پێگەی زمانی کوردی لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی- سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوو گەمەکەری سەرەکی لە بواری کۆمەڵایەتی هەن. لە لایەک دەوڵەتە بەفەرمیناسراوەکانن لە ئاستی نێودەوڵەتی و، لە لایەکی دیکەیش، ئەو نەتەوانەن کە لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەدا وەک هاووڵاتی پێناسە کراون. گەلی کورد، وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت لە جیهاندا، ئێستا وەک گەمەکەرێکی چالاک لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی- سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵی هەیە.  گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و مێژووییی گرنگ کە لە دەیەی نەوەدەکانەوە لەم ناوچەیە ڕوویان داوە؛ جگە لەو قەوارە سیاسی – ئابوورییەی لە وڵاتی عێراق و ناوچەکە دروستیشیان کردووە، گۆڕانکاریی کەلتووری و زمانیی بەرچاویشییان لێ کەوتووەتەوە. ئەم ئاڵوگۆڕانە، هەم لە ئاستی پێگەی زمانەکانی کوردی و عەرەبی و هەم لە ئاستی پەیکەرەی ئەو دوو زمانەدا ڕوویان داوە. هەروەها، ئەم گۆڕانکارییانە بە شێوەی نافەرمی، یان ناڕاستەوخۆ لەسەر مانەوە و بووژانەوەی زمانی کوردی لە وڵاتانی ئێران و تورکیایش کاریگەرییان هەبووە. گەشەسەندنی زمانی نەتەوەیی، دەتوانێ بەدیهاتنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانیش بەهێزتر بکات و نەتەوەی کورد لە کۆمەڵە خەڵکی"سروشتی"یەوە بۆ نەتەوەی "کەلتووری"، یان نەتەوەیەکی خاوەن دەوڵەت و زمانی تایبەت بەرجەستە بکات کە دانپێدانراوی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش بێت.

پێکهاتنی سیاسی – کۆمەڵایەتی و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 پێکهاتنی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە سێ ڕووەوە گۆڕانکاریی دروست کرد. یەکەم، لە ڕووی جوگرافییه‌وه‌ گۆڕان لە جوگرافیای سیاسیی دەوڵەت – نەتەوەی عەرەبی و عێراقی بەدی هات و ڕووبەرێکی سروشتیی ئەو پانتایەی گرتەوە کە بە ناوچەی کوردی، یان کوردستان ناسراوە و کورد خۆی دەسەڵاتی بەسەریدا هەیە. ئەم پانتایە بە ناوی "هەرێمی کوردستان- عێراق" لە ئاستی دەوڵەتی ناوەندی، دەوڵەتە ناوچەیییەکان و نێودەوڵەتیدا دانپێدانراوە. هەرچەند ئەم پێکهاتنە بەتەواوی لەگەڵ ڕووبەرە سروشتییەکە یەکانگیر نییە و، شوێنی دابڕاو ماون کورد بەفەرمی دەسەڵاتی بەسەریدا هەبێت، بەڵام لەو ڕووبەرانەیشدا نیمچە بەشدارییەکی هەیە. کورد لەم ڕووەوە بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، مەوتەنێکی پێک هێناوە کە جێپێی تێدا قایم بکات بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ چەسپاندنی پانتاکانی دیکە خۆش بکات.   

دووەم، پانتای ئیتنی، زمانی و کەلتوورییە. لە ڕووی ئیتنی، کەلتووری، زمانی و پەروەردەیییه‌وه‌ تا ڕاددەیەکی بەرچاو، کورد لە ناسنامەسازییەکی نوێ و بووژانەوەی ئایدیۆلۆژیی نەتەوەخوازی و تاقیکردنەوە کەلتوورییەکانی، بەرەو پێش چووە. ئەم پانتایە، بەو کۆمەڵە زۆرینەیە لە خەڵک کە لێی نیشتەجێن و بە کورد ناسراون، بەو مێژووە پڕ لە بەرخۆدان و بەرەنگارییەی لە بەرانبەر کەلتوور و ئایدیۆلۆژییه‌کانی نەیارەکانیدا کردوویەتی و بەو زمانە تایبەتەی تێیدا بەکار هاتووە، لەگەڵ پانتا جوگرافیا سروشتییەکەیدا جووتە.

سێیەم، ئەو پانتایەیه‌، کە بووه‌تە ڕاستەقینەیەکی جێگیربوو، به‌یاساییکراو و پەروەردەکراو، کە پێڕەوێکی سیاسی بە ناوی "حکوومەتی هەرێمی کوردستان" لێی دامەزراوە. ئەم هەرێمە بەگشتی فەزا، یان شوێنێکی تا ڕاددەیەک ڕێکخراوە، کە مرۆڤی تایبەت، زمان، کەلتوور و شێوازی ژیانی تایبەت بە خۆیان تێیدا دامەزراندووە. کەواتە، بیر و ئایدیۆلۆژیی تایبەتیی نەتەوەکە و ژینگە سروشتییەکەی، بە شێوەیەکی ڕەمزی و ئەفسووناوی تێک ئاڵاون و بەرجەستە بوون. تاکەکان سەرەڕای ناسنامە تاکی و کۆمەڵایەتییەکانیان، وەک پابەندییان بە بنەماڵە، خێڵ، ئایین، توێژی کۆمەڵایەتی، ئیتنیک، نەتەوە و شارستانییەتی خۆیان، وەفادارییان بەم قەوارە سیاسییەیش هاوشان لەگەڵ پابەندییە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەیان پیشان داوە. ئەم حاڵەتە لە بەرگریی هێزی پێشمەرگە و هێزی خۆبەخشی جەماوەریدا، سەرەڕای ناکۆکییە حزبایەتییەکان، بەزەقی نوێندرا. ئەمە هەروەها، بووە هۆی بەرفراوانکردنی جوگرافیاکە و پێکهێنانی قەوارەی تری جوگرافی، ئیتنی و سیاسی لە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قووڵتر کردەوە. بەتایبەتی، کە ئێستا دەبینرێ لە ڕۆژاوای کوردستان ئەم ڕەوتە لە پێکهاتندایە.

لێکەوتە زمانییەکانی گۆڕانکارییە سیاسی- کۆمەڵایەتییەکان

دەسەڵاتی ئابووری، سیاسی، زانستی و لەشکریی قسەکەرانی زمانەکان ڕۆڵێکی دیاریکەر لە پاراستن و بەهێزکردن، یان لاوازکردن و لەناوبردنی زمانەکان دەبینن. لەم ڕوانگەیەوە، باڵادەستیی نەتەوەکانی عەرەب، تورک و فارس لە سەدەکانی ڕابردوودا، لەگەڵ پێکهاتنی دەوڵەت-نەتەوە نوێیەکان، بە واتای زاڵبوونی گێڕانەوی زاڵی ئەو دەوڵەت-نەتەوانەیش بوو کە لە ڕاستیدا نوێنەرایەتیی زمان و ئەدەبیاتی ئەو نەتەوە فرمانڕەواکانی دەکرد. زمانی ئەو دەوڵەت-نەتەوانە هەڵگری ئایدیۆلۆژییەک بوو و هەیە، کە ئامانجە سەرەکییەکەی بەهادان بە دەوڵەت-نەتەوەکە و دژایەتی لەگەڵ بزووتنەوە و نەتەوە دژبەر و ناسنامەخوازەکانی وەک کورد بوو. پێشبڕکێی نایه‌كسانی نێوان زمانی دایک، یان خێزان و زمانی خوێندنگەکان، دەوڵەت، میدیا، شەقام، کار و زمانی پێویست بۆ بەرزبوونەوەی پلە و پایەی پیشەیی، ئەم مانەوە، یان لەناوچوونانە بەهێز دەکات.

تا بەر لە دەیەی نەوەدی سەدەی ڕابردوو، نواندنی زاڵ، نواندنی نەتەوە – دەوڵەتی زاڵ بەسەر عێراقدا بوو. بە پێکهاتنی ئاڵوگۆڕە ناوچەیییەکان و دەستوەردانی نێودەوڵەتی و ڕاپەڕینی گەلی کورد وەک پێکهاتەیەکی نەتەوەییی بەهێز، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و زلهێزەکان ناچار بوون قبووڵی بکەن کە یەکەی سیاسیی نوێ لەناو دەوڵەتی عێراقدا پێک بێت. بەم پێیە، لەسەر بەشێک لە ڕووبەرە سروشتییەکە و پانتا ئیتنییەکە (بەستێنی زمانی کوردی و کەلتووری نەتەوەیی) یەکەیەکی سیاسی دامەزرا.

ڕاستییه‌كه‌ی، پێچەوانەی مەیلی باوی دەوڵەتی ناوەندی و هەراوهوریای بەردەوامی دەوڵەتە ئیقلیمییەکانی وەک ئێران، کە گوایە "قیامەت هەڵدەستێ"یان "ئیسڕائیلی دووەم دروست دەبێ"، یەکەیەکی نوێی سیاسی دروست بوو. ئەمە ئێستا، بۆ یەکەی دیکەیش لەنێو سووریادا لە بەرفراوانبووندایە. زمان، لە بەرجەستەکردن و ڕێگه‌خۆشکردن بۆ بەفەرمیناسینی ئەم یەکە سیاسییانەدا دەورێکی کاریگەری هەبووە و هەیە. بە هەمان شێوە، لەبەر سروشتی کۆمەڵایەتیبوونی زمان، خۆیشی کەوتووەتە بەر کارتێکردنی کۆمەڵایه‌تی – سیاسی لە ئاستی ناوچەکەدا و شان بە شانی ئەو ئاڵوگۆڕانە بەرەو پێش چووە. هەر لەم ڕووەوە، لەسەر سیاسەتی "تاکزمانی" یان سانترالیزمی زمانی نەک هەر لە عێراق، بەڵکوو لە وڵاتانی دیکەی داگیرکەری کوردستان وەک تورکیا و ئێرانیش، شوێنی خۆی داناوە.

لە ئێران و تورکیا، زمانەکانی فارسی و تورکی، پێگەی زمانی فەرمی، یاسایی و دادوەرییان هەیە و بە هێمای ناسنامەی نیشتمانی دادەنرێن. زمانەکانی دیکەی وەکوو کوردی، تورکی، بەلووچی، گیلەکی کە بەکارهێنانێکی ناوگرووپییانە، ناوچەیی، یان هەرێمییانەی سنوورداریان هەیە، "پرستیژ"ێکی کۆمەڵایەتیی نزمتریان هەیە و پێگەیەکی دیاری یاسایییان نییە. لەژێر گوشاری زمانی فەرمی (زمانی دەوڵەت-نەتەوە)دا پەراوێز خراون و لە پەروەردە، میدیا، کاروباری ئابووری و هیی دیکەدا بەکار نایەن، بەڵام دەوڵەتەکان لەبەر گۆڕانكارییە ناوچەیییەکان، ناچارن لە بواری میدیا و تا ڕاددەیەکی بەرچاویش لە ئاستی زانکۆ و توێژینەوە کوردییەکان گرنگیی پێ بدەن، وەک: کردنەوەی بەشی کوردی لە زانکۆکانی دیاربەکر، ماردین و وان لە تورکیا و، بەرنامەی زمانی کوردی لە زانکۆی کوردستان لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێران.

ئێستا لە ڕووی پێگەوە، زمانی کوردی، لە چوارچێوەی وڵاتی عێراقدا بووەتە زمانی فەرمی و، زمانی عەرەبیش پێگەی تاکزمانیی دەوڵەت – نەتەوەی لاواز بووە و بەکردەوە لە کارلێککردن و پێکدادانە زمانییەکاندا بەرەو وڵاتی "دووزمان" یان "فرەزمان" چووە. هەرچەند هەر لە حەفتاکانەوە زمانی کوردی لە عێراق، پێگەیەکی لانی کەم بۆ خوێندن پێ دراوە، بەڵام لە بەفەرمیناسین (دانپێدانان)ی وەک یەک لە زمانە فەرمییەکانی وڵاتی عێراق، ڕۆڵی نەبووە. جگە لەوەیش لەبەر ڕەچاوکردنی مافی زمانیی کەمینە زمانی و نەتەوەیییەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان و چالاکبوونی سیاسی و کۆمەڵایەتیی تورکمان و سریانییەکان، فرەزمانیی لە عێراقدا بووە ئەمری واقع. لەم پانتایەدا لەگەڵ جۆری جیاوازی کەسایەتیی ئیتنی – زمانیدا بەرەوڕووین و، دەکرێ بڵێین کە قەوارەکەی لە پێکهاتنێکی نوێی نیشتمانیدا و خەریکی ناسنامەسازییە.

بەم شێوەیە، دەبینین کە زمان لە بەرجەستەکردنی کەسایەتیی نەتەوەیی و و ناساندنی سنوورەکاندا ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە، هەرچەند خۆیشی دەکەوێتە بەر کارتێکردنی ئاڵوگۆڕە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکان. نموونەیەک بۆ ئەمە، ڕەشنووسی پێشنیارکراوی ڕووسیا بۆ وڵاتی سووریای نوێیە. بەپێی ڕەشنووسی ئامادەکراوی ڕووسیا بۆ وڵاتی سووریا، پاشناوی "عەرەبی" لە  ناوی "کۆماری عەربیی سووریا" لا دەدرێ  و، لە بریتی "کۆماری سووریا" بەکار دێت. هەروەها هەموو ئەو ناونیشانانەی ئاماژەن بۆ عەرەبیبوونی سووریا، دەبێ وەلا بنرێن و مەرجی موسڵمانبوونی سەرکۆماریش لا دەبردرێ. هەرچەند سنوورەکانی دەوڵەتی سووریا تەنیا بە ڕیفراندۆم بە ویستی هەموو هاووڵاتیانی سووریا، دەکرێ بگۆڕدرێ، لە بەندی دووەمی ماددەی چوار، پێشنار کراوە کە دامەزراوە کەلتوورییە خودموختارییەکانی کورد و ڕێکخراوەکانیان هەر دوو زمانی کوردی و عەرەبی بە شێوەی هاوشان و لە یەک ئاستدا بەکار بێنن. ئەمە لە كاتێکدایە کە زمانی کوردی لە چوارچێوەی وڵاتی عێراقدا وەک زمانێکی فەرمی لە پاڵ زمانی عەرەبیدا بەفەرمی ناسراوە و، لەناو هەرێمی کوردستان بەفەرمی لە بوارە پەروەردەیی، هونەری، میدیایی، یاسایی و کارگێڕێیەکاندا بەکار دێت.

نموونەیەکی دیاری دیکە، ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسی- کۆمەڵایەتییانەیە کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە پێکهاتنی یەکێتیی ئەوروپا و هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو ڕوویان دا، کە بە دوو ئاراستەی جیاوازی بە دوو شێوەی پێکهاتنی جیاواز ڕۆیشتن (لە نێو یەکێتیی ئەوروپا، پێکهاتنی یەکێتییەکە وای کرد دەوڵەتەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات زمانی ئینگلیزی وەک زمانی هاوبەش بخەنە بواری کارپێکردنەوە و هەندێکیشیان فەڕونسی و ئەڵمانی، بۆ وڵاتانی جیابووەوە لە یەکێتی سۆڤییەت بە پێچەوانەوە، ئاراستەکە بەرەو بووژانەوە و گەشەکردنی زمانی نەتەوەیی ئەو وڵاتانە و بچووکبوونەوەی زمانی ڕووسی بوو). بەکورتی، چونکە زمان و دەسەڵات پێوەندییان پێکەوە هەیە، جێگۆڕکێ لە دەسەڵاتدا دەتوانێت لە گۆڕانی پێگە و پلەی زمانەکان و پەرەسەندن، یان کەمبوونەەی بەکارهێنانیان کاریگەر بێت. هەر لەم ڕووەوە بە هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت  وەک زلهێزێک، پرستیژی زمانی ڕووسی، ڵە وڵاتە تازە سەربەخۆ و جیاوەبووەکان، چ لە وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵاتی و تەنانەت لە ئاستی جیهانییش، بەرەو لاوازی دەچێت.

ئەنجام

بەم پێیە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە زمان لە پێکهاتنی دەوڵەت و نەتەوەسازیی لە کوردستان و یەکلاکردنەوەی سنووری پێکهاتە نەتەوەیییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵێکی سەرەکیی هەیە. ڕێگه‌خۆشکەرە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی تری نەتەوەی کورد و پیادەکردنی ئیدارە خۆجێیییەکانی کورد لە هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی لە داهاتوودا، چونکە "ئەمڕۆکە بۆ تێگەیشتن لەم جیهانەی وا تێیدا دەژین، لە جیاتی جووڵان لە گەمەی دەوڵەتەکاندا (و بووکەڵەی ڕاگەیه‌ندراو یان شاراوەی ئەوان)، دەبێ بچین بە دوای ئەو واقعییەتە ئیتنیکییە تایبەتییانەی لە هەناوی هەر یەک لەم دەوڵەتانەدا مت بووە و بۆ ئەوەی بتوانین ئەو دەرفەتانەی بۆ نەتەوەکان هەن هەڵسەنگێنین، دەبێ بەو ڕۆڵەی ئێستا هەیانە خەریک بین کە زمان وەک گرینگترین سیمای ئەو ئیتنیکانە دەیگێڕێ. سەرهەڵدان و چالاکبوونی زمانەکان بە واتای سەرهەڵدانی نەتەوەکانە، کە بە نۆبەی خۆیان بە بناغەی دەوڵەتەکان داندراون". هەر لەم پێوەندییەدا دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، کە باوەڕی بە توانا سەرچاوەیییەکانی لە ڕووی سروشتی، ئیتنی، زمانی، کەلتووری و سیاسیی خۆی هەبێت، لە کارلێککردنە ناوخۆیییەکانیدا ژیرانە مامەڵە بکات و پلانی بۆ بووژاندنەوەی سیما نەتەوەیییەکانی هەبێت، لە پەنا لەرزۆکبوونی دەوڵەتە نەیارەکانی وەک ئێراندا، دەتوانێ مسۆگەر بێت. هەڵەشەییی حاکمانی ئەو وڵاتە لە دەستوەردانیان لە دەره‌وەی خۆیان، سەرەڕای ئەو هەموو ناکۆکییەی لەنێو خۆیان و لەگەڵ دەرەوەی خۆیان هەیانە، دەتوانێ دەستەخوشکی باشوور و ڕۆژاوا زیاتر و جوگرافیای ڕزگاربوونی پارچەکانی کوردستان بەرفراوان بکات.

سه‌باره‌ت به‌و فەزا جوگرافی، سیاسی و ئیتنی، زمانی و کەلتوورییەی لە باشووری کوردستان پێک هاتووە، هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە نەتەوەی کورد لەم بەشەی کوردستان وەک پێکهاتەیەکی بەفەرمیناسراو و ئاگا بە بوونی خۆی، بەر لەوەی لە تێڕوانینی ئەوانی دیکەوە بناسرێ، پێویستە لە تێڕوانینی خۆی و ئاگا بە بوونی خۆیەوە بناسرێ و، لە نەبوونەوە بێتە هەبوون. حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە لە جیاتی سیاسەتی پەراوێزخستنی زمانی دایک، کە لەسەر بێپلانی و نەبوونی سیاسەتێکی ڕوونی زمانی لە پەروەردە و خوێندن بە کوردی، هاتووەتە ئاراوە، پێویستە وەک پێکهێنێکی سەرەکیی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و ناسنامەی نەتەوەیی لێی بڕوانێ و، بە شێوەیەکی پلانمەند کار بۆ گەشەپێدانی زمانی نەتەوەیی بکات.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples