تایبەت بەخۆی هەیە و، هەموو کەسێک بە هەڵسوکەوتی چاوەڕوانکراوی خۆی بەرامبەر کەسانی دیکە و لەوانیشەوە بۆخۆی دەزانێ(Ibid).

بەگشتی، ڕێزگرتن دەکرێ بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی وەک مەودای کۆمەڵایەتی لە قسەکردندا پەیڕەو بکرێت. لیچ (١٩٨٣: ١٣٢) بۆ بنەمای ڕێزگرتن شەش ڕێکار([xix])دەخاتە ڕوو:

  1. ڕێکاری ناسکی/بەمشووری([xx])(کەمکردنەوەی تێچووی ئەوانی دیکە و زیادکردنی قازانجیان لە ڕستە نەرێیی و پابەندییەکاندا)؛
  2.  ڕێکاری دڵئاوایی/بەخشندەیی([xxi](کەمکردنەوەی قازانج و سوود بۆخۆت لە ڕستە نەرێیی و پابەندییەکاندا)؛
  3.  ڕێکاری پەسندکردن/ستایش([xxii]) (کەمکردنەوەی ڕەخنە لە ئەوانی دیکە و زیادکردنی ستایش پێیان لە ڕستەی سۆزدارانەو ڕێزلێگرانەدا)؛
  4. ڕێکاری خاکەڕایی/بێفیزیی([xxiii])(کەمکردنەوەی ستایش و پێداهەڵگوتن لە خۆ و زیادکردنی ستایشی ڕەخنە لە خۆ)؛
  5. ڕێکاری کۆکبوون/ڕازیبوون([xxiv])(کەمکردنەوەی ناکۆکی نێوان خۆ و ئەوانی دیکە و زیادکردنی کۆکبوونی نێوان خۆ و ئەوانی دیکە لە ڕستەی ڕێزلێگرانەدا).
  6. ڕێکاری هاودەردی([xxv])(کەمکردنەوەی ناهاودەردبوون لە نێوان خۆ و ئەوانی دیکەدا زیادکردنی هاودەردیی نێوان خۆ ئەوانی دیکە)

ئەنجام

لە ئەنجامدا، دەکرێ بڵێین تۆڕە کۆمەڵایەتییە مەجازییەکان هاوکات کە ڕاگەیەنەی گشتین، سروشتێکی نێوانکەسیشیان هەیە. لە ئاستێکی بەرفراواندا و بەخێرایی، دەکەونە بەردەستی وەرگر و زانیارییەکان بڵاو دەکەنەوە. ئاستی کارتێکەرییان لەسەر وەرگرانیش زۆرە. هه‌ر بۆیه‌، بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەقۆیەکی دوودەمە، کە دەتوانێ هەم تاک و بەکارهێنەکانی لەکاتی بەکارهێناندا هەست بە ئاسوودەیی و چێژ بکەن و، هەم بشبێتە هۆی بریندارکردن و شڵەژان و نائارامیی کۆمەڵایەتی و دەروونیی بەکارهێنەکان.

 شارەزایی لە زمانی بەکارهێنان، ئەتیکێتی ئاخاوتن و کارلێکكردنی کۆمەڵایەتی لە ڕوانگەیەکی مەبەستناسانەوە، دەتوانێ کۆمەک بکات بە باشترکردنی ناوەڕۆکی ئەم میدیایانە و ڕەواندنەوەی تەمومژە واتایی و مەبەستییەکان لە پێوەندیکردن لەم تۆڕانەدا. بەکارهێنانی زمانێکی بەرپرسانە، ئامانجدار و ڕێزدارانە، لەگەڵ ئەوەی ڕەچاوی بنەما و پرنسیپە مرۆیی و زانستییەکان بکات، هاوکات ڕەخنەییش بێت، دەتوانێت هەردوو لایەنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و هاوپێوەندییە ڕاستەقینە کۆمەڵایەتی و نەتەوەیییەکان زیاد بکات و لە بەرەوپێشبردنی ڕیفۆرم و چاکسازییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیشدا دەورێکی سەرەکی بگێڕێ. جگە لەوانەیش ئامرازێکی بەهێزی بەرجەستەکردنی هێزی کۆمەڵایەتی و نەتەوەییی نەتەوەیەکی وەک کورد، بۆ تەنگ پێهەڵچنینی دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا بێت. 

