سەرەتا
بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بێت کە ڕاستەوخۆ لە لایەن گوتەبێژەکانیان و، یان لە ڕێگهی کۆنفڕانسی میدیایییەوە بۆ خەڵک دەدوێن، هەموو لایەنەکان لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمن؛ هەرچەنده لەوانەیە لەسەر کاتەکەی، یان شێوەی بەڕێوەچوونەکەی و مەرجەکانی، بۆچوونی جیاوازیان هەبێت. هەموو لایەنەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕیفراندۆم، دەبێ هەوێنی یەکخستنەوەی ناوماڵی کورد بێت. بەگشتی، کورد بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەر بخات، پێویستیی بە کۆدەنگیی نیشتمانی و نەتەوەیی هەیە. هەر بۆیە، گوتارێکی ئاشتیخوازانەی میدیایی پێویستە، بۆ ئەوەی ڕای گشتی لەسەر ئەم پرسە چارەنووسسازە کۆ ببێتەوە. ئەمەیش لەبەر ئەوەیە، میدیا بە هۆی چوارچێوەسازی بۆ مەسەلە جیاوازەکان، بەتایبەتی لە هەواڵەکاندا، لە بەرهەمهێنانەوەی گوتاری سیاسی- کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژیدا بە لایەنگریی لە ململانێ و توندوتیژی، دەورێکی هەستیار دەگێڕێ. پرسیار ئەوەیە کە چۆن و تاچ ڕاددەیەک میدیا لە قووڵکردنەوەی دووبەرەکییەکاندا ڕۆڵی ههیه؟ لەمبارەیەوە، چ جۆره ستراتیژییەکی گوتار لە هەوڵی میدیاکاندا ڕەچاو دەکرێ؟ بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە لەم وتارەدا، بابەتە پێوەندیدارەکان دەخرێتە بەر باس و، شێوازێکی ڕەخنەیییانەی گوتار بەپێی نموونەکانی ڕووماڵکردنی تەلەڤزیۆنی NRT، بەکار دەهێنڕێت.
گوتاری میدیا لە نێوان چاندنی بێزاری و پێکهێنانی ئاشتیی نیشتمانیدا
"واقعییەت" بە هۆی زمان و ئەزموونەوە بنیات دەنرێت کە لە ڕێگهی گوتارە جۆراوجۆرەکانەوە لە کارلێککردنی ڕۆژانەماندا لە پێوەندییە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکاندا بەکار هاتووە. گوتاری هەواڵ چوارچێوەیەک بۆ دەمەتەقێی گشتی دەستەبەر و ئامادە دەکات و بەگشتی، نواندنە میدیایییەکان سیاسەتی دامەزراوە سیاسییەکان دەنوێننەوە، کۆمەک دەکەن بە دروستکردنی ڕای گشتی و بەهێزکردنی ئەو ئایدیۆلۆژییانەی بنەمای ڕا و تێگەیشتنی گشتی پێک دێنن. ئایدیۆلۆژییهکانیش پێکهێنە بنەڕەتییەکانی ناسنامەی کۆمەڵایەتی دەخەنە ڕوو و، بەرژەوەندیی گرووپەکان لە شێوەی کۆمەڵە ڕوانگەیەکی ڕێکخراودا کە تێیاندا واتاکان لە ڕێگەی گوتاری هەواڵەوە دردەبڕدرێن، پێناسە دەکەن. گوتاری هەواڵ بە بژار و بڵاوکردنەوی زانیارییەکان، ئایدیا و بۆچوونە ڕەوا و ناڕەواکان به جەماوەری دەگەیەنن. بەم شێوەیە، وێنەیەکی گشتی لە واقعییەتی کۆمەڵایەتی وەک ئایدیۆلۆژییەکی دروستکراو دەخەنە ڕوو و، برەو دەدەن بە هاوپێوەندیی کۆمەڵایەتی بە بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و بە هاوبەشدانانی بیروبۆچوونەکان لە ڕێگهی بەکارهێنانی زمانەوە.([i]) لەم ڕوانگەیەوە، دەکرێ کارکردی ئەرێنی، یان نەرێنی بۆ میدیاکان دەستنیشان بکەین.
گەیاندنی زانیاری و ئاگادارکردنەوە: یەکێ لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی میدیاکان گەیاندنی زانیارییە لە ڕووداوەکان کە لە ژینگەی کۆمەڵایەتیدا ڕوو دەدات. میدیاکان لە ڕێگهی ڕووماڵکردنی ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک دەستدرێژی، توندوتیژی، کوشتن و گەڕان بەداوی هۆکارەکانی سەرهەڵدانیان، بە داڕشتنێکی پوخت هەوڵی چارەسەر دەدات؛ هەنگاوەکانی دەزگا پێوەندیدارکان بۆ پێشگرتن لە دیاردە دژی کۆمەڵایەتییەکان دەخاتەڕوو و، ڕای پسپۆر و شارەزایان و جیابیران بۆ خستنەڕووی کەموکوڕییەکان وەردەگرێ. بەم شێوەیە، جەماوەر لە لادانە کۆمەڵایەتییەکان ئاگادار دەکاتەوە. سەبارەت بە ڕووداوە سیاسییە هەستیارەکان، بۆ پێشگرتن بە هەڵسەنگاندن و بڕیاردانی پێشوەختی ڕۆژنامەنووس و پەیامنێران، بە شێوەیەکی بابەتییانە و لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی ڕاگەیاندن ڕەوتێکی ئاشتییانەی میدیایی ڕەچاو دەکات بۆ ئەوەی دووبەرەکییەکان لە ململانێیەکی سیاسیی ئاسایی دەرنەچێ و ئاشتەوایی بەهێز بێت([ii]).
یەکێک لە دەورە خراپەکانی میدیا هاندانی شەڕ و قووڵکردنەوەی ململانێکانە؛ کە ئەمەیش بە چاندنی بێزاری، ناهومێدیی و قووڵکردنەوەی ململانێکان دەورێکی گرینگ لە پچڕاندنی پێوەندی، تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و بەردەوامیی دۆخی قەیراناویدا دەگێڕێ. ئەوەی ئێستا لە میدیای کوردیدا بەرچاوە بریتییە لە: سەرلێشێواندنی خەڵک لەبەر نەبوونی ستراتیژییەکی ڕوونی ڕاگەیاندن بە دیاریکردنی بەهاکانی هەواڵ، بڵاوکردنەوەی بابەتی دژبەیەک و ناپێوەندیدار و سیاسەتزەدەییی میدیاکان، بە شێوهیەک کە بنەمای پیشەییبوون و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتییان نامێنێ.
لەمبارەیەوه ئاماژە بە بۆچوونی کێمف (Kempf,2003) وەک دەروونناسێکی گوتاری میدیا دەکەم کە گوتاری شهڕ و ئاشتی بەوە لێک جیا دەکاتەوە کە پرسیاری ئەم گوتارانە لەبارەی ڕووداوەکانەوە چین. ئەو پێی وایە گوتاری شەڕانی (جهنگی)، پرسیارەکەی ئەوەیە کە "کێ توندوتیژە، یان هێرشبەرەکە کێیە؟" و "چۆن دەتوانرێ بوەستێندرێ؟" کەچی، گوتاری ئاشتییانە دەپرسێ کە " کێشەکە چییە؟" و "چۆن چارەسەر دەکرێت؟"([iii]) چونکە یەک لە تایبەتمەندییەکانی گوتاری شەڕانیی میدیا ئەوەیە کە جەخت دەکاتە سەر بەهای "پێکدادان" لە نێوان دوو لایەن کە یەکیان براوەیە و ئەوی تریان دۆڕاوە. لە بەرامبەردا، میدیایەک کە پشت بە گوتاری ئاشتی دەبەستی، لە هۆکاری پێکدادانەکان دەکۆڵێتەوە کە هەر دوو لایەن لە ململانێکاندا لەسەر ململانێکەیان بۆ یەک ئامانج، دەکرێ براوە بن([iv]). لە پۆلینکردنی گوتاری میدیاییدا زۆربەی میدیا پیشەیی و بەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان دەچنە ڕیزی گوتاری پێکدادان/شەڕانییەوە نەک گوتاری ئاشتی/ململانێ. لێرەدا چەند نموونەیەک لە دەقی هەواڵەکانی NRT بە نموونە دەهێنرێتەوە، کە لە ڕێگهی نموونەکانی ڕووماڵکردنی پرسی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستاندا ستراتیژیی گوتاریی ئەم دەزگهیەی ڕاگەیاندن لە سایت و تەلەڤزیۆنەکەیدا دەخرێنە بەر باس. بۆ نموونە، بڕوانە ئەم سەردێڕەی سایتی ئێن.ئاڕ.تی: "ئەندامانی ئەو شاندەی هەرێم، کە بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسی ڕیفراندۆم سەردانی وڵاتانی ئەوروپا دەکەن، کەسیان خەڵکی سلێمانی و گەرمیان نین."([v]) ئەمە سەردێڕی هەواڵێکی ئێن. ئارتییە کە لە ڕێکەوتی ١٠/٧/٢٠١٧ بڵاوی کردووەتەوە. هەر کەس ئەم سەردێڕە دەبینێ، کۆمەڵێک پێشگریمانەی بۆ دروست دەبێ:
هەموو ئەوانەی شارەزای گوتاری میدیان و لە شێوەکانی داڕشتنی هەواڵی میدیاکان ئاگادارن، دەزانن کە زانیارییەکان بەپێی ئەولەوییەتەکانی میدیا و ستراتیژییەکانی گوتاری میدیاکە دادەڕێژرێن. بەپێی بەراییدانی دەزگهکە، بەهای ئەم هەواڵە لە ڕاستیدا "ململانێ"/"پێکدادان"ە. پێکدادانەکە لە نێوان دوو لایەنی کۆمەڵ و گۆڕان لە لایەک و، پارتی و لایەنە بەشدارەکانی ئەم سەفەرە لە لایەکی دیکەیە. ئەمەیش لە لیدی هەواڵەکەدا دەردەکەوێ:
"ڕۆژی شەممە، شاندێکی حزب و لایەنەکانی هەرێم بە سەرۆکایەتیی بارزانی و بەبێ بەشداربوونی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، بەرەو وڵاتی بەلژیکا بەڕێ کەوتن، تاوەکوو پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان بۆ ئەوروپییەکان شی بکەنەوە و، هەوڵ بدەن پشتیوانیی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنن".
لەم پاراگرافەدا بۆمان دەردەکەوێ کە ئەگەر ململانێیەک هەبێ ئەوا لە نێوان حزبەکانە نەک ناوچەکان. لە واقعی سیاسیی هەرێمی کوردستانیشدا وا دەبینین. کەچی، لەم هەواڵەدا هەوڵ دەدرێ ململانێکان لە ناکۆکیی نێوان لایەنەکانەوە بۆ ناکۆکیی نێوان پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ناوچەکانی کوردستانیش بجووڵێندرێ، یان دەکرێ بڵێین لێکەوتەکانی دەکرێ ئەمانە بن. ئەوەیش لە كاتێکدایە، مەرج نییە هیچ کام لە لایەنە بەشدار، یان بەشدارنەبووکان بەتەواوی نوێنەری ناوچەکانی کوردستان بن، بەڵام دەتوانن هەر کامە نوێنەری بەشێک لە خەڵکی کوردستان بن بەبێ جیاوازیی ناوچەیی، یان خێڵەکی. جگە لەوەیش، ئەو حزبانەی لەو سەفەرەیشدا بەشدارن، لەوانەیە لەسەر زۆر بابەتی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆچوونیان جیاواز بێت؛ هەروەها، لە هەندێک لایەنی ئایدیۆلۆژی، سیاسی و بەڕێوەبردندا لە کۆمەڵ و گۆڕان نزیک بن تا لە پارتی.
لە پاراگرافێکی دیکەی هەواڵەکەدا، لە زمانی چاودێرانی سیاسییەوە، وەک سەرچاوەکانی هەواڵەکە، هاتووە: "چاودێرانی سیاسی، هۆکاری ئەوەی هیچ کام لە ئەندامانی شاندەکە خەڵکی سلێمانی و گەرمیان نین، بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە ئاماژەکان وا دەردەخەن زۆرینەی خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری لەگەڵ ڕیفراندۆمدا نین و ڕەتی دەکەنەوە."
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە لە کۆی دەقی هەواڵەکەدا ناوی هیچ سەرچاوەێیک وەک چاودێری سیاسی نییە، وئاماژە بە هیچ ڕاپرسییەکیش نەکراوە کە بەپێی زانیاریی ئاماری ڕێژەی ناڕازییەکانی ئەو ناوچانەمان بەرانبەر بە ڕیفراندۆم بۆ بخەنە ڕوو. بە پێچەوانەشەوە، تاقیکردنەوەی پێشوو کۆدەنگی جەماوەری کوردستان بۆ ڕیفراندۆم دەخەنەڕوو.
خاڵێکی جێگهی تێڕامانی دیکە ئەوەیە کە هەر ئەم دەزگهیە لە ڕاپۆرتێکی تەلەڤزیۆنیدا بە سەردێڕی"گۆڕان و جیاوازیی هەڵوێستەکانی" بزووتنەوەی گۆڕان، کە لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ کۆمەڵ(١١/٧/٢٠١٧)دا دواتریش لەگەڵ یەکگرتوو (٢١/٧/٢٠١٧)دا پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەکات، بە پاشگەزبوو لە سیاسەتەکانی پێشووی و تەنانەت بە سیاسەتێکی دووفاقییانە تاوانبار دەکات و دەڵێ: گۆڕان و کۆمەڵ ترسیان هەیە ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت و هەڵبژاردنەکان دوا بخرێن، ئەوەیش بە زیانی ئەوان بشکێتەوە و دەنگەکانیان کەم بکات. ئەو هەڵوێستەی گۆڕان دووفاقیی ئەو بزووتنەوەیە لە بۆچوونەکانیدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان نیشان دەدات". ئەم شێوە ڕاگەیاندنە، بزووتنەوەی گۆڕان ناچار بە وەڵامدانەوە دەکات و لە زمانی ڕێکخەری بەشی یاساییی بزووتنەوەکەوە بۆ تەلەڤزیۆنی NRT دەڵێ: "ئەوان دژی ڕیفراندۆم نین و، هیچ هێزێك ناتوانێت لە پرسی سەربەخۆییدا موزایەدە بەسەر گۆڕانەوە بکات"([vi]).
ئەم بەگژیەکداکردنە و ئەم شێوە ڕووماڵکردنە، لە ڕاستیدا ستراتیژیی گوتاری شهڕ، یان قووڵکردنەوەی دووبەرەکی دەگەیەنێ لە بری گرتنەبەری گوتاری ئاشتی لە میدیادا. لە شێوەی ڕووماڵکردنەکانی دەزگهکەدا بۆ ئەم پرسە چارەنووسسازە، کە هەموو کەس دەزانێ کۆدەنگیی نیشتمانیی پێویستە، سەرەتا وا دەنوێندرێ کە کۆمەڵ و گۆڕان دژی ڕیفراندۆمن؛ هەر لەبەر ئەمەیش خەڵکی سلێمانی و گەرمیان ڕیفراندۆم ڕەت دەکەنەوە. پاشان کە کۆمەڵ و گۆڕان دەکەونە گفتوگۆ و پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکەن، بە دووفاقی لە هەڵوێست و پاشگەزبوو لە سیاسەتەکانیان تۆمەتباریان دەکات. ئەمەیش لێکەوتەکەی ئەوەیە کە ئەم دەزگهیە، دەیەوێ ناکۆکییەکان بەردەوام بن، یان قووڵتر ببنەوە.
ئەنجام:
لە پێوەندیی لەگەڵ ئەو بارۆدۆخە تایبەت و هەستیارەی ناوچەکە و بەگشی نەتەوەی کورد پێیدا دەرباز دەبێ، لە لایەک، لایەنە سیاسییەکان هەرێمی کوردستانیان تووشی قەیران کردووە، لە لایەکی دیکەیشەوە جەماوەر بە هۆی گوشاری ئابووری و لێکەوتەکانی ئەم قەیرانە و هەڕەشەکانی دوژمنانی کورد، بەرامبەر بە سیستەمە سیاسییەکە و لایەنەکان بەگشتی، بێمتمانە بووە. هەر بۆیە، ئەم هەنگاوە نوێیەی بەڕێز مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناوێتی، گومانی تێدا نییە دەرفەتێکە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان، کۆدەنگیی نیشتمانی و گێڕانەوەی متمانەی خەڵک بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان. بەڵام ئەم هەنگاوە بێ بەشداریی لایەنەکان و هەرەوەزێکی نەتەوەیی، لەوانەیە بە خراپیش بەسەر کۆی نەتەوەکە و بەتایبەتیش هەرێمی باشووری کوردستان، بشکێتەوە.
کەواتە، لێرەدا لەگەڵ ئاسایشی نەتەوەیی وەک چەمکێکی بەرفراوان بە هەموو ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانییەوە بەرەوڕووین، کە فراوانترە لە هێزی لەشکری و ئەو توانایەی ئێستا پێشمەرگەکان بە گیانی خۆیان پارێزگاریی لێ دەکەن. لێرەدا پێویستیمان بەوەیە کە هێزی کورد بگاتە ئەو ڕاددەیەی کە هەر جۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر بەرژەوەندیی نیشتمانی و نەتەوەیی بۆ نزمترین ئاستی مەترسی داشکێنێت. بۆ ئەم ئەرکەیش، پێویستە هەموو هێزەکە بخرێتە کار و هیچ بەشێکی کوردستان، لە میدیا، هێزە سیاسییەکان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان نابێ دوا بکەوێت. بەتایبەتی میدیاکان و ئاسایشی گشتی پێوەندییەکی دووقۆڵییان لە نێواندا هەیە، چونکە دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی، بەندە بە سیستەمێکی گەیاندنی زانیاریی هاوسەنگ لەگەڵ پێویستییە نیشتمانی و نەتەوەیییەکان. ئەمەیش بە ڕەچاوکردنی گوتارێکی ئاشتیپارێزانەی میدیایی مسۆگەر دەبێت، کە بێزارکردن، بێهیواکردن و پاسیڤکردنی هزری و ڕۆشنبیریی کۆمەڵگه بە ڕاگەیاندنێکی پارچەپارچە و گەورەکردنەوەی کەلێنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لێکترازنێکی مەترسیداری بەدوادا دێت کە لەوانەیە قەرەبوو نەکرێتەوە.
[i] . Representation of Peace in News Discourse: Viewpoint and Opportunity for peace journalism, conflict & communication online, Vol. 6, No. 1, 2007.
[ii] . بررسی نقش رسانەها در ارتکاب جرم، علی رزمان، فصلنامە علمی – حقوقی قانون یار، دورە اول ١١٣٩٦،ص١٢١
[iii] . . Representation of Peace in News Discourse: Viewpoint and Opportunity for peace journalism, conflict & communication online, Vol. 6, No. 1, 2007.
[iv] . Media Peace Discourse: Constraints, Concepts and Building Blocks, Sinar; conflict & communication online, Vol. 3, No. 1/2, 2004
[v] . http://www.nrttv.com/Details.aspx?Jimare=77472/(10/7/2017)
[vi] . http://www.nrttv.com/Details.aspx?Jimare=77551(12/7/2017)