ئەگەر ڕاگەیەنە گشتییە کۆمەڵایەتی و مەجازییەکان لەسەر پێویستییەکانی ئێستای وەرگری کورد لە ڕوانگەیەکی بەرفراوانی نەتەوەیییەوە دابمەزرێن و وەرگرتەوەر بن،  کارلێککردنی کۆمەڵایەتی بە بارێکی تەندروستی کۆمەڵایەتیدا دەکەوێت و هاوپێوەندییەکان زیاتر دەبێت و تەنگەژەکان کەمتر.

 

[i] .ئارام عەبدولواحید حەمەڕەشید مەعروف(٢٠١٣)، ڕێزگرتن لە زمانی کوردیدا. سلێمانی: چاپخانەی لاریا. هەروەها، بڕوانە:

Leech, G. (1996). Principles of Pragmatics. London, N.Y: Longman.

[ii] . تامس، ا. هریس،وضعیت آخر،(بە نقل از اریک برن)، مترجم: اسماعیل فصیح، چاپ یازدەهم، ١٣٧٢، تهران: فاختە.

[iii] . مولایی، محمد مهدی ؛ کتابدار، علی ڕضا، فرصت های تعاملی رسانەهای اجتماعی برای برنامە های تلویزیونی، فصلنامە رسانە، سال بیست و چوارەم/ژمارە ٢. ١٣٩٢:ص٥٥.

[iv] . Boyd, D. & Ellison,  N.  2007,  Social Network Sites: Definition, History and Scholarship”.

Journal of Computer-Mediated Communication, 133: 210-230.( P.12)

[v] . مولایی، محمد مهدی ؛ کتابدار، علی ڕضا،١٣٩٢:ص٥٥.  

[vi] . (Tapscptt, 2009: 36) بە نقل از احسان پوری، ، فصلنامە رسانە، سال بیست و چوارەم/ژمارە ٣. ١٣٩٢:ص26.

[vii] . Ryabova,  M. 2015 . Politeness Strategy in Everyday Communication, Procedia - Social and Behavioral Sciences 206 ( 2015 ) 90 – 95.

[viii] . تزوتان تۆدۆرف، منطق گفتگویی باختین، مترجم داریوش کریمی، ١٣٧٧، ص١٠٣ -١٠٤. تهران: نشر مرکز.

[ix] . Yule, G. 1996. Pragmatics. Oxford: Oxford University Press (p. 3)

[x] . Yule, G. 1996:

[xi] . Wardhaugh, R. 2006. An Introduction to Sociolinguistics, Fifth edition published: Blackwell Publishing (p. 278).

[xii] Yule, G. 1996 , p. 10

[xiii] . Whitworth, B. Int. J. of Virtual Communities and Social Networking, 1(2), 65-84, April-June 2009.

[xiv] . http://dictionary. Oed.com)

[xv] . Yule, G. 1996 , p. 60.

[xvi] .  Liao, Y., & Bond, M. H. 2011. ‘The dynamics of face loss following interpersonal harm for Chinese and Americans’. Journal of Cross-Cultural Psychology, vol. 42, no. 1, pp. 25-38.

[xvii] . ریمۆن کوهن، گفتگوی فرهنگها: ارتباطهای بین الملل در دنیای وابستە، مترجم: محمد علی محمدی، ١٣٧٩: ص٤٦-٤٧.

[xviii] . Ryabova,  M. 2015.

[xix] maxim

[xx] . Tact maxim

 

[xxi] . Generosity Maxim

[xxii] . Approbation Maxim

[xxiii] . Modesty Maxim

[xxiv] . Agreement Maxim

[xxv] . Sympathy Maxim

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